Draw Media

لە دانوستانەكانی دەوحە لەگەڵ ئەمریكا كێ‌ نوێنەرایەتی تاڵیبان دەكات؟

لە دانوستانەكانی دەوحە لەگەڵ ئەمریكا كێ‌ نوێنەرایەتی تاڵیبان دەكات؟

2019-02-13 19:08:56


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ
دوای 17 ساڵ لە شەڕو پێكدادان، دواجار ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناچاربوو بۆ كۆتاییهێنان بەو جەنگە دوورودرێژە لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان دابنیشێت و بڕیارە دوا گەڕی ئەو دانوستانە كۆتایی ئەم مانگە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەبچێت.


كێ‌ نوێنەرایەتی تاڵیبان دەكات؟
بزوتنەوەی تاڵیبان رۆژی سێشەممە ناوی ئەو 14 كەسایەتییەی بزوتنەوەكەی ئاشكراكرد كە ئەم مانگە لەگەڵ وەفدی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی زەڵمای خەلیلزاد لە دەوحە كۆدەبنەوە.
بە گوێرەی تۆڕی " میدڵ ئیست ئۆنلاین" لەو 14 ئەندامەی بزوتنەوەی تاڵیبان، پێنج ئەندامیان پێشتر لە گرتوخانەی گوانتانامۆی ئەمریكا زیندانی بوون و یەكێكیشیان ئەندامێكی باڵای تاڵیبانەو ئێستا لە زینداندایە لە ئەفغانستان و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە تۆمەتباری دەكەن بە پەیوەندی لەگەڵ تۆڕی " حەقانی" كە لەلایەن واشنتۆنەوە خراوەتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە.
لەوەفدی دانوستانكاری تاڵیباندا " ئەنەس حەقانی" هەیە كە لە ساڵی 2014ەوە دەستگیركراوە، لەگەڵ برابچوكی سەرۆكی تاڵیبان و فەرماندەی تۆڕی حەقانی" سیراجەدین حەقانی".


كابوڵ حەقانی ئازاد ناكات
هارون شاخانسوری، وتەبێژ بەناوی  ئەشرەف غەنی، سەرۆكی ئەفغانستان كە حكومەتەكەی بانگهێشتی ئەو دانوستانە نەكراوە، رەتیكردەوە كابوڵ نیازی ئازادكردنی ئەنیس حەقانی هەبێت.
شاخانسوری لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند:" ئەنەس حەقانی لە زینداندایە و هیچ بڕیارێك بۆ ئازادكردنی نەدراوە".
جەختیشیكردەوە كە گەلی ئەفغانستان دڵنیابن لەوەی دادپەروەریی گەرەنتیكراوە.
بەردەوام بزوتنەوەی تاڵیبان داوای ئازادكردنی ئەنەس حەقانی دەكات و دەڵێت ناوبراو خوێندكارە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان تۆمەتباری دەكەن بەوەی كە رۆڵێكی بەرچاوی لە تۆڕی حەقانیدا گێڕاوە.


تاڵیبان بە مەرج دانوستان دەكات
چاودێرانی دۆخی ئەفغانستان رایدەگەیەنن یەكێك لە مەرجەكانی بزوتنەوەی تاڵیبان بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەگەڵ ئەمریكا، ئاڵوگۆڕكردنی زیندانییەكان و ئازادكردنیانە.
واشنتۆن تۆڕی حەقانی كە سەر بە بزوتنەوەی تاڵیبانە بە رێكخراوی تیرۆریستی ئەژماردەكات و ئەو تۆڕە تۆمەتبارە بەوەی لە ساڵی 2001ەوە خوێناویترین هێرشی لەسەرتاسەری ئەفغانستاندا ئەنجامداوە.
زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان لەو بارەیەوە رایگەیاند" ئەمریكییەكان ئەنەس حەقانیان دەستگیركردووە و  پێویستە ئازادبكرێت، بۆئەوەی ئەوە ببێتە هۆكارێكی یارمەتیدەر بۆسەركەوتنی دانوستانەكان".


تاڵیبان دانوستان لەگەڵ حكومەتدا رەتدەكاتەوە

چاوەڕوان دەكرێت كە كۆتایی ئەم مانگە وەفدی دانوستانكاری تاڵیبان و ئەمریكا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر كۆببێتەوە و تاڵیبان كە لەو وڵاتە نوسینگەیەكی سیاسی هەیەو ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ حكومەتی ئەشرەف غەنی رەتدەكاتەوە و جەختدەكاتەوە ئەو حكومەتە " بوكەڵەیە" كە بەدەستی واشنتۆنەوە.
هەرچەندە تاڵیبان دانوستان لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان رەتدەكاتەوە، بەڵام هەفتەی رابردوو وەفدێكی ئەو بزوتنەوەیە لە مۆسكۆی پایتەختی روسیا لەگەڵ وەفدێكی باڵای بەرپرسانی ئەفغانستان و كەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی حكومەتەكەی ئەشرەف غەنی كۆبوونەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand