پارتی پەنا بۆ بەرهەم ساڵح دەبات
2019-02-18 11:17:03
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان كاتژمێرە سەختەكانی بەڕێدەكات، كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ ماوەی (5) كاتژمێر دواخراوە، گرێكوێرەی كەركوك لەنێوان پارتیو یەكێتیدا هێشتا نەكراوەتەوە، پارتی لە دەرگای بەرهەم ساڵح دەكاتو بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت، كۆسرەت رەسوڵیش پەیامی كۆتایی بۆ بارزانی دەنێرێت.
كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان تا كاتژمێر (3)ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دواخراوەو ئەگەر هەیە كاتەكە لەوە زیاتریش درێژبكرێتەوە.
بەپێی دواین زانیارییەكان كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، تائێستا گفتوگۆی چڕ لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بەردەوامە، بەڵام هێشتا نەگەیشتونەتە هیچ رێككەوتنێك.
نوێترین پەرەسەندنەكان
(درەو میدیا) زانیویەتی، یەكێتی داوایكردووە كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ ماوەی (48) كاتژمێر دوابخرێت، بەڵام پارتی بەم داواكارییە رازی نەبووەو سورە لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ كۆبونەوەكە بكرێت بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.
لەبارەی پرسی پارێزگاری كەركوكەوە، پارتی تائێستا سورە لەسەر دەقی ئەو نوسراوەی كە دوێنێ شەو وەفدی پارتی لەماڵی كۆسرەت رەسوڵ خستویانەتەڕوو، پێشنیازەكەی پارتی لەبارەی پرسی پارێزگاری كەركوكەوە دەڵێ:" پارێزگارێك بۆ كەركوك هەڵدەبژێردرێتو ئەو پرۆسەیە بە تەوافوق دەبێتو موراعاتی یەكێتی تێدا دەكرێت"، یەكێتی بەم دەقە رازی نییە.
یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی دەبێت پارتی بە نوسراو گەرەنتی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك بدات، پارتی تائێستا بەشێوەی زارەكی بەڵێن دەداتو نایەوێت هیچ شتێك بكات بە نوسراو.
بڕیارە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی ئەم ئێوارەیە پەیامێك لەبارەی كێشەكانی نێوان یەكێتیو پارتی بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بنێرێت.
یەكێتی چی دەكات ؟
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئێستا یەكێتی پلانێكی سێ قۆناغیی ئامادەكردووە بۆ ئیدارەدانی بارودۆخەكە، پلانەكە لە سێ قۆناغ پێكدێت: (قۆناغی A، قۆناغی B، قۆناغی C).
• قۆناغی A لە پلانەكەی یەكێتی خۆی دەبینێتەوە لەوەی كێشەكەی كەركوك چارەسەربكرێتو زامنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك بكرێتو یەكێتیش بەشداری حكومەت بكات.
• قۆناغی B لە پلانەكەی یەكێتی ئەوەیە، ئەگەر لەگەڵ پارتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك نەگەیشتنە رێككەوتن، یەكێتی بەشێوەیەكی روكەش بەشداری لە حكومەتی هەرێمدا بكات، بەڵام بەشێوەی كردەیی رۆڵی حكومەت لە زۆنی سەوزدا لاوازبكاتو لەڕێگەی حكومەتی ناوەندی عێراقەوە كێشەی كەركوك چارەسەربكاتو ئیدارەی ناوچەی قەڵەمڕەویی خۆی بدات.
• قۆناغی C لە پلانەكەی یەكێتی قۆناغە سەختەكەیەو یەكێتی بڕیاریداوە ئەگەر پلانی (Aو B) سەركەوتوو نەبوو، لە قۆناغی Cدا "دوو ئیدارەیی" رابگەیەنێتو بەتەواوەتی لە حوكمڕانیدا لە پارتی دیموكراتی كوردستان جیاببێتەوە.
لە قۆناغی (C) دا، یەكێتی نیشتمانی دەیەوێت تەواوی پۆستە ئیدارییەكان لە زۆنی سەوز لە بزوتنەوەی گۆڕان بسەنێتەوەو كەسانی خۆی تێدا جێگیر بكات.
گۆڕان دوو دڵە
ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەكی فەرمی رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان واژۆ كرد، ئەمە لەكاتێكدایە پارتیو یەكێتی هێشتا نەگەیشتوەنەتە رێككەوتن.
پارتی بڕیاریداوە بەبێ یەكێتیش ئەمڕۆ كۆبونەوەی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی خۆی لە شەڕی یەكێتی بپارێزێت داوای كردووە كۆبونەوەكەی پەرلەمان دوابخرێت تاوەكو نیگەرانییەكانی یەكێتی دەڕەوێتەوە.
ئێستا گۆڕان لەنێوان بەرداشی پارتیو یەكێتیدایە، كۆبونەوەی پەرلەمان بەبێ بەشداری یەكێتی بەڕێوەبچێت، دەبێت گۆڕان بەپێی رێككەوتنی سیاسییەكەی لەگەڵ پارتی بەشداری كۆبونەوەكە بكات، ئەمەش بەزیان بۆسەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی كۆتایی دێت.
(درەو میدیا) پێشتر ئاشكرایكرد، یەكێتی هۆشداری بە ژمارەیەك لە سەركردەكانی گۆڕانداوە بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان نەكەن بەبێ یەكێتی، بەپێچەوانەوە پەیوەندییەكانیان تێكدەچێت.
لەسەر بنەمای ئەم هۆشداریدانانە، دوێنێ یەكێك لە بڕیاربەدەستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بە تەلەفۆن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی قسەی كردووەو ئاگاداری كردووە لە هەڕەشەكانی یەكێتی.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی بە بزوتنەوەی گۆڕان داوە كە پارێزراو دەبن.
پارتی پەنا بۆ بەرهەم ساڵح دەبات
لە نوێترین هەنگاویدا بۆ كردنەوەی گرێكوێرەی حكومەت، پارتی دیموكراتی كوردستان پەنای بۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقو جێگری دووەمی سكرتێری یەكێتی نیشتمانی بردووە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی لە چەند كەناڵێكی جیاوازەوە داوای لە بەرهەم ساڵح كردووە رۆڵبگێڕێت لە چارەسەركردنی كێشەی نێوان پارتیو یەكێتی، بەڵام بەرهەم ساڵح رەتیكردوەتەوەو رایگەیاندووە، ئێستا یەكێتی ناوەندی بڕیاری هەیەو لەو ناوەندەوە بڕیار لەسەر پرسەكان دەدرێت.
ئەم هەنگاوە لەكاتێكدایە، هێشتا پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو بەرهەم ساڵح ئاسایی نەبوەتەوە، كە لەدوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆماری عێراق بەبێ رێككەوتنی پێشوەختە، ئاڵۆزی تێكەوتووە.