Draw Media

پۆستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەتدا

پۆستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەتدا

2019-02-17 18:19:18


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەتدا، پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و (4) وەزارەت‌و (2)دەستە‌و (48) پۆستی راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی و (4) پۆستی بریكاری وەزیر و ( 2)نوێنەرایەتی دەرەوە وەردەگرێت.
كەمێك بەر لە بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هات، ئەو جڤاتە كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، رێككەوتنەكەی نێوان گۆڕان‌و پارتی پەسەندكرد بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەناو جڤاتی نیشتمانیدا تەنیا (5) كەس دژی بەشداریكردنی بزوتنەوەكەیان بوون لە كابینەی نوێدا‌و زۆرینە بڕیاری بەشداریكردنیان پەسەندكردووە.

 

رێككەوتنی گۆڕان‌و پارتی
دوێنێ بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان دواین كۆبونەوەی دانوستانەكانی نێوانیان كرد لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە.
لەو كۆبونەوەیەدا پارتی‌و گۆڕان دواین خاڵیان لەسەر پیتەكان دانا‌و لەسەر بەرنامەی حكومەت‌و پەیوەندییەكانی نێوانیان‌و پشكی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی نوێدا رێككەوتن.
(درەو میدیا) لە سەرچاوەیەكەوە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان زانیویەتی كە هەردوولا لەسەر ئەوە رێككەوتوون، كرۆكی رێككەوتنەكە بۆ رایگشتی بڵاونەكرێتەوە.
بەڵام (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە لەناو پارتی هەندێك زانیاری لەبارەی كرۆكی رێككەوتنەكە دەستكەوتووە.

 

ئەنجومەنێك بۆ چاكسازی
بەپێی زانیارییەكان، لەسەر چۆنیەتی ئیدارەكانی فایلی (عێراق، ناوچە جێناكۆكەكان، چاكسازی لە حكومەتی هەرێم، پەیوەندییەكانی دەرەوە)، پارتی رازیبووە بەوەی پاكێجەكانی گۆڕان بكات بە بەشێك لە بەرنامەی حكومەتی داهاتوو.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە یەكێك لە پاكێجەكانیدا بزوتنەوەی گۆڕان داوای دروستكردنی (ئەنجومەنی چاكسازی)ی كردووە هاوشێوەی ئەوەی بەمدواییانە عادل عەبدولمەهدی لە بەغداد دروستیكرد، پارتی بۆ پێدانی دڵنیایی بە بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیاریداوە ئەو ئەنجومەنە دروستبكرێت، لەوەش زیاتر بڕیاریداوە سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە كە پلەكەی (وەزیر) دەبێت‌و وەكو (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری چاكسازیی)، بدرێت بە كەسێك لە بزوتنەوەی گۆڕان.
عەلی حەمەساڵح ئەندامی وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان لە رونكردنەوەیەكدا بۆ دەنگدەرانی بزوتنەوەكەی، بەبێ ئەوەی باس لە وردەكاری رێككەوتنەكە بكات لەگەڵ پارتی رایگەیاند" بەدڵنیایی لە 100 ڕۆژی یەكەمی حكومەتدا، ئاسۆی چاكسازیی بە هەنگاوی كردەی دەبیندرێت‌و یەكەم یاساش چاكسازییە"، رەنگە عەلی حەمەساڵح بە دیاریكراوی مەبەستی لەو ئەنجومەنەبێت كە بڕیارە بۆ چاكسازی دروستبكرێت.

 

پشكی گۆڕان لە سەرۆكایەتییەكاندا
بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبونەوەكانی ئەمدواییەدا لەگەڵ وەفدی پارتی، جەختی لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكردەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەی، یەكێتی نیشتمانی لە خولی پێشوودا بەپێی كورسی هێزی سێیەم بووە‌و پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی وەرگرتووە، ئێستا گۆڕان هێزی سێیەمە‌و دەبێت ئەو پۆستە بۆ گۆڕان بێت.
وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان لە دانوستانەكانیدا هاوكات داوای پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كرد، بەڵام پارتی نە پۆستی جێگری سەرۆك حكومەت‌و نە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی بە گۆڕان نەداوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی بۆ قایلكردنی بزوتنەوەی گۆڕان بە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و دەستبەرداربوونی لە پۆستەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی پەرلەمان، رازی بووە بەوەی پۆستی تر بۆ بزوتنەوەی گۆڕان زیاد بكات.
(درەو میدیا) زانیویەتی، بزوتنەوەی گۆڕان قایل بووە بە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەمەرجێك جێگری سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت‌و دەسەڵاتەكانی بۆ دیاریبكرێت.

 

پشكی گۆڕان لە پەرلەمان
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە كراوە، بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا هیچ پۆستێك وەرناگرێت، بەڵام بۆ قەرەبوكردنەوە، پارتی رازی بووە بەوەی پۆستی (وەزیری حكومەت بۆ كاروباری پەرلەمان) بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ پۆستێكی (بەڕێوەبەری گشتی) لەناو پەرلەماندا.

 

پشكی گۆڕان لە وەزارەتەكان
دابەشكردنی پشكی پۆستە وزارییەكان لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكراتی كوردستاندا بەتەواوەتی یەكلانەبوەتەوە، بەهۆی ئەوەی هێشتا پارتی‌و یەكێتی رێككەوتنی كۆتاییان نەكردووە‌و پۆستەكانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشنەكردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) بزوتنەوەی گۆڕان ئەم وەزارەتانە وەردەگرێت:
•    وەزارەتی دارایی
•    وەزارەتی پیشەسازی
•    وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی
•    پۆستێكی وزاری تر كە هێشتا یەكلانەبوەتەوە 
•    دەستەی وەبەرهێنان
•    دەستەی دەستپاكی
•    پۆستێك لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
•    هەموو ئەو وەزارەتانەی كە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت، پۆستی بەڕێوەبەری دیوان‌و بەڕێوەبەری گشتی لەو وەزارەتانە هەر لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە پڕدەكرێتەوە
•    24 پۆستی راوێژكار (لە هەرێمی كوردستان 200 پۆستی راوێژكار هەیە، بزوتنەوەی گۆڕان 12%ی ئەم رێژەیەی بردووە)
•    24 پۆستی بەڕێوەبەری گشتی (لە هەرێمی كوردستان 200 پۆستی بەڕێوەبەری گشتی هەیە، بزوتنەوەی گۆڕان 12%ی ئەو رێژەیەی بردووە)


گۆڕان سەركەوت !
بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە (درەو میدیا) لەگەڵ ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوە دیارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان قسەی كرد، زۆربەیان پشتیوانی بەشداریكردنی بزوتنەوەكەیان بوون لە حكومەت، بەوپێیەی بەوتەی ئەوان، ئەو دەستكەوتەی ئەمجارە بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت بەدەستیهێناوە، زۆر زیاترە لە پشكەكانی گۆڕان لە كابینەی پێشوودا كە ئەوكات بزوتنەوەی گۆڕان (24) كورسی لە پەرلەمان هەبوو، رێكخەرەكەشی (نەوشیروان مستەفا) هێشتا لە ژیاندا بوو.
پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی پارتی بە (12) كورسییەوە پۆستی زیاتر بە گۆڕان دەدات لەوكاتەی كە خاوەنی (24) كورسی بوو لە پەرلەماندا.
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، هەڵوسڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان لێكدانەوەی جیاجیا دەكەن، كە دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێتەوە:
•    ئەوەی رویداوە سەركەوتنی تیمی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕانە‌و توانیویانە لە دانوستانەكاندا خواستەكانی بزوتنەوەكە بچەسپێنن.
•    هەندێكی تر هۆكاری ئەو دەستكەوتانەی گۆڕان لە حكومەتی نوێ بۆ ئەو ناكۆكییە سیاسییە دەگێڕنەوە كە ئێستا لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا هەیە، پێیانوایە پارتی بەم رێككەوتنە لەگەڵ گۆڕان پەیامێكی بە یەكێتی داوە كە ئەگەر پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت پەكبخات، بزوتنەوەی شوێنەكەی پڕدەكاتەوە.
•    هەندێكی تر لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان كە دژی بەشداریكردنی بزوتنەوەكەیانن لە حكومەت دەڵێن، پارتی ئەو پۆستە زۆرانەی بە گۆڕانداوە، چونكە ئیتر پارتی لە گۆڕان ناترسێت‌و لەوە تێگەیشتووە ئەو گۆڕانەی كە ئێستا هەیە، گۆڕانی سەردەمی (24) كورسییەكە‌و نەوشیروان مستەفا نییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand