Draw Media

وردەكاری كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی

وردەكاری كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی

2019-02-16 12:12:54


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
تاوەكو پارتی بە نوسراو زامنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك نەكات، هیچ رێككەوتنێك ئیمزا ناكرێت‌و یەكێتی تا دوو ئیدارەیی لەگەڵ پارتی دەڕوات، ئەمە كرۆكی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو. 
كەمێك بەر لە بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە، كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی كۆتایی هات.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەكۆی دەنگ بڕیاریداوە تاوەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بە نوسراو گەرەنتی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك نەدات، یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی رۆژی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان ناكات، كە بڕیارە تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێت‌و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دانراوە.

ترسی تۆڵەكردنەوە
(درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیویەتی، لە كۆبونەوەی دوێنێی وەفدی دانوستانكاری پارتی‌و یەكێتیدا، وەفدی پارتی تەنیا بە زارەكی بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی كەركوكیان داوە، بەڵام سەركردەكانی یەكێتی داوای بەڵێنی نوسراو دەكەن‌و ترسیان هەیە پارتی لە دۆسیەی كەركوكدا تۆڵەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق (بەرهەم ساڵح)یان لێبكاتەوە كە بەبێ رێككەوتنی پێشوەختەی لایەنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا. 

جارێكی تر دوو ئیدارەیی !
دواین زانیارییەكان كە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، ئاماژە بەوە دەكەن، ئەگەر تاوەكو بەر لە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 18ی ئەم مانگە، پارتی دیموكراتی كوردستان بە نوسراو هیچ گەرەنتییەك بە یەكێتی نەدات لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك، یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان ناكات.
سەركردەیەكی یەكێتی كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەوان بەبێ یەكلاكردنەوەی پرسی كەركوك هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی ئیمزا ناكەن‌و ئەمجارە تا حاڵەتی "دوو ئیدارەیی" لەگەڵ پارتی دەڕۆن.

وتەبێژێكی نوێ بۆ یەكێتی
هەر لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا سەعدیی ئەحمەد پیرە دەستی لە پۆستی وتەبێژی یەكێتی كێشایەوە‌و بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە شوێنكەی ئەو (لەتیف شێخ عومەر) دانراوە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) سەعدی پیرە لەژێر فشاردا دەستی لە پۆستی وتەبێژ كێشاوەتەوە‌و زۆرینەی ئەنجومەنی سەركردایەتی ناڕازیبوون لە وتەكانی، بەتایبەتیش كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی دوێنێی لەگەڵ مەحمود محەمەد وتەبیژی پارتی كە وتی"یەكێتی‌و پارتی رێككەوتوون"، هەر دوای ئەو كۆنگرە رۆژنامەوانییە لە راپۆرتێكدا (درەو میدیا) ئاشكرایكرد، یەكێتی‌و پارتی نەگەیشتونەتە رێككەوتن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand