Draw Media

لەبارەی دیدارەكەی نێچیرڤان بارزانی‌و ترەمپەوە

لەبارەی دیدارەكەی نێچیرڤان بارزانی‌و ترەمپەوە

2020-01-23 15:32:48


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
دیداری ترەمپ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دیداری وێنەگرتن بوو، بەپێی تۆماری كۆشكی سپی دیدارەكە تەنیا (10) خولەكی خایاندووە، دیدارەكەی بەرهەم ساڵحیش تەنیا (32) خولەكی خایاندووە، بەهەردووكیانەوە ترەمپ تەنیا (42) خولەك كاتی خۆی پێبەخشین، (درەو) لەم راپۆرتەدا شكاری دەكات بۆ ئاماژەكانی شڵەژانی نێچیرڤان بارزانی‌و خەیاڵەكانی ترەمپ بۆ مەزڵوم كۆبانێ.

لەنێوان رەخنە‌و ستایشدا 
دوێنێ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەراوێزی كارەكانی كۆڕبەندی ئابوری جیهان لە داڤۆس، چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كەوت.
لەبارەی دیدارەكەوە قسەوباسی جیاواز هەیە، میدیای نزیك لە نێچیرڤان بارزانی‌و پارتی دیموكراتی كوردستان بە گرنگییەكی زۆرەوە باسی دیدارەكە دەكەن، لەبەرامبەردا هەندێك لە چاودێرو رەخنەگران دیدارەكە بێ بایەخ دەكەن، لەنێوان رەخنە‌و ستایشدا فاكتەكانی دیدارەكە چی دەڵێن ؟

دیدارەكەی نێچیرڤان بارزانی‌و ترەمپ
بەپێی دەفتەری كۆشكی سپی كە لەدوای كۆبونەوەكان وەك ریكۆردێكی فەرمی دەنوسرێتەوە، دیداری ترەمپ لەگەڵ نچێیرڤان بارزانی تەنیا (10) خولەكی خایاندووە.
تۆمارەكە ئاماژە بەوەدەكات، نێچیرڤان بارزانی لە كاتژمێر (10:50) خولەك بەكاتی داڤۆس لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ كۆبووەتەوە، كاتژمێر (11:00) كۆبونەوەكە كۆتایی هاتووە، بەوپێیەی ترەمپ لە كاتژمێر (11)‌و (37) چركە لەسەر كورسی چاوپێكەوتن دانیشتووە لەگەڵ رۆژنامەنوس (ماریا بارتیرۆمۆ) لە دەزگای هەواڵی (FBN)ی ئەمریكی، دیدارە رۆژنامەوانییەكەی ترەمپ لە كاتژمێر (11:29) خولەك كۆتایی پێهاتووە.
دوای دیدارە رۆژنامەوانییەكەی، ترەمپ لەكاتژمێر (11:31) خولەك لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كۆبووەتەوە، كۆبونەوەكە تا كاتژمێر (12:03) خولەكی خایاندووە، واتە ماوەی كۆبونەوەكەی ترەمپ لەگەڵ بەرهەم ساڵح تەنیا (32) خولەكی خایاندووە.
بە هەردووكیانەوە، ترەمپ تەنیا (42) خولەك كاتی خۆی بەخشیوە بە بەرهەم ساڵح‌و نێچیرڤان بارزانی وەكو دوو كارەكتەری سیاسی كورد، ئەمە لەكاتێكدایە بەرهەم ساڵح سەرباری ئەوەی كوردە، وەكو سەرۆك كۆماری عێراق دیداری لەگەڵ كردووە.

 

ترەمپ نەیزانی لەگەڵ كێ كۆبوەتەوە !
سەرباری ئەوەی كۆشكی سپی پێشوەختە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ لە پەراوێزی كۆڕبەندی داڤۆس چاوی لە نێچیرڤان بارزانی دەكەوێت، بەڵام دیمەنەكانی دیدارە كورتخایەنەكە چەندین ئاماژەی روونی تێدایە كە ترەمپ نازانێ لەگەڵ كێ كۆبوەتەوە.
لەسەرەتای هاتنەژورەوەی بۆ ناو هۆڵە باریكەكەی كە بۆ دیدارەكە ئامادەكراوە‌و ئاڵای كوردستان‌و عێراق‌و ئەمریكا لە تەنیشت یەكترەوە دانراون، ترەمپ بەدەستی ئاماژەی (لایك) بۆ نێچیرڤان بارزانی دەكات‌و دەڵێ"Great fighter) واتە "جەنگاوەری مەزن"، بەكارهێنانی ئەم ئاماژەیە نیشانیدا ترەمپ پێی وابووە لەگەڵ مەزلوم كۆبانێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستان كۆبوەتەوە، كە پێشتر چەندجارێك بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ كردووە، بەكارهێنانی دەستەواژەی "جەنگاوەری مەزن" بۆ نێچیرڤان بارزانی نیشاندەری ئەوەبوو ترەمپ، نێچیرڤان بارزانی ناناسێت، نێچیرڤان بارزانی كارەكتەرێكی سیاسی مەدەنییە‌و هەرگیز فەرماندەی سەربازی نەبووە، تەنانەت لە قۆناغی شۆڕشی شاخیشدا لە یەكێتی قوتابیان كاریكردووە‌و فەرماندەی سەربازی مەیدانی نەبووە.
ئاماژەكانی زمانی جەستە نیشانی دەدەن، لە بەكارهێنانی دەستەواژەی "جەنگاوەری مەزنەوە"، ئیتر نێچیرڤان بارزانی نیگەران دەبێت‌و دەزانێت ترەمپ نایناسێت‌و نازانێت لەگەڵ كێ كۆبوەتەوە.
یەكێك لەو كەسانەی كە لە ساتی دیدارەكەدا لە تەنیشت دۆناڵد ترەمپ دەركەوت گەنجێكی كورد بوو بە ناوی (پێشواز فەیزوڵا)، پێشواز كە پێشتر لە رۆژنامەی هاوڵاتی لە سلێمانی كاریكردووە، ئێستا وەرگێڕی زمانە لە وەزارەتی دەرەوە‌و بەرگری ئەمریكا، ئامادەبوونی پێشواز لە دیدارەكەدا نیشاندەری ئەوەبوو، تیمی پرۆتۆكۆڵی ترەمپ پێیانوابووە ترەمپ چاوی بە مەزڵوم كۆبانێ دەكەوێت، چونكە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، مەزلوم كۆبانێ كە پێشتر لەگەڵ ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی كردووە، وەرگێڕی زمان كاری وەرگێڕانی بۆ كردووە، ئەمە لەكاتێكدایە لەدیدارەكەدا نێچیرڤان بارزانی بەزمانی ئینگلیزی قسەی كرد، نێچیرڤان بارزانی چەندین ساڵە سەرقاڵی ئەوەیە خۆی فێری زمانی ئینگلیزی بكات، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە قسەی پێبكات، لەدیدارەكەی ترەمپدا بۆیەكەمینجار خۆی تاقیكردەوە‌و قسەی كرد، هەرچەندە تەنیا چەند رستەیەكی وت، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی (درەو) كە قسەی لەگەڵ شارەزایانی زمانی ئینگلیزی كردووە، توانای قسەكردنی تاڕادەیەك باش بووە بەبەراورد بە زۆرێك لەسەركردەكانی جیهان كە كێشەی بەكارهێنانی وشەكانیان هەیە بە زمانی ئینگلیزی.
هەندێك ئاماژەی تر لە وتەكانی ترەمپدا دەریانخست كە سەرۆكی ئەمریكا بەنیازی بینینی مەزڵوم كۆبانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كۆبوەتەوە، دەتوانرێت ئاماژەكان لەم رستانەی ناو قسەكانی ترەمپدا كورتبكرێتەوە:
•    ترەمپ لەسەرەتای قسەكانیدا وتی:"بۆ ماوەیەكی زۆرە دەمانەوێت یەكتر ببینین"، هیچ زانیارییەك لەبەردەستدا نییە كە پێشتر هەوڵی دیدار لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و ترەمپدا هەبوبێت، بۆیە بەكارهێنانی ئەو رستەیە والێكدەدرێتەوە كە ترەمپ مەبەستی مەزڵوم كۆبانێ بووبێت، كە پێشتر چەندجارێك باسی لەوەكرد بەرپرسانی ئیدارەكەی زۆریان خۆش دەوێت‌و دەیەوێت لە نزیكەوە بیبینێت.
•    ترەمپ وتی:" ئێمە سوریامان لە ناوچە سنوورییەكان بەجێهێشتووەو ئەمەشمان بەباشی لەگەڵ توركیا ئەنجامدا" لەمەشدا بەتەواوەتی دەركەوێت ترەمپ نازانێت نێچیرڤان بارزانی كێیە‌و بەهەمان خەیاڵی مەزڵوم كۆبانێوە قسەی لەگەڵ دەكرد.
•    ترەمپ وتی:" ئێستا ناوچەی ئاراممان هەیەو من پێزانینم بۆ هەموو ئەوانە هەیە وایانكردووە ئەم ناوچانە سەلامەت بن. ئێمە نەوتمان هەیەو هەندێك سەربازمان بۆ پاراستنی نەوتەكە بەجێهێشتووە" ئەمەش ئاماژەیەكی تری روون بوو بۆ ئەوەی ترەمپ باسی رۆژئاوای كوردستان دەكات، چونكە ناوچەی ئارام لە نێوان سوریاو توركیایە، پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نیە.
•    ترەمپ وتی:"بە هەزاران دەستگیركراوی داعشمان هەیە، خەلافەتی داعشمان 100% تێكشكاند" لەمەشدا مەبەستی رۆژئاوای كوردستان بوو، چونكە لە رۆژئاوای كوردستان نزیكەی 70 هەزار دەستگیركراوی داعش هەیە. 
•    كاتێك ترەمپ قسەكانی دەكات‌و باسی سوریا دەكات، روخساری نێچیرڤان بارزانی گۆڕانكاری بەسەردا دێت، نێچیرڤان بارزانی پارچە كاغەزێك لە گیرفانی دەردەهێنێت‌و تەماشای دەكات، پاشان تەماشای كامێراكان دەكات‌و بەدوای دەرفەتێكدا دەگەڕێت بۆ شاردنەوەی كاغەزەكە، دواجار كاغەزەكە دەخاتەوە گیرفانی.

دیدارەكە چۆن رێكخرا ؟
وردەكاری تەواو لەبەردەستدا نییە لەبارەی ئەوەی دیدارە فۆتۆییەكەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە داڤۆس چۆن رێكخراوە، بەڵام هەندێك ئاماژە هەن كە ئەمریكییەكان ویستویانە بە رێكخستنی ئەم دیدارە ستایشێكی هەرێمی كوردستان بكەن.
بەمدواییە كە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشێكی ئەمریكادا لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغداد كوژرا، لایەنە شیعەكانی عێراق لەیەكەم كاردانەوەدا لە پەرلەمانی عێراق بڕیارێكیان دەركرد بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق، لەناویاندا هێزەكانی ئەمریكا.
پەرلەمانتارانی كورد بەهەموو لایەنە جیاوازەكانەوە بەشداری ئەو كۆبونەوەیەی پەرلەمانی عێراقیان نەكرد‌و دەنگیان بە بڕیارەكە نەدا، لەدوای ئەو بایكۆتەی كوردەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا چەندجارێك بەتەلەفۆن لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان قسەی كرد، دواتر بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەردانی هەرێمی كرد‌و لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی كۆبووەوە، لاهور شێخ جەنگی لە ئەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاشكرایكرد، ئەمریكا دەیەوێت بۆ ئەم قۆناغە ناوماڵی كورد یەكبخات.
هەوڵدان بۆ یەكخستی ناو ماڵی كورد لەلایەن ئەمریكاوە لەكاتێكدایە بەپێی زانیارییەك كە لەسەرچاوەیەكی باڵاوە دەست (درەو) كەوتووە، ئێران بە فەرمی نامەیەكی بۆ بەرپرسانی هەرێم ناردووە‌و تێدا هۆشدارییان پێدەدات لەوەی دوای كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، نابێت هەرێم ببێت بە پەناگە بۆ هێزەكانی ئەمریكا.
ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا قسەوباس هەیە لەسەر ئەوەی ئەمریكا دەیەوێت چەند بنكەیەكی سەربازی نوێ لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە.
لەهەموو حاڵەتەكاندا وا دەردەكەوێت مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا‌و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رۆڵی سەرەكییان بینی بێت لە رێكخستنی دیدارەكەی نێوان ترەمپ‌و نێچیرڤان بارزانیدا، لەمەشدا بەڕوونی دەركەوێت پێگەی كورد لە سیاسەتی ئەمریكا هێشتا نەگەیشتووتە ئاستی سەرۆكی وڵات‌و كەیسەكە زیاتر لەلایەن وەزیرەكانی ئیدارەكەیەوە بەڕێوەدەبرێت.
لەهەموو حاڵەتەكاندا دەتوانرێت دیدارەكە بە پەرەسەندنێكی گرنگ دابنرێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا سەركردەكانی كورد لە 100 ساڵی رابردوودا هەموو پەیوەندییەكیان لەگەڵ ئەفسەرانی هەواڵگری ئەمریكادا بووە‌و زۆرجار دەستیان بە سەرۆك‌و بەرپرسانی باڵای ئەمریكا رانەگەیشتووە، پرسی كورد بەمدواییە لە سیاسەتی ئەمریكادا گەشەی زیاتری بەخۆوە بینیوە وەكو وڵاتێكی زلهێزی جیهان.

ئەو كوردانەی چوونە داڤۆس؟
لە كۆڕبەندی ئەمساڵی ئابوری جیهاندا ئەوانەی كە دیاربوون (8) كورد بەشدارییان كردووە‌و لەپەراوێزی كۆڕبەندەكەدا دیداریی سیاسییان ئەنجامداوە.
ئەو كوردانەی كە چونە داڤۆس ئەمانە بوون:
لە تیمی سەرۆك كۆماری عێراق
* بەرهەم ساڵح- سەرۆك كۆماری عێراق
* فوئاد حسێن- وەزیری دارایی عێراق
* لاهور شێخ جەنگی- بەرپرسی ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری/ زانیاری

لە تیمی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
* نێچیرڤان بارزانی- سەرۆكی هەرێمی كوردستان
* فەوزی هەریری- سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان 
* سەفین دزەیی - بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان 

* فەلاح مستەفا- راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان

لە تیمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا
*پێشواز فەیزوڵا- وەرگێڕ لە تیمی سەرۆكی ئەمریكا

داڤۆس‌و خەرجی بەشداربوون
بۆ بەشداربوون لەم كۆڕبەندەدا دەبێت ئەو كەس یاخود دامەزراوەیەی كە داوای بەشداربوون دەكات، داهاتی ساڵانەی لە (ملیارێك) دۆلار كەمتر نەبێت، سەرباری ئەمەش بەشداربوو دەبێت پارەی بەشداریكردن‌و ئەندامێتی كۆڕبەندەكە بدات كە بڕەكەی (12 هەزارو 500 دۆلار)ە.
ئەوانەی كە بەفەرمی بانگهێشتنەكراون بۆ كۆڕبەندەكە‌و ناویان لە لیستی بانگهێشتكراواندا نییە (نێچیرڤان بارزانی ناوی لە لیستی بانگهێشتكراواندا نەبوو)، هەندێك خەرجی تر دەكەوێتە سەرشانیان، كە خەرجی مانەوەیە لە هۆتێلەكانی داڤۆس.
بەگوێرەی راپۆرتی میدیاكانی خۆرئاوا، ئەمساڵ لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كۆڕبەندەكەدا، نرخی ژوری هۆتێل لە داڤۆس بەرزبونەوەیەكی زۆرەی بەخۆوە بینیوە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی هۆتێلی پێویست لە شارەكە بۆ میوانداریكردنی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵك كە بەهۆی كۆڕبەندەكەوە روو لە شارەكە دەكەن.
بەپێی راپۆرتی تەلەفزیۆنی (یۆرۆنیوز)، لە كۆڕبەندی ئەمساڵی داڤۆسدا، نرخی هەر ژورێكی هۆتێل بەبەراورد بە پێش بەڕێوەچوونی كۆڕبەندەكە (10 هێندە) زیادی كردووە، بەجۆرێك نرخی هەر ژورێك بۆ یەك شەو كە پێشتر (68) فرەنكی سویسری بووە، بەرزبووەتەوە بۆ (500) فرەنك، واتە نرخ لە نزیكەی (70) دۆلارەوە بەرزبوەتەوە بۆ زیاتر لە 500 دۆلار، ئەمە بۆ كەسێكی ئاسایی كە لەژورێكی ئاسایدا بنوێت، بەڵام نرخی هۆتێلی (vip) بۆ یەك شەو دەگاتە (5 هەزار) دۆلار، خۆئەگەر كەسێك تیمێكیش هاوڕێیەتی بكات رەنگە پێویستی بەوە هەبێت نهۆمێكی ئۆتێل بەكرێ بگرێت، ئەمە سەرباری خەرجی گەشتكردن بە فڕۆكە.
تامارا هندرسۆن كە خانمێكە‌و بەرپرسە لە ئامادەكردنی شوێنی مانەوە بۆ میوانەكانی كۆڕبەندی داڤۆس دەڵێ:" هۆتێلەكان هەر كە زانیویانە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بەشداری كۆڕبەندەكە دەكات، نرخیان بەرزكردوەتەوە".
هندرسۆن باسلەوە دەكات، رێكخەرانی كۆڕبەندەكە خەرجی مانەوەی هەندێك لە بەشداربووانیان گرتوەتەئەستۆ، بەتایبەتیش ئەوانەی كە لەرێكخراوە ناحكومییەكاندا كاردەكەن، ئەمە سەرباری ئەوەی لە هەندێك هۆتێلی شارۆچكەكانی نزیك داڤۆس هۆتێل بۆ میوانەكان گیراوە. 
بەپێی قسەی هندرسۆن، كۆڕبەندی ئابوری جیهان پێویستی بە (2 هەزارو 800) ژوری هۆتێل هەیە بۆ مانەوەی میوانەكانی، ئەمە سەرباری (هەزار) قەرەوێلە كە دەبێت بۆ ئەو كەسانە ئامادە بكرێت كە وەكو كارمەند لە كۆڕبەندەكەدا كاردەكەن.

داڤۆس‌و دیدارەكانی
ئەمساڵ لە گۆڕبەندی ئابوری جیهاندا (3 هەزار) كەس لە (117) وڵاتی جیهانەوە بەشداربوون، لەمانە (53) كەسیان سەرۆكی وڵاتان بوون.
 كۆڕبەندی داڤۆس كۆبونەوەیەكە كە گەورەترە لە كۆنگرە، لەم كۆڕبەندەدا چەندین شێوازی دیدار هەیە لەوانە:
•    كۆبونەوەی گفتوگۆئامێز
•    پێشكەشكردنی وتار
•    چاوێكەوتنی راستەوخۆ
•    گفتوگۆ‌و دیداری نهێنی كە لەنێوان سەرۆكی وڵاتان‌و سەرۆكی گەورە كۆمپانیا‌و بانكەكان ئەنجام دەدرێت، زۆرێك لەم دیدارانە بەهیچ شێوەیەك لە میدیاكانەوە بڵاونابنەوە 
•    دیدار بەمەبەستی وێنەگرتن (دیدارەكەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ترەمپ لەم جۆرە بوو)
•    دیداری كورت بۆ ماوەی نیوكاتژمێر بۆ باسكردنی بابەتەكان بەشێوەیەكی سەرپێی (دیدارەكەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لەمشێوەیە بوو)
•    كۆبونەوەی دورو درێژ (ئەمە كۆبونەوەی سەرۆكی وڵاتانی زلهێزە، كە باسی چارەسەری كێشەو ناكۆكییەكانیان نێوانیان‌و گەیشتن بە چارەسەر دەكەن)
بەشداربووانی ئەم كۆڕبەندە پێكهاتوون لە:
•    سەرۆكی وڵاتان‌و سەرۆكی حكومەتەكان
•    وەزیرانی دارایی
•    پارێزگاری بانكە ناوەندییەكان
•    سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی دامەزراوە جیهانییە گەورەكان
•    نوێنەری رێكخراوەكانی بواری كۆمەڵگەی مەدەنی‌و پارتە سیاسییەكان‌و میدیاكاران‌و ئەوانەی بایەخ بە بواری ئابوری دەدەن

كورتەیەك لەبارەی داڤۆسەوە
داڤۆس شارێكی بچوكی سویسرایە، 11 هەزار كەس لەم شارەدا دەژین، شارەكە ناوچەیەكی گەشتیاریی تایبەتە بە یاری خلیسكێنەی سەر بەفرە لە چیاكانی ئەڵپ، ئەم شارە بەهۆی ئەوەی میوانداری كۆڕبەندی ئابوری جیهان دەكات ئێستا لە هەموو جیهان بووە بە ناوچەیەكی ناسراو.
شارەكە ساڵی 1971 بەهەوڵی ئابوریناسی ئەڵمانی (كلاوس شواب) بەپشتبەستن بە رێكخراوێكی ناحكومی دروستكراوە‌و سەركەوتوو بووە لە كۆكردنەوەی كۆمپانیا‌و سەركردە‌و چەندین كەسایەتی كاریگەر لە ئاستی جیهان لەسەر یەك مێزی گفتوگۆ.
ئەمڕۆ كۆڕبەندی ئابوری جیهان كە لە داڤۆس بەڕێوەدەچێت، بووە بە دەرفەتێك بۆ سەركردەكانی جیهان بۆئەوەی تێیدا گفتوگۆ بكەن لەسەر ئەو بابەتانەی كە جێگە بایەخن بۆ هەموو وڵاتان، ئەم رووداوە لە ساڵی 1987دا ناوی لێنراوە كۆڕبەندی ئابوری جیهان، ساڵی 2015 بەشێوەیەكی فەرمی ناوەكە خراوەتە لیستی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە.
ئێستا كۆڕبەندی ئابوری جیهان رێكخراوێكی نێودەوڵەتی قازانج نەویستی سەربەخۆیە كە هەوڵ بۆ گەشەپێدانی جیهان دەدات لەڕێگەی هاندانی كاری بازرگانی‌و سیاسەتەوە، روانگەیەكی هاوبەش لەنێوان ئەوانەدا دروستبكات كە لە كۆڕبەندەكەدا پێكەوە كۆدەبنەوە، هەروەها كار دەكات بۆ ئەوەی سەركردەكانی جیهان پێكەوە بگەنە چارەسەرێك بۆ ئەو كێشانەی كە جیهان بەدەستییەوە دەناڵێنێت. كۆبونەوەی ئەمساڵی كۆڕبەندەكە (پەنجەهەمین) كۆبونەوەی رێكخراوەكە بوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand