یەكگرتوو لە حزبێكی گەنجەوە بۆ حزبێكی پیر
2019-02-06 18:15:19
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
یۆبیلی زیوینی تەمەنی لەدوای كارەساتی داڕمانی دەنگەكانی لە هەڵبژاردن بەڕێدەكات، مانگی 11ی ئەمساڵ كۆنگرە دەبەستێت، كۆنگرەیەك بۆ هەستانەوە لەدوای شكست یاخود درێژەدان بە واقیعی باو، ئەمە چیرۆكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە.
25 ساڵ لەمەوبەر لەسەرەتای شەڕی ناوخۆی كوردستاندا حزبێكی سیاسی نوێ لە دایكبوو، لەناو بۆنی باروتی شەڕدا سیاسەتكردنی بەچەك رەتكردەوە، بۆ ئەو كات ئەم بیرۆكەیە جێگای گاڵتەجاڕی بوو، ئەو حزبە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بوو.
قەیرانی ناسنامە
ئەمڕۆ 25 ساڵ تێپەڕی بەسەر راگەیاندنی یەكگرتوو وەكو حزبێكی سیاسی، حزبێك كە تاوەكو 10 ساڵی یەكەمی تەمەنی خۆی تەواوكرد كێشەی هەرەگەورەی ناسنامەكەی بوو، لایەنە سیاسییەكانی بەرامبەری وەكو حزبێكی نوێ ناویان دەهێنا، كە بەشداری خەباتی چەكدارانەی لە دژی رژێمی بەعس نەكردووە، بەڵام ئەمڕۆ ئیتر یەكگرتوو وەكو حزبێكی گەنج مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت.
رزگاربوون لە لیستی رەشی تیرۆر
یەكگرتوو كە هێشتا رزگاری نەبوو لە تۆمەتی نوێبوونو بەشدارینەكردن لە خەباتی چەكداری، لەدوای ساڵی 2000وە روبەڕووی قەیرانێكی تر بووەوە، هەڵمەتێكی گەورەی جیهانی لەژێر ناوی "شەڕی دژ بەتیرۆر" دەستیپێكرد، نەیارە سیاسییەكانی یەكگرتوو هەوڵیاندا بەهۆی ناو و پاشخانە ئیسلامییەكەیەوە ئەم حزبە بخەنە لیستی تیرۆری جیهانییەوە، بەڵام سەركردەكانی یەكگرتوو توانیان حزبەكەیان لەو لیستە رەشە رزگار بكەن، بەڵام ئەمە بەبێ باج كۆتایی نەهات.
سەردەمی گەشانەوە
ساڵی 2003و روخانی رژێمی سەددام لەسەر دەستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا، سەرەتای سەردەمێكی زێڕین بوو بۆ یەكگرتوو، ئەم حزبە كە پێشترو بەرلە روخانی سەددام بەشداری كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقیی كرد لەژێر چاودێری وڵاتانی خۆرئاوا، دوای روخانی رژێم پێگەی بەهێزی (لەئاست قەبارەی خۆیدا) لە عێراقی نوێدا زامن كرد، سەلاحەدین بەهادین ئەمنیداری حزبەكە، بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی حوكمی عێراقو یەكێك لە كەسایەتییە سیاسییە دیارەكانی عێراق.
بەرەو ژیانی پەرلەمانیی
تاوەكو ساڵی 2005 كە تەمەنی ئەوكات 11 ساڵ بوو، یەكگرتوو هیچ نوێنەرایەتییەكی لە پەرلەمانی كوردستان نەبوو، بەڵام لەو ساڵەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، یەكگرتوو بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ حزبە كوردستانییەكاندا بەشداریكرد، لیستەكە ناوی " لیستی نیشتیمانی كوردستان" بوو، جگە لە كۆمەڵی ئیسلامیو حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، هەموو لایەنەكانی تر لەو لیستەدا كۆبونەوە، یەكگرتوو كە لە یەكەم ئەزمونی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردندا شەریكایەتی لەگەڵ یەكێتیو پارتی كرد (9 كورسی) پەرلەمانی بردەوە.
11 مانگ دوای هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، یەكگرتوو بەپێچەوانەی كوردستانەوە لەسەر ئاستی عێراق بە لیستی جیا لە یەكێتیو پارتی بەشداری هەڵبژاردنی كرد، ئەمە شەپۆلێك توڕەیی یەكێتیو پارتی بەدوای خۆیدا هێنا، لە ناوچەی بادینان پەلاماری بارەگاكانی یەكگرتوو درا، ئەندامێكی سەركردایەتیو (4) كادری یەكگرتوو كوژران، لە سلێمانیش هەوڵێك هەبوو بۆ پەلاماردانیان، بەڵام دواتر كۆنترۆڵكرا، لەم پرۆسەیەدا دەنگی راستەقینەی یەكگرتوو دەركەوت، لە سێ پارێزگاكەی هەرێم یەكگرتوو (133 هەزارو 206) دەنگی بەدەستهێناو 4 كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە.
لە دووەم ئەزمونی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ساڵی 2009 بەڕێوەچوو، یەكگرتوو شێوازێكی نوێی بەشداری تاقیكردەوە، ئەمجارە بە لیستی هاوبەشی لەگەڵ (كۆمەڵی ئیسلامی، حزبی زەحمەتكێشان، حزبی سۆسیالیست) بەشداریكرد، لیستەكە ناوی "خزمەتگوزاریو چاكسازی" بوو، بە هەرچوار حزبەكەوە (13) كورسییان بەدەستهێنا، ئەم پرۆژەیەش شكستی هێنا، یەكگرتوو لەم هەڵبژاردنەدا (6) كورسی بەركەوت، هەندێك هۆكاری پاشەكشەی ئەو لیستەیان بۆ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی رادیكاڵی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بە یەكێتیو پارتیو هەندێكی تر هاودەنگی یەكگرتوویان لەگەڵ حزبە نائیسلامیو چەپەكان گەڕاندەوە.
2010 ساڵێكی زێڕین بوو بۆ یەكگرتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا یەكگرتوو بە لیستی سەربەخۆ بەشداریكرد، بۆ یەكەمجار دەنگەكانی هەڵكشا، (214 هەزارو 222) دەنگی بەدەستهێناو، 4 كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە.
لە ساڵی 2013ەوە سەردەمی پاشەكشەی یەكگرتوو دەستیپێكرد، لە هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكگرتوو كورسییەكانی زیادی كرد (10 كورسی)، بەڵام دەنگەكانی پاشەكشەی كرد، لەو هەڵبژاردنە دەنگەكانی یەكگرتوو بۆ (186 هەزارو 741) دەنگ دابەزی.
ئەم پاشەكشەیە بەردەوام بوو، ساڵی 2014 ژمارەی دەنگەكانی یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ (155 هەزارو 92) دەنگ دابەزی.
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ئەیلولی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، یەكگرتوو بە لیستی هاوبەش لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداریكرد، لەم هەڵبژاردنەدا پرسی یەك لیستیی ئیسلامییەكان شكستیهێناو یەكگرتوو بەتەواوەتی بووە هێزێكی بچوك، ژمارەی دەنگەكانی ئەم حزبە بۆ (79 هەزارو 913) دەنگی دابەزی، بەبەراورد بە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، رێژەی دەنگەكانی یەكگرتوو (120%) دابەزی، كورسییەكانیش بەڕێژەی (50%).
پاشەكشە بۆچی؟
لەدوای هەڵبژاردنی ئەیلولی رابردووی پەرلەمانی كوردستان، سەركردایەتی یەكگرتوو بەیاننامەیەكی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، بەفەرمی دانی بەوەدانا شكستیهێناوەو بەرپرسیارێتییەكە دەگرێتەئەستۆ، ئەمە هەنگاوێكی دروست بوو، دوبارەكردنەوەی نەریتی پارتە سیاسییەكانی خۆرئاوا بوو دوای هەڵبژاردنو شكست.
(درەو میدیا) لە یادی دامەزراندنی یەكگرتوودا بەدواداچوونی بۆ هۆكارەكانی پاشەكشەی ئەو حزبە لە هەڵبژاردندا كرد، بەپێی زانیارییەكان سەركردایەتی یەكگرتوو تەنیا وەكو نیشاندانی فەزیلەتێك دانیانیان بە كەموكورتی خۆیان وەكو هۆكاری شكستی هەڵبژاردندا ناوە، بەشێوەی كرداری هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆ نەنراوە بۆ دەستنیشانكردنی هۆكارەكانی پاشەكشێكردنو تائێستا روئیایەكی رون نییە بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخەی ئەو حزبە پێیدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی دەتوانرێت هۆكاری پاشەكشەی دەنگەكانی یەكگرتوو لەم خاڵانەدا كورتبكرێتەوە:
• دواكەوتن لە بڕیاردن لەسەر وەختی رودانی روداوە سیاسییەكانو لە هەندێك باردا ناڕوونی هەڵوێستی یەكگرتوو لەسەر پێشهاتەكان (ئەمە بوەتە كێشەیەكی ئەزەلی بۆ یەكگرتوو، دەربازبون لێی بوەتە كارێكی ئەستەم).
• سەركردەكانی ئەم حزبە هەمیشە چارەنووسی حزبەكەی خۆیان خستۆتە گرەوی پاراستنی یەكڕیزی (بەتایبەتیش یەكڕیزی یەكێتیو پارتی)، هەمیشە پێگەی سیاسی حزبەكەیان كردوەتە قوربانی ترسی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆو ململانێی چەكداری دوو پارتە دەسەڵاتدارەكە.
• هەنگاونەنان پێ بە پێی گەشەی فكری كادیرانی حزبو ئیدارەنەدانی توانای لاوان، كە بنچینەو كۆڵەكەی سەرەكی حزبەكە بوون لەسەرەتاوە تائێستا، بەجۆرێك وای لێهاتووە یەكگرتوو وەكو كارگەیەك بۆ پێگەیاندنی كادری حزبی بۆ پارتە سیاسییەكانی تر تەماشادەكرێت.
• دروستبوونی جیاوازی چینایەتی لەنێوان توێژی سەرەوەی بەرپرسانی یەكگرتوو و كادیرانی خوارەوە، یەكگرتووەكان هەمیشە لە خوارەوە قوربانیان داوەو توێژەكەی سەرەوە بەروبومەكەیان چنیوەتەوە، زۆرێك لەو بەرپرسانەی یەكگرتوو كە پۆستی حكومی و پەرلەمانیان وەرگرتووە، دوای تەواو بوونی كارەكانیان و زامنكردنی سەرچاوەی بژێوی باش، لە كاری حزبی كشاونەتەوە خەریكی بازرگانین، یاخود وازیان لە حزب هێناوەو چونەتە ناو حزبی ترەوە.
• یەكلاینەكردنەوەی هێڵی كاركردنی حزب لەنێوان كاری بانگخوازيیو كاری سیاسیدا، یاخود نەتوانراوە هەردوو بوارەكە وا لێبكرێت لەیەك بازنەو لەچوارچێوەی بەرژەوەندی حزبەكەدا بسوڕێنەوە، وەك ئەمە نەكراوە، نەتوانراوە ئەو دوو كایەیە بەتەواوەتی لەیەكتری جیابكرێتەوە.
• یەكێك لە روخسارە گەشەكانی یەكگرتوو هاوسەنگی بنكەی جەماوەریەتی لە هەردوو زۆنی سەوزو زەرد (بادینان)، یەكگرتوو لەپێناو پاراستنی ئەم هاوسەنگییەدا قوربانی زۆری داوە، بەڵام بە قەبارەی قوربانییەكانی، دەستكەوتی سیاسی نەچینوەتەوە، سەركردەكانی ئەو حزبە نەیانتوانیوە وەك پێویست سود لەم خاڵی هێزە وەربگرن.
• لاوازی بنكەی جەماوەری یەكگرتوو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، ئەمە لە حاڵێكدایە تەواوی سەنگی سەركردایەتی یەكگرتوو و راگەیاندنەكەی لەو شارەدایە.
• لاوازی گوتاری ئیعلامی یەكگرتوو ئیسلامی، ئەمە لە حاڵێكدایە كە زۆرینەی ئەو میدیاكارانەی ئێستا میدیای لایەنە سیاسییەكانی تر بەرێوەدەبەن، لە كارگەكەی یەكگرتووەوە بەرهەمهێنراون.
• یەكگرتوو لەسەرەتای دامەزراندنییەوە خاوەنی تۆڕێكی رێكخستنی بەهێز بوو كە كاری لەسەر خێزان دەكرد، ئەم ساڵانەی دوایی لەم بوارەشدا پاشەكشەی كردووە.
• لەڕووی ئابوریو سەرچاوەی داراییەوە دوای 25 ساڵ تەمەن، هێشتا نەیتوانیوە ئابورییەكی خۆبەڕێوەبەر دروستبكات، لەسەرەتای درووستبونییەوە یەكگرتوو سودی لە كۆمەكی رێكخراوە خێرخوازییەكانی وڵاتانی دەرەوە وەردەگرت، لەدوای راگەیاندنی جیهانی "شەری تیرۆر"ەوە، زۆرێك لەو سەرچاوە داراییانەی لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی سەختی حەواڵەی دارایی رێكخراوە ئیسلامییەكانەوە، كۆكردنەوەی ئابونەوە لە كادرانی حزب، سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی یەكگرتوو بووە، ئەم سەرچاوەیەش ئێستا لاواز بووە.
• یەكلانەبوونەوەی سیاسەتی یەكگرتوو لەگەڵ یەكێتیو پارتی وەك دوو لایەنی دەسەڵاتدار، نەبوونی میكانیزمێكی روون بۆ روبەروبونەوەی گەندەڵیو پرسی چاكسازیكردن، بەجۆرێك وای لێهاتووە ئێستا خەڵكو دەنگدەر چاوەڕێی هیچ موفاجەئەیەكی سیاسی لە یەكگرتوو ناكات.
• پێشكەشنەكردنی نمونەیەكی جیاواز لە كاری پەرلەمانیو حكومیدا.
• سیاسەتی یەكگرتوو لەدوای دەركەوتنی ئۆپۆزسیۆنەوە، جۆرێك لە سەرلێشێوانی پێوە دیارە، ئەم حزبە پێگەی خۆی لەناو گەمە سیاسییەكاندا نادۆزێتەوە، هەمیشە چاوەڕێی تەواوبونی یاری ئەوانی تر دەكات، لەسەر بنەمای ئەوە بڕیار لەسەر رۆڵی خۆی دەدات.
• یەكگرتوو لەسەرەتای دروستبوونییەوە وەكو درێژكراوەی رەوتی ئیخوان (اخوان المسلمین) نماییشكرد، بەمدواییانە لەم پرسەشدا دووچاری گێرمەو كێشە بووە، هەندێك داوای كۆتاییهێنان بەو ئەڵقەی پەیوەندییە لەگەڵ ئیخوان دەكەن، هەندێكی تر هێشتنەوەی پەیوەندی بە پێویست دەزانن، پابەندبوونی یەكگرتوو بە خەتی ئیخوانەوە لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی دەرەوە، ئەو حزبەی كۆتو بەند كردووە.
• نەبوونی بەرچاوڕونی لەبارەی پێشهاتە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستانو عێراقو ناوچەكەوە.
كۆنگرەو یەكگرتوو
خاڵی سەركەوتنو گەشانەوەی یەكگرتوو لە كۆنگرە حزبیەكانیدایە، ئەم حزبە لەدوای راگەیاندنییەوە لە 6/2/1999وە تاوەكو ئێستا بەردەوام بەبێ دواكەوتنێكی زۆرو بەپێچەوانەی حزبەكانی ترەوە هەموو كۆنگرەكانی لەوادەی خۆیدا كردووە.
لە كۆنگرەی شەشەمدا كە لە ساڵی 2012 بەڕێوەچوو، یەكگرتوو داهێنانێكی نوێی كرد، تەواوی كۆنگرەكەی بە پرۆسەی دەنگدانیشەوە بەشێوەی راستەوخۆ بۆ خەڵكی كوردستان پەخشكرد، ئەوە یەكەمجاربوو لە هەرێمی كوردستان حزبێك بەوشێوەیە ناكۆكیو بۆچونە جیاوازەكانی ناو كۆنگرەكەی بۆ خەڵك پەخشبكات.
تا ئێستا یەكگرتوو (7) كۆنگرەی كردووە، ئێستا سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ گۆنگرەی هەشتەم، كە بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، كۆنگرەیەك كە پێشبینی دەكرێت پڕكێشمەكێش بێت، بەتایبەتیش دوای ئەو شكستە گەورەیەی بەمدواییە لە هەڵبژاردندا بەسەر ئەو حزبەدا هات.
تائێستا یەكلانەبوەتەوە ئاخۆ سەلاحەدین محەمەد بەهادین جارێكی تر خۆی بۆ ئەمیندارێتی یەكگرتوو كاندید دەكاتەوە یاخود نا، بەڵام بەپێی زانیارییەكان، ئەبوبەكر عەلی (كاروانی) ركابەری سەرسەختی سەلاحەدین محەمەد بەهادین دەبێت لە كۆنگرەی داهاتوودا، ناڕازییەكانی ناو یەكگرتوو بە پێچەوانەی كۆنگرەی پێشوو، لە كۆنگرەی ئەمجارەدا بەهانەی پێویستیان بەدەستەوەیە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە پەیكەری حزبو سیاسەتەكانیدا، بەتایبەتیش دوای داڕمانی دەنگەكانی حزب لە دواین هەڵبژاردندا.
ناكۆكیەكانی ناو یەكگرتوو بەشێوەیەكی كەم دەكەونە بەردەست میدیاكان، پتەویی رێكخستنو پەیكەری رێكخراوەیی یەكگرتوو وایكردووە ناڕازییەكان، نەتوانن بە ئاشكرا بۆ میدیاكان باس لە ووردەكاری بۆچوونە جیاوازەكانو كێشەو گرفتەكانی حزبەكەیان بكەن، رەنگە پابەندبوونی ئایینیو پەروەردەیی ئەو حزبە، پاڵنەری سەرەكی بێت لەم بوارەدا.
هەر پرسی كۆنگرەدا یەكگرتوو لە كۆنگرەی شەشەمی خۆیدا رەچەشكێنیەكی تری كرد، كاتێك بۆ یەكەمجار لە دوای راگەیاندنییەوە، سەلاحەدین محەمەد بەهادینی لە ئەمیندارێتی حزب لابرد، بەڵام لەم رەچەشكێنیەدا شكستی هێناو دوای چوار ساڵ جارێكی تر سەلاحەدین بەهادین گەڕایەوە بۆ ترۆپكی حزب، لەماوەی (25) ساڵی تەمەنی یەكگرتوودا (21) ساڵی سەلاحەدین بەهادین ئەمیندار بووەو تەنیا بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەو پۆستەی جێهێشتووە كە (محەمەد فەرەج) ئەو چوار ساڵەی بەڕێوەبردووە.