Draw Media

پارتی بۆ یەكێتی: ئامادەین لەهەولێر پێشوازی لە بەرهەم ساڵح بكەین

پارتی بۆ یەكێتی: ئامادەین لەهەولێر پێشوازی لە بەرهەم ساڵح بكەین

2019-02-13 19:40:34


راپۆرتی: درەو میدیا
گۆڕانكاریيەكان بەخێرایی دەڕۆن، هێشتا ناكۆكی زۆر لەنێوان یەكێتی و پارتی ماوەو متمانە لە نێوانیاندا دروست نەبووە بۆ ئەوەی رێككەوتنی سیاسی واژوو بكەن، پارتی جدییە لەسەر كۆبونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمان، یەكێتیش سورە لەسەر ئەوەی دەبێت پێش 18ی شوبات رێككەوتن سیاسی واژوو بكرێت و هەموو پرسەكان پێكەوە رێككەوتنی لەسەر بكرێت، هەردولا چاویان لە كۆبونەوەی رۆژی هەینیيە كە بڕیارە لە نێوان وەفدی هەردولادا گرێبدرێت. 

چارەنوسی كۆبونەوەی 18ی شوبات
لە پەیوەندییە نارەسمیيەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، پارتی بەرەسمی بە یەكێتیان راگەیاندووە" ئەوان سورن لەسەر كۆبونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر یەكێتی بەشداری نەكات، ئەوا پارتی كۆبونەوەكە دەكات و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی دەكات و شوێنی یەكێتی بە بەتاڵی جێدەهێڵێت و هەردوو جێگرەكە هەڵدەبژێرێت"، لەبەرامبەردا یەكێتی بەرەسمی بە پارتیان راگەیاندووە" دەبێت پێشتر رێككەوتنی سیاسی بكرێت".

لە راگەیەنراوی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بەڕوونی وەڵامی پارتیياندایەوە كە " كۆبونەوەی (18ی شوبات)ی پەرلەمانی كوردستان بەندە بە ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی سیاسی لە نێوان یەكێتی و پارتی وەك یەك پاكێج بۆ هەرێم و بەغداد و كەركوك و پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان". 
گرێدانی تەواوی كێشەكان پێكەوە لەلایەن یەكێتیەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یەكێتی پێی وایە ئەگەر ئێستادا كێشەكانی لەگەڵ پارتی یەكلانەكاتەوە، لەدوای پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمان پارتی ملنادات بۆ كێشەكان و خواستەكانی، رەنگە كێشەكانی كەركوك و بەغداد هەروا بەهەڵواسراوەی بمێننەوە.
سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" یەكێتی دەیەوێت رێگری بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم درووست بكات، بۆیە بیانوو درووست دەكات، ئێمەش چیدیكە چاوەڕیی یەكێتی ناكەین و هەنگاوەكان بە ئاراستەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دەستپێدەكەین، تا سەر لەسەر یەكێتی ناوەستین و كۆبونەوەكەی 18ی شوباتی پەرلەمانی كوردستان دەكەین، خۆ ئەگەر یەكێتی نەهات ئەوا شوێنی یەكێتی جێدەهێڵین و پۆستەكانی تر هەڵدەبژێرین". 

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان
پارتی دیموكراتی كوردستان نەخشەی داهاتووی پەرلەمان و سەرۆكایەتیيەكەی داڕشتووە بەجۆرێك جێگری یەكەمی بۆ خۆی یەكلاكردۆتەوەو پێدەچێت جێگری دووەمیش بۆ پێكهاتەكان بكات بەنەریت و بیچەسپێنێت، هەربۆیە كۆنترۆڵی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات و سەرۆكی پەرلەمان پێگەیەكی لاوازی دەبێت.

یەكێتی دركی بەم بەرنامەیەی پارتی كردووە، بەپێی زانیاریيەكانی (درەو میدیا) كە لە سەرچاوەیەكی باڵای ناو یەكێتیيەوە دەستی كەوتووە، یەكێتی سەرۆكی پەرلەمانی بەلاوە گرنگ نیە، تا ئێستاش بە جدی قسەی لەسەر كاندیدەكانی سەرۆكی پەرلەمان نەكردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكردووە، یەكێتی ئەگەر بەدیلێكی باشتری هەبێت لە پۆستە باڵاكاندا، سەرۆكایەتی پەرلەمانی ناوێت، چونكە پێی وایە لە پەرلەمانێكدا كە پارتی هەردوو جێگرەكەی لابێت و 45 ئەندامی هەبێت و بەشێك لە كۆتاكانی لابێت، سەرۆكی پەرلەمان پێگەیەكی لاوازی دەبێت، یەكێتی لە ئێستادا دەیەوێت بەغداد و كەركوك یەكلابكاتەوە چونكە بۆی روونبوەتەوە پارتی تەواوی پۆستە باڵاكانی هەرێمی بۆخۆی كۆنترۆڵكردووە.
بەشداريكردنی یەكێتی لە كۆبونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمانی كوردستان بەستراوەتەوە بە كۆبونەوەی رۆژی هەینی نێوان وەفدی یەكێتی و پارتییەوە، ئەگەر لەو كۆبونەوەیەدا گەیشتنە ئەنجام، ئەوا سەرەتای هەفتەی داهاتوو رێككەوتنی نێوان هەردوولا واژوو دەكرێت و یەكێتی بەشداری دەكات، ئەگەر رۆژی هەینی نەگەنە ئەنجام، ئەوا پارتی كۆبونەوەی 18ی شوبات دەكات و رێگە خۆشدەكات بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و دواتریش راسپاردنى مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم. 
  
پارتی و كێشەی بەرهەم ساڵح
سەرچاوەیەكی باڵای لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئاستی باڵا بەرەسمی بە یەكێتیيان راگەیاندووە، كێشەیان لەگەڵ بەرهەم ساڵح نەماوەو ئامادەن لە شاری هەولێر پێشوازی لە سەرۆك كۆماری عێراق بكەن، بەڵام یەكێتی بە پارتیيان راگەیاندووە، پێگەی سەرۆك كۆمار پێگەیەكی بەهێزەو پێویستە پێشتر وەفدی مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی سەرۆك كۆمار بكات لە شاری بەغداد وەك هەوڵێك بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیيەكانیان، بەڵام پارتی تا ئێستا ئەو هەنگاوەی نەناوە، 

پرسی كەركوك 
لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی، یەكێتی پرسی چارەسەری كێشەی كەركوكیان بەستوەتەوە بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمەوە، ئەوان چەند جارێك رایانگەیاندووە پرسی كەركوك لە پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم گرنگترە.
رەنگە ئەو پێداگریيەی یەكێتی لەوێوە سەرچاوەی گرتبێت كە باڵی كەركوكیيەكان و باڵی لاهوری شێخ جەنگی لەناو مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی بەهێزبن و بیانەوێت روداوەكانی16ی ئۆكتۆبەر تێپەڕێنن بە دانانی پارێزگاری كەركوك و ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك، لەلایەكی تریش ئێستا بە هەلێكی باش دەزانن بۆ فشارخستنە سەر پارتی بۆ ئەوەی رازی بێت بە هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك، چونكە لە ئێستادا پارتی پێویستی بەیەكێتیيە بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و پرۆسەی دانانی سەرۆكایەتی هەرێم كە رەنگە كێشەكە بۆ پارتی و خانەوادەی بارزانیش جدی بێت و نەیانەوێت لەوە زیاتر درێژە بكێشێت. 
ئەگەرچی پارتی پێشتر هێلی سوری لەسەر ئەو كەسانە هەبوو كە لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر تێوەگلاون، بەڵام ئێستا هێلە سورەكەی كاڵكردوەتەوە، ئێستا كاندیدی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك رزگار عەلی-يە، پێدەچێت پارتی كەمتر تێبینی لەسەری هەبێت، تەنها تێبێنی دەگەرێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێگای كەركوك بووە، كە زۆر توندبووە بەرامبەر بە پارتی لەو شارە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand