Draw Media

تێگه‌یشتن له‌ قه‌یرانی ئێستای یه‌كێتیی

تێگه‌یشتن له‌ قه‌یرانی ئێستای یه‌كێتیی

2020-01-20 20:22:32


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم 

یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆنگره‌ی چواره‌می خۆی ئه‌نجامدا و یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌كردایه‌تی گشتیشی له‌ هه‌فته‌ی رابردوو به‌ڕێوه‌برد، به‌ڵام هێشتا كێشه‌ گه‌لێكی زۆری ناوخۆیی ماون، كه‌ دووباره‌ ئه‌و حزبه‌یان رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی دیكه‌ كردۆته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان هه‌ریه‌ك له‌ لایه‌نه‌كان سازش بۆیه‌ك نه‌كه‌ن، ئه‌سته‌مه‌ بتوانرێت به‌م زووانه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ تێپه‌ڕبكرێت.
مانگێك به‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ تێپه‌ڕده‌بێت، ئه‌نجومه‌نی گشتییی ئه‌و حزبه‌ هێشتا له‌ قۆناغی هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌ودایه، له‌ دوای په‌یڕه‌ و قه‌یرانی دووباره‌ ته‌شكیلكردنه‌وه‌ی ئه‌و حزبه‌ و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات دێته‌ گۆڕێ، ئاماژه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن، پێناچێت باڵ و گروپه‌كان وا به‌ ئاسانی رێكبكه‌ون، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئه‌و دانوستاندنه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ستیانپێكردوه‌.
جارێ تاوه‌كو سه‌رۆك و جێگر و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردن هه‌ڵده‌بژێردرێت، كۆسره‌ت ره‌سوڵ هه‌روه‌ك كه‌سی یه‌كه‌می ئه‌و حزبه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات( ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ تا ماوه‌یه‌كی زۆر به‌م شێوه‌یه‌ بێت)، له‌ ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامبوونی ئه‌و دۆخه‌ش، ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی ئه‌و حزبه‌ ڕۆڵی مه‌كته‌بی سیاسی كۆنی ئه‌و حزبه‌ ده‌گێڕێت، هه‌موو شته‌كان ده‌چنه‌وه‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌.
هاوكێشه‌كان و سیناریۆكان وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ر له‌ كۆنگره‌ له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆك و جێگر و ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردن قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرا، له‌ ئێستادا گۆڕاوه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌، هه‌ندێ باڵ و گروپ، كه‌ به‌ر له‌ كۆنگره‌ هاوپه‌یمان و نزیكی یه‌ك بوون لێك دووربكه‌ونه‌وه‌.
به‌رهه‌م ساڵح كه‌ به‌ر له‌ كۆنگره‌ به‌ڵێنی پێدرابوو ژماره‌یه‌ك كه‌سی نزیكی بچێته‌ سه‌ركردایه‌تی، بۆئه‌مه‌ش 18 كه‌س له‌سه‌ر داوای ناوبراو خۆیان كاندیدكرد، هیچیان ده‌رنه‌چوون، ئێستا جگه‌ له‌ پۆستی سه‌رۆك و سكرتێری ئه‌و حزبه‌، هیچ شتێكی دیكه‌ی قبوڵ نییه‌، ره‌نگه‌ له‌ خراپترین حاڵه‌تدا هاوسه‌رۆكایه‌تی قبوڵ بكات له‌گه‌ڵ كه‌سێكی ماڵی مام جه‌لال، به‌ڵام ئایه‌ ماڵی كۆسره‌ت ره‌سول ئه‌وه‌ی قبوڵه‌؟
هاوشێوه‌ی به‌رهه‌م ساڵح، هه‌ریه‌ك له‌ (لاهور شێخ جه‌نگی و باڤڵ تاڵه‌بانی) ئه‌وانیش هه‌مان تموح و خواستیان هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ ببن به‌ كه‌سی یه‌كه‌م، ئه‌وانیش ئه‌گه‌ر له‌ حاڵه‌تێكدا بیانه‌وێ سازش بكه‌ن، ده‌یانه‌وێ هه‌رخۆیان به‌ ته‌نها جێگری سكرتێری گشتیی بن، یاخود هه‌ردووكیان وه‌ك جێگری یه‌كه‌م و دووه‌می سكرتێری گشتیی بن. ره‌نگه‌ ئه‌م سیناریۆیه‌ش له‌ لایه‌ن باڵه‌كانی دیكه‌ی وه‌كو (كۆسره‌ت ره‌سوڵ و كه‌ركووكییه‌كان و دلێری سه‌ید مه‌جید) قبوڵ نه‌كرێت. لاهور شێخ جه‌نگیش ئه‌گه‌ر به‌مه‌ رازیبێت خۆی به‌ته‌نها، یان ئامۆزاكه‌ی به‌ ته‌نها ببنه‌ جێگر، گروپ و باڵه‌كانی دیكه‌ی نێو ئه‌و حزبه‌ لێی دوورده‌كه‌ونه‌وه‌، ره‌نگه‌ له‌ ئێستاشدا ناوبراو ئه‌وه‌ی نه‌وێت، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی لێی دوورده‌كه‌ونه‌وه‌، تاوه‌كو ئێستا ماڵی خۆیان له‌گه‌ڵ لاهور نه‌كردوه‌.
كۆسره‌ت ره‌سوڵیش هاوشێوه‌ی باڵه‌كانی دیكه‌، جگه‌ له‌وه‌ی ده‌یه‌وێ ده‌سه‌ڵاتێكی باش بۆ خۆی له‌ نێو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، له‌ رێگه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ گه‌ره‌نتی بكات، له‌ هه‌مانكاتیشدا قبوڵی نییه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانی به‌ تایبه‌ت ( شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ) نه‌كرێته‌ جێگر، یاخود یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك هاوشێوه‌ی ماڵی مام جه‌لال.
ئێستا دلێری سه‌ید مه‌جید و هه‌ندێ له‌سه‌ركرده‌كانی ئه‌و حزبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن ( عیماد ئه‌حمه‌د) یه‌كێك بێت له‌و پێنچ تا شه‌ش كه‌سه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێ ببنه‌ جێگر.
بۆ گروپی كه‌ركووكییه‌كانی ئه‌و حزبه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌، له‌ پێدانی پۆستی جێگری سكرتێر، یاخود سه‌رۆك كه‌متر رازی نابن بۆ (ره‌فعه‌ت عبدالله‌)، به‌ مافی خۆیانی ده‌زانن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ سه‌ر به‌و پارێزگایه‌ن ، زۆرترین نفوزی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتییان هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و داواكاریه‌ی كه‌ركووكییه‌كان جێبه‌جێنه‌كرێت، ئه‌وا به‌ دڵنیایه‌وه‌ دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانیان له‌گه‌ڵ ماڵی مام جه‌لال و لاهور شێخ جه‌نگی نامێنێـت، به‌لای كۆسره‌ت ره‌سوڵ گروپه‌كانی دیكه‌دا ده‌چن و له‌ داهاتوو به‌یه‌كه‌وه‌ كارده‌كه‌ن، به‌ربه‌ست بۆ هه‌یكه‌لی نوێ دروست ده‌كه‌ن.
باشترین سیناریۆ بۆ دۆخی ئێستای یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، هه‌ڵبژاردنی سكرتێر و هه‌بوونی پێنج بۆ شه‌ش جێگره‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌رپرسی دۆسیه‌ك بێت، له‌ پاڵ ئه‌و سه‌رۆك و جێگرانه‌ش 13 كه‌سی دیكه‌، وه‌كو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ده‌ڤه‌ره‌كان و به‌رپرسی ژماره‌یه‌ك ئۆڕگان به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌و حزبه‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ن.
جگه‌ له‌ قه‌یرانی ته‌شكیلكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتیی، ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی ئه‌و حزبه‌ش، دوای ئه‌وه‌ی سێ كه‌سیان چووه‌ ناو لیژنه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، به‌ ئامانجی ئه‌وه‌بوو پێگه‌ی خۆیان له‌ رێگه‌ی په‌یڕه‌و به‌هێز بكه‌ن، به‌ تایبه‌ت حاكم قادر كه‌ دوای ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی ده‌رنه‌چوو، ده‌یه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ ، مه‌لا به‌ختیاریش كه‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سیاسی قبوڵ كردووه‌، نایه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی نه‌بێت، دلێری سه‌ید مه‌جیدیش هه‌مان خواستی هه‌یه‌.


چه‌ند سیناریۆیه‌ك بۆ سه‌رۆكایه‌تیكردنی یه‌كێتیی هه‌یه‌ كه‌ گرینكترینیان:
سیناریۆی یەكەم:

سیسته‌می هاوسه‌رۆكایه‌تی په‌یڕه‌ و بكرێت له‌ نێوان ماڵی مام جه‌لال و به‌رهه‌م ساڵح، به‌ڵام له‌و حاڵه‌تدا باڤڵ تاڵه‌بانی، یاخود لاهور شێخ جه‌نگی یه‌كێكیان قبوڵی بێت له‌گه‌ڵ چوار بۆ پێنج كه‌سی دیكه‌ جێگر، یاخود یاریده‌ده‌ر بن. ئه‌م سیناریۆیه‌ قوڕسه‌ چونكه‌ باڤڵ و لاهور تاوه‌كو ئێستا سازش بۆیه‌ك ناكه‌ن.
 

سیناریۆی دووه‌م:

ئه‌وه‌یه‌ به‌رهه‌م ساڵح سكرتێر بێت و هه‌ریه‌ك له‌ باڤڵ تاڵه‌بانی و لاهور شێخ جه‌نگی و شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ره‌فعه‌ت عبدالله‌ جێگر بن و هه‌ریه‌كه‌یان به‌رپرسی دۆسیه‌ی ئه‌منی و پێشمه‌رگه‌ و ئابووری و كارگێری و رێكخستن بگرنه‌ ئه‌ستۆ، ئه‌مه‌ باشترین سیناریۆیه‌، ئه‌گه‌ر ماڵی مام جه‌لال پێی رازیبن، به‌رهه‌م ساڵح به‌ ته‌نها سكرتێر بێت و ماڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و كه‌ركووكییه‌كان هاوشێوه‌ی ماڵی مام جه‌لال بن.

سیناریۆی سێه‌هه‌م:

 هاوشێوه‌ی سیناریۆی دووه‌مه‌ و ته‌نها عیماد ئه‌حمه‌دیش بۆ پۆستی جێگر زیادبكرێت، له‌سه‌ر داواكاری گروپێكی نێو ئه‌و حزبه‌، زۆرجاریش ده‌وترێت ژنێك وه‌كو كۆتا بۆ پۆستی جێگر زیادبكرێت، بۆئه‌مه‌ش باسی (شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌)د ده‌كرێت، ئه‌م داواكاریه‌ی كۆتایی خواستی به‌شێك له‌ باڵه‌كانه‌ وه‌كو كارتێك بۆ تێكدانی هه‌ندێ یاری سیاسی.

 سیناریۆی چواره‌م:

ماڵی مام جه‌لال پۆستی سه‌رۆك و سكرتێر وه‌رگرن، ئه‌م سیناریۆیه‌ له‌دوو رووه‌وه‌ كێشه‌ی هه‌یه‌، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ماڵی مام جه‌لال ناتوانن لاهور شێخ جه‌نگی و باڤڵ تاڵه‌بانی یه‌كلابكه‌نه‌وه‌ كامیان بكرێته‌ سكرتێر، له‌ هه‌مانكاتیشدا به‌رهه‌م ساڵح و ته‌واوی گروپه‌كانی دیكه‌ دژی ئه‌و سیناریۆیه‌ ده‌بن.
تێگه‌یشتن له‌و هاوكێشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆ هه‌ندێ كه‌سی ئاسایی، یاخود دوور له‌ رووداوه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتیی قوڕسه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ جه‌رگه‌ی رووداوه‌كانن، ده‌زانن چی نوسراوه‌؟ چی ده‌گوزه‌رێ؟ ته‌نها وێنه‌گرتنه‌كانی سه‌ركرده‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ مه‌بینه‌، به‌ڵكو بزانه‌ حه‌قیقه‌تی ململانێكان چۆنه‌؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand