Draw Media

تكایە بەبێ‌ تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران هەڵبژاردن مەكەن

تكایە بەبێ‌ تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران هەڵبژاردن مەكەن

2022-04-11 17:40:48


سلێمان مستەفا
لە ئیستادا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ناتوانێت تۆماری بایۆمەتری ئامادە بكات، بۆیە تاكە رێگەو تاكە بژاردە كاركردنە بە تۆماری بایۆمەتی دەنگدرانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئتتحادی ، چونكە ئەو تۆمارە لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10-10-2021 دا تا ڕادەیەك جێگای ڕەزامەندی حزبەكان بوو، بەڵام گەر كار بە تۆماری بایۆ مەتری نەكرێت ، باشتر وایە باسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەكرێت. 
بۆ ئەوەی حیكمەتی تەرخانكردنی كورسی كۆتا ئامانجی خۆی بپێكێ‌، گرنگە كە تۆماری دەنگدەرانی پێكهاتەكان جیا بكرێتەوە، بۆ ئەوەی رۆڵەكانی هەر پێكهاتەیەك ئازادانە بتوانن تەنها دەنگ بە كاندیدی پێكهاتەی خۆیان بدەن و نوێنەرانی پێكهاتەكەش نوێنەرایەتی ڕاستەقینەیان بكەن.

تۆماری دەنگدەران 
تۆماركردنی ناوی دەنگدەران پرسێكە بەپێی رێوشوێنە بڕیار لێدراوەكان و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەر هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك ناكرێت نادیدە بگیرێت، لەهەمانكاتدا خاڵێكی بنچینەییە بۆ هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردنی ئازادو دیموكراسیانە، كە پێویستە هاووڵاتیان بەیەكسانی بتوانن ناوی خۆیان تۆمار بكەن و ناویان تۆمار بكرێت، بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن وەك لەماددەی (21)ی جاڕنامەی مافی مرۆڤ، ماددەی (25) لە پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدنی و سیاسییەكان، بڕگەی یەكەم و دووەم لە جارنامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە پێوەرەكانی هەڵبژاردنی ئازادو پاك دوور لە هەر جۆرە جیاكاریەك، وە لە هەمانكاتدا مافی تانەلێدانیشان بۆ فەراهەمكرابێت لەكاتێكدا ئەگەر رێگایان لێبگیرێت لە تۆماركردنی ناوەكانیان، ئەگەر ئەو بێبەشكردنە بە هۆكاری یاسایی یان كارگێریی بێت.
تۆماری دەنگدەران بریتییە لەو بەڵگەنامەی كە ئاماری دەنگدەران لە خۆ دەگرێت و ناوەكانی بە زنجیرە تیادا تۆمار دەكرێت، 
تۆماری دەنگدەران لیستی ناوی ئەو هاوڵاتیانەیە كە بە پێیی رێوشوێنی یاسایی بڕیار لێدراو تۆمار دەكرێن، كە لە یاسای كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن دیاریدەكات كە تۆماری دەنگدەران چۆن ئامادەدەكرێت، كەئەمەش لەوڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر جیاوازی هەیە، ئەم پرسەش لە رێگەی یاساوە یەكلای كراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆدەنگییەك هەیە لەسەر تۆماری دەنگدەران كە چۆن ئامادەبكرێت، چ جۆرە زانیاریەك لە تۆماری دەنگدەران تۆمار بكرێت، بۆ ئەمەش كۆمەڵێ‌ بنەمای نێودەوڵەتی هەیە كە وڵاتان خۆیانیان پێوە پابەنددەكەن، لە ئامادەكردنی لیستی دەنگدەراندا ، وە چەند جورو شێوازێك لە تۆماری دەنگدەران بونیان هەیە :
 
1- سیستەمی خۆبەخشانە: واتە ئەو هاوڵاتیانەی مەرجە بابەتیەكانیان تێدایە، بۆ مومارەسەكردنی مافە سیاسیەكان، هەڵدەستێ‌ بە پێشكەش كردنی داواكاریەك بۆ تۆماركردنی ناوی لە تۆماری دەنگدەران، لە یاسای هەڵبژاردنیش دوو جۆر لە تۆماری دەنگدەرانی خۆبەخشی تیاییە، ئەمانیش، یەكەم تۆماری بەردەوامە كە تیادا پرۆسەی تۆماركردن بۆ یەكجارەو ناشتوانرێت هەموار بكرێت تەنها لە حالەتی گۆرینی شوێنی نیشتەجێبوون، یالە دەستدانی لێهاتوویی هەڵبژاردن، ئەمەش لەزۆربەی وڵاتان پەیرەوی لێدەكرێت، دووەمیان  سیستەمی تۆماری دەورییە كە پێویستە لەسەر دەنگدەر دووبارە بە شێوەیەكی دەوری ناوی خۆی تۆمار بكاتەوە ئەوەش ئێستا لە هەندێ‌ لە ویلایەتەكانی ئەمریكا وەك ویلایەتی لویزیانا كە مەرجە دەنگدەر هەر چوار ساڵ جارێك ناوی تۆمار بكات.
2- سیستەمی بەزۆر: لەو سیستەمەدا لایەنی ئیداری تایبەتمەند لە ڕووی یاساییەوە هەڵسێ بە ئامادەكردنی تۆماركردنی، و تۆماركردنی ناوی ئەو هاوڵاتیانەی كە مەرجە بابەتیەكانیان بۆ مومارەسەكردنی مافە سیاسیەكان تێدایە، بێ‌ ئەوەی ئەو كارە لەسەر داوای هاوڵاتیان وەستا بێت.
3- سیستەمی تۆماری دەوری: بە گوێرەی ئەو سیستەمە لایەنی تایبەتمەند هەڵدەستێ‌ بەئامادەكردنی تۆماری دەنگدەرانی نوێ‌ لە ماوەیەكدا ئەو ماوەیەش لە وانەیە ساڵێك بێت یا دوو ساڵ یا زیاتر لەوەبێت،لە ڕبردوشدا كار بەم سیستەمە كراوە، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی وڵاتان كاری پێ ناكەن.
4- سیستەمی تۆماری بەردەوام: بەگوێرەی ئەو سیستەمە پرۆسەی تۆماركردن یەكجار دەبێت، ناشتوانرێت بە درێژایی ژیانی دەنگدەر گۆرانكاری بەسەر ئەو تۆمارەدابێت، مەگەر لە هەندێك حالەتدا نەبێت، وەكو گۆرینی شوێنی نیشتەجێبون یا لە دەستدانی شایەستی، ئەو جۆرە سیستەمە لە زۆربەی وڵاتان پەیرەو دەكرێت.
5- سیتەمی تۆماركردنی ئیلزامی: بەگوێرەی ئەو سیستەمە پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەكان لەسەر ئەو كەسانە كورتكراوەتەوە كە ناویان لە تۆماری دەنگدەران تۆماركراوە، ئەو كەسانەشی ناویان لەو تۆمارە تۆمار نەكراوە دوور دەخرێنەوە، هەتا ئەگەر مەرجە بابەتەكانیشیان تێدابوو كە ڕیگەیان بۆ خۆش دەكات مومارەسەی مافی دەنگدان بكەن.
6-سیستەمی تۆماری نا ئیلزامی: بەگوێرەی ئەوسیستەمە مافی دەنگدان بە هەموو كەسێك دەدرێت، ئەگەر مەرجە بابەتیەكانی مومارەسەكردنی مافی دەنگدانی تێدابێت،بێ‌ ئەوەی بەشداریكردنی لە پرۆسەی دەنگدان پێویست بەوە بكات ناوی لە یەكێك لە تۆمارەكانی دەنگداندا تۆماركرابێت ، شان بە شانی ئەم جۆرو شێوازانە لە تۆماری دەنگدەران , ئێستا لە وڵاتانی پێشكەوتوو پشت بە داتای دەزگای گشتی كاروباری رەگەزنامە دەبەسترێت كە هەموو هاوڵاتیان خاوەنی كۆد نەمبەری خۆیانن ، وە هەر لەم داتایە تۆماری بایۆمەتری دروست دەكەن .
تۆماری دەنگدەران لە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014) یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان-عێراق.


بە پێی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان، ئەركی كۆمسیۆنە بە پێیی سیستمی راستەوخۆ هەستێت بە ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران لە هەرێمی كوردستاندا. بەسەرنجدان لە ناوەرۆكی یاسای كۆمسیۆن دەردەكەوێت كە بە وردی باس لە تۆماری دەنگدەران نەكراوە، لە هەمانكاتدا ئاماژەی بەوە نەكردوە كە كۆمسیۆن لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا پشت بە كام داتا و بەڵگەنامەكانی وڵات ببەستێت. لێرەدا هەست بە كەمووكوڕییەكی زۆر گەورە دەكرێت، چونكە كۆمسیۆن دەبێت لە ئامادەكردن و رێكخستن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران پشت بە سەرژمێریەكی پشتراستكراوە ببەستێت، بۆ ئەوەی نەبێتە شوێنی تانەلێدان لە لایەن قەوارە سیاسییەكان و چاودێران و رێكخراوەكانی بواری هەڵبژاردن. جا ئاماری سەرژمێری گشتی یان زانیاریەكانی فەرمانگەكانی تۆماری باری كەسیەتی هەرێمی كوردستان بن.
هەر لەهەمان یاسادا ئەنجوومەنی كۆمسیاران سەر پشككراوە لە گرتنەبەری رێگەو شێوازی تازە بۆ ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران، چۆنیەتی ئامادەكردن و نوێكردنەوەشی سپاردوە بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی. بۆ ئەم كارەش كۆمسیۆن دەبێت سیستم و رێكاری تایبەت دەربكات بۆ رێكخستن و ئامادەكردن و نوێكردنەوەو چۆنیەتی تانەلێدان لە تۆماری دەنگدەران. بەڵام نازانرێت ئایا كۆمسیۆن پشت بە كام داتاو زانیاری ببەستێت , پرسیاری ئەوە نەكراوە كە كۆمسیۆن چۆن چۆنی تۆمار دروست بكات ، ئەگەر ئاماژە بە داتا فەرمیەكە نەكرێت ، چونكە كۆمسیۆن هێزی ناچاركردنی نیە داوا لە دەنگدەران بكات لە ماوەیەكی دیاریكراو بێن خۆیان تۆمار بكەن ، هەروەها داتای بەرێوەبەرایەتی گشتی ڕگەزنامەش تا ئەمڕۆ ڕیگولەرە ، بۆ بەرچاوڕونی زیاتر لەو بارەیەوە هەوڵدەدەین شرۆڤەی دەقە یاساكانی پەیوەندیدار بكەین:
یەكەم/ لەبرگەی یەكەمی ماددەی دووەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (بەگوێرەی ئەم یاسایە دەستەیەك دادەمەزرێت لە ژێر ناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ ئەوەی ببێتە تاكە دەسەڵات كە ڕێكاری هەموو هەڵبژاردن و ڕاپرسییە گشتییەكان ئەنجام دەدات لەسەر ئاستی سەرتاسەری كوردستان - عێراق. بە پێی دەقی ماددەی سەرەوە كۆمسیۆن تاكە دەسەڵاتە لە رێكخستن و ئامادەكردن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران. 
لە ماددەی چوارەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (كۆمسیۆن ئەمانەی خوارەوە دەگرێتە ئەستۆ) وە لە زنجیرەی پێنجەمی ماددەی چوارەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (بەڕێوەبردنی پرۆسەی تۆماركردنی دەنگدەران و رێكخستن و نوێكردنەوەی تۆمارەكانیان بۆ مسۆگەركردنی مافی هەڵبژاردنیان) ناوەڕۆكی ئەم ماددەیەش دووپاتیدەكاتەوە، لەسەر ئەوەی كە كۆمسیۆن تاكە دەسەڵاتە لە رێكخستن و ئامادەكردن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران.
دووەم/ لە بڕگەی یەكەمی ماددەی شەشەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (ئەنجوومەن ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە پیادەدەكات)، لە بڕگەی یەكەمی زنجیرەی یەكەم لە ماددەی شەشەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (دامەزراندن و نوێكردنەوە و بژاردكردنی تۆماری دەنگدەران لە ڕێی هەموو جۆرە شێوازێكی تازەی بەردەست، لەسەر لایەنە پەیوەندارەكانیش پێویستە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەندا بكەن بۆ گەیشتن بەم مەبەستە ) 
سێیەم/ لەبرگەی چوارەم لە ماددەی شازدەیەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014)دا هاتووە (دەركردنی پەیڕەوی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی حوكمەكانی ئەم یاسایە) لێرەدا ئەو راستیەمان بۆ ئاشكرابوو كە لە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2014) ئەركێكی گران خراوەتە ئەستۆی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی. بێگومان ئامادەكردن و رێكخستنی تۆماری دەنگدەران لەحاڵەتێكی وەك ئێستادا كە هیچ داتاو زانیاری باوەڕپێكراو بەردەست نییە، كارێكی سەخت و گرانە و لە ئایندەش كەموو كوڕیەكان بە ئاسانی چارەسەر ناكرێن.

تۆماری دەنگدەران لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 
یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ی هەمواركراو.
یاسای هەڵبژاردن یەكێكە لە یاسا گرنگ و هەستیارەكانی هەر وڵاتێك، تەنانەت لە هەندێ‌ كاتدا بە دەستوور ناودەبرێت، چونكە لەیاسای هەڵبژاردندا بڕیار دەدرێت لەسەر سیستم و شێوازی گۆڕینی ژمارەی دەنگەكان بۆ ژمارەی كورسی ، چۆنیەتی دابەشكردنی وڵات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، هەروەها لە كاتی ڕودانی تاوانەكانی هەڵبژاردن و دەقنوس كردنی، بەپێی یاسای هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ ئەو تاوانانە دەكرێت. هەمان یاساش بڕیار لەسەر چۆنیەتی ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەران و وردەكاریەكانی دەدات.
لەخوارەوە بڕگە و خاڵ و ماددەكانی یاسای هەڵبژاردن پەیوەست بە تۆماری دەنگدەران شرۆڤە دەكەین.
یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ی هەمواركراو:
لە ماددەی شەشەمی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەمواركراودا هاتووە (بە یاسایەك دەستەیەكی باڵای سەربەخۆ پێكدەهێنرێت بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكان و بەرێوەبردنی كارەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا، تۆماری دەنگدەران ئامادەدەكات، مەركەزەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمدا دەستنیشاندەكات، ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانكردنی ڕەوشی هەڵبژاردنەكان دەردەكات، سەرۆك و ئەندامەكانی لیژنەگەلی ناوەندەكانی ناوزەددەكات) . بە گوێرەی دەقی ماددەی سەرەوە كۆمسیۆن (دەستە) تۆماری دەنگدەران ئامادەدەكات، رێنمایی دەردەكات بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی یاسای هەڵبژاردن.
لەماددەی پانزەهەمی یاسای ژمارە (1) ساڵی (1992)دا هاتووە (لیستەكانی ناوی دەنگدەران بۆ هەرێمی كوردستان بە پێی مەركەزەكانی هەڵبژاردن ئامادەدەكرێن و بە پێی پیتی ئەبجەدی ریز دەكرێ‌ و پیشە و ناونیشان و بەروار و شوێنی لە دایكبوونیان تێدا دەنووسرێ‌، ئەگەر ئەوەش نەكرا، ئەوا لەو بارەدا هەیئەی باڵا بۆی هەیە، ڕێگایەكی دیكەی لەبار بۆ وەدەستهێنانی ئەو مەبەستە بدۆزێتەوە) لە دەقی ماددەی سەرەوەدا هاتوو كە دەبێت تۆماری دەنگدەران ناو، ناونیشان، پیشە، بەروار و شوێنی لە دایكبوونی تێدا بنوسرێت و لیستەكەش بە پێی پیتی ئەبجەدی ریز دەكرێ‌، بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە كە دەبێت كۆمسیۆن كام تۆمارو سەرژمێری بكاتە بنەمای رێكخستنی تۆماری دەنگدەران، هەروەها لە دەقی ماددەكەدا هاتووە ئەگەر ئەو رێگە نەكرا، ڕێگایەكی دیكەی لە بار، بۆ وەدەستهێنانی ئەو مەبەستە بدۆزرێتەوە، ئەم بڕگەیە بەمشێوازە گونجاو نییە لە رێكخستنی تۆماری دەنگدەراندا، چونكە ئەركی دەوڵەت (هەرێم) لێرەدا دیار و ڕوون نییە، كە تۆماری هاوڵاتیانی نەبێت كەبتوانێت كۆمسیۆن پابەندبكات پێیەوە. هەروەها لە ماددەی شانزەهەمی یاساكەدا هاتووە (دەستەی باڵا، بەلانی كەم (15) رۆژ پێش ماوەی دیاریكراوی دەنگدان، تۆمارەكان بەسەر مەركەزەكانی دەنگداندا، لە هەرێمدا دابەشدەكات بۆ ئەوەی لە تابلۆی تایبەت بەم مەبەستە بە هاوڵاتیانی ڕابگەیەنێ‌ بە مەرجێ‌ بە مۆری دەستەی باڵا مۆربكرێن، بەرواری ڕاگەیاندنەكەشی لەسەر بنوسرێت لەگەڵ ڕەچاوكردنی ئەوەی لە ماددەی پانزەیەمدا هاتووە). بە سەرنجدان لە ناوەڕۆكی ئەم ماددەییە رووبەڕووی پرسیارێك دەبینەوە، ئایا چۆن دەكرێت (15) رۆژ پێش دەنگدان تۆمارەكان بەسەر ناوەندەكان دابەشبكرێن بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانیان و شوێنی دەنگدان، جاگواستنەوەی ناو بێت، یان سڕینەوەی، یاخود زیادكردن
لە ماددەی هەژدەیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دا هاتووە (بۆ هەر كەسێك مەرجەكانی دەنگدەری تێدا بێت ‌و تۆماركردنی ناوی فەرامۆشكرابێت لەخشتەی دەنگدەراندا، دەتوانێت داوای تۆماركردنی ناوی بكات، بۆ هەر دەنگدەرێك هەیە داوای زیادكردنی ناوی هەر هاوڵاتییەك بكات كە بەناحەق تۆماركردنی ناوی فەرامۆشكراوە یان داوای زیادكردنی ناوی هەر هاوڵاتییەك بكات كە بەناحەق لەخشتەی دەنگدەراندا سڕدراوەتەوە، لەماوەی دە رۆژدا لەبەرواری بڵاوكردنەوەی خشتەی دەنگدەرانەوە. داواكە، لەگەڵ ڕای لیژنەی مەركەزی پەیوەندیداری هەڵبژاردن، پێشكەش بە هەیئەی باڵا دەكرێ‌، هەیئەی باڵاش، لە ماوەیەكدا لە سێ‌ رۆژ نەترازێ‌ كە لە رۆژی پێشكەشكردنی داواكەوە دەستپێدەكا سەیر دەكات و یەكلایی دەكاتەوە). ناوەرۆكی دەقی ماددەی هەژدەیەم ئەو راستیە دووپاتدەكاتەوە كە دژ یەكییەك بەدیدەكرێت لە نێوان ماددەی شانزەهەم و هەژدەهەمدا، چونكە لانیكەم دەبێت تۆماری دەنگدەران بە شێوە كلاسیكیەكەی مانگێك بەر لە وادەی دەنگدان سەرجەم قۆناغەكانی تێپەڕاندبێت و ئامادەكرابێت بۆ چاپكردن، دەكرێت ئاماژە بە تۆماری سەرەتایی و تۆماری كۆتایی بدرێت.
لە ماددەی نۆزدەهەمی هەمان یاسای پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە (هەر هاوڵاتیەكی كوردستانی- عێراق چ نێر، چ مێ‌، بۆی هەیە ببێتە دەنگدەر یان پاڵێوراو، ئەگەر ئەو مەرجانەی تێدابێت كە لەم یاسایەدا باسیان لێوەكراوە) . واتە لایەنی پەیوەندیدار پابەندە بە تۆماركردنی ناوی دەنگدەران بە بێ‌ بوونی ویستی دەنگدەر، لە ماددەی بیستەمیشدا هاتووە (مەرجە دەنگدەر هاوڵاتی كوردستانی عێراق بێت و هەژدە ساڵی تەواوكردبێت).
لە بەرامبەر ساختەكاری لە تۆماری دەنگدەران لەماددەی (57) هاتووە: هەر كەسێك ئەمانەی خوارەوەی كرد بۆ ماوەیەك بەند دەكرێ‌ كە لە (6) شەش مانگ كەمتر نەبێ‌ و غەرامەیەكیشی لێوەردەگیرێ‌ كە لە (100،000) سەد هەزار دینار كەمتر نەبێ‌ و لە (500،000) هەزار دیناریش زیاتر نەبێ:
1- بەئەنقەست ناوێك یا ناوەكان یان سیفاتی قەڵبی لەخشتەی دەنگدەران تۆماركرد یان بە پێچەوانەی حوكمەكانی ئەم یاسایە ناوێكی تێدا نەنووسێ‌.
2- ناوی خۆی یان ناوی كەسێكی تری بەبێ‌ بوونی مەرجی یاسایی پێویست تۆماركرد و دەركەوت كە بەمە دەزانێ‌ و هەر كەسێكی دیكەش كەناوێكی تۆمار نەكرد یان سڕییەوە. 
لەماددەی پەنجاو نۆدا هاتووە (هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان- عێراق، كە لە دەرەوە دادەنیشن (المقیمین) مافی بەشداربوونیان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان-عێراق هەیە. بێگومان یاسا مافی دەنگدانی داوە بە هاوڵاتیان بەڵام مەرجی دەنگدەریان تیا فەراهەم بێت، بەڵام بەشداریپێكردنی هاوڵاتیانی دەرەوەی وڵات، بە چ شێوەیەك بەشداریبكەن، چۆن تۆماری دەنگدەرانیان بۆ رێكبخرێت، ئەو لایەنە كێیە كە ئەركی رێكخستنی وەردەگرێت، پشت بەكام داتا و زانیاری ببەسترێت، ئایا كام بەڵگەنامە بكرێتە بنەما، لە چەند وڵات و شار ناوەندی دەنگدان بكرێتەوە ئەمانە ئەو پرسانەن كە لە دەقی ماددەكەدا بوونیان نییە.
لەماددەی شەستی یاسای پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە (پرۆسەی دەنگدانی كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، زێرەڤانی هەرێم (پێشمەرگە) و سوپا، كارمەندانی نەخوشخانەكان و بەندینخانەكان و حەپس و سجنەكان، لە چەند مەركەزێكی تایبەت بە خۆیان ئەنجامدەدرێت كە دەستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە هاودەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكاندا دەستنیشانیاندەكات، بە مەرجێ‌ پێش چل و هەشت سەعات لە وادەی دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكان ئەنجامبدرێت). 
دەنگدانی هێزە چەكدارەكان پێش وادەی دەنگدانی گشتی كارێكی باشە بۆ ئەوەی دەستكراوە بن لە رۆژی دەنگدانی گشتیداو ئاسایش و ئارامی وڵات بپارێزن و دەنگدەران بتوانن بەبێ‌ ترس سەردانی ناوەندەكانی دەنگدان بكەن، بەڵام جیانەكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی هێزە چەكدارەكان لە كات و ساتی خۆیدا كارێكی خوازراو نییە، بۆیە پێویستە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە پاڵپشت بە لیستی مووچە تەواوی زانیارییەكان بدات بە كۆمسیۆن بۆ ئەوەی تۆماری دەنگدەرانی هێزە چەكدارەكان بە تەواوی و یەكجاری لە تۆماری گشتی جیابكرێتەوە. 

تۆماری دەنگدەرانی پێكهاتەكان.
بنەمەیەكی یاسایی هەیە دەڵێت ((ڕادان) نابێت لەكاتی بونی دەقێكدا). گومانی تیا نییە لە هەرێمی كوردستان-عێراقدا، پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاینی جیا جیا بونیان هەیە، خۆشبەختانە بنەمای پێكەوە ژیان لە كوردستاندا خاڵێكی پرشنگدارە كە هەموو لایەك شانازی پێوەدەكەن. بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە كە كەموكوڕی نییە لە نوێنەرایەتی پێكهاتەكان لە ناو لیستی حزبە كوردستانییەكاندا. بۆ چارەسەری ئەم گرفتە وەك چۆن زۆربەی وڵاتان پەنایان بۆ كورسی كۆتا برد، لە هەرێمی كوردستانیش ئەم پرسە بەكۆتا چارەسەری بۆ دۆزرایەوە، بە پێی دەقی ماددەی (36)ی دووبارە لە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی هەمواركراو، كورسی پێكهاتەكان بەمشێوە تەرخانكراون: بۆ پێكهاتەی توركمان پێنج كورسی، پێكهاتەی سریان كلدان ئاشوری پێنج كورسی، بۆ پێكهاتەی ئەرمەن یەك كورسی.
بەپێی دەقی ماددەی (32)ی دووبارە لە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2009) یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەی هەموار كراو، كورسی بۆ پێكهاتەكان بەمشێوە تەرخانكراون لە پارێزگای هەولێر (2) كورسی بۆ سریان كلدان ئاشوری، (3) كورسی بۆ توركمان) لە پارێزگای سلێمان (1) كورسی بۆ پێكهاتەی سریان كلدان ئاشوری، لە پارێزگای دهۆك (2) كورسی بۆ پێكهاتەی سریان كلدان ئاشوری، (1) كورسی بۆ پێكهاتەی ئەرمەن
 دەكرێت لێرەدا بپرسین ئایا مەبەست لە كورسی كۆتای پێكهاتەكان چییە؟ بێگومان وەڵامەكەی روونە، كورسی كۆتای پێكهاتەكان ئەو كورسیەیە كە بۆ پێكهاتەیەكی دیاریكراو دەستنیشاندەكرێت بۆ ئەوەی دەنگدەرانی هەر پێكهاتەیەك دەنگ بۆ كاندیدانی خۆیان بدەن و كاندیدی راستەقینەی خۆیان دەستنیشانبكەن. واتە نوێنەری هەر پێكهاتەیەك تەنها بەدەنگی پێكهاتەكەی خۆی بگاتە نوێنەرایەتی لە پەرلەمان و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان. بەڵام لەبەرئەوەی ئەم پرسە بەكراوەیی هیڵدرایەوە تا ڕادەیەك ڕاوبۆچوونی جیاجیای لەسەر دروستبوو، گومان لە حیكمەتی بوونی كورسی كۆتاكان هاتە ئارا، بەوەی چۆن دەبێت دەنگدەری ئەو پێكهاتانەی دەنگدەریان زۆرە بتوانن دەنگ بە كاندیدی پێكهاتەكانی تریش بدەن. ئەمەش وایكرد كە ئەم پرسە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆی نەپێكێ‌. ئەوەی جێگای نیگەرانییە زۆرجار لە لایەن قەوارە گەورەكان تا رادەیەك ئەم پرسە قۆستراوەتەوە و ناكۆكی و دەنگی جیای دروستكردوە بۆیە گەر جیاكردنەوەی كورسی بۆ پێكهاتەكان جیاكاریەكی ئەرینی بێت ، ئەوا گومانی تێدا نییە جیاكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیشیان جیاكاریەكی ئەرێنیە بۆ بەدیهێنانی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان خۆیان. 
بۆ ئەوەی حیكمەتی تەرخانكردنی كورسی كۆتا ئامانجی خۆی بپێكێ‌، گرنگە كە تۆماری دەنگدەرانی پێكهاتەكان جیا بكرێتەوە، بۆ ئەوەی رۆڵەكانی هەر پێكهاتەیەك ئازادانە بتوانن تەنها دەنگ بە كاندیدی پێكهاتەی خۆیان بدەن و نوێنەرانی پێكهاتەكەش نوێنەرایەتی ڕاستەقینەیان بكەن. هەر چەندە لە خاڵی پێنجەمی ماددەی (32)ی دووبارە لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكاندا ئاماژە دراوە بەوەی كە دەنگدەرانی هەر پێكهاتەك دەنگ بە پاڵێوراوانی پێكهاتەی خۆیان بدەن، بەڵام بە پێی دەقی ماددەی (1)ی یاسای ژمارە (16)ی ساڵی (2013) یاسای دووەمین هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان، ژمارە (4)ی ساڵی (2009) كاركردن بەم بڕگەیە راگیرا لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكاندا. 

لێرەدا بەكورتی وبە پوختی ئەم سەرنج و پێشنیاران  دەخەینەڕوو بۆ ڕای گشتی و حزبە سیاسیەكان وپەرلەمانی كوردستان:.
یەكەم: بەسەرنجدان لە ناوەرۆكی یاسای كۆمسیۆن و یاسای هەبَبژاردنی پەرلەمانی كوردستان  دەردەكەوێت كە بە وردی باس لە تۆماری دەنگدەران نەكراوە، لە هەمانكاتدا ئاماژەی بەوە نەكردوە كە كۆمسیۆن لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا پشت بە كام داتا و بەڵگەنامەكانی وڵات ببەستێت. لێرەدا هەست بە كەمووكوڕییەكی زۆر گەورە دەكرێت، چونكە كۆمسیۆن دەبێت لە ئامادەكردن و رێكخستن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران پشت بە سەرژمێرییەكی پشتڕاستكراوە ببەستێت، بۆ ئەوەی نەبێتە شوێنی تانەلێدان لە لایەن قەوارە سیاسیەكان و چاودێران و رێكخراوەكانی بواری هەڵبژاردن. جا ئاماری سەرژمێری گشتی یان زانیارییەكانی فەرمانگەكانی تۆماری باری كەسیەتی هەرێمی كوردستان بن ، بۆیە لە ئێستا تاكە رێگەو تاكە بژاردە كاركردنە بە تۆماری بایۆمەتی دەنگدرانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئتتحادی ، چونكە ئەو تۆمارە لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق لە 10-10-2021 دا تا ڕادەیەك جێگای ڕەزامەندی حزبەكان بوو
دووەم: لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا تەنها ئەو دەنگدەرانە مافی دەنگدانیان هەبێت كە خاوەنی كارتی بایۆمەترین ، واتە لەناو پرۆژە یاساكەدا بڕیار بدەن كار بە كارتی كورت مەودا نەكرێت ، ئێستا كۆمسیۆنی ئتتحادی دەرگای ناوەندەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی كردۆتەوە ، كەواتە ئەو هاوڵاتیانە كارتی بایۆمەتریان دەرنەهێناوە ، ئێستا فرسەتە بڕۆن بۆ دەرهێنانی كارتەكەی خۆیان ، وە ئەو دەنگدەرانەی كارتی بایۆمەتریان كردوە كارتەكەیان وەر نەگرتوتەوە ئێستا دەتوانن سەردانی ناوەندەكانیان بكەنەوە 
سێیەم: لە یاساكە دا مەرجی كارتی بایۆمەتری و بەڵگەنامەی كارتی نیشتمانی ، یان كارتی بایۆمەتری دەنگدان و ڕگەزنامەو ناسنامەی باری شارستانی بكرێتە مەرج .
چوارەم: ئامێری ناسینەوەی دەنگدر گرنگی پێبدرێت و ڕێگە بە كەس نەدرێت بەشداری دەنگدان بكات گەر ئامیری ناسینەوەی دەنگدان ئۆكەی بۆ نەكات ، بۆ ئەمەش دەكرێت ئامێرەكانی كۆمسیۆنی ئتتحادی بەكاربهێنرێن ، یان ئامێری تازە دابین بكرێت و هەڵەو كەموكوریەكانی هەڵبژاردنی پێشووش رەچاو بكرێن .
پێنجەم:پێویستە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و دەزگاكانی حزبیان هاوكارو هەماهەنگ بن بۆ ئامادەكردنی پرۆژەی رێكارەكان دەنگدانی بایۆمەتری ، بۆ ئەوە كۆمسیۆن ببێتە لایەنی جێبەجێكار، هەموو ووردەكاریەكان لە ناو یاسادا جێگا بكەنەوە .
شەشەم: بۆیە گەر كار بە تۆماری بایۆ مەتری نەكرێت ، باشتر وایە باسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەكرێت ، چونكە تۆماری بایۆمەتری و ئامێری ناسینەوەی دەنگدەر گرنگی تایبەتی خۆیان هەیە ، لەوانە 1-ڕێگە لە دووبارە دەنگدان دەگرێت 2-رێگا لە ساختەكاری بەڵگەنامەكان دەگرێت 3- تۆمارەكە كۆتایی بە بەیتی ناوی مردوو و دووبارەو بیانی دێنێت ، بەمەش متمانە بۆ دەنگدەر و حزبەكان و پرۆسەی سیاسی دەگێڕێتەوە ، بە پێچەوانەوە ئەوا دەبێت چاوەڕێی كارەساتێكی نەخوازراو بكەین ، بۆیە بانگەواز دەكەم بۆ حزبەكان ، تكایان لیدەكەم ، مەرجی بەكار هێنانی  تۆماری بایۆمەتری و ئامێری ناسینەوە بكەن بە مەرجی ئەنجامدانی هەڵبژاردن 
حەوتەم: پرسی تۆماری پێكهاتەكان دەبێت چارە بكرێت ، هەر وەك چۆن تەرخانكردنی (11) كورسی بەپێی بنەمای كۆتا بۆ پێكاتەكانی هەرێمی كوردستان تەرخانكراون ، كە بە جیا كاری ئەرێنی بۆ هەرێم و ئەزمونەكەی هەژمار دەكرێت ، كەواتە دەبێت بە جیاكارێی ئەرێنی تۆمارەكەشیان جیا بكرێتەوە ، بە یەكێ‌ لەم ڕێگایانە 1-لە ڕۆژی دەنگداندا دەنگدان و خۆ تۆماركردنیان لە یەك كاتد بێت 2-لەسەرتای پرۆسەی هەڵبژاردن لەماوەیەكی دیاریكراو تۆماری پێكهاتەكان ئامادە بكرێت 3-لەكاتی بەرێوەچونی پرۆسەكانی هەڵبژاردنیش سندوقی دەنگدان و كارتی دەنگدانیان جیا بكرێتەوە ، ئەم جیاكاریە لە ڕوانگەی شۆڤێنیەت و نەتەوە پەرستی ولێكدانەوەی هەڵە نیە بەڵكو بۆ بەجێهێنانی حیكمەتی كۆتاكە خۆیەتی ، ئەم پرسەش لە قازنجی پێكهاتەكان و ئەزمونی هەرێمی كوردستاندایە .
هەشتەم :  بەرای تایبەتی خۆم وە بەرپرسم لە ڕای پیشەیی خۆم بەپێی ئەو ئەزمونەی كە هەمانە ، لە ئیستادا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ناتوانێت تۆماری بایۆمەتری ئامادە بكات لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە : 1-كۆمسیۆنی هەرێم دەسەڵاتی ناچاركردنی نیە بەسەر دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان لە ماوەیەكی دیاریكراو سەردانی ناوەندەكانی دەنگدان بكەن و ناوی خۆیان تۆمار بكەن 2-داتای كارتی نیشتمانی باشترین و پاكترین داتایە كە بكرێتە بنەمای تۆماری دەنگدەران بەڵام بە داخەوە تەواو نەبوە تا بیكاتە بنەما بۆ تۆماری بایۆمەتری 3-ئاماری تازەی سەرژمێری دانیشتوان لە لایەن حكومەتی ئتتحادی ئەنجامنەدراوە كۆمسیۆن بیكاتە بنەما بۆ تۆماری بایۆمەتری و ریگولەر 4-داتای بایۆمەتری فەرمانبەرانیش بەكەلك داتای بایۆمەتری نایێت 5-كۆمسیۆن ناتوانێت كۆتایی بە گومانەكانی هاوڵاتیان و حزبە سیاسیەكان بێنێت لە غیابی نەبونی داتایەكی باوەڕپێكراو پەسەند كراو لە لایەن پەرلەمانەوە ، بۆ رێگا گرتن لە گومان و دووبارە دەنگدان  و دەنگدان لەجیاتی كەسانی ترو و ئەوانەی كوچی دواییان كردوە ، بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردنە كار بە تۆماری بایۆمەتری عێراق بكرێت ، بۆ ئایندەش داتای كارتی نیشتمانی بكرێتە بنەما بۆ تۆماری بایۆمەتری ، بێ‌ گومان دەبێت ئەم پرسەش لەناو یاسای هەڵبژاردن شوێنی بۆ بكرێتەوە ، بۆ ئەمەش پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە .
سلێمان مستەفا حەسەن


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand