Draw Media

یەكێتی هۆشداری بە گۆڕان دەدات

یەكێتی هۆشداری بە گۆڕان دەدات

2019-02-15 15:54:47


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
پارتی‌و یەكێتی رێكنەكەوتن، ئەمە ناونیشانی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو لە شاری سلێمانی، پارتی نایەوێت هیچ گرەنتییەك لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە بە یەكێتی بدات، بەبێ ئەمە یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان ناكات‌و هۆشداریش بە بزوتنەوەی گۆڕان دەدات بەشداری تێدا نەكات.
ئەمڕۆ لە سلێمانی جارێكی تر وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوە.
تەنیا سێ رۆژ ماوە بۆ وادەی دیاریكراوی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە بڕیاری یەكێتی ئەوەیە بەشداری كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان ناكات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵای جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی دانوستانكاری پارتی‌و یەكێتی لەسەر پرسی كەركوك رێكنەكەوتوون، وەفدی پارتی هیچ بەڵێنێكیان بە یەكێتی نەداوە لەبارەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌و هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ ئەو شارە.
لەبەرامبەردا وەفدی یەكێتی بە پارتییان راگەیاندووە" ئەگەر لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا لەبارەی پرسی كەركوكەوە وەڵامی تەواوەتی وەرنەگرن، بەشداری كۆبونەوەی رۆژی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان ناكەن".

سەرباری پرسی كەركوك، پارتی‌و یەكێتی هێشتا بەتەواوەتی لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستە وزارییەكان یەكلانەبونەتەوە، بەڵام وەفدی پارتی وتویانە لەسەر پۆستە وزارییەكان كێشەمان نابێت‌و هەوڵدەدەین چارەسەری بكەین.

یەكێتی چی دەكات ؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەگەر پارتی بەر لە كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان هەڵوێستی روونی خۆی بۆ پشتیوانیكردن لە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگار رانەگەیەنێت، یەكێتی جگەلەوەی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان ناكات، چەند هەنگاوێكی سیاسی تر هەڵدەگرێت.
سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە یەكەم هەنگاودا یەكێتی بەنیازە خۆی لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دوربخاتەوە‌و لەڕێگەی سەرۆكایەتی كۆمارو حكومەتی ناوەندی عێراقەوە پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و وەزیری دادی عێراق لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە.
یەكێتی نایەوێت ئەزموونی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی پێشووی حكومەت‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان دوبارە بكاتەوە، واتە پارتی پۆستەكان بە بەتاڵی بۆ یەكێتی جێبهێڵێت‌و دواتر یەكێتی بەناچاری پەیوەندی بە حكومەتەوە بكات‌و پۆستەكانی پڕ بكاتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، هەنگاوێكی تری یەكێتی كە ئێستا سەرقاڵیەتی بریتییە لە ئاگاداركردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەوەی "نابێت تاكلایەنە لەگەڵ پارتیدا بچێتە ناو پرۆسەكەوە‌و بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان بكات"، یەكێتی هۆشداری بە گۆڕان دەدات كە بەشداریكردنی لە كۆبونەوەی پەرلەمان لەگەڵ پارتی‌و بەبێ یەكێتی، "مەترسی لەسەر پەیوەندییەكانی هەردوو حزب‌و بارودۆخی ناوچەكە دروستدەكات".

بڕیاری كۆتایی پارتی !
پارتی تاوەكو ئەم ساتە هیچ بەڵێنێكی لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكەوە بە یەكێتی نەداوە، پارتی سەرباری ئەوەی بۆ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت پێویستییەكی گەورەی بە یەكێتی هەیە، بەڵام هاوكات ناشیەوێت بە پشتیوانیكردنی كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پەردەیەك بەسەر دۆسیەی "روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا" بدات، كە پارتی ئەو روداوانە وەكو "خیانەت" دەناسێنێت.
پێشبینی دەكرێت لە دواین ساتەكاندا‌و بەر لە كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان، دواجار پارتی لەپێناو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، مل بۆ خواستەكانی یەكێتی بدات لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكەوە.

چارەنوسی كۆبونەوەكەی یەكێتی
بەپێی زانیارییەكان بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆببێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر رێككەوتن لەگەڵ پارتی‌و دیاریكردنی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و وەزارەتەكان، بەڵام سازدانی ئەم كۆبونەوەیە پێشوەختە وابەستەیە بە وەڵامدانەوەی پارتی لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی پرسی كەركوك، ئەگەر ئەمشەو تاوەكو سبەینێ بەیانی پارتی وەڵامێكی روونی یەكێتی بداتەوە، پێدەچێت سبەینێ یەكێتی كۆبونەوەكەی خۆی بكات.
واتە ئەوەی وتەبێژی پارتی‌و یەكێتی دوای كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیاندا بە رۆژنامەنوسانیان وت كە "رێككەوتوون"، تەنیا دیوی دەرەوەی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ بوو، نەك كرۆكەكەی.

چارەسەری كێشەی وەزارەتی داد
یەكێك لە دۆسیە جێناكۆكەكانی تری نێوان پارتی‌و یەكێتی لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بریتییە لە یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزارەتی دادی عێراق كە پشكی كوردە‌و تائێستا بە بەتاڵی ماوەتەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتیدا ئەم كێشەیەش بەتەواوەتی یەكلانەكراوەتەوە.
سەرچاوەكان باسلەوەدەكەن، دۆسیەی دیاریكردنی كاندیدی پۆستی وەزارەتی داد كە یەكێتی بەپشكی خۆی دەزانێت، رادەستی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كراوە تاوەكو بە یەك پاكێج لەگەڵ دۆسیەی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ سەرۆك كۆمار (بەرهەم ساڵح) چارەسەر بكات، ئەمەش رێوشوێنەكانی تائێستا روون نییە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand