Draw Media

سلێمانی لەبەردەم قەیرانێكی نوێی زبڵدا

سلێمانی لەبەردەم قەیرانێكی نوێی زبڵدا

2022-04-13 17:49:32


راپۆرت: درەو
كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی خۆڵ‌و خاشاك لە چەند ناوچەیەكی سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتی‌و گۆڕان كاركردنیان راوەستاوە، خاوەنی یەكێك لە دیارترین كۆمپانیاكان دەڵێ دۆخەكە بەمشێوەیە بێت، هەفتەیەكی تر لەناوەندی شاری سلێمانیش كاركردن رادەگرن، نەبوونی نەختینە لە بانكی سلێمانی كێشەی بۆ شایستەی دارایی كۆمپانیاكان دروستكردووە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

مانگرتنێكی نوێ 
سبەینێ یادی (ئەنفال)ە، قەزای چەمچەماڵ پایتەختی شەهیدان‌و مۆنۆمێنتی ئەنفال زبڵ‌و خاشاك دایپۆشیوە، كرێكارانی ژینگەپارێز مانگرتنیان راگەیاندووە‌و دەڵێن كۆمپانیان موچەیان پێنادەن، ئەم مانگرتنە سنوری قەزای دوكان‌و ناوچەی گەرمیانیشی گرتوەتەوە. 
ئەمڕۆ ژینگەپارێزانی ناحیەی (پیرەمەگرون)ی سەربە قەزای دوكان خۆپیشاندانیان كرد‌و رێگای سەرەكی دوكان- سلێمانییان داخست، خاوەن كۆمپانیاكانی پاككردنەوە هۆكاری پێنەدانی موچە بە كرێكارانی ژینگەپارێز بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە حكومەت شایستە داراییەكانیان بۆ خەرج ناكات. 
كرێكارانی ژینگەپارێز هەفتانە (6) رۆژ كاردەكات، رۆژانە لەكاتژمێر (3)ی بەرەبەیانەوە دەست بەكاركردن دەكەن، موچەی مانگانەیان (350 هەزار) دینارە.
خالید شینكی خاوەنی كۆمپانیای (شینكی) بە (درەو)ی راگەیاند، لەناوەندی شاری سلێمانیش تەنیا بۆ ماوەی یەك هەفتەی تر دەتوانن كار بكەن‌و كارەكانیان رادەگرن. 
قەیرانی زبڵ‌و خاشاك لە سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتی‌و گۆڕان نوێ نییە، سەرەتای مانگی رابردووش كۆمپانیاكانی پاككردنەوە مانگرتنیان راگەیاند‌و بۆ ماوەی (5) رۆژ زبڵ‌و خاشاك لە شەقامەكانی ناوەندی شاری سلێمانیدا كۆبووەوە، ئەوكات ئیدارەی سلێمانی ناچاربوو كرێكارەكانی شارەوانی بەكاربهێنێت بۆ خاوێنكردنەوەی شەقامە سەرەكییەكان.
مانگرتنی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە هاوكاتە لەگەڵ نەمانی پارەی داهاتی ناوخۆ لەسنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتی‌و گۆڕان كە دوو حزبی هاوبەشن لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا‌و مەڵبەندی سەرەكییان لە سنوری سلێمانیدایە. وەزارەتی دارایی كە وەزیرەكەی سەربە گۆڕانە‌و ماوەیەكە مانی گرتووە‌و ناچێتەوە بۆ وەزارەتەكەی، خەرجی پرۆژەكانی سنوری سلێمانی خستوەتەسەر داهاتەكانی سلێمانی، داهاتەكانی سلێمانیش بەتەنیا بەشی پڕكردنەوەی خەرجی موچەی موچەخۆرانی سنورەكە ناكات، لەم نێوەندەدا باسلەوە دەكرێت داهاتەكانی سلێمانی هەمووی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت سەربە یەكێتییە، هیچ چارەسەرێكی بۆ ئەم دۆخە داراییە پێ نییە.
داهاتەكانی سلێمانی دەچێتە ناو بانكی (هەرێم)ەوە، وەزارەتی دارایی نوسراوی بۆ ئەم بانكە كردووە‌و فەرمانی كردووە هیچ بڕە پارەیەك بۆ كۆمپانیاكانی پاككردنەوە خەرج نەكرێت تا ئەو كاتەی موچەی فەرمانبەران دابەش دەكرێت.
سەرەتای مانگی رابردوو كە كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی ناوەندی شاری سلێمانی مانگرتنیان راگەیاند‌و زبڵ كۆبووەوە، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی، بڕی (ملیارێك) دیناری خستەسەر حسابی حكومەت لە بانكی هەرێم بۆ ئەوەی بدرێت بە كۆمپانیاكان‌و مانگرتن بشكێندرێت، ئەمە وەكو قەرزێكی هاوسەرۆكی یەكێتی بوو بۆ حكومەت، ئامانج لێی دابینكردنی نەختینە بوو. 
پارەكەی بافڵ تاڵەبانی تەنیا مانگ‌و نیوێك بڕی كرد، ناڕەزایەتی كۆمپانیاكان دەستیپێكردەوە، كۆمپانیاكان دەڵێن ئەو پارەیەی هاوسەرۆكی یەكێتی پێیداون، تەنیا بۆ خاوێنكردنەوەی زۆنەكانی ناوەندی شار بووە‌و بۆ هەر زۆنێك بڕی (250 ملیۆن) دینار وەرگیراوە.

كۆمپانیاكان كێن ؟  
ئەو كۆمپانیایانەی كە لەسنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتی‌و گۆڕاندا گرێبەستی پاككردنەوەی خۆڵ‌و خاشاكیان پێدراوە بریتین لە:
•     كۆمپانیای (خالید حەمەڕەوف شینكی)
•     كۆمپانیای (هەرێم)
•     كۆمپانیای (گەردین)
•     كۆمپانیای (ئۆرانۆس)
•     كۆمپانیای (بیڤان)
•     كۆمپانیای (شكار)
•    كۆمپانیای (گارێكس)
ئەم كۆمپانیایانە كە كاری (كۆكردنەوە)‌و (داپۆشین) خۆڵ‌و خاشاك دەكەن، دابەشكراون بەسەر چەند زۆنێكی ناوەندی شاری سلێمانی‌و دەرەوەی شاردا. 
ناوەندی شاری سلێمانی دابەشكراوە بەسەر (5) زۆنی زبڵ‌و خاشاكدا، سێ كۆمپانیا كاری پاككردنەوەی زۆنەكانی ناوەندی شار دەكەن، بەمشێوەیە: 
•    كۆمپانیای (خالید شینكی) كاری پاككردنەوەی زۆنەكانی (باشورو رۆژهەڵات)ی ناوەندی شاری سلێمانی دەكات. 
•    كۆمپانیای (هەرێم) كاری پاككردنەوەی زۆنەكانی (باكورو رۆژئاوا)ی ناوەندی شاری سلێمانی دەكات. 
•    كۆمپانیای (شكار) كاری پاككردنەوەی (ناوەڕاست)ی شاری سلێمانی دەكات
بۆ هەر زۆنێك، كۆمپانیاكانی (250) كرێكارو (50) ئۆتۆمبیلیان تەرخانكردووە، زۆنەكانی تری دەرەوەی شاریش بەهەمان شێوە دابەشكراون بەسەر كۆمپانیاكاندا، ئەو دوو زۆنەی كە ئێستا مانگرتنی كرێكارانی ژینگەپارێزی تێدایە، یەكێكیان لای كۆمپانیای خالید شینكی كە زۆنی قەزای دوكانە، زۆنەكەی تریش كە قەزای چەمچەماڵە لای كۆمپانیای (شكار)ە. 

كێشەی دارایی كۆمپانیاكان
مانگرتنی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی نوێ نییە‌و لەمساڵدا ئەمە جاری سێیەمە، كۆمپانیاكان دەڵێن نزیكەی (10 ملیار) دیناریان لای حكومەتەوە‌و تا ئەو پارەیان بۆ نەگەڕێتەوە ناتوانن دەست بە كاركردن بكەنەوە.
لە ساڵی 2020وە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، وەزارەتی دارایی بڕیاریدا كۆمپانیاكانی پاككردنەوە، مانگانە رێژەی 60%ی شایستە داراییەكانیان (بە چوار گوژمە) وەربگرن‌و رێژەی 40%ی شایستەكانیان تا كاتێكی نادیار لە بانكدا بمێنێتەوە، خاوەن كۆمپانیاكانی پاككردنەوە دەڵێن لەو تەندەرانەی كە وەریانگرتووە بەهیچ شێوەیەك ئەم مەرجەی تێدا نەبووە.  
بەمدواییە كە قەیرانی نەمانی نەختیەی دارایی لە سلێمانی سەریهەڵدا، كێشەی كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی زیاتر بوو، وەكو خۆیان دەڵێن كە پێیان ناوەتە ساڵی 2022ەوە هێشتا شایستەی مانگی 10ی ساڵی 2021ی خۆیان وەرنەگرتووە.
مانگرتنی یەكەمی كۆمپانیاكان لە شوباتی ئەمساڵدا بوو، ئەوكات بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بە بەڵێنی دابینكردنی (گاز) بۆ ئۆتۆمبیلەكانیان، وای لە كۆمپانیاكانی پاككردنەوە كرد دەست بە كاركردن بكەنەوە، بەڵام وەكو خۆیان دەڵێن ئەم (گاز)ە كێشەی دارایی ئەوانی چارەسەر نەكردووە، ئەو بڕە (گاز)ەی كە مانگانە هەر كۆمپانیایەك وەریگرتووە بەهاكەی (14 ملیۆن) دینار بووە، ئەمە لەكاتێكدا ئەوان بەپێی شایستەی دارایی خۆیان دەبوو مانگانە بڕی (500 ملیۆن) دینار وەربگرن.
خاوەن كۆمپانیاكان باسلەوە دەكەن، لە جێبەجێكردنی بڕیاری وەزارەتی دارایدا بۆ گلدانەوەی 40%ی شایستەی دارایی كۆمپانیاكان لە بانكەكاندا جیاكاری لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا كراوە، چونكە كۆمپانیاكانی هەولێر سود لە گلدانەوەی 40%ی پارەكانیان لە بانكەكاندا دەبینن‌و بەكاریدەهێنن بۆ پڕكردنەوەی خەرجی زەمانەت‌و خەرجییەكانی تری خۆیان، بەڵام كۆمپانیاكانی سلێمانی 40%ی پارە گلدراوەكانیان لە بانكەكاندا نەماوە. 
لەپاڵ ئەمەدا، كۆمپانیاكانی هەولێر بەنرخێكی زیاتر لە كۆمپانیاكانی سلێمانی تەندەرەكانیان وەرگرتووە، واتە قازانجی زیاتر دەكەن، بۆیە بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی كاریگەری زۆری لەسەریان نابێت‌و بەو 60%ی شایستەكانیان كە وەریدەگرن قایلن‌و كێشەیان بۆ دروست نابێت، بەڵام لە سلێمانی بەهۆی كێبركێی كۆمپانیاكانەوە نرخی تەندەرەكانی پاككردنەوە دابەزیوە.  
جگە لەوەی كێشەی خەرج نەكردنی شایستەكانیان هەیە، كۆمپانیاكانی پاككردنەوە گرفتیان لەسەر ئەو سزا داراییانە هەیە كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی‌و سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییەوە بەسەریاندا سەپێندراوە، داوا دەكەن ئەم سزایانەیان لەسەر بسڕێتەوە. 

زبڵ لە هەرێمی كوردستان
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كە دامەزراوەیەكی سەر بە وەزارەتی پلاندانانە، رۆژانە لە شارەكانی هەرێم بڕی (7 هەزارو 200) تەن خۆڵ‌و خاشاك كۆدەكرێتەوە‌و فڕێ دەدرێت.
تێكڕای قەبارەی خۆڵ‌و خاشاك لە ساڵێكدا دەگاتە (2 ملیۆن‌و 628 هەزار) تەن، كە زۆربەی لەنزیك شارەكان فڕێدەدرێت‌و دەكرێت بەژێر خۆڵەوە یان دەسوتێنرێت، ئەمەش زیان بە ژینگە‌و تەندروستی گشتی دەگەیەنێت. 
(31) كۆمپانیا كە كاری پاككردنەوەی شارو شارۆچكەكان دەكەن، گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی هەرێمدا هەیە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (10 ملیۆن) دۆلار تەنیا لە كۆكردنەوەی خۆڵ‌و خاشاكدا خەرج دەكات، سەرباری ئەمەش چەندینجارە كۆمپانیاكانی پاككردنەوە بەهۆی ئەوەی پارەكانیان لەلایەن حكومەتەوە بۆ خەرجناكرێت، مانگرتن رادەگەیەنن‌و شارەكان دەخەنە بەردەم هەڕەشەی زبڵ‌و كارەساتی ژینگەییەوە.

زبڵ لەناوچەی دەسەڵاتی یەكێتیدا 
 قەبارەی رۆژانەی خۆڵ‌و خاشاك لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا بەمشێوەیە:
•    سلێمانی: رۆژانە (هەزارو 850) تەن زبڵ كۆدەكرێتەوە  
•    ئیدارەی گەرمیان: رۆژانە (470) تەن
•    ئیدارەی راپەڕین: رۆژانە (400) تەن
واتە بەگشتی رۆژانە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا كۆمپانیاكانی پاككەرەوە، بڕی (2 هەزارو 720) تەن خۆڵ‌و خاشاك كۆدەكرێتەوە، زبڵی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی رێژەی 38%ی كۆی گشتی زبڵ لە هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. 

زبڵ لەناوەچەی دەسەڵاتی پارتیدا
قەبارەی رۆژانەی زبڵ‌و خاشاك لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بەمشێوەیە: 
•    هەولێر: رۆژانە (2 هەزارو 600) تەن خۆڵ‌و خاشاك كۆدەكرێتەوە
•    دهۆك: رۆژانە (هەزارو 620) تەن
واتە بەگشتی رۆژانە لە سنوری دەسەڵاتی پارتیدا كۆمپانیاكانی پاككەرەوە بڕی (4 هەزارو 220) تەن زبڵ‌و خاشاك كۆدەكەنەوە، زبڵی سنوری دەسەڵاتی پارتی رێژەی 62%ی كۆی گشتی زبڵ‌و خاشاكی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand