خانەنشینی سەرۆكی حزبەكان لە یاسای چاكسازیدا
2020-01-17 14:53:48
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كە هەندێكجار دەستەواژەی "سەركردایەتی سیاسی كورد"یان بۆ بەكاردەهێنرێت، زۆربەیان بەپلەی باڵا خانەنشینن، یاسای چاكسازی لە خانەنشینی پلەباڵاكان گۆڕانكاری لە موچەكانیاندا دەكات، (درەو) لەم راپۆرتەدا لەسەر بنەمای یاسا نوێیەكە موچەی خانەنشینی هەریەكەیان بڵاودەكاتەوە.
مەسعود بارزانی
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، بارزانی (12) ساڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووەو تەنیا ئەو (12) ساڵەی وەكو راژە هەیەو جگە لەو (12) ساڵە هیچ ساڵێكی تری خزمەتی حكومی نییە، واتە مەرجی یاسایی كە (15) ساڵ خزمەتە، نیەتی، بەڵام یاساكە چارەسەرێكی بۆ داناوەو بەپێی بڕگەی (شەشەم) لەماددەی حەوتەمی یاسای چاكسازی "ئەوانەی خزمەتی خانەنشینییان نەگەیشتوەتە 15 ساڵ، ئەوا تاوەكو سێ ساڵ دەخرێتەسەر خزمەتەكەیان بۆئەوەی بگەنە تەمەنی خانەنشینی"، بارزانی لەم (3) ساڵە زیادكراوەی یاساكە سودمەند دەبێتو مەرجی یاسایی دەیگرێتەوە، بارزانی مەرجی یاسایی تەمەنی تێدایەو ئێستا تەمەنی (74) ساڵە، لەكاتێكدایە یاساكە تەمەنی (45) ساڵی بۆ خانەنشین بوون دیاریكردووە.
یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی كوردستان موچەو دەرماڵەی سەرۆكی هەرێمی بەمشێوەیە دیاریكردووە:
• موچەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم (15 ملیۆن) دینارە.
• دەرماڵەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی كە دەكاتە (7 ملیۆن 500 هەزار) دینار.
• كۆی موچەو دەرماڵەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم دەگاتە (22 ملیۆنو 500 هەزار) دینار.
بەر دەرچوونی یاسای نوێی خانەنشینی پلەباڵاكان، سەرۆكی هەرێم لەكاتی خانەنشینبوونیدا موچەی خانەنشینی بەڕێژەی 80%ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە وەردەگرت كە لەپێش خانەنشینی وەریگرتبوو، ئەوكات كۆی موچەی خانەنشینییەكەی دەیكردە (18 ملیۆن) دینار، بەڵام بەپێی یاسا نوێیەكە، موچەی خانەنشینی بارزانی بەمشێوەیە دەبێت:
• بارزانی كە 15 ساڵ خزمەتی بۆ ئەژماردەكرێت، بەپێی ساڵی خزمەت بۆ هەر ساڵێك بڕی (1,5%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە دەبات كە لەكاتی سەرۆكایەتی وەریگرتووە، تەنیا لە ساڵی خزمەتدا بارزانی لە كۆی گشتی (22 ملیۆنو 500 هەزار)ی موچەكەی لەكاتی سەرۆكایەتیدا، بڕی (8 ملیۆنو 325 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی بەردەكەوێت.
• بارزانی بەهۆی ئەوەی هیچ بڕوانامەیەكی خوێندنی نییە، دەرماڵەی بڕوانامە نایگرێتەوە.
بەكۆی گشتی موچەی خانەنشینی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا نوێیەكە، دەبێت بە (8 ملیۆنو 325 هەزار) دینار، واتە بەبەراورد بە یاسا كۆنەكە، موچەی خانەنشینی بارزانی لە (18 ملیۆن) دینارەوە كەمدەكات بۆ (8 ملیۆنو 325 هەزار) دینار، بەهۆی یاساكەوە موچەی خانەنشینی بارزانی بەبەراورد بە رابردوو (9 ملیۆنو 675 هەزار) دینار كەمدەكات.
لەم ژمێركارییەدا تەنیا ساڵانی خزمەت لە پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ مەسعود بارزانی ئەژماركراوە، خۆئەگەر ساڵانی خزمەتی پێشمەرگایەتی بۆسەر راژەكەی زیادبكرێت، موچەی زیاتر دەبێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا بەپێی یاساكە نابێت موچەی خانەنشینییەكەی (50%)ی كۆی ئەو موچەیە تێپەرێنێت كە بەر لە خانەنشینی وەریگرتووە، واتە ئەگەر كۆی ساڵانی خزمەتیش بهێنێت موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (11ملیۆنو 250 هەزار) دینار.
كۆسرەت رەسوڵ
كۆسرەت رەسوڵ عەلی كە لەدوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییەوە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی وەرگرتووە، بەهەمان شێوەی بارزانی یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە.
كۆسرەت رەسوڵ ماوەی (12) ساڵ جێگری مەسعود بارزانی بووە لە سەرۆكایەتی هەرێم، جگە لەم خزمەتە، ماوەی (8) ساڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم بووە، واتە بە هەردووكیانەوە (20) ساڵ راژەی هەیە، سەرباری ئەمە بڕوانامەی (دیپلۆم)ی هەیە، واتە دەرماڵەی بڕوانامە دەیگرێتەوە.
یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی كوردستان موچەو دەرماڵەی جێگری سەرۆكی هەرێمی بەمشێوەیە دیاریكردووە:
• موچەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (13 ملیۆن) دینارە.
• دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی، كە دەكاتە (6 ملیۆن 500 هەزار) دینار.
• كۆی موچەو دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (19 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە.
بەر لە دەرچوونی یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان، جێگری سەرۆكی هەرێم بەرێژەی 80%ی كۆی موچەو دەرماڵەكەی خانەنشین دەبوو، كە خانەنشینییەكەی دەیكردە (15 ملیۆنو 600 هەزار) دینار، بەڵام بەپێی یاسا نوێیەكە موچەی خانەنشینییەكەی بەمشێوەیەی لێدێت:
• لەڕووی ساڵی خزمەتەوە، كۆسرەت رەسوڵ عەلی ماوەی (20) ساڵ خزمەتی هەیە، واتە مەرجی یاسایی خانەنشینی تێدایە كە یاساكە (15) ساڵی دیاریكردووە، بۆ هەر ساڵێكی خزمەت یاساكە رێژەی (1,5%)ی كۆی موچەو دەرماڵەی دیاریكردووە، واتە موچەی خانەنشینی نوێی كۆسرەت رەسوڵ تەنیا بە ساڵی خزمەت دەبێت (7 ملیۆنو 215هەزار) دینار.
• كۆسرەت رەسوڵ بڕوانامەی دیپلۆمی هەیە، ئەم بڕوانامەیە لە یاساكەدا رێژەی (2%)ی كۆی موچەی بۆ دانراوە، واتە بەپێی ئەم بڕگەیەش كۆسرەت رەسوڵ (390 هەزار) دینار دەرماڵەی بڕوانامە دەچێتە سەر خانەنشینییەكەیو بەكۆی گشتی موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (7 ملیۆنو 215هەزار) دینار، بەبەراورد بە موچەی خانەنشینی پێشتری كە (15 ملیۆنو 600 هەزار) دینار بوو، خانەنشینییەكەی بڕی (8 ملیۆنو 385هەزار) دینار كەمدەكات.
لەم ژمێركارییەدا تەنیا ساڵانی خزمەت لە پۆستی سەرۆك وەزیرانو جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كۆسرەت رەسوڵ ئەژماركراوە، خۆئەگەر ساڵانی خزمەتی پێشمەرگایەتی بۆسەر راژەكەی زیادبكرێت، موچەی زیاتر دەبێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا بەپێی یاساكە نابێت موچەی خانەنشینییەكەی (50%)ی كۆی ئەو موچەیە تێپەرێنێت كە بەر لە خانەنشینی وەریگرتووە، واتە ئەگەر كۆی ساڵانی خزمەتیش بهێنێت موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (9 ملیۆنو 750 هەزار) دینار.
عومەر سەید عەلی
عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو پەرلەمانتار بووە، بەڵام بە پلەی (وەزیر) خانەنشین كراوە، یاساكە موچەی هەموو ئەو كەسانە هەڵدەوەشێنێتەوە كە بەپلەیەك خانەنشین كراون كە كاریان تێدا نەكردووە، بۆیە لەهەموو حاڵەتەكاندا خانەنشینی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەگەڕێندرێتەوە بۆسەر خانەنشینی پەرلەمانتارییەكەی.
عومەر سەید عەلی لە خولی یەكەمی پەرلەماندا ئەندام پەرلەمان بووە، ئەو خولە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە (13) ساڵی خایاند، واتە ماوەی (13) ساڵ راژەی هەیە، ئەمە سەرباری ئەوەی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بڕوانامەی دیپلۆمی هەیەو كاری مامۆستایەتی كردووە بەرلەوەی پەیوەندی بە شۆڕشەوە بكات، بەڵام (درەو) نازانێت ساڵی خزمەتی وەكو مامۆستا چەندەو ئایا ئەو ساڵانەی خزمەتی گەڕاندوەتەوە یاخود نا.
پێشتر كە بە پلەی (وەزیر) خانەنشین كرابوو، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان مانگانە بڕی (6 ملیۆنو 400 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی وەرگرتووە، بەڵام بەپێی یاسا نوێیەكە ئەگەر خانەنشینییەكەی بگەڕێندرێتەوە بۆسەر پلەی پەرلەمانتارییەكەی، موچەی خانەنشینییەكەی بەمشێوەیەی لێدێت:
• رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ماوەی (13) ساڵ خزمەتی هەیە، بەپێی یاسا نوێیەكە ماوەی (3) ساڵ خزمەتی بۆ زیاددەكرێت بۆئەوەی ساڵی خزمەتی بگاتە (15) ساڵو خانەنشینی بیگرێتەوە، بۆ هەر ساڵێكی خزمەت رێژەی (1,5%)ی كۆی موچەو دەرماڵە ئەژماركراوە، واتە تەنیا بە ساڵانی خزمەت (3 ملیۆنو 50 هەزار) دینار دەبات.
• عومەر سەید عەلی بڕوانامەی دیپلۆمی هەیە، ئەم بڕوانامەیە لە یاساكەدا رێژەی (2%)ی كۆی موچەی بۆ دانراوە، لەم بڕگەیەشدا رێكخەری گشتی گۆڕان (164 هەزار) دینار دەبات.
واتە بە تێكڕا عومەر سەید عەلی موچەكەی وەكو پەرلەمانتاری خانەنشین دەبێت (3 ملیۆنو 214 هەزار) دینار.
لەم ژمێركارییەدا تەنیا ساڵانی خزمەت وەكو پەرلەمانتار بۆ عومەر سەید عەلی ئەژماركراوە، خۆئەگەر ساڵانی خزمەتی پێشمەرگایەتیو مامۆستایەتی بۆسەر راژەكەی زیادبكرێت، موچەی زیاتر دەبێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا بەپێی یاساكە نابێت موچەی خانەنشینییەكەی (50%)ی كۆی ئەو موچەیە تێپەرێنێت كە بەر لە خانەنشینی وەریگرتووە، بۆیە ئەگەر كۆی ساڵانی خزمەتیش بگەڕێنێتەوە، موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار.
محەمەد حاجی مەحمود
محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بەهەمان شێوە یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو لە خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستاندا پەرلەمانتار بووە، دواین پلەی حكومی كە وەریگرتووە پلەی وەزیری بووە، بۆیە بەپلەی وەزیر خانەنشین كراوە.
خانەنشینییەكەی بە پلەی وەزیر پێشتر (6 ملیۆنو 100 هەزار) دینار بووە، بەڵام بەپێی یاسای نوێی خانەنشینی، موچەی خانەنشینییەكەی بەمشێوەیەی لێدێت:
• ماوەی (8) ساڵ خزمەتی هەیە وەكو پەرلەمانتارو وەزیر، واتە مەرجی ساڵی خزمەتی تێدا نییە كە یاساكە (15) ساڵی دیاریكردووە، بەو سێ ساڵ زیادكردنەكە كە لە یاساكەدا هاتووە هێشتا ساڵانی خزمەتی ناگات بە (15) ساڵ، بۆیە بەرێژەی 25%ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەكرێت كە وەكو وەزیر وەریگرتووە.
• محەمەدی حاجی مەحمود بڕوانامەی نییە، واتە دەرماڵەی بڕوانامەش نایگرێتەوە.
بەكۆی گشتی موچەی خانەنشینی سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بەپێی یاسا نوێیەكە لەگەڵ ئەو (8) خزمەتەی كە هەیەتی، كە بۆ هەر ساڵێكی خزمەت رێژەی (1,5%) كۆی موچەو دەرماڵە دیاریكراوە، كۆی موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار.
لەم ژمێركارییەدا تەنیا ساڵانی خزمەت لە وەكو پەرلەمانتارو وەزیر بۆ محەمەد حاجی مەحمود ئەژماركراوە، خۆئەگەر ساڵانی خزمەتی پێشمەرگایەتی بۆسەر راژەكەی زیادبكرێت، موچەی زیاتر دەبێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا بەپێی یاساكە نابێت موچەی خانەنشینییەكەی (50%)ی كۆی ئەو موچەیە تێپەرێنێت كە بەر لە خانەنشینی وەریگرتووە، واتە ئەگەر كۆی ساڵانی خزمەتیش بگەڕێنێتەوە، موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار.
كاوە مەحمود
كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو وەزیر بووە لە كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بەپلەی وەزیر خانەنشینە.
سكرتێری حزبی شیوعی بڕوانامەی دكتۆرای هەیە، واتە دەرماڵەی بڕوانامە دەیگرێتەوە، كە یاساكە بەرزترین پۆینتی بۆداناوە بڕوانامەی دكتۆرا داناوەو بەرێژەی (8%)ی كۆی موچەو دەرماڵەیە، كاوە مەحمود تەنیا (4) ساڵ خزمەتی هەیە، واتە مەرجی ساڵانی خزمەتی تێدا نییە كە (15) ساڵە.
ئەگەر خزمەتی تریش بگەرێنێتەوە بۆسەر راژەكەی لەبەرزترین ئاستدا (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار موچەكەی دەبێت، لە كەمترین ئاستیشدا موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار دەبێت.
ئارام قادر
ئارام قادر سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەوە بەر لەوەی لە كۆمەڵی ئیسلامی جیاببێتەوە، لەسەر لیستی كۆمەڵ پەرلەمانتاری كوردستان بوو.
لەباشترین حاڵەتدا ئەگەر مەرجی تەمەنو بڕوانامەی بەرزی هەبێت موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت (4 ملیۆنو 100 هەزار)، خۆ ئەگەر هەموو مەرجەكانیشی تێدا نەبێت لە كەمترین ئاستدا بڕی (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی وەردەگرێت.
بەڵێن عەبدوڵا
بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو لە خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان پەرلەمانتار بووە.
بەپێی یاسا نوێیەكە بەلەبەرچاوگرتنی ساڵانی خزمەتو بڕوانامە لەبەرزترین ئاستدا موچەی خانەنشینییەكەی (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار، لە كەمترین ئاستیشدا موچەكەی (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار دەبێت.
باپیر كامەلا
باپیر كامەلا سەرۆكی پارتی كرێكارانو رەنجدەرانی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە، بەلەبەرچاوگرتنی مەرجەكانی تەمەنو ساڵی خزمەت لەبەرزترین ئاستدا بەپێی یاسا نوێیەكە موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار، لە كەمترین ئاستیشدا موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار.
محەمەد بازیانی
محەمەد بازیانی رێكخەری گشتی بزافی چاكسازیو گەشە یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو لەكابینەی حكومەتی هەرێم- هەولێر لە ساڵی 1996 وەزیر بووە، ئێستا بەپلەی وەزیر خانەنشینە.
بەلەبەرچاوگرتنی تەمەنو ساڵی خزمەت لە بەرزترین ئاستدا بەپێی یاسای نوێی خانەنشینی، موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار، لە كەمترین ئاستیشدا موچەكەی دەبێت بە (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار.
ئەوانی تر
جگە لەوانەی باسكران، سەركردەی چەند حزبێكی تری هەرێم كوردستان هەن كە موچەی خانەنشینی پلەباڵا وەردەگرن، بەڵام یاسای نوێی خانەنشینی پلەباڵاكانی هەرێم نایانگرێتەوە.
• سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، لە هەرێمی كوردستان هیچ پۆستێكی وەرنەگرتووە، بەڵام دوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، لە بەغداد بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی حوكمو خانەنشینییەكەی لەسەر عێراقە.
• عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بەهەمان شێوە لە هەرێمی كوردستان هیچ پۆستێكی وەرنەگرتووە، بەڵام لە یەك خولدا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە، باسلەوەدەكرێت لە كوردستان بەپلەی وەزیر خانەنشین كراوە، (درەو) نازانێت ئێستا خانەنشینی پەرلەمانتاری عێراق وەردەگرێت یاخود خانەنشینی پلەباڵا لە هەرێم.
• عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان نایگرێتەوە، هیچ موچەیەكی خانەنشینی نە لە كوردستانو نە لە عێراقیشدا نییە.
• شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ هیچ موچەیەكی خانەنشینی نییە، چونكە حزبەكەی حزبێكی نوێیەو تائێستا بەشداری دەسەڵاتی نەكردووە، بەڵام خۆی بزنسمانەو لەكاری بزنسەوە رووی لە جیهانی سیاسەت كردووە.
• سەرباری ئەمانە، ژمارەیەكی زۆر لە سەركردایەتی پارتە سیاسییەكانی هەرێم بەپلەی باڵا خانەنشین كراون، لەكاتێكدا زۆربەیان رۆژێك لە رۆژان هیچ پلەیەكی حكومییان نەبووە، بەپێی یاسا نوێیەكە دەبێت موچەكانیان ببڕدرێت.