Draw Media

17ی شوبات لە زەمەنی نائومێدیدا 

17ی شوبات لە زەمەنی نائومێدیدا 

2019-02-17 06:35:43



راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف 

17ی شوبات ئەگەر بە خۆپیشاندانێكی ئاسایی كۆمەڵێك چالاكوان و رۆشنبیر و گەنجی خوێن گەرم دەستی پێكردبێت و بە شەهید بوون و برینداربوونی سەدان كەس كۆتایی هاتبێت، رووداوێكی ئاسایی و سەرپێی نەبوو، بەڵكو 17ی شوبات دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بوو لە چالاكی مەدەنی و شۆڕشی مەدەنی، دەچێتە چوارچێوەی ئەو رووداوانەی كە كاریگەریان لەسەر مێژووی جولانەوەی رزگاری خوازی كورد هەبووەو، بەو پێوەدانگەی ئەگەر 6ی ئەیلولی 1930 ی بەردەركی سلێمانی قۆناغێكی نوێی لە مێژووی جولانەوەی رزگاری خوازی گەلی كوردا، هەبووبێت بەوەی بۆ یەكەمجار شۆرشی خەباتی چەكداری لە شاخەوە گواستەوە بۆ ناو سەنتەری شارو لەبری شێخ و كەسایەتییەكان، رۆشنبیران و شاعیران و روانكبیران پێشرەویان دەكرد، ئەوا 17ی شوباتیش چەمكی خەبات و شۆرش و قوربانیدانی لەبەرنگاری داگیركەرانەوە گواستەوە بۆ خەبات و شۆڕش دژ بە گەندەڵی و ستەم و زوڵمی دەسەڵاتی كوردی.
بۆیە ناكرێت 17ی شوبات تەنها وەك رووداوێكی عەفەوەی و ئاسایی لێكبدرێتەوەو هەڵوێستە تەنها لەسەر شەهیدبوونی چەند گەنجێك و خوێندنەوەی چەند وتارێكی حەماسی بكەیت، بەڵكو 17ی شوبات رووداوێكی فرە رەهەندەو پێویستی بە خوێندنەوەی زیاد لە رەهەندێكی ئەو رووداوەیە، چونكە ئەو رووداوە، بۆخۆی دەسەڵاتی جوت حیزبی لە هەرێمی كوردستان بەخەبەر هێنایەوە، كە دوای شەری براكوژی و ململانێی خوێناوی رێكدەكەون بۆ دابەشكردنی پۆست و سامانی وڵات لە نێوان خۆیاندا.

هەنگاوەكانی پێش 17ی شوبات
خۆپیشاندانی رۆژی 17ی شوباتی 2011 تەنها خۆپیشاندانێكی ئاسایی نەبووەو تایبەت بێت بە كۆمەڵێك درووشم و داواكاری ئاساییەوە كە لەو رۆژەداو لەبەردەركی سەرای سلێمانی وترانەوە، بەڵكو 17ی شوبات دەیان فاكتەری ناوخۆیی و دەرەكی رۆڵی هەبووە لە خوڵقاندنیدا، ناكرێت رووداوی 17ی شوبات بە رەهەندەكانەوە ببەسترێت و تەواوی رەهەندەكانی تر پشتگوێ بخرێت.


یەكەم/ فاكتەرە دەرەكیەكان
خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات كاریگەری گەورەی بەهاری عەرەبی و شۆڕشەكانی وڵاتانی عەرەبی لەسەر بوو، بەوەی هۆشیاری هاوڵاتیان و تۆرە كۆمەڵایەتیەكان كەناڵە ئاسمانیەكان راستەوخۆ خۆپیشاندان و رووداوەكانی میسر و تونسیان دەگواستەوەو روحیەتی خۆپیشاندان و رووبەرووبونەوەیان لای تاكی كوردی درووست دەكرد، بەوەی رووخانی دەسەلاتەكانی 24 ساڵەی بن عەلی لە تونس و 30 ساڵەی حوسنی موبارەك لە میسر، بەتەواوی ناخی تاكی كوردی هەژاند، بەو پێوەدانگەی بەشێكی زۆری ئەو هۆكارانەی كە شۆرشی میسر و تونسی لەپێناودا هەڵگیرسا لە هەرێمی كوردستانیش بوونیان هەبوو، هەربۆیە خەڵكی كوردستان بە پەرۆشەوە چاودێری دۆخی ئەو ولاتانەیان دەكرد و بەسەركەوتنی شۆرشەكانی میسر و تونس، كاریگەری گەورەی لەسەر جوڵەی شەقامكرد لە هەرێمی كوردستان.


سیما هاوبەشەكانی وڵاتانی بەهاری عەرەبی و هەرێمی كوردستان 
هۆكارەكانی شۆڕشی ولاتانی عەرەبی هۆكارەكانی خۆپیشاندانی 17ی شوبات
1 شێوازی حوكمڕانی لە وڵاتە عەرەبیەكاندا، ئیستبدادی تاك رەوی تاك حیزبی . شێوازی حوكمرانی جوت حیزبی ئیستبدادی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و دەنگی نارازی
2 كۆنترۆڵكردنی تەواوی دام و دەزگاو فەرمانگەكان لەلایەن حیزبی باڵا دەستەوە كۆنترۆڵكردنی تەواوی پۆست و دام و دەزگاكان لەلایەن حیزبی فەرمانرەواوە لەهەرناوچەیەكدا
3 بەهەر شێوەیەك بوبێت لە هەڵبژاردندا زۆرینەی دەنگیان بەدەست دەهێنا، لە تونس 2009 بن عەلی 89% ی دەنگەكان و 2005 لە میسر موبارەك 88% ی دەنگەكانیان هێنا لە هەڵبژاردنی 2009 دا سەرۆك لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 70% ی دەنگەكانی هێنا.
4 كۆنترۆڵكردنی سەروەت و سامان و بازرگانی ولات لە تونس لەیلا تەرابلوسی ژنی سەرۆك و لە میسر كۆڕانی سەرۆك لە هەرێمی كوردستانیش تەواوی سەروەت و سامان و بازرگانی لەلایەن بەرپرسانەوە كۆنترۆڵكراوە
5 بڵاو بوونەوەی گەندەڵی لە 2011 دا لە تونس گەندەڵی 80% بووەو لە میسریش 64% بووە لە هەرێمی كوردستان گەندەڵی بەرێژەیەكی زۆر هەبووە لە 182 دەوڵەتی جیهان عێراق بە كوردستانەوە لە 175 مین بووە
6 بێكاری بەردەوام لە هەڵكشاندا بووە بەتایبەت لای گەنجان لە توسن 18% بووەو لە میسر 34% . رێژەی بێكاری لە هەرێم زۆر بەرزبووە لە 2011 لە هەرێمی كوردستان بێكاری 18% بووە.
7 رێژەی هەژاری لە ئاستێكی بەرزدا بووە لە 2011 لە تونس رێژەی هەژاری 24% بووەو لە میسریش 40% بووە. لە هەرێمی كوردستان هەژاری لە 2011 رێژەی كەی لەچاو ئەو بودجەیەی هەی بووە بەرز بووە كە 10% بۆ 12% بووە.
8 سەركردەو حیزبەكانی میسر و تونس لەرێی شۆرشەوە هاتنە سەر دەسەلات و بەردەوام شۆڕشیان بەخەڵك دەفرۆشتەوە. لە كوردستانیش سەركردەوە حیزبە فەرمان رەواكان لە رێی شۆرشەوە هاتوون و بەردەوام شۆڕگێری دەفرۆشنەوە 
9 توندووتیژی و روبەرووبونەوەی توندی خۆپیشاندەران لە تونس 300 كەس كوژران و لە میسر 360 كەس كوژران لە 17ی شوباتیشدا دەسەلات بە توندی رووبەرووی خۆپیشاندەران بووەو 10 كوژراو هەزاران بریندار هەبوون


دووەم/ هۆكارە ناوخۆییەكان 
دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان هەمیشە دۆخێكی ناجێگیر و ناسەقامگیر بووە، ناسەقامگیریەكە هێندەی پەیوەندی بە خودی سیاسەت و ستراتیژی حیزبە باڵادەستەكانەوە هەبووە هێندە پەیوەندی بە هەژموون و فشاری دەرەكی و هێزە دراوسێكانەوە نەبووە.

یەكەم/ لەرووی سیاسیەوە
لەسەر ئاستی سیاسی، لەگەڵ ئەوەی دەیان حیزب و پارتی سیاسی هەبووەو هەریەكەیان خاوەنی میدیا و ئۆرگانی خۆی بووە و ئازاد بوونە لە كاركردن، بەڵام بەهۆی كۆنترۆڵكردنی تەواوی كایە ئابوری و سەربازی و سیاسیەكانەوە هەمیشە دەسەڵات لەدەستی دووحیزبی فەرمانرەوادابوو، بەجۆرێك لە دابەشكردنی پۆست و سەروەت و ساماندا رێكەوتنی ستراتیژیان مۆركردووە، بەهۆی كۆنترۆلی ئەو حوكمرانیشیەوە هەمیشە لە هەڵبژاردنەكاندا زۆرینەیان بردووەو لە پەرلەمانیشدا چی پرۆژەیەكیان ویستبێت تێیان پەراندووە.

دووەم/ لەرووی ئابوریەوە
لە رووی ئابوریەوە تەواوی سەروەت و سامان و بودجە لەبەرژەوەندی هەردوو حیزب خەرجكراوەو بەكاریان هێناوە بۆ بەرژەوەندی حیزبی خۆیان، بەجۆرێك لە ساڵی 2004‌وە تا سەرەتای ساڵی 2010، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان مانگانە هەریەكەی 35 ملیۆن دۆلاریان بۆخۆیان بردووە،‌ واتا بە هەردوو پارتەكە مانگانە 70 ملیۆن دۆلاریان بۆخۆیان بردووە، بەو پێیەش ساڵی 840 ملیۆن دۆلاریان بۆخۆیان بردوە،واتە لە ساڵی 2004 تا 2010 ، یەكێتی‌و پارتی 5 ملیارو 40 ملیۆن دۆلاریان بۆخۆیان بردووە، ئەمە سەرەرای كۆنترۆڵكردنی تەواوی بازارو كۆمپانیا و پرۆژەكان لەلایەن بەرپرسە باڵا حیزبیەكانەوە.
سێیەم/ لە روووی كۆمەڵایەتیەوە 
لەرووی كۆمەڵایەتیەوە، دۆخی كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان دابەشبووبوو بەسەر دوو توێژدا كەمێنەیەكی دەسترۆیشتوو كە دەستی گرتووە بەسەر سەروەت و سامانی وڵات و زۆرینەی سەروەت و سامانی لەدەستدایەو زۆرینەیەك كە بەشێكی زۆری گەنجەكانی بێكار و هەژارن، ئەمە سەرەرای گەندەڵیەكی زۆر لە دام و دەزگا و فەرمانگەكانی حكومەتدا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری لای گەنجەكان ، ناعەدالەتی كۆمەلایەتی لەتەواوی كایەكانی ژیانی كۆمەڵگی كوردی داگیركردبوو، دۆخێكی خوڵقادبوو كە هیچ تاكیكی دەرەوەی حیزبە باڵادەستەكان هەستی بە عەدالەتی كۆمەلایەتی نەدەكرد.
هەموو ئەو هۆكارانە رێگە خۆشكەر بوون بۆ درووستكردنی دۆخێكی نالەبار لە هەرێمی كوردستان و دواجار خۆپیشاندانی 17ی شوبات و رۆژانی دوایی لێكەوتەوە.


17ی شوبات 
رۆژی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكەی 17ی شوبات بە وەرگرتنی مۆلەَت لە پارێزگای سلێمانی لەلایەن ( تۆڕی بەرگری لە ماف و ئازادیەكانی خەڵكە)ەوە دەستیپێكرد، كە داوایانكرد گردبوونەوەیەك لەبەرسەرای سلێمانی ئەنجامبدەن بۆ پیرۆرزباییكردن لە سەركەوتنی شۆرشی تونس و میسر، كە هەردوو شۆرشەكە بە روخانی سیستمی حوكمرانی ئەو ولاتانە كۆتایی هاتبوو، بەڵام كاتێك كاتژمێر 2 خۆپیشاندانەكە لەبەردەركی سەرای سلێمانی دەستی پێكرد، هیچ هێزێكی ئەمنی لەوێ ئامادە نەبوون كە ئەركی پاراستنی هەر گردبوونەوەو خۆپیشاندانێكی مۆڵەتدار دەبێت هێزی پارێزگاری هەبێت.
لە ساتی خۆپیشاندانەكەدا و لە كاتی وتارەكاندا حەماسەتێكی زۆر بەدیدەكراو خۆپیشاندەرانیش بە گروتینێكی زۆرەوە درووشمەكانیان دەوتەوە لە دیارترین درووشمەكانیش ( ئێرە مەیدانی تەحریرە..... موبارەكتان لەبیرە ،،،، ئێرە كوردستانە .... مەرگی گەندەڵكارانە ) .. دوای خوێندنەوەوەی وتارەكان و تەواوبوونی گردبوونەوەكە، بەشێك لە خۆپیشاندەران، بەرەو شەقامی سالم بەریدەون و تا لقی چواری پارتی تێدەپەرێنن و دەگەنە بەردەم مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتیەكان، دواتر لەناو بارەگای لقی چوارەوە بەردە دەگرێتە یەكێك لە خۆپیشاندەران و سەری دەشكێت، دواتر خۆپیشاندەران دەگەڕێنەوەو بەردەگرن لقی چوار و جامی بیناكە دەشكێنن، دواتر لەسەر لقی چوارەوە بە گوللە وەڵامی خۆپیشاندەران دەدرێتەوە، لەو دۆخەشدا رێژوان شەهید دەبێت و 53 كەسی تریش بریندار دەبن ( بە وتەی بەرێوەبەری تەندرووستی سلێمانی) بەڵام هەندێك لە بریندارەكان نەیانوێرابوو بچنە نەخۆشخانە چارەسەروەرگرن بەهۆی ئەوەی نەوەك دەستگیر بكرێن بۆیە بەپێی ئامارە نارەسمیەكان 57 بریندار و شەهیدێك هەبووە.
بەپێی وتەی هیوا ئەحمەد كە لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵێكی زاگرۆزدا ساڵی دواتر لەگەڵ كرابوو رایگەیاند خۆپیشاندەران بەردەم لقی چواریان تێپەراندبوو، بەڵام دواتر گەرانەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، كە یەكەمجار تەقە لەناو خۆپیشاندەرانەوە كراوە لە لقی چوار، بەڵام كاتێك بێژەرەكە لێی پرسی بەڵگەتان هەیە وتی نەخێر.
سەبارەت بە فەرمانی تەقكردنیش لەخۆپیشاندەران دوو تیڕوانین هەیە هەندێكیان پێیان وایە بە فەرمانی هیوا ئەحمەد بەرپرسی لقی چوار بووەو هەندێكیش پیًیان وابووە كە هیوا ئەحمەد لەگەڵ فازل میرانی قەسی كردووەو بە فەرمانی بەرپرسی پاراستنی لقی چوار تەقەكان كراوە.

لەنێوان تەقەكانی لقی چوار و روداوەكانی مێژوودا 
لەبەرامبەر شكاندنی 48 قاڵب جامی بارەگای لقی چوار، پارتی دیموكراتی كوردستان 58 گەنجی سلێمانی خەڵتانی خوێنكرد، ئەمە لە مێژووی شاری سلێمانیدا، جگە لە 6ی ئەیلولی 1930 لە هیچ سەردەمێكدا هێزە ئەمنیەكانی رژێمە یەك لەدوایی یەكەكانی عێراق بە گوللە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان نەداوەتەوە، سلێمانی مێژوویەكی درێژی لە خۆپیشاندان‌و قوربانیدان هەیە، بەڵام رەنگە هیچ خۆپیشاندانێك بەقەد خۆپیشاندانەكەی 17ی شوبات قوربانی لێنەكەوتیبێتەوە، بەدەستی هێزێكی كورد، لە بەهاری ساڵی 1983 لە لە هەردوو شەقامی تووی مەلیك و ئیبراهیم پاشاوە خوینكاران و لاوانی ئەوسەردەمە بە خۆپیشاندان بەرەو ڕووی مونەزەمەی بەعس دەچن لە فوولكەی كاوەی ئاسنگەر لە شوێنی ئاساییشی گشتی ئێستا، لە بەرامبەر منەزەكە باڵەخانەیكی دوو نهۆمی لیبوو بۆ بەرگری دایان نابوو مەفرەزەی جەیش شەعبی لێ بوو، پاش كۆبوونەوەی خەڵكیكی زۆر هوتافیان دەكێشا دژی حیزبی بەعس كە ئەو كات حیزبی بەعس لەو پەری بەهێزیدا بوو دروشمەكانیشیان بریتی بوو لە : بژی گەل ، هێزی گەل ، حكومڕانی گەل بۆ گەل ، تانك و تۆپ و تەیارە دەرمان ناكا لەم شارە ، بڕوخێ حزبی بەعسی فاشی، خۆپیشاندەران كەوتنە بەردبارانی منەزەمەو بۆ جەیش شەعبیەكان چوونە سەرەوە و یەكێكیشیان كە زۆر خراپ بوو لەسەربانەوە هەڵیان دایە خوارەوە بەڵام كەسی تیا نەكوژرا جەیش شەعبیەكان ئامادە نەبون تەقە بەناو خۆپیشاندەراندا بكەن هاوكات دواتر قوات خاسەش كە هات بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران بەلام تەنها تەقەیان بە ئاسماندا كردوو كەسی تیا نەكوژرا . 
بەڵام لە ساڵی 1993 و لە كاتی شەری پارتی و حسك لە خۆپیشاندانێكی لایەنگرانی حسك بۆ بەردەم لقی چواری پارتی لە سلێمانی هێزە ئەمنیەكانی پارتی نەك هەر بەگووللە بەڵكو بە ئاربیجی بلاوە بە خەڵكی كراو ئاربیجیان نا بە خۆپیشاندەرانەوە 
هاوكات لە ساڵی 2005و كاتێك یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەجیا چووە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، بەهۆی ئەو جموجۆڵە زۆرەی كەلە شاری دهۆكدا هەیبوو، بە پارتی دیموكراتی كوردستان هەزمنەكرا‌و پەلاماری بارەگای سەرەكی ئەو هێزەیان داو سەرەڕای سوتان‌و تاڵانكردنی بارەگاكەیان ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حیزبەو چوار كادرو ئەندامی دیكەیان كوژران، لەنێوان ئەو دوو ڕووداوەدا چەندین خاڵی لێكچوون‌و جیاوازی هەیە، ئەوەی جیاوازییە ئەوەیە لەسلێمانی خۆپیشاندەران بەردبارانی بارەگای پارتی دەكەن، لەدهۆك خۆپیشاندەرانی پارتی بەردبارانی بارەگای یەكگرتوو دەكەن. لەسلێمانی پاسەوانەكان هاوڵاتیان دەكوژن، لەدهۆك خۆپیشاندەرانی پارتی پاسەوانەكان دەكوژن، واتا پارتی كاتێك كە خۆپیشاندەرەو كاتێكیش لەناو بارەگایە هەر دەكوژێت.

ئەگەرەكانی دووبارە بوونەوەی 17ی شوبات 
لەدوای 62 رۆژ لە خۆپیشاندان و نارەزایی و شەهید بوونی 10 كەس و برینداربوونی هەزارانی تر، دوای دەركردنی بریاری ژمارە یەك و دووی پەرلەمان و چوار بریاری سەرۆكی هەرێم و حكومەت، تا ئێستا بچوكترین و سەرەتاییترین داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێنەكراوە، كە ئەویش دادگاییكردنی تۆمەتبارانە، كە دەبوو حیزبەكان خۆیان بۆ پاراستنی سەروەری یاسا تۆمەتبارانیان حەشار نەدایەو بیانبردایەتە بەردەم دادگا،
ئەمە سەرەرای ئەوەی تا ئەمرۆش ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی، گەندەڵی بێكاری ، خراپی خزمەتگوزاری، كۆنترۆڵی سەروەت و سامانی وڵات لەلایەن بەرپرسانەوە، هیچ یەك لەو پرسانە یەكلانەكراوەتەوەو بگرە خراپتریش بووە، بەڵام لەهەمووی كاریگەرتر ئەوەیە تا ئەمرۆش دەسەڵات هەمان كلتوری دوێنی هەیە لە تەقەكردن لە خۆپیشاندەران، لە خۆپیشاندانی هاولاتیانی سەیدسادق بۆ باشتركردنی خزمەتگوزاری، لە 2/1/2014 گەنجێك بەناوی بریار شەهید بوو لەگەڵ دەستگیركردنی دیەانی تر، لە خۆپیشاندانەكانی رانیەو قەڵادزێ دوو گەنج شەهید بوون لە خۆپیشاندانەكەی كۆیە مامۆستا هێرش شەهید بوو.
رەنگە هۆكاری ئەم تەقەكردنەی هێزە ئەمنیەكان دوولایەن بێت، بەشێكی پەیوەندی بە عەقڵیەتی دەسەڵاتدرانی كوردستانەوە بێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندەران و فەرمانكردن بە هێزە ئەمنیەكان لە تەقەكردن لە خۆپیشاندەران و بەشێكیشی پەیوەندی بە نەشارەزایی هێزە ئەمنیەكانەوەهەبێت لەگەڵ خۆپیشاندەران بەوەی هێزە ئەمنیەكان رانەهێنراون لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندەران، هەروەك محەمەد حسین هەیكەل، سیاسەتمەدارو ئەدیبی گەورەی میسر لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند، لە موشیر تەنتاوی وەزیری بەرگری میسرم پرسی بۆچی، رێگەت نەدا سوپا رووبەرووی خۆپیشاندەران ببێتەوە رێگریان لێبكات، وتی لەبەر ئەوەی ئەو سوپایە بۆ رووبەرووبوونەوەی هیزی دەرەكی و بەرگری دوژمنی دەرەكی ئامادەكراوە، هیچ لە شێوازی رووبەرووبوونەوەی خۆپیشاندانی مەدەنی ناوخۆ نازانێت، خۆ ئەگەر رێگەمان بدایە سوپا رووبەروویان ببوایەتەوە ئەزانی چی لافاوێكی خوێن درووست دەبوو.
بۆیە لەم دۆخەی ئەمرۆش كوردستانیشدا كە هەمان دۆخی ساتەكانی 17ی شوباتە، لە دوای 19ی نیسانی 2011 شەوە نارەزاییەتیەكان لەسەر شەقامەوە گوازرایەوە ناوناخی تاكەكان، بۆیە لەهەر سات و كاتێكدا بێت ئەگەری دەربرینی نارەزایی هەیە بە فۆرم و شێوازی جیاوازتر لە 17ی شوبات.

17ی شوبات و نائومێدی
لە ئێستادا كە یادی هەشت ساڵەی خۆپیشاندانەكانی 17 شوبات دەكرێتەوە، ئەو هێزانەی كە دوێنی پشتیوانیان لە خۆپیشاندەران دەكرد و لە پشتیانەوەبوون ئێستا لە هەوڵی رێكەوتندان بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی كە تەقەی لە خۆپیشاندەرانكرد رێبكەوێت بۆ چوار ساڵی دیكە.
بەپێی هەموو ئاماژەكان هێزە دەسەڵاتدارەكان هیچ گۆڕانكاریەكی جدیان نەكردووە تا ئومێدیان لەسەر هەڵبچنرێ بۆیە چونە ناو ئەو حكومەتە بەپێی لێكدانەوەی زۆرێك لە چالاكان ونكردنی شوناسی ئەو هێزانەیە، چونكە تەواوی بڕیارە سیاسی و ئابوریەكانی هەرێم هێشتا لە دەستی دەسەڵاتدایە، گۆڕانكاری جدی ئەستەمە .
رەنگە لە نێوان 17 ی شوبات و ئێستا گۆڕانكاریەكی ئەوتۆ لە عەقڵیەتی هێزە دەسەڵاتدارەكاندا روینەدابێت، بەو پێیەی لەدوای 17ی شوباتەوە چەندین گەنجی دیكە لە خۆپیشاندانەكاندا شەهید بوون، ئەوەتا ئەمرۆش هەر ئەو دەسەڵاتە نزیكەی مانگێكە ژمارەیەك چالاك و خۆپیشاندەری خزاندۆتە كونجی زیندانەوەو ئازادیان ناكات.
بۆیە 17ی شوبات تەنها روداوێكە نەبوو رابردوبێت و كۆتایی هاتبێت، بەڵكو ئەگەرێكە بەردەوام لە پێشمانەوەو هەموو كات ئەگەری دوبارەبوونەوەی هەیە.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand