Draw Media

پارتی‌و یەكێتی لەسەر "كۆڕێ" ناكۆكن

پارتی‌و یەكێتی لەسەر "كۆڕێ" ناكۆكن

2022-04-10 10:45:15


 
راپۆرت: درەو
پارتی‌و یەكێتی لەسەر شەڕێك ناكۆكن كە 31 ساڵ لەمەوپێش رویداوە، پارتی سەروەرییەكانی شەڕەكە بۆخۆی دەگێڕێتەوە، یەكێتیش بۆ یەكەمجار ئەمساڵ هاتوتەسەر هێڵ‌و داوای مافی خۆی لەو شەڕەدا دەكاتەوە، شەڕێك كە بارزانی‌و تاڵەبانی لەگەڵ سەددام كۆكردەوە بۆ دانوستان، تاڵەبانی لە دیداری تەمەنی خۆیدا لەبارەی ئەم شەڕەوە باسی "جەمەدانی"یەكەی بارزانی دەكات، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

لەشەڕی غازەوە بۆ شەڕی كۆڕێ ! 
ئەم رۆژانە ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی، لەسەر پرسی غاز‌و داهاتەكان‌و پۆستی سەرۆك كۆمار زیاتر قوڵبووەتەوە‌و سەریكێشاوە بۆ بابەت‌و رووداوە مێژووییەكانیش. 
چەند ساڵێكە پارتی لەرێگای میدیاكانییەوە، یادی شەڕی "كۆڕێ" دەكاتەوە‌و سەروەرییەكانی ئەم شەڕە بۆ پێشمەرگەكانی خۆی دەگێڕێتەوە‌و یەكێتی بێدەنگە، بەڵام ئەمساڵ كە هەردوو حزب لەناكۆكی قوڵدان، یەكێتی بێدەنگ نەبوو، هاتوەتە سەر خەت‌و دەڵێ كۆڕێ داستانی پێشمەرگەی یەكێتییە نەك پارتی. 

لەبارەی شەڕی "كۆڕێ"وە
دوای راپەڕینی بەهاری 1991ی خەڵكی كوردستان دژی رژێمی بەعس‌و كشانەوەی سوپای عێراق لە كوردستان، نزیكەی 25 رۆژ دواتر، سوپای عێراق خۆی كۆكردەوە بۆ داگیركردنەوەی كوردستان، رۆژی 28ی ئازاری 1991 سوپای عێراق لەماوەی دوو رۆژدا كەركوكی لەدەستی هێزەكانی پێشمەرگە سەندەوە.
دوای داگیركردنەوەی كەركوك، سوپای عێراق بەرەو هەولێر رۆیشت، رۆژی 31ی ئازار هەولێریشی داگیركردەوە، بەهەمان شێوە هێرش بۆسەر سلێمانی‌و ناوچە ئازادكراوەكانی تری كوردستان دەسیپێكرد، ئەمە كۆڕەوی لێكەوتەوە، خەڵكی كوردستان لە ترسی تۆڵەكردنەوەی بەعس، هەندێك بەرەو توركیا‌و هەندێكی تر بەرەو ئێران ئاوارەبوون.
دوای داگیركردنەوەی هەولێر لەلایەن رژێمی بەعسەوە، بەرەی كوردستانیی كە لە (پارتی‌و یەكێتی‌و لایەنەكانی تر پێكهاتبوو)، بڕیاریدا دوو هێڵی بەرگریی بۆ روبەڕووبونەوەی بەعس دروستبكات، بۆ ئەوەی سوپای عێراق نەتوانێت بچێتە (پیرمان)، هێڵی یەكەمی بەرگریی لە (خانزاد) دانرا، هێڵی دووەمیش لە (سەری رەش).
سەرباری ئەم دوو هێڵە بەرگرییەی هێزەكانی بەرەی كوردستانیی، رۆژی 6ی نیسان سوپای عێراق گەیشتە (پیرمام)، سوپای عێراق لە (پیرمانم) رانەوەستا، هێرشی بەرەو (كۆڕێ)‌و (شەقلاوە) دەستپێكرد، چونكە ئەو پێشمەرگانەی لە (پیرمام) بەرەنگارییان كردبوو، بەرەو (كۆڕێ) پاشەكشێیان كردبوو، لە (كۆڕێ) دوو شەڕ رویدا كە بە شەڕی یەكەم‌و شەڕی دووەمی كۆڕێ ناسراون. 
شەڕی یەكەمی كۆڕێ لە پاشنیوەڕۆی 7ی نیسانی 1991 شەڕی یەكەمی كۆڕێ رویدا، لەم شەڕەدا پێشمەرگە هێرشی سوپای عێراقی راوەستاند، نەیانهێشت هێزەكە بگاتە ناو (دەربەندی كۆڕێ).
دوای ئەم سەركەوتنە، هێزەكانی بەرەی كوردستانیی (واتە هێزی هەموو لایەنەكان) سەرلەنوێ لە كۆڕێ كۆبونەوە، پێشمەرگەی هەموو لایەنەكان بەسەر سەنگەرەكاندا دابەشكرانەوە، دابەشبوونەكە بەمشێوەیە بوو: 
•    هێزی یەكێتی‌و زەحمەتكێشان لە شاخی (زیبكە) لە بەری رۆژهەڵاتی كۆڕێ جێگیر بوون
•    پێشمەرگەكانی پارتی‌و سۆسیالیست‌و حزبوڵای شۆڕشگێڕی كورد‌و حزبی شیوعی‌و بزوتنەوەی ئیسلامی لەسەر بەرزاییەكانی سەر كۆڕێ جێگیربوون
•    هێزێكی (پارتی گەل) لە رۆژئاوای شەقامی سەرەكی كۆڕێ- حوجران جێگیربوون
بەرەبەیانی رۆژی 11ی نیسان شەڕی دووەمی (كۆڕێ) رویدا، كە شەڕە گەورەكەیە، لەم شەڕەشدا سەرلەنوێ هێزی سوپای عێراق شكا، دوای ئەو پێشڕەوییە زۆرەی كە كردبووی، هەولێرو سلێمانی‌و ناوچەكانی تری كوردستانی داگیركردبووەوە، ئەمە یەكەمجار بوو، سوپای عێراق روبەڕووی بەرگری پێشمەرگە ببێتەوە‌و هێزەكە بشكێت، ئەمە شەڕە‌و دیمەنی كۆڕەوی خەڵكی كورد وایكرد، رژێمی سەددام دوای كۆڕەو داوای دانوستان لەگەڵ بەرەی كوردستانیدا بكات. 
سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، هێزی هەموو لایەنەكان لەم شەڕانەدا بەشداربوون، ئاماری شەڕی "كۆڕێ" نیشانی دەدات لەم شەڕەدا (13) پێشمەرگە شەهیدبوون، شەهیدەكان بەمشێوەیە دابەشبوون بەسەر لایەنەكانی بەرەی كوردستانیدا: 
•    یەكێتی: 9 شەهید
•    پارتی: 2 شەهید
•    بزوتنەوەی ئیسلامی: 2 شەهید
نزیكەی (50) پێشمەرگەش لە هەموو لایەنەكانی بەرەی كوردستانیی لە شەڕەكەدا برینداربوون. 

مام جەلال‌و جەمەدانییەكەی بارزانی
لە دیداری تەمەندا، مام جەلال سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی لەبارەی شەڕی كۆڕێ‌و دانوستان لەگەڵ بەعس دڵێ" مەسعود بارزانی لە كۆبونەوەی خەلیفاندا سوربوو لەسەر ئەوەی رێككەوتن لەگەڵ حكومەت مۆر بكات‌و گوتی: من بەتەنیا ئیمزای دەكەم، من هیچ باوەڕم بە خەڵكی كوردستان نەماوە، من باوەڕم بە پێشمەرگەی پارتی نەماوە، كە لێمان قەوما لە هەموو ئەو پێشمەرگانەی پارتی پارتی كە لەگەڵمدا بوون، چل كەسم لەگەڵ مایەوە، ئەگەر لەبەرخاتری گۆڕی بارزانی‌و بیری بارزانی نەبوایە، ئەو جەمەدانییە سورەم دەخستە ژێر قۆندەرەكەم‌و هیچ باوەڕیشم بە پێشمەرگەی یەكێتی نییە كە لێمان قەوما تەنها دەستەكەی كۆسرەت‌و دەستەی حەسەن كوێستانی‌و چەند كەسێكی كەم مانەوە لە كۆڕێ، باوەڕم بەوە نەماوە خەڵكی كورد مقاوەمەت‌و خەبات بكات‌و جارێكی تر نامەوێ ببمەوە پەنابەر لە ئێران، لەبەر ئەوە باشترین چارەسەر ئەوەیە، ئەو رێككەوتنامەیە ئیمزا بكەم.. دوای ئەوەی مەسعود بارزانی ئەو قسانەی كرد، عەزیز محەمەد تكای كرد‌و گوتی: كاك مەسعود من دەمەوێت داوات لێ بكەم، تۆ كوڕی بارزانیت، خەباتتان كردووە، گەلی كورد تێكۆشەرە‌و ئامادەی فیداكارییە، من تكات لێ دەكەم ئەوە مەڵێ‌و مەیكە".
دوای رووداوەكانی شەڕێ كۆڕێ‌و كۆڕەوی خەڵكی كوردستان، تاڵەبانی‌و بارزانی هەردووكیان بە دەستپێشخەرییەكەی سەددام قایل بوون‌و چونە بەغداد بۆ دانوستان لەگەڵ رژێم. 

"هێزی بارزان شەڕی كرد"
ئەو فەرماندانەی پارتی كە بەشدارییان لە هەردوو شەڕی "كۆڕێ"دا كردووە، لەوانە (سەعید ئەحمەد نادر) كە فەرماندەی هێزەكە بووە، باس لەوە دەكەن، هێزی بارزان سەرەتا شەڕی كردووە‌و سوپای عێراقی تێكشكاندووە، كە هێزی لایەنەكانی بەرەی كوردستانی ئەم سەركەوتنەیان بینیوە، كۆبونەتەوە‌و لە شەڕی دووەمدا بەشدارییان كردووە، واتە سەرچاوەی سەركەوتنەكە بۆ هێزەكانی پارتی دەگەڕێننەوە. 
بەڵام حەسەن كوێستانی یەكێك لە فەرماندە سەربازییە دیارەكانی یەكێتی لەو شەڕانەدا لە یادەوەریەكانی خۆیدا ئاماژەی بەوەكردووە كە لەهەردوو شەڕەكەدا ئەوان ئامادەبوون و لەسەنگەری پێشەوەدابون و سەرپەرشتی شەڕەكەی كردووە. 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand