کاریگەرییە ئابورییەکانی جەنگی (روسیاو ئۆکرانیا) لەسەر عێراق
2022-04-10 06:18:32
شیكاری: درەو
بەشی یەکەم
جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا لە چەند ڕوویەکەوە کاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری جیهان بەجێهێشتووە، جگە لە دروستبوونی قەیرانی وزە کە لەگەڵ دەستپێکی سزاکانی سەر ڕوسیا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت (30%) و نرخی غازی سروشتی بۆ نزیکەی (200%) بەزبوونەوەی بە خۆوە بینی، هاوکات هەڵئاواسانی نرخی شتومەک و داکشانی گەشەی ئابوری جیهانی بەڕێژەی (1%) ڕویداوەو، پێدەچێت سیستمی دارایی جیهانیش لەت ببێت.
دەستپێک
دۆخی ئێستا گەواهی ئەوە دەدات کە جیهان لەبەردەم قەیرانی سیاسیی و ئاسایشی و ئابورییە، ئەویش بەهۆی ئەو بارگرژییەی لەم داواییانە کەوتووەتە لەنێوان و روسیا لە لایەک و ئۆکرانیا بە پاڵپشتی یەکێتی ئەوروپاو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لایەکی ترەوە، بەتایبەتیش دۆخەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی ترەوە لەدوای ڕاگەیاندنی جەنگ لەلایەن ڕوسیاوە دژ بەو وڵاتە.
دەکەوتنی ئاسەوارە خێراکانی جەنگیش بەرەو ئەو ڕاستییە پەلکێشمان دەکات کە سیستمی جیهانی لە ئێستادا هاوشێوەی "گوندێکی جیهانی"یە وەک بەشێک لە شارەزایان ناویان لێناوە. هەر بۆیە هەڵگرسانی جەنگ بە خێرایی کاریگەریی کەسەر سیستمی جیهانی و دەبێت لە هەردوو کایەی سیاسی و ئابوری ڕەنگدانەوەکانی بەڕوونی دیارن، بەڵام کاریگەرییەکانی بە یەک ئاست و دابەش نەبووە بەسەر تەواوی هێزە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان، بەڵکو بەشێکیان ڕاستەوخۆ و هەندێکیشیان بە ناڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەری جەنگەکەدان.
ئاراستەی جەنگەکە کاریگەری دەبێت لەسەر فروانبوون و ئاڵۆزبوون و بەرزبوونەوەی ئاستی قەیرانەکان، هەندێک وای دەبینین کە جەنگەکە هەڕەشە دەبێت لەسەر سیستمی ئێستای جیهان، بە تایبەت بەشێک لە وڵاتان هەست بە قەیرانێکی نوێی جیهانی دەکەن، لەم ڕونگەوەیە بەشێک لە شارەزایانی ئابوری عێراق کۆمەڵێک پرسیاریان لا گەڵاڵە بووە، دیارترین پرسیارەکان ئەوەیە: کاریگەری جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا لەسەر ئابوری عێراق تا چ ئاستێک دەبێت؟ ئایا ئەو کاریگەرییانە کە بەشی گەوەرەیان لەسەر ئاستی ئابوری عێراق دەبێت کاریگەری باش (ئیجابی) یان خراپ (سلبی)یەکانی گەورەتر دەبێت؟
ڕەنگدانەوەی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا لەسەر دۆخی ئابوری جیهان
لەگەڵ دەسپێکی هەڵگرسانی جەنگی نێوان روسیاو ئۆکرانیا و لە هەفتەی یەکەمدا کۆمەڵێک کاریگەری خنکێنەر باڵی بەسەر ئابوری جیهاندا کێشا، ئەم ڕاستییەش لە ئێستادا بە ئاشکرا بە بازاڕی جیهانییەوە دیارە، بەشی زۆریشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ڕاستە جەنگەکە جەنگی نێوان دوو وڵاتە، بەڵام لە بازنەیەکی فرە سنوردایە جگە لەوەی ڕوسیا وڵاتێکی بەڕوبەر فراوانە هاوکات خاوەن ئابورییەکی زەبەلاحیشە لە جیهاندا، چونکە ڕوسیا لە سێ یەکەمەکەی جیهانە لە بەرهەمهێنانی نەوت، هەر وەکو چۆن لەگەڵ ئۆکرانیا پێکەوە نزیکەی (30%) گەنمی جیهان دابین دەکەن، سەرەرای دابینکردنی ڕۆنی ڕۆکی، ڕوسیا بە گەورەترین سەرچاوەی کانزای جیهان و خاوەن کشتوکاڵی گەورەو بەهێزە و هاوبەشی بازرگاکانی لەگەڵ نیوەی وڵاتانی جیهان هەیە.
هەموو ئەمانە وادەکای کاریگەرییە ئابوورییەکانی لەسەر ئاستی جیهان چاوەڕوانکراوبێت، بەپێی ئاماژە ئابورییەکان، پوختەی کاریگەرییەکان لە چەند خاڵێکدا ڕوون دەکەینەوە.
1. درێژبوونەوەی قەیرانەکان لەسەر سەرچاوەکانی وزە: روسیا شان بەشانی وڵاتانی ڕێکراوی ئۆپێک بەشدارە لە بازاڕی وزەی جیهانی (نەوت و غاز)، هەردوو لا پێکەوە پێداویستییەکانی بازاڕی نەوت و غاز پڕ دەکەنەوە، لەبەر ئەوەی روسیا هێزێکی کاریگەری جیهانە لە بازاڕی وزەدا و بەپێی زانیارییەکان (31%)ی پێداوستی نەوتی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و (30%) پێداویستی غازو (30%)ی پێداویستی غەڵوزی ئەو وڵاتانە پڕدەکاتەوە.
بۆیە هەر جموجۆڵێک بۆ زیادکردنی سزاکانی سەر روسیا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا، بەتایبەت بۆ سەر کەرتی وزە، ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر فروانبوونی قەیرانی ئابوری گەورەتر، چونکە هەر کەمبوونەوەیەک لە خستنەڕووی نەوت و غاز، کاریگەری دەبێت کەسەر بەرزبوونەوەی نرخی وزە بە ئاستێکی زۆر گەورە، ئەوەشی گەواهی ئەو ڕاستییەیە، لەگەڵ ئەوەی بۆ ماوەیەکی دورودرێژە کۆنترۆڵی نرخی وزە کراوە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی سەپاندنی سزاکانی سەر ڕوسیا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت (30%) و نرخی غازی سروشتی بۆ نزیکەی (200%) بەزبوونەوەی بە خۆوە بینی. (بڕوانە چارتی ژمارە (1 - 2))
چارتی ژمارە (1)
https://www.statista.com/statistics/262860/uk-brent-crude-oil-price-changes-since-1976/
چارتی ژمارە (2)
https://www.macrotrends.net/2478/natural-gas-prices-historical-chart
2. هەڵئاوسانی جیهانی: سەرباری دروستبوونی هەر قەیرانێک لە کەرتی وزەدا ڕاستەوخۆ قەیران لە کەرتەکانی دیکەشدا دروست دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەر یەک لە ئۆکرانیاو ڕوسیا دوو بەرهەمهێنەرو هەناردەکاری سەرەکی شمەک و خۆراکن بە تایبەت لە گەنم و گەنمەشامی و کانزاکان، بۆیە دەبینین بەرزبوونەوەیەکی گەورە لە نرخی ئەو شمەکانە ڕوویداوە، هێشتا بەرزبوونەوەکان بەردەوامیان هەیە، کە دەکرێت بە هەڵئاوسانێکی گەورەی جیهانی لە قەڵەم بدرێت، بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی گەنم لە دەرەوە هاوردە دەکەن. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە (بڕوانە چارتی ژمارە (3))
چارتی ژمارە (3)
بوشل (bushel): یەکەی پێوانەیە بۆ پێوانی شمەکی وشکە بە تایبەتیش کێشانی بەروبوومی کشتوکاڵی، پیوانەکەش لە بەروبومێکەوە بۆ بەروبوومێکی دیکە دەگۆڕێت بۆ نمونە (1 بوشل = 27.2188 کیلۆگرام لە گەنم، بەڵام 1 بوشل = 20.412 کیلۆگرام لە گەنمەشامی)
https://www.macrotrends.net/2534/wheat-prices-historical-chart-data
https://www.macrotrends.net/2532/corn-prices-historical-chart-data
3. داکشانی گەشەی ئابوری جیهانی: بێگومان جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا جۆرێک شێواوی بەخشیەوە بە دۆخی ئابوری ئێستای جیهان، کە دەبێتە هۆی پاشەکشە لە گەشەی ئابوری لە ساڵی 2022 – 2023، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای توێژینەوەی کۆمەڵایەتی و ئابوری بەریتانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە گەشەی ئابوری جیهان بە تێکڕا (1%) دابەزیوە، هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ کەمبوونەوەی خستنەڕووی وزەی ڕوسیا لە بازاڕەکانی جیهان، لای هەموانیش ئاشکرایە کە بەشێکی دەگەڕیتەوە بۆ سزاکانی سەر ڕوسیا، ئەمەش بووە بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی بەرمهێنانی دەوڵەتانی وەبەرهێن بەهۆی ئەو نادڵنیایی و شێواوییەی لە بازاڕەکانی جیهان هاتووەتە ئاراوە. ئەمە جگە لەوەی جەنگ بەشێکی گەورەی لەو ئاڵوگۆڕو گواستنەوە وشکانی و ئاوییانەی بواری بازرگانی پەکخستووە، بەتایبەتیش ئەو گواستنەوانەی پێشتر بە سنوری ڕوسیاو ئۆکرانیادا تێپەڕ دەبوون، وەکو چۆن لەم دواییانە ئۆکرانیا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە ڕاگرت، وڵاتی تورکیاش کۆت ئاستنەگی دروستکرد لە گەرووی بۆسفۆر بۆ ئاڵوگۆڕو گواستنەوە، ئەم بارودۆخانە پێکەوە گەشەی ئابوری جیهانیان پاشەکشە پێکردو پێدەکەن.
4. دابەشبوونی سیستمی دارایی جیهان: هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەیانەوێت سزا ئابوری و داراییەکانی سەر ڕوسیا زیاد بکەن، بۆیە هەر سزا سەپاندنێک بەسەر کۆمپانیا وبانک و دامەزراوە داراییەکانی ڕوسییەکان لە لایەن هەریەک لەو دەوڵەتانەوە کاریگەری گەورە لەسەر سیستمی دارایی جیهان جێدەهێڵێت، وەک چۆن بینیمان دوای چەند كاتژمێرێك لە هێرشی روسیا بۆسەر خاكی ئۆكرانیا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەند سزایەكی نوێ لەدژ مۆسكۆ راگەیاندو جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە وتەیەكیدا رایگەیاند دەركردنی روسیا لە سیستمی "سویفت" تایبەت بە مامەڵە داراییەكان یەكێك دەبێتە لە بژاردەكان.
بە گوێرەی راپۆرتێكی تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە حاڵەتێكدا ئەگەر روسیا لە سیستمی سویفت بكرێتە دەرەوە ئاستەم دەبێت دامەزاراوە داراییەكانی بتوانن پارە بۆ ناوخۆ یان دەرەوەی وڵات حەواڵە بكەن، ئەوەش كۆمپانیا گەورەكانی روسیا دەخاتە حاڵەتی شۆك بە تایبەتی بۆ كڕیارەكانی نەوتوغاز.
هەروەها راپۆرتێكی تۆڕی " ئێن بی سی نیوز" جەختدەكاتەوە كە دوورخستنەوەی روسیا لەو دامەزراوە بانكییە گرنگە دەبێتە هۆی دەستبەجێی گەیاندنی زیان بە ئابوری روسیا بە تایبەتی كە ئەوە بەواتای دابڕاندنی روسیا دێت لە مامەڵە داراییە نێودەوڵەتییەكانی لەوانەش داهاتی بەرهەمهێنانی نەوتو غاز كە زیاتر لە 40%ی داهاتی روسیا پێكدەهێنێت.
بۆیە بە گوێرەی راپۆرتێكی " سی ئێن ئێن" روسیا لەماوەی رابردوودا هەنگاوی ناوە بۆ دامەزراندنی سیستمێكی تایبەت بەخۆی بۆ حەواڵەكردنی دراو كە لە (20%)ی حەواڵە ناوخۆییەكانی پشتی پێدەبەستن.
راپۆرتەكە ئاشكراشیكردووە كە سیستمی ئاڵۆگۆڕو حەواڵەی بانكیی روسیی بواری ئەوە بۆ مۆسكۆ دەڕەخسێنن كە بتوانێت لەگەڵ بانكەكانی چیندا مامەڵە داراییەكانی بكات. ئەمەش ڕەنگدانەوەی گەورە لەسەر سیستمی دارایی جیهان جێدەهێڵێت و لەتی دەکات.
سەرچاوەکان
- علی عبدالرحیم العبودیّ، اڵاپار العالمیە للحرب الروسیە-اڵاوكرانیە وانعكاساتها علی الاقتصاد العراقی، مرکز البیان للدراسات والتخگیگ، علی الموقع؛
https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2022/04/65rtry.pdf
- رەو میدیا، بۆچی بەكارهێنانی سیتمی سویفت دەبێتە گورزێكی تێكشكێنەر لەدژی روسیا، لینکی ڕاپۆرت؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9768
- Average annual Brent crude oil price from 1976 to 2022;
https://www.statista.com/statistics/262860/uk-brent-crude-oil-price-changes-since-1976/
- Natural Gas Prices - Historical Chart;
https://www.macrotrends.net/2478/natural-gas-prices-historical-chart
- Wheat Prices - 40 Year Historical Chart
https://www.macrotrends.net/2534/wheat-prices-historical-chart-data
- Corn Prices - 59 Year Historical Chart;
https://www.macrotrends.net/2532/corn-prices-historical-chart-data
- بوشل (Bushel)؛
https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%A8%D9%88%D8%B4%D9%84