پارتی سەنگی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بچوكدەكاتەوە
2019-02-07 17:24:26
(درەو میدیا):
كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە بڕیارە لە 18ی شوبات لە هەولێر بكرێت، كۆبونەوەی لیستی برایەتیە نەك ئەنجومەنی پارێزگا.
بەپێی رێكکەوتنی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت لە 18ی شوباتی داهاتوو هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش بەرێوەبچێت و رێوشوێنەكانی دانانی پارێزگای كەركوك بگێرێتە بەر.
سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە "درەو میدیا"ی راگەیاند: كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هەولێر دەكرێت و بەسەرپەرشتی رێبوار تاڵەبانی دەبێت، ئەو كۆبونەوەیە زیاتر كۆبونەوەیەكی راوێژكاری دەبێت و تایبەتە بە لیستی برایەتی كەركوك، چونكە لایەنە عەرەبی و توركمانیەكان ئامادەی كۆبونەوەكە نابن.
"درەو میدیا" زانیویەتی كە رێكکەوتنەكەی نێوان پارتی و یەكێتی، ناڕەزایی بەشێک لە سەركردەكانی پارتی و بەتایبەت كەركوكییەكانی لێكەوتوەتەوە بەو پێیەی ئەنجامی كۆبونەوەكە زۆرینەی جێبەجێكردنی داواكاریەكانی یەكێتیەو لە قازانجی یەكێتیدایە، هەربۆیە وتەبێژی پارتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا شوێنی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی دیاریكرد كە لە هەولێر دەبێت، ئەمەش بۆ ئەندامانی وەفدی یەكێتی شۆك بوو، چونكە لە كۆبونەوەكەدا باسی شوێنی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نەكرابوو.
ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە نوسینێكیدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی“باشتروایە كۆبونەوەكەی 18ی شوبات ناوبنرێت كۆبونەوەی لیستی برایەتی بۆ خۆئامادەكردن بۆ كۆبونەوەیەكی سەركەوتوی ئەنجومەن لە كەركوك، بۆئەوەی ھیچ بیانویەك نەمێنێت بۆ بەشدارینەكردنی ھیچ لایەنێك”.
هاوکات، محەمەد عوسمان ئەندامی خولی پێشووی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات رایگەیاند ئەو کۆبونەوەیەی دەکرێت کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نییە، بەڵکو کۆبونەوەی ڕاوێژی لایەنە کوردییەکانی کەرکوکە"
وتیشی:" کۆبونەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەبێت لە شاری کەرکوک بکرێت هەرکۆبونەوەیەکیش لە دەرەوەی ئەو شارە بکرێت نابێتە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هیچ فەرمیەتێکی نییە و ناتوانێت هیچ بریارێک دەربارەی کەرکوک بدات.
هەرچەندە بەرلە كۆبونەوەكەی 18ی شوبات رێكکەوتنی سیاسی یەكێتی و پارتی دەكرێت لەسەر تەواوی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، پێشتریش بەرپرسێكی یەكێتی بە "درەو میدیا"ی راگەیاند، پۆستی پارێزگای كەركوك لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمە، ئەگەر پارتی رێگری بكات لەوەی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی بێت، یەكێتیش ئامادەنیە دەنگ بەسەرۆكی هەرێم بدات.
ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵبژێردراوی هەڵبژاردنی 2005 و لیستی برایەتی لەو هەڵبژاردنەدا 26 كورسی بەدەستهێنا كە ئێستا ئەندامانی ئەو لیستە كوردیە دابەشبوون بەسەر حزبەكاندا( پارتی 12 ئەندام، یەكێتی 6 ئەندام، یەكگرتوو 3 ئەندام، 2 ئەندامی شیوعی كە ئێستا لەناو یەكێتیدان، یەك زەحمەتكێشان، عەرەبێك و توركمانێك و مەسیحیەك). ئێستا كەركوك پارێزگاری نیەو پارێزگارێكی بەوەكالەتی هەیەو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو جێگرو سكرتێری ئەنجومەنی نیە.