هەناردەی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی 2022
2022-04-16 06:41:48
شیكاری: درەو
لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (36 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بە (6) وڵاتی جیاواز فرۆشتووە.
بەهاکەی دوای فرۆشتنی هەر بەرمیلێک بە کەمتر لە (11) دۆلار لە نرخی جیهانی، زیاتر بووە لە (3ملیارو 200 ملیۆن) دۆلار، بە ڕێژەی (56%) و بڕی ( ملیارێك و 800 ملیۆن) دۆلاری چووە بۆ خەرجی، بڕی ( ملیارێك و 400 ملیۆن) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم.
یەکەم: هەناردەی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی (2022) تا کۆتایی مانگی ئازاری هەمان ساڵ بری (36 ملیۆن و 460 هەراز) بەرمیل نەوتی لەڕێگەی بەندەرەی جەیهانی تورکییە بە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە کردووە، واتە تێکڕای ڕۆژانەی نەوتی هەناردەکراو بریتی بووە لە (405 هەزار 177) بەرمیل، (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (1)) بەجۆرێک؛
لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2022) ڕۆژانە بڕی (414 هەزار و 839) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە بە کۆی مانگەکە (12 ملیۆن و 860 هەزار) بەرمیل بووە.
مانگی شوباتی هەمان ساڵ (11 ملیۆن 400 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە کراوە بە تێکڕای ڕۆژانەی (407 هەزار و 143) بەرمیل نەوت، لە کاتێکدا مانگی شوبات (28) ڕۆژ بووە.
هاوکات لە مانگی ئازاری ساڵی (2022) حکومەتی هەرێم بڕی (12 ملیۆن و 200 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بە تێکڕای (393 هەزار و 548) بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
خشتەی ژمارە (1)
چارتی ژمارە (1)
دووەم؛ نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهان
ساڵ ساڵی بەرزبووەنەوەی نرخی نەوت بوو لە بازاڕەکانی جیهان، لەو کاتەوە هەرێمی کوردستان دەستی بە هەناردە کردنی نەوت کردووە، بازاڕی نەوت نرخی لەو جۆرەی بەخۆوە نەبینیوە، بەجۆرێک، لە مانگی ئازاری ساڵی (2022) تێکڕای نرخی نەوتی برێنت بە زیاتر لە (117) دۆلار تۆمار کراوە. بە تێکڕای سێ مانگەکەش هەر بەرمیلێک نەوت بە زیاتر لە (100) دۆلار بووە.
بەڵام بەپێی زانیاری ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ساڵی (2021) دا بە تێکڕای ساڵەکە حکومەتی هەرێم بەردەوام بە (11 - 12) دۆلار کەمتر نەوتەکەی خۆی ساغ کردووەتەوە. بۆیە؛
لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2022) کە تێکڕای نرخی نەوت بە (86.51) دۆلار تۆمار کراوە، ئەگەر حکومەتی هەرێم بە (11) دۆلاری کەمتر هەر بەرمیلە نەوتێکی فرۆشتبێت ئەوا بۆ هەر بەرمیلێک بڕی (75.51) دۆلاری بۆ ماوەتەوە.
بەڵام لە مانگی شوباتی هەمان ساڵ تێکڕای نرخی نەوت بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە و گەیشتوو بە (97.13) دۆلار، بۆیە بە هەمان پێوەر حکومەتی هەرێم نەوتەکەی بە (86.13) دۆلار فرۆشتووە.
لە کاتێکدا لە مانگی ئازاردا بەرزبوونەوەی بەرچاو تۆمار کراوە و نرخی نەوت بە تێکڕا گەیشتووە بە (117.7) دۆلار، بۆ دەکرێت بڵێین حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلە نەوتێکی بە زیاتر لە (106) دۆلار فرۆشتووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (2))
چارتی ژمارە (2)
سێیەم: داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022
1. کۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) بڕی (36 ملیۆن و 460 هەراز)بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بە تێکڕا هەر بەرمیلە نەوتێکی بە نزیکەی (90) دۆلار فرۆشتووە، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت زیاتر لە (100) دۆلار بووە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە بۆری بەدەستهاتووە بریتی بووە لە (3 ملیار و 254 ملیۆن و 680 هەزار و 600) دۆلار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3)) بە جۆرێک؛
لە مانگی کانونی دووەم کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (971 ملیۆن و 58 هەزار) دۆلار.
لە مانگی شوبات کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (981 ملیۆن و 822 هەزار) دۆلار.
لە مانگی ئازاردا زۆرترین داهات بە دەستهاتووە لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە، بەراورد بە مانگ و تەنانەت ساڵەکانی پێشتریش، کە بریتی بووە لە (ملیارێک و 301 ملیۆن و 740 هەزار) دۆلاری ئەمریکی.
2. خەرجی نەوتی هەرێم
بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2021)دا، (56%)ی داهاتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە دەڕوات، بۆیە و کۆی ئەو داهاتەی لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) لە پرۆسەی نەوتدا بە خەرج دراوە، بریتی بووە لە (ملیارێک و 822 ملیۆن و 621 هەزار و 136) دۆلاری ئەمریکی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3))، بە جۆرێک؛
لە مانگی کانونی دووەم کە کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (971 ملیۆن و 58 هەزار) دۆلار، بڕی (543 ملیۆن و 792 هەزار و 816) دۆلاری چووە بۆ خەرجی بە ڕێژەی (56%).
لە مانگی شوبات کە کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (981 ملیۆن و 822 هەزار) دۆلار، بڕی (549 ملیۆن و 853 هەزار و 920) دۆلاری چووە بۆ خەرجی بە ڕێژەی (56%).
لە مانگی ئازاردا کە کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (ملیارێک و 301 ملیۆن و 740 هەزار) دۆلار، بڕی (728 ملیۆن و 974 هەزار و 400) دۆلاری چووە بۆ خەرجی بە ڕێژەی (56%).
3. داهاتی ماوەی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت (44%)ی داهاتی نەوت لە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەکە بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) لە پرۆسەی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە کەمترە لە کۆی خەرجییەکانی پرۆسەکە و بریتییە لە (ملیارێک و 432 ملیۆن و 59 هەزار و 464) دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر بە (2 ترلیۆن و 76 ملیار و 486 ملیۆن و 222 هەزار و 800) دیناری عێراقی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3 + 4))، بە جۆرێک؛
لە مانگی کانونی دووەم کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (971 ملیۆن و 58 هەزار) دۆلار، بەڵام دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بە ڕێژەی (56%)، بڕی (427 ملیۆن و 265 هەزار و 784) دۆلار بە ڕێژەی (44%) بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، کە بەرامبەرە بە (619 ملیار و 535 ملیۆن و 386 هەزار و 800) دیناری عێراقی.
لە مانگی شوبات کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (981 ملیۆن و 822 هەزار) دۆلار، بەڵام دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بە ڕێژەی (56%)، بڕی (432 ملیۆن و 28 هەزار و 80) دۆلار بە ڕێژەی (44%) بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، کە بەرامبەرە بە (626 ملیار و 440 ملیۆن و 716 هەزار) دیناری عێراقی.
لە مانگی ئازار کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە (ملیارێک و 301 ملیۆن و 740) دۆلار، بەڵام دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان بە ڕێژەی (56%)، بڕی (572 ملیۆن و 765 هەزار و 600) دۆلار بە ڕێژەی (44%) بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، کە بەرامبەرە بە (830 ملیار و 510 ملیۆن و 120 هەزار) دیناری عێراقی.
چارتی ژمارە (3)
چارتی ژمارە (4)
چوارەم: کڕیارانی نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022
نەوتی هەرێم لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) لە لایەن کەشتی (6) وڵاتی جیاوازەوە بارکراوە، بە جۆرێک کەشتییە ئیتاڵییەکان بە ڕێژەی (37%) زۆرترین بڕی نەوتی هەرێمیان لە بەندەری جەیهانی تورکییەوە بارکردووە. بە دوای ئەویشدا کەشتی یۆنانییەکان بە (27%) نەوتی هەرێمیان بارکردووە و پاشان کەشتییە ئیسرائیکییەکان (15%) و کرواتییەکان (7%) و ئیسپانییەکان (4%) و ڕۆمانییەکان بە ڕێژەی (2%) نەوتەکەیان بارکردووە، بۆ وردەکاری زیاتر (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (5)).
خشتەی ژمارە (2)
چارتی ژمارە (5)
سەرچاوەکان
- ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ساڵی (2021)، ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
- ئەنوەر کەریم؛ كۆی داهاتی مانگی رابردوی هەرێم ( 976) ملیار دینار بووە، درەو میدیا؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9598
- ڕێکخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، نەوتی بارکراوی هەرێم، کانونی دووەمی 2022؛
http://www.roonbeen.org/wp-content/uploads/2022/02/%D9%86%DB%95%D9%88%D8%AA%DB%8C-%D8%A8%D8%A7%D8%B1%DA%A9%D8%B1%D8%A7%D9%88-%D8%AC%DB%8C%D9%87%D8%A7%D9%86-%D9%83%D9%A2-%D9%A2%D9%A0%D9%A2%D9%A2.pdf
- درەو میدیا؛ داهاتی مانگی شوباتی نەوتی هەرێم؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9851
- ئەنوەر کەریم؛ مانگی رابردوو هەرێم بەرمیلێك نەوتی بە (85) دۆلار فرۆشتووە، درەو میدیا؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9791
- ڕێکخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، نەوتی بارکراوی هەرێم، شوباتی 2022؛
http://www.roonbeen.org/wp-content/uploads/2022/03/%D9%86%DB%95%D9%88%D8%AA%DB%8C-%D8%A8%D8%A7%D8%B1%DA%A9%D8%B1%D8%A7%D9%88-%D8%AC%DB%8C%D9%87%D8%A7%D9%86-%D8%B4%D9%88%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D9%A2%D9%A0%D9%A2%D9%A2.pdf
- ئەنوەر کەریم؛ داهاتی مانگی ئازاری نەوتی هەرێم (ملیارێك و 291 ملیۆن) دۆلاربووە، درەو میدیا؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9979