Draw Media

یەكێتی دوچاری شۆك دەبێت

یەكێتی دوچاری شۆك دەبێت

2019-02-18 16:58:24


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
دواجار ئەوەی چاوەڕوان نەدەكرا، رویدا، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان، بەبێ یەكێتی نیشتمانی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستانیان بەڕێوەبرد‌و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان هەڵبژارد.
بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان زیاتر لە چوار مانگ دواكەوت، بەڵام ئەو كاتە زۆرە، نەیتوانی چارەسەری كێشەكان بكات‌و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەكانی خەڵكەوە، لەبری چارەسەر، كێشەكانی قوڵتر كردەوە.

پارتی سێجار داوای یەكێتی رەتكردەوە
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە لەناو پارتی‌و یەكێتی دەستیكەوتووە، بەیانی ئەمڕۆ بەر لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان‌و پارتی، یەكێتی داوای لە پارتی كردووە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی (48) كاتژمێر دوابخات، بەڵام پارتی داواكەی رەتكردوەتەوە.
پاش ئیمزاكردنی رێككەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان‌و پارتی، یەكێتی جارێكی تر داوای لە پارتی كردووە كۆبونەوەی پەرلەمان بۆماوەی (24) كاتژمێر دوابخرێت، بەڵام پارتی بەم داوایەش قایل نەبووە، لە دوا ساتەكاندا یەكێتی داوایكردووە دانیشتنەكە بۆ كاتژمێر (7)ی ئێوارە دوابخرێت، پارتی ئەم پێشنیازەشی رەتكردوەتەوە.

پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و گۆڕان
هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون باسلەوەدەكەن، پارتی دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ گۆڕان لەبەردەم چاوی كامێراكاندا، بەتەواوەتی دڵنیابوەتەوە لەوەی بزوتنەوەی گۆڕان پشتی تێناكات، بۆیە بەتەواوەتی لە یەكێتی بێمنەت بووە‌و بەبێ یەكێتی كۆبونەوەكەی پەرلەمانی كردووە.
بەپێی ئەو بەدواداچونانەی كە (درەو میدیا) كردویەتی، هەنگاوەكەی پارتی بۆ سازدانی كۆبونەوەی پەرلەمان بەبێ یەكێتی، زۆرینەی سەركردەكانی یەكێتی شۆك كردووە، چونكە زۆربەیان پێشبینی ئەوەیان نەكردووە پارتی تا ئەو رادەیە لە یەكێتی بێمنەت بێت، تانەت بەپێی زانیارییەكان هەندێك لە پەرلەمانتارانی پارتیش پێشبینییان نەكردووە حزبەكەیان بەبێ یەكێتی كۆبونەوەی پەرلەمان بكات.
هەندێك لە یەكێتییەكان، هۆكاری ئەو بێمنەتییەی پارتی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەگێڕنەوە، لەمەشدا سەرزەنشتی ئەو بەرپرسانەی یەكێتی دەكرێت كە لەماوەی رابردوودا هەوڵی لێكنزیكبونەوەی یەكێتی‌و گۆڕانیان داوە.

كۆبونەوەكەی سەركردایەتی
(درەو میدیا) زانیویەتی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا كە هاوكات بوو لەگەڵ ساتی بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی پەرلەمان، زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی لۆمەی گروپێك لە سەركردەی حزبەكەی خۆیان كردووە كە لەماوەی رابردوودا هاوسۆز بوون لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا، لەمەشدا بەهانەیان بەوە هێناوەتەوە كە ئەوە دووەمینجارە بزوتنەوەی گۆڕان كارتەكانی دەستی یەكێتی دەسوتێنێت‌و كاتێك یەكێتی دەیەوێت فشارێك لە پارتی بكات، گۆڕان جادووی هەنگاوە سیاسییەكانی بەتاڵدەكاتەوە، ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێم.
لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا، هەندێك بۆچونیان وابووە بەتەواوەتی پێداچونەوە بە پەیوەندییەكانیاندا بكەن لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، تا ئەو ئاستەی پۆستەكانیان لە سنوری ئیدارەی سلێمانی لێوەربگرنەوە، بەتایبەتی پۆستی پارێزگاری سلێمانی.

هۆشدارییەكی پێشوەختە
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، بەر لە رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان، بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بەشێوەیەكی فەرمی پەیامی حزبەكەی بە كەسی یەكەمی بزوتنەوەی گۆڕان گەیاندووە‌و هۆشداری پێداوە بەبێ یەكێتی رێككەوتن لەگەڵ پارتی نەكەن.
هەر لەچەند رۆژی رابردوودا یەكێتی لەچەندین كەناڵی ترەوە ئەو پەیامەی بە سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان گەیاندووە، لەسەر بنەمای ئەم هەڕەشە بێدەنگانەی یەكێتی، كەسێكی بڕیاربەدەستی بزوتنەوەی گۆڕان دوێنێ بە تەلەفۆن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی قسەی كردووە‌و ئاگاداری كردووە لەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر فشاردایە، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی پێداون كە پارێزراو دەبن. 
 
پارتی زیاتریش دەڕوات
دوای كۆبونەوەكەی پەرلەمان‌و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، ئومێد خوشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان وتی: دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت خێراتر دەبن.
(درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی سورە لەسەر هەنگاوەكانی‌و بەنیازە دوای كۆبونەوەی پەرلەمان، هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتیش بەبێ یەكێتی دەستپێبكات.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەدوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەدەرەوەی رێككەوتنی سیاسی پارتی‌و یەكێتی، بەتەواوەتی لە یەكێتی بێئومێد بووە، بەو سەركردانەی یەكێتیشەوە كە پێشتر مامەڵەی لەگەڵدا دەكردن.
پارتی دەیەوێت دۆسیەی هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك تێكەڵ بە پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم نەكات‌و ئەو دۆسیەیە هاوشێوەی پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلابكرێتەوە، یاخود لانی كەم لە دانانی پارێزگاری كەركوكدا پارتی قسەی كۆتایی بكات.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand