Draw Media

راپۆرتی ئەنجومەنی عێراقی بۆ وزە سەبارەت بە نەوتی هەرێم

راپۆرتی ئەنجومەنی عێراقی بۆ وزە سەبارەت بە نەوتی هەرێم

2022-04-08 18:19:28


(درەو):
ئەنجومەنی عێراقی بۆ وزە راپۆرتێكی ووردی لەسەر مێژووی نەوتی هەرێمی كوردستان بڵاوكردووەتەوە.
🔹 تەموزی 2002 واتە ساڵێك پێش روخانی رژێمی عێراق، كۆمپانیای (جینیل ئێنێرجی) توركی گرێبەستی بەشداری بەرهەمهێنانی كێڵگەی نەوتی (تەقتەق)ی بەپشتیوانی گەورە وەبەرهێنەرانی تورك واژۆ كرد، پاشان لە 2004دا بەشێك لە بڕگەكانی ئەم گرێبەستە هەموار كرایەوە. (پەیمانگای ئۆكسفۆرد بۆ توێژینەوەی وزە)
🔹 12ی نیسانی 2003 هێزەكانی پێشمەرگە لە كەركوك كشانەوە، هێزەكانی ئەمریكا بیرە گەورەكانی پارێزگاكەیان كۆنترۆڵكرد. (رۆژنامەی بەیانی ئیماراتی).
🔹 2004 كۆمپانیای DNO نەرویجی گرێبەستی بەشداری بەرهەمهێنانی كێڵگەی نەوتی (تاوكی) لە هەرێم واژۆ كرد. (ئەلجەزیرە).
🔹 تشرینی دووەمی 2005 كۆمپانیای DNOی نەرویجی دەستیكرد بە هەڵكەندنی بیرە نەوتییەكان لە هەرێم. (ئەلجەزیرە)
🔹 8ی نیسانی 2006 بۆ یەكەمجار بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی (زاخۆ) لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد. (ئەلجەزیرە).
🔹2006 كۆمپانیای (Western Zagroz Resources) گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەمهێنانی نەوتی كێڵگەی (كەلار- باوەنور) لە هەرێمی كوردستان واژۆ كرد. (پەیمانگای ئۆكسفۆرد بۆ توێژینەوەی وزە)
🔹2007 كۆنسۆرتیۆم كە پێكهاتووە لە (دانا غاز)و (نفگ الهلال)ی ئیماراتی، گرێبەستی خزمەتگوزاری كێڵگەكانی غازی (كۆرمۆر)و (چەمچەماڵ) بەدەستهێنا. (پەیمانگای ئۆكسفۆرد بۆ توێژینەوەی وزە).
🔹9ی ئابی 2007 یاسای ژمارە 22 ساڵی 2007 "یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان-عێراق" پەسەندكرا. (قاعدە التشریعات العراقیە)
🔹 2007 بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی (تاوكی) لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد. (ئەلجەزیرە)
🔹2007 (روپێویی جیولۆجی ئەمریكی) تێكرای یەدەگی نەوتی لە كوردستان  بە (45 ملیار) بەرمیل‌و غازی شروشتی بە (3 بۆ 6 ترلیۆن) مەترسێجا خەمڵاند. (دامەزراوەی كارنیجی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی)
🔹9ی ئەیلولی 2007 حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی لەگەڵ (هانت ئۆیل)ی ئەمریكی بۆ روپێویی جیولۆجی‌و دۆزینەوەی نەوت‌و هەڵكەندنی بیر، واژۆ كرد. (ئەلجەزیرە)
🔹 14ی ئەیلولی 2007 حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە وەزیری نەوتی عێراق (حسێن شەهرستانی) دەكات دەستلەكاربكێشێتەوە‌و دەستوەردان لە كاروباری هەرێمدا نەكات، ئەمە دوای ئەوەهات شەهرستانی تانەی دا لە یاساییبوونی ئەو گرێبەستانەی كە حكومەتی هەرێم لە بواری نەوت‌و غازدا واژۆی كردبوون. (ئەلجەزیرە)
🔹14ی ئۆكتۆبەری 2007 گرێبەستی (هانت ئۆیل) ئەمریكی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لە میدیا جیهانییەكاندا دەنگدانەوەی دروستكرد، ئەمە بەهۆی ئەوەی (رای هانت) كە بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە بوو، ئەندامی ئەنجومەنی راوێژكاریی كاروباری دەرەوەی كۆشكی سپی‌و هاوڕێی نزیكی جۆرج بوش بوو. (رۆژنامەی ئەلحەیات)
🔹3ی ئۆكتۆبەری 2007 سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای (هانت ئۆیل) رایگەیاند پەیوەندی خێزانیی لەگەڵ سەرۆك بوش‌و كۆمارییەكاندا، هۆكار نەبووە بۆ یارمەتیدانی لە وەرگرتنی ئەو گرێبەستانەی نەوت لە هەرێمی كوردستان. (Wall street Journal)
🔹27ی ئەیلولی 2007 بەرپرسێك لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد دەڵێ، گرێبەستی (هانت ئۆیل) لەگەڵ هەرێمی كوردستان، یەكڕیزی نیشتمانیی تێكدەدات‌و وڵات دەخاتە پشێویەك كە هیچ سودێكی نییە، ئامۆژگاری كۆمپانیاكان دەكات كە ئارەزوی بەستنی گرێبەستی نەوتی لەگەڵ هەرێم دەكەن، نەچنە بابەتە سیاسییەكان‌و ڕیسكە یاساییەكان. (رۆژنامەی الرأی)
🔹23ی تشرینی دووەمی 2007 وەزیری نەوتی عێراق (حسێن شەهرستانی) هەڵوەشاندنەوەی هەموو گرێبەستەكانی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان راگەیاند. (رادیۆی نێودەوڵەتی مۆنتیكارلۆ)
🔹24ی تشرینی دووەمی 2007 حكومەتی هەرێمی كوردستان لێدوانەكانی وەزیری نەوتی عێراق (حسێن شەهرستانی) رەتكردەوەو رایانگەیاند، لێدوانەكان لە قەبارەی شەهرستانی‌و ئەو دەسەڵاتەی هەیەتی، گەورەترە. (ئەلجەزیرە)
🔹11 كانونی دووەمی 2008 وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ڕێگا بەو كۆمپانیا بیانییانەی نەوت نادات كە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم واژۆكردووە، لە عێراقدا وەبەرهێنان بكەن. (ئاژانسی هەواڵی براسا)
🔹24 حوزەیرانی 2008 حكومەتی هەرێم واژۆكردنی دوو گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (تالیسمان)ی كەنەدی راگەیاند، تا لەگەڵ كۆمپانیای (زاگرۆس) لە وەبەرهێنانی كێڵگەی (كەلار- باوەنور) بەشدار بێت. (ئەلجەزیرە)
🔹1ی حوزەیرانی 2009 كۆمپانیای DNO گروپ، بۆ یەكەمجار هەناردەكردنی نەوتی لە هەرێمی كوردستانەوە راگەیاند، وەك هەنگاوی یەكەم لە كێڵگەكانی (تەقتەق)و (تاوكی) بە تێكڕای (100 هەزار) بەرمیلی رۆژانە لەڕێگەی هێڵی كەركوك- جیهان‌و لە ڕێگەی تانكەرەوە. (ئەلجەزیرە)
🔹19ی تەمموز 2009 یەكەم پاڵاوگەی نەوت لە هەرێمی كوردستان كرایەوە كە كۆمپانیای (كار) خاوەندارێتی دەكرد، توانای پاڵاوتنی (75 هەزار) بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێكدا. (ئەلجەزیرە)
🔹24 ی حوزەیرانی 2011 كۆمپانیای DNOی نەرویجی رایگەیاند، نەوت لە كێڵگەی (تاوكی) لە كوردستانەوە هەناردە ناكات تا حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق وردەكاری رێككەوتنەكەیان لەبارەی هەناردەكردنی نەوت رانەگەیەنن.  (رۆیتەرز)
🔹5ی شوبات 2011، نوری مالیكی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، جەختیكرد رەزامەندە لەسەر گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان‌و بەپێی گرێبەستەكانیان كۆمپانیاكان مافیان هەیە، حكومەت شایشتەكانیان لە ئەستۆ دەگرێت‌و نەوت رادەستی (سۆمۆ) دەكات بۆ فرۆشتنی. (BBC)
🔹6ی ئایار 2011 بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ یەكەمجار بەغداد (243 ملیۆن) دۆلاری لە بەرژەوەندی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان، خەرج كردووە. (BBC)
🔹18ی ئۆكتۆبەری 2011 حكومەتی هەرێم گرێبەستێكی نەوتی لەگەڵ كۆمپانیای (ئێكسۆن مۆبیل)ی ئەمریكی واژۆ كرد، مافی دەرهێنانی نەوتی لە (6) ناوچەی باكوری عێراق پێداوە.
🔹18ی ئۆكتۆبەری 2011 حكومەتی عێراقی گرێبەستی (ئێكسۆن مۆبیل)ی ئەمریكی ئیدانەكرد، بە هەڕەشەی بۆ سەر یەكگرتوویی نیشتمان ناوبرد، چونكە ڕێگەی داوە بە دەرهێنانی نەوت لە 6 ناوچە، كە سیانیان لە دەرەوەی سنوری هەرێمەو لە چوارچێوەی سنوری پارێزگای نەینەوادایە. (دامەزراوەی كارنیجی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی)
🔹 21ی تشرینی دووەمی 2011 وەزیری نەوتی عێراقی (عەبدولكەریم لعێبی) دەڵێ، حكومەتی عێراق پەیامێكی ئاڕاستەی (ئێكسۆن مۆبیل) كردووە دەربارەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ هەرێم واژۆی كردووەو چاوەڕێی وەڵامیان دەكەین. (رۆیتەرز)
🔹 1ی نیسانی 2012 حسێن شەهرستانی وەزیری نەوتی عێراق دەڵێ، دەبێت كوردستان هەموو نەوتە بەرهەمهێنراوەكەی لەناوچەكانی هەرێم بەشێوەیەكی خێرا رادەستی وەزارەتی نەوت بكات، ئەگەر ئەیەوێت پشكی خۆی لە بودجە وەربگرێت. (BBC)
🔹 12ی نیسانی 2012 هاوپەیمانی كوردستانی داوا لە حكومەت دەكات حسێن شەهرستانی لە پۆستەكەی دوربخاتەوە، ئەمە دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی تۆمەتبار كردووە بەوەی نەوت هەناردەی ئیسرائیل دەكات، ئیمزای كۆكردوەتەوە بۆ لێپرسینەوەی لەناو پەرلەماندا. (المدی)
🔹 24ی تەموزی 2012 وەزارەتی نەوتی عێراق راگرتنی مامەڵەكردنی خۆی لەگەڵ كۆمپانیای "شیفرۆن"ی ئەمریكیدا راگەیاند‌و رێگری كرد لە ئەم كۆمپانیایە بەشداری هیچ گرێبەست‌و رێككەوتنێك بكات لەگەڵ وەزارەتی نەوت‌و هاوبەشەكانیدا، بەتایبەتی لە كەرتی دەرهێناندا، ئەمە ئەگەر شیفرۆن لەو گرێبەستە نەكشێتەوە كە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستاندا واژۆی كردووە. (Arabic C.N)
🔹 7ی ئەیلولی 2012 حسێن شەهرستانی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و وەزیری نەوت هەڕەشە دەكات ئەو كۆمپانیا بیانیانە بخاتە لیستی رەشەوە كە گرێبەستیان لەگەڵ كوردستان كردووە. (DW)
🔹 27ی تشرینی دووەمی 2013 حكومەتی هەرێم رێككەوتنێكی درێژمەودای لەگەڵ توركیا واژۆ كرد، ئەم رێككەوتنە رێگە بە ئەنكەرە دەدات لەرێگەی هێڵی عێراق- توركیاوە، نەوتی هەرێم بگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهان‌و لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان هەناردەی بكات، ئەمە لەبەرامبەر ئەوەدا هەرێم بەڵێن بدات بەرهەمە نەوتییەكان بە توركیا بكڕێت‌و نەوتیشی بە نرخێكی گونجاو پێی بفرۆشێت هەروەها داهاتەكانی بخاتە (هالك) بانكی توركیاوە، داهاتەكان لەژێر سەرپەرشتی حكومەتی توركیا‌و حكومەتی هەرێمدا بێت. (پەیمانگای واشنتۆم بۆ سیاسەتی خۆرهەڵاتی دوور)
🔹 31ی كانونی یەكەمی 2013 هەرێمی كوردستان پلان دادەنێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ (400 هەزار) بەرمیلی رۆژانە لە كۆتایی ساڵی 2013دا. (RT) 
🔹 10ی كانونی دووەم 2014 وەزارەتی نەوتی عێراق بەیاننامەیەمی فەرمی دەردەكات‌و تێیدا رەخنە لە حكومەتی هەرێم دەگرێت لەبارەی ئەوەی بەشێوەیەكی سەربەخۆ هەستاوە بە هەناردەكردنی نەوت، بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی ناوەندیی، كە ئەمە پێشێلكردنی دەستورە، هەرێم بە بەقاچاخبردنی نەوت تۆمەتبار دەكات. (BBC)
🔹 8ی ئایاری 2014 حكومەتی عێراق كە وەزارەتی نەوت نوێنەرایەتی دەكات، داواكارییەكی ئاڕاستەی "ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس" كرد، بۆ ئەوەی ناوبژیوانی لەنێوان عێراق‌و توركیادا بكات لەبارەی یاسایبوونی بەكارهێنانی هێڵی نەوتی عێراق- توركیا بۆ گواستنەوە‌و هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق. (پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی خۆرهەڵاتی دوور)
🔹 18ی ئایاری 2014 كۆمپانیای (هۆلیود ئنێرجی)ی ئەمریكا كە لە ساڵی 2003وە لە كوردستان كاردەكات، دۆزینەوەی دوو كێڵگەی نوێی نەوتی لە دهۆك راگەیاند، پێشبینی دەكات هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی دواین گەورە كۆگای نەوتی جیهانیدا بێت. (سایتی پارتی دیموكراتی كوردستان)
🔹 22ی ئایاری 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان هەناردەی نەوتی خاو لە كوردستانەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ رادەگەیەنێت. (BBC)
🔹 21ی حوزەیرانی 2014 وەزارەتی نەوتی عێراق حكومەتی هەرێم تۆمەتبار دەكات بە هەناردەكردنی نەوتی عێراقی بۆ ئیسرائیل، بە پێشێلكردنی روونی بەهاو بنەماو چەسپاوە نیشتمانییەكان ناوی دەبات. (النهار)
🔹 17ی حوزەیرانی 2014 ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەستنەوەی كێڵگەكانی كەركوكی بە بۆری نوێ نەوتی كوردستانەوە راگەیاند، كە لەرێگەی توركیاوە هەناردە دەكرێت، هێزەكانی پێشمەرگە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكیان كۆنترۆڵ كردووە. (Reuters) 
🔹 11ی تەموزی 2014 وەزارەتی نەوتی عێراق هێزەكانی پێشمەرگە تۆمەتبار دەكات بەوەی دەستیگرتووە بەسەر دوو كێڵگەی سەرەكی نەوتدا لە پارێزگاری كەركوك، ئەمە بە هەڕەشە بۆ یەكڕیزیی نیشتمانیی ناودەبات. (BBC)
🔹 12ی تەموزی 2014 وتەبێژی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان رایدەگەیەنێت كوركوك بە تەواوەتی لەژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە‌و سوپای عێراقی تێدا نەماوە. (BBC)
🔹 24ی ئابی 2015 ئیسرائیل مانگانە بە بەهای (ملیارێك دۆلار) نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگەكانی (ئایارو ئاب) هاوردە كردووە، ئەمە رێژەی 77%ی خواستی ئیسرائیل بۆ نەوت پێكدەهێنێت. (Financial Times) 
🔹 30ی تشرینی یەكەمی 2015 عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن دەڵێ" گومان هەیە نێوەندگیرێكی پاكستانی بەناوی (مورتەزا لاخانی) تێوەگلابێت لە گرێبەستی گەندەڵیدا لەناو هەرێمی كوردستان، ئەم نێوەندگیرە وا ناسراوە كە پەیوەندی لەگەڵ سەركردایەتی پارتی دیموكراتی دەسەڵاتداردا هەیە. (Financial Times)
🔹 15ی ئازار 2016 هاوپەیمانی كوردستانیی داوا لە نوری مالیكی سەرۆك وەزیران دەكات حسێن شەهرستانی وەزیری نەوت لە پۆستەكەی لابدات‌و بیداتە دادگا. (المسلە)
🔹 30 ی كانونی یەكەمی 2016 ژمارەیەك لە كۆمپانیا نەوتییەكان لە نزیكەی (19) ناوچەی نەوتی هەرێم كشانەوە، ئەمە بەهۆكاری تەكنیكی‌و سیاسی‌و ئابوری، لەناویاندا كۆمپانیای (ئیكسۆن مۆبیل)‌و (شیفرۆن). (رۆژنامەی ئەلمۆنیتۆر)
🔹  2ی حوزەیرانی 2017 كۆمپانیای "روزنەفت"ی روسی واژۆكردنی گرێبەستێكی گرنگ لەگەڵ هەرێم ئاشكرا دەكات كە ماوەی (20 ساڵ) دەخایەنێت. (RT) 
🔹 28ی نیسانی 2017 ئامارێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاشكرایدەكات (200) پاڵاوگەی بێ مۆڵەتی نەوت لە كوردستان كاردەكەن‌و خاوەندارێتییان بۆ كەسانی دەسەڵاتدار لە هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە. (العربی الجدید)
🔹 10ی حوزەیرانی 2017 وەفدێكی حكومی بە سەرۆكایەتی جەبار لعێبی وەزیری نەوت سەردانی كوردستان دەكات‌و لەگەڵ سەركردەكانی هەرێم كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان. (رووداو)
🔹 19ی ئەیلول 2017 جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق ئامادەیی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم نیشان دەدات بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوە نەوتییەكان. (كەناڵی الحرە)
🔹 25ی ئەیلولی 2017 حكومەتی هەرێمی كوردستان ریفراندۆم رێكدەخات بۆ جیابونەوە، رێژەی بەشداری لەم ریفراندۆمەدا 92% بوو. (ویكیپیدیا)
🔹 17ی ئۆكتۆبەری 2017 هێزەكانی عێراق گەورەترین گێڵگەی نەوتییان لە پارێزگای كەركوك كۆنترۆڵكردەوە، ئەمە دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە. (France24) 
🔹 2018 بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2017 دەگاتە (202 ملیۆن) بەرمیل، لەم بڕە (180 ملیۆن) بەرمیلی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە كراوە، ئەمە بەگوێرەی راپۆرتی دیلۆیت. (سایتی حكومەتی هەرێمی كوردستان) 
🔹 20ی حوزەیرانی 2019 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەگاتە بەغداد بۆ دیدار لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و تاوتوێكردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان، لەپێش هەمووشیانەوە دۆسیەی هەناردەی نەوت. (ئاژانسی هەواڵەكانی عێراق)
🔹  21ی ئابی 2019 كۆمپانیای (ئەبوزەبی نیشتمانی بۆ وزە) كە كێڵگەی نەوتی (ئەتروش) بەڕێوەدەبات رایگەیاند، بۆ یەكەمجار لەدوای دەستپێكردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە لە كێڵگەكەدا، ئاستێكی پێوانەیی بەرهەمهێنانی تۆماركردووە، بەجۆرێك تێكڕای قەبارەی بەرهەمی مانگانە لە تەموزی 2019دا (ملیۆنێك) بەرمیلی تێپەڕاندووە. (Reuters)
🔹 12ی كانونی یەكەمی 2019 سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق رێككەوتنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان راگەیاند بۆ دیاریكردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە كێڵگەكانی هەرێم بە بڕی (450 هەزار) بەرمیلی رۆژانە، ئەمە بۆ خۆبەدورگرتن لە كاریگەرییەكانی رێككەوتنی "ئۆپێك" بۆ دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنان. (ئاژانسی ئەنادۆڵ)
🔹 24ی نیسانی 2019 سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق دەڵێ حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی داواكراو لە نەوتی خاوی رادەستی حكومەتی ناوەندی نەكردووە. (Ultra Iraq)
🔹 21ی ئایاری 2019 عادل عەبددولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەڕەشەی بڕینی پشكی هەرێم دەكات لە بودجەدا، ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند نەبێت بە بەڵێنەكانی بۆ رادەستكردنی بڕی (250 هەزار) بەرمیل بەپێی ئەوەی رێككەوتنیان لەسەر كردووە. (Independent Arabia)  
🔹 20ی نیسانی 2020 هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوە دەكات لە گەورەترین دۆسیەی بەرتیل كە كۆمپانیای (روزنەفتی) روسی لەرێگەی نێوەندگیرێكی پاكستانییەوە بەناوی (مورتەزار لاخانی) بە بەرپرسانی هەرێمی داوە لەپێناو بەدەستهێنانی گرێبەستە نەوتییەكان. ((Alhurra)
🔹 26ی نیسانی 2020 ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران فەرمان بە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەكات، خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان رابگرێت‌و ئەو پارانە بگەڕێنێتەوە كە لەماوەی رابردوودا خەرجیكردووە، ئەمە بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان داهاتەكانی نەوتی دەرهێنراوی خۆی لەماوەی رابردوودا نەگەڕاندوەتەوە. (الجزیرە)
🔹 2ی ئایار 2020 راپۆرتی "دیلۆیت" داهاتی نەوتی هەرێم بۆ ساڵی 2019 ئاشكرا دەكات كە گەیشتوەتە (8 ملیارو 400 ملیۆن) دۆلارە‌و پوختەی قازانجەكەی گەیشتوەتە (4 ملیارو 500 ملیۆن) دۆلار، بەتێكڕای نرخی (52.76) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك. (Iraqi24)
🔹 9ی ئەیلولی 2020 وەزارەتی نەوتی عێراق داوا لە كوردستان دەكات ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی بۆ (120 هەزار) بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزێنێت، ئەمە بۆ پابەندبوون بە بڕیارەكانی "ئۆپێك پڵەس". (Reuters)
🔹 22ی ئەیلولی 2020 عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و وەزیری دارایی دەڵێ، كێشەكانی عێراق لەگەڵ ئۆپێكدا هۆكارەكەی بەقاچاخبردنی نەوتە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، كە بووە بە سەرچاوەیەك بۆ قاچاخچێتی. (SP Global)
🔹 2ی تشرینی یەكەمی 2020 عێراق یەكێك لەو وڵاتانەی ئەندامی ئۆپێكە كە بەكەمترین شێوە پابەند بووە بە بڕیارەكانی رێكخراوەكەوە لەبارەی دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنان، ئەمەش بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێم بە دیاریكردنی بڕی بەرهەمهێنان. (Oil Price)) 
🔹 13ی تشرینی یەكەمی 2020 ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق پێشنیازی دروستكردنی كۆمپانیایەك دەكات بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی هاوبەش. (Reuters) 
🔹 31ی تشرینی یەكەمی 2020 كوردستان راوەستانی هەناردەی نەوتەكەی بۆ توركیا رادەگەیەنێت بەهۆی بەئامانجگرتنی بۆری نەوتی جەیهان، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بەرپرسیارێتی هێرشەكە لەئەستۆ دەگرێت. (سكای نیوزی عەرەبی)
🔹 18ی كانونی دووەمی 2021 ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق دەڵێ، خەرجی بەرههەمهێنانی نەوت لە كوردستان بەرزە‌و نەوتی هەرێم بە كەمتر لە نرخی جیهانیی دەفرۆشرێت، بۆیە دەبێت هەرێم دۆسیەی نەوت رادەستی سۆمۆ بكات. 
🔹  28ی كانونی دووەمی 2021 عێراق سكاڵا نێودەوڵەتییەكەی دژی توركیا لەبارەی فرۆشتنی نەوتی كوردستانەوە كارا دەكاتەوە، ئەمە دوای سڕكردنی بۆ چەندجارێك لەسەردەمی حكومەتەكانی پێشتردا. (ئیندیپێندنتی عەرەبی)
🔹 3ی شوباتی 2021 كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت (سۆمۆ) رایدەگەیەنێت، هیچ بڕە نەوتێكی هەرێمی رادەست نەكراوە، سەرباری ئەو رێككەوتنەی كە دەڵێ دەبێت هەرێم 250 هەزار بەرمیل رادەست بكات لەبەرامبەر وەرگرتنی پشكی خۆی لە بودجەدا. (ئاژانسی ئەنادۆڵ)
🔹13ی شوباتی 2021 (بێژەن مسافر رەحمانی) بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای DNOی نەرویجی كڕینی پشكی ئیكسۆن مۆبیل لە كێڵگەی "بەعشیقە" رادەگەیەنێت، بەمەش پشكی كۆمپانیاكە لە كێڵگەكە بۆ 64% بەرزدەبێتەوە. (News Daily Arabic) 
🔹 7ی ئابی 2012 ئۆپێك داوا لە عێراق دەكات بڕی (6 ملیۆن) بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێنانی مانگانەی نەوتی خۆی كەمبكاتەوە، ئەمە بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێم بە رێككەوتنی "ئۆپێك پڵەس"ەوە. (ئیندیپێندنتی عەرەبی)
🔹 8ی ئابی 2021 كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان سەردانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی كرد، چاوی بە ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوت كەوت، رێككەوتن لەسەر پێویستی مامەڵەكردنێكی زۆر شەفاف لەگەڵ بەڕێوەبردنی سامانی نەوت لە عێراق‌و كاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان. (وەزارەتی نەوتی عێراق)
🔹  4ی ئەیلولی 2021 وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەڵێ ستراتیژیەتی وەزارەتەكەی نوێكردنەوە‌و بەهێزكردنی پەیوەندییە لەگەڵ ئەو كۆمپانیا جیهانییانەی كە لە بواری نەوت‌و غازدا لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2007ەوە كاردەكەن، چونكە رۆڵی وەزارەت بەتەنیا لە سەرپەرەشتیكردنی ئەم پرۆسەیەدا كورت دەبێتەوە‌و لەسەرەتای دروستبوونییەوە رۆڵی جێبەجێكاری لەم بابەتەدا نییە. (سایتی حكومەتی هەرێمی كوردستان)
🔹12ی كانونی دووەمی 2021 كۆمپانیای (جینیل ئێنێرجی) سوربوونی خۆی نیشان دەدات بۆ پەنابردن بۆ دادگای نێودەوڵەتی، بۆ داواكردنی قەرەبوو لە هەرێمی كوردستان بەهۆی كۆتایهێنان بە گرێبەستی بەشداربوون لە بەرهەمهێنانی دوو گێڵگەی غاز لە كوردستان. (الگاقە) 
🔹دوای چەندین ساڵ لە ئیمزاكردنی گرێبەست لەنێوان كۆمپانیای "ستێر گروپ"‌و "هێزەكانی سوریای دیموكرات- هەسەدە" كە بەگوێرەی رێككەوتنەكە دەبێت رۆژئاوای كوردستان رۆژانە بڕی 30 هەزار بەرمیل نەوت بە كەمتر لە نرخی جیهانیی بە هەرێم بفرۆشێت، 22 كانونی دووەمی 2021 حكومەتی هەرێم هەڵدەسێت بە هەڵوەشاندنەوەی بۆریی نەوتی ناسراو بە (انبوب عدی). (روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ) 
🔹30ی ئەیلولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، حكومەتی بەغداد بەشە بودجەی هەرێمی بۆ بڕی تەنها (200 ملیۆن) كەمكردوەتەوە.(رۆژنامەی برایەتی)
🔹15ی شوباتی 2022 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا یاسای  نەوت‌و  غازی هەرێم نادەستورییە، حكومەتی هەرێم ناچارە هەموە بەرهەمە نەوتییەكان رادەستی حكومەتی ناوەندی بكات، وەزارەتی نەوتی عێراق‌و دیوانی چاودێریی  دارایی، وردبینی‌و پێداچونەوە بۆ سەرجەم بەندەكانی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم بكات. (ئاژانسی هەواڵەكانی عێراق)
🔹16ی شوباتی 2022 حكومەتی هەرێم بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی رەتدەكاتەوە، بڕیاری رادەستكردنی بەرهەمی نەوتی هەرێم بە عێراق، بە بڕیارێكی نادادپەروەرانەو نادەستوریی ناودەبات. (Alhurra)
🔹16ی شوباتی 2022 مەسعود بارزانی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بە بڕیارێكی تەواو سیاسی ناوهێنا، وتی: بڕیارەكە پێچەوانەی دەستوری عێراقەو ئامانج لێی دژایەتی هەرێمی كوردستانە. (Independent)
🔹16ی شوباتی 2022 ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، وەزیری نەوت رادەسپێرێت لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و كۆمپانیا بیانییە پەیوەندیدارەكان هەماهەنگی بكات بۆ ئامادەكردنی میكانیزم‌و هەنگاوەكان تا ئیدارەی دۆسیەی نەوت بكرێت‌و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی جێبەجێ بكرێت. (المدی)
🔹20ی شوباتی 2022 بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، كۆمپانیا بیانیەكان كە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم هەیە، دەخاتە دۆخێكی نالەبارەوە، ئەمە بەهۆی یاسایی نەبوونی گرێبەستەكانەوە. پشكی ئەو كۆمپانیایانە لە بۆرسەی جیهانیی پاشەكشەی بە خۆیەوە بینی. (لێدوانی شێركۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەلجەزیرە)
🔹 26ی شوباتی 2022 بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، (ئیحسان عەبدول جەبار) سەرۆكی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراقی فەرمانێكی كارگێری دەردەكات بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا لە بەرپرسانی كۆمپانیاكە، تا ئەركەكانیان لەسەر هەموو پرۆسەی نەوت لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەن. (ئەنجومەنی عێراقی بۆ وزە)
🔹 5ی ئازاری 2022 وەزارتی نەوتی عێراق راستەوخۆ داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات نوێنەری خۆی بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی‌و ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی دیاری بكات، لەگەڵ پاراستنی تەواوی مافەكانی وەزارەت‌و هاوبەشەكانی‌و داواكارییەكانی پێشوویان بەپێی بڕیاری دادگا. (ئەنجومەنی عێراقی بۆ وزە)
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand