Draw Media

نەوت بەرامبەر بە ئاوەدانكردنەوە

نەوت بەرامبەر بە ئاوەدانكردنەوە

2020-01-19 14:16:56


راپۆرتی: درەو
هەندێك دەڵێن "تنینی چینی" عێراقیش هاوشێوەی زۆرێك لەوڵاتانی باشوری خۆرئاوای ئاسیاو ئەفریكاو ئەمریكا لاتین قوتدەدات، ئەمانە ڕێككەوتنەكەی (عێراق_ چین)  بە داگیركاری سێیەم ناودەبەن، دەستی تۆمەتیش بۆ ئێران درێژدەكەن بەوەی ڕۆلێكی باڵای هەیە لە ئەنجامدانی ئەم ڕێككەوتنە بەوپێیەی سودی ئابوری گەورەی پێدەگەیەنێت.  هەندێكی تریش پێیانوایە، ئەم ڕێككەوتنە بەرەكەتی خوایەو لەدەرگای عێراقی داوە، ئەمانە چاویان لەوەیە چینییەكان لەبەرامبەر هەناردەكردنی 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، لەماوەی چەند ساڵێكدا عێراق بكات بەیەكێك لەو وڵاتانەی خاوەنی ژێرخانێكی ئابوری پتەو بەهێزە.

دوای چوار مانگ لەئیمزاكردنی، مشتومڕەكان سەبارەت بە ڕێككەوتنی ئابوری  نێوان "عێراق‌و چین" گەرموگوڕتربووە، ئەوەی زیاتر ئەم ڕێككەوتنەی تەمومژاوی كردووە ئەوەیە، تائێستا حكومەتی عێراق بڕگەو وردەكاری ڕێككەوتنەكەو، ئەو پڕۆژانەی ڕانەگەیاندووە كە كۆمپانیا چینییەكەكان  بەنیازن لەعێراق جێبەجێی بكەن.
ڕۆژی 23 ئەیلولی ساڵی 2019 "عادل عەبدولمەهدی" سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق، 8 ڕێككەوتن و یاداشتی لێكگەیشتنی لەبوارەكانی ژێرخانی ئابوری‌و پەیوەندی‌و پیشەسازی‌و ئاسایش‌و ووزە لەگەڵ حكومەتی چین ئیمزاكرد.   
(هەیبەت حەلبوسی)سەرۆكی لیژنەی نەوت و ووزە لەپەرلەمانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا دەلێت:" زانیاری هەیە كە حكومەت زیاتر لە 8 ڕێككەوتن‌و یاداشتی لێكگەیشتنی لەگەڵ چین ئیمزاكردووە كە بەهاكەی سەروی  500 ملیار دۆلارە بۆ 10 ساڵی داهاتوو.
"بەپێی ئەو ڕێككەوتنەكە حكومەتی چین سەدان ملیار دۆلار قەرز دەدات بە عێراق بەمەرجی ڕەهن كردنی نەوتی عێراق بۆ ماوەی 50 ساڵی داهاتوو بۆ دانەوەی قەرزەكان‌و ئەوسودەی دەچێتە سەری". 
لای خۆیەوە "وەلید ئەلسەهلانی" سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزرای‌و ئاوەدانكردنەوە لەپەرلەمانی عێراق لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا  قسەیەكی تەواو پێچەوانەی سەرۆكی لیژنەی ووزە دەكات، بەوتەی ئەو: " ڕێككەوتنەكە لەبەرژوەندی عێراقە‌و حكومەت دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی، عێراق لەچەند ساڵی داهاتوودا بەرەكەی دەچنێتەوە".
بەگوێرەی قسەكانی "سەهلانی" سندوقی ڕێككەوتنە پڕۆژە لەبواری فرۆكەخانەو دروستكردنی قوتابخانەو دروستكردنی ڕێگای دەرەكی‌و كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون‌و پرۆژەی ژێرخانی ئابوری‌و ووزەو چارەسەركردنی پیسبوونی ڕووباری دیجلەوفورات‌و شەتولعەرەب‌و هەر پرۆژەیەكی تر دەگرێتەوە بەپێی داواكاری حكومەتی عێراق".

پرۆژەكە لەچاوی حكومەتەوە
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردودا "موزهیر محەمەد ساڵح" ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق بابەتێكی وردی لەسەر ڕێككەوتنەكەی  "عێراق‌و چین" بڵاوكردۆتەوە لەپێشەكی نوسینەكەیدا دەڵێت:" لەچوارچێوەی دەستپێشخەری "پشتوێن‌و ڕێگا" كە كۆماری چین لەساڵی 2013 دا ڕایگەیاندووە، عێراق بۆجاری یەكەم چۆتە زنجیرەیەك یاداشتی لێگەیشتن‌و ڕێككەوتن، كە هەردوو حكومەتی "عێراق‌و چین"ی لەڕۆژی 23ئەیلولی 2019 لەپەكین_ی پایتەختی چین ئیمزایانكرد.
"ڕێككەوتنەكە بۆ عێراق قۆناغێكی ئابوری نوێیە لە ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی ئابوری لەچوارچێوەی پرۆژگرامێكدا كە ئەكرێت ناویبنرێت نەوت بەرامبەر بە ئاوەدانكردنەوە. كەعێراق بە یەكێك لەگرنگترین سەرچاوەكانی دابینكردنی نەوتی خاو بۆ چین دادەنرێت‌و ڕۆژانە 750 بۆ یەك ملیۆن بەرمیلی نەوتی بۆ هەناردەدەكات" .
بەقسەی ڕاوێژكارەكەی "عەبدولمەهدی" خواستی چین بۆ پێشخستنی پەیوەندییە ئابورییەكانی لەگەڵ عێراق لەچوارچێوەی ئەو پرۆگرامە جیهانیەیەوە سەرچاوە دەگرێت كە بە دەستپێشخەری "پشتوێن‌و ڕێگا" ناسراوەو، بیرۆكەكەی لەڕێگای حەریری كۆنەوە سەرچاوە دەگرێت، كە ڕێگە خۆشدەكات بۆ پتەوكردنی پەیوەندی‌و وەبەرهێنان‌و بازرگانی‌و هاتوچۆكردنی سەرمایە لەنێوان چین‌وئاسیاو ئەفریكاو ئەوروپا.(پشتوێن) پێكدێت لەوپرۆژانەی چین بە ئەوروپاوە دەبەستێت لەڕێی ئاسیاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەڕێگەی وشكانی، لەكاتێكدا (ڕێگا)  ئاماژە بەو پرۆژانە دەكات كە لەڕێگا ئاوییەكانەوە چین بە ئەفریكاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە لەڕێی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیاو هەموو ئەو وڵاتانەی كە ئیمزایان لەسەر دەستپێشخەری پەكین كردووە، كە لەئێستادا لە 66% دانیشتوانی جیهان پێكدێنن. 
لەبارەی ڕێككەوتنەكەشەوە ئاماژە بەوەدكات: ڕێككەوتنەكە بریتیە لە ئاڵوگۆڕكردنی داهاتەكانی نەوت بە جێبەجێكردنی پرۆژە لە عێراق، بۆ ئەومەبەستەش حكومەتی عێراق حسابی لەیەكێك لە بانكە گەورەكانی چین كردۆتەوە بۆ دانانی داهاتی ڕۆژانەی 100 هەراز بەرمیل نەوت. 
لەڕێی ئەو حسابەوە پارە بۆ ئەو كۆمپانیایانە خەرج دەكرێت كە پرۆژەكان لە عێراق ئەنجامدەدەن، سەبارەت بە سروشتی پرۆژەكانیش، ڕاوێژكارەی عەبدولمەهدی دەڵێت:" ڕێككەوتنەكە تەركیزی لەسەر پرۆژەكانی ژێرخانی ئابورییە وەك قوتابخانەو نەخۆشخانەو ڕێگاوبان‌و كارەباو ئاوەڕۆ، كە لەڕێی وەزارەتی پلاندانانەوە دەستنیشاندەكرێن بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران".

ئەو خاڵانەی لەبارەی ڕێككەوتنەكەوە ئاشكراكراون:
1-    ڕێككەوتنەكە هیچ مەرجێكی سزایی تێدانیە، ئەگەر ناكۆكی ڕووبدات پەنا بۆ دەستە نێودەوڵەتییەكانی ناوبژیوانیكردن دەبرێت.
2-     ماوەی ڕێككەوتنەكە 20 ساڵە.
3-     سندوقی عێراقی چینی بۆ ئاوەدانكردنەوە دروستدەكرێت، لەلایەن حكومەتی عێراق‌و كۆمپانیایەكی ڕاوێژكاری سەرپەرشتی دەكرێت كەبانكی ناوەندی عێراق هەڵیدەبژێرێت لەنێوان 5 لەباشترین كۆمپانیا گەورەكانی جیهان.
4-    دامەزراوەی دڵنیایی چینی(ساینوشور) كە ڕێكخراوێكی حكومییە زامنی لایەنی چینی دەكات بۆ ڕێككەوتنكە.
5-    داهاتی 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لەچین گلدەدرێتەوە، كە بە دیاریكراوی بە هەردوو كۆمانیای (زنهواو سینۆك) دەفرۆشرێت، ئەو پارەیە دەخرێتە ناو سندوقی عێراقی چینی.
6-    سەرمایەی سندوقی عێراقی چینی كە لەلایەن بانكە چینییەكانەوە كۆمەكدەكرێت دەگاتە 10 ملیار دۆلار.
7-    ئەگەر چەردەی یەكەمی پرۆژەكان سەركەوتووبوو، عێراق خواستی بوو پڕۆژەكان زیادبكات، بڕی فرۆشتنی نەوتی ڕۆژانەی عێراق بۆ 300هەزار بەرمیل زیاددەكرێت، لەبەرامبەردا چینیش ئاستی قەرزەكانی بۆ 30 ملیار دۆلار زیاد دەكات.
8-    پارەكە لە بانكی (ستك بانك) دادەنرێت، دواتر بانكەكە هەڵدەستێت بە حەواڵەكردنی حسابەكە بۆ بانكی فیدراڵی ئەمریكی لە نیویۆرك كە سەرپەرشتی كۆی داهاتی فرۆشراوی نەوت دەكات، كە حسابی فرۆشراوی نەوتی عێراقی لێیە، دوای ئەوە بڕە پارەكە حەواڵەی حسابێكی تازە دەكرێت كە ناوی حسابی وەبەرهێنانە.
9-    حساب بانكییەك دروستدەكرێت بەناوی حسابی خزمەتكوزرای قەرز تایبەت دەبێت بە پشتیوانی ڕێژەی سوود.
10-     سندوقی پرۆژەكان تایبەت دەكرێت بەخەرجكردنی پارە بۆ ئەم پڕۆژانە: فرۆكەخانە، دروستكردنی قوتابخانە، دروستكردنی ڕێگا، چارەسەركردنی پیسبوونی ڕوباری دیجلەو فورات‌و شەتولعەرەب، هێڵی شەفەمەندۆفێر، كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، پڕۆژەی ژێرخانی ئابوری، پڕۆژەكانی ووزە، پڕۆژەی تر بەپێی داواكاری حكومەت. 
•    ئەگەر تێچووی یەكێك لەم پرۆژانەی سەرەوە بگاتە ملیارێك دۆلار،  850 ملیۆن دۆلاری لەسندوقەكە خەرجدەكرێت‌و 150 ملیۆن دۆلاریش لە فرۆشی نەوتی عێراق.
11-ئەنجومەنی وەزیرانی پرۆژەكان هەڵدەبژێرێت.
12    - لەڕۆژی 1/10/2019وە پارەی عێراق خراوەتە سندوقەكەوەو، تائێستا 500 ملیۆن دۆلار دانراوە، چینیش ئامادەیە 10 ملیار دۆلار بخاتە ناو حسابەكە، دەبوو لەئێستادا یەكەم پرۆژە دەستنیشانبكرێت بۆ جیبەجێكردن، بەڵام بەهۆی ئەوەی حكومەت بووە بەكاربەڕێكەر ئەو دەسەڵاتەی نییە.
13    –عێراق مافی هەیە كۆمپانیای ئەوروپی‌و ئەمریكی دەستنیشانبكات بۆ ئەوەی ببن بە هاوبەشی چین، بەپێی جۆری پرۆژەكە. 

ڕێككەوتن و دابەشبوونە سیاسیەكان 
ئەم پرۆژەیەش هاوشێوەی كۆی پرسە سیاسییەكان لەعێراق دابەشبونێكی قوڵی دروستكردووە، ئەوەی تێبیینی دەكرێت زۆرینەی هێزە نزیكەكانی ئێران پشتیوانی ئەم ڕێككەوتنەدەكەن‌و، باس لە لێكەوێتە گەورەو گرنگەكانی دەكەن بۆ عێراق، بەپێچەوانەوەشەوە هێزە نەیارەكانی ئێران دژی ڕێككەوتنەكەن‌و پێیانوایە بۆ ڕزگاكردنی ئێرانە لەو دۆخە ئابورییەی تێكەوتووە. 
"محەمەد ئیقبال" پەرلەمانتاری میحوەری سوننەكان لەتویتێكدا دەڵێت:" پرسیارم لەچەند وەزیرێك كرد سەبارەت بەكۆپییەكی ڕێككەوتنەكە دەستمنەكەوت، لەئەنجومەنی نوێنەرانیش هیچ كۆپییەكم دەستنەكەوت" دەشڵێت:" شاردنەوەی بەڵگەنامە بەوشێوەیە ئەو پێشبینییە تاریكەمان لەبارەی ڕێككەوتنەكە بەهێزتر دەكات".
"جەمال كەربولی" سەرۆكی حزبی (حەل) كە سیاسیەكی سوننەیە لەتویتێكدا لەبارەی ڕێككەوتنەكە دەڵێت:" زۆر بەسادەیی...ڕێككەوتنی چین پلانی ڕزگاركردنی ئابورییە‌و وڵاتێكی درواسێ‌ دایناوە‌و سەپاندویەتی بەسەر حكومەتی عێراق لەپێناو هاوكاریكردنی ئابوری ئەو دەوڵەتە لەپارەی عێراق بەشێوەیەكی ژێر بەژێر، وەك ئەوەی چەندین ساڵە دەیكات، بەهەموو تواناشییەوە هەوڵدەدات تەمەنی حكومەتی كاربەڕێكەر درێژبكاتەوە بۆ زامنكردنی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنەكە" لەكۆتایی تویتەكەشیدا نوسیویەتی : ڕێككەوتنی چین داگیركاری سێیەم. 
هەر لەوچوارچێوەیەدا "عەبدولڕەحمان مەشهەدانی" پسپۆڕی ئابوری لەبارەی ڕێككەوتنەكە دەڵێت:"ئەوەی لەئێستادا لەڕاگەیاندنەكانەوە سەبارەت بەجۆری پرۆژەكان‌و قەبارەی پارەكان دەخرێنە ڕوو پرسێكی سیاسییە، چونكە حكومەتی دەستلەكاركێشاوە هەوڵی ڕاكردن دەدات بۆ پێشەوە لەڕێی چارەسەركردنی قەیرانێك بە قەیرانێكی گەورەتر".
ئەو شارەزا ئابورییە كە بۆ پێگەی "كەناڵەی حورە" لێدوانی داوە ئاماژە بەوەشدەكات:"عەبدولمەهدی دەیەوێت بڵێت حكومەتەكەی شتی باش بۆ گەلی عێراق دەكات، چونكە خوازیارە لەدەسەڵات بمێنێتەوە".
بەبڕوای ئەو، ئەگەری ئەوەش هەیە ئەو ڕێككەوتنە پەیوەندی بە یەكێك لەوڵاتە دراوسێكانەوە هەبێت و لەمیكانیزمی دانەوەی قەرزەكانی عێراق بە چین سودمەندبێت.
"مەشهەدانی" لەبارەی قسەكانی ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە سەبارەت بە ڕێككەوتنەكە دەڵێت: "موزهیر محەمەد بەشێك لە بڕگەكانی ڕێككەوتنەكەی ئاشكراكردووە، نەك سەرجەم وردەكارییەكانی".

دبلۆماسیەتی تەڵەی قەرز
ئەوەی چینییەكان تێیدا سەركەوتووبوون، بەكارهێنانی میكانیزمە ئابورییەكانە بۆ پتەوكردنی بەرژوەندییە جیۆستراتیجییەكانی وڵاتەكەیان لەجیهاندا، لەڕێی دەستپێخەری ( یەك پشتوێن- یەك ڕێگا) كە ترلیۆنێك دۆلاری لەلایەن حكومەتی پەكینەوە بۆ تەرخانكراوە. بەوپێیەش چین هاوكاری پڕۆژەی ژێرخانی ئابوری وڵاتانی تازە پێگەیشتووەكان دەكات كە خاوەن جێگەیەكی ستراتیجین، ئەوەش لەڕێی پێشكەشكردنی قەرزی زەبەلاح بەحكومەتی ئەو دەوڵەتانەو، جێبەجێكردنی پرۆژەی ژێرخانی ئابوری تیایاندا. 
ئەوانەی مەترسییان هەیە لەم هەنگاوەی چین پێیانوایە، ئەو پرۆژانەی چین بنیاتیان دەنێت، ئامانجی پشتیوانیكردنی ئابوری ناوخۆی ئەووڵاتانە نییە، بەڵكو ئامانجی گەیشتنێتی بەسەرچاوە سروشتییەكانی ئەو وڵاتانە، یان ئاوەڵاكردنی بازاڕەكانی بۆ كەرەستە چینییە بێكواڵیتیەكان كە تێچووی كەمەو نرخی هەرزانە، ئامانجێكی تریشی هەناردەكردنی دەستی كارو خولقاندنی هەلی كارە بۆ خەڵكی وڵاتەكەی لەڕێی ئەنجامدانی پڕۆژەی جۆراوجۆر لەوڵاتان، لەكۆتایشدا زۆرێك لەو وڵاتانە دەكەونە ژێر قەرزێكی زۆری چینەوە، سریلانكاو فەنزیویلاو ژمارەیەك لەوڵاتانی ئەمریكای لاتین‌و ئەفریكا بەشێكن لەو وڵاتانەی چونە چوارچێوەی ئەو پرۆژە چینیەوە، لەئێستادا كەوتونەتە ئەوتەڵەیەوە كە بەتەڵەی قەرز ناودەبرێت، قەرزێكی زۆری چینیان لەسەر كۆبوەتەوەو توانای دانەوەیان نییە. 

 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand