Draw Media

دانیشتنی پەرلەمان دوادەخرێت؟

دانیشتنی پەرلەمان دوادەخرێت؟

2019-02-17 12:48:29


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف

جوڵانەوەی نەوەی نوێ سیناریۆكەی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە پارتی دیموكراتی كوردستان تێكدەدات، ئەگەر یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان نەكات، پارتی ناچار دەبێت كۆبونەوەكە دوابخات، نەوەی نوێ بەم هەنگاوە خزمەتێكی گەورە بە یەكێتی كرد.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە خاوەنی (8) كورسییە لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ رایگەیاند، بەشداری كۆبونەوە چاوەڕوانكراوەكەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان دەكات‌و كاندیدی بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەبێت.
ئەم هەنگاوەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەكاتێكدایە هێشتا یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاری نەداوە بەشداری كۆبونەوەی سبەینێی پەرلەمان بكات‌و چاوەڕێی وەڵامێكی نوسراو دەكات لەپارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك.

دوبارەكردنەوەی سیناریۆ كۆنەكە !
ئەگەر لە چەند كاتژمێری داهاتوودا پارتی‌و یەكێتی نەگەنە رێككەوتنی كۆتایی، یەكێتی نیشتمانی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان ناكات، پارتی وای دانابوو ئەگەر یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان نەكات، هاوشێوەی خولی پێشوو، دەستەی سەرۆكایەتی لە كۆبونەوەی سبەینێی پەرلەماندا هەڵبژێردرێت‌و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كە بۆ یەكێتی دانراوە، بەبەتاڵی بەجێبهێڵدرێت تا ئەوكاتەی یەكێتی پەیوەندی بە پەرلەمان‌و كابینەی نوێی حكومەتەوە دەكات.

كێشەیەكی نوێ
ئەم تێڕوانینەی پارتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ یەكیتی ئەمڕۆ دوچاری گرێگۆڵ بووەوە، كاتێك جوڵانەوەی نەوەی نوێ  رایگەیاند كاندیدی بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەبێت.
خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە كۆتاییەكانی تەمەنی خۆیدا پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی هەمواركردەوە، بەپێی بڕگەی (حەوتەم) لە ماددەی (14)ی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەگەر بۆ هەریەك لە پۆستەكان (سەرۆكی پەرلەمان- جێگری یەكەم- جێگری دووەم)، تەنیا یەك پاڵێوراوی بێ ركابەر هەبوو، سەرۆكی یەكەم دانیشتن، راستەوخۆ بە ناولێنان، پاڵێوراوەكە، بۆ پۆستەكە، بە سەركەوتوو، رادەگەیەنێت.
واتە ئەگەر سبەینێ یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان نەكات‌و كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان نەبێت‌و هیچ لایەنێكی تریش كاندیدی بۆ ئەو پۆستە پێشكەش نەكەن، راستەوخۆ بەبێ دەنگدان، تاكە كاندیدەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەكو سەرۆكی پەرلەمان ناوی لێدەنرێت.

بەتاڵكردنەوەی جادووەكە
بەڵام بەپێی زانیارییەكان، پارتی‌و یەكێتی ئەگەر تاوەكو بەر لە وادەی كۆبونەوەكەی سبەینێی پەرلەمان نەگەنە رێككەوتن لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك، دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ ماوەی (48) كاتژمێر دوادەخەن، بەمەش جادووی بڕیارە سیاسییەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەتاڵدەكەنەوە.
نەوەی نوێ بەم هەنگاوە كۆتایی بە یارییەكەی پارتی لە خولی پێشووی پەرلەماندا هێنا، بەڵام خزمەتێكی گەورەشی بە یەكێتی كرد، كە تائێستا خۆی یەكلانەكردوەتەوە بۆ بەشداریكردن لە دانیشتنەكەی سبەینێ.
بە دانانی كاندید بۆ پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان، نەوەی نوێ پارتی‌و یەكێتی ناچاركرد، بەرلەوەی بچنە ناو دانیشتنی پەرلەمانەوە، كێشەی كەركوك لەنێوان خۆیاندا چارەسەربكەن. 

ئەگەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێشوەختە دەستی خۆی ئاشكرانەكردایە لەبارەی دانانی كاندید بۆ پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان، رەنگە بیتوانیایە لە دانیشتنی سبەینێدا پارتی غافڵگیر بكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand