ئەمریكا بە "ماگنتسكی" لایەنگرانی ئێران لە عێراق راودەكات
2020-01-19 16:33:40
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
بەرپرسانی ئەمریكا لە عێراق خۆیان هەواڵەكەیان دزەپێكردووە، لەڕێگەی دزەپێكردنی ئەم هەواڵەوە دەیانەوێت هۆشداری بەو كەسانە بدەن كە ناویان هێنراوە، واشنتۆن لەڕێگەی یاسای ماگنتسكی-یەوە دەیەوێت لایەنگرانی ئێران لە عێراق راوبكات، ماگنتسكی چییە ؟ سزاكانی چین ؟ لەم راپۆرتەدا (درەو) زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە.
هەواڵێكی دزەپێكراو
ئەمڕۆ لە چەند سەرچاوەیەكی ناڕوونەوە هەواڵێك بڵاوكرایەوە لەبارەی ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێنج سەركردەی عێراقی خستوەتەناو لیستی سزاكانییەوە، بەڵام تائێستا هیچ بەرپرسێكی ئەمریكی هەواڵەكەی پشتڕاستنەكردوەتەوە.
(درەو) لەڕێگەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەغداد، بەدواداچوونی بۆ راستیو ناڕاستی هەواڵەكە كرد.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەرپرسانی ئەمریكی لە عێراق خۆیان دزەیان بە هەواڵەكە كردووە، ئەمەش وەكو هۆشداریدانێك بۆ ئەو كەسانەی كە لە هەواڵە دزەپێكراوەكەدا ناویان هاتووە.
ئەو كەسانەی كە ناویان هاتووەو هۆشدارییان پێدەدرێت لەبارەی ئەوەی ناویان دەخرێتە لیستی سزاكانی ئەمریكاوە بریتین لە هەریەكە لە:
• هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحو یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی ئێران لە عێراق.
• نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا
• حاكم زاملی سەركردەی میلیشیای سوپای مەهدی
• فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی
• شبل زەیدی ئەمینداری كەتیبەكانی ئیمام عەلی
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دوای ئەوەدێت ژمارەیەك لە سەركردە سەربازییەكانی حەشدی شەعبی هەڕەشەی هێرشكردنیان كرد بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە تۆڵەی كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشێكی ئەمریكادا لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران.
سزاكەی ئەمریكا چییە ؟
ئەو سزایەی كە واشنتۆن بەسەر بەرپرسانی عێراقدا دەسەپێنێت، لە ئەمریكای پێدەوترێت یاسای (ماگنتسكی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ و لێپرسینەوە)، ئەمە بۆ سزادانی ئەو كەسانەیە كە ئەمریكا تۆمەتباریان دەكات بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و گەندەڵی.
یاسای ماگنتسكی چییە ؟
ئەمە پرۆژەیاسایەكی هاوبەش بوو كە هەردوو پارتی دیموكراتو كۆمارییەكان لە كۆنگرێس پێشكەشیانكردو دێسەمبەری 2012 باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمریكا پەسەندی كرد.
یاساكە بۆ سزادانی ژمارەیەك كەسایەتی روسی بوو كە واشنتۆن تۆمەتباريكردبوون بە تێوەگلان لە مردنی سێرگی ماگنتسكی لە زیندانەكەیدا لە مۆسكۆ لە ساڵی 2009دا.
سێرگی ماگنتسكی ژمێریاری باج بوو، ئەو پیاوە لێكۆڵینەوەیەكی كردبوو، تێیدا رایگەیاندبوو، ژمێریارانی باج لە روسیا بڕی (230) ملیۆن دۆلاریان لە خەزێنەی دەوڵەت دزیوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی روسیا لەبەرامبەردا ئەم قسەیەدا ماگنتسكی-یان دەستگیركردو رەوانەی زیندانیان كرد، راپۆرتەكان باسیان لەوەدەكرد لە زینداندا ئەشكەنجەی زۆر دراوە، هاوڕێیەكی ئەمریكی ماگنیتسكی بابەتەكە لە ئەمریكا وروژاند، لەسەر ئەو بنەمایە ئیدارەی ئەمریكا رێوشوێنی گرتەبەر.
لە ساڵی 2016وە یاسای ماگنیتسكی كەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوە لە ئەمریكا، یاساكە تەنیا بەرپرسانی روسیا ناگرێتەوە، بەڵگو گشتگیركراوە بۆ هەموو جیهانیش، یاساكە ئیدارەی ئەمریكای دەستكراوە كردووە لەسەرتاسەری جیهان سزا بەسەر هەر كەسێكدا بسەپێنێت كە تێوەگلابێت لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ.
سزاكانی ماگنتسكی چین ؟
ئەو سزایانەی كە لەچوارچێوەی یاسای ماگنتسكی-دا دیاریكراون ئەمانە لەخۆدەگرن:
• لیستی رەشی بانكەكان
ئەوانەی كە بەیاسای ماگنتسكی سزادەدرێن، ناویان دەخرێتە لیستی ئەو كەسانەی كە ملكەچكراون بۆ چاودێریكردنی نوسینگەی چاودێری دارایی بیانی لە ئەمریكا كە سەربە وەزارەتی خەزێنەیە، ئەم كەسانە دەستدەگیرێت بەسەر سەروەتو سامانیاندا لە ئەمریكا، هەروەها ناویان دەخرێتە سیستمی سڕینەوەی ئۆتۆماتیكییەوە كە بەتایبەتی لە بانكەكانی ئەمریكاو وڵاتانی خۆرئاوادا ئەم سیستمە بەكاردەهێنرێت، ئەمە وادەكات كەسی سزادراو نەتوانێت حسابی بانكی بكاتەوە یان پارە حەواڵە بكات یاخود مامەڵەی تایبەت بە خاوەندارێتی لە دەرەوەی وڵاتەكەی خۆی بكات.
• وەبەرهێنەران مامەڵەیان لەگەڵدا ناكەن
سزایەكی تر كە لەیاسای ماگنتسكی-دا هاتووە، ئەوەیە وەبەرهێنەران مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا ناكەن كە ملكەچن بۆ سزاكانی ئەمریكاو هاوبەشەكانی، ئەمەش وادەكات كاروباری بازرگانی ئەو كەسانە دوچاری داڕمان ببێت، هەروەك ئەم رێوشوێنە وادەكات ئەو كەسانە بەئاسانی نەتوانن بەشداری لە پرۆژە گەورە ئابورییە قازانجدارەكاندا بكەن، بەهۆی ئەوەی ناتوانن مۆڵەتی كاركردن وەربگرن.
• كۆتوبەندی گەشتكردن
یاسای ماگنتسكی رێگری لەوە دەكات سزادراوان گەشتی ئەمریكا بكەن، هەروەها لەتوانایدایە گرێوگۆڵ بۆ ئەو كەسانە دروستبكات لە پێدانی ڤیزا بۆ گەشتكردنیان بۆ وڵاتانی تریش، سیستمی سڕینەوە لە هێڵی ئاسمانیدا، وادەكات ئەو كەسانە نەناسرێنەوە، ئەمەش كێشەیان بۆ دروستدەكات.
• پەراوێزخستن لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە
ئەوانەی ناویان دەچێتە لیستی سزای ماگنتسكی-یەوە، لەلایەن ئیدارەو بەرپرسانی ئەمریكاوە بەتەواوەتی پەراوێز دەخرێنو كەس دیداری سیاسییان لەگەڵدا ناكات، سەرباری ئەمە، ئەوانەی دەچنە لیستی سزاكەوە، لە وڵاتەكانی خۆیان ناتوانن پۆستی وەزیر یاخود پارێزگارو پۆستی باڵا وەرگرن.
كێن ئەوانەی تائێستا سزادراون ؟
بۆیەكەمجار دوای دەرچوونی، یاسای ماگنتسكی لەسەر عێراق جێبەجێكرا، رۆژی 18ی تەموزی 2019 نوسینگەی چاودێری دارایی بیانی كە سەربە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكایە، بەپێی یاسای ماگنتسكی سزای بەسەر چوار بەرپرسی عێراقدا سەپاند.
بەرپرسەكان بریتی بوون لە هەریەكە لە (رەیان كلدانی- وەعد قەدۆ- نەوفل حەمادی عاگوب- ئەحمەد جبوری).
رەیان كلدانیو وەعد قەدۆ سەركردایەتی میلیشیایەكیان دەكرد، بەقسەی بەرپرسانی ئەمریكی ئەو دوو كەسە فەرمانی حكومەتی ناوەندی عێراقیان بۆ كشانەوە لە ناوچەی مەسیحینشینەكانی دەشتی نەینەوا رەتكردوەتەوە، ئەمەش بووەتە بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵكی ئاوارەی ناوچەكە بۆسەر ماڵوحاڵیان هەروەها كێشەی بۆ پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە دوای نەمانی "داعش" دروستكردووە.
نەوفل حەمادی عاگوب و ئەحمەد جبوری كە خرانە لیستی سزاكانەوە هەردووكیان پارێزگار بوون، هەردووكیان تۆمەتباركرابوون بە گەندەڵی، نەوفل عاگوب پارێزگاری نەینەوا بوو، تۆمەتباردەكرا لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی موسڵدا تێوەگلابێت لە گەندەڵی، ئەحمەد جبوریش پارێزگاری سەلاحەدین بوو، لەلایەن ئەمریكییەكانەوە تۆمەتبار دەكرا بە گەندەڵیو پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆی.
لەدوای ئەم چواركەسە، هەر لە ساڵی 2019دا ئەمریكا بۆ جاری دووەم یاسای ماگنتسكی لەدژی ژمارەیەك كەسایەتی تری عێراقی بەكارهێنا.
رۆژی 6ی دێسەمبەری 2019 ئەمریكا چوار كەسایەتی عێراقی خستە لیستی سزاكانییەوە كە بریتی بوون لە هەریەكە لە:
• قەیس خەزعەلی: سەرۆكی میلیشیای عەسائیب ئەهل حەق، ئەمریكا تۆمەتباری كرد بەوەی بەپشتیوانی سوپای پاسدارانی ئێران خۆپیشاندەرانی عێراقی سەركوتكردووە، خەزعەلی لەو سەركردە سەربازییانەی شیعە بوو لە عێراق كە پێشتر ئەمریكییەكان بەتۆمەتی كوشتنی پێنج سەرباز دەستگیركریان كردبوو، دواتر ئازادیان كردبوو.
• لەیس غەزعەلی: ئەمە برای قەیس غەزعەلی-یە، لەلایەن ئەمریكییەكانەوە تۆمەتباركرا بە سەركوتكردنی خۆپیشاندەرانو بەشداریكردن لە پرۆسەی پاكتاوكردنی سوننەكان لە پارێزگای دیالە.
• ئەبو زەینەب لامی: ناوی راستەقینەی حسێن فالح لامی-یە، یەكێكە لە ئەندامانی كەتیبەی (حیزبوڵا)، ئەمریكا ئەم كەتیبەی خستوەتە لیستی تیرۆرەوە، بەرپرسی ئاسایشی ناوەندی هێزەكانی حەشدی شەعبی بوو، ئەمریكییەكان تۆمەتباریان كرد بەوەی لەپشت بەئامانجگرتنو كوشتنی خۆپیشاندەرانەوە بووە بە چەكی قەناسە.
• خەمیس خەنجەر: یەكێك لە روخسارە دیارەكانی پێكهاتەی سوننەیە لە عێراقو بەشدارە لە كوتلەی بنیادنان لە پەرلەمانی عێراق كە كوتلەی گەورەی پێكهاتەی شیعەیە لە عێراق، ئەمریكا تۆمەتباریكرد بە وەرگرتنی بەرتیلو گەندەڵیو پشتیوانیكردن لە ئێران.
یەكەم سزای ئەمریكا
رۆژی 5ی ئایاری ساڵی 2018 ئیدارەی ئەمریكا ناوی (ئاراس حەبیب) شارەزایی ئابوری خستە لیستی سزاكانییەوە، بانكی (البلاد الاسلامی) كە ئاراس حەبیب خاوەندارێتی دەكرد خرایە لیستی "تیرۆرر جیهانی"یەوە، ئەمریكییەكان ئاراس حەبیبیان تۆمەتباركرد بەوەی رۆڵی هەبووە لە حەواڵەكردنی پارەی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراقەوە بۆ حزبوڵای لوبنانی.
ئەمە سەرەتای دەستپێكردنی سزاكانی ئەمریكا بوو لەدژی ئەو كەسایەتییە سیاسییانەی عێراق كە پشتیوانییان لە ئێران دەركرد، لەكاتی خۆیدا سزاكەی ئاراس حەبیب جۆرێك لە شۆكی لەناو توێژی سیاسەتمەدارانی عێراقدا دروستكرد، ئەوە سەرەتای ئەو مەترسییە بوو كە ئێستا هەڕەشە لە زۆرێك لەوانە دەكات لە چینی دەستڕۆیشتووی سیاسەتن لە عێراق.