Draw Media

بۆئه‌وه‌ی روونتر له‌ ماده‌ و بڕگه‌كانی یاسایی چاكسازی بگه‌یت

بۆئه‌وه‌ی روونتر له‌ ماده‌ و بڕگه‌كانی یاسایی چاكسازی بگه‌یت

2020-01-15 11:24:37


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم 

دوای خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ یاسایی چاكسازی، دانیشتنی لیژنه‌ی هاوبه‌شه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی راپۆڕتی كۆتایی بۆ دانیشتنی سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌، 16ی كانونی دووه‌م به‌رده‌وامه‌.
ئه‌و ماده‌ و بڕگانه‌ی كه‌ تایبه‌تن به‌ زۆرینه‌ی توێژه‌كان و زۆربه‌ی فراكسیۆنه‌كان له‌سه‌ری رێكه‌وتوون به‌م شێوه‌یه‌ :


* خانه‌نشینی پله‌ باڵا و تایبه‌ته‌كان
به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان فراكسیۆنه‌كانی پارتی و یه‌كێتیی گۆڕان و كۆمه‌ڵ و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی فراكسیۆنه‌كان دواین نوسینه‌وه‌ی راپۆڕتی لیژنه‌ی هاوبه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ :
1. بۆ خانه‌نشینی په‌رله‌مانتار و پله‌ باڵاكان ئه‌گه‌ر مه‌رجی ته‌مه‌ن و ساڵانی خزمه‌تی هه‌بێت به‌ 15% خانه‌نشین ده‌كرێت، ساڵانی خزمه‌تیش حساب ده‌كرێت هه‌ر ساڵێكی خزمه‌تیش به‌ 1.5 داده‌نرێت، ئه‌گه‌ر بڕوانامه‌ی دبلۆمی هه‌بێت 2 خاڵی دیكه‌ وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌ر به‌كه‌لۆریۆس بێت 4، ئه‌گه‌ر ماسته‌ر بێت 6، ئه‌گه‌ر دكتۆرا بێت 8. به‌ڵام ئه‌و په‌رله‌مانتار و پله‌ باڵا و تایبه‌ته‌ نابێت رێژه‌ی خانه‌نشینكردنه‌كه‌ی له‌سه‌دا 50% موچه‌كه‌ی تێپه‌ڕبكات.
واته‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتارێك ته‌مه‌نی له‌سه‌رووی 45 ساڵ بێت و 15 ساڵ خزمه‌تی هه‌بێت و بڕوانامه‌ی به‌كه‌لۆریۆسی هه‌بێت ئه‌وا 15+ 15 ساڵ خزمه‌ت ( هه‌رساڵێك 1.5 حساب ده‌كرێت ) + 4 بڕوانامه‌ یه‌كسانه‌ به‌ 42 كه‌واته‌ ئه‌و پله‌ باڵا و تایبه‌ته‌ به‌ له‌ سه‌دا 42ی موچه‌ی ئێستای خانه‌نشین ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌سه‌دا په‌نجا تێپه‌ربكات، ئه‌وا هه‌ر به‌ سه‌دا په‌نجا خانه‌نشین ده‌كرێت.


2. بۆ خانه‌نشینی په‌رله‌مانتار و پله‌ باڵاكان ئه‌گه‌ر مه‌رجی ته‌مه‌نی خانه‌نشینی تیدا نه‌بێت ئه‌وانیش به‌ 15% خانه‌نشین ده‌كرێن، بۆ ئه‌وانیش ساڵانی خزمه‌ت حساب ده‌كرێت هه‌ر ساڵێكی خزمه‌تیش به‌ 1.5 داده‌نرێت، ئه‌گه‌ر بڕوانامه‌ی دبلۆمی هه‌بێت 2 خاڵی دیكه‌ وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌ر به‌كه‌لۆریۆس بێت 4، ئه‌گه‌ر ماسته‌ر بێت 6، ئه‌گه‌ر دكتۆرا بێت 8.
واته‌ ئه‌گه‌ر پله‌ باڵایه‌ك ته‌مه‌نی خانه‌نشینی كه‌متر بوو له‌ 45 ساڵ و 12 ساڵ خزمه‌تی هه‌بێت و بڕوانامه‌كه‌شی به‌كه‌لۆریۆس بێت 15 + 12 ( بۆ هه‌رساڵێك 1.5 حساب ده‌كرێت) + 4 بروانامه‌ یه‌كسانه‌ به‌ به‌ 37، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خانه‌نشینی نه‌گه‌یشتۆته‌ 45 ئه‌وكات به‌ له‌سه‌دا 25% موچه‌كه‌ی خانه‌نشین ده‌كرێت، نه‌ك له‌ سه‌دا 37.
ئه‌گه‌ر پله‌ باڵایه‌ك ته‌مه‌نی خانه‌نیشینی كه‌متر بوو له‌ 45 ساڵ و 2 ساڵ خزمه‌تی هه‌بێت به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی پێش كاری په‌رله‌مانتاری فه‌رمانبه‌ر نه‌بوون، بڕوانامه‌كه‌شی به‌كه‌لۆریۆس بێت 15 + 1 ( بۆ هه‌رساڵێك 1.5 حساب ده‌كرێت) + 4 بڕونامه‌ یه‌كسانه‌ به‌ 21، ئه‌وكاته‌ به‌ له‌سه‌دا 21ی موچه‌كه‌ی خانه‌نشین ده‌كرێت.
تاوه‌كو ئێستا ئه‌و بڕگه‌یه‌ جێگیركراوه‌ له‌ راپۆرتی لیژنه‌ی هاوبه‌شه‌كان، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كان له‌ دوێنێ شه‌وه‌وه‌و هه‌ریه‌ك له‌ فراكسیۆنه‌كانی یه‌كێتیی و به‌شێك له‌ پارتییه‌كان و به‌ گشتیی گه‌نجه‌كانی نێو په‌رله‌مانتار پاشگه‌زبوونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ ده‌ستكاری بكرێت. به‌پێی زانیارییه‌كان به‌ پێی ئه‌و بڕگه‌یه‌ زیاتر له‌ 30 په‌رله‌مانتار له‌ كاره‌كانی پێشووتریان موچه‌كه‌یان باشتربووه‌، بۆیه‌ له‌ دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه‌.
یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانیش كه‌ برتین له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانتاری خوله‌كانی رابردوو هاتوونه‌ته‌ سه‌ر هێل و ئه‌و برگه‌و ماده‌یان ره‌تكردۆته‌وه‌. پله‌ تایبه‌ته‌كانی پێشووترو ئێستاش له‌ بڕیكارو راوێژكارو به‌ڕێوبه‌ره‌ گشتییه‌كان، ئه‌و بڕگه‌یه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و پێیانوایه‌ ئه‌و بڕگه‌و ماده‌یه‌ غه‌درێكه‌ له‌وان، چونكه‌ ئه‌وان ساڵانی خزمه‌ت و ته‌مه‌نیان ته‌واوه‌و پێویست ناكات بێنه‌ نێو ئه‌و یاسایه‌.
تاراده‌یه‌كی زۆریش حكومه‌ت و به‌شێك له‌ وه‌زیره‌كانی ئێستا و پێشووش له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕگه‌یه‌ نین، بۆیه‌ به‌هۆی ئه‌و فشارانه‌ی دروستبوون ئه‌گه‌ری زۆره‌ گۆڕانكاری زۆر بكرێت، جارێكی دیكه‌ ده‌ستكاری بكرێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ مشتومڕی له‌سه‌ر دروست بێت.
هه‌رچه‌نده‌ نه‌وه‌ی نوێ و یه‌كگرتوو له‌سه‌ره‌تاوه‌ دژایه‌تی خۆیان بۆ خانه‌نشینی موچه‌ی پله‌ باڵاكان ده‌ربڕیوه‌، له‌گه‌ڵی نین، كۆمه‌ڵی ئیسلامیش ئه‌گه‌ر ده‌ستكاری ئه‌وه‌ی ئێستا بكرێت، سبه‌ی ده‌نگی پێناده‌ن.


* مووچه‌ی بندیوارو رێكخراوه‌كان
به‌پێی دواین راپۆڕتی لیژنه‌ی هاوبه‌ش سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوو به‌ نایاسایی پله‌كان به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ و بندیدواربوون و سه‌ر به‌ رێكخراوه‌كان بوون، به‌ڵام ده‌وامی حزبیان هه‌بووه‌، به‌پێی رێككاری یاسایی و ئیداری ناونیشان و پله‌ی وه‌زیفیان ده‌پارێزرێت و موچه‌كه‌یان وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌.
جیاوازی زۆری نێوان پارتی و یه‌كێتیی له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسایی چاكسازی ئه‌و بڕگه‌یه‌بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ئۆكه‌ی درا كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ مافیان پارێزراو ده‌بێت، بۆیه‌ یه‌كێتیی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌دا بچێته‌ په‌رله‌مان.
به‌پێی ئه‌و بڕگه‌یه‌ له‌ یه‌كێتیی و پارتی به‌ هه‌زاران كه‌س سوودمه‌ند ده‌بن له‌ یه‌كێتیی 11 هه‌زار كه‌سه‌ و له‌ پارتیش 16 هه‌زار و لایه‌نه‌ بچووكه‌كانیش چه‌ند سه‌د كه‌سێكیان هه‌یه‌.


* موچه‌و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی
له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ ئه‌و 5 هه‌زار كه‌سه‌ی كه‌ موچه‌ی زیندانی سیاسی وه‌رده‌گرن دوای ته‌واوبوونی ماوه‌كه‌یان كه‌ 10 ساڵ بوو موچه‌كه‌یان ده‌بڕدێت، له‌ شوێنی ئه‌وان ئه‌و 18 هه‌زار كه‌سه‌ی وه‌كو یه‌ده‌گ دێنه‌ شوێنه‌كانیان، به‌ڵام به‌ پێی یاسایی چاكسازی ئه‌گه‌ر زیندانی سیاسی موچه‌یه‌كی دیكه‌ی حكومی هه‌بێت و موچه‌ی زیندانی سیاسی وه‌رناگرێت.فشارو خوپیشاندانی زیندانیانی سیاسی ده‌ستیپێكردوو، به‌ڵام پێناچێت حكومه‌ت و په‌رله‌مان بێنه‌ ژێر باری داواكارییه‌كانیان.


* بڕگه‌ی تایبه‌ت به‌ كه‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی
هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان فراكسیۆنه‌كان وادانرابوو كه‌مترین موچه‌ له‌ نێوان ( 400 بۆ 500) بێت، به‌ڵام به‌پێی دواین راپۆرتی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ كه‌ سبه‌ی ده‌خرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانتاران، ئه‌و بڕگه‌یه‌ ده‌رهێنراوه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئێستادا ره‌تیكردۆته‌وه‌ ئه‌و بارگرانیه‌ بخانه‌ سه‌رخۆی.

* پاشه‌كه‌وت
به‌پێی دواین راپۆرت ته‌نها هه‌ژمارێكی تایبه‌ت به‌ فه‌رمانبه‌ر بۆ موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی له‌ داهاتوو دروستده‌كرێت.

* موچه‌ی كه‌س و كاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان
زۆرترین مشتوومڕ له‌سه‌ر ئه‌و بڕگه‌و ماده‌یه‌، چونكه‌ به‌پێی ئه‌وه‌ی حكومه‌ت دایناوه‌ خه‌ڵكێكی زۆر تیایدا زه‌ره‌رمه‌نده‌بێت و دوێنیش په‌رله‌مان و حكومه‌ت گفتووگۆی زۆریان له‌سه‌ر كردووه‌، بڕیاریشه‌ ئه‌مڕۆ ئێواره‌ دووباره‌ له‌سه‌ری كۆببنه‌وه‌.
بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك مێرده‌كه‌ی شه‌هید و ئه‌نفالكراو بێت، منداڵه‌كانی موچه‌خۆربن، یاخود ته‌مه‌نیان له‌سه‌رووی هه‌ژده‌ ساڵیه‌وه‌ بێت، ئه‌وا دوای مردنی ئافره‌ته‌كه‌ موچه‌ی شه‌هید بۆ نه‌وه‌كانی ناچێت و ده‌بڕدرێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕگه‌یه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ دواین راپۆرتی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، جێگیربكرێت و سبه‌ی بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، ئه‌وا به‌شێكی زۆری كه‌س و كاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان موچه‌كه‌یان ده‌بڕدرێت.
به‌پێی زانیارییه‌كان حكومه‌ت و په‌رله‌مان نایانه‌وێ له‌ ئێستادا ئه‌و كێشه‌یه‌ رووبه‌رووی خۆیان بكه‌نه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌وه‌ له‌ دوێنێ و ئه‌مڕۆش خه‌ریكی گۆڕینی ئه‌و بڕگه‌و ماده‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ كه‌مترین كه‌س تیایدا زه‌ره‌رمه‌ندبێت، به‌ڵام وردبینی دووباره‌ بۆ لیستی شه‌هیدان ده‌كه‌نه‌وه‌.

* خانه‌نشینی نایاسایی
به‌پێی دواین راپۆرتی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان سه‌رجه‌می ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی خانه‌نشینی سه‌ربازی و مه‌ده‌نی كراون، یاخود به‌ پله‌یه‌ك خانه‌نشینكراون، كه‌ له‌ پێشووتردا ئه‌و پله‌ وه‌زیفه‌یان نه‌بوو، ئه‌وا سه‌ر له‌به‌ری هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، به‌ڵام موچه‌یان نابڕدرێت، به‌ڵكو به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان دووباره‌ به‌پێی پله‌ی شایسته‌ی خۆیان خانه‌نشین ده‌كرێن، به‌ڵام به‌ پله‌و ناونیشانی پێشووتر نابێت، به‌مه‌ش موچه‌كه‌یان كه‌مده‌بێته‌وه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand