كورد لەنێوان بەرداشی ئەمریكاو عەجەم
2020-01-15 19:34:26
راپۆرتی: درەو
هەینی داهاتووتر، گۆڕەپانی تەحریری بەغدادی پایتەخت دەبێتە گۆڕەپانی خۆپیشاندانێكی ملیۆنی جیاواز، بە دروشمو داواكاریی جیاواز لە خۆپیشاندانەكانی سێ مانگی ڕابردووی عێراق، ئەم خۆپیشاندانە باسی گەندەڵیو ناعەدالەتی تیادانییە، داواش لە نوخبەی سیاسی ناكات بڕوات. كێشەی ئەمان بوونی هێزی بێگانەیە لەسەر خاكی عێراق، كە بۆتە هەڕەشەی جدیی لەسەر وجودی خۆیان. حزبو گروپە شیعییەكانی عێراق كاراكتەری ئەم نمایشە تازەیەن، سیناریستەكەی تارانە، نیازیانوایە ئەم دراما سیاسیە لە ڕەهەندە تائیفەییەكەی داماڵنو، بەرگێكی ڕەنگاو ڕەنگی لەبەر بكەن.
ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو "موقتەدا سەدر" ڕابەڕی ڕەوتی سەدر لە تویتێكدا ڕایگەیاند:" ئاسمانی عێراقو خاكەكەیو سەروەریی لەلایەن هێزە داگیركەرەكانەوە پێشێلدەكرێت". داواشی لەگەلی عێراق كرد دژی بوونی سوپای ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق خۆپیشاندانێكی ملیۆنی ئاشتیانە ئەنجامبدەن.
دوابەدوای تویتەكەی "سەدر"، "هادی عامری" سەرۆكی ڕێكخراوی بەدرو "قەیس خەزعەلی" ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەقو زۆرێك لەسەركردەی حزب و گروپە شیعییەكان پشتیوانی خۆیان بۆ داواكەی "سەدر" دەربڕیو داوایان لە خەڵكی عێراق كرد بە تەواوی پێكهاتەكانییەوە بەشداری ئەو خۆپیشاندانە بكەن.
ڕۆژێك پێش ئەم پەیامەی "سەدر" گروپە چەكدارە شیعییەكان (ڕەوتی سەدر، عەسائیبی ئەهلی حەق، ڕێكخراوی بەدر، كەتائیبی حزبوڵا، كەتایبی سەیدلشوهەدا، نوجەبا) كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا بە ناوی كۆبونەوەی "گروپەكانی بەرەنگاری" بۆ تاوتوێكردنی میكانیزمی دەركردنی هێزە داگیركەرەكانی ئەمریكا لە عێراق.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەكۆبونەوەكەوە بڵاوبوەوە، لیژنەیەكی هەماهەنگی بۆ ڕێكخستنی كاری ئەم گروپانە پێكهێنراوە بۆ دەركردنی هێزی داگیركەری ئەمریكا لە عێراق.
دەوڵەوتو دامەزراوە غائیبن
غائیبی سەرەكی لەم ڕێكخستنە تازەیەی ناو ماڵی شیعەدا "دەستەی حەشدی شەعبی"یە، لەكاتێكدا تەواوی ئەم گروپانە لەژێر ڕەشماڵی ئەو دەستەیەدا كۆكراونەتەوە، كە جگە لەوەی چەترێكی یاسایی بۆ دەستەبەركردوون، چەكو پێداویستیو مووچەشیان دابین دەكات، لەویش غائیبتر حكومەتو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانو وەزارەتی بەرگرییو دامەزراوە ئەمنییەكانی تری وڵاتە، ئەمانە هیچ محلەلێكیان نییە لە ئیعرابی ئەم پێشهاتە تازانەدا، هیچ قسەیەكشیان نییە لەبارەی یاساییبوونو نەبوونی كاری تاكو كۆی ئەم گروپانە لە حزوری دەوڵەتدا.
خالێكی تر كە مایەی سەرەنجە، كۆبونەوەو ڕێككەوتنی ئەم هێزو گروپە نەیارو دژ بەیەكانەیە، كە هەندێكیان بەخوێنی سەری یەك تینون، ئەوەش دەلالەتێكی ڕوونە لەگەورەیی ئەو هەڕەشە وجودییەی لەسەریانە، ڕەنگە هەر ئەوەش ناچاری كردبێتن هەموو ناكۆكییەكان وەلابنێننو باوەش بەیەكدا بكەن.
هێزە شیعییە باڵادەستەكانی عێراق لەگەڵ ئەم پێشهاتە تازەیەدا لەسەر سێ ئاست كاردەكەن:
1- بە جەماوەریكردنی داواكاری ڕۆیشتنی هێزە بیانییەكانو كردنی بەقەزییەی ڕایگشتی، بۆ ئەوەش خۆپیشاندانی ملیۆنی بۆ ڕێكدەخەن.
2- پیشاندانی نینۆك بە سوپای ئەمریكاو هێزە بیانییەكانی تر، بەوەی ئەگەر بەخۆشی نەرۆن ئەوا لەڕێی شەڕی چەكدارییەوە ناچاریان دەكەن عێراق بەجێبهێڵن.
3- بەكارهێنانی هەژموونیان لەدەسەڵاتی جێبەجێكردن لەڕێی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كاربەڕێكەر، هاوشێوەی دەسەڵاتی یاسادانانو تێپەڕاندنی بڕیارەكە.
كێشەی هەر گەورەی شیعییەكان لەم پرسەدا ئەوەیە، تائێستا نەیانتوانیوە داواكاری دەكردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق بكەنە داواكارییەكی عێراقی، بەومانایەی خواستو داوای تەواوی پێكهاتەكانی عێراق بێت، هەرچەندە لەلایەن پەرلەمانی عێراقیشەوە بڕیاری لەبارەوە دراوە، بەڵام بەوپێیەی نوێنەرانی كوردو سوننە بەشداری ئەو دانیشتنەیان نەكردووە، بڕیارەكە زیاتر ڕەهەندێكی تائیفی وەرگرتووە وەك لەوەی بڕیارێكی دەستەجەمعیی گەلانی عێراق بێتو، كۆدەنگیی تەواوی پێكهاتەكانی لەسەربێت.
"مۆرگان ئۆرتاگۆس" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەمباریەوە دەڵێت:" بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ناتەواوەو، كێشەی شەرعییەتی هەیە بەهۆی بەشدارینەكردنی نوێنەرانی پێكهاتەكانی تر لەدانیشتنی پەرلەماندا".
عەبدولمەهدی عەرابی پرۆژەكەیە
"عادل عەبدولمەهدی" سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە، كە خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی عێراق ئەستێرەی بەختی كوژاندنەوەو، ژیانی سیاسی بەتراژیدیترین شێوە كۆتایهات، ڕووداوی بۆردومانكردنی بارەگاكانی "كەتائیبی حزبوڵا" لەكۆتا ڕۆژەكانی ساڵی ڕابردوداو كوژرانی "قاسم سولەیمانیو ئەبومەهدی موهەندیس" لەلایەن ئەمریكاوە جارێكی تر ئومێدی بەدەستهێنانی شكۆی بۆ گەڕاندەوە.
ئەو باش لەوەگەیشتووە دۆزینەوەی بەدیلو شوێنگرەوەیەك بۆی كارێكی هەروا ئاسان نییە، زیرەكانەش كار بۆ مانەوەی خۆیدەكات، كارتی بەهێزی "عەبدولمەهدی" لەم قۆناغەدا قسەكردنە بەو ئاوازەی هێزە شیعییەكانو ئێران پێی دەخوێنن.
"عەبدولمەهدی" كە ئەندازیارو داواكاری ڕێكخستنی كۆبونەوەكەی پەرلەمانی عێراقو پەسەندكردنی بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكانە لە عێراق، ئێستا عەرابی ئەم پرۆژە"شیعییە عێراق _ئێران"یەیە.
بەدەگمەن هەوالێك لە نوسینگەی ڕۆژنامەوانییەكەیەوە بڵاودەبێتەوە باسی پێویستی كشانەوەی هێزە بیانییەكانو جێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقی تیادا نەبێت، هیچ شتێك بۆ ئەو لەئێستادا لەو قسەیە گرنگترو كاریگەرتر نییە، ئەو بەتەنها زامنی مانەوەی خۆی ناكات، لەكەی ئەوانەش لەسەرخۆی خۆی لابادەبات كە بەلاواز ناویدەهێنن.
"عەبدولمەهدی" هێندە توندە لەم پرسەدا، هیچ سیاسییەكی شیعە ناتوانێت شانبدات لەشانی، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لەپەیوەندییەكی تەلەفونی لەگەڵ "مایك پۆمپیۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، دوایلێكردبوو وڵاتەكەی تیم ڕەوانەی عێراق بكات بۆ داڕشتنی میكانیزمی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق.
یەك بژاردەی لەبەردەمدایە
جوڵاندنی كارتی كردنە دەرەوەی ئەمریكا لەعێراق ڕەنگە دوا كارتی بەهێزی ئێرانییەكان بێت كە هیوایان پێدا هەڵواسیوە، ئێرانو شیعییەكانی عێراق لەگەڵ ئەوەی لەترسو چارەنوسدا هاوبەشن، ئەوەشیان لا ڕوونە كە ئەمریكا هەروا بە ئاسانی عێراق جێناهێلێت، ئەگەر لەژێر فشاری شەقامیشدا ئەو بڕیارە بدات، ئاكامو دەرەنجامێكی زۆر كارەساتاویی بۆ خەڵكی عێراق دەبێت. سەرۆكی ئەمریكا لەزیاد لە بۆنەیەكدا ئەو هەڕەشەیەی كردووەو بەوتەی ئاگایانیش"ترەمپ" بە بڕیارێك دەتوانێت ئابوری عێراق بە تەواوی داتەپێنێت.
ئەوەی وای لە ئێرانو شیعەكان كردووە پەنا بۆ ئەم بژاردەیە بەرن ئەوەیە، هەردوولایان بەباشی لەوە گەیشتوون كردنە ئامانجی "سولەیمانیو موهەندیس" لەلایەن ئەمریكاوە سەرەتای یارییەكەیە، نەك كۆتاییەكەی، دڵنییان لەوەی واشنتۆن لێرەدا ناوەستێتو بەرنامەی پەكخستنی تەواوی تواناكانی گروپە چەكدارەكانی شیعەی هەیە كە لەچوارچێوەی "حەشدی شەعبی"دا خڕكراونەتەوە، لەڕێی وشككردنی سەرچاوەی داراییانو وەشاندنی گورزی ئاسمانیو كردنە ئامانجی سەركردەكانیان، كە ئەمە ڕاستەخۆ دەكاتە بڕینی دەستی ئێرانو دورخستنەوەی بە تەواوی لەبڕیاری سیاسی عێراق، لەوەش زیاتر توندكردنەوەی گەمارۆ ئابورییەكان لەسەریو بڕینی ئەو بڕە ئۆكسجینەی زۆرەی عێراقە كە ڕۆژانە دەیكاتە سییەكانی ئابوری داتەپیووی ئێرانەوە.
باشترین بژاردە بۆ ئەوان لەئێستادا بژاردەی دەركردنی سوپای ئەمریكایە لەعێراق لەڕێی فشاری جەماوەرییو ئەگەر بكرێت شەڕی پارتیزانی گروپە چەكدارە شیعییەكانەوە، ئەگەر نەشكرێت پرسی دەركردنی سوپای ئەمریكا بكاتە كارتێكی سیاسیو مامەڵەی لەگەڵ "واشنتۆن"پێبكات، بەو مانایەی ئەمریكا ناچاربكات لەبەرامبەر وازهێنانی شیعەكان لەداواكاری كردنەدەرەوەی ئەمریكا لە عێراق، فشارەكانی سەر تاران كەمبكاتەوە، لەگەڵ دەستهەڵگرتن لەپاكتاوكردنی گروپەچەكدارە شیعییەكانو سەركردەكانیان لە عێراق.
لەكورد مۆڕ دەبێتەوە
كۆماری ئیسلامی ئێران لەپرسی كردنە دەرەوەی ئەمریكادا چاوی زۆری لەسەر كوردە، پارتە كوردییەكان بەدیاریكراوی "یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستان" لەگەڵ ئەوەی دۆستایەتییەكی مێژووییان هەیە لەگەڵ تاران، لەگەڵ ئەمریكاش پەیوەندییەكی توندتوڵیان هەیە، كورد لەم پێشهاتە تازیەدا كەوتۆتە نێوان دوو بەرداش، دراوسێیەكی ئەبەدیو هاوپەیمانێكی گرنگو پێویست، هەردوولا لەهەوڵی ڕاكێشانی كوردن بەرەو سەربازگەی خۆیان، دەسەڵاتدارانی ئەمریكا زیاد لەجارێك لەسەر ئەو پرسە پەیوەندییان بە بەپرسانی هەرێمەوە كردووە، دیارنییە لەپەیوەندییەكاندا هەڕەشەیان كردبێت یان بەڵێنێكی تایبەتیان دابێت، بەڵام ئەوەی ڕوونە تائێستا بەرپرسانی هەرێم لەهەڵوێستی ئەمریكاوە نزیكنو نەچوونەتە بەرەی شیعەكان. لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی ئێران بە ئاشكرا هەڕەشە دەكەنو زیاد لە پەیامێكیان بۆ بەرپرسانی هەرێم ناردووە.
ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو "ئیرەج مەسجدی" باڵیۆزی ئێران لە عێراق كە پێشتر ڕاوێژكاری "قاسم سولەیمانی" بووە هاتە هەرێمی كوردستانو لەگەڵ بەرپرسانی هێزو لایەنە سیاسییەكان كۆبوەوە، پرسی هاوهەڵوێستی كورد لەگەڵ شیعە لەپرسی چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا ئەگەر ئەجێندای هەموو كۆبونەوەكە نەبوبێت ئەوا بابەتی سەرەكی بووە. سەرەتای ئەم هەفتەیەش "عادل عەبدولمەهدی" سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق سەردانی هەولێرو سلێمانی كرد. بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، بەشێك ئەجێندای ئەم سەردانەش گەیاندنی پەیامی حكومەتی تاران بووە لەبارەی هەمان پرس.
پێشتریش سەرچاوەیەكی باڵای سیاسی هەرێم بە(درەو)ی ڕاگەیاند: كۆماری ئیسلامی لەڕێی نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران پەیامێكی توندی ئاڕاستەی سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەی كردووەو، لەپەیامەكەدا تاران هۆشداری ئەوەی داوە بە بەرپرسانی هەرێم كە دەبێت پەیوەست بێت بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا، بەوپێیەی هەرێم لەگەڵ عێراقدا یەك جوگرافیای سیاسیو سەربازییەو، دوای كردنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق نابێت هەرێم ببێتە پەناگە بۆ هێزەكانی ئەمریكا.