راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم دوای خوێندنهوهی دووهم بۆ یاسایی چاكسازی، دانیشتنی لیژنهی هاوبهشهكانی پهرلهمانی كوردستان لهسهر ئامادهكردنی راپۆڕتی كۆتایی بۆ دانیشتنی سبهی پێنجشهممه، 16ی كانونی دووهم بهردهوامه. ئهو ماده و بڕگانهی كه تایبهتن به زۆرینهی توێژهكان و زۆربهی فراكسیۆنهكان لهسهری رێكهوتوون بهم شێوهیه : * خانهنشینی پله باڵا و تایبهتهكان بهپێی رێككهوتنی نێوان فراكسیۆنهكانی پارتی و یهكێتیی گۆڕان و كۆمهڵ و ژمارهیهكی دیكهی فراكسیۆنهكان دواین نوسینهوهی راپۆڕتی لیژنهی هاوبهش بهم شێوهیه : 1. بۆ خانهنشینی پهرلهمانتار و پله باڵاكان ئهگهر مهرجی تهمهن و ساڵانی خزمهتی ههبێت به 15% خانهنشین دهكرێت، ساڵانی خزمهتیش حساب دهكرێت ههر ساڵێكی خزمهتیش به 1.5 دادهنرێت، ئهگهر بڕوانامهی دبلۆمی ههبێت 2 خاڵی دیكه وهردهگرێت، ئهگهر بهكهلۆریۆس بێت 4، ئهگهر ماستهر بێت 6، ئهگهر دكتۆرا بێت 8. بهڵام ئهو پهرلهمانتار و پله باڵا و تایبهته نابێت رێژهی خانهنشینكردنهكهی لهسهدا 50% موچهكهی تێپهڕبكات. واته ئهگهر پهرلهمانتارێك تهمهنی لهسهرووی 45 ساڵ بێت و 15 ساڵ خزمهتی ههبێت و بڕوانامهی بهكهلۆریۆسی ههبێت ئهوا 15+ 15 ساڵ خزمهت ( ههرساڵێك 1.5 حساب دهكرێت ) + 4 بڕوانامه یهكسانه به 42 كهواته ئهو پله باڵا و تایبهته به له سهدا 42ی موچهی ئێستای خانهنشین دهكرێت، ئهگهر ئهو رێژهیه لهسهدا پهنجا تێپهربكات، ئهوا ههر به سهدا پهنجا خانهنشین دهكرێت. 2. بۆ خانهنشینی پهرلهمانتار و پله باڵاكان ئهگهر مهرجی تهمهنی خانهنشینی تیدا نهبێت ئهوانیش به 15% خانهنشین دهكرێن، بۆ ئهوانیش ساڵانی خزمهت حساب دهكرێت ههر ساڵێكی خزمهتیش به 1.5 دادهنرێت، ئهگهر بڕوانامهی دبلۆمی ههبێت 2 خاڵی دیكه وهردهگرێت، ئهگهر بهكهلۆریۆس بێت 4، ئهگهر ماستهر بێت 6، ئهگهر دكتۆرا بێت 8. واته ئهگهر پله باڵایهك تهمهنی خانهنشینی كهمتر بوو له 45 ساڵ و 12 ساڵ خزمهتی ههبێت و بڕوانامهكهشی بهكهلۆریۆس بێت 15 + 12 ( بۆ ههرساڵێك 1.5 حساب دهكرێت) + 4 بروانامه یهكسانه به به 37، بهڵام لهبهرئهوهی تهمهنی خانهنشینی نهگهیشتۆته 45 ئهوكات به لهسهدا 25% موچهكهی خانهنشین دهكرێت، نهك له سهدا 37. ئهگهر پله باڵایهك تهمهنی خانهنیشینی كهمتر بوو له 45 ساڵ و 2 ساڵ خزمهتی ههبێت بهتایبهت ئهوهی پێش كاری پهرلهمانتاری فهرمانبهر نهبوون، بڕوانامهكهشی بهكهلۆریۆس بێت 15 + 1 ( بۆ ههرساڵێك 1.5 حساب دهكرێت) + 4 بڕونامه یهكسانه به 21، ئهوكاته به لهسهدا 21ی موچهكهی خانهنشین دهكرێت. تاوهكو ئێستا ئهو بڕگهیه جێگیركراوه له راپۆرتی لیژنهی هاوبهشهكان، بهڵام بهپێی زانیارییهكان له دوێنێ شهوهوهو ههریهك له فراكسیۆنهكانی یهكێتیی و بهشێك له پارتییهكان و به گشتیی گهنجهكانی نێو پهرلهمانتار پاشگهزبوونهتهوه، بۆیه ئهگهری زۆره ئهو بڕگهیه دهستكاری بكرێت. بهپێی زانیارییهكان به پێی ئهو بڕگهیه زیاتر له 30 پهرلهمانتار له كارهكانی پێشووتریان موچهكهیان باشتربووه، بۆیه له دژی وهستاونهتهوه. یهكێتی پهرلهمانتارانیش كه برتین له ئهندامانی پهرلهمانتاری خولهكانی رابردوو هاتوونهته سهر هێل و ئهو برگهو مادهیان رهتكردۆتهوه. پله تایبهتهكانی پێشووترو ئێستاش له بڕیكارو راوێژكارو بهڕێوبهره گشتییهكان، ئهو بڕگهیه رهتدهكهنهوه و پێیانوایه ئهو بڕگهو مادهیه غهدرێكه لهوان، چونكه ئهوان ساڵانی خزمهت و تهمهنیان تهواوهو پێویست ناكات بێنه نێو ئهو یاسایه. تارادهیهكی زۆریش حكومهت و بهشێك له وهزیرهكانی ئێستا و پێشووش لهگهڵ ئهو بڕگهیه نین، بۆیه بههۆی ئهو فشارانهی دروستبوون ئهگهری زۆره گۆڕانكاری زۆر بكرێت، جارێكی دیكه دهستكاری بكرێت، له كۆبوونهوهی سبهی پێنجشهممه مشتومڕی لهسهر دروست بێت. ههرچهنده نهوهی نوێ و یهكگرتوو لهسهرهتاوه دژایهتی خۆیان بۆ خانهنشینی موچهی پله باڵاكان دهربڕیوه، لهگهڵی نین، كۆمهڵی ئیسلامیش ئهگهر دهستكاری ئهوهی ئێستا بكرێت، سبهی دهنگی پێنادهن. * مووچهی بندیوارو رێكخراوهكان بهپێی دواین راپۆڕتی لیژنهی هاوبهش سهرجهم ئهو كهسانهی له ماوهی رابردوو به نایاسایی پلهكان بهرزكراوهتهوه و بندیدواربوون و سهر به رێكخراوهكان بوون، بهڵام دهوامی حزبیان ههبووه، بهپێی رێككاری یاسایی و ئیداری ناونیشان و پلهی وهزیفیان دهپارێزرێت و موچهكهیان وهكو خۆی دهمێنێتهوه. جیاوازی زۆری نێوان پارتی و یهكێتیی لهسهر پڕۆژه یاسایی چاكسازی ئهو بڕگهیهبوو، بهڵام دوای ئهوهی له ئهنجومهنی وهزیرانهوه ئۆكهی درا كه ئهو كهسانه مافیان پارێزراو دهبێت، بۆیه یهكێتیی رهزامهندی لهسهر پڕۆژهكهدا بچێته پهرلهمان. بهپێی ئهو بڕگهیه له یهكێتیی و پارتی به ههزاران كهس سوودمهند دهبن له یهكێتیی 11 ههزار كهسه و له پارتیش 16 ههزار و لایهنه بچووكهكانیش چهند سهد كهسێكیان ههیه. * موچهو ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی له كۆتایی ئهمساڵ ئهو 5 ههزار كهسهی كه موچهی زیندانی سیاسی وهردهگرن دوای تهواوبوونی ماوهكهیان كه 10 ساڵ بوو موچهكهیان دهبڕدێت، له شوێنی ئهوان ئهو 18 ههزار كهسهی وهكو یهدهگ دێنه شوێنهكانیان، بهڵام به پێی یاسایی چاكسازی ئهگهر زیندانی سیاسی موچهیهكی دیكهی حكومی ههبێت و موچهی زیندانی سیاسی وهرناگرێت.فشارو خوپیشاندانی زیندانیانی سیاسی دهستیپێكردوو، بهڵام پێناچێت حكومهت و پهرلهمان بێنه ژێر باری داواكارییهكانیان. * بڕگهی تایبهت به كهمترین موچهی خانهنشینی ههرچهنده بهپێی رێككهوتنی نێوان فراكسیۆنهكان وادانرابوو كهمترین موچه له نێوان ( 400 بۆ 500) بێت، بهڵام بهپێی دواین راپۆرتی لیژنه هاوبهشهكه كه سبهی دهخرێته بهردهم پهرلهمانتاران، ئهو بڕگهیه دهرهێنراوه و حكومهتی ههرێمی كوردستان له ئێستادا رهتیكردۆتهوه ئهو بارگرانیه بخانه سهرخۆی. * پاشهكهوت بهپێی دواین راپۆرت تهنها ههژمارێكی تایبهت به فهرمانبهر بۆ موچه پاشهكهوتكراوهكانی له داهاتوو دروستدهكرێت. * موچهی كهس و كاری شههیدان و ئهنفالكراوان زۆرترین مشتوومڕ لهسهر ئهو بڕگهو مادهیه، چونكه بهپێی ئهوهی حكومهت دایناوه خهڵكێكی زۆر تیایدا زهرهرمهندهبێت و دوێنیش پهرلهمان و حكومهت گفتووگۆی زۆریان لهسهر كردووه، بڕیاریشه ئهمڕۆ ئێواره دووباره لهسهری كۆببنهوه. بۆ نموونه ئهگهر ئافرهتێك مێردهكهی شههید و ئهنفالكراو بێت، منداڵهكانی موچهخۆربن، یاخود تهمهنیان لهسهرووی ههژده ساڵیهوه بێت، ئهوا دوای مردنی ئافرهتهكه موچهی شههید بۆ نهوهكانی ناچێت و دهبڕدرێت. ئهگهر ئهو بڕگهیه وهكو ئهوهی ئێستا له دواین راپۆرتی ئهمڕۆ چوارشهممه، جێگیربكرێت و سبهی بخرێته دهنگدانهوه، ئهوا بهشێكی زۆری كهس و كاری شههیدان و ئهنفالكراوان موچهكهیان دهبڕدرێت. بهپێی زانیارییهكان حكومهت و پهرلهمان نایانهوێ له ئێستادا ئهو كێشهیه رووبهرووی خۆیان بكهنهوه، ههربۆیهوه له دوێنێ و ئهمڕۆش خهریكی گۆڕینی ئهو بڕگهو مادهن، بهشێوهیهك كه كهمترین كهس تیایدا زهرهرمهندبێت، بهڵام وردبینی دووباره بۆ لیستی شههیدان دهكهنهوه. * خانهنشینی نایاسایی بهپێی دواین راپۆرتی لیژنه هاوبهشهكان سهرجهمی ئهو كهسانهی بهشێوهیهكی نایاسایی خانهنشینی سهربازی و مهدهنی كراون، یاخود به پلهیهك خانهنشینكراون، كه له پێشووتردا ئهو پله وهزیفهیان نهبوو، ئهوا سهر لهبهری ههڵدهوهشێتهوه، بهڵام موچهیان نابڕدرێت، بهڵكو بهپێی یاسا بهركارهكانی ههرێمی كوردستان دووباره بهپێی پلهی شایستهی خۆیان خانهنشین دهكرێن، بهڵام به پلهو ناونیشانی پێشووتر نابێت، بهمهش موچهكهیان كهمدهبێتهوه.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف لە كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی باشماخ بڕی (233 ملیۆن) دینار دیارنەماوە، سێ كەس لەسەر ئەم دۆسیەیە دەستگیركراونو دادگایی دەكرێن، بەڕێوەبەری دەروازەكە دەڵێ بەڕێوەبەری گومرگ هەفتەیەك دوای دیارنەمانی پارەكە دەستیكردووە بە گرتنەبەری رێوشوێن، بەڕێوەبەری گومرگیش دەڵێ:" ئەو، رێوشوێنی گرتوەتەبەر، بەڵام بەڕێوەبەری دەروازەی ئاگادارنەكردووە تاوەكو كێشەكە بە ئارامی چارەسەربكاتو بەر لەهەڵاتنی گومانلێكراوەكان، پارەكان بگەڕێنێتەوە"، ئەمە بەشی یەكەمی زنجیرەیەك دۆسیەیە لەسەر مەرزە سنورییەكان كە وەكو بەڵگەنامە دەست (درەو) كەوتوونو بڵاویاندەكاتەوە. چی رویداوە ؟ بڕی (233 ملیۆن) دینار لە گومرگی دەروازەی باشماخ كێشەی دروستكردووە، شەش نوسینگەی مەنەفێستی ئۆتۆمبیل كە لە گومرگەكە كاردەكەن تێوەگلاون، بەرپرسی یەكێك لە نوسینگەكانو دوو كارمەندی گومرگ لەسەر ئەم دۆسیەیە دەستگیركراون. بەپێی نوسراوێك كە لە كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی باشماخەوە ئاڕاستەی بنكەی پۆلیسی باشماخ كراوەو كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، سێ كەس كە دوانیان كارمەندی گومرگن بەناوەكانی (س م)و (پ. ) لەگەڵ كەسێكی تر بەناوی (ك ك ع) یاریدەدەری نوسینگەی ژمارە (22)ی مەنەفێستی ئۆتۆمبیل لەناو دەروازەكە، دەستگیركراونو چوار رۆژ بەر لە سەری ساڵی نوێی 2020، دۆسیەكانیان رەوانەی دادگا كراوە. ئەو سێ كەسە كە ناوی تەواوەتییان لای (درەو) پارێزراوە، ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پێنجوێن دەستبەسەرن، ئەم كەسانە تۆمەتباركراون بەوەی پارەی (79) مەنەفێستی ئۆتۆمبیلیان وەرگرتووەو بەهاوكاری كەسانێك لەناو بانكی گومرگی باشماخ، نوسراوی رادەستكردن یاخود دانانی پارەكەیان مۆركردووە كە لە فەرهەنگی بانكیدا پێی دەوترێت (ایداع)، بەڵام پارەكەیان دانەناوەو نوسراوی رادەستكردنی پارەكەش لە سیستمی بانكەكەدا تۆمارنەكراوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، شەش نوسینگەی مەنەفێستی ئۆتۆمبیل لەم دۆسیەیەدا تێوەگلاون كە كۆی پارەكەی (233 ملیۆن) دینارە. چۆن ئاشكرابوو ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئاشكرابوونی ئەم دۆسیەیە دوای ئەوە هاتووە بەرپرسی یەكێك لە نوسینگەكانی مەنەفێست لەبەردەم لیوا مەریوان شێخ كامل قەرەداغی بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی باشماخو شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ دانی بەوەداناوە بڕی (42 هەزار) دۆلاری وەكو بەرتیل بە هەریەكە لە دوو كارمەندی گومرگ داوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو كارە، ئەو دوو كارمەندەی گومرگ كە پارەكەیان وەرگرتووە، ئێستا دەستبەسەرن، یەكێكیان كارمەندی بەشی ئۆتۆمبیلو ئەوی تر كارمەندی دەروازەی سنورەكەیە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بانكی باشماخ بە (درەو)ی راگەیاند، ئاشكرابوونی دۆسیەی ئەو (233 ملیۆن) دینارە، دوای ئەوە هاتووە ناكۆكی لەنێوان ئەو كەسانەدا دروستبووە كە تێوەگلاون لە رادەستنەكردنی پارەكە بە بانك. كەسوكاری هەندێك لە دەستگیركراوەكان باس لە تێوەگلانی بەرپرسانی دەروازەكە دەكەن لە دۆسیەكەدا، بەڵام (درەو) ئێستا هیچ زانیارییەكی ئەوتۆی لەوبارەیەوە لەبەردەستدا نییە. بەرپرسانی دەروازەكە چی دەڵێن ؟ (درەو) پەیوەندی بە لیوا مەریوان شێخ كەمال قەرەداخی بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی باشماخەوە كرد، دەستگیركردنی ئەو سێ كەسەو دیارنەمانی پارەكەی پشتڕاستكردەوە. لیوا مەریوان رایگەیاند، رادەستنەكردنی ئەو پارەیە بە بانك، فرتوفێڵێك بووە كە لەنێوان گومرگو نوسینگەكانی مەنەفێستو بانكی باشماخدا رویداوە، ئەوان هەموو رێوشوێنێكیان گرتوەتەبەرو چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكەن. لەبارەی ئەوەی ئایا هیچ یەكێك لە بەرپرسانی گومرگ تێوەگلاون لە دۆسیەكە، لیوا مەریوان وتی:" شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومرگ خۆی فرتوفێڵەكەی ئاشكراكردووە، بەڵام ئەگەر كەمتەرخەمیەك هەبێت لەوەدا بووە كە هەفتەیەك بووە ئەو رووداوە رویداوە، ئینجا دەستی كردووە بە گرتنەبەری رێوشوێن". لەبەرامبەردا، شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند:" ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئێمەو ئیخراجی بانكەوە هەیە، من خۆم ئەم بابەتەم ئاشكراكردووە، من سەیرم كرد هەندێك پارە هەیە كە نەدراوە، داوای هەندێك لە مەنەفێستەكانی خۆمانم كرد، مۆریان پێوەبوو، بە بانكمان وت ئەم نوسراوانە چۆن مۆركراوە، بەڵام پارە وەرنەگیراوە، پێیانوتین دەبێت كەمتەرخەمییەك هەبێت". بەڕێوەبەری گومرگ دەڵێ:" ئێمە دەبوو سەرەتا پارەكان وەربگرینەوە، بۆیە لە قۆناغی یەكەمدا پارەكانمان وەرگرتەوە، بەڵام بەر لەوەی رێوشوێن بگرمەبەر، من بەڕێوەبەری گشتی گومرگو دادوەری داواكاری گشتی پێنجوێنو وەزیری دارایم لە رووداوەكە ئاگاداركردوەتەوە". ئەمە لەكاتێكدایە ئەوەی گومانی لای هەندێك لە كارمەندانو بەرپرسانی گومرگ دروستكردووە، ئەوەیە بەڕێوەبەری گومرگ دوای هەفتەیەك لە رووداوەكە بەڕێوەبەری دەروازەكەی ئاگاداركردووە، شاخەوان بەكر لە لێدوانەكەیدا بۆ (درەو) پشتڕاستیكردەوە، نزیكەی (8) رۆژ بەبێ ئەوەی هیچ كەسێك بزانێت پارەكەی وەرگرتوەتەوەو لە بانك بە ئەمانەت دایناوەو ئەوكاتە لیوا مەریوان پەیوەندی پێوەكردووەو پێی وتووە دەڵێن رووداوێكی لەوجۆرە رویداوە، ئەو لە دەرەوە بیستویەتیو دەكرێت لە روداوێكی لەوجۆرەدا ئەو وەكو بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازە ئاگادارنەكرێت، بەوتەی خۆی شاخەوان بەكر پێی وتووە" بەڵێ دەكرێت، چونكە نەدەبوو ئەو بابەتەكە باس بكاتو گومانلێكراوەكان هەڵبێنو پارەكە لەدەست دەربچێت". بەپێی قسەی خۆی، بەڕێوەبەری گومرگ، دوای ئەوەی كە پارەكەی لەو نوسینگانە وەرگرتوەتەوە، لیژنەی لێكۆڵینەوەی لەسەر ئەو كەسانە دروستكردووە كە تێوەگلاون، شەش كەسی رەوانەی دادگا كردووە، سیانیان بە كەفالەت ئازادكراون، سێ كەسی تریان دەستبەسەرن، لەناو ئەوانەی كە دەستبەسەرنو دادگایی دەكرێن، دوانیان كارمەندی بەڕێوەبەری گومرگن. بەڵام بەپێی نوسراوێكی بانكی باشماخ كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، بڕی (220 ملیۆنو 927 هەزارو 250) دینار لەو شەش نوسینگەیە وەكو قەرەبووی ئەو پارەیە وەرگیراوە كە لە سیستمی بانكدا تۆمارنەكراوە، ئەم پارەیە وەكو (بارمتە) وەرگیراوەو بڕی (13 ملیۆن) دیناری كەمترە لەو پارەیەی كە دیارنەماوە. لەبارەی ئەوەی بۆچی لەكاتی خۆیدا ئەو پارانە لە نوسینگەكانی مەنەفێست وەرنەگیراوەتەوە، بەڕێوەبەری گومرگ دەڵێ:" هەندێك كێشەمان هەبووە لە حسابی بانكیدا، لەمانگی 10ی ساڵی 2019وە پارەكانیان لێوەرنەگیراوە، بەڵام ئێستا پارەكانیان لێوەرگیراوەتەوە"، لەمەشدا مەبەستی ئەو پارەیەیە كە وەكو بارمتەی دیارنەمانی (233 ملیۆن) دینارەكە لە نوسینگەكان وەرگیراوەو لە بانك دانراوە تا ساتی یەكلابونەوەی دۆسیەی تۆمەتبارەكان لە دادگا. بەپێی قسەی خۆی، لیوا مەریوان بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازە سنورییەكە داوای لە بەڕێوەبەری گومرگ كردووە لیژنەیەك دروستبكات بۆ لێكۆڵینەوە لە كەمتەرخەمییەكان لەو رووداوەدا، ئێستا لیژنەكە دەستبەكاربووە. لە دەروازەی سنوریی باشماخ زیاتر لە (100) نوسینگە هەن كە مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە، بەڵام (85) نوسینگەیان كارانو كاردەكەن. گەندەڵی لە مەرزەكان بەمدواییە لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە قسەوباس لەبارەی گەندەڵی مەرزە سنورییەكان دەستیپێكردووەتەوە، پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنە جیاوازەكان باس لە هاوردەكردنی نایاسایی هەندێك كاڵای وەكو (ئۆتۆمبیل- دوگ- هێلكە) دەكەنو دەوترێت بەرپرسان لەپشت ئەم جۆرە بازرگانیانەوەن، دواین كەس كە قسەی لەسەر ئەم بابەتە كرد رێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بوو. بەڵام تائێستا هیچ یەكێك لە پەرلەمانتاران بەراشكاوی ناوی ئەوانەی نەهێناوە كە لە مەرزەكان یاسا پێشێل دەكەن، كارگەیشتووەتە ئەوەی، بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی هەرێم وتویەتی:" لە گومرگەكان داوا لە كارمەندان دەكرێت چاویان دابخەن، كە بارە نایاساییەكان تێپەڕدەبن ئەوجا چاویان دەكەنەوە". لەم هەفتانەی كۆتایدا لە بازگەی "دێگەڵە" دەست بەسەر بارێك هێلەكەدا گیرا، بەرپرسانی بازگەكە باسیان لەوەكرد، هێلەكان لە مەرزی باشماخەوە هاتونەتە ناوەوەو بەسەرچوون. ئەوەی زیاتر قسەی لەسەر دەكرێت مەرزەكانی باشماخو پەروێزخانە كە بەڕێوەبردنی ئەم دوو مەرزە بەپێی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی كە ساڵی 2014 ئیمزاكراوە، لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕاندا دابەشكراون، بەمشێوەیە: دەروازەی باشماخ • بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەكە سەربە یەكێتییە • بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەكە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان لە دەروازەی پەروێزخان پۆستەكان پێچەوانە كراونەتەوە، بەمشێوەیە: • بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەكە لای بزوتنەوەی گۆڕانە • بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەكە لای یەكێتییە هەردوو دەروازەكە دەكەونە سنوری قەڵەمڕەویی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە، بەمدواییە لەسەر سكاڵای ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان، كاری كۆمپانیایەكی دڵنیایی لە مەرزی پەروێزخان راگیرا، لەسەر ئەم دۆسیەیە بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەكە كە هەر سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە بۆماوەیەك دەستبەسەر كراو هێشتا دۆسیەی سەرپێچییە یاساییەكانی كۆمپانیاكە لە دادگا یەكلانەبووەتەوە، هەر ئەو كۆمپانیایە لە مەرزی پەروێزخانیش نوسینگەی هەیەو كاردەكات، كۆمپانیاكە تۆمەتباركراوە بەوەی لەدەرەوەی مۆڵەتی كاركردنی خۆی بەشێوەی زۆرە ملێ پارەی لە شۆفێرو سەرنشینان وەرگرتووە. لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دوو مەرز هەن كە بریتین (حاجی ئۆمەرانو ئیبراهیم خەلیل)، یەكەمیان دەروازەی هەرێمە بەڕووی ئێرانو ئەوی تریان بەڕووی توركیادا، ئیبراهیم خەلیل گەورەترین دەروازەیە، چونكە تاكە دەروازەیە كە نەك هەرێمی كوردستان بەڵكو عێراق بەگشتی بە توركیاوە دەبەستێتەوە، لەم دەروازەیەوە نەوت بە تانكەر دەبرێتە توركیا، ئەمە لەكاتێكدا كوردستان بە هێڵی بۆری، نەوتی خوی بە توركیاوە بەستوەتەوە. بەشێوەی فەرمی هەرێمی كوردستان تەنیا ئەم چوار دەروازە سنورییەی هەیە، كە سیانیان دەروازی سنورین لەگەڵ ئێران، ئێران بەمدواییە بەهۆی سزا ئابورییەكانی ئەمریكاوە لەناوخۆدا دوچاری قەیرانی داراییو ئابوری هاتووە، قسەكردن لەسەر بەرفراوانبوونی گەندەڵی لە مەرزەكانی هەرێمی كوردستان دوای گەڕاندنەوەی سزا ئابورییەكان هات بۆسەر ئێران. ئەمریكا كۆتایی ساڵی 2018 كشانەوەی تاكلایەنەی خۆی لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران راگەیاند، هاوكات دەستیكرد بە كاراكردنەوەی سزا ئابورییەكان لەسەر ئێران. ئەمریكا تائێستا عێراقی بواردووە لە جێبەجێكردنی ئەو سزایانەی كە بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە، هەرێمی كوردستان وەكو بەشێك لە عێراق هەمان بڕیار دەیگرێتەوە، ئێستا هاوكات لەگەڵ بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە هێرشێكی ئەمریكییەكاندا لە بەغداد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزای توندی ئابوری دەكات بەسەر عێراقدا ئەگەر لەم ململانێیەدا عێراق بەلای ئێراندا بشكێتەوە، یەكێك لە سزا هەرە لەپێشینەكان كە پێشبنی دەكرێت ئەمریكا بەسەر عێراقیدا بسەپێنێت ئەوەیە چیتر واشنتۆن، عێراق لە بازرگانیكردن لەگەڵ ئێران نەبوێرێتو پابەندی بكات بە راگرتنی بازرگانی. نیسانی ساڵی رابردوو ستیڤ فەیگن كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر سەردانی گومرگی راپەڕینی كرد لە سنوری راپەڕین، كە گومرگێكی سنوریی هەرێمە لەگەڵ ئێراندا، كونسوڵ لەو سەردانەدا هۆشداریدا لەبارەی مەترسی خۆدزینەوە لەو سزایانەی كە ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە.
(درەو): بەپێی نوێترین ریزبەندی پاسپۆرت لەسەر ئاستی جیهان، پاسپۆرتی عێراقی كە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەڵگری ئەم پاسپۆرتەن، خراپترین پاسپۆرتە، لە جیهاندا تەنیا پاسپۆرتی ئەفغانستان لە پاسپۆرتی عێراقی خراپترە، تەنانەت پاسپۆرتی لیبیاو سوریاو یەمەن كە جەنگیان تێدایە، لە پاسپۆرتی عێراقی باشترن، هاوڵاتییەكی ژاپۆرنی دەتوانێت بە پاسپۆرتەكەی بەبێ وەرگرتنی ڤیزای پێشوەخت بۆ (191) وڵات لە جیهاندا گەشت بكات، بەڵام هاوڵاتی ئەفغانی دەتوانێت تەنیا بۆ (26) دەوڵەت گەشت بكات. پێوەر چییە ؟ دامەزراوەی "هنلیو هاوبەشەكانی" ریزبەندییەكی نوێی بۆ پاسپۆرت لەسەر ئاستی جیهان بڵاوكردەوە، ریزبەندییە نوێیەكە پشتی بەستووە بەو تۆمارانەی كە رێكخراوەكە بەشێوەیەكی تایبەتی لە "یەكێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی"یەوە دەستیكەوتووە كە بە "لاتا" ناسراوە. ریزبەندییە نوێیەكە دۆخی پاسپۆرتی (107) دەوڵەت لەسەر ئاستی جیهان نیشان دەدات، پێوەری یەكەم بۆ دیاریكردنی بەهێزی پاسپۆرتێكو جیاكردنەوەی لە پاسپۆرتێكی تر ئەوەیە، ئایا هەڵگری پاسپۆرتەكە بەبێ وەرگرتنی ڤیزای پێشوەخت دەتوانێت بۆ چەند دەوڵەت گەشت بكات ؟ هەندێكی پێوەری تر بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكە، وڵاتانی ئاسیا لە سەرەوەی ریزبەندی باشترین پاسپۆرتەكانی جیهاندان، ئەوەش بەهۆی سیاسەتی كردنەوەی دەرگاو رێككەوتنی ئاڵۆگۆڕی بازرگانییەوە كە لە چەند ساڵی رابردوودا دەریخستووە خەریكە جیهان خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ بیرۆكەی هاتوچۆكردندا، راپۆرتەكە باسلەوەدەكات، ئەو وڵاتانەی كە ئەم بیرۆكەی هاتوچۆكردنەیان تەبەنی كردووە بوژانەوەیان بەخۆوە بینیوەو هاوڵاتییەكانیان بوون بە خاوەنی بەهێزترین پاسپۆرت لەسەر ئاستی جیهان. لە بەشێكی راپۆرتەكەدا هاتووە: پەیوەندی هەیە لەنێوان ئازادی گەشتكردن و گواستنەوەو جۆرەكانی تری ئازادیدا، بەشێوەیەكی گشتی پاسپۆرتی ئەو وڵاتانە بەهێزترە كە لەناو ریزبەندی جیهانی بواری "ئازادی وەبەرهێنان"دان، لەڕوانگەی "ئازادی مرۆڤەوە" دەبینین كە پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لەنێوان ئازادی تاكو ئازادی گەشتكردن لە وڵاتێكەوە بۆ یەكێكی تر. ریزبەندییە نوێیەكە • پاسپۆرتی ژاپۆنی پارێزگاری لە پێگەی خۆی كردووەو لە پلەی یەكەمدایە، ئەوانەی پاسپۆرتی ژاپۆنییان هەیە دەتوانن بۆ (191) دەوڵەت لە جیهان گەشت بكەن. • سەنگاپورە بۆ پلەی دووەم لەسەر ئاستی جیهان دابەزیوەو هاوڵاتیانی دەتوانن بۆ (190) وڵات گەشت بكەن، ساڵی 2019 سەنگاپورە لە پلەی یەكەمدا بوو. • لە ریزبەندی باشترین پاسپۆرتەكانی جیهاندا، كۆریای باشور بۆ پلەی سێیەم دابەزیوەو ئێستا لەگەڵ ئەڵمانیا لەیەك ئاستدان، هاوڵاتیانی هەردوو وڵات بە پاسپۆرتەكانیان دەتوانن بۆ (189) وڵات گەشت بكەن. • پاسپۆرتی ئەمریكیش پاشەكشێیەكی گەورەی بەخۆوە بینیوەو ئێستا لە پلەی هەشتەمدایە لەسەر ئاستی جیهان، ساڵی رابردوو پاسپۆرتی ئەمریكی لە پلەی شەشەمدا بوو، بەر لە شەش ساڵی ئەمریكا لە ریزبەندی یەكەمدابوو، بەڵام ئێستا پاسپۆرتی ئەمریكی هاوتایە لەگەڵ پاسپۆرتی بەریتانیو بەلجیكیو نەرویژیو یۆنانیدا كە هەڵگرەكانیان دەتوانن بۆ (184) وڵات لە جیهاندا گەشت بكەن. • پاسپۆرتی وڵاتانی عەرەبی لە كۆتایی لیستی باشترین پاسپۆرتەكانیانی جیهاندایە، جگە لە ئیماراتی عەرەبی كە لەریزی باشترین (20) پاسپۆرتی جیهاندایە، ئیمارات لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە پلەی یەكەمدایەو لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی هەژدەهەمیندایە، بەڵام سەرباری ئەمەش بەبەراورد بە ساڵی رابردوو (3) پلە پاشەكشێی كردووە، ئەوانەی پاسپۆرتی ئیماراتیان هەڵگرتووە بەبێ وەرگرتنی ڤیزای پێشوەخت، یاخود وەرگرتنی ڤیزا لەكاتی گەیشتنیان بە خاكی وڵاتێكی تر، دەتوانن بۆ (171) وڵات گەشت بكەن، لەدوای ئیمارات لەناو وڵاتانی عەرەبیدا ناوی (كوەیت) هاتووە كە لە ریزبەندی ژمارە (58)دایە كە هاوڵاتیان دتوانن بۆ (95) وڵات گەشت بكەن، دوای ئەویش قەتەر دێتو پاشان بەحرەینو سعودیە، سعودیە لە ریزبەندی ئەمساڵدا بەبەراورد بە ساڵی رابردوو (6) پلە هاتووەتە پێشەوەو ئێستا لە ریزبەندی (66)دایە، میسریش دوو پلە سەركەوتووەو لە ریزبەندی (93)دایەو هەڵگرانی پاسپۆرتی میسری دەتوانن بۆ (44) دەوڵەت گەشت بكەن، لیبیا لە ریزبەندی (102)دایە لەدوای ئەویش یەمەنو سوریا دێت. • پاسپۆرتی عێراقی كە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەڵگری ئەو پاسپۆرتەن لەسەر ئاستی جیهان بۆ ساڵی 2020 خراپترین پاسپۆرتەو لەدوای عێراق تەنیان یەك وڵاتان هەیە كە ئەویش ئەفغانستانە.
راپۆرت: درەو ڕۆژی 19ی كانونی یەكەمی ساڵی 2019 ئەو وادە یاساییە كۆتایهات (15ڕۆژ) كە دەستور بۆ سەرۆك كۆماری عێراقی دیاركردووە بۆ ڕاسپاردنی كاندیدێك بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، بەڵام بەهۆی پێداگری خۆپیشاندەران لەسەر كەسایەتییەكی بێلایەنو دور لە نوخبەو حزبە سیاسیەكانی عێراق ، شكستی لایەنەكانیش لەگەیشتن بەڕێككەوتن لەسەر كەسایەتییەك، نەتوانرا بەدیلێك بۆ شوێنگرتنەوەی "عادل عەبدولمەهدی" كە ڕۆژی 29 تشرینی دووەمی ساڵی 2019 لەسەر داوای ناڕاستەوخۆی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراقو، لەژێر فاشاری خۆپیشاندەراندا دەستیلەكاركێشایەوە. "عادل عەبدلمەهدی" لەئەزمونی ساڵێكی حوكمڕانیدا بە نیسبەت ئەمریكییەكانەوە دوو هەڵەی ستراتیجی ئەنجامدا، كە دواتر سەری حكومەتەكەی خوارد: یەكەمیان: نزیكبوونەوەی زیاد لە پێویست لە ئێران. دووەمیشیان: ئەنجامدانی كۆمەڵێك ڕێككەوتنو گرێبەست لەگەڵ وڵاتی چین. بەنیسبەت شەقامی عێراقیشەوە،"عەبدولمەهدی" لەماوەی سالێكی تەمەنی حكومەتەكەیدا، نەیتوانی سنورێك بۆ كێشە كەڵەكەبووەكانی 16 ساڵی ڕابردووی عێراق لەگەندەڵیو بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاریو نەبوونی هەلی كارو خزمەتگوزراییە سەرەتاییەكان دابنێت، ئەوەش بووە هۆی تەقاندنەوەی ناڕەزاییە میللیەكانو، سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی جەماوەری لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019دا، كە بەهۆیەوە نزیكەی 500 خۆپیشاندەر كوژرانو زیاتر لە 22 هەزاری دیكەش برینداربوون. جموجۆڵە ژێربەژێرەكان دوای پێشكەشەكردنی ناوی "ئەسعەد عەبدولئەمیر عیدانی" لەلایەن كوتلەی هاوپەیمانی "بونیاتنان" وەك كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران عێراقو، ڕەتكردنەوەی لەلایەن "بەرهەم ساڵح" سەرۆك كۆماری عێراق لە 26 كانوونی یەكەمی ساڵی پار، بەوپێیەی پێچەوانەی خواستو داواكاری خۆپیشاندەرانە، كێشەكانی عێراق پێینایە قۆناغێكی نوێ. سەرۆك كۆمار ئامادەیی دەربڕی بۆ دەستلەكاركێشانەوە، نەیارەكانی بەنیازی سكاڵا تۆماركردنبوون بە تۆمەتی پێشێلكردنی دەستورو شكاندنی سوێندی یاسایی، كۆمەڵێك هێزی تریش پشتیوانیان كرد، بەمشێوەیەش عێراق گەڕایەوە بۆ خاڵی سەرەتای ململانێكان. ئەوەی چاوەكانی لەسەر ئەم كێشەیە گۆڕیو كردی بەقەزییەیەكی لاوەكی، بۆردومانكردنی بارەگاكانی "كەتائیبی حزبوڵای عێراق"ی بوو لە قەزای "قائیم لەلایەن فرۆكەكانی ئەمریكاوە لە ڕۆژی 29ی هەمان مانگ، خۆپیشاندانی لایەنگرانو سەركردەكانی حەشدی شەعبی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەكۆتا ڕۆژی ساڵی 2019و، كوشتنی "قاسم سولەیمانی" فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانو "ئەبومەهدی موهەندیس" جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن فرۆكەكانی ئەمریكاوە لە ڕۆژی 3 كانونی دووەمی ئەمساڵ، بەتەواوی پرسی دانانی جێگرەوەیەكی بۆ "عەبدولمەهدی" كردە پرسێكی لاوەكی. لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكان لەگۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدادو، زۆرێك لەشارەكانی تری ناوەڕاستو باشور لە هەینی ڕابردوەوە، جارێكی تر پرسی كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێی كاتیی بۆتەوە پرسی ژمارە یەكو، لەئێستادا هێزو لایەنە شیعییەكانی سەرقاڵكردووە. هەڵوێستی توندی "عادل عەبدولمەهدی" لەدۆسیەی بۆردومانكردنی گروپەكانی حەشدی شەعبیو كوشتنی "سولەیمانیو موهەندیس" هاوكات پێداگری بەردەوامیی لەسەر پێویستی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق، چانسی ناوبراوی بوژاندوەتەوە لای هێزەكانی نزیك لە ئێران بۆ دووبارە ڕاسپاردنەوەی بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەت لە قۆناغی ڕاگوزەر. عەبدولمەهدی چاوی لەدەستی كوردە "عادل عەبدولمەهدی" پێیوایە ئەو بۆتە قوربانی ژمارە یەكی هەموو ئەو كارەساتانەی كە نوخبەی سیاسی بەشیعەو سوننەو كوردەوە لەدوای ساڵی 2003وە بەسەر عێراقییان هێناوە، بۆیە بۆ مێژووی خۆشی بێت نایەوێت بەمشێوەیەی ئێستا بڕوات كە نەك هیچ دەستكەوتێكی نییە، بگرە لەوانەیە لەداهاتوودا دەیان سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماربكرێت بە تۆمەتی كوشتنی خۆپیشاندەران، بە تایبەت ئەوێك كە هیچ هێزێك نییە پارێزگاری لێبكات. هەر بۆیە لەڕێی دژایەتیكردنی ئاشكرای بۆ ئەمریكییەكان دەیەوێت جارێكی چانسی ئەوەی پێبدرێت ماوەیەكی تر ئەگەر كەمیش بێت لەسەر كورسی سەرۆك حكومەت دابنیشێتو، كارێك بكات كە جێدەستی دیاربێت. دوێنی شەممە "عەبدولمەهدی" بەسەردانێك گەیشتە هەولێرو دواتر سەردانی شاری سلێمانی كرد، ئەو كە لەلای كورد خۆشەویستەو لەپرسی ڕەوانەكردنی بودجە بۆ هەرێمی كوردستان قوربانی زۆری داوەو، ڕەخنەی توندی لەلایەن هێزە شیعییەكانەوە لێگیراوە، ئێستا چاوەڕێی هیمەتی لایەنە كوردییەكانە لەمپرسەدا هاوكاری بكەن. بەپێی زانیارییەكانی(درەو) كە لەسەرچاوەیەكی باڵا لەهەرێمی كوردستان دەستیكەوتووە، ئامانجی سەردانەكەی "عەبدولمەهدی" بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوە بووە كە پشتیوانی بكەن جارێكی تر پۆستی سەرۆك وەزیران وەرگرێتەوەو، فشار لە"بەرهەم ساڵح" بكەن تا بەفەرمی ڕایبسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. بەرپرسانی هەرێم لەمەشدا جگە لەوەی دەكەونە نێوان هەردوو بەرداشی ئەمریكاو ئێران، كە یەكەمیان دژی دانانەوەیەتیو دووەمیشیان لەگەڵ داناوەیەتی، لەحاڵەتی پشتیوانیكردنیدا دەكەونە بەرەی دژە خۆپیشاندەران، ئەگەر پشتیوانیشی نەكەن لەلایەك دژی خواستی ئێرانو هێزە شیعییەكانە، كە لەدۆخێكی ناهەمواردانو لەلایەكی دیكەش پێشتدەكەنە كەسێك كە لەسەخترین قەیراندا پشتیوانی خەڵكی كوردستانی كرد. سەدرو عامری نزیكبونەتەوە بەپێی تازەترین زانیارییەكانیش كە میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردۆتەوە، "هادی عامری" سەرۆكی هاوپەیمانی (فەتح) لەگەڵ "موقتەدا سەدر"ڕابەری ڕەوتی سەدر لە ئێران كۆبونەتەوە. "ئەحمەد كنانی"پەرلەمانتاری هاوپەیمانی (فەتح) لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: دیدارەكەی نێوان "عامریو سەدر) لەپێناو یەكلاكردنەوەی پرسی دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ بووە، بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەودیدارە دەبێت هۆی پەلەكردن لەیەكلایكردنەوەی ئەو پرسە بەتایبەت دوای وتاری مەرجەعی باڵای شیعەكان كە ڕەخنەی توندی لە هێزە سیاسەكان گرتو ئۆباڵی ئەمدۆخەی خستە ئەستۆیان. "سەدر" هاوشانی خۆپیشاندەران تا ئێستا ڕێگرێكی سەرەكی بووە لەدەستنیشانكردنی كەسێك بۆ جێگرەوەی "عەبدولمەهدی" هاوكات بەتوندیش دژی دانانەوەی ناوبراو بووە، بەڵام پێدەچێت ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراقو دروستبونی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ناوماڵی شیعەو لێدانی ڕاستەوخۆی ئەرمریكا لە هێزەكەیان (حەشدی شەعبی) و كوشتنی دوو سەركردەی دیاری تائیفەكەیان، شانبەشانی تونكردنەوەی فشارەكان لەسەر ئێران، هەموو ئەمانە وابكات "سەدر" نەرمی بنوێنێت لە دانانەوەی "عەبدولمەهدی" یان لایەنی كەم بە ئاشكرا دژایەتی نەكاتو ئەو پرسە بەجێبهێلێت بۆ كاردانەوەی شەقامو خۆپیشاندەر.
راپۆرتی: درەو دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەك بەسەر كوژرانی "قاسم سولەیمانی" فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانو "ئەبومەهدی موهەندیس" جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ڕووبەری ناكۆكییەكانی ناو گروپە چەكدارەكانی شیعە ڕوونترو زەقتر دەكەونە بەرچاو، بەتایبەت پابەندنەبوونی ئەو گروپانە بەبڕیارو ڕێنماییەكانی حكومەتی عێراق پەیوەست بەكارو جوڵەكانیان، بەوپێیەی بەشێكن لە سیستمی بەرگری عێراق. لەگەڵ ئەوەی حكومەتی عێراق لەمانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا بەپێی یاسایەك كاری گروپەكانی حەشدی ڕێكخست، بەوپێیەش ڕێگەنادات ئەو گروپە چەكدارانە ناوە كۆنەكانیان بەكاربهێننو، دەبێت پابەندبن بەو دابەشكارییە نوێیەی كە لەچوارچێوەی لیوا و فەوجی سەربازیدا بۆی ڕێكخستوون،بەڵام لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەریەك لەم گروپانە گەڕانەوە بۆ كاركردن بەشێوەیەكی سەربەخۆو، دەركردنی بەیاننامە بەناوی گروپەكانیانو، تەبەنی كردنی هەڵوێستی سیاسی و ئەمنیی دوور لە دەستەی حەشدی شەعبیو، بڕیارەكانی حكومەتی عێراق. بەقسەی بەرپرسێكی دیاری عێراق، ئەو گروپانەی كە نزیكن لە ئێرانەوە لەمانگێكدا ڕۆژێك پەیوەندییان بە حكومەتی عێراقەوە هەیە، ڕۆژی" 26 هەموو مانگێك" وەك ئاماژەیەك بۆ ڕۆژی وەرگرتنی موچەكانیان. ئەو بەرپرسە عێراقییە كە بۆ ڕۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید" ئەو قسانەی كردووە، ڕاشیگەیاندووە: یاخیبون و سەرپێچی هەیە لە یاساكانی تایبەت بەحەشدی شەعبیو(مەرسومی دیوانی ژمارە 331)كە لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردودا دەرچووە. ڕونیشكردۆتەوە دانانی ئاڵای حەشدی شەعبی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیاندا لەپاڵ ئاڵای گروپەكانی تر كە ئێران بە میحوەری بەرەنگاربوونەوە لەناوچەكە ناویاندەبات، ئیحراجییەكی زۆری بۆ حكومەتو، هێزە سیاسیەكانی عێراق دروستكردووە. گروپە چەكدارەكانی ( حزبوڵاو نوجەباو عەسائیبو بەدرو بودەلاو ئیمام عەلیو سەیدلشوهەداو خۆراسانی) پێیانوایە بڕیارەكانی حكومەتی عێراق پەیوەست نییە بەوانو وەك گروپی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكانی عێراق دەكەن، نەك لەژێر باڵی حەشدی شەعبی وەك دامەزراوەیەكی فەرمی دەوڵەتی عێراق. لەدوای هێرشی فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكاوە بۆ سەربنكەو بارەگاكانی گروپی (كەتائیبی حزبوڵا) لە قەزای "قائیم" لە خۆرئاوای عێراقو، پەلاماردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق لەلایەن لایەنگرانی گروپە چەكدارەكانی ناو حەشدی شەعبیو بەشداریكردنی سەركرد دیارەكانی ئەو گروپانە، سەرەتای یاخیبوونی ئاشكرا لە بڕیارەكانی حكومەتی عێراق دەركەوت. كوژرانی (قاسم سولەیمانیو ئەبومەهدی موهەندس)یش، هێندەی تر كێشە ناوخۆییەكانی قوڵكردنەوە، كە ڕەنگە سیمای دیاری ئەو ململانێیانە لەئێستادا كێبڕكێ كردن بێت لەنێو سەركردەكانی ئەو گروپانە لەسەر دەسەڵاتو هەژموونو نزیكبوونەوەو بەدەستهێنانی سۆزی زیاتری ئێران لە قۆناغی داهاتوودا. دوای تێپەڕبوونی كەمتر لە (24) كاتژمێر بەسەر كوژرانی "ئەبومەهدی موهەندیس"ی جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، سەركردەی گروپەكانی حەشدی شەعبی ڕایانگەیاند، بەكۆی دەنگ"هادی عامری" سەرۆكی ڕێكخراوی (بەدر)یان بۆ شوێنكەی"موهەندیس" دەستنیشانكردووەو، پەیامیان ئاراستەی سەرۆك وەزیران كرد ڕێكارە یاساییەكان بۆ دانانی "عامری" ئەنجامبدات، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێكی فەرمی لەوباریەوە نەنراوە، باسێكیش بەناوی پڕكردنەوەی ئەو شوێنە لەگۆڕێ نییە، ئەگەری زۆر هەیە ئەوەش بەشێك بێت لەكێشەی ناو گروپەكانی حەشدی شەعبی، یان كێشەكانی تر ڕێگربن لەم هەنگاوە. خراپی دۆخی سیاسی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەرو، لاوازی لەبڕیاردان وەك زۆرێك لە چاودێران دەڵێن، وایكردووە حەشدی شەعبی لەئێستادا زیاتر قاوغێكی كارگێڕییو سەرچاوەی دارایی گروپە چەكدارە شیعییەكانبێتو، حكومەتی عێراق ڕۆلێكی ئەوتۆی نەمابێت لەئاراستەكردنییان. لەدوای دەستنیشانكردنی "ئیسماعیل قائانی" بە فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لەلایەن ڕابەری شۆڕشی ئێرانەوە، زۆرێك لەسەركردەی گروپەكانی حەشدی شەعبی سەردانیان كردووەو لەنزیكەوە بینویانەو لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وێنەكانیان بڵاوكردۆتەوەو، پشتیوانی خۆیان بۆ دووپاتكردۆتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە حكومەتی عێراق بەردەوام باس لەسەروەری وڵاتو، ڕەتكردنەوەی تەرفگیری دەكات لە كێشەكانی نێوان "تارانو واشنتۆن"دا، سەركردەكانی ئەم گروپانەش سەربازو پلەداری فەرمی دەوڵەتی عێراقن!. "محمەد ئەلبەسری" كە یەكێكە لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی لەلێدوانێكدا بۆ هەمان سەرچاوە، ئاماژەی بەبوونی ناكۆكی كردووە لەنێو گروپەكانی حەشدی شەعبی، بەقسەی ئەو بەشێك لە گروپەكان پێداگری دەكەن لەسەر وەشاندنی گورز لە سوپای ئەمریكا، لەكاتێكدا هەندێكی تریان داوای دانبەخۆداگرتن دەكەن. ڕاشیگەیاندووە: ئەو موشەكانەی بەمدواییە ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەناوچەی سەوزو بنكەی ئاسمانی (بەلەد)كراون، هەندێك گروپی دیاریكراو ئەنجامیانداوە، ئەوەش تەحەدایەكی گەورەیە بۆ "فالح فەیاز" سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیو ڕێنماییەكانی ئەم دواییەی دەریكردوون، زیاتر لەوەی بیانەوێت هێزەكانی ئەمریكا بكەنە ئامانج. پاشگەزبوونەوەی زۆرێك لە گروپەكانی حەشدی شەعبیش لەو هەڕەشانەی لەدوای كوژرانی "سولەیمانی و موهەندیس"لەسوپای ئەمریكایان كرد لە عێراق، زیاتر لەژێر فشاری ئێراندا بووە، نەك ڕێنماییەكانی حكومەتی عێراق. "مایك پێنس" جێگری سەرۆكی ئەمریكا لەچەند ڕۆژی ڕابردودا لەوبارەیەوە وتی: ئاماژەمان پێگەیشتووە كە ئێران داوای لەگروپەكانی چەكدارەكانی حەشدی شەعبی كردووە سوپای ئەمریكا لە عێراق نەكەنە ئامانج، ئەوەشی بە هەنگاوێكی ئەرێنی وەسفكرد. "عەسائیبی ئەهلی حەق" كە یەكێكە لەگروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانو لەدوای هێرشی ئەمریكا بۆ سەر بارەگاكانی گروپی "كەتائیبی حزبوڵا" لە قەزای "قائیم" و لەدوای كوشتنی "سولەیمانی و موهەندیس" زۆرترین هەڕەشەی لە ئەمریكا كرد، ئێستا بە ئاشكرا دژایەتی ئەو هێرشانە دەكات. "جەواد تلێباوی" سەركردە لە گروپی "عەسائیب" لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: قسەكردن لەبارەی ئەوەی حەشدی شەعبی ناوچەی سەوزی بەغدادو باڵیۆزخانەی ئەمریكای بە مووشەك كردۆتە ئامانج، ناڕاستە. ئەو كارەشی بەڕەفتاری شەخسی ناوبردووە، وتوشیەتی ڕەنگە بۆ شێواندنی ناوبانگی حەشد بێت. تەئكیدیشی كردووە: حەشد هیچ پرۆسەیەكی سەربازی دژی باڵیۆزخانەی ئەمریكاو بوونی سەربازیی ئەمریكی ئەنجامناداتو، ڕێنماییەكانی سەرۆكی حكومەت پێشێلناكات. "هیشام هاشمی" شارەزایی بواری ئەمنیی لەلێدوانێكدا دەڵێت: لێدوانی سەركردەكانی حەشدی شەعبیو قسەكانو هەڕەشەكانیان بە بەرەنگاربوونەوەی چەكداریی بۆ دەركردنی سوپای ئەمریكا، ئاماژە بە دابەشبونێكی ڕووندەدات لەنێو سەركردەكانو گروپە چەكدارەكانی شیعە. لەدوای كوژرانی (قاسم سولەیمانیو ئەبومەهدی موهەندیس)وە، گروپە چەكدارەكانی شیعە چوار هێرشی مووشەكییان كردۆتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەناوچەی سەوزی شاری بەغدادو بنكەی ئاسمانی (بەلەد) لەپارێزگای سەڵاحەدین، بەپێی ڕاگەیاندراوەكانی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق بێت، هیچكام لەو هێرشانەی ئامانجەكانیان نەپێكاوەو زیانی بە سوپای ئەمریكا نەگەیاندووە، تائێستا سوپای ئەمریكاش لەبارەی ئەو هێرشانەوە هیچ ڕوونكردنەوەیەكی نەداوە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت سبەینێ پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای چاكسازی دەكات، ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران داوایان كردووە دانیشتنەكە داخراو بێت، واتە لە میدیاكانەوە پەخش نەكرێت، ئەمە بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەوەیە كە لەبارەی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان لە پرۆژەیاساكەدا دروستبووە، تائێستا لە مێژووی پەرلەمانی كوردستاندا یەك پەرلەمانتار موچەی خانەنشینی رەتكردوەتەوە. ناڕەزایەتییەكی نوێ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دوای بڵاوبونەوەی كرۆكی پرۆژەیاسای چاكسازی، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی دژ بە لابردنی مەرجی (تەمەن)و (ساڵی خزمەت) لەسەر موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان دروستبووە. لە كەمپەینی هەڵبژاردنە یەك لەدوای یەكەكانی ئەمدواییەی هەرێمی كوردستاندا، بەردەوام بابەتی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان تەوەری گەرمی گفتوگۆو بانگەشەی هەڵبژاردن بووە، تا ئەو رادەیەی زۆرێك لە كاندیدی لیستە جیاوازەكان لەپێناو زامنكردنی متمانەی دەنگدەرەكانیان، لەكاتی كەمپەینەكاندا بانگەشەی ئەوەیان كردووە موچەی خانەنشینی وەرناگرن، بەڵام تائێستا تەنیا یەك پەرلەمانتار بە ئاشكراو بە شێوەی یاسایی موچەی خانەنشینی رەتكردەوەو وەرینەگرت كە ئەویش (فرسەت سۆفی) ئەندامی خۆلی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، فرسەت سۆفی ئێستا پارێزگاری هەولێرە. فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمان سەرباری بەڵێنەكانیان بۆ پێداچوونەوە بەو یاسای تایبەت بە موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان، بەڵام هەرگیز ئەم بابەتەیان بەشێوەیەكی ریشەیی چارەسەر نەكرد، تائەوكاتەی مانگی شوباتی 2018 حكومەتی هەرێم لەژێر فشاری قەیرانی داراییو دابەزینی نرخی نەوتو بارگرانیی دارایی و شەڕی "داعش"دا بە ناچاری لە پرۆژەیاسایەكدا بابەتی كەمكردنەوەی خانەنشینی پلەباڵاكانی وروژاند، بەڵام كاتێك پرۆژەیاساكە چووە پەرلەمان، بەوشێوەیە پەسەندنەكرا كە چاوەڕوان دەكرا، ئەمە ناڕەزایەتی دروستكرد، لەژێر فشاری ناڕەزایەتی شەقامدا، پەرلەمان پەسەندكردنی یاساكەی هەڵوەشاندەوە، یاساكە گەڕایەوە بۆ حكومەت، ئەوەی ئێستا بڕیارە پەرلەمان دەنگی لەسەرە بداتو ناڕەزایەتی دروستكردووە، هەمان ئەو بڕگەیەیە كە تایبەتە بە خانەنشینی پلەباڵاكانو لە خولی پێشووی پەرلەماندا لەژێر فشاری ناڕەزایەتییەكان پەسەندكردنەكەی هەڵوەشایەوە، پێدەچێت مێژووی خۆی دووبارە بكاتەوە. كۆبونەوەیەك لە تاریكیدا بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێستا لەناو پەرلەمانتارانی كوردستاندا هەوڵێك دەستیپێكردووە بۆ ئەوەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان بەشێوەی داخراو بێتو لە میدیاكانەوە پەخش نەكرێت. ئەوانەی داوا دەكەن دانیشتنەكە داخراو بێت، بەهانەیان ئەوەیە هیچ پەرلەمانتارێك لەبارەی بڕگەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكانەوە لەبەردەم كامێراكاندا "موزایەدە" نەكات. لەبەرامبەردا هەندێك لە پەرلەمانتاران داوا دەكەن دانیشتنەكە بەشێوەیەكی كراوە بەڕێوەبچێت، بۆئەوەی خەڵك هەڵوێستی هەموو فراكسیۆنەكان بە راشكاوی لەبارەی ئەو بڕگەیەوە ببینێت كە ئێستا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لە شەقام نیگەرانی دروستكردووە. ئەوانەی داوای دانیشتنی كراوە دەكەن، مەترسییان هەیە سبەینێ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەبەهانەی ئەوەی یەكێك لە بڕگەكانی دانیشتنەكە تایبەت بە "یاسای ماددە هۆشبەرەكان"، دانیشتنەكە بكات بە دانیشتنێكی داخراو، بەوپێیەی یاسای ماددە هۆشبەرەكان یاسایەكە كە رەهەندی ئاسایشی نیشتمانی هەیەو ناكرێت بۆ رایگشتی پەخش بكرێت. لەنێوان ئەم دوو ئاڕاستە جیاوازەدا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە سەرۆكایەتی پەرلەمان هەوڵێكی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی دانیشتنەكە یاخود كاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەی چاكسازی، بەشێوەی كراوە بەڕێوەبچێتو بۆ میدیاكان پەخش بكرێت. بەپێی ماددەی (9)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان كە لە كۆتاییەكانی خولی چوارەمدا پەسەندكرا: • دانیشتنەكانی پەرلەمان، بە ئاشكرا دەبن • دەكرێت دانیشتنەكانی پەرلەمان لەسەر داوای سەرۆك، یان (1/4) چواریەكی ئەندامانو بەرەزامەندی پەرلەمان، نهێنی بن. (چواریەكی پەرلەمان واتە لەكۆی 111 ئەندام 23 ئەندامیان داوا بكەن دانیشتنەكە داخراو بێت) • لەكاتی پێویستدا دەكرێت، دانیشتنەكانی پەرلەمان لەسەر داوای سەرۆكی هەرێم، یان سەرۆك وەزیران، بە رەزامەندی پەرلەمان، نهێنی بن لەبارەی خانەنشینی پلەباڵاكانەوە بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە بڕیارە سبەینێ پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكاتو هەر لەم هەفتەیەدا پەسەندی بكاتو بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە: • پلەباڵاكان، ئەوانەی ساڵی خزمەتو تەمەنیان هەیە، بەرێژەی 25% بۆ 70%ی موچەی ئێستایان خانەنشین دەكرێن، بۆ هەر ساڵێكی خزمەت (2.5%)ی كۆی موچە دیاریكراوە، ساڵی خزمەت بە (15 ساڵ) دیاریكراوە، تەمەنیش بە (45 ساڵ)، بۆ نمونە: هەر وەزیر یان پەرلەمانتارێك كە هەموو پێوەرەكانی خانەنشینبوونی تێدابێت، مانگانە بە بڕی (5 ملیۆنو 740 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت كە دەكاتە رێژەی 70%ی كۆی موچەی ئێستای. • ئەو پلەباڵایانەی، كە مەرجەكانی خانەنشینبوونیان تێدا نییە وەكو تەمەنو ساڵی خزمەت، ئەوانیش بەرێژەی 40%ی كۆی ئەو موچەیە خانەنشین دەكرێن كە ئێستا وەریدەگرن، واتە هەر یەكێك لەوانە مانگانە لە كۆی موچەكەیان كە ئێستا (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، (3 ملیۆنو 280 هەزار) دیناریان وەكو موچەی خانەنشینی پێدەدرێت تا ئەوكاتەی تەمەنیان دەگاتە (45 ساڵ)و ساڵی خزمەتیشیان دەبێت بە (15) ساڵ، ئەوكاتە مەرجەكانی بڕگەی تایبەت بەوانەیان لەسەر جێبەجێدەكرێت كە مەرجە یاساییەكانی خانەنشینبوونیان تێدایە، ئەمە سەرچاوەی ئەو ناڕەزایەتیەیە كە دروستبووە، لایەنی باشی ئەم بڕگەیە ئەوەیە، ئەوانەی مەرجی خانەنشینبونییان تێدا نییە، دەبێت لە فەرمانگەیەكی حكومەتدا كاربكەن بۆ ئەوەی ساڵی خزمەت و تەمەنی خانەنشینی تەواو بكەن، بەپێچەوانەوە موچەی خانەنشینییەكەیان كە بۆیان بڕدراوەتەوە زیادناكرێت، خاڵی نەرێنی بڕگەكەش ئەوەیە، ئەوانەی كە مەرجی یاساییان تێدا نییە، تەنانەت ئەگەر لە هیچ فەرمانگەیەكیش كارنەكەن تاوەكو كۆتایی ژیانیان ئەو بڕە پارەیە وەكو موچەی خانەنشینی وەردەگرنو سنوری بۆ دانەنراوە. نامەكەی نەوشیروان مستەفا بابەتی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان، لەسەرەتای 2000وە بووەتە بابەتی جێگە مشتومڕ لەناو میدیاكانو لە شەقام، چەندین پێشنیازی جۆراوجۆر لەبارەی كەمكردنەوەی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكانو رێكخستنی لەچوارچێوەی یاسایەكی دادپەروەرانەدا، خراوەتەڕوو. یەكێك لە دیارترین پێشنیازەكان بۆ رێكخستنەوەی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان لەم ساڵانەی دوایدا پێشنیازێكی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕانە. نەوشیروان مستەفا لەنامەیەكدا كە 23ی كانونی دووەم 2012 ئاڕاستەی فراكسیۆنی بزوتنەوەكەی كردووە لە پەرلەمانی كوردستان، پێشنیازێكی نوێ لەبارەی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان دەخاتەڕوو، تێیدا داوا دەكات هەموو ئەو یاسایانە هەڵوەشێندرێنەوە كە" ئەندام پەرلەمان بەر لە تەمەنی تقاعدی خدمەی مەدەنی خانەنشین ئەكا، پرۆژە یاساكە زەمانەتی گەڕانەوەی ئەندام پەرلەمان بكا بۆ وەزیفەی بەر لە ئەندام پەرلەمانێتی، ئەوەشی كە وەزیفەی نەبو بۆ ماوەی ساڵێك موچەی بدرێتێ وەك زەمانەتێك تا كارێك ئەدۆزێتەوە". دەقی نامەكەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بەڕێزان: ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە پاش رێز و سڵاو بەندە وەكو كەسێ كە لە دروستكردنی لیستی گۆڕان و بزوتنەوەی گۆڕاندا بەشداریم كردوە هەروەها وەكوو هاوڵاتیەكی كوردستان ئەو هەقە بە خۆم ئەدەم ئەم نامەیەتان ئاراستە بكەم: دو ساڵ زیاترە، وەك نوێنەری سەدان هەزار هاوڵاتی لە پەرلەمانی كوردستان سوێندتان خواردوە، بەر لەوەی ببنە پەرلەمانتار لە بەردەم رای گشتی دا سوێندتان خوارد كە پابەند بن بە پەیام و كارنامەی لیستی گۆڕانەوە، خەڵكی كوردستان لە سەر ئەساسی بەڵێنەكانی لیستی گۆڕان دەنگی بە ئێوە و ئێمەشدا. من و هاوڕێكانم بە شانازیەوە ناوی خۆمان خستە پاڵ ناوی ئێوە تا پێكەوە متمانەی خەڵك بە دەستبهێنن. لە حەملەی هەڵبژاردندا سەدان هەزار هاوڵاتی بە ئومێدێكی زۆرەوە رژانە سەر شەقامەكان، بە هۆی پشتیوانی لیستی گۆڕانەوە نزیكەی چوار هەزار هاوڵاتی نانبڕاو كران و سزادران و هەزاران هەڵسوڕاو و دۆستی بزوتنەوەی گۆڕان رووبەڕووی هەڕەشەی كوشتن و حەپس و لێدان بوونەوە، بەڵام ئەوان ئازایانە بەردەوام بوونو خۆبەخشانە پشتیوانتان بوون، هەزاران پێشمەرگەی كۆن، سەدان چاودێری خۆبەخشی سەر سندوقەكانی دەنگدان، سەدان رۆژنامەنوس، نوسەر، هونەرمەند و كەسانی چالاك پشتگیرتان بوون، هاوڕێكانتان لە رۆژنامەی رۆژنامە لە تەلەفزیۆنی كەی ئێن ئێن، رادیۆی گۆڕان، سایتی سبەی، كەناڵەكانی كومپانیای وشە.... گەورەترین كامپەینی راگەیاندنیان بۆ هەڵبژاردن سازدا. چەندین داهێنانی نوێیان پێشكەش كرد، ورە و ئازایەتیان بەخشیە سەدان هەزار هاوڵاتی بۆ ئەوەی ئازایانە بەشداری هەڵبژاردن بكەن و ئازادانە دەنگ بدەن. ئەڵبەت ئێمە تا ئێستاش ئومێدمان پێتان قایمە و ئەزانین پابەندن بە خەتەگشتیەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، ئێمە وەك چۆن پێمان خۆش بوو بچنە پەرلەمان هەرواش ئومێد ئەكەین لە ئێستا و لە ئایندەدا وەك كەسایەتی بەڕێز لە ناو خەڵكا بمێننەوە، ئەوەشتان لا رۆشن بێت، كە نە ئێمە و نە هاوڕێكانتان، نە هاوڵاتیانی كوردستان حەسودیتان پێ نابەن، چاویان لە ئیمتیازاتی ئێوە نیە، بەپێچەوانەوە زۆرجار دەستخۆشیمان لێكردوون، شانازیمان بە هاوڕێیەتیتانەوە كردوە، چەندین جار لە چەندین موناسەبەتا، ستایشمان كردوون و ئێوەمان بە رەعیلی یەكەمی خەباتی پەرلەمان زانیوە، بەڵام دوای زیاتر لە دو ساڵ كاتی ئەوە هاتووە چەند وشەیەكتان بە راشكاوی پێبڵێم: من لە ژیانی پێشمەرگایەتیمەوە تا ئێستا، شێرە ژنەكان و پیاوە جوامێرەكانم بەوە تاقی كردۆتەوە كە لە بەردەم فریوی پارە و پۆستا خۆڕاگر بن و چۆك دانەدەن، كاتێك خەڵك پێیان هەڵ ئەدا لە خۆیان نەگۆڕێن و خەڵك لە خوار خۆیانەوە نەبینن، نایشارمەوە هەندێكتان لە یەكەم تاقیكردنەوەدا لاوازدەرچوون، لە بەردەم فریوی شوقە و ڤێلاو ئوتۆمبێل و حەرەس و ئیمتیازا خۆڕاگر نەبوون، بەڵام تا ئێستا نە من نە هیچ ئۆرگانێكی رەسمی بزوتنەوەی گۆڕان بە رەسمی سەرزەنشتمان نەكردون، من لە پەروەردەی سیاسیا حەزم لە نەسیحەت و وەعز نیە. حەزم لەوەش نییە كەس لە ترسی من یان لە ترسی دیسپلینی حیزبی خراپە نەكا، بەڵكو ئەمەوێ لە ترسی لێپێچینەوەی هاوڵاتیان و لە ترسی موحاسەبەی ویژدانی خۆی كاری نەشیاو نەكا، بڕوام بەو پەندەی هیندییە سوورەكان هەیە كە ئەڵێ: لە كاتی بەخێوكردنی مناڵا لێگەڕێ با خۆی چەند جارێك هەڵە بكا و باجی هەڵەكانی بدا، ئەوسا دەستی بگرەو چەند قسەیەكی بۆ بكە. ئێستا دوای ئەوەی چەند هەڵەیەك بەسەرتانا تێپەڕی، خۆشتان بەر لەهەر كەس باجەكەتان دا، ئەمەوێ لای هەمووتان رۆشن بێت كە بزوتنەوەی گۆڕان ئامادە نییە باجی هەڵەو تەماحی هیچ كەسێك بدا، تەنانەت ئەگەر نوری چاویشم بێت، چونكە گەر بمانخەنە گۆشەیەك و موخەیەرمان بكەن لە نێوان سومعەی بزوتنەوەی گۆڕان و لە دەستدانی متمانەی سەدان هەزار هاوڵاتی لە پاڵ دەركردنی چەند ئەندام پەرلەمانێك، ئەوە بێ دودڵی دووەمیان هەڵئەبژێرین، بەڵام هێشتا نەچوەو بچێ و ئەكرێ لە ماوەی ئەم ساڵ و چەند مانگەی كە ماوتانە لە پەرلەمان بەخۆتانا بچنەوە ئەم كارانە بكەن: 1- ئەو ئەندام پەرلەمانانەی گۆڕان كە داوای كڕین و تاپۆكردنی شوقەو ڤێلاكانی پەرلەمانیان كردوە، ئاگادارمان كردبونەوە كە با بە رونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی داوای لێبووردن لە خەڵكی كوردستان و دەنگدەرەكانیان بكەن، چونكە ئەوان بەڵێنیان داوە بەرگری لە مافی گشتی خەڵك بكەن نەك لە ئیمتیازاتی خۆیان، بەڵام نەیان كرد، بۆیە دەبێ، ئیستیقالە لە پەرلەمان بكەن، ئەگەر هەر نا ئەوە خۆمان بۆ رای گشتی بڵاو ئەكەینەوە كە ئەوان چیتر ئەندام پەرلەمانی گۆڕان نین و پابەند نەبون بە بەڵێنەكانی هەڵبژاردنەوە. 2- فراكسیۆنەكەتان پرۆژە یاسایەك پێشكەش بكا بۆ كەمكردنەوەی مووچەی ئەندام پەرلەمان و هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی وەك ئۆتۆمۆبێل و شوقەو ڤێلا ئەدرێت ئەندام پەرلەمان، بەنیسبەتێك كە موچەی ئەندام پەرلەمان نزیكبكەوێتەوە لە بەرزترین ئاستی مووچەی فەرمانبەرێكی حكومی، مەبەستم ئەو فەرمانبەرانەی حكومەت نییە كە دەرەجەی تایبەتیان هەیە. 3- فراكسیۆنەكەتان پرۆژە یاسایەك پێشكەش بكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی ئەندام پەرلەمان، هەڵوەشاندنەوەی هەمو ئەو یاسایانەی كە ئەندام پەرلەمان بەر لە تەمەنی تقاعدی خدمەی مەدەنی خانەنشین ئەكا، پرۆژە یاساكە زەمانەتی گەڕانەوەی ئەندام پەرلەمان بكا بۆ وەزیفەی بەر لە ئەندام پەرلەمانێتی، ئەوەشی كە وەزیفەی نەبو بۆ ماوەی ساڵێك موچەی بدرێتێ وەك زەمانەتێك تا كارێك ئەدۆزێتەوە، ئەم پرۆژە یاسایە لە بەرژەوەندی خەڵكە، چونكە ئەندام پەرلەمان هان ئەدا كاری باش بكا بۆ ئەوەی جارێكی تر متمانەی خەڵك وەرگرێتەوە و ببێتەوە بە ئەندام پەرلەمان. 4. فراكسیۆنەكەتان بەسەر چەند گروپێكا دابەش بكەن (بۆ نمونە پێنج گروپ) هەفتانە هەر پێنج گروپەكە سەردانی پێنج ناوچەی جیاوازی كوردستان بكەن، لە نزیكەوە گوێ لە داواكاریو پێشنیازی خەڵك بگرنو داواكاریو پێشنیازەكانیان بە نوسراو ببەنە بەردەم بەرپرسانو رەئیسی وەحدە ئیداریەكانو وەزیرەكان، بە یاداشتیش نوسخەی لێ بدەن بە سەرۆكی پەرلەمانو لە لیجەنەكانیش موتابەعەی بكەن. هەر گروپێك راپۆرتی هەفتانەی خۆی بدا بە (سەید عومەری سەید عەلی) كە كۆكاری فراكسیۆنەكانە، لە راپۆرتەكەدا ئەوەش تۆمار كەن كێ ئامادە نەبوەو ئەركەكەی راپەڕێنێو عوزرەكەی چی بووە، هەروەها وەك لە پرۆژە دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان دا هاتوە، كە بۆ هەر ئەنجومەنی شارێك ئەندام پەرلەمان دابنرێ بۆیە پێویستە ئەو ئەركەش جێ بە جێ بكرێ. 5. بە تاك و تەرا پرۆژ پێشكەش مەكەن، پێكەوە بە راوێژ لەگەڵ كۆكار و ژوری قانونی و ژوری ئابوری و ژوری لێكۆڵینەوەی سیاسی پرۆژە پێشكەش بكەن، بزانن گونجاوە لەگەڵ كارنامەی گۆڕان یان نا، هەر پرۆژەیەكیش تەوقیتی خۆی هەیە. 6. سایتی رەسمی بزوتنەوەكە و راگەیاندنی خۆمان رائەسپێرم بەپێی ئەهمیەتی چالاكیو پرۆژەكانی فراكسیۆنەكەتان بایەختان پێ بدرێ، بەڵام ئەوەشتان لەلا رۆشن بێ كە ئێوە بۆ ئەوە چونەتە پەرلەمانەوە كە لەخەڵكەوە نزیك بن نەك هەمیشە لە ئیعلاما دەركەون. ئێمەش وەك بزوتنەوەی گۆڕان جگە لە ئێوە دو فراكسیۆنی ترمان هەیە، لەپاڵ نزیكەی دە ژور و نزیكەی چل ئەنجومەن لە كوردستانو چل ئەنجومەنی جالییەی كوردی، كە هەمویان داوامان لێ ئەكەن چالاكیەكانیان تەغتەییە بكەین، بەڵام ئێمە هەر فریای چالاكییە گرنگەكان ئەكەوین، متمانەشمان بە كارمەندانی راگەیاندنی خۆمان هەیە بە دڵسوزییەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕانو بەرژەندەی خەڵك كار ئەكەن. لەكۆتاییا ... ئومێدەوارم لە بەر روناكی ئەم نامەیە، لاپەڕەیەكی نوێ لە ژیانی خۆتانو لە ژیانی خەباتی پەرلەمانی هەڵ بەنەوە، سەربەرزانە بچنە ناو خەڵكو دەنگدەرەكانتان، خۆم و هاوڕێكانیشم پشتیوانتان ئەبین، ئومێدی هەمو باشییەكتان بۆ ئەخوازمو هەر بژین. لەجیاتی بزوتنەوەی گۆڕان هاوڕێتان نەوشیروان مستەفا 23/1/2012
راپۆرتی: درەو كۆتایهێنان بە ڕۆڵی "قاسم سولەیمانی" لەسەر شانۆی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە بۆ ئەمركییەكان تەنها كۆتایهێنان نییە بەڕۆڵی جەنگاوەڕێكی گەڕیدە كە ساڵانێكی دورودرێژ ببوەمایەی سەرئێشەو كۆسپ و بەربەست لەبەردەم سیاسەتەكانی "واشنتۆن"، بەڵكو پەیامی پشت كوشتی "سولەیمانی" ئاماژە بەهاتنە كایەی قۆناغێكی نوێ دەكات. ئەویش قۆناغی گەڕانەوەی ئەمریكایە بەهێزەوە بۆ عێراق و نینۆككردنی "ئێران"ە لەناوچەكە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی، لەڕێی بەكارهێنانی هێز و لێدانی ڕاستەوخۆ لەتەواوی ئەو گروپ و هێزانەی "تاران" شەڕی بەوەكالەتیان پێدەكات. "محمەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران دوای كوژرانی "سولەیمانی"و دوای موشەك بارانكردنی بنكە ئاسمانییەكانی ئەمریكاش لە عێراق، لە زیاد لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە پێویستی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كردووە لە عێراق. "عەلی خامنەئی" رابەڕی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەمباریەوە دەڵێت: "تۆڵەی گەورەی قاسم سولەیمانی ئەوەیە ئەمریكا ناوچەكە چۆڵبكات". پێدەچێت "ئێران"ییەكان لەپەیوەندییە ژێر بەژێرەكانیاندا لەگەڵ "واشتنۆن" ئەم پەیامەیان بەڕوونی پێگەیشتبێت، هەر بۆیە داواكاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق داواكارییەكی سەرپێیی نییە، تەنها كاردانەوەی كوشتنی "قاسم سولەیمانی" نییە، بەڵكو سیمایەكی دیاری ململانێی ئەم قۆناغە تازەیەی نێوان "واشنتۆن و تاران"ە. پرۆژە ئێرانییەكە لەعێراق كرا بەیاسا دووڕۆژ دوای كوژرانی "قاسم سولەیمانی" فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، پەرلەمانی عێراق كۆبونەوەیەكی نائاسایی گرێداو، بڕیاڕی كۆتایهێنانی بەبوونی هێزی بیانی لەسەرخاكی وڵاتەكەی پەسەندكرد. بڕیارەكە وێڕایی ئەوەی هەژموونی پێكهاتەی شیعەو هێزەكانی نزیك لە ئێرانی بەسەردا زاڵبوو، زیاد لەگروپێكی شیعە لەڕێی پەیامی ئاشكراو نهێنییەوە فشار و هەڕشەی جدییان لەسەر پەرلەمانی عێراق دروستكرد، "موقتەدا سەدر" ڕابەڕی ڕەوتی سەدر لەپەیامێكدا بۆ پەرلەمانی عێراق هەڕەشەی ئەوەی كرد "ئەگەر بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكان نەدەن گەل قسەیەكی تری دەبێت". مەكتەبی سیاسی "كەتائیبی حزبوڵا"ش لەنامەیەكدا كە بۆ پەرلەمانتارانی كورد و سوننیەیان نارد هەڕەشەیەكی توندیان لێكردن. ئەمریكییەكان هەر لەسەرەتاوە دركیان بەم هەوڵە ئێرانییە كرد، ئەوانیش لەڕێی بەرپرسانی هەرێم و سەركردەكانی سوونەوە جموجۆڵەكانیان دەستپێكرد، سەرەنجام توانیان قەناعەت بە كورد و زۆرینە سوننەكان بكەن كە بەشداری ئەو كۆبونەوەیەی پەرلەمان نەكەن، تا ئەو وێنەیە زەق بكەنەوە كە ئەم داوایە لەباشترین حاڵەتدا، داوای یەكێك پێكهاتەكانی عێراقە نەك تەواوی گەلانی عێراق، لەمەشدا سەركەوتووبون. "عادل عەبدولمەهدی" سەۆك وەزیرانی عێراقی كاربەڕێكەر، كە یەكێكە لەوانەی پێداگری دەكات لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاڕی پەرلەمانی عێراق بۆ كشانەوەی هێزە بیانییەكان، بڕیاری كۆبونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراقیش لەسەر داوای ئەو ئەنجامدرا، ئەمڕۆ لە پەیوەندییەكی تەلەفونیدا لەگەڵ "مایك پۆمپیۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لەناوبراو كردووە وڵاتەكەی تیم ڕەوانەی عێراق بكات بۆ دانانی میكانیزمی كشانەوەی هێزەكانیان لە عێراق. "پۆمپیۆ" پێشتر لە لێدوانێكدا لەبارەی "عەبدولمەهدی"یەوە وتی: "ئەو تەنیا سەرۆك وەزیرانێكی دەستلەكاركێشاوەیەو فشارێكی زۆریشی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لەسەرە". عەبدولمەهدی كە لەشەقامی عێراقی بەگشتی و ناوماڵی شیعە بەتایبەتی ڕوبەڕووی ڕەخنەیەكی زۆربۆتەوە بەوەی كەسێكی لاوازەو توانای پاراستنی سەروەری خاكی عێراقە نییە. دوای هێرشەكەی ئاسمانییەكەی ئەمریكا بۆ سەر بنكەكانی "كەتائیبی حزبوڵا"ی عێراق لە"قائیم" وتی: پێشتر ئەمركییەكان ئاگاداریان كردومەتەوە، دوای موشەكبارانكردنی بنكە ئاسمانییەكانی ئەمریكاش لە عێراق، "مەحەد جەواد زەریف"وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند:"عێراقییان لە هێرشەكە ئاگاداركردۆتەوە"، عەبدولمەهدی لای خۆیەوە تەئكیدی كرد كە ئێرانییەكان لە هێرشەكە ئاگاداریان كردۆتەوە، هەندێك لەوانەشی ڕەخنەی لێدەگرن، پرسیاری ئەوەی لێدەكەن ئەو سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە، ڕۆڵ و قسەی چییە لەم پێشهات و هێرشانەی لەسەر خاكی عێراق ئەنجامدەدرێن؟. گەڕانەوەی دووەمی ئەمریكا بۆ عێراق بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2011، یەكێك بوو لەو بڕیارانەی بەردەوام لەلایەن كۆمارییەكانەوە وەك بڕیارێكی كارەساتاویی و هەڵەیەكی ستراتیجی لەلایەن "باراك ئۆباما" سەرۆكی ئەوكاتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە لێكدەدرایەوەو، بەوە تۆمەتباریان دەكرد كە عێراقی لەسەر سینیەكی ئاڵتون پێشكەش بە ئێران كردووە، لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی پاریشدا (دۆناڵد ترەمپ) بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای دا لە باكوری سوریا بڕیارەكەش ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی دیموكراتەكان بوەوە. بڕیارەكە وەك جۆرێك لەهەڵهاتن و جێهێشتنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ "ڕوسیا و ئێران و توركیا" لێكدرایەوە، جگە لەبەجێهێشتنی هاوپەیمانەكەیان"كورد" لەژێر ڕەحمی جبەخانەی سوپای توركیا. تا بەناچاری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەشێك لە هێزەكانی ڕەوانەی باكوری سوریا كردەوە بە پاساوی پاراستنی بیرە نەوتەكان. قایلبوون بە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق ڕەنگە بۆ "ترەمپ" لەمكاتەدا جۆرێك بێت لە خۆكوژی، بەتایبەت كە كۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنێكی چارەنوسازی لەپێشە، ڕەنگە ئەمجارە"ترەمپ" سودی لەهەڵەكەی خۆی و پێشخۆی وەرگرتبێت، بۆیە پێناچێت عێراق هەروا بە ئاسانی جێبهێڵێت. سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەكۆشكی سپی لەبارەی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقەوە وتی: "وڵاتەكەی بەنیاز نییە بۆ هەتاهەتایە لە عێراق بمێنێتەوە، ئەگەر لە عێراق بكشێینەوە مانای وایە ئێران شوێنپێیەكی گەورەتری دەبێت لە عێراق". "ترەمپ":هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابوریشی كرد بەسەر عێراقدا، ئەگەر بەرپرسانی ئەو وڵاتە بیانەوێت سوپای ئەمریكا بەشێوەیەكی نادۆستانە دەربكەن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لەتازەترین پەیامیدا لەوڕوەوە دەڵێت:" ئامادەنین پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاتوێبكەین، هەر وەفدێكیش بنێرین بۆ عێراق تەنها لەچوارچێوەی بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكاندایە". ئەمریكا بەنیازی چییە؟ بەگوێرەی هەندێك زانیاری ورد بەرپرسانی "ئەمریكاو ڕوسیا" لەسەر پێشهاتە نوێكانی ناوچەكە جۆرێك لەنزیكبونەوەو ڕێككەوتن هەیە لەنێوانیاندا، ڕۆلێكی زیاتر بدرێت بە ڕوسیا لە دۆسییەی سوریادا لەسەر حسابی ئێران، لەبەرامبەر بێدەنگبوونی ڕوسیا لەدۆسیەی عێراق و ئەو هەنگاوانەی واشنتۆن لە ئایندەدا لە عێراق دەیگرێتەبەر. بەشێك لەهەنگاوەكانی تری "واشنتۆن" ڕێگا خۆشكردنە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ لە عێراق و دورخستنەوەی بەپەلەی "عادل عەبدولمەهدی" كە پێیوایە لەم پێشهاتانەی دوایدا بەتەواوی پاڵیداوە بە ئێرانەوە. ئەمریكا لەگەڵ ئەوەی بەو دۆخەی لە بۆردومانكردنی بارەگاكانی "كەتائیبی حزبوڵا" لەكۆتا ڕۆژەكانی ساڵی پارەوە تا كوشتنی (قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس) لەسێیەم ڕۆژی ساڵی نوێدا لە عێراق دروستیكرد، گورزێكی گەورەی لە خۆپیشاندانەكانی عێراق دا ، بەڵام لەخواست و داواكارییدا هاوتەریبە لەگەڵیان و خوازیاری دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانێكە بۆ قۆناغی ڕاگوزەر كە نەچێتە ژێر باری فشارەكانی "ئێران"ەوە. هەڵوەشاندنەوەی یان سنورداركردنی ڕۆڵی حەشدی و توانەوەیان لەناو سوپای عێراقدا یەكێكی ترە لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئەمریكا لە قۆناغی ئایندەو، بەنیازە لەڕێی حكومەتی داهاتووەوە جێبەجێبكات، ئەگەر بۆشی نەچێتەسەر دورنییە لەڕێی وەشاندنی گورزی ئاسمانیەوە بەتەواوی جموجۆڵەكانیان پەكبخات. پێناچێت بژاردەكاری بەردەم "تاران" لەم قۆناغە نوێیەدا زۆربن، بەوپێیەی ئەمریكا بەتەواوەتی دەستی ناوەتە ناو بینەقاقای ئابوری ئێران، بەپێیی تازەترین زانیارییەكانیش وەزارەتی گەنجینەو دەرەوەی ئەمریكا (17) كارگەی ئاسن و پۆڵا و (8)كەسایەتی تری خستە چوارچێوەی سزاكانیەوە. "تاران" لەگەڵ "واشنتۆن" ڕێككەوتنێكی نوێ ئیمزادەكات لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی و دەستبەردابون لە هێز و لایەن و گروپەكان چەكدارەكان لە (عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان) لەبەرامبەر هەڵگرتنی سزاكان لەسەری، یان خۆی بۆ گەڕێكی تر لەڕووبەڕووبونەوەی "ئەمریكا" ئامادە دەكات كە ڕەنگە ئەمجارە پێكدادانان لەدەرەوەی سنورەكانی نەمێنێتەوە، ئەوەش ئەگەرێكی دوورە، بەوپێودانگەی دەسەڵاتدارانی "ئێران" لەم قۆناغە هەستیارەدا كە گەلەكەیان ماندووی دەستی سزاكانە، ڕووبەڕووی شەڕێكی ماڵوێنكەری ناكەنەوە، كە ئەنجامەكەی پێش ڕوودانی ڕوونە.
(درەو): لە ساتەكانی سەرەتای كردنە ئامانجی "قاسم سولەیمانی" فەرماندەی فەیلەقی قودس و عەرابی ژمارە یەكی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەناوچە گەرمەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، جیهان پێشبینی ئاگرێكی گەورەو شەڕی چوارەمی كەنداوی دەكرد، زۆرێك لەمە دوورتریش دەڕۆیشتن و باسیان لە ئەگەری هەڵگیرسانی سێیەمین جەنگی جیهان دەكرد. بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك لە ڕووداوەكە، ڕوونبۆوە "واشنتۆن" بەم گورزە ویستی تەنها پەیامێك بدات بە دەسەڵاتدارانی "تاران" كە پێویستە لێرەدا بوەستن و، چیتر بێدەنگ نابن لەنادیدەگرتنی ڕۆڵ و پێگەی ئەمریكا لە ناوچەكە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی. بەرپرسانی ئەمریكا و بەدیاریكراوی "دۆناڵد ترەمپ" لەچەندین بۆنەی جیاوازدا ئەو دەستەواژەیەیان دووبارەكردۆتەوە:" هەوڵی گۆڕینی ڕژێمی ئێران نادەین، بەڵام ڕەفتارە دوژمنكارەكانی پێویستە بوەستێت". وەڵامەكەی "ئێران"یش وەك ئەوە نەبوو پێشینی دەكرا چەخماخەی دەستپێكی جەنگێكی وێرانكەربێت لەناوچەكە. "تاران"یش تەنها پەیامێكی هەبوو بەوەی لەئاستی لەدەستدانی سەركردەیەك بەسەنگی "سولەیمانی" بێدەنگ نابێت، ئەگەر بۆ پاراستنی شكۆی وڵات و بەكاربردنی ناوخۆیش بێت دەبێت وەڵامێكی هەبێت. دوای هێرشە مووشەكییەكەی "ئێران" بۆ سەر هەردوو بنكەی ئاسمانی (عەین ئەسەد و هەریر) كەناڵی (cnn) لەزاری بەرپرسانی ئەمریكاوە ئاشكرایكرد: "ئێران نەویست هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكاتە ئامانج، تەنها پەیامێكی نارد". ڕۆژنامەی (us today)یش بڵاویكردەوە: "تاران بەغدادی لە هێرشەكە ئاگاداركردۆتەوە، بەغدادیش ئەمریكییەكانی لەهێرشە ئاگاردار كردۆتەوە". هەوڵی هێوركردنەوە دەدەن دوای كوژرانی "قاسم سولەیمانی" لێشاوێك هەڕەشە لەلایەن بەرپرسانی تاران و واشنتۆنەوە دەستیپێكرد، ژێر بەژێریش هەوڵی هێوركردنەوە لەئارادابوو، هەر ئەو ڕۆژەی "سولەیمانی" كوژرا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "پەیامێكیان لە ئیدارەی ئەمریكاوە پێگەیشتووەو هەمان ڕۆژ لەڕێی باڵیۆزی سویسرا لە تاران وەڵامێكی گونجاویان داوەتەوە". بێئەوەی وردەكارییەكی هیچكام لەو نامانە ئاشكرابكات. "مایك پۆمپیۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفونیدا لەگەڵ هاوتا بەریتانییەكەی وتی: "كوشتنی سولەیمانی ڕێوشوێنێكی خۆپارێزی بووە". لە پەیوەندییەكیشی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی (چین) ڕایگەیاند: "ئەمریكا خواستی ئەوەیە دوای كوشتنی سولەیمانی ئاڵۆزییەكان هێورببنەوە". "پۆمپیۆ" لەوەڵامی بەرپرسانی فەرەنسادا كە ڕایانگەیاندبوو : كوشتنی "سولەیمانی" جیهانی بەرەو مەترسی زیارتر بردووە، وتی : "فەرەنسییەكان لەوەدا هەڵەن.. ئەمڕۆ جیهان لەهەموو كات زیاتر سەقامگیر بووە". دوای چەند كاتژمێرێكیش لەكوژانی "سولەیمانی" سەرۆكی ئەمریكا لە توتێكدا وتی: "ئێران هەرگیز لەشەڕدا نەیبردۆتەوە، بەڵام هەرگیز دانوستانی نەدۆڕاندووە". هەڕەشەی بەردەوامیی بەرپرسانی "ئێران" بەوەڵامێكی توندو هەژێنەرو كردنە ئامانجی دامەزراوە سەربازییەكانی "ئەمریكا" لەناوچەكە دۆخەكەی تەمومژاوی كردبوو، بەتایبەتی كە لەچەند ڕۆژی ڕابردودا زیاد لەبەرپرسێكی باڵای "ئەمریكا" ئاماژەیان بەوەكرد "ئێران" جدییە لە هەڕەشەكانی و بەرژوەندییەكانی "ئەمریكا" دەكاتە ئامانج. بەڵام دوای هێرشەكە، دۆخەكە بەجۆرێكی تر گۆڕا، وەك ئەوەی ڕێككەوتنی پێشوەختی لەسەركرابێت، "محەمەمەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دوای هێرشە مووشەكییەكە ڕایگەیاند: "وەڵامی تاران بۆ كوشتنی جەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی كۆتایهات". ئەمریكا وەڵامەكەی ئێرانی قبوڵكرد "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدواین كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا كە لەبارەی هێرشە مووشەكییەكی ئێرانەوە ڕێكیخست، ڕزامەندی زۆری پێوەدیاربوو لەدۆخەكە، "ترەمپ" ڕایگەیاند: "هیچ ئەمریكییەك بەهۆی هێرشەكەوە نەكوژراوەو سەربازەكانمان سەلامەتن، ڕەنگە ئێران ترسی هەبێت لە ئاڵۆزبونی دۆخەكە، ئەوەش شتێكی باشە بۆ هەموولایەنەكان، دەمانەوێت ئێران خاوەندی ئایندەیەك بێت كە شایەنێتی، ئەمریكا ئامادەیە بۆ لە ئامێزگرتنی ئاشتی لەگەڵ هەموو ئەوانەی ئاشتیان دەوێت". "موقتەدا سەدر" ڕابەری ڕەوتی سەدر لەدواین بەیاننامەیدا ئاماژە بەوەكرد:"قەیرانی ئێستای تاران و واشنتۆن كۆتایهات، بەتایبەت دوای وتارەكەی ترەمپ و وتاری كۆماری ئیسلامی ئێران". پێشتریش كەناڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمریكا، دوای هێرشە موشەكییەكەی ئێران بۆ سەر هەردوو بنكە ئاسمانییەكەی ئەمریكا لە عێراق لەزاری بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) بڵاویكردەوە: "واشنتۆن و تاران هەوڵی هێوركردنەوە دەدەن، ئێران بەمەبەست ئەمریكییەكانی نەكردووەتە ئامانج لە عێراق". ڕەنگە ئەو نەكردنە ئامانجە ئەو خاڵە گرنگەبێت بەنیسبەت "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ئێرانییەكان، بەتایبەت لەم كاتە هەستیارەدا كە لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازدایەو كوشتنی هەر سەربازێكی سوپای ئەمریكا لەعێراق بۆ ئەو كارەساتێكی گەورەیەو، ڕەنگە ببێتە هۆی خستنی لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و، مادەیەكی بانگەشەی بەهێزیش بۆ نەیارەكانی، بەڵام "ترەمپ" بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتەیان نەداتێ ئامادەبوو بەسنگێكی فراوانەوە موشەكەكانی ئێران قبوڵبكات. ڕەنگە وردەكاری ڕێككەوتنی نێوان (واشنتۆن و تاران) ئەم خاڵەبێت"ئێران وەڵامێكی سنورداری ئەمریكا بداتەوە بەجۆرێك هیچ سەربازێكی ئەمریكا نەكاتە قوربانیی، لە بەرامبەردا ئەمریكاش وەڵامەكە قبوڵبكات، بەوەش ئێران لە لۆمە و ئیحراجیی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش ڕزگاری دەبێت و، ناوچەكەش لە جەنگێكی ماڵوێرانەكەر دەپارێزرێت. ئەگەریش هەیە ئاسۆیەكی نوێ بۆ ڕێككەوتن بخولقێنێت و سنورێك بۆ ئەو ململانێ توندە دابنێت كە بەهۆی زیاد لە دۆسیەیەكی گەرمەوە، ساڵانێكی دورودرێژە بەریەككەوتن و تەقینەوەی لەناوچەكە كردووەتە یەكێك لەئەگەرە بەهێزەكان". قەیرانێكی بەسوود "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەیەكەم ساتی ئەنجامدانی پرۆسەی كوشتنی "سولەیمانی"یەوە پاساوی ئەوەی هێناوەتەوە كە ناوبراو ئامادەكاری كردووە بۆ هێرشێكی گەورەو مەترسیدار بۆ سەر بەرژوەندییەكانی ئەمریكا بەڵام تائێستا هیچ بەڵگەیەك لەوبارەیەوە نەخراوەتەڕوو، تانەی ئەوەشی لەسەرۆكەكانی پێش خۆیداوە كە نەیانتوانیوە بڕیاری لە ناوبردنی "قاسم سولەیمانی" جێبەجێبكەن. ئەو كە ئێستا لەدۆخێكی ناوخۆیی خراپدایە، دۆسیەی كوشتنی "قاسم سولەیمانی" دەكاتە یەكێك دەستكەوتە گرنگەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی وڵاتەكەی لە پاڵ كوشتنی (ئەبوبەكر بەغدادی) سەرۆكی ڕێكخراوی داعش. "ترەمپ" بەمە دەیەوێت ئەو وێنەیە بگەیەنێتە ئەمریكییەكان كە پیاوێكی ئازاو بەدەستەو، هەركەسێك بێتەمایەی هەڕەشە بۆ ئەمریكاو بەرژوەندییەكانی سڵناكات لەوەی لە ناویببات. ئەگەر بۆ شەخسی "ترەمپ" دۆسیەی كوشتنی "سولەیمانی" هەمووی قازانجبێت، ئەوا بۆ ئێرانییەكانیش ئەو دۆسییە یەكپارچە كارەسات و كەوتن و نەهامەتی نییە، دەسەڵاتدارانی ئێران لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا ڕووبەڕووی خۆپیشاندانێكی جەماوەری گەورە بوونەوەو بە زەبری هێز سەركوتیان كرد، بەهۆی گەمارۆی ئەمریكاوە دۆخی ئابوری ئێران لەوپەڕی خراپیدایە، كوژرانی "قاسم سولەیمانی" بڕێك ئۆكسجینی زۆری كردەوە بە گەرووی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیدا، بەجۆرێك لە جۆرەكان سەدان هەزار ئەگەر ملیۆنان نەبێت لەهاوڵاتیانی ئێرانی لەدەوری دەسەڵاتدارانی ئێران كۆكردەوە. ڕێوڕەسمی بە خاكسپاردنی "سولەیمانی" لەو ڕێوڕەسمە قەرەباڵغتربوو كە بۆ "ئیمام خومەینی" دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی 1989دا ئەنجامدرا، دەیان كەس لە پاڵەپەستۆی بەڕێكردنی تەرمی "سولەیمانی"دا گیانیان لەدەستدا. بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران ئەم پشتیوانی و پرسە میللەیە لەم كاتەدا پێشهاتێكی گرنگبوو لەسەرجەم ڕووەكانەوە، پێگەی دەسەڵاتدارانی "تاران"ی چی لەسەر ئاستی ناوخۆ و چی لەسەر ئاستی دەرەوەش بردە قۆناغێكی تر.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف دواجار فشاری پەرلەمانتارە گەنجەكانی پەرلەمانی كوردستان سەركەوت، ئەوانەشی كە تەمەنی یاساییو ساڵی خزمەتیان نییە، مانگانە بڕی (3 ملیۆنو 280 هەزار) دینار موچەی خانەنشینییان پێدەدرێت، كەسوكاری شەهیدانو زیندانیانی سیاسی لە پرۆژەیاسای چاكسازیدا گورزی بەهێزیان بەردەكەوێت، چارەنوسی پاشەكەوتی موچەش رادەستی بەغداد كرا، (درەو) زانیاری ورد لەبارەی پرۆژەیاسای چاكسازی بڵاودەكاتەوە كە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكاتو لەهەفتەی داهاتوودا پەسەندی دەكاتو دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. كۆتایی گەمەكە دوێنێ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دواین كۆبونەوەی خۆی لەگەڵ حكومەت كرد سەبارەت بە پرۆژەیاسای (چاكسازی لە خانەنشینیو موچەو دەرماڵەو بەخشینو ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان/ عێراق)، پرۆژەیەك كە لەهەناوی قەیرانی دارایی حكومەتدا لەدایكبووەو لەكابینەكەی نێچیرڤان بارزانییەوە بە میرات بۆ كابینەی مەسرور بارزانی بەجێماوە. لیژنەی دارایی، دوای دوو كۆبونەوەی جیاواز لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو قوباد تاڵەبانی جێگریو دواتریش كۆبونەوەیەكی تر لەناو پەرلەمان لەگەڵ تیمێكی حكومەت، راپۆرتی خۆی لەبارەی پرۆژەیاساكەوە تەواوكرد، ئەمڕۆ لیژنەی یاسایی پەرلەمان دوای چەند كۆبونەوەیەك لەگەڵ لیژنە جیاوازەكان دواین ئیمزای خۆی دەخاتەسەر پرۆژەكەو رەوانەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكاتو رۆژی یەكشەممەی داهاتوو خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەكە دەكرێتو هەر لە هەفتەی داهاتوودا پەسەند دەكرێتو كۆتایی بە گەمەی پرۆژەی چاكسازی دێت، كە دوو خولە حكومەتو پەرلەمانو لایەنە سیاسییەكانو خەڵكی سەرقاڵكردووە. خانەنشینی پلەباڵاكان ئێستا هەر پلەباڵایەك بەدیاریكراوی (وەزیرو پەرلەمانتاران)ی خانەنشینكراو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی (تەمەن، ساڵی خزمەت) بەرێژەی 80%ی كۆی موچەكانیان خانەنشینكراون، كۆی موچەی وەزیرو پەرلەمانتار (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، واتە موچەی خانەنشینی هەر پەرلەمانتارو وەزیرێك لە یەك مانگدا (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینارە. بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە ئێستا لەبەردەستدایەو لیژنەی دارایی پەرلەمان راپۆرتی كۆتایی خۆی لەسەر نوسیوە، بڕگەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان وەكو ئەوە جێگیرنەكراوە كە لە یاسای خانەنشینی عێراقدا هەیە، بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق هەركەسێك تەمەنی نەگەیشتبێتە تەمەنی خانەنشینیو ماوەی 15 ساڵ خزمەتی نەبێت، موچەی خانەنشینی نایگرێتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) لەو پرۆژە پەسەندكراوەكەی لیژنەی دارایی پەرلەماندا، پرسی خانەنشینی پلەباڵاكان بەمشێوەیە جێگیركراوە: • پلەباڵاكان ئەوانەی ساڵی خزمەتو تەمەنیان هەیە، بەرێژەی 25% بۆ 70%ی موچەی ئێستایان خانەنشین دەكرێن، بۆ هەر ساڵێكی خزمەت (2.5%)ی كۆی موچە دیاریكراوە، ساڵی خزمەت بە (15 ساڵ) دیاریكراوە، تەمەنیش بە (45 ساڵ)، بۆ نمونە: هەر وەزیر یان پەرلەمانتارێك كە هەموو پێوەرەكانی خانەنشینبوونی تێدابێت، مانگانە بە بڕی (5 ملیۆنو 740 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت كە دەكاتە رێژەی 70%ی كۆی موچەی ئێستای. • ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجەكانی خانەنشینبوونیان تێدا نییە وەكو تەمەنو ساڵی خزمەت، ئەوانیش بەرێژەی 40%ی كۆی ئەو موچەیە خانەنشین دەكرێن كە ئێستا وەریدەگرن، واتە هەر یەكێك لەوانە مانگانە لە كۆی موچەكەیان كە ئێستا (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، (3 ملیۆنو 280 هەزار) دیناریان وەكو موچەی خانەنشینی پێدەدرێت تا ئەوكاتەی تەمەنیان دەگاتە (45 ساڵ)و ساڵی خزمەتیشیان دەبێت بە (15) ساڵ، ئەوكاتە مەرجەكانی بڕگەی تایبەت بەوانەیان لەسەر جێبەجێدەكرێت كە مەرجە یاساییەكانی خانەنشینبوونیان تێدایە، لایەنی باشی ئەم بڕگەیە ئەوەیە، ئەوانەی مەرجی خانەنشینبونییان تێدا نییە، دەبێت لە فەرمانگەیەكی حكومەتدا كاربكەن بۆ ئەوەی ساڵی خزمەت و تەمەنی خانەنشینی تەواو بكەن، بەپێچەوانەوە موچەی خانەنشینییەكەیان كە بۆیان بڕدراوەتەوە زیادناكرێت، خاڵی نەرێنی بڕگەكەش ئەوەیە، ئەوانەی كە مەرجی یاساییان تێدا نییە، تەنانەت ئەگەر لە هیچ فەرمانگەیەكیش كارنەكەن تاوەكو كۆتایی ژیانیان ئەو بڕە پارەیە وەكو موچەی خانەنشینی وەردەگرنو سنوری بۆ دانەنراوە. فشاری گەنجەكان سەركەوت ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پەرلەمانتارە گەنجەكانی پەرلەمان (بە پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشووتریشەوە) ئەوانەی مەرجی یاسایی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، فشارێكی توندیان لەسەر فراكسیۆنو لیژنەكانی ناو پەرلەمان كردووە، موچەیەكی خانەنشینیان بۆ زامن بكرێت. كاركردنی پەرلەمانتارە گەنجەكان لە چەند رۆژی رابردوودا بەبێ جیاوازی حزبایەتی، گەیشتە ئاستی كۆبونەوەی پشتی پەردە لە كافتریاكاندا، چەندین گروپ چاتی تایبەت دروستكرا بەمەبەستی گفتوگۆكردنو هەوڵدان بۆ دروستكردنی فشار لەپێناو زامنكردنی موچەی خانەنشینی. (درەو) زانیویەتی، تەنیا لەم خولەدا (78) پەرلەمانتار تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون نایانگرێتەوەو گەنجن، ئەوانە هەڕەشەیان كردووە لەناو پەرلەمان دەنگ بۆ پرۆژەیاسای چاكسازی نەدەن، ئەگەر موچەی خانەنشینییان بۆ جێگیرنەكرێت، دواجار فشاری گەنجەكان سەركەوتو پرۆژەكە بەشێوەی (پارچە) موچەیەكی (3 ملیۆنو 280 هەزار) دیناری بۆ ئەوانە جێگیركرد كە تەمەنو ساڵی خزمەتیان نییە. پاشەكەوتی موچە لە پرۆژەكەدا ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، لە پرۆژەیاسای چاكسازیدا ئەوە جێگیركراوە كە موچەخۆرو سودمەندانی بودجەی گشتی، هەژمارێكی بانكیان بۆ دروستبكرێتو لەو هەژمارەدا هەموو مافە داراییەكانیان بەوانەشەوە كە خەرج نەكراون، دەپارێزرێت. ئەو پارانەی موچەخۆران كە خەرجنەكراون، كابینەی پێشووی حكومەت ناوی لێناوە "پاشەكەوتی موچە"، ئەم بڕە پارەیەی موچەخۆران كە لای حكومەتە، بەپێی قسەی سەرچاوەكان، بەكۆی گشتی زیاتر لە (14 ترلیۆن) دینارە، ئەمە كۆی گشتی ئەو پارانەیە كە حكومەت بەهۆی قەیرانی داراییەوە بە فەرمانبەرو موچەخۆرانی نەداوە، یاخود پێی داونو بەناوی پاشەكەوتەوە بڕێك لە پارەكەی بڕیون. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی نێوان لیژنەی داراییو سەرۆكی حكومەتدا، لیژنەی دارایی پەرلەمان پێشنیازیان كردووە بابەتی پێدانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان بە موچەخۆران لە پرۆژەیاسای چاكسازیدا بچەسپێندرێت، بەڵام مەسرور بارزانی وتویەتی:" ناتوانین ئەوە بچەسپێنین، چونكە ئەمە لەگەڵ بەغداد كێشەمان بۆ دروستدەكات، ئێمە ئەمانەوێت لە رێككەوتنەكەماندا لەگەڵ حكومەتی عێراق، ئەو موچە پاشەكەوتكراوانە بكەین بە قەرز لەسەر حكومەتی بەغداد". (درەو) زانیویەتی، مەسرور بارزانیو تیمەكەی لە حكومەت بەمەرجێك قایل بوون بەوەی بابەتی موچە پاشەكەوتكراوەكان لە پرۆژەیاساكەدا جێگیر بكرێت، كە بەهیچ جۆرێك دەستەواژەی "پاشەكەوت" نەنوسرێت، بۆئەوەی پێدانەوەی ئەو پارانە لەسەر حكومەت نەبێت بە ماڵ، لەبری ئەوە بنوسرێت ئەژمارێكی بانكی دەكرێتەوە بۆ موچەی موچەخۆرانو ئەو شایستە داراییانەی موچەخۆران كە لای حكومەتو پێیان نەدراوە. پرۆسەی دروستكردنی هەژماری تایبەت بە موچەی فەرمانبەران پرۆسەیەكی قورسو درێژخایەنە، چونكە مەرجی دروستكردنی هەژمارەكە ئەوەیە، سەرەتا پێدانی موچە بكرێت بەشێوازی ئەلیكترۆنیو پاشان وەزارەتی دارایی رێنمایی دەردەكات لەبارەی موچە پاشەكەوتكراوەكانەوەو بەپێی رێنماییەكان ئەو پارەیەی كە بەناوی پاشەكەوتەوە لەسەر هەژمارە بانكییەكە دادەنرێت: • ئەم پارەیە بۆ پێدانەوەی هیچ قەرزێكی حكومی نییە لەنمونەی قەرزی ئاو و كارەباو هاوسەرگیریو پێشینەی خانوبەرە. • حكومەتی هەرێم پەیوەست نییە بە پێدانەوەی ئەو قەرزانەوە، هەركاتێك حكومەتی عێراق ئەو قەرزانەی گەڕاندەوە، حكومەتی هەرێم پارەكە بۆ موچەخۆران دەگەڕێنێتەوە (واتە چارەنوسی موچە پاشەكەوتكراوەكان رادەستی حكومەتی عێراق كراوە). كەمترین موچەی خانەنشینیی یەكێك لە بڕگەكانی پرۆژەیاسای چاكسازی پرسی كەمترین ئاستی موچەی خانەنشینی بوو لە هەرێمی كوردستان، كە ئێستا بڕەكەی (220 هەزار) دینارە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی لیژنەی داراییو سەرۆكی حكومەتدا، پەرلەمانتاران داوایانكردووە ئەو بڕە پارەیە بۆ (300 هەزار) دینار بەرزبكرێتەوە، بەڵام سەرۆكی حكومەت نەچووەتە ژێر باری ئەو زیادكردنەوەو وتویەتی:" ئەگەر كەمترین ئاستی موچە بۆ 300 هەزار دینار زیاد بكرێت، حكومەت مانگانە پێویستی بە 14 بۆ 16 ملیار دینار دەبێت بۆ دابینكردنی ئەو زیادكردنە". (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا لەبارەی ئەم بابەتەوە، مەسرور بارزانی ڕووی لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی كردووەو پێی وتووە:" ئایا حكومەت دەتوانێت كەمترین موچەی خانەنشینی بۆ 300 هەزار دینار بەرزبكاتەوە ؟"، لەوەڵامدا ئاوات شێخ جەناب وتویەتی:" وەزارەتی دارایی بەتەنیا لە دابینكردنی پارەی موچەدا، مانگانە 186 ملیار دینار كورتهێنانی هەیە، بۆیە ناتوانێت ئەو پارەیە زیادبكات". دواجار مەسرور بارزانی چارەنوسی بڕیاردانی لەسەر ئەم بابەتە دایە دەست ئاوات شێخ جەناب، دواتر تیمی حكومەت لەگەڵ لیژنەی دارایی لەناو پەرلەمان كۆبونەوە، لەو كۆبونەوەیەشدا كە ئاوات شێخ جەناب بەشداربوو، هەر بڕیار نەدرا لەبارەی ئەوەی كەمترین ئاستی موچە بۆ (300 هەزار) دینار بەرزبكربێتەوە، ئەوەی بڕیاری لێدراوە تەنیا ئەوەیە، لەو بڕەپارەیەی كە بەهۆی یاسا چاكسازییەكەوە بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، ئەولەویەت بە زیادكردنی كەمترین ئاستی موچەی خانەنشینی بدرێت بەر لە هەر بابەتێكی تر. موچەی كێ دەبڕدرێت ؟ بەپێی ئەو رەشنوسەی كە لیژنەی دارایی پەرلەمان پەسەندیكردووە، موچەی خانەنشینی ئەم بوارانەی خوارەوە بەمشێوەیەیان لێدێت: • ئەوانەی بەبێ ئەوەی پلەیان هەبوبێتو كاریان لە پۆستەكاندا كردبێت، بە پلەی (وەزیرو بریكاری وەزیر تاوەكو بەڕێوەبەری گشتی) خانەنشینكراون، موچەی خانەنشینییەكەیان هەڵدەوەشێتەوەو بەپێی پلەی سەربازیی شایستەی داراییان بۆ دابین دەكرێت (ئەوانەی لەم بوارەدا موچەیان هەیە، زۆربەیان بەرپرسو پێشمەرگە دێرینەكانی شاخن، بەوانەشەوە كە لەژیاندا نەماون). • مینحەی تایبەت بە زیندانیانی سیاسی دەبڕدرێت، كە وادە یاساییەكەی لە رۆژی 1/7/2020 كۆتایی دێتو بۆ ماوەی (15) ساڵ بووە، (5 هەزارو 175) كەس لە زیندانیانی سیاسی لەماوەی رابردوودا ئەم مینحەیەیان وەرگرتووە، بەپێی پرۆژەیاساكە لە رۆژی 1/7ی ئەمساڵەوە چیتر ئەو پارەیان پێنادرێتو پارەكە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت كە مانگانە بڕەكەی بەكۆی گشتی (2 ملیار) دینارە. • موچەی زیاتر لە (62) هەزار كەس دەبڕدرێت كە دووموچە وەردەگرن. • پرۆژەیاساكە هەموو ئەو یاساو بڕیارانە هەڵدەوەشێنێتەوە كە تایبەت بە موچەی كەسوكاری (شەهیدانو ئەنفالكراوان) لەماوەی رابردوودا دەرچوون، واتە هەموو ئەوانەی كە وارسی پلە (یەك)ی شەهیدانو ئەنفالكراوان نینو ئێستا موچەی شەهیدان وەردەگرن، موچەكەیان دەبڕدرێتو ئەوانەشی كە وارسی ژمارە (یەك)ی شەهیدانن، لەكاتی مردنیاندا، موچەكەیان ناگوازرێتەوە بۆسەر وارسی تر جگە لە وارسی پلە (یەك)، ئەم بڕیارە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) موچەی نزیكەی (50%)ی ئەوانە دەبڕێت كە ئێستا موچەی كەسوكاری شەهیدان وەردەگرنو وارسی پلە (یەك) نین. خانەنشینی سەربازی هەر لە سەرەتاوە یەكێك لە كێشەی سەرەكییەكانی ناو پرۆژەیاساكە، پرسی خانەنشینی سەربازیی بوو، لە هەرێمی كوردستان (244 هەزارو 656) خانەنشین هەیە، لەم ژمارەیە (133 هەزارو 435)ی خانەنشینی بواری سەربازییە، واتە رێژەی (54%)ی كۆی موچەی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان بۆ خانەنشینانی سەربازی دەڕوات. خانەنشینیی سەربازی بەجۆرێك كاریگەری لەسەر بودجە هەیە، كە بەپێی لێدوانێكی پێشتری پەرلەمانتار سۆران عومەر، موچەی خانەنشینی سەربازی بۆ یەك مانگ (100 ملیار) دینارە. بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لە پرسی چاكسازیكردن لە لیستی خانەنشینی سەربازیدا، یەكێتی نیشتمانی كورستان زەرەرمەند دەبێت، چونكە پارتی پێش هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی رێكخراوەكان كە تایبەت بوو بە بڕینەوەی موچە بۆ كادیرانی حیزب، زۆربەی كادیرو لایەنگرانی خۆی بەشێوەی یاسایی گواستوەتەوە بۆسەر خانەنشینی وەزارەتەكانی تر، بەڵام یەكێتی ئەم كارەی نەكردووەو لەحاڵی پەسەندكردنی یاساكەدا روبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتی لایەنگرانی دەبێتەوە، سەرباری ئەمە خانەنشینەكانی پارتی زۆربەیان دۆسیەی یاساییو خزمەتیان بۆكراوە، بەڵام خانەنشینەكانی یەكێتی زۆربەیان ئەم دۆسیە یاساییەیان نییە. بەپێی ئەو پرۆژەیاسایەی كە بڕیارە پەرلەمان پەسەندی بكات، هەموو هێزە سەربازییەكان (رێكخراو و رێكنەخراو)، واتە بە یەكەكانی (70)و (80)ی سەربە پارتیو یەكێتیشەوە، یەكەیەكی ژمێریاری یەكگرتوویان بۆ دروستدەكرێت. كێ خاوەنی پرۆژەكەیە؟ رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2017 لە گەرمەی قەیرانی دارایی هەرێمو كاركردن بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای بودجەی عێراق، وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد. وەفدەكەی حكومەت پێكهاتبوو لە (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانو (رابەر سدیق) وەزیری دارایی بەوەكالەت، ئەم دوو كەسە لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی ئەوكاتی پەرلەمانو لیژنەی دارایی پەرلەمان كۆبونەوە. ئامانجی سەردانی وەفدەكەی حكومەت بۆ پەرلەمان، گفتوگۆكردن بوو سەبارەت بە پرسی چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانی دارایی هەرێمو چۆنیەتی گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە گێڕانەوەی پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2018ی حكومەتی عێراقدا. سۆران عومەر یەكێك لەوانە بوو كە بەشداری كۆبونەوەكەی نێوان وەفدی حكومەتو پەرلەمانی كرد، ئەو كە بۆ ئەم خولەش لە پەرلەمان ماوەتەوە، لە خولی پێشوودا ئەندامی لیژنەی دارایی بوو. "كاتێك وەفدی حكومەتی هەرێم باسیان لە قەیرانی دارایی كرد، من پێم راگەیاندن بارودۆخی حكومەتی بۆ خراپە، ئەگەر خراپە بۆ چاكسازی ناكەن، بەتایبەت چاكسازی لە خانەنشینی سەربازیدا، كە بارگرانییەكی زۆری خستوەتە سەر حكومەت مانگانە زیاتر لە 100 ملیار دینارە، كێشەكە لەوێوەیە" سۆران عومەر پێشتر بەمشێوەیە باسی ناوەڕۆكی دیدارەكەی نێوان وەفدی حكومەتو پەرلەمانی بۆ (درەو) گێڕایەوە، كە دواتر لەو كۆبونەوەیەوە بیرۆكەی پرۆژە یاسای چاكسازی گەڵاڵەكرا. دوای گەڕانەوەی لە كۆبونەوەكەی لەگەڵ پەرلەمان، ئامانج رەحیم پێشنیازی چاكسازییەكە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت باس دەكات، ئەوان رەزامەندی دەردەبڕن لەسەر ئەوەی پرۆژەیەك ئامادە بكرێت سەبارەت بە چاكسازی. سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەی ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێرن پرۆژەیەك بۆ چاكسازی ئامادەبكات، پرۆژەكە ئامادەكراو دواتر ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی 30ی كانونی یەكەمی 2017دا پەسەندكردو رەوانەی پەرلەمان كرا. پەرلەمان لە رۆژی 27ی شوباتی 2018 پرۆژەیاساكەی پەسەندكرد، رۆژی 4ی ئازاری 2018 بەبەهانەی ناڕەزایەتی شەقام دژی بە هەندێك لە بڕگەكانی یاساكە، پەرلەمان پەسەندكردنی یاساكەی هەڵوەشاندەوەو چارەنوسی یاساكەی بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بەجێهێشت. سۆران عومەر بە (درەو)ی راگەیاند" ئەگەر د. ئامانج رەحیم نەبوایە پرۆژە یاسای چاكسازی سەری نەدەگرت". حكومەتی هەرێم دوای (25 ساڵ) بۆیەكەمجار لە كۆتاییەكانی ساڵی 2017دا بڕیاریدا بەشێوەیەكی جددی هەنگاو بە ئاڕاستەی چاكسازیدا هەڵگرێت، ئەوەی حكومەتی ناچاركرد بیر لە چاكسازی بكاتەوە قەیرانی داراییو دابەزینی نرخی نەوتو بڕینی بەشەبودجەی هەرێم لە عێراقو بارگرانییەكانی شەڕی "داعش" بوو، بەڵام لایەنە سیاسییەكان بۆ بانگەشە هەریەكەیان خۆیان بە خاوەنی پرۆژەكە دەزانن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی یەكەمی بیرۆكەی پرۆژەیاساكەیەو ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامادەكارو خاوەنی پرۆژەیاساكە بووە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت هەرێمی كوردستان لەژێر فشارێكی توندی تارانو واشنتۆندایە، هەردوولا داوا دەكەن خۆی یەكلابكاتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تەلەفۆن لەگەڵ بارزانییەكان قسەدەكات، وەفدێكی یەكێتی-یش بەنیازە سەردانی تاران بكات. موشەك لەنیوەشەودا نیوە شەوی دوێنێ پەرەسەندنێكی نوێ لە عێراق رویدا، كۆماری ئیسلامی ئێران لەژێر ناوی تۆڵەكردنەوەی خوێنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس، كە لەهێرشێكی ئەمریكییەكاندا لە فڕۆكەخانەی بەغداد كوژرا، ژمارەیەك موشەكی ئاڕاستەی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراقو هەرێمی كوردستان كرد. دووان لە موشەكەكان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان كەوتنەخوارەوە، كەس لەو هێرشانەدا زیانی بەرنەكەوتووە، ئێران ئەمە بە تۆڵە ناودەبات، ئەمریكاش تۆڵەكردنەوەكەی بەمشێوەیە قبوڵكردووە، بەڵام رووداوەكانی دوێنێ شەو بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی دوچاری شڵەژان كرد. هەرێم لەژێر فشاردا ئەمڕۆ سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت) پێكەوە كۆبونەوەو دواتریش لەگەڵ سەركردەی حزبەكان دانیشتنێكیان كرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەدا باسلەوە كراوە، هەرێمی كوردستان لەژێر فشارێكی توندی سیاسیو دیپلۆماسی ئێرانو ئەمریكادایە، بەرپرسانی هەردوو وڵات داوایان لێدەكەن خۆیان یەكلابكەنەوە. ئەوانەی ئێستا نوێنەرایەتی سیاسەتی هەرێمی كوردستان دەكەنو بەرپرسانی دەرەكی پەیوەندییان پێوەدەكەنو داوای هەڵوێستان لێدەكەن، سێ كەسایەتی بارزانین، كە ئەوانیش بریتین لە هەریەكە لە (مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان). بارزانییەكان ئێستا تاڕادەیەك رۆڵیان لەناوخۆیاندا دابەشكردووە، نێچیرڤان بارزانی ئیدارەی ئێرانییەكانو مەسرور بارزانیش ئیدارەی ئەمریكییەكان دەدات، مەسعود بارزانیش ئیدارەی دۆسیەی بەغداد دەداتو لەهەموو حاڵەتەكاندا كوڕو برازاكەی لە سەرۆكایەتی هەرێمو حكومەت بڕیارەكان دەگەڕێننەوە بۆلای ئەو. لەماوەی یەك هەفتەی رابردوودا مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئێران دووجار بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم قسەی كردووەو سەرچاوەكانی زانیاری باسلەوە دەكەن، هاوكات دووجاریش بەتەلەفۆن لەگەڵ مەسعود بارزانیدا قسەی كردووە. ناوەڕۆكی قسەوباسەكانی ناو ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانە تائێستا بەناڕوونی ماونەتەوە، سەبارەت بەم پەیوەندییە تەلەفۆنیانە ئەوەی كە بەفەرمی هەیە تەنیا قسەكانی مەسرور بارزانییە كە دەڵێ:" لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانەدا داوای هێوركردنەوەی بارودۆخەكەیان كردووە". ئێرانییەكان چییان دەوێت ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەرپرسانی ئێرانی داوایان لە بەرپرسانی هەرێم كردووە لە دۆسیەی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق هەڵوێستی خۆیان لەگەڵ هەڵوێستی لایەنە شیعەكانی عێراقدا یەكبخەنو داوای چوونەدەرەوەی ئەو هێزانە بكەن. لەمبارەیەوە ئەوەی تائێستا هەیە قسەو زمانی دیپلۆماسییەو كار نەگەیشتووەتە سەر بەكارهێنانی زمانی هەڕەشە لەبەرامبەر هەرێمی كوردستان. رۆژی (5)ی ئەم مانگە، دوای كوژرانی قاسم سولەیمانیو ئەبومەهدی موهەندیس، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بڕیارێكدا بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، نوێنەرانی كورد بەشدارییان لەو كۆبونەوەیەدا نەكرد، كوردو سوننە بەشێوەیەكی گشتی پشتیوانی ئەو بڕیارەیان نەكرد كە نوێنەرانی شیعە بەزۆرینەی دەنگی خۆیان تێیانپەڕاند، لێرەوە وا دەركەوت هەرێمی كوردستان بۆ بەرەی ئەمریكا یەكلابوەتەوە. بەیاننامەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمو لایەنە سیاسییەكانی كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، جەختی لەسەر رەتكردنەوەی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق كرد بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكانو بەكارێكی "تاكلایەنە"ی پێكهاتەی شیعە ناوی برد. لە كۆبونەوەی حكومەتی هەرێمیشدا كە هەر ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، بەیاننامەی كۆتایی كۆبونەوەكە جەخت لەسەر ئەوە دەكات، هەرێمی كوردستان لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت لە شەڕی تیرۆر، بەیاننامەی كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەش جەخت لەسەر بایەخی "پشتیوانیی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراقو هەرێمی كوردستان بۆ بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوی تیرۆر" دەكات، هەموو ئەمانە پەیامی ناڕاستەوخۆی هەرێمی كوردستانە بۆ ئێران لەبارەی ئەوەی هەرێم پشتیوانی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان ناكات. ئەمریكا چی دەوێت ؟ ئەمریكییەكان لە قۆناغی یەكەمدا سەركەوتوو بوون لەوەی مەسعود بارزانی قایل بكەن بەوەی نوێنەرانی كورد بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان نەكەن بۆ بڕیاردان لەسەر كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، بەڵام هێشتا بەمەوە رانەوەستاونو خوازیارن هەرێم بەشێوەیەكی رونتر هەڵوێستی خۆی بۆ پشتگیری لە ئەمریكا یەكلابكاتەوە. مەسعود بارزانی هێشتا نیگەرانییەكانی لە هەڵوێستی ئەمریكا لەدوای ریفراندۆمەكەی ساڵی 2017 نەڕەویوەتەوە، ئەو پێیوایە ئەگەر ئەمریكا هیچ گرەنتییەك نەدات، نابێت كورد خۆی بۆ پشتیوانی لە سیاسەتەكانی واشنتۆن یەكلابكاتەوە، بەڵام سەرباری ئەوەش هەست بەوە دەكات ئێستا دەرفەتێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە كە دەكرێت بەهانەی زیندووكردنەوەی پرسی ریفراندۆمو جیابونەوەی لە عێراق، بە كورد بدات، بۆیە وەكو سەرەتایەك لاپەڕەیەكی نوێی لەگەڵ ئەمریكییەكان هەڵداوەتەوەو چیتر بە رقو توڕەییەكەی دوای ریفراندۆمەوە مامەڵە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكادا ناكاتو هێڵی تەلەفۆنەكەی جارێكی تر بەڕووی بەرپرسانی واشنتۆندا كردوەتەوە. بەرپرسانی هەرێمی كوردستان نایانەوێت بە پشتیوانیكردن لە هەڵوێستی لایەنە شیعەكان بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، بەتەواوەتی عێراق رادەستی ئێران بكرێت، بەتایبەتیش كە لەدوای شەڕی "داعش" لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا هەڵوێستو مامەڵەی سیاسیو سەربازی دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراقو ئێرانیان بینی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا متمانەی تەواویان بە ئەمریكییەكان نییەو ترسیان هەیە هاوشێوەی رۆژئاوای كوردستان ترەمپ لە نیوەشەوێكدا (بەكاتی كوردستان) بڕیار لەسەر كشانەوە بداتو هەرێم لەبەردەم چەپۆكی ئێرانو شیعەی عێراقدا بەجێبهێڵێت. كورد چی دەكات ؟ تائێستا سەرۆكایەتییەكانی هەرێمو لایەنە سیاسییەكان نەگەیشتوونەتە هیچ بڕیارێك لەبارەی بارودۆخی ئێستا ناوچەكەوە، هەموان چاوەڕوانی تێپەڕینی كاتی زیاتر دەكەن بۆ ئەوەی تەپوتۆزەكە بنیشێتەوەو ئەودیو تونێلەكە بەشێوەیەكی باشتر ببینن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبوەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتییەكانو لایەنە سیاسییەكاندا پێشنیازێك هەبووە بۆ ئەوەی وەفدێك دروستبكرێتو بەنوێنەرایەتی هەرێم سەردانی بەغداد بكاتو دەست بە گفتوگۆ بكات لەگەڵ لایەنە شیعیو سوننەكانی عێراق بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوتی رووداوەكان، بەڵام ئەمە هێشتا بڕیاری كۆتایی لەبارەوە نەدراوەو كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ زیاتر قسەوباسی گشتگیری تێدا كراوە نەك بڕیاردان. یەكێك لە بەشداربووانی كۆبونەوەكە بە (درەو)ی وت:" لە كۆبونەوەكەدا باسلەوە كراوە، هەرێم نە بەلای ئەمریكاو نە بەلای ئێراندا یەكلا نەبێتەوە، لەوبارەیەوە پەیامی روون بە بەرپرسانی هەردوو وڵات بدات". مەسعود بارزانی كە ئێستا هیچ پۆستێكی حكومی نییە، بەشداری كۆبونەوەكەی نەكرد، لەكاتێكدا زۆرینەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان لەگەڵ ئەودا دەكرێنو سەرباری ئەوەش سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەت برازاو كوڕی ئەونو وەكو مەرجەعێكی سیاسی هەموو بڕیارەكانی خۆیان بەر لە لایەنە كوردستانییەكان، بۆ بارزانی دەگەڕێننەوە. بارزانی بە حوكمی پۆستەكەی وەكو سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبوو بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی سێ سەرۆكایەتییەكە بكات لەگەڵ سەركردەی لایەنە سیاسییەكان، بەڵام بۆ جاری سێیەم بەشداری كۆبونەوەكەی نەكرد، ئەمە لەكاتێكدایە هەموو لایەنە سیاسییەكان چاویان لەوەیە دواجار بارزانی بڕیار لەسەر هەڵوێستی هەرێم بدات. وەفدێك دەچێتە تاران چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)یان راگەیاند، بڕیارە سبەینێ وەفدێك لە هەرێمی كوردستانەوە بە فڕۆكەیەكی تایبەت بگاتە تارانی پایتەختی ئێران. (درەو) پەیوەندی بە نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد لە تاران، ئەو بێئاگایی خۆی لە سەردانی هەر وەفدێك لە هەرێمەوە بۆ تاران راگەیاند. (درەو) زانیویەتی، ئەو وەفدەی كە دەچێتە تاران، نوێنەرایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات نەك حكومەتی هەرێمی كوردستان. وابڕیارە وەفدەكە بەمەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی قاسم سولەیمانی سەردانی تاران بكات، بەڵام پێدەچێت لە پەراوێزی ئەو سەردانەشدا چەند دیدارێكی سیاسی بەڕێوەبچێت، دیارنییە هیچ پەیامێكی فەرمی حكومەتی هەرێم لەگەڵ خۆیان دەبەن یاخود نا. یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەپێچەوانەی پارتییەوە بەشێوەیەكی هەستیارتر مامەڵە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا دەكات، ناوچەی قەڵەمڕەویی یەكێتی هەموو سنورەكەی بەستراوەتەوە بە ئێرانەوە، سەرباری ئەمەش یەكێتی هەماهەنگی سەربازیی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانانو ئەمریكادا هەیە. نوێنەرانی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقیان نەكرد بۆ بڕیاردان لەسەر كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، بەڵام لەئەگەری توندبوونەوەی بارودۆخەكەدا، فشارەكانی ئێران لەسەر یەكێتی توندتر دەبن وەك لە پارتی كە لەژێر هەژموونی توركیادایە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف پارەی لەو ئۆتۆمبیلو سەرنشینانە وەرگرتووە كە لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتوون، لە مۆڵەتی كاركردنیدا وەرگرتنی ئەم پارەیە بەشێوەی خۆبەخشانە دیاریكراوە، بەڵام ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا دەڵێت بەزۆر پارە لەخەڵك وەرگیراوە، ئەمە چیرۆكی كاركردنی كۆمپانیایەكە كە بەهۆیەوە بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی پەروێزخان دەستبەسەركراوە. كاری كۆمپانیایەك راگیرا تەنیا لە هەردوو مەرزی (پەروێزخان)و (باشماخ) لە سنوری سلێمانیو ئیدارەی گەرمیان (17) كۆمپانیا هەن كە لە بواری جۆراوجۆردا كار دەكەن، هەندێك لەوانە كۆمپانیای بواری (دڵنیایی)ن، بەپێی قسەی بەرپرسان زۆرێك لەم كۆمپانیایانە سەرپێچی هەیە لە كاركردنیانداو لەدەرەوەی یاسا باج لەو ئۆتۆمبیلو سەرنشینانە وەردەگرن كە لە دەرەوەی هەرێمەوە دێنەناوەوە. ئێستا یەكێك لەو كۆمپانیایانە بەناوی (كۆمپانیای دڵنیا بۆ دڵنیایی) كە لە هەردوو مەرزەكەدا ئۆفێسی هەیەو كاردەكات، روبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی كراوەتەوە. كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازیو بازرگانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان رۆژی 22ی تەموزی ساڵی رابردوو سكاڵایەكی یاسایی لەدادگای بەرایی خانەقین- قۆرەتوو لەسەر كۆمپانیای (دڵنیا) تۆماركردووە، لەسەر بنەمای ئەو سكاڵایە، دوێنێ عەلی تۆفیق بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی پەروێزخان كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەركرا. (درەو) پێشتر پەیوەندی بە بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی سنوریی پەروێزخانەوە كرد، ئامادەنەبوو لەبارەی دۆسیەكەیەوە هیچ قسەیەك بكات. (درەو) زانیویەتی، عەلی تۆفیق لەسەر بنەمای سكاڵاكەی كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە كاری كۆمپانیای (دڵنیا)، دەستبەسەركراوە. لەسكاڵاكەیدا، ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگا، كۆمپانیای (دڵنیا) تۆمەتبار دەكات بەوەی لە دەرەوەی یاساو بەزۆر پارەی لە ئۆتۆمبیلو سەرنشینان وەرگرتووە، لەكاتێكدا بەپێی ئەو نوسراوەی كە مۆڵەتی كاركردنی پێداوە، مافی ئەوەی پێنەدراوە بەزۆر پارە لە خەڵك وەربگرێتو خەڵك سەرپشككراون لەوەی لەبەرامبەر سودوەرگرتن لە خزمەتگوزارییەكانی كۆمپانیاكە پارەبدەن. كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كە خاوەنی سكاڵا یاساییەكەیە لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی:" كۆمپانیا دڵنیا لەماوەی رابردوودا لە مەرزەكانو لە هەندێك بازگەدا ئاسانكاریی بۆ كراوەو بەزۆر پارەی لە ئۆتۆمبیلو سەرنیشان وەرگرتووە كە لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتونەتە ناوەوە". بەپێی قسەی سكاڵاكار، كۆمپانیای (دڵنیا) لە مەرزی پەروێزخان لەكاتی هاتنەناوەوەی كەسانی غەیرە كورددا، بۆ هەر ئۆتۆمبیلێك بڕی (20 هەزار) دینارو بۆ هەر سەرنشینێك بڕی (5 هەزار) دیناری وەرگرتووە، لە مەرزی باشماخ-یش بۆ هەر ئۆتۆمبیلێك بڕی (25 هەزار) دینارو بۆ هەر سەرنشینێك بڕی (5 هەزار) دینارو بەبێ وەسڵی ئەو كۆمپانیایە رێگە بەهاتنەناوەوەی هیچ ئۆتۆمبیلێك نادرێت. ئێستا كاری كۆمپانیای (دڵنیا) لە مەرزی پەروێزخان راگیراوە، بەڵام لە مەرزی باشماخ هێشتا كاری خۆی دەكات. خاوەندارێتی كۆمپانیاكە ئەم كۆمپانیایە كۆمپانیایەكی پشكدارییەو بەپێی نوسراوی مۆڵەتپێدانی بارەگاكەی لە شاری سلێمانییە، خاوەنی سەرەكی ( هیوا محەمەد رەئوف عەلی) بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە، رێژەی 60%ی كۆمپانیاكە پشكی ( هیوا محەمەد رەئوف عەلی) ەو رێژەی 40%ی كۆمپانیاكە خاوەندارێتییەكەی بۆ كۆمپانیای (نۆكان)ی سەربە ئیدارەی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەگەڕێتەوە. كۆمپانیای (دڵنیا) لە سلێمانی ئۆفیسێكی هەیە، (درەو) پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنەكەیەوە كرد، ئەو كەسەی وەڵامی دایەوە لەبارەی كۆمپانیاكەوە وتی:" ئەمە كۆمپانیایەكی موساهەمەیە، ئەو ناتوانێت لێدوان بداتو یاخود ژمارە تەلەفۆنی كەسمان پێبداتو دەبێت لەگەڵ ئیدارەی كۆمپانیاكە قسە بكەین". ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا كە سكاڵا یاساییەكەی تۆماركردووە، داوا دەكات كاری ئەو كۆمپانیا رابگیرێتو ئەو پارەیەی كە لەماوەی رابردوو بەشێوەی نایاسایی پەیدای كردووە لێی وەربگیرێتەوەو پارەكە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لەناوچەكە خەرج بكرێت، ئەوانەشی كە لەو كارەدا هاوكاری كۆمپانیاكەیان كردووە لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا بكرێت. كێشەیەكی یاسایی كۆمپانیای (دڵنیا) لەلایەن لیژنەی مۆڵەتپێدان بۆ كاری دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی مۆڵەتی كاركردنی پێدراوە، وەزارەتی پیشەسازیو بازرگانی كە مۆڵەتی كۆمپانیاكان دەدات، ئاگاداری كێشەی كۆمپانیاكەو ئەو كۆمپانیایانەی تر نییە كە هاوشێوەنو لە مەرزەكاندا كاردەكەن، بۆ ئەوەی وەزارەتی پیشەسازیو بازرگانی دەستوەردان لە دۆسیەكەدا بكات، پێویستە خەڵك یان بازرگاكان لەلای ئەو وەزارەتە سكاڵا تۆماربكەن، بازرگانەكان كە ئەو كۆمپانیایانە تۆمەتبار دەكەن بەوەی ئاستەنگ بۆ كاروبارەكانیان دروستدەكەن، تائێستا كەسیان لە وەزارەتی پیشەسازیو بارزگانی سكاڵایان تۆمار نەكردووە. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو)، كەمال موسلیم وەزیری پیشەسازیو بازرگانی رایگەیاند، هیچ سكاڵایەك لەبارەی كاری ئەو كۆمپانیایەوە لە مەرزەكان بەوان نەگەیشتووە، بەڵام ئەگەر دۆسیەكە ئاڕاستەی ئەوان بكرێت لەچوارچێوەی یاسای كارپێكراودا رێوشوێن دەگرنەبەر. لەبارەی پێدانی مۆڵەت بۆ كۆمپانیاكان، وەزیر باسی لەوەكرد، هەندێك تێكەڵی لە بابەتی پێدانی مۆڵەت بە كۆمپانیاكان هەیەو هەندێك كۆمپانیا لەلایەن وەزارەتی داراییەوە مۆڵەتیان پێدەدرێت، ئەوان كار لەسەر رێكخستنەوەی ئەو دەسەڵاتانە دەكەن. فەرمانێك لە نێچیرڤان بارزانییەوە بابەتی وەرگرتنی پارە لە خەڵك لە دەرەوەی یاسا نوێ نییە، نێچیرڤان بارزانی كە ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مانگی چواری 2018 واتە ساڵێك بەرلەوەی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم نەمێنێت، فەرمانێكی دەركردو تێیدا بەمەبەستی "رێگریكردن لەوەرگرتنی پارە بە ناقانونی" چەند بڕیارێكی دەركرد كە ئەمانەن: 1- نابێت هیچ كەسو لایەنێك لەژێر هیچ ناو و پاساو و بیانویەك هیچ بازگەیەكی ناقانونی دابنێت یان هیچ بڕە پارەیەك بە ناقانونی لە هاوڵاتیان وەرگرێت جگە لەو بڕە پارەیەی وەزارەتو فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان لەبەر رۆشنایی یاساو پەیڕەو و رێنماییە بەركارەكان وەریدەگرنو دواتریش داهاتیان بەپێی پسوڵەی فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی ئابوری. 2- لەكاتی سەر سەرپێچیكردنی هاتوو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە، ئەوا سەرپێچیكار روبەڕووی رێكاری قانونی دەبێتەوەو راستەوخۆ رەوانەی دادگای تایبەت دەكرێت بۆ لێپرسینەوەو سزادان بەپێی یاسا سەرەڕای پابەندكردنی بە گەڕانەوەی هەر بڕە پارەیەك كە بە سەرپێچی لە بڕگەكانی ئەم بڕیارە وەریگرتبێت. 3- پێویستە لەسەر هاوڵاتیانو لایەنە پەیوەندیدارەكان لەكاتی هەبوونی هەر سەرپێچییەك لە بڕگەكانی ئەم بڕیارە هیچ پارەیەك نەدەن بە سەرپێچیكارانو لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداربكەنەوەو بەڵگەی پێویستیان بخەنەبەردەست. 4- وەزارەتی ناوخۆو هێزەكانی ئاسایش بەهەماهەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانو داواكاری گشتیو دەستەی دەستپاكی بڕگەكانی ئەم بڕیارە لەرۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ بكەن. لەدوای ئەم بڕیارەی حكومەتەوە هیچ كۆمپانیایەك نییە كە روبەڕووی دادگاكرابێتەوە لەسەر ئەوەی لەدەرەوەی یاسا پارەی وەرگرتووە، ئەمە لەكاتێكدایە پەرلەمانتاران بەردەوام باس لە سەرپێچی كۆمپانیاكان دەكەن. كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان ئەمساڵانەی دوایی تادێت ژمارەی كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان روو لە زیادبوون دەكەن، لەناویشیاندا كۆمپانیاكانی بواری دڵنیایی، بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان، ئێستا بە بیانی و خۆماڵییەوە (29هەزارو 400) كۆمپانیا لە هەرێم هەن، لەوانە: • (4 هەزارو 100) كۆمپانیایان بیانین • ئەوانەی تر كۆمپانیای ناوخۆیین زۆربەی كۆمپانیا ناوخۆییەكان خاوەندارێتییان بۆ بەرپرسان دەگەڕێتەوە یاخود بەرپرسان تێیدا پشكدارن یان بەجۆرێكی تر باجی نایاساییان لێوەردەگرن لەبەرامبەر پاراستنو رێگەدان بەكاركردنیان، ئەمە وایكردووە زۆرێك لە كۆمپانیاكان پابەند نەبن بە مۆڵەتی كاركردنەكانیانەوەو لەدەرەوەی سنوری رێگەپێدراو پارە كۆبكەنەوە. وەرگرتنی مۆڵەتی كاركردنی كۆمپانیاكان چیرۆكێكی ترە، بابەتی وەرگرتنی مۆڵەتی پرۆژەو فرۆشتنەوەی لەناو كۆمپانیاكاندا پرسێكی باو و ئاشكرایە، بۆ ئەمەش بەتەواوەتی سود لە كەڵێنی ناو یاسا كارپێكراوەكان وەردەگیرێت. لە هەرێمی كوردستان جگە لە كۆمپانیا ئەهلییەكان، لەبواری دڵنیایدا (سێ) كۆمپانیای حكومی هەبوون، ساڵی 2014 هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایدا، وەزارەتی داراییو ئابوری كاركردنی ئەو كۆمپانیایانەی راگرت. كۆمپانیاكانی دڵنیایی لە هەرێمی كوردستان ئەوانەی لە مەرزەكاندا كاردەكەن، خزمەتگوزارییەكی ئەوتۆ پێشكەش بە شۆفێرو هاوڵاتیان ناكەن، بەڵام لەبەرامبەردا پارەی خزمەتگوزاری وەردەگرن، هەندێك لەوانەی لەناو بوارەكەدا كاردەكەن بەجۆرێكی تر گوزارشت لەمە دەكەنو دەڵێن ئەو كۆمپانیایانە كارەكەیان ئەوەیە "تەنیا وەسڵ" دەفرۆشن. گەندەڵی لە مەرزەكان بەمدواییە لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە قسەوباس لەبارەی گەندەڵی مەرزە سنورییەكان دەستیپێكردووەتەوە، پەرلەمانتاران لە فراكسیۆنە جیاوازەكان باس لە هاوردەكردنی نایاسایی هەندێك كاڵای وەكو (ئۆتۆمبیل- دوگ- هێلكە) دەكەنو دەوترێت بەرپرسان لەپشت ئەم جۆرە بازرگانیانەوەن، بەڵام تائێستا هیچ یەكێك لە پەرلەمانتاران بەراشكاوی ناوی ئەوانەی نەهێناوە كە یاسا پێشێل دەكەن. لە گومرگەكان كارگەیشتووەتە ئەوەی، بەمدواییە لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی هەرێم وتویەتی:" لە گومرگەكان داوا لە كارمەندان دەكرێت چاویان دابخەن، كە بارە نایاساییەكان تێپەڕدەبن ئەوجا چاویان دەكەنەوە". لەم هەفتانەی كۆتایدا لە بازگەی "دێگەڵە" دەست بەسەر بارێك هێلەكەدا گیرا، بەرپرسانی بازگەكە باسیان لەوەكرد، هێلەكان لە مەرزی باشماخەوە هاتونەتە ناوەوەو بەسەرچوون. ئەوەی زیاتر قسەی لەسەر دەكرێت مەرزەكانی باشماخو پەروێزخانە كە یەكەمیان بەڕێوەبەرە گشتییەكەی سەربە یەكێتییەو ئەوی تریان سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، هەردوو دەروازەكە دەكەونە سنوری قەڵەمڕەویی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە. لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دوو مەرز هەن كە بریتین (حاجی ئۆمەرانو ئیبراهیم خەلیل)، یەكەمیان دەروازەی هەرێمە بەڕووی ئێرانو ئەوی تریان بەڕووی توركیادا، ئیبراهیم خەلیل گەورەترین دەروازەیە، چونكە تاكە دەروازەیە كە نەك هەرێمی كوردستان بەڵكو عێراق بەگشتی بە توركیاوە دەبەستێتەوە، لەم دەروازەیەوە نەوت بە تانكەر دەبرێتە توركیا، ئەمە لەكاتێكدا كوردستان بە هێڵی بۆری، نەوتی خوی بە توركیاوە بەستوەتەوە. بەشێوەی فەرمی هەرێمی كوردستان تەنیا ئەم چوار دەروازە سنورییە هەیە، سیانیان دەروازی سنورین لەگەڵ ئێران، ئێران بەمدواییە بەهۆی سزا ئابورییەكانی ئەمریكاوە لەناوخۆدا دوچاری قەیرانی داراییو ئابوری هاتووە، قسەكردن لەسەر بەرفراوانبوونی گەندەڵی لە مەرزەكانی هەرێمی كوردستان دوای گەڕاندنەوەی سزا ئابورییەكان هات بۆسەر ئێران. ئەمریكا كۆتایی ساڵی 2018 كشانەوەی تاكلایەنەی خۆی لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران راگەیاند، هاوكات دەستیكرد بە كاراكردنەوەی سزا ئابورییەكان لەسەر ئێران. ئەمریكا تائێستا عێراقی بواردووە لە جێبەجێكردنی ئەو سزایانەی كە بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە، هەرێمی كوردستان وەكو بەشێك لە عێراق هەمان بڕیار دەیگرێتەوە، ئێستا هاوكات لەگەڵ بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە هێرشێكی ئەمریكییەكاندا لە بەغداد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزای توندی ئابوری دەكات بەسەر عێراقدا ئەگەر لەم ململانێیەدا عێراق بەلای ئێراندا بشكێتەوە، یەكێك لە سزا هەرە لەپێشینەكان كە پێشبنی دەكرێت ئەمریكا بەسەر عێراقیدا بسەپێنێت ئەوەیە چیتر واشنتۆن، عێراق لە بازرگانیكردن لەگەڵ ئێران نەبوێرێتو پابەندی بكات بە راگرتنی بازرگانی. نیسانی ساڵی رابردوو ستیڤ فەیگن كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر سەردانی گومرگی راپەڕینی كرد لە سنوری راپەڕین، كە گومرگێكی سنوریی هەرێمە لەگەڵ ئێراندا، كونسوڵ لەو سەردانەدا هۆشداریدا لەبارەی مەترسی خۆدزینەوە لەو سزایانەی كە ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە. هەرێمی كوردستانو ئێران هەرێمی كوردستان (513) كیلۆمەتر سنوری لەگەڵ ئێران هەیە، ئەم سنورە هاوبەشە هەمیشە جێگەی كێشمەكێش بووە لەنێوان حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقو ئێراندا. لەنێوان هەرێمی كوردستانو ئێراندا (3) دەروازەی سنوریی فەرمی هەیە كە بریتین لە: • دەروازەی پەروێزخان • دەروازەی باشماخ • دەروازەی حاجی ئۆمەران جگە لەم دەروازە سنورییە فەرمییانە، چەند دەروازەیەكی نیمچە فەرمی هەن كە بریتین لە: • دەروازەی كێلێ لە شارۆچكەی قەڵادزێ • دەروازەی سەیرانبەن لە شارۆچكەی پێنجوێن • دەروازەی شوشمێ لە تەوێڵە رۆژی 25ی ئایلولی ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بەڕێوەچوو بۆ بڕیاردان لەسەر جیابونەوە لە عێراق، ئێران بە توندی دژی هەوڵی جیابونەوەی هەرێمی كوردستان وەستایەوە، لە یەكەم هەنگاودا ئێران دەروازە سنورییەكانی بەڕووی هەرێمدا داخست، ئەوكات ئێران گەمارۆ ئابورییەكانی لەسەر هەڵگیرابوو. دوای شكستهێنانی هەوڵی جیابونەوە لە عێراق، حكومەتی بەغداد بە مەرج ئامادەبوو دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكاتەوە، یەكێك لە مەرجەكانی ئەوە بوو، هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دەروازە سنورییەكانو فڕۆكەخانەكان رادەستی حكومەتی ناوەند بكاتەوە، كە خۆی لە بنەڕەتەوە بەگوێرەی دەستور ئەو دەسەڵاتانە بۆ حكومەتی ناوەند یەكلاكراونەتەوە.
راپۆرت: جۆناسان ماركۆس- پەیامنێری كاروباری دیپلۆماسیو بەرگری لە بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت توركیا دەستی بە سەرچڵیەك كردووە كە دەبێتەهۆی قوڵكردنەوەی تێوەگلانی لە ململانێی لیبیادا، بەتایبەتی دوای بڕیاری ناردنی هێز بۆ پاڵپشتی حكومەتی ویفاق لە تەرابلوس، كارێك كە وەكو قۆناغێكی نوێیە لە بەنێودەوڵەتیكردنی شەڕ لەوێ. ئەنكەرە ئۆتۆمبیلی زرێپۆشی داوە بە حكومەتی ویفاق لە تەرابلوسی پایتەخت كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە، هەروەك فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیش لەبەرژەوەندی حكومەتی لیبیا كاردەكات. پێدەچێت رۆڵی هێزەكانی توركیا لە لیبیا جەخت لەسەر ئەركی "راهێنانو راوێژكردن"بكات، بەڵام وەسفێكی فشەڵ بۆ ئەم رۆڵە، ئەگەر حكومەتی لیبیا خۆی لەناو قەیرانێكدا بینیەوە كە نەتوانێت لێی رزگار ببێت، ئەوكات توركیا خۆی دەبینێتەوە لەوەی ناچارە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بچێتە ناو شەڕەكەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین رۆڵی ئەو هێزەی كە توركیا لە لیبیا بڵاویكردوەتەوە هێشتا روخسارەكانی دیارنییە. لە نیسانی رابردوودا ئاستی ململانێكان لە لیبیا زیادی كرد، ئەوەش دوای ئەوەی خەلیفە حەفتەر نەیاری سەرەكی حكومەتی ویفاق، هێرشی كردەسەر تەرابلوسی پایتەخت، وادەركەوت جەنگی بەوەكالەت بێت لەناو ژمارەیەك لایەنی دەرەكیدا كە لەناو لایەنە شەڕكەرەكانی لیبیادا ئەوەیان هەڵدەبژێرێن كە پشتیوانی لە بەدیهێنانی ئامانجە ئیقلیمییەكانی ئەوان بكات. بەوەش دەكرێت ئەوەی لە لیبیا روودەدات بە وێنەیەكی بچوككراوەی ئەو كارەساتە گەورەیە ناوببرێت كە سوریا بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام بەتەواوەتی روونە بەشێكی زیاتری شانۆگەری قەیرانی لیبیاو رۆڵی گەورەی توركیا ماوەو لە چەند مانگی داهاتوودا دەردەكەوێت. ئەو حكومەتەی كە لە تەرابلوسە ئەو شتەی هەیە كە نەیارەكانی نیانە، چونكە ئەو لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دانی پێدانراوە. هەروەك فرۆشتنی چەكیش بە هەردوو لایەنەكە قەدەغەكراوە (كە تاڕادەیەك لەگەڵ حكومەتی وەیفاقدا چاوپۆشی لەمە كراوە) بەئامانجی كۆنترۆڵكردنی قەیرانەكە. بەڵام واقیعەكە تاڕادەیەك جیاوازە لەگەڵ ئەوەی ئاماژەمان پێكرد لە ساكاریی بارودۆخەكە لە لیبیا، حكومەتی ویفاق پاڵپشتی بەهێزی خۆرئاوای هەیە، لەكاتێكدا حەفتەر یارمەتی دارایی گەورە لە ئیمارات وەردەگرێت ئەمە سەرباری وەرگرتنی ئۆتۆمبیلی زرێپۆش لە ئوردنو ئیمارات پێكەوە. هەروەك ئیمارات فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دروستكراوی چینی لە جۆری وینگ لۆنگ 2ی بڵاوكردوەتەوە، كە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دەڵێن ئەم فڕۆكانە بەرپرسن لە كوژرانی ژمارەیەكی زۆری مەدەنی، كە بوون بە قوربانی ئەو هێرشانەی حەفتەر ئەنجامیداون. هەروەها ژەنەراڵ خانەنشینی لیبیی (خەلیفە حەفتەر) پاڵپشتی لە میسر وەردەگرێت، ئەمە سەرباری یارمەتی سەربازی راستەوخۆی بەڵێندەرە سەربازییە روسییە "نیمچە فەرمییەكان"كان لەسەر زەویو مورتەزەقە لە سودانو چاد، هەروەك راپۆرتەكان باسلەوە دەكەن قەناسبەدەستە روسەكان رۆڵی گەورەیان هەیە لەسەر رەوتی روداوەكان لە سەنگەرەكانی شەڕدا لە لیبیا. ویلایەتە یەكگرتووەكان دەڵێ پێدەچێت هێزەكانی حەفتەر یارمەتی بەرگری ئاسمانی لە روسیا وەربگرن. واشنتۆن سورە لەسەر ئەوەی كە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكی لە تشرینی دووەمی رابردوودا بە موشەكی روسی كەوتوەتەخوارەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەو فڕۆكانە لە بواری ئاسمانی لیبیادا بەكاردەهێنێت بۆ لێدانی گورز لە پاشماوەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەوێ، ئەمەش تیشك دەخاتەسەر بەشێكی زۆری گرێوگۆڵو ئەو ئاڵۆزییەی كە لەسەر زەوی هەیە لە لیبیا، لەكاتێكدا كە روسیا رەتیدەكاتەوە رۆڵی كارای هەبێت لەشەڕدا لەوێ. بەهەرحاڵ، كارەساتی لیبیا چیرۆكێكی زانراوەو لەوكاتەوە دەستیپێكرد كە ویلایەتە یەكگرتووەكان چووەناو هاوپەیمانی خۆرئاواوە بۆ ئەنجامدانی گورزێكی ئاسمانی بۆ روخاندنی موعەممەر قەزافی سەرۆكی پێشووی لیبیا لە 2011دا، كە بەریتانیاو فەرەەنسا سەرۆكایەتییان دەكرد. هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كە هاوكات بوو لەگەڵ بەردەوامی شەڕی ناوخۆیی لە لیبیا، سەركەوت لە گەیشتن بە رێككەوتنێكو حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لە تەرابلوس لێكەوتەوە، بەڵام هێزەكانی خۆرهەڵاتی لیبیا بە سەركردایەتی خەلیفە حەفتەر رەتیانكردەوە بچنەناو ئەو رێككەوتنەوە. لەنائامادەیی هەوڵێكی دیپلۆماسی یەكلاكەرەوەدا، قەیرانەكە لە لیبیا بەردەوامە. روسیا كە لەناوبردنی قەزافی لەلایەن هێزەكانی خۆرئاواوە رەتكردەوە، بەدوای رێگەیەكدا دەگەڕێت بۆ گەڕاندنەوەی هەژمونی خۆی لەناوچەكە لەڕێگەی لیبیاوە، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسریش وای دەبینێت خەلیفە حەفتەر پیاوێكی سەربازی بەهێزە كە دەتوانێت بەشێوەیەكی بەهێز بەڕووی گروپە تیرۆرستییەكاندا بوەستێتەوە. بەدڵنیایی توركیاش سور دەبێت لەسەر جموجوڵ لەپێناو پاڵپشتیكردن لە حكومەتە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەكە. بەهۆی ئارەزووی هەندێك لە هاوبەشەكانی لە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی لە هەردوو ئاڕاستەكە دەیانەوێت، توركەكانیش هەستیان بە بێئومێدی كردووە. بۆ نمونە فەرەنسا پەیوەندییەكانی لەگەڵ ژەنەراڵ حەفتەر بەهێز دەكات، لەكاتێكدا ویلایەتە یەكگرتووەكان لەبارەی ململانێكانەوە تەنیا یەك هێڵی گرتووە. بەڵام روونە چالاكی سەرۆك ئەردۆغان رەهەندێكی ستراتیژی فراوانتری هەیە. توركیا وەكو بەشێك لە ناوچەیەكی فراوانی كەناراوی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستو دەرگایەكی ئابوری گرنگی ئەفریقا تەماشای لیبیا دەكات، كە ژمارەیەكی كەم دۆستی لەو ناوچەیەدا هەیە. پشتیوانی توركیا بۆ ئیخوان موسلیمین ناڕەزایەتی توندی لای حكومەتی سەربازی میسر دروستكردووە. پەیوەندی نێوان ئیسرائیلو توركیا (كە رۆژگارێك باش بوو) ماوەیەكی زۆرە لەحاڵەتی ساردوسڕدایە، ناكۆكییە درێژخایەنەكانیش لەگەڵ یۆنان كە ئەندامی ناتۆیە، زیاتر بوون، ئەوەش بەهۆی قوبروسو لەسەر پرسی وزە. لە تشرینی دووەمی رابردوودا، ئەنكەر رێككەوتنی دیاریكردنی سنوری دەریایی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تەرابلوس ئیمزاكرد، ئەمەش وادەكات ناوچەی ئابوری تایبەت كە باسدەكرێت لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لەخاكی توركیاوە بگەیەنێتە ئەو ناوچەیەی كە لیبیا داوای دەكات. ئەم بانگەشانە لەسەر ئاستێكی فراوان ناكۆكییان لەسەرە. بەڵام هەنگاوەكەی توركیا ئاماژەیەك دەنێرێت بۆ یاریزانەكانی تر لەبواری وزەدا لەناوچەكە، بەوەی ئەگەر ئەنكەرە نەخرێتە ناو هاوكێشەكەوە، گەیشتنی بۆری غاز بۆ ئەوروپا كارێكی قورس دەبێت. شیكەرەوەكان ئەمە وەكو هەوڵێكی راستەوخۆ لێكدەدەنەوە بۆ روبەڕووبونەوەی ئیسرائیلو میسرو یۆنانو قوبروس كە پێكەوە كۆڕبەندی غازیان بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دروستكردووە. بەدڵنیایی، هەوڵی روو لەزیادبووی توركیا لە دۆزینەوەی نەوتدا لە ئاوەكانی قوبروس، كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی تێدایەو بەچەكەوە پارێزگاری لە كەشتییەكانی دەرهێنانی نەوت دەكەن، بەشێكە لەو چالاكییە نوێیە. مانۆڕی توركیا لە لیبیا هەڕەشەی دروستكردنی قەیرانێكی فراوانتر دەكات لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، كە دەكرێت ئەمەش پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ هەریەكە لە مۆسكۆو واشنتۆنو هاوپەیمانە سەرەكییەكانی ناتۆ لەلایەكی تر ئاڵۆز بكات. ئاڵۆزییە هەرێمایەتییەكانی ئێستاش زیاتر دەكات. توركیا ئومێدەوارە رۆڵی سەربازی ئەو لە لیبیا، لانی كەم زامنی ئەوە بكات جەنگ بگەیەنێتە بنبەست، بەمەش ئەنكەرە زامنی ئەوە دەكات لە كۆتایدا راوبۆچوونی هەبێت لە هەر ئەنجامێكدا كە بكەوێتەوە.
درەو: بە كوشتنی (قاسم سولەیمانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، ئاڵۆزییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران ڕووی لە هەڵكشان كرد. پێشتریش وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) كەشتی جەنگی فرۆكە هەڵگری (ئەبراهام لینكۆڵن) و فرۆكەی شەڕكەڕی ڕەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە پاساوی بوونی زانیاری هەواڵگری لەبارەی ئامادەكاری ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرش كە ڕەنگە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بكاتە ئامانج. ئەم ئاڵۆزییانە ئێستا، كەش و هەوای سێ جەنگی ڕابردوو دێنێتەوە یاد لە ناوچەی كەنداو، یەكەمیان لەساڵانی 1980 - 1988 لە نێوان عێراق و ئێران، جەنگی دووەمی كوەیت 1990-1991 ، جەنگی سێیەمیش هێرشكردنە سەر عێراق وكۆتایهێنان بە رژێمی پێشووی عێراق لەساڵی 2003دا، ئەم كەش و دۆخەی ئاڵۆزەی ئێستا، ئاماژە بە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی چوارەم دەكات لە ناوچەكە. لەم ئینفۆگرافیكەدا لایەنەكانی جەنگی كەنداو دەخەینەڕوو ئەگەر ڕووبدات... ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی: - سعودیە - بەحرەین - ئیمارات - ئیسرائیل - بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا لە ( كوەیت، قەتەر، عومان) ئێران و هاوپەیمانەكانی - میلیشیا شیعەكانی عێراق و حەشدی شەعبی - میلیشیاكانی ئێران لە سوریا - حزبوڵای لوبنان - میلیشیا حوسیەكانی یەمەن
درەو: گرژیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لەدوای كوشتنی قاسم سلێمانی لە شاری بەغداد، گەیشتۆتە لوتكەو ئەگەری پێكدادانی راستەوخۆ دەكرێت لە نێوان سوپای ئەمریكاو سوپای پاسدارانی ئێرانی، هەریەكەیان خاوەنی توانای سەربازی خۆیەتی، بەڵام جیاوازی زۆر لە ئاستی پێشكەوتن و توانای سەربازی نێوان ( ئەمریكا و ئێران) هەیە . • سوپای ئەمریكا لە پلەی یەكەمی سوپای جیهانیدایەو ئێران لە پلەی 14 یەمیندایە • ژمارەی دانیشتوانی ئەمریكا (329 ملیۆن) كەسەو ئێران (83 ملیۆن) كەسە • ژمارەی سەربازانی ئەمریكا (2 ملیۆن و 100 هەزار) كەسەو ژمارەی سەربازانی سوپای پاسدارانی ئێران (873 هەزار) كەسە. • بودجەی ساڵانەی سوپای ئەمریكا (716 ملیار) دۆلارە، بودجەی ساڵانەی سوپای پاسدارانی ئێران (6 ملیارو 300 ملیۆن ) دۆلارە. • ئەمریكا (13 هەزار) فڕۆكەی شەڕكەری هەیە، ئێران (509) فڕۆكەی شەڕكەری هەیە. • ئەمریكا (13 هەزار و500) فڕۆكەخانەی سەربازی هەیە، ئێران (319) فڕۆكەخانەی سەربازی هەیە. • ئەمریكا (480 هەزارو 45) هێزی وشكانی لە تانك و زرێپۆشی هەیە، ئێران (8 هەزارو 515) تانك و زرێپۆشی هەیە. • ئەمریكا (415) كەشتی جەنگیی هەیە ئێران (390) كەشتی جەنگیی هەیە. • یەدەگی نەوتی ئەمریكا (36ملیارو 500 ملیۆن) بەرمیلە، یەدەگی نەوتی ئێران (158 ملیارو 400 ) بەرمیلە.
(درەو): ئەو كەسەی كە لە شوێنی قاسمی سلێمانی دەستبەكاردەبێت، ساڵی 1981 بەشداری كردووە لە سەركوتكردنی ناڕەزایەتی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان. ئایەتوڵا خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران چەند كاتژمێرێك دوای كوژرانی قاسم سلێمانی لە بەغداد، فەرمانێكی دەركردو (ئیسماعیل قائانی) لە شوێنی ئەو وەكو فەرماندەی نوێی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران دیاریكرد. خامنەیی لە فەرمانەكەیدا، قائانی وەكو وەكو "بەرجەستەترین فەرماندەكانی سوپا" ناوبردووەو داوای لێكردووە لە پۆستە نوێیەكەیدا درێژە بە بەرنامەكانی قاسم سلێمانی بدات. ئیسماعیل قائانی كێیە ؟ • چەندین ساڵ یاریدەدەری قاسم سلێمانی بووە لە فەیلەقی قودس. • لە شاری مەشهەد لەدایكبووە. • ساڵی 1980 كە تەمەنی تەنیا 20 ساڵ بووە بووە بە ئەندامی ئەو فەیلەقە سەربازییە. • كۆتاییەكانی ساڵی 1981 هاتووتە تارانی پایتەختو چووەتە سەربازگەی سەعدئاباد كە ئێستا ناوی سەربازگەی ئیمام عەلییەو لەوێ راهێنانی سەربازی بینیوە. • قائانی دوای تەواوكردنی پەروەردەی سەربازی، گەڕاوەتەوە بۆ شاری مەشهەدو لە یەكێك لە بنكەكانی پەروەردەیی سوپای پاسداراندا وەكو كادرێكی سەربازیی دەستبەكاربووە. • پاش ماوەیەكو لەناوەڕاستی 1981 بەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، قائانی رەوانەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كراوە بۆ روبەڕووبونەوەو سەركوتكردنی خەڵك. • راپۆرتەكان باسلەوە دەكەن لە ساڵی 1980 تاوەكو كۆتایی جەنگی ئێران- عێراق بەشداری جەنگەكەی كردووەو هەندێك وێنەی ئەوكاتەی هەیە كە لەناو سەنگەرەكاندایە. • لەماوەی هەشت ساڵی جەنگی ئێران- عێراقدا فەرماندەی لەشكری (5)ی نەسرو تیپی ئیمام رەزا بووەو هاوكات بەرپرسی هەندێك لە هێزە سەربازییەكانی پارێزگای خۆراسان بووە. • قائانی لە ساڵی 1981 ئاشنایەتی لەگەڵ قاسم سلێمانی پەیداكردووەو پێكەوە دەستیان كردووە بە كاركردن لەناو فەیلەقی قودس. • بەر لەوەی ببێت بە یاریدەدەری قاسم سولەیمان لەناو فەیلەقی قودسدا، ماوەیەك یاریدەدەری ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بووە. • بەپێی راپۆرتی دامەزراوەی "ئەمریكن ئینترپرایز"، موحسین رەزایی فەرماندەی پێشتری سوپای پاسداران لە ساڵی 1984دا قائانی كردووە بە بەرپرسیاری ئۆپراسیۆنەكانی هێزی زەمینی سوپای پاسداران لە مەشهەد. • دامەزراوە ئەمریكییەكە ئیسماعیل قائانی وەكو یەكێك لەو فەرماندانەی سوپای پاسداران ناوبردووە كە دەستی هەبووە لە سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكانی 1992ی مەشهەد. • یەكێك لەو فەرماندانەی سوپای پاسداران بووە كە ساڵی 1992 بەشداریكردووە لە بەرگری سوپای پاسداران لە "بەرەی یەكگرتووی ئیسلامی میللی بۆ رزگاریی ئەفغانستان" لەدژی هێزەكانی بزوتنەوەی تالیبان. • بەپێچەوانەی قاسم سلێمانییەوە، قائانی لە پرسی دەستوەردانی سیاسیو راگەیاندنی بۆچونە سیاسییەكانیدا شەرمی نییەو چەندین لێدوانی توندی لەبارەی بارودۆخی سیاسییەوە هەیە، یەكێك لەو فەرماندانەی سوپا بووە كە ساڵی 2000 ئیمزای لەسەر نامەیەكی توند كردووە كە بۆ محەمەد خاتەمی سەرۆكی ئەوكاتی وڵات نێردراوە سەبارەت بە رووداوەكانی زانكۆی تارانو رووداوەكانی تری ئەو سەردەمە، ئەوكات هەندێك ئەو نامەیەیان وەكو كودەتای سوپا بەسەر دەوڵەتدا لێكدایەوە. • قائانی ساڵی 2010 یەكێك لەو فەرماندە سەربازییانە بوو كە ئیمزای لەسەر نامەیەكی توندكرد كە ئاڕاستەی سەردار حسێن علایی یەكەمین فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران كرا سەبارەت بە قسەكانی ئەو لە یاداشتەكانیدا سەبارەت بە سەركوتكردنی شۆپۆلی ناڕەزایەتییەكان دژ بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ساڵی 2010و قائانیو هەندێك لە فەرماندەكان نیگەران بوون لەوەی لەو یاداشتەدا ناوی ئایەتوڵا خامنەیی رابەری باڵا هێنراوە لە پشت سەركوتكارییەكانەوە. بۆ خوێندنەوەی راپۆرتێكی وردی بی بی سی فارسی لەبارەی قاسم سلێمانی كلیك لەسەر ئەم ناونیشانەی خوارەوە بكە: قاسم سلێمانی؛ فەرماندەیەك نوێنەرایەتی ئایەتوڵا خامنەیی دەكرد