یەكێتی غاز رادەستی بەغداد دەكات
2022-04-15 12:36:06
راپۆرت: درەو
یەكێتی سەرقاڵی زیندوكردنەوەی رێككەوتنێكی نهێنی خۆیەتی لەگەڵ حكومەتی بەغداد، دەیەوێت غازی ناوچەی دەسەڵاتدارێتی خۆی رادەستی بەغداد بكاتو لەرێگەی بەغدادەوە غازەكە هەناردەی توركیا بكرێت نەك راستەوخۆ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، بۆ ئەمە یەكێتی دەیەوێت بەغداد بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵدا بكات نەك لەڕێگەی هەولێرەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
غازی سلێمانی بۆ بەغداد
یەكێتی ئامادەنییە لەڕێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە غازی سنوری ژێر دەسەڵاتی خۆی بەشێوەیەكی راستەوخۆ هەناردەی توركیا بكات. ئەم رۆژانە بڕیاربەدەستانی یەكێتی سەرقاڵی گرتنەبەری رێوشوێنن بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی عێراق سەبارەت بە دۆسیەی غاز.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، یەكێتی دەیەوێت غازی سنوری خۆی رادەستی بەغداد بكاتو بەم هەنگاوە پابەندبوونی ئیدارەی سلێمانی بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقەوە نیشان بدات.
ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی لەدواین وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بەشداربووەو وەفدەكە داواكارییەكانی حكومەتی عێراق بۆ رادەستكردنی نەوتو غاز رەتدەكاتەوەو بەبێ پەسەندكردنی یاسای نەوتو غاز لە عێراق نایەوێت پابەندی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ببێت.
(درەو) زانیویەتی، بۆ رادەستكردنی غاز، یەكێتی دەیەوێت رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراق ئیمزا بكات، بەگوێرەی رێككەوتنەكە لەبەرامبەر بردنی غازی سنوری سلێمانی، حكومەتی عێراق پارەی پترۆدۆلار بۆ چەمچەماڵ وەكو ناوچەی بەرهەمهێنانی وزە دابین بكاتو بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئیدارەی سلێمانیدا بكات نەك لەڕێگەی حكومەتی هەرێمەوە كە پارتی هەژمونی كردووە بەسەریدا.
حكومەتی مەسرور بارزانی سورە لەسەر ئەوەی هاوشێوەی نەوت، غازی هەرێمی كوردستان رەوانەی توركیا بكات، جێبەجێكردنی ئەم ئەركە دراوەتە دەست كۆمپانیای (كار) كە شێخ باز خاوەندارێتی دەكاتو بەمدواییە ماڵەكەی لە هەولێر بوو بە ئامانجی هێرشی موشەكیی ئێران.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەمدواییە نوسراوی بۆ ئاسایشی سلێمانی كردبوو ئاسانكاری بۆ كارەكانی كۆمپانیای كار بكەن، بەڵام دەسەڵاتدارانی یەكێتی كارەكەیان راگرت.
"با عێراق غازەكە هەناردەی توركیا بكات"
سەرەتای شوباتی ئەمساڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرە، لەوێ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا داوای لێكرد غازی هەرێمی كوردستان هەناردەی توركیا بكات.
دوای ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا، هەرێمی كوردستان كەوتە ژێر فشار، 15ی شوبات دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی، سكاڵایەكی حكومەتی عێراقی دژی هەرێم یەكلاكردەوەو داوای رادەستكردنی نەوتو غازی هەرێمی كرد، دواترو لە 13ی ئازاردا ئێران هەولێری موشەكباران كرد.
خواستی توركیا بۆ غازی هەرێمی كوردستان دوای سەرهەڵدانی شەڕی روسیا- ئۆكرانیا دێت، توركیاو ئەوروپا زۆرینەی غازی سروشتی خۆیان لە روسیاوە دابین دەكەن، ترسیان لە راوەستانی هەناردەی غازی روسی هەیە، بۆیە بەدوای سەرچاوەی نوێی وزەدا دەگەڕێن.
لەكاتێكدا وڵاتانی خۆرئاوا پەیتا پەیتا سزا بەسەر روسیادا دەسەپێننو موڵكو ماڵی بەرپرسانی روسیا بلۆك دەكەن، بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ روسیا توندوتۆڵ دەكاتو دووجار دیداری لەگەڵ باڵیۆزی روسیا لە بەغداد كردووە.
ئێران كە خۆی هەناردەكارێكی سەرەكیی غازی سروشتییە بۆ توركیا، نیگەرانە لە هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، یەكێتی كە لەچوارچێوەی ستراتیژیەتی ئێراندا سیاسەتی خۆی رێكخستووە، نایەوێت بەهۆی هەناردەی غازەوە بۆ توركیا بكەوێتە ژێر فشاری تاران.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە دوو بەرپرسی باڵای یەكێتی دور لەچاوی كامێراكان سەردانی توركیایان كردووەو بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەیان ئاگادار كردووە" یەكێتی كێشەی نییە لەگەڵ ئەوەدا غاز بدرێت بە توركیا، بەڵام ئەوان دەیانەوێت عێراق غازەكە بە توركیا بدات، نەك بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە".
توركیا دەیەوێت بەدوو شێواز لە غازی هەرێمی كوردستان سودمەند بێت، لەلایەك بەشێك لە پێداویستی ناوخۆی پێ پڕبكاتەوە، لەلایەكی تر لەڕێگەی هەناردەی غازەكەوە بۆ ئەوروپا، لەڕووی ئابورییەوە سودمەند ببێت.
رێككەوتنێكی كۆن بە بەرگێكی نوێوە !
ئەوەی ئێستا یەكێتی سەرقاڵی ئەنجامدانیەتی، رێككەوتنێكی پێشترە بەڵام بە بەرگێكی نوێوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ناوەڕاستی ساڵی 2020 یەكێتی بەشێوەیەكی نهێنی چوەتە گفتوگۆوە لەگەڵ حكومەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوتو غاز، (بەرهەم ساڵح) سەرۆك كۆماری عێراق ئاگاداری وردەكاری ئەم گفتوگۆیانە بووە.
ساڵی 2020 هاوشێوەی ئێستا یەكێتی گلەیی هەبوو لەبارەی ئەوەی دەسەڵاتی دارایی نییەو حكومەت وەكو پێویست كاروباری ئیدارەی سلێمانی بەڕێوەنابات، ئەوكات كە هێشتا دوو هاوسەرۆكەكە لەیەكتر نەترازابوون، یەكێتی بڕیاریدا لەڕێگەی بەغدادەوە دەرگایەكی نوێ بەڕووی سلێمانیدا بكاتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە 2020 یەكێتی رێككەوتنێكی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق ئیمزا كردووە، بەگوێرەی رێككەوتنەكە هەردوولا بڕیاریانداوە لەسەر دروستكردنی كۆمپانیایەك بەناوی (كۆمپانیای وزەی سلێمانی)، بڕیاریانداوە هەموو كێڵگەكانی نەوتو غازی سنوری ئیدارەی سلێمانی بدرێتە دەست ئەم كۆمپانیایە، پشكەكانی كۆمپانیاكە بەمشێوەیە دابەشكراوە:
• رێژەی 40%ی پشكەكانی كۆمپانیا بۆ پارێزگای سلێمانی دەبێت
• رێژەی 40%ی پشكەكانی كۆمپانیاكە بۆ حكومەتی عێراق دەبێت
• رێژەی 20% پشكەكان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت
ئامانجی سەرەكی یەكێتی لەم رێككەوتنە ئەوەبوو، حكومەتی عێراق بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئیدارەی پارێزكای سلێمانی بكات، نەك لەرێگەی حكومەتی هەرێمەوە لە هەولێر، بەتایبەتی لە پرسی موچەدا.
لەپاڵ موچەو مامەڵەی دارایی، یەكێتی خوازیاربوو لەرێگەی ئەم كۆمپانیا هاوبەشەی كە لەگەڵ حكومەتی عێراق دروستی دەكات، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە سنوری دەسەڵاتدارێتی خۆی لە (45 هەزار) بەرمیلی رۆژانەوە بۆ لانی كەم (72 هەزار) بەرمیل نەوت بەرزبكاتەوە.
ئەوكات ئەوانەی ئاگاداری ئەم رێككەوتنە بوون باسیان لەوە دەكرد، یەكێتی رەزامەندی ئەمریكییەكان وەرگرتووە، بەڵام پرۆژەیەكی لەمشێوەیە ئەوكاتو ئێستاش بۆ ئێران جێگەی نیگەرانییە، بەتایبەتی ئەگەر غازی سنوری سلێمانی پێداویستی عێراق پڕبكاتەوەو وابكات چیتر حكومەتی بەغداد پێویستی بە كڕینی غازی ئێران نەبێت.
رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتیو حكومەتی عێراق بەشێوەیەكی نهێنی ئیمزا كرا، بڕیاردرا دەستبەكار بكرێت بۆ دروستكردنی كۆمپانیای هاوبەشی عێراقو سلێمانی، بڕیاربەدەستانی یەكێتی ترسیان لە كاردانەوەی پارتی هەبوو، بڕیاریاندا لەرێگەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە نامەیەك ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمانو حكومەت بكەنو ئاگاداریان بكەن لەوەی یەكێتی هەنگاوی سەربەخۆ هەڵدەگرێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی سنوری ناوچەی دەسەڵاتدارێتی خۆی، نامەكەش ئاڕاستە كرا، بەڵام یەكێتی بەبێدەنگی لە ئیمزاكەی لەگەڵ بەغداد كشایەوەو رووداوەكانی 8ی تەموزی ناوخۆی یەكێتی كە دوو هاوسەرۆكەكەی لە یەكتری ترازاند، پرۆژەكەی خستە ژێر گڵەوە.
بەپێی ئەوەی شارەزاكانی یەكێتی لە 2020دا خەمڵاندنیان بۆ كردبوو، ئەگەر رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرایە، ئیدارەی سلێمانی جگە لەوەی رێژەی 40%ی پشكی كۆمپانیاكەی دەستدەكەوت، بەهۆی ئەم رێككەوتنەوە رێژەی 7%ی پشكی هەرێمی كوردستانیشی لە بودجەی گشتی عێراق بەشێوەیەكی راستەوخۆ وەردەگرت، سەرباری ئەمە رێككەوتنەكە تەنیا لەبواری نەوتو غازدا نەبوو، بەڵكو رێككەوتن لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەكانی سلێمانیش كرابوو، بەشێوەی (پەنجا بە پەنجا) لەنێوان ئیدارەی سلێمانیو حكومەتی عێراقدا.
غاز لە هەرێمی كوردستان
بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان.
بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە.
گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی 2020 لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوەو كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت.
غازی سروشتی كیڵگەی (كۆرمۆر) لە چەمچەماڵ كە كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی بەرهەمی دەهێنێت، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی گەیشتوەتە (430 ملیۆن) پێ سێجا كە دەكاتە (هەزارو 50) تەن، ئەم بەشەی غاز كە بەرهەمدەهێندرێت پێداویستی ناوخۆی پێپڕدەكرێتەوە كە بڕەكەی (750) تەنی رۆژانەیەو (300) تەنیشی رەوانەی دەرەوە دەكرێتو بە پێی زانیارییەكان بەشێكی بۆ ئەفغانستان دەڕوات.
یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، دابەشبوونی غاز لەنێوان پارتیو یەكێتیدا
یەدەگی غازی سروشتی، دابەشبووە بەسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتیدا، دابەشبونەكە بەمشێوەیە:
یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی
• كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆنو 200 ملیار پێ سێجا
• كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆنو 400 ملیار پێ سێجا
• كیڵگەی میران: 3 ترلیۆنو 46 ملیار پێ سێجا
• كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێكو 600 ملیار پێ سێجا
یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی
• كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆنو 100 ملیار پێ سێجا
• كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆنو 260 ملیار مەتر سێجا
• كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا
• كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا