یاسای چاكسازی چی لەموچەی پلەباڵاكان دەكات؟
2020-01-16 13:53:09
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان لە هەرێمی كوردستان كە لەسەرەتای ساڵی 2000وە بووە بە بابەتی گفتوگۆ لە میدیاو شەقامدا، بۆ یەكەمجار ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەكی نوێ رێكخرایەوە، بەپێی رێكخستنە نوێیەكە، هەموو پەرلەمانتارو پلەباڵاكان ئەوانەشی كە مەرجە یاساییەكانیان تێدا نییە، لە كەمترین ئاستدا بە زیاتر لە (ملیۆنێكو 500 هەزار) دینارو لەبەرزترین ئاستدا بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێن، دەرگای موزایەدەكردنیش داخرا بەڕووی ئەوانەی كە داوای هەڵوەشاندنەوەی موچەی خانەنشینی پلەباڵانیان دەكرد، ئەوانەی دەیانەوێت موچەكە وەرنەگرن، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆسەر كاری پێشووی خۆیان، یاساكە بوو بەسەرەتایەك بۆ جیابوونەوەی بەرەی دەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان، پارتیو یەكێتیو گۆڕان پێكەوە بەرەی دەسەڵات بوون، نەوەی نوێو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی پێكەوە ئۆپۆزسیۆن بوون، حزبی شیوعی كە پێشتر رایگەیاند بەشداری حكومەت ناكاتو دەبێت بە ئۆپۆزسیۆن، لەگەڵ بەرەی دەسەڵات رۆیشتو پشتی لە ئۆپۆزسیۆن كرد.
پلەباڵا كێیە ؟
بەپێی یاسا پەسەندكراوەكە پلەباڵاكان ئەوانەی كە بەرزترین ئاستی موچەیان هەیەو موچەكانیان بەبەراورد بە رابردوو كەمترین دەكرێتەوە ئەمانەن:
• سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی حكومەت لەگەڵ جێگرەكانیان
• ئەندامانی پەرلەمانو وەزیرەكانو ئەوانەی بە پلەی پەرلەمانتارو وەزیر خانەنشین كراون
• بریكارەكانی وەزارەتو ئەوانەی بە پلەی بریكاری وەزیر خانەنشینكراون
• خاوەن پلەتایبەتەكانو بەڕێوەبەرە گشتییەكان، ئەوانەی پلەی بەڕێوەبەری گشتییان هەیەو ئەوانەی موچەی بەڕێوەبەری گشتی وەردەگرن
• سەرۆكو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم
• گشت ئەو كەسانەی كە بەپێی خشتەی كارپێكراوی موچە لە هەرێم، موچەی پلەكانی (1)و (ب) وەردەگرن لەسەر میلاكی شارستانیو سەربازیو هێزەكانی ناوخۆ
ئەوانەی مەرجیان تێدا نییە
بەپێی یاسا پەسەندكراوەكە، ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجی یاسایی تەمەنو ساڵی خزمەتیان تێدا نییە، بەرێژەی (15%) بۆ (25%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبن كە بەر لە خانەنشینبوون وەریدەگرن، ئەوانەی لەم خولەدا ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوە ژمارەیان (77 ) پەرلەمانتارە.
نمونەیەك
بەپێی ئەم بڕگەیە، پەرلەمانتارێك كە تەنیا چوار ساڵ كاروباری گشتی راپەڕاندووەو مەرجی (15) ساڵ خزمەتی نییەو تەمەنیشی نەگەیشتووەتە (45) ساڵ، لە بەرزترین ئاستدا ئەگەر بڕوانامەی دكتۆرای هەبێتو لەگەڵ چوار ساڵی خزمەتی پەرلەماندا، رێژەی 25%ی كۆی ئەو موچەیەی وەكو خانەنشینی بۆ ئەژماردەكرێت كە ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرێت، واتە لە كۆی (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینار كە ئێستا وەریدەگرێت، بە (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت.
ئەوانەی مەرجیان تێدایە
بەپێی یاسا پەسەندكراوەكە، ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجی یاسایی تەمەنو ساڵی خزمەتیان تێدایە، بەرێژەی (15%) بۆ (50%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبن كە بەر لە خانەنشینبوون وەریدەگرن، ئەوانەی لەم خولەدا ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوە ژمارەیان (33) پەرلەمانتارەو موچەی خانەنشینییان نابێت زیاتر بێت لە 50%ی كۆی ئەو موچەیەی ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرن.
نمونەیەك
بەپێی ئەم بڕگەیە، پەرلەمانتارێك كە تەمەنی (45) ساڵی تەواوكردووەو (15) ساڵیش خزمەتی بواری گشتی هەیە، ئەگەر بڕوانامەی دكتۆرای هەبێتو (30) ساڵ خزمەتی هەبێت، بەرێژەی (50%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبێت كە ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرێت، واتە لەكۆی (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینار كە ئێستا موچەیەكەیەتی لە پەرلەمان، بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار خانەنشین دەبێت، بەپێی یاساكە ئەگەر مەرجەكانیشی لەرێژەی 50%ی كۆی موچەكەی زیاتر بێت، یاساكە هەر رێژەی 50%ی كۆی موچەی بۆ ئەژماردەكات.
پێوەری نوێی خانەنشینی
هەموو ئەوانەی كە خانەنشینی پلەباڵاكان دەیانگرێتەوە بەوانەی مەرجە یاساییەكانیان تێدایەو نوێیەكە بەوانەشی كە مەرجەكانیان تێدا نییە، بەپێی یاسا چەند پێوەرێك لەسەریان جێبەجێ دەبێت، پێوەرەكانیش ئەمانەن:
• بەپێی یاسا پەسەندكراوەكە، ئەوانەی پلەی باڵایان هەیە بەشێوەیەكی گشتی كەمترین ئاستی موچەی خانەنشینییان بەرێژەی 15%ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە دیاریكراوە كە بەر لە خانەنشینبوون وەریدەگرن، بەرزترین ئاستی موچەش بەرێژەی 50%ی كۆی موچەو دەرماڵە دیاریكراوە، ئەمە لەگەڵ دەرماڵەی ساڵی خزمەتو بڕوانامە بەمشێوەیەی خوارەوە:
• یاساكە بۆ هەر ساڵێكی خزمەت، رێژەی (1.5%)ی كۆی موچەی دیاریكردووە كە دەچێتە سەر موچەی خانەنشینی.
• یاساكە دەرماڵەی بڕوانامەی بەمشێوەیە دیاریكردووە:
- بڕوانامەی ئامادەیی بەرێژەی 1%ی كۆی دواموچە دیاریكراوە.
- دەرماڵەی بڕوانامەی دیپلۆم بەرێژەی 2%ی كۆی دوا موچە دیاریكراوە.
- دەرماڵەی بڕوانامەی بەكالۆریۆس بەرێژەی 4%ی كۆی دوا موچە دیاریكراوە.
- دەرماڵەی بڕوانامەی دیپلۆمی باڵاو ماستەر بەرێژەی 6%ی كۆی دوا موچە دیاریكراوە.
- دەرماڵەی دكتۆرا بەرێژەی 8%ی كۆی دوا موچە دیاریكراوە.
تێچووی ماددەكە بە پارە
بەپێی راپۆرتی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، تێچووی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران بەشێوەیەكی گشتی تەنیا بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بەپێی ئەوەی لە یاساكەدا پەسەندكراوە، مانگانە (295 ملیۆن) دینار لە بودجەی حكومەت دەبات، لە حاڵێكدا ئەگەر موچەی خانەنشینی ئەوانەی مەرجیان تێدا نییە لە یاساكەدا بەتەواوەتی رەتبكرایەتەوە، مانگانە تێچوونی خانەنشینی ئەم خولەی پەرلەمان (135 ملیۆن) دینار دەكەوت، واتە ئەگەر موچەی خانەنشینی ئەوانەی مەرجیان تێدا نییە لە پەرلەمان رەتبكرایەتەوە، تەنیا بۆ ئەو خولە مانگانە (160 ملیۆن) دینار زیاتر بۆ حكومەت دەگەڕایەوە، بەڵام پەرلەمانتارە گەنجەكان كە تەمەنی یاساییان نەبوو، رێگربوون لەبەردەم تێپەڕینی ئەو پێشنیازەدا.
دەرگای موزایەدە داخرا
لەماوەی رابردوودا هەندێك لە پەرلەمانتاران كە رەخنەیان لە زۆری موچەی پلەباڵاكان دەگرت، تۆمەتباردەكران بەوەی تەنیا موزادەیە دەكەن، لە یاسا پەسەندكراوەكەدا بەپێی چەند بڕگەیەك دەرگای موزایەدەكردن داخراوە، بەمشێوەیە:
• ئەوانەی نایانەوێت موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان وەرگرن، دەتوانن بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە دەستبەرداری خانەنشینی پلە باڵا ببن، رێكاری هەڵوەشاندنەوەی موچەی خانەنشینی دیاریكراوە بەوەی ئەو كەسە (30) رۆژ دوای بەركاربوونی یاسا نوێیەكە داواكارییەك پێشكەشی دیوانی پەرلەمان بكاتو داوای هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی بكات.
• یاساكە رێكارێكی تری بۆ ئەو كەسانە دیاریكردووە كە بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە موچەی خانەنشینی پەرلەمان رەتدەكەنەوەو دەگەڕێنەوە بۆسەر وەزیفەی پێشوویان لە حكومەت، ریكارەكەش ئەوەیە پەرلەمانی ماوەی خزمەتی پەرلەمانیی بۆ مەبەستەكانی سەرەموچەو بەرزكردنەوەی پلە بۆ ئەو كەسانە دەكات.
بەرەی دەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆن جیابونەوە
ماددەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان لە یاسای چاكسازیدا ماددەی ژمارە (7)ە، ئەم ماددەیە بەدەنگی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی (پارتی- یەكێتی- گۆڕان- شیوعیو پێكهاتەكان) تێپەڕیو پەسەندكرا.
بەڵام سەرباری ئەمەش لەناو ئەو فراكسیۆنانەی كە تەبەنی ماددەكەیان كردو پێشتر رێككەوتنیان لەسەر كردبووە، ژمارەیەك پەرلەمانتار هەبوون كە دەنگیان بە ماددە كێشەلەسەرەكە نەدا، بەمشێوەیە:
لە فراكسیۆنی یەكێتی (4) ئەندام دەنگیان ماددەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان نەدا، بەڵام دواتر لەكۆی گشتیدا دەنگیان بە پەسەندكردنی پرۆژەی چاكسازی داوە.
ئەوانەی لە فراكسیۆنی یەكێتی دەنگیان بە ماددەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان نەدا ئەمانەن:
• راهی رەهبەر
• هاوڕێ مەلا ستار
• سەركۆ ئازاد
• كاروان گەزنەیی
لە فراكسیۆنی گۆڕانیش ژمارەیەك پەرلەمانتار پابەند نەبوون بە رێككەوتنی فراكسیۆنەكەیان لەبارەی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان، بەڵام بەكۆی گشتی دەنگیان بە پرۆژەی چاكسازی داوە.
ئەوانەی لە فراكسیۆنی گۆڕان دەنگیان بە ماددەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان نەدا ئەمانەن:
• شایان عەسكەری
• شیرین ئەمین
لەبەرامبەردا سێ فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان نە دەنگیان بە ماددەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان داو نەدەنگیشیان بە كۆی گشتی یاسای چاكسازیدا، ئەوانەش فراكسیۆنەكانی (نەوەی نوێ- جگە لە پەرلەمانتار شادی نەوزاد)، فراكسیۆنی (یەكگرتووی ئیسلامی)و فراكسیۆنی (كۆمەڵی ئیسلامی).
واتە لەم یاسایەكە لەناو پەرلەمانی كوردستان بەتەواوەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆنو دەسەڵات لەیەكتر جیابوونەوە، پارتیو یەكێتیو گۆڕان پێكەوە بوون لە بەرەی دەسەڵات، نەوەی نوێو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی پێكەوەبوون لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام حزبی شیوعی كە پێشتر رایگەیاند بەشداری حكومەت ناكاتو دەبێت بەئۆپۆزسیۆن، ئەمڕۆ لەناو پەرلەمان چووە پاڵ دەسەڵاتو پشتی لە ئۆپۆزسیۆن كرد.