"شەراكەتی راستەقینە" لە كابینەی نوێی حكومەتدا
2019-02-13 13:15:36
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
لە كابینەی نوێی حكومەتدا، رێژەی (95%)ی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان بەدەست پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەبێت، دۆسیەكانی (نەوت، ئاسایش، هێزی چەكدار، پەیوەندی دەرەوە، دەسەڵاتی دادوەریی) لای پارتی دەبن.
دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لە قۆناغی كۆتاییدان، بڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوەو دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.
ئەگەر كۆبونەوەی پەرلەمان لەو وادەیەدا بەڕێوەبچێت كە پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەری رێككەوتوون، یەكەمین هەنگاوی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا كۆبونەوەكەی پەرلەمان لە 18ی مانگدا بەڕێوەدەچێت یاخود نا؟
لە نوێترین پەرەسەندندا، ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوەوە، لە راگەیەندراوی كۆبونەوەكەدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كۆبونەوەی رۆژی 18ی مانگی پەرلەمانی وابەستەكردووە بە ئیمزاكردنی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتیو یەكێتی لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمو دۆسیەی بەغدادو كەركوك، بە یەك پاكێج.
یەكێتیو گۆڕان چۆن بەشدار دەبن؟
ئەوەی تائێستا لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەخوێندرێتەوە ئەوەیە، پارتی هاوشێوەی كابینەكانی پێشتر هەموو جومگە سەرەكییەكانی حكومەتە نوێیەكە لای خۆی دەهێڵێتەوە.
یەكێتی نیشتمانی كە لەسەرەتاوە بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ لایەنە كوردییەكان سەركەوتنی بەدەستهێنا، ئێستا باجی سەركەوتنەكەی وەردەگرێتەوەو لە پێناو زامنكردنی پۆستی وەزارەتی دادی عێراقو پۆستی پارێزگاری كەركوك، باج بە پشكەكانی خۆی دەدات لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا.
بزوتنەوەی گۆڕانیش كە لە كابینەی پێشوودا چەند پۆستێكی گرنگو هەستیاری وەک (سەرۆك پەرلەمان- وەزارەتی دارایی- وەزارەتی پێشمەرگە- وەزارەتی بازرگانی) وەرگرتبوو، لە كابینەی نوێدا بەشێكی زۆری پشكەكانی خۆی لەدەستدەدات.
ئەمە بەشێكی پەیوەندی بە كەمبونەوەی دەنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەیە لە هەڵبژاردندا، بەشەكەی تری پەیوەندی بەو كێشانەوە هەیە كە لە خولی پێشووی پەرلەماندا رویاندا، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە پارتی لە سەرۆكایەتی پەرلەمانو جومگە هەستیارەكانی تردا هیچ پۆستێك بە بزوتنەوەی گۆڕان نادات.
"شەراكەتی راستەقینە"
لەدوای دەستپێكردنی دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە، یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام لە بەیاننامەو لە رێگەی میدیاكانەوە جەخت لەسەر چەمكی "شەراكەتی راستەقینە" دەكەن، چەمكی "شەراكەت" لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا هاتوەتە ناو فەرهەنگی سیاسییەوە.
لەدوای ساڵی 2005و گواستنەوەی سەنگی یەكێتی لە هەرێمەوە بۆ بەغداد، یەكێتییەكان بەردەوام گلەییان لەوە هەبووە، حزبەكەیان لە حكومەتی هەرێمدا شەریكی راستەقینە نییەو پارتی زۆرینەی جومگەكانی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، بزوتنەوەی گۆڕانیش لە چوار ساڵی یەكەمی ئۆپۆزسیۆنبوونیدا بەردەوام لە میدیاكانییەوە جەختی لەسەر ئەو لاسەنگییە دەكردو وەكو تیری تانە ئاڕاستەی جەستەی یەكێتی دەكردو تۆمەتباری دەكرد بەوەی لەبەرامبەر پارتیدا چۆكی داداوە.
دوای 14 ساڵ لە دەستپێكردنی ناڕەزایەتی لەبارەی چەمكی "شەراكەتی راستەقینە"، هێشتا یەكێتیو گۆڕانەكان خەمی گەورەیان شەراكەتی راستەقینەیە لە كابینەی نوێی حكومەتدا.
شەراكەتی راستەقینە لەكابینەی نوێدا !
پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا زۆرینەی جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی لە هەرێمی كوردستان بەدەستەوەیەو بەنیازە لە كابینەی نوێی حكومەتدا ئەم نەخشەیە وەكو خۆی بهێڵێتەوە.
لە كابینەی نوێی حكومەتدا ئەم دەسەڵاتانە هەر لە دەستی پارتیدا دەمێننەوە:
* سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (دەسەڵاتی جێبەجێكردن)
* فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێم (بەپێی ماددەی سیانزەیەمی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005 ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم فەرماندەی هێزە چەكدارەكانە، واتە ئەگەر پارتی پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە بە هەر لایەنێكی تریش بدات، فەرماندەیی هێزی چەكدار هەر لەدەستی خۆیدا دەمێنێتەوەو سەرۆكی هەرێم بڕیاردەری یەكەم دەبێت)
* ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان (دەسەڵاتی ئەمنی هەرێم)
* نەوتو سامانە سروشتییەكان (دەسەڵاتی دارایی، بەوپێیەی نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هەرێمی كوردستانە)
* پەیوەندییەكانی دەرەوە
* دەسەڵاتی دادوەری
هەموو ئەم دۆسیەیانە كە لە كابینەی نوێدا لەدەستی پارتیدا دەمێننەوە، وادەكات پارتی بڕیاردەری یەكەم بێتو ئاڕاستەی بڕیارە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بكات.
تاكە دەسەڵاتێك كە پارتی سەرۆكایەتییەكەی جێهێشتووە بۆ یەكێتی، پەرلەمانی كوردستانە، لەم جومگەیەشدا، پارتی زامنی جێگری یەكەمو دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی كردووە، تاوەكو لەو دامەزراوەیەوە حكومەتی داهاتووی مەسرور بارزانی روبەڕووی هیچ هەڕەشەو بەربەستێك نەبێتەوە لە بڕیارەكانیدا، هاوكات بەپێی یاسا پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش دەسەڵاتی تەواوەتی بڕیاردانی نییەو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان (سەرۆكی پەرلەمان، جێگری یەكەم، جێگری دووەم) پێكەوە بڕیار لەسەر پرسەكانن دەدەن.
شەراكەت بەپێی كورسی
پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەرلەمانی كوردستان بوو كە 30 ئەیلولی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، پارتی لەو هەڵبژاردنەدا (45) كورسی بردەوە، یەكێتی نیشتمانی لە پلەی دووەمدا هاتو (21) كورسی بردەوە، لە پلەی سێیەمیشدا بزوتنەوەی گۆڕان (12) كورسی پەرلەمانی بردەوە.
بەتەواوی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە (111 كورسی)، پارتی رێژەی 40%ی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستەوەیە، لەبەرامبەردا یەكێتیو گۆڕان پێكەوە 30%ی كورسییەكانی پەرلەمانیان هەیە، ئەگەر كۆمەڵی ئیسلامیش بەشداری كابینەی نوێی حكومەت بكات، رێژەی كورسییەكانی یەكێتیو گۆڕانو كۆمەڵ دەبێت بە 36%ی كۆی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان.
پارتی بەرێژەی 40%ی كورسییەكانی پەرلەمانەوە زۆرینەی جومگەكانی دەسەڵات دەبات، بەڵام ئەو سێ لایەنە پێكەوە بەرێژەی 36%ی كورسییەكانەوە جگە لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆیان لەدەستدا نابێت.
بە لەبەرچاوگرتنی هاوكێشەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكانو بەراوردكردنیان بە كورسییەكان پەرلەمانی كوردستان، دەردەكەوێت یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕانو رەنگە كۆمەڵی ئیسلامیش، "بەشداری" لە كابینەی نوێی حكومەتدا دەكەن، نەك "شەراكەت"و هاوبەشی لە دەسەڵاتو بڕیاری سیاسی.