Draw Media

ئەگەرەكانی مانەوەو ڕۆیشتنی سوپای ئەمریكا لە عێراق

ئەگەرەكانی مانەوەو ڕۆیشتنی سوپای ئەمریكا لە عێراق

2020-01-23 17:05:20


راپۆرتی: درەو
سبەی هێزە شیعییەكان خۆپیشاندانی ملیۆنی بە تامی ڕاپرسی لەسەر كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكان لەعێراق دەكەن، ئەوان كە بەشێكی گەورەی وزەو ئیمكانیاتی دەوڵەتیان لەبەردەستدایە، گرەوی هەرە گەورەیان ئەوەیە لەم ڕێیەوە كاریگەری و ئیحراجییەكی گەورە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دروستبكەن. پێدەچێت گەیشتبنە ئەو بڕوایەی مانەوەی ئەمریكا بەم توڕەییەی ئێستاو ڕۆیشتنیشی بەتوڕەیی لە عێراق دوو بژاردەن یەكی لەیەكی خراپترن، بۆیە چاویان لەبژاردەیەكی تازەیە كە پێشهاتە نوێیەكان دروستیبكات.  

ئەم هەینییە بۆ ئەوان خۆپیشاندانێكی چارەنوسازە، ناونیشانێكی گەورەشیان پیاهەڵواسیوەو بە "خۆپیشاندانی سەروەری" ناوی دێنن، وەك ئاماژەیەك بۆ گێڕانەوەی سەروەری بۆ عێراق‌و، دەركردنی هێزی بێگانە لەسەر خاكەكەیان.
سەدرییەكان كە سەرپەرشتی ئەم خۆپیشاندانە دەكەن‌و، لەسەر داوای ڕابەڕەكەی ئەوان ڕێكدەخرێت، زۆر بەوردی لەسەر دوو تەوەر كاردەكەن:
 یەكەمیان: ئەم خۆپیشاندانە داواكارییەكی عێراقی پەتییەو هیچ پەیوەندییەكی بە ئێرانەوە نییە. دووەمیشیان: كاردانەوە نییە لەبەرامبەر كوشتنی " قاسم سولەیمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس" بەڵكو داواكارییەكی كۆنی "سەدر"ەو دەگەڕێتەوە بۆ پێش ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق.
"سەڵاح عوبەیدی" وتەبێژی ڕابەڕی ڕەوتی سەدر لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت:" بیرۆكەی خۆپیشاندانی هەینی دەگەڕێتەوە بۆ پێش هێرشە ئاسمانییەكەی ئەمریكا بۆ سەر فرۆكەخانەی بەغداد، ڕەتیشیدەكاتەوە فشاری ئێرانی لەپشتەوەبێت".
بەوتەی ئەو، خۆپیشاندانی سبەینێ‌ دوو داواكاری هەیە:
 یەكەمیان: ڕەتكردنەوەی بوونی سوپای ئەمریكا دوای دوژمنكارییەكانی دژ بە عێراقییەكان.
 دووەمیشیان: بەگژداچوونەوەی گەندەڵیی.

كێشەی گەورەی شیعییەكان لەوەدایە ئەم دوو ئامانجە ڕووبەڕووی زیاد لە فاكتێكی یاسایی‌و شەرعی دەبنەوە كە لە بایەخی داواكارییەكانیان كەمدەكاتەوە:
 یەكەمیان: لەڕووی شەرعییەتەوە كە پەرلەمانی عێراق بڕیاری لێداوە، بەدەنگی تەنها نوێنەرەكانی خۆیان تێپەڕیووەو نوێنەرانی دوو پێكهاتەی تر "كوردو سوننە" لەم بڕیارەدا غائیبوون.
 دووەمیان:داواكارییەكە پێش ئەوەی داوایەكی عێراقی بێت داوایەكی ئێرانییەو، لەدوای كوشتنی "سولەیمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس"وە بەرزكراوەتەوە. 
سێیەم: خۆپیشاندانەكە تەنها خۆیان ڕێكخەرو ئەنجامدەرین‌و، هیچ پێكهاتەیەكی تری عێراق بەڕوونی پشتیوانی یان بەشداری تێداناكات.    


ئەمریكا بێدەنگی هەڵبژاردووە
ئیدارەی ئەمریكا تائێستا شتێكی لەبارەی ئەو خۆپیشاندانانەوە نەوتووە كە بڕیارە سبەینێ‌ دژی بوونی هێزەكانی لەسەرخاكی عێراق بەڕێوەدەچێت، بەپێی هەوالێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەدیدارەكەی دوێنیی "بەرهەم ساڵح" سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە لەپەراوێزی كۆڕبەندی (دافۆس)دا بەڕێوەچوو، "باسی بوونی هێزە بیانییەكان‌و كەمكردنەوەی ژمارەیان لەعێراق و گرنگی ڕێزگرتن لە داواكاری گەلی عێراق بۆ پارێزگاریكردن لەسەروەری نیشتمانی‌و چەسپاندنی ئاسایش‌و سەقامگیری كراوە"، ئەمە ڕەنگە نوێترین زانیاری ڕاگەیەندراوی تایبەت بەم پرسە بێت كە بەشێوەیەكی ئاشكرا لەنێوان "واشنتۆن‌و بەغداد"دا باسكراوە، گەرچی خاڵییە لە بۆچونی ویلایەتە یەكگرتووەكان و ڕای سەرۆكەكەی لەسەر ئەم قسانە. 
لەدوای بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بە كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عێراق، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە زیاد لەبۆنەیەكدا هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابوری كردوە بەسەر عێراقدا، لەوەش توندتر ڕاشكاوانە وتی: " 35 ملیار دۆلاری عێراق لەبەردەستماندایەو ئەگەر ئەووڵاتە چۆڵبكەین پێویستە پارەی باجدەرانی ئەمریكا بدەنەوە". 
هێزە شیعییەكانی عێراق لەگەڵ ئەوەی هەموویان لەسەر پرسی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق هاوڕان، بەڵام سەبارەت بەشێوازی مامەڵكردن لەگەڵ ئەم پرسە جیاوازییان هەیە، هەندێك لە گروپەكانی نزیك لە ئێران دەیانەوێت بەهەر نرخێك بێت ئەمریكا لە عێراق دەربكەن، بەڵام زۆرێك لە هێزەكانی تر ئەو بڕوایەیان بەتۆخی لاچەسپیوە كە ڕەنجانن و توڕەكردنی ئەمریكا مانای ماڵوێرانییە بۆ عێراق، ترسی گەورەشیان هەیە ئەمریكا هەر بە سزادانی ئابورییەوە نەوەستێت‌و، دوای خۆی شتێك نەهێڵێتەوە بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە لەڕێی:
1-    زیندوكردنەوەی مەسەلەی فیدراڵی ناوچە سونییەكان.
2-     كردنەوەی بنكەی سەربازی لەهەرێمی كوردستان.

هەموو بژاردەكان خراپن
سیاسیەكانی شیعە كە لەدوای 2003وە لەترۆپكی دەسەڵاتی جێبەجێكردندان لە عێراق، بەدرێژایی 17 ساڵی ڕابردوو نەیانتوانی مۆدێلێكی جیاواز لەسیاسەتكردن پێشكەش بەگەلانی عێراق بكەن، تەنانەت نەیانتوانی وەك پێویست خزمەتی پێكهاتەكەی خۆشیان بكەن. لەئێستادا ناوچە شیعە نشینەكان لەخراپترین دۆخی گوزەراندان، بەدەست سەرەتایترین كێشە خزمەتگوزراییەكانی وەك ئاو و كارەباو ڕێگاباون و پێداویستیەكانی ترەوە دەناڵێنن، بەوهۆیەوە چەندین خۆپیشاندانی گەورە سەریانهەڵداوە كە دواترینیان ئەو خۆپیشاندانانەیە كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوەوە سەریانهەڵداوەو زۆرێك لەشارەكانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراقی گرتوەتەوە‌و تائێستاش درێژەی هەیە.
ئەوەی وایكردووە لەم قۆناغەدا كێشەكانی نێوان ئەمریكاو شیعە قوڵتربێتەوە، تەنها مەسەلەی ڕۆڵ و هەژموونی ئێران و گروپەكانی حەشدی شەعبی نییە لە عێراق لەگەڵ ئەوەی دیوێكی  گرنگی كێشەكەن، ئەمریكا هەر بەوە وازیان لێناهێنێت. هێزە باڵا دەستە شیعەكان ئومێدێكی گەورەیان لەسەر ئەو ڕێككەوتنە هەڵچنیبوو كەحكومەتەكەی "عادل عەبدولمەهدی" ساڵی پار لەگەڵ  حكومەتی "چین" ئەنجامیدا، ئەوان بەنیازبوون بەهۆی ئەو ڕێككەوتنەوە لەماوەی چەند سالێكدا عێراق هەم لە كێشەی خزمەتگوزرای ڕزگاربكەن‌و، هەم لەژێر هەژموونی ئەمریكاش دەربێنێن، بۆچونی زۆریش هەیە كە ئێران ئەندازیاری نزیكبوونەوەی "چین‌و عێراق" و ئیمزاكردنی ئەو ڕیككەوتنەبێت. بەڵام ئەمریكا هەم بەڕووخاندنی حكومەتەكەی "عەبدولمەهدی" و هەمیش بەلێدانی گروپەكانی حەشدو كوشتنی "سولەیمانی‌و موهەندیس" و توندكردنەوەی فشارەكان لەسەر ئێران، جارێكی تر ڕیسەكەی لێكردنە بەخوری، چونكە ئەمە بۆ ئەمریكییەكان نەك هەر پەراوێزخستن بوو، بەڵكو كردنە دەرەوەیەكی كرداری بوو لە پرۆسەی سیاسی‌و گواستنەوەی عێراق بوو لەسەر بازگەی واشنتۆنەوە بۆ سەربازگەی ڕكابەرەكانی.  
لەئێستا شیعەكان لەبەردەم دوو بژاردەدان كە یەكی لەیەكی تاڵترن، مانەوەی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق مانای قبوڵكردنی ئەمری واقیع و لاوابونی زیاتری خۆیان و دوركەوتنەوەیان لە خولگەی ئێران، پێداگریشیان لەسەر كردنە دەرەوەی ئەمریكا و ڕۆیشتنی سوپاكەی، مانای گرەوكردن لەسەر ئایندەی وڵاتێك كە ناوی عێراقەو ئەوان دەسەڵاتداری یەكەمن تێیدا. ڕەنگە بژاردەیەكی نادیاریش لەپشتی پەردەوەهەبێت‌و بە بژاردەی سێیەم ناوبهێنرێت، ئەویش ڕێككەوتنێكی نوێیە بە بەشداری ئێران‌و دابەشكردنەوەی سەرلەنوێی ڕۆڵەكان بەشێوەیەكی هاوسەنگ لە عێراق، بەجۆرێك جارێكی تر ئێران بەتەنیا بڕیارنەدات‌و، هەوڵی پەراوێزخستنی ڕۆڵی ئەمریكا نەدات لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا، هێزە شیعییەكانیش عێراق سەركێشی لەشێوەی ڕێككەوتن‌و نزیكبونەوە  لە"چین" نەدەن، كە ڕەنگە بۆ ئەمریكا بەزاندنی هیڵی سوربێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand