بەبێ یەكێتی كۆبونەوەی پەرلەمان دەكرێت؟
2019-02-14 21:19:58
راپۆرتی: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
ئەگەر یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان نەكات، پارتی كۆبونەوەكە دەكات ؟ ئایا بزوتنەوەی گۆڕان بەبێ یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكە دەكات یاخود نا ؟ پارتی چۆن دەیەوێت دۆسیەی كەركوك لەگەڵ یەكێتی چارەسەر بكات ؟ كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی سەركەوتوو بوو؟ ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وەڵامیان دەداتەوە.
سبەینێ كۆبونەوەیەكی یەكلاكەرەوە لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا دەكرێت، پارتی لە رێككەوتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پاشەكشە دەكات، یەكێتیش بەبێ رێككەوتنی سیاسی پێشوەختە ناچێتە ناو كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستانەوە.
پێدەچێت جارێكی تر سیناریۆی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم لە پرۆسەی پێكهێنانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانو كابینەی نوێی حكومەتدا خۆی دووبارە بكاتەوە.
لەبارەی كۆبونەوەكەی گۆڕانو پارتی
ئەمڕۆ وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی لە پیرمام كۆبونەوە، پارتی لەماوەی رابردوودا بەهۆی زیادبوونی ناكۆكییەكانی لەگەڵ یەكێتی، موجامەلەی زۆری گۆڕانی كردووە، هەندێك پێیانوایە كۆبونەوەو موجامەلە بەردەوامەكانی پارتی لەگەڵ گۆڕان، تەنیا بۆ نیشاندانی كارتە بەرامبەر بە یەكێتی.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەستیكەوتووە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا پارتیو گۆڕان لەسەر پرسی بەرنامەو پاكێجەكان هاوڕابوون، بەڵام لە پرسی دابەشكردنی پۆستەكاندا ناكۆك بوونو لەبارەی پۆستەكانەوە پارتی هیچ بەڵێنێكی بە گۆڕان نەداوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان چوار فایلی لەبارەی تێروانینەكانی بۆ چۆنیەتی ئیدارەدانی دۆسیەكانی (عێراق، كەركوك، پەیوەندییەكانی دەرەوە، حكومەتی هەرێم) خستوەتە بەردەستی پارتی، پارتی لەسەر فایلەكانی (دەرەوە، كەركوك، عێراق) هاوڕای گۆڕان بووە، بەڵام لەسەر فایلی حكومەتی هەرێم، بەتایبەتیش پرسی "شەراكەتی راستەقینە" لەگەڵ وەفدی گۆڕان ناكۆك بووە.
هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەسەر پشكەكان، وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان داوای پۆستی جێگری حكومەت یان جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كردووە، بەڵام پارتی رازی نەبووەو بڕیاریداوە جێگری سەرۆكی هەرێم بە گۆڕان بدات كە بەلای بزوتنەوەی گۆڕانەوە پۆستێكی تەشریفاتییە.
ئەم زانیارییانە بەتەواوەتی پێچەوانەی لێدوانی یەكێك لە ئەندامانی وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕانە كە دوای تەواوبوونی كۆبونەوەكە لێدوانی بۆ میدیاكان داو وتی:" برایانی پارتی لە هیچ خاڵێكدا لەگەڵ گۆڕان ناكۆك نەبوون".
كۆبونەوە چارەنوسسازەكە !
رۆژی 5ی ئەم مانگە، پارتیو یەكێتی لە كۆبونەوەیەكدا لەسەر زۆرێك لە پرسەكان رێككەوتن، بەدیاریكراویش پرسی سازدانی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستانو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە رۆژی 18ی ئەم مانگەدا، واتە دوو كۆبونەوەی جیاواز لە یەك رۆژدا.
بەڵام بەپێی وتەی بەرپرسانی یەكێتی، ئێستا پارتی لەو رێككەوتنە پاشگەزبوەتەوە، بەدیاریكراوی لە پرسی سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكو دواجار هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك.
قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند:" پارتی بەشێك لە بڕگە سەرەكییەكانی پرۆژەكەی یەكێتی رەتكردوەتەوە"، پرسی كەركوكو بەغداد (یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزیری دادی عێراق كە پشكی كوردە) ناكۆكی دیاری نێوان پارتیو یەكێتییە، پارتی نایەوێت فایلی كەركوكو بەغداد تێكەڵی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمو پەرلەمان بكرێت، یەكێتیش بە پێچەوانەوە، بۆیە لە ئێستادا سپەیسی نێوان پارتیو یەكێتی زیاتربووە.
بەرپرسانی پارتی پێیانوایە یەكێتی "كات دەكوژێت"و دەیەوێت كۆسپ بۆ بەردەم پێكهێنانی حكومەت دروست بكات كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات.
كەركوك.. پاشكۆیەك لە دەرەوەی رێككەوتن
بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند:" لەدوای رێككەوتنەكەی 5ی مانگەوە، پارتی پاشەكشەی لە یەكلاكردنەوەی پرسی كەركوك كردووە، ئێستا پارتی دەڵێت نامانەوێت پرسی كەركوكو بەغداد بخرێتە ناو رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتەوە، پارتی داوا دەكات یەكلاكردنەوەی پرسی كەركوك وەكو پاشكۆیەك لەدوای رێككەوتنەكەوە بنوسرێت، یەكێتیش گرەنتی دەوێتو دەیەوێت بەڕوونی لە رێككەوتنی نێوان هەردوولادا پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلاكرابێتەوە".
كۆبونەوەكەی كۆسرەت رەسوڵو بارزانی
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە كۆبونەوەی دوو رۆژی رابردووی نێوان مەسعود بارزانیو كۆسرەت رەسوڵدا كە لە بارەگای بارزانی بەڕێوەچووە، كۆسرەت رەسوڵ پێشنیازیكردووە" كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پردێ یاخود قەرەهەنجیر بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەی لانی كەم بەشێك لە ئەندامانی عەرەبو توركمان بەشداربن، بەوپێیەی ئەگەر كۆبونەوەكە لە هەولێر بكرێت، عەرەبو توركمان بەشدار نابن"، لەبەرامبەردا مەسعود بارزانی وتویەتی:" ئێمە كێشەمان نیەو ئاساییە لەو شوێنانە كۆبونەوەكە بكرێت"، بەڵام سەركردایەتی پارتی لەژێر فشاری ئەندامەكانیان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكو لایەنگرانیان لە كەركوك بەجۆرێك لە جۆرەكان لە پرسی كەركوكدا پاشەكشەیان كردووە.
بەرپرسانی یەكێتی بە پارتیان راگەیاندووە، ئاساییە پێش كۆبونەوەی 18ی مانگ، ئەندامانی لیستی برایەتی (لیستی لایەنە كوردییەكان لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك) لە هەولێر كۆببنەوەو كۆبونەوەی راوێژكاریی بكەنو خۆیان ئامادە بكەن بۆ كۆبونەوەی 18ی مانگ، بەڵام پارتی بەمە رازی نەبووە.
شەراكەتی راستەقینە
یەكێتی پێیوایە لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتو سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستاندا هیچ دەستكەوتێكی نابێتو پرۆسەكە هەمووی دەچێتە خزمەتی پارتییەوە، چونكە پارتی سەرۆكی هەرێمو حكومەتو پۆستە هەستیارەكانی وەك نەوتو ناوخۆو ئاسایشو دەرەوەی لەدەستدا دەبێت، ئەوەی بۆ یەكێتی دەمێنێتەوە تەنها سەرۆكی پەرلەمانە، كە ئەویش لەبەردەم دوو جێگری پارتیو (45) كورسی پارتیدا لەناو پەرلەمان پێگەیەكی تەواو لاوازی دەبێت، بۆیە یەكێتی فایلی بەغدادو كەركوكی بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمەوە گرێداوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەستیكەوتووە، یەكێتی بەڕوونی بە پارتییان راگەیاندووە" شەراكەتی راستەقینەیان دەوێت، بەتایبەتیش لە پرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە، كە پارتی بە نیازە بیكات بە وەزارەتی كاروباری دەرەوە، لە پرسی ئەنجومەنی ئاسایش، ئەنجومەنی دادوەری، بڕیاری سیاسیو نەوت ..."، كە ئێستا هەمووی لە دەستی پارتیدا كۆبوەتەوە، بۆیە یەكێتی پەلەكرددنی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەتایبەتیش هەستیاری نێوان پۆستەكانی (نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی) بەهەلدەزانێت بۆ چەسپاندنی خواستەكانی خۆی.
كۆبونەوەی 18ی مانگ
بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ئێمە سورین لەسەر دواكارییەكانمانو سازش ناكەین، بەلاشمانەوە گرنگ نیە كۆبونەوەی 18ی مانگ بكرێت یان نا، بەبێ رێككەوتنی پێشوەخت لەسەر هەموو پرسەكانی هەرێمو كەركوكو بەغداد، ئامادەی كۆبونەوەی 18ی مانگ نابین".
پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان دوابكەوێت، بۆیە كار بۆ ئەوەدەكات بزوتنەوەی گۆڕان بكاتە بەدیلی یەكێتیو ئەگەر لە كۆبونەوەی سبەینێدا لەگەڵَ یەكێتی نەگەیشتە رێككەوتن، لەگەڵ گۆڕان رێككەوتن بكاتو پێكەوە كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمان بكەن.
پلانی پارتی ئەوەیە، ئەگەر یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی نەكرد، لە كۆبونەوەكەدا جێگری یەكەمو دووەمی سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێنو پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە بەتاڵی بۆ یەكێتی جێبهێڵدرێت، بەڵام سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پێناچێت گۆڕان بە ئاسانی لەگەڵ پارتی رێكبكەوێت، ئەگەر پارتی سوربێت لەسەر سەركێشیو بێمنەتیو بە بڕیاری تاكلایەنە كۆبونەوەی پەرلەمان بكاتو زەمانەتی شەراكەتی راستەقینە نەكات.
پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر پارتی بەبێ بەشداری یەكێتی كۆبونەوەی پەرلەمان بكاتو سیناریۆی خولی پێشوو دوبارە بكاتەوە چی رودەدات ؟
بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند:" ئەمجارە یەكێتی بێدەنگ نابێتو هەنگاوی تر دەگرێتە بەر، تا ئاستی دوو ئیدارەیی سازش ناكات بۆ پارتی، چونكە ئەگەر ئێستا پارتی ناچارنەكرێت شەراكەتی راستەقینە قبوڵ بكات، سبەی بەتەواوی كۆنترۆڵی هەرێمی كوردستان دەكات".