Draw Media

سبەینێ رۆژی یەكلاكەرەوەیە

سبەینێ رۆژی یەكلاكەرەوەیە

2020-01-15 16:37:14


راپۆرتی: فازڵ حەمەرەفعەت - محەمەد رەئوف


سبەینێ پەرلەمانی كوردستان كۆتایی بە چیرۆكی پرۆژەی چاكسازی دەهێنێت‌و پرۆژەكە دەخاتە دەنگدانەوە، دواین ساتەكان بەر لە دەنگدان لەسەر پرۆژەكە بەقۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕی، تا ئەو ئاستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستوەردانی كردووە بۆ بەلاداخستنی پرسی موچەی پەرلەمانتارو پلەباڵاكان، نیگەرانی سەرەكی یەكێتی لەپرۆژەكە كە تایبەتە بە موچەی كادیرانی حزبیی، چارەسەركرا، بەڵام نیگەرانی كەسوكاری شەهیدو ئەنفالكراو و زیندانیانی سیاسی كاریگەری لەسەر حكومەت دروست نەكرد‌و حكومەت سورە لەسەر بڕینی موچە‌و مینحەكەیان.

رۆژێكی یەكلاكەرەوە
سبەینێ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای چاكسازی.
لەساتی نوسینی ئەم راپۆرتەدا، تیمەكانی پەرلەمان‌و حكومەت لە كۆبونەوەدان بۆ كۆتایهێنان بە هەموو ئەو ناكۆكییانەی كە لەنێوان فراكسیۆنی لایەنە سیاسییەكان لە پەرلەمان دروستبووە سەبارەت بە هەندێك بڕگەی پرۆژەیاساكە، سبەینێ رۆژی یەكلاكەرەوە دەبێت.

كێشەكە لە كوێدایە ؟
لەسەر پرۆژەیاسای چاكسازی لە موچەی‌و ئیمتیازاتی پلەباڵاكان، كۆمەڵێك بڕگە هەیە كە ناكۆكی لەنێوان لایەنەكان دروستبووە، ئەو ماددە‌و بڕگانەی پرۆژەكە، كە لەناو لایەنەكاندا كێشمەكێشی لەسەرە ئەمانەن:

خانەنشینی پەرلەمانتاران
پرۆژەكە لە بنەڕەتەوە نوسراوە بۆ ئەوەی موچەی پلەباڵاكان كە بریتین لە (وەزیرو پەرلەمانتارو بریكاری وەزیر تاوەكو بەڕێوەبەرە گشتییەكان) كەمبكرێتەوە، بەڵام لەسەر كەمكردنەوەكە كێشە هەیە، سێ پێشنیاز لە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساكەدا لەناو پەرلەمان خراوەتەڕوو، بەڵام هێشتا رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە لەبارەی جێگیركردنی كام یەكێك لە پێشنیازەكانەوە، ئەو پێشنیازانەی كە پەرلەمانتاران پێشكەشیان كردووە ئەمانەن:
•    پێشنیازی یەكەم/ 
ئەمە پێشنیازی هاوبەشی فراكسیۆنەكانی پارتی، یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامییە.
پێشنیازەكە داوا دەكات، خانەنشینبوونی پلەتایبەت بەرێژەی ٢٥٪‏ بۆ ٥٠٪‏ی كۆی گشتی دواین مووچە بێت، بەپێی ئەم پێشنیازە (78) پەرلەمانتار بەبێ ئەوەی مەرجی تەمەن‌و ساڵی خزمەتیان هەبێت بەرێژەی ٢٥٪‏ی دواین مووچەیان خانەنشین دەكرێن، (33) پەرلەمانتار كە ئەو دوو مەرجەیان تێدایە بەرێژەی ٥٠٪‏ی دواین مووچەیان خانەنشین دەبن، بەپێی راپۆرتی فراكسیۆنی یەكگرتوو، كۆی تێچووی هەردوو جۆرە خانەنشینیەكە لەم پێشنیازەدا مانگانە بۆ هەر (111) زیاتر لە (295 ملیۆن) دینار لەسەر بودجەی حكومەت دەكەوێت.
* پێشنیازی دووەم/
ئەم پێشنازە فراكسیۆنی یەكگرتوو پێشكەشیكردووە، پێشنیازەكە داوادەكات، تەنیا ئەوانە خانەنشین بكرێن كە مەرجی یاساییان تێدایە، مەرجی یاسایی ئەوەیە پەرلەمانتار تەمەنی (45) ساڵ كەمتر نەبێت‌و ماوەی (15) ساڵ خزمەتی هەبێت، ئەوانەی كە ئەو پەرلەمانتارانەی كە لەم خولەدا دوو مەرجەیان تێدایە ژمارەیان (33) پەرلەمانتارە، پێشنیازەكە داوا دەكات ئەو (33) كەسە وەك ئەوەی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق هاتووە خانەنشین بكرێن، بەو مەرجەی كۆی گشتی خانەنشینیان زیاترنەبێت لە نیوەی دواین مووچەی پەرلەمانتاریان، كۆی گشتی تێچووی ئەم پێشنیارە لەرووی داراییەوە مانگانە (135 ملیۆن) دینار لەسەر بودجەی حكومەت دەكەوێت.
* پێشنیازی سێیەم/ 
ئەمە پێشنیازی فراكسیۆنی نەوەی نوێیە، پێشنیازەكە داوا دەكات، بەشێوەیەكی گشتی خانەنشینی پلەتایبەت نەمێنێت، رەخنەیەك كە لەم پێشنیازە دەگیرێت ئەوەیە پێشنیازەكە پێچەوانەی سیستمی خانەنشینیەو پێشێلی مافی ئەو كەسانە دەكات كە مەرجی یاسایی خانەنشینبونیان تێدایە‌و پێشتر لەسەر ئەو بنەمایە پارەی خانەنشینی لە موچەكانیان بڕدراوە.  

گەڕان بەدوای چارەسەردا
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێستا فراكسیۆن‌و تیمی حكومەت سەرقاڵی ئەوەن پێشنیازێكی نوێ لە دەرەوەی ئەو پێشنیازانەی كە لەدانیشتنی خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساكەدا لەلایەن پەرلەمانتارانەوە خراونەتەڕوو، داخڵی ناو پرۆژەیاساكە بكەن، بەجۆرێك كۆدەنگی لەسەر بێت‌و نەبێتە بەربەست لەبەردەم دەنگدانی پەرلەمانتاران لەسەر پرۆژەكە.
بەر لە هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، لەدوای خوێندنەوەی دووەم نەدەتوانرا هیچ پێشنیازێكی نوێ داخڵی ناو پرۆژەیاساكان بكرێت، بەڵام كۆتایی خولی چوارەمی پەرلەمان، پەیڕەوی ناوخۆ هەمواركرایەوە‌و بەپێی ئەو هەموارە نوێیە دەرەچەیەك دۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی لە رۆژی دەنگدان لەسەر پرۆژەكان پێشنیازی نوێ داخڵی ناو پرۆژەیاساكان بكرێت بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری هاوسەنگ بۆ ئەو بابەتانەی كە ناكۆكییان لەسەرە.

موچەی وارسی شەهیدان
موچەی كەسوكاری شەهیدو ئەنفالكراوان یەكێكی ترە لەو ماددانەی پرۆژەیاساكە كە كێشەی لەسەرەو ناڕەزایەتی لای كەسوكاری شەهیدان دروستكردووە.
بەپێی رەشنوسی پرۆژەكە هەموو ئەوانەی كە وارسی دووەمی شەهیدو ئەنفالكراوانن موچەكانیان دەبڕدرێت، ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی یاسای خانەنشینی عێراق، ئەم ماددەیە ئەگەر پەسەندبكرێت‌و بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە رێژەی 50%ی ئەوانە كە موچەی شەهیدو ئەنفالكراوان وەردەگرن، موچەكانیان دەبڕدرێت، ئەمە سەرچاوەی نیگەرانییەكەیە، سەرباری ئەوەش ماددەكە بۆ زۆرێك لە پەرلەمانتاران ناڕوونی تێدایە‌و پرسیاری زۆری لەسەر دروستبووە.
(درەو) زانیویەتی، دوێنێ لە كۆبونەوەی لیژنە هاوبەشەكانی پەرلەمان‌و تیمی حكومەت، بەرەڤان حەمدی بریكاری وەزیری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان وتویەتی:" موچەی كەسوكاری شەهیدو ئەنفالكراوان لەدوو حاڵەتدا ناگوازرێتەوە، حاڵەتی یەكەم: ئەگەر وارسەكە موچەخۆر بێت، حاڵەتی دووەم: ئەگەر وارسەكە تەمەنی 18 ساڵی تەواو كردبێت"، واتە لە هەموو حاڵەتەكاندا موچەی كەسوكاری شەهیدان  ناگوازرێتەوە بۆسەر وارسی پلە دووی شەهیدەكە.

كێشەی زیندانییە سیاسییەكان
بەپێی رەشنوسی پەسەندكراوی پرۆژەی چاكسازی، مینحەی تایبەت بە زیندانیانی سیاسی دەبڕدرێت، كە خۆی وادە یاساییەكەی لە رۆژی 1/7/2020 كۆتایی دێت‌و بۆ ماوەی (15) ساڵ بووە.
بەپێی ئەم بڕگەیەی پرۆژەكە، (5 هەزارو 175) كەس لە زیندانیانی سیاسی كە لەماوەی رابردوودا ئەم مینحەیەیان وەرگرتووە، لە رۆژی 1/7ی ئەمساڵەوە چیتر ئەو پارەیان پێنادرێت‌و پارەكە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت كە مانگانە بڕەكەی بەكۆی گشتی (2 ملیار) دینارە، ئەمە ئەو كەسانەی نیگەران كردووە كە موچەی زیندانی سیاسی وەردەگرن.
(درەو) زانیویەتی، دوێنێ تیمی حكومەت بەڕوونی بە پەرلەمانتارانیان راگەیاندووە، بڕیاری حكومەت ئەوەیە ئەو مینحە دەبڕدرێت‌و جارێكی تر نوێ ناكرێتەوە.

نیگەرانی یەكێتی چارەسەر كرا
لە خولی رابردووی پەرلەمانەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان نیگەرانە لە بڕگەیەكی پرۆژەیاساكە، كە تایبەتە ئەوانەی موچەیان لەسەر رێكخراوەكان بووە، یەكێتی نیگەران بوون لەوەی بەهۆی پرۆژەكەوە موچەی ئەو كەسانە ببڕدرێت كە سەربە رێكخراوەكان بوون، خۆی بە زەرەرمەندی یەكەم دەزانی لە پەسەندكردنی یاساكەدا، چونكە پارتی پێش هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی رێكخراوەكان كە تایبەت بوو بە بڕینەوەی موچە بۆ كادیرانی حیزب، زۆربەی كادیرو لایەنگرانی خۆی بەشێوەی یاسایی گواستوەتەوە بۆسەر خانەنشینی وەزارەتەكانی تر، بەڵام یەكێتی ئەم كارەی نەكردووە‌و لەحاڵی پەسەندكردنی یاساكەدا روبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتی لایەنگرانی دەبێتەوە، ئەمە لەكاتێكدا كە خانەنشینەكانی پارتی زۆربەیان دۆسیەی یاسایی‌و خزمەتیان بۆكراوە، بەڵام خانەنشینەكانی یەكێتی زۆربەیان ئەم دۆسیە یاساییەیان نییە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بڕگەی (پێنجەم) لەماددەی شەشەمی رەشنوسی پرۆژەیاساكە نیگەرانییەكانی یەكێتی لەوبارەیەوە رەواندوەتەوە، چونكە لە كۆبونەوەی دوێنێدا تیمی حكومەت بە پەرلەمانتارانیان راگەیاندووە، ئەو بڕگەیە تایبەتە بە كێشەكەی یەكێتی‌و موچەی ئەوانەی لەسەر رێكخراوەكان نابڕدرێت، بەڵام دەبێت ئەو كەسانە لێبڕینی خانەنشینییان بدەن.

بارزانی دەستوەردان دەكات
لە چەند رۆژی رابردوودا كێشمەكێش لەسەر پرۆژەی چاكسازی گەیشتە ئاستی ناكۆكی ناوخۆیی لەنێوان حزب‌و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمانە، دوو بۆچوونی دژبەیەك لەبارەی پرۆژەكەوە دروستبووە، بۆچونێكیان داوای ئەوەی كردووە موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان بمێنێتەوە، بۆچونێكی تریش باسی لەوەكردووە پارتی لە كەمپەینی هەڵبژاردندا بەڵێنی بەخەڵكداوە خۆی چاكسازی بكات، بۆیە نابێت خانەنشینی پلەباڵاكان بمێنێت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دواجار پەیامێك لە بارەگای بارزانییەوە گەیشتووەتە ناو فراكسیۆنی پارتی‌و دەنگی هەموویانی یەكخستووە لەسەر:
•    نابێت پەرلەمانتارانی پارتی موزادەیە بكەن
•    نابێت موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان لە رێژەی 50%ی كۆی گشتی ئەو موچەیەی وەریدەگرن زیاتر بێت، مەسعود بارزانی كەمترین ئاستی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكانیشی بە رێژەی 20%ی دیاریكردووەو دەڵێ نابێت كەمترین ئاستی موچەیان لەو رێژەیە زیاتر بێت. 
پەیامەكەی بارزانی بۆ فراكسیۆنی حزبەكەی، كۆتایی بە كێشەی ناوخۆی پارتی هێنا لەسەر پرۆژەكە، لەسەر ئەو بنەمایەش فراكسیۆنی پارتی پێشنیازەكەی كرد بە بنەمای رێككەوتن لەگەڵ فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ)‌و پێشبینی دەكرێت ئەوەی بارزانی خستویەتیەڕوو سبەینێ دەنگی زۆرینە لەناو پەرلەمان بەدەستبهێنێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand