نەوتی هەرێم لە سێ ئازاری (2020 - 2021 - 2022)دا
2022-04-07 11:46:33
شیكاری: درەو
نەوتی هەرێم لە سێ ئازاری (2020 - 2021 - 2022)دا
داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نێوان مانگەکانی ئازاری (2020 – 2021 و 2022) بە ڕێژەیەکی بەرچاو گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە، بەجۆرێک حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئازاری ساڵی (2020) دوای لێدەکردنی خەرجییەکان تەنها نزیکەی (164 ملیار) دیناری بۆماوەتەوە.
بەڵام لە ئازاری ساڵی (2021)دا بڕەکە گەیشتووە بە ( 416ملیار) دینار و لە مانگی ئازاری (2022) بەراورد بە ئازاری (2020) بە ڕێژەی (80%) ئەو داهاتەی تەنها لە فرۆشی نەوتەوە لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە زیادی کردووە و (831 ملیار) دیناری تێپەڕاندووە.
ئازاری 2020
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاری (2020) بڕی (15 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی (یۆنان، ئیتالیا، کرواتیا، کۆریای باشور، مسر و ئیمارات) کردووە. کە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕی جیهانیدا لە مانگی ئازاری ساڵی (2020) بەتێکڕا (32.01) دۆلار بووە.
ئەگەر حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا نەوتەکەی بە (10) دۆلار کەمتریش فرۆشتیبێت، ئەوا تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (22.01) دۆلار، بەم پێیەش ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بەهاکەی بریتی بووە لە (330 ملیۆن و 150 هەزار) دۆلار.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت و زانیارییە بڵاوکراوەکانی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا (58%)ی داهاتی گشتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە ڕۆشتووە، بەو پێیەش ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە لە مانگی ئازاری ساڵی (2020) تەنها (138 ملیۆن و 663 هەزار) دۆلاری ئەمریکی بووە.
ئەوەی جێ ئاماژە پێدانە لەمانگی ئازاری ساڵی (2020) نرخی (1) دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق (1180) دیناری عێراقی بووە، بۆیە ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە بریتی بووە لە (163 ملیار و 622 ملیۆن و 340هەزار) دیناری عێڕاقی بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
خشتەی ژمارە (1)
ئازاری 2021
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاری (2021) بڕی (12 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بەم پێیەش بڕی (3 ملیۆن) بەرمیل لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کەمی کردووە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵێک پێشتر، ئەو بڕە نەوتەشی فرۆشتووە بە کەشتی وڵاتانی (یۆنان، ئیتالیا، کرواتیا، رۆمانیا، ئیسپانیا و ئیسرائیل).
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕی جیهانیدا لە مانگی ئازاری ساڵی (2021) بەتێکڕا (65.41) دۆلار بووە، واتە نزیکەی دوو هێندەی ساڵێک پێشتر بەرزبوونەوەی بەخۆوە دیوە.
ئەگەر حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا نەوتەکەی بە (11) دۆلار کەمتریش فرۆشتیبێت، وەک ئەوەی لە ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ ساڵی (2021) ئاماژەی بۆ کراوە، ئەوا تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (54.41) دۆلار، بەم پێیەش ئەو بڕە نەوتەی هەرێم هەناردەی کردووە بەهاکەی بریتی بووە لە (652 ملیۆن و 920 هەزار) دۆلار.
بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ساڵی (2021)دا (56%)ی داهاتی گشتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە ڕۆشتووە، بەو پێیەش ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە لە مانگی ئازاری ساڵی (2021) بڕی (287 ملیۆن و 284هەزار و 800) دۆلاری ئەمریکی بووە.
ئەوەی جێ ئاماژە پێدانە لەمانگی ئازاری ساڵی (2021) نرخی (1) دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق (1450) دیناری عێراقی بووە، بۆیە ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە بریتی بووە لە (416 ملیار و 562 ملیۆن و 960 هەزار) دیناری عێڕاقی بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))
خشتەی ژمارە (2)
ئازاری 2022
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاری (2022) نزیکەی بڕی (12 ملیۆن 220 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، ئەو بڕە نەوتەشی فرۆشتووە بە کەشتی وڵاتانی (یۆنان، ئیتالیا، کرواتیا و ئیسرائیل).
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕی جیهانیدا لە مانگی ئازاری ساڵی (2022) بەتێکڕا (117.70) دۆلار بووە، واتە نزیکەی دوو هێندەی ساڵێک پێشتر و سێ هێندەی ئازاری ساڵی (2020) بەرزبوونەوەی بەخۆوە دیوە.
ئەگەر حکومەتی هەرێم لە مانگی ناوبراودا نەوتەکەی بە (11) دۆلار کەمتریش فرۆشتیبێت، وەکو ئەوەی لە ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت ئاماژەی بۆ کراوە ئەوا تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (106.41) دۆلار، بەم پێیەش ئەو بڕە نەوتەی هەرێم هەناردەی کردووە بەهاکەی بریتی بووە لە (1 ملیار و 303 ملیۆن و 874 هەزار) دۆلار.
بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ساڵی (2021)دا (56%)ی داهاتی گشتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە ڕۆشتووەو دەکرێت ئە بۆ ساڵی (2022)ش درێژ بکرێتەوە، بەو پێیەش ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە لە مانگی ئازاری ساڵی (2022) بڕی (573 ملیۆن و 704 هەزار و 560) دۆلاری ئەمریکی بووە.
ئەوەی جێ ئاماژە پێدانە لەمانگی ئازاری ساڵی (2022) نرخی (1) دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراق (1450) دیناری عێراقی بووە، بۆیە ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە بریتی بووە لە (831 ملیار و 871 ملیۆن و 612هەزار) دیناری عێڕاقی بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))
خشتەی ژمارە (3)
بەراروردکاری نەوتی هەرێم لە نێوان مانگی ئازاری ساڵەکانی (2020 – 2021 - 2022)
یەکەم: بڕی نەوتی هەناردەکراو
- حکومەتی هەرێم لە ئازاری (2020) بڕی (15 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، بەڵام لە ئازاری (2021) نزیک لە هاوشێوەی ئازاری (2022) بڕی (12 ملیۆن) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، واتە هەناردە کردن بەڕێژەی (25%) و (3 ملیۆن) بەرمیل نەوت هەناردەکراو کەمی کردووە.
دووەم: داهاتی نەوت
- لە ئازاری (2020) تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم بە (22.01) دۆلار بووە، حکومەت بەبەهای (330 ملیۆن و 150 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بڕی (138 ملیۆن و 663 هەزار) دۆلار داهاتی بۆ ماوەتەوە، کە بەهاکەی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بریتی بووە لە (163 ملیار و 622 ملیۆن و 340هەزار) دینار.
- لە ئازاری (2021) تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم بە (54.41) دۆلار فرۆشراوە، حکومەت بەبەهای (652 ملیۆن و 920 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بڕی (287 ملیۆن و 284هەزار و 800) دۆلار داهاتی بۆ ماوەتەوە، ئەم بڕەش بەراورد بە مانگی ئازاری (2020) نزیکەی دوو هێندەیە و بڕی (148 ملیۆن و 621 هەزار و 800) دۆلاری زیاترە، کە دەکاتە (52%).
بەڵام بەدینار داهاتەکە گەورەتر دەبێت، چونکە لە ئازاری ساڵی (2020) بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە (1180) دیناری عێراقی بووە، بەڵام لە مانگی ئازاری ساڵی (2021) بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە (1450) دیناری عێراقی بووە.
- لە ئازاری (2022) تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم بە (106.70) دۆلار فرۆشراوە، حکومەت بەبەهای (1 ملیار و 303 ملیۆن و 874 هەزار) دۆلار نەوتی فرۆشتووە. دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بڕی (573 ملیۆن و 704 هەزار و 560) دۆلار داهاتی بۆ ماوەتەوە، ئەم بڕەش بەراورد بە مانگی ئازاری (2020) نزیکەی چوار هێندەیە و بڕی (435 ملیۆن و 41 هەزار و 560) دۆلاری زیاترە، کە دەکاتە (76%).
بەڵام ژمارە گۆڕانکاریان بەسەردا دێت ئەگەر داهاتی مانگی ئازاری ساڵی (2022) بەراورد بکەین بە داهاتی مانگی ئازاری ساڵی (2021)، چونکە ئەو بڕە داهاتەی حکومەت لە داهاتی نەوت بۆی ماوەتەوە لە ساڵی (2022) دوو هێندەی داهاتی مانگی ئازاری ساڵی (2021)ە، واتە (286 ملیۆن و 419 هەزار و 760) دۆلاری زیاترە بە ڕێژەی (50%). بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە خشتەی ژمارە (4))
خشتەی ژمارە (4)
بەراروردکاری نەوتی هەرێم لە نێوان مانگی ئازاری ساڵەکانی (2020 – 2021 - 2022) بە گرافیک
چارتی (1)
چارتی (2)
چارتی (3)
چارتی (4)