Draw Media

راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ئەو فڕۆكەیەی كە عەبدولعەزیز بوتەفلیقەی سەرۆكی جەزائیری گواستەوە بۆ ژنێڤی سویسرا، گەڕایەوە بۆ جەزائیر. تەلەفزیۆنی "یۆرۆ نیوز" لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنی جەزائیرەوە ئاشكرایكرد، فڕۆكەكە گەڕاوەتەوە بۆ جەزائیر، بەڵام سەرۆكی تێدا نەبووە. هەفتەی پێشوو سەرۆكایەتی جەزائیر بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند، سەرۆك بوتەفلیقە بۆ ماوەی 48 كاتژمێر دەچێتە ژنێڤ بەمەبەستی ئەنجامدانی هەندێك "پشكنینی پزیشكیی رۆتینی". سەرچاوەیەكی تەندروستی لە ژنێڤ رایگەیاند باری تەندروستی سەرۆكی جەزائیر بەجۆرێك خراپە كە ناتوانرێت هیچ نەشتەرگەرییەكی پێویستی بۆ بكرێت. ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " روسیا تودەی" ئاشكراشیكرد بوتەفلیقە لە نهۆمی نۆیەمی نەخۆشخانەی فێركاری ژنێڤە‌و بڕیاربوو نەشتەرگەریی بۆ بكرێت بەڵام باری تەندروستی رێگەنادات نەشتەرگەریی بۆ بكرێت. نەگەڕانەوەی سەرۆك بۆ وڵات، لەكاتێكدایە هەزاران كەس لە خەڵكی جەزائیر لە پایتەخت خۆپیشاندانیان كرد لەدژی خۆكاندیدكردنەوەی عەبدولعەزیز بوتەفلیقە بۆ ویلایەتی پێنجەمی سەرۆكایەتی. لەبەردەم كۆشكی سەرۆكایەتیدا، پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكان‌و خۆپیشاندەران رویدا، خۆپیشاندەران بەردیان گرتە هێزە ئەمنییەكان، ئەوانیش بە گازی فرمێسكڕێژ وەڵامیاندایەوە. بەپێی قسەی دەسەڵاتداران، لەو پێكدادانانەدا (7) خۆپیشاندەر‌و زیاتر لە (50) كەس لە هێزە ئەمنییەكان برینداربوون‌و (45) كەسیش دەستگیركراون. دوای ئەوەی بوتەفلیقە رایگەیاند، بەنیازە بۆ ویلایەتی پێنجەمی سەرۆكایەتی خۆی كاندید بكاتەوە، خۆپیشاندان لەسەرتاسەری جەزائیر دەستیپێكرد. بوتەفلیقە لە سویسرا نەگەڕاوەتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە سبەینێ وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆتایی دێت، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، تیمی كەمیەپنی هەڵبژاردنی بوتەفلیقە نوسراوی خۆكاندیدكردنی ئەویان پێشكەش نەكردووە. سوریا بیری خەڵك دەهێنرێتەوە ئەحمەد ئویەحیا سەرۆك وەزیرانی جەزائیر هۆشداری بە خەڵكدا بەشداری لە خۆپیشاندانەكان نەكەن‌و وتی:" جەنگی خوێناوی لە سوریا سەرەتا بە خۆپیشاندان دەستیپێكرد". رۆژی پێنج شەممە هێزە ئەمنییەكان ژمارەیەك رۆژنامەنوسیان دەستگیركرد، بەڵام دواتر ئازادیان كردن. عەبدولعەزیز بوتەفلیقە كە لە ساڵی 1999 وە سەرۆكایەتی جەزائیر دەكات، لە ساڵی 2013وە دوچاری جەڵتەی مێشك بووە‌و لەسەر كورسی جوڵاو هاتوچۆ دەكات، لەدوای نەخۆشكەوتنیەوە زۆر كەم لەبەردەم رایگشتی وڵاتەكەیدا دەردەكەوێت. خۆپیشاندان لە دژی كێ ؟ سەرەتای ناڕەزایەتییەكانی جەزائیر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستیپێكرد، خۆپیشاندەران دەڵێن ناڕەزایەتییەكانیان تەنیا لەدژی ویلایەتی پێنجەمی سەرۆكایەتی بوتەفلیقە نییە كە ماوەی 20 ساڵە لە ترۆپكی دەسەڵاتدایە، بەڵكو لەدژی دەستەبژێری حوكمڕانی وڵاتیشە بەشێوەیەكی گشتی. بەرپرسانی جەزائیری هۆشداری دەدەن لەوەی خۆپیشاندانەكان سەربكێشێت بۆ تێكدانی سەقامگیری وڵات‌و گەڕانەوە بۆ رۆژگاری شەڕی ناوخۆیی. رەنگە تاكە دەستكەوتی بوتەفلیقە بۆ جەزائیرییەكان كۆتایهێنان بێت بە شەڕی ناوخۆیی لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا، كە بەپێی ئامارە فەرمییەكان لەو شەڕانەدا زیاتر لە 200 هەزار كەس كوژراون. نیوەی دانیشتوانی جەزائیر گەنجن‌و تەمەنیان لە خوارو 30 ساڵییەوەیە، ئەم توێژە بەرفراوانە زۆربەیان بێكارن، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت توێژێكی زۆری گەنجان بەزوویی پەیوەندیان بە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانەوە كرد. كێ سەرۆكایەتی ناڕەزایەتییەكان دەكات ؟ لەكاتێكدا رایگشتی لە جەزائیر دەكوڵێت، چاودێران بەشوێن كردنەوەی گرێی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێن كە دەڵێ " ئەوە كێیە كە توانیویەتی لەسەرتاسەری جەزائیر لەیەك كاتدا سەدان هەزار كەس بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بڕژێنێتەسەر شەقامەكان ؟". ئەوەی تائێستا زانراوە ئەوەیە سەرەتای بانگەواز بۆ خۆپیشاندان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستیپێكردووە، بەڵام ئەوە كێیە كە سودی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بینیوە بۆ دروستكردنی ئەم جوڵانەوەیە ؟ خەڵكانی نزیك لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەوڵدەدەن چاویان بخەنەسەر بەرپرسانی پێشووی دەزگای هەواڵگری، ئەوانە خەڵكانێكن كە لە كاركردندا سیستماتیكن، هاوكات دەزگای هەواڵگری لە جەزائیر رۆچوەتە ناو هەموو بوارەكانی ژیانی خەڵكەوە، ئەگەر هەواڵگری لەپشت ناڕەزایەتییەكانەوە بێت، واتا بەرلەوەی بوتەفلیقە خۆی بە مەرگی سەرجێگا بمرێت، لە سەرۆكایەتی وڵات لادەدرێت. دەرباری كۆشكی سەرۆكایەتی جەزائیر دوچاری شۆك بووە، بەڕێوەبەری كەمپەینی هەڵبژاردنی سەرۆك بوتەفلیقە گومانی هەیە لەوەی لایەنگرانی سەرۆك‌و وەزیرەكان لە ترسان ئۆفێسەكانی خۆیان بەجێهێشتبێت. ئەوەی جێگای سەرەنجە ئەو ملیۆنان خەڵكە نابینرێت كە دەیانوت بۆ پشتیوانی لە ویلایەتی پێنجەمی بوتەفلیقە دەچن دەنگ دەدەن، ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی دوو هەفتەیە بە چاوی خۆیان دەیبینن خەڵك رژاونەتەسەر شەقام‌و داوای رۆشتنی بوتەفلیقە دەكەن. بابەتێكی تر كە پرسیاری دروستكردووە، نەرمونیانی هێزە ئەمنییەكانە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەكان، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئەوانەی لە پایتەخت خۆپیشاندان دەكەن بە ئاشكرا یاسا كارپێكراوەكان پێشێل دەكەن، چونكە مەرسومێكی سەرۆكایەتی هەیە كە نەك تەنیا خۆپیشاندان، بەڵكو گردبونەوەی بچوكیش یاساغ دەكات. دەبێ ئەو كەسە كێ بێت كە فەرمانی بە هێزە ئەمنییەكان كردبێت دەست لە خۆپیشاندەران بپارێزن ؟ ئەوە راستە هێزە ئەمنییەكان گازی فرمێسكڕێژ‌و گولەی لاستیكییان لەدژی خۆپیشاندەران بەكارهێناوە، بەڵام ئەوە كاتێك رویدا كە خۆپیشاندەران لە كۆشكی سەرۆكایەتی نزیك بونەوە. لەناو ئەم بارودۆخە ناڕوونەدا، قسەوباس دروستبووە لەبارەی ئەوەی رژێم كەسی جێگرەوەی بوتەفلیقەی ئامادەكردووە، ئەوانەی ئەم جۆرە قسانە دەكەن ئەوانەن كە دەڵێن" خۆپیشاندەران داوای روخاندنی رژێم ناكەن، بەڵكو داوا دەكەن بوتەفلیقە بۆ ویلایەتی پێنجەمی سەرۆكایەتی خۆی كاندید نەكاتەوە". چەند رۆژی داهاتوو بارودۆخی سیاسی جەزائیر پەرەسەندنی خێرا بەخۆوە دەبینێت، دیار نییە لێكەوتەكانی بۆ چەند ساڵی داهاتوو لەسەر ژیانی خەڵكی ئەو وڵاتە بە چ جۆرێك دەكەوێتەوە.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرپرسێكی باڵای ئێران بۆ نێوەندگیری لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی دێتە هەرێمی كوردستان، یەكشەمە  مەكتەبی سیاسی هەردوولا كۆدەبنەوە، ئەگەری رێككەوتن لە ئەگەری رێكنەكەوتن بەهێزترە.  سبەینێ مەكتەبی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆدەبنەوە.ئەم كۆبونەوەیە یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو هەردوو حزب دەستیكەوتووە، پارتی‌و یەكێتی لەم كۆبونەوەیەدا رێكدەكەون. تەنیا ئومێدی یەكێتی، ئەو نامەیەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كە بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نارد‌و تێدا نوسیویەتی:" با مەكتەبی سیاسی هەردوولا كۆببنەوە، چارەسەری كێشەكان لە بەرژەوەندی یەكێتی كۆتایی دێت". دواین هەڵوێستی یەكێتی بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، زۆرینەی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی سورن لەسەر ئەوەی یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەرنەگرێت‌و لەبەرامبەردا پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و دوو پۆستی وزاری باڵای پێبدرێت. بەڵام هاوكات لەبەرامبەردا بۆچونێكیش هەیە، كە داوا دەكات یەكێتی بەو پۆستانە قایل بێت كە لە حكومەتی هەرێم بۆی دانراوە، ئەمە لەبەرامبەر چارەسەركردنی پرسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك. ئەگەر بۆچوونی یەكەم (یەكێتی سەرۆكی پەرلەمانی ناوێت) سەركەوێت، تائێستا دیار نییە پارتی بە چ جۆرێك كێشەكە چارەسەر دەكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كە ئێستا یەكێتی داوای دەكات، پێشتر‌و لەچوارچێوەی رێككەوتنی پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕاندا، بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابوەتەوە. پێشبینییەكان بۆ ئەوەدەچن، بۆ قایلكردنی یەكێتی، پارتی پۆستی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم زیاد بكات، بەڵام نازانرێت ئاخۆ نێچیرڤان بارزانی كە كاندیدی پارتییە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم قایل دەبێت بەوەی پۆستەكەی دوو جێگری هەبێت.  ئەگەر یەكێتی‌و پارتی لەسەر زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نەگەنە رێككەوتن، ئایا بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چارەسەركردنی كێشەی پارتی لەگەڵ یەكێتی دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم دەبێت بۆ یەكێتی ؟ ئایا ئەگەر یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرنەگرت، پارتی ئامادەیە لە بری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بە بزوتنەوەی گۆڕان بدات ؟ رەنگە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا وەڵامی ئەم پرسیارانە روون ببێتەوە. ئەگەرەكانی رێككەوتن بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، لەبەر چەند هۆكارێك ئەگەری زۆرە یەكشەممە پارتی‌و یەكێتی لەسەر هێڵە گشتییەكان رێككەون، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بارزانی لە پەیامەكەیدا بۆ یەكێتی ئاماژەی بە ئەگەری رێككەوتن كردووە. گرنگترین پاڵنەر بۆ رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێتەوە: •    یەكێتی دوای ئەوە لەسەرەتاوە مقاوەمەتی كرد، بەڵام هەنگاوەكانی ئەمدواییەی پارتی لەناو پەرلەمانەوە ئەو پەیامەی پێدا، ئەگەر نەچێتە پێشەوە، لە پرۆسەكە دوادەكەوێت‌و كارتی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمیشی لەدەستدا دەسوتێ. •    مەسعود بارزانی نایەوێت مەسرور بارزانی كوڕی كە سەرۆكی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم، ناوچەی دەسەڵاتی تەنیا لە زۆنی زەرددا بێت‌و فەرمانەكانی نەگاتە زۆنی سەوز. •    زۆربەی ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان كە هەناردەی دەرەوە دەكرێت لە ناوچەی قەڵەمڕەویی پارتیدایە، بەڵام غازی سروشتی كە پارتی رێككەوتنی دوو ساڵەی كردووە بۆ فرۆشتنی هەموو لە ناوچەی قەڵەمڕەویی یەكێتیدایە، ئەو غازە سروشتییە سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی كارەبایە لە هەموو هەرێمی كوردستان، لەم بوارەدا پەراوێزخستنی یەكێتی، زیان بە بەرژەوەندییەكانی پارتی دەگەیەنێت، رەنگە ئەمە هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی پارتی هەندێ لە خواستە سیاسییەكانی یەكێتی قبوڵ بكات. •    ئەمریكا‌و ئێران كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەكو دوو هێزی نەیاری یەكتر تەماشایان دەكرێت، بەڵام لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا هەردوولا هاوڕان‌و نایانەوێت  لەم كاتەدا پشێوی سیاسی لەهەرێمی كوردستان دروست ببێت، ئەمەش پاڵنەرێكی ترە بۆ ئەوەی پارتی‌و یەكێتی بگەنە رێككەوتن. ئێرانییەكان دێنە ناوەوە سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بڕیارە لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا بەرپرسێكی باڵای ئێران بێتە هەرێمی كوردستان‌و لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی كۆببێتەوە بەمەبەستی بەلاداخستنی كێشەكانیان. پێشبینی دەكرێت بەر لە هاتنەناوەوەی بەرپرسە باڵاكەی ئێران، مەسعود بارزانی كێشەكان لەگەڵ یەكێتیدا بەلادا بخات‌و دواتر لەگەڵ ئێرانییەكان كۆببێتەوە‌و ئەو هەنگاوە وەكو دەستپێشخەرییەكی سیاسی بخاتە بەردەم ئێرانییەكان. 


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم  یه‌كێتیی له‌ رێككه‌وتنه‌ سێ خاڵیه‌كه‌ی 5ی شوبات، له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و دانانی پارێزگاری كه‌ركووك لە ماوەی پێکھێنانی حکومەت، توانی سه‌ركه‌وتوو بێت، به‌ڵام یەکێتی لەبری ئەوەی لە کارتی ژمارە یەکەوە دەست بە دروستکردنی فشار بکات بۆ سەر پارتی، تا داواكارییه‌كانی جێبەجێبكات، راستەوخۆ دەستی برد بۆ کۆتا کارت و ئه‌و كارتانه‌شی به‌ ده‌ستیه‌وه‌ بوو سووتاندی. ئه‌و یاریه‌ی یه‌كێتیی كه‌ له‌ ڕۆژی 18ی شوبات له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌نجامیدا، ده‌توانین بڵێین زۆر نەزانانه‌و نەشارەزایانه‌و مناڵابوو؛ کاتێك بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانی نەکردو سەرۆکی پەرلەمانی وەرنەگرت، چونکە لەلایەك یەکێتی به‌ تەنھا مایەوە، به‌ پێچەوانەیی ٢٣ حوزەیرانی 2015، چونكه‌ ئه‌مجاره‌ ھەموو ھێزەکانی دیكه‌ چونەوە بەرەی پارتی و بەبێ یەکێتی پرۆسەکە جێبه‌جێكرا. یەکێتی خۆی لەگەڵ پارتی له‌ 5ی شوباتدا، کاتی کۆ بوونەوەیی پەرلەمانی دیاریکرد، به‌هه‌ر ڕێگه‌و هۆكارێك بێت پارتی به‌هۆی باشتر ئه‌نجامدانی یاریه‌كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ توانی له‌م پڕۆسه‌یه‌ سه‌ركه‌تووبێت، ئه‌وه‌ی ویستی به‌ده‌ستیهێنا، له‌به‌رامبه‌ردا  یەکێتی جێماو زۆربه‌ی كارته‌ به‌هێزه‌كانی له‌ ده‌ستدا، جگە لەوە پارتی ناچار کرد پۆستی زیاتر بە گۆران بدات و نەیارەکەیی یەکێتی لە زۆنی سەوز بە ھێز بکات. ئەو دەھۆڵەشی بۆ چوونی گۆران بۆ حکومەت دەیکوتن پارە ناکات، چونکە لە ئەنجامدا، کە یەکێتی بەشدار بوو له‌ حكومه‌ت رەخنەکانی پووچ دەبێتەوە ( كه‌ به‌شدارده‌بێت)، جگە لەوەش مەترسی دوو ئیدارەیی لەلایی یەکێتی کە جار جار وەك کارتێ باسیان دەکرد، پووچەڵ بۆته‌وه‌، لە روویی دیموکراسی و ئاستی نێودەوڵەتیش ھەڵوێستیان لاواز بووه‌. یەکێتی به‌ نه‌چوونی بۆ په‌رله‌مان چی دەست کەوت ؟ یەکێتی کاتێك دەڵێ داواکانمان جێ بەجێنەبێت بەشداری حكومه‌ت ناکەین ، ئەم قسەیە لە بنەمادا پووچەڵەو بیركردنه‌وه‌یه‌كی دووربیانه‌ نییه‌، چونکە یەکێتی لە لایەك لە بەشداریكردنی حكومه‌ت بەردەوامەو قوباد تاڵەبانی و وەزیرەکان لە کاری خۆیان نه‌كه‌وتوون، لە لایەکی دیكه‌وه‌ یەکێتی ئەو شەڕەی ئێستا لە دەرەوەی پەرلەمان بە داواكردن و نامە گۆڕینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لە پارتی دەیکات و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه‌ پارتی موراعاتی بكات، ئەوا لە پەرلەمانەوە ئەیتوانی بیکات، کارتی شەرعیەت نەدانیش بە حکومەتی نوێ و پەرلەمان تا كۆتایی لە دەست خۆیدا بوایە. ئەمە چۆن بە دی دەھات؟  ئەگەر یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکەی په‌رله‌مانی بکردبایە، سەرۆکی وەرگرتبایە، ئەوا جگه‌ له‌وه‌ی خواستێكی یەکێتی ( ئه‌گه‌ر به‌ ناچاریش بێت)، کە وەرگرتنی سەرۆکی پەرلەمان بوو دەھاتە دی، ئه‌وه‌ی پارتیش  ده‌مایه‌وه‌، چۆن ؟ چونكه‌ دوای دانانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ لایه‌ن یه‌كێتیی، پارتی پێویستی بە سەرۆکی پەرلەمان بوو دانیشتنێك رێكبخات، بۆ ھەڵبژاردنی لیژنەیی یاسایی، دواتر دانیشتنێك بۆ خوێندنەوەی یەکەمی یاسایی سەرۆکایەتی هه‌رێم ، دواتر دانیشتنێك بۆ پەسندكردنی یاساکە، دواتریش  ئیمزاکردنی یاساکە لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان بوو، دواتر دانیشتنیش بۆمتمانەدان بە سەرۆکی ھەرێم هه‌ر له‌ ده‌ستی یه‌كێتیی داده‌بوو، دواترو دواتریش دیسانه‌وه‌ دوو دانیشتنی دیكه‌ی په‌رله‌مانیش بۆ ڕاسپاسدنی سەرۆکی حکومەت و متمانەدان بە حکومەت هه‌ر له‌ ده‌ست ئه‌واندابوو. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی سه‌ره‌وه‌، بە گوێرەی رێکكەوتنی یەکێتی و پارتی له‌ 5ی شوبات وا قسه‌كرابوو، پرسی دانانی پارێزگایی کەرکوک لە ماوەی پێکھێنانی حکومەت دەبێت (نەك لە دوایی تەواو بوونی پێکھێنانی حکومەت)‌، کە یەکێتی ئەیتوانی لە ھەر قۆناغێك لەم قۆناغانانه‌ی سەرەوە،  به‌ر له‌ متمانەدان بە سەرۆکی ھەرێم داواکاریەکانی خۆی جێبه‌جێبكردبووایه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و قۆناعه‌دا: پارتی خواستەکانی یەکێتی جێبەجێنەکردبوایە، ئەوا ئەوکات پارتی هه‌ر سه‌ری له‌ بن ده‌ستی یه‌كێـتیی ده‌بوو، چونكه‌ یەکێتی ئەیتوانی به‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی په‌رله‌مان دانیشتنی په‌رله‌مان نه‌كات و كێشه‌ی تێبخات، کە ئەمەش وای له‌ پارتی ده‌كرد، هیچ كارتێكی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بێت، پارتیشی ناچاردەکرد یان چۆك دابدات، یان ئه‌وكات باشترین و ناچارترین كارتی پارتی ئه‌وه‌بووه‌: ھاوشێوەیی یوسف محمدی گۆڕان، پارتی رێگریی لە سەرۆکی پەرلەمان بکردبووایە، تاوه‌كو نەیەتەوە ھەولێر،  چونکە ڕاستە پارتی زۆرینە لە سەرۆکایەتی و پەرلەمان، به‌ڵام له‌ڕووی یاسایه‌وه‌  تا سەرۆك ئامادەیی ھەبێت جێگر ناتوانێت دانیشتنی په‌رله‌مان بەڕێوە ببات، جگه‌له‌وه‌ش یه‌كێتیی كارتێكی دیكه‌ی هه‌بوو، كه‌ ئه‌وكات ده‌یتوانی سەرۆکی پەرلەمان بکشێنێتەوەو ئەوسا بھاتبوایە ئەم قۆناغەیی ئێستاو بیووتبایه‌ تا خواستەکانم جێبەجێ نەبێت بەشدار نابم، کە لە ھەردوو ئەگەردا ئه‌و یاریه‌و فشاره‌ی بۆسه‌ر یه‌كێتیی ئێستا دروستبووه‌، به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی دیكه‌ بۆ سه‌ر پارتی پێچەوانە دەبۆوە.  بەھۆی خۆپەرستی سەرکردەکانی یەکێتی و نەبوونی یه‌ك بڕیاری و كورتبینی سه‌ركرده‌كانی، له‌ ئێستادا ھەڵوێست وەرگرتنی یەکێتیان لاواز کردووه‌و، پارتیان بەھێز کردوو، ھێزەکانی تریشیان باشترو باشتر کردە پاشکۆیی پارتی؟! ئێستاش ھەر درەنگ نەبووەو یەکێتی دەتوانێ دەست بەم یاریە بکات، رۆڵ بۆ خۆیی بگێڕێتەوە، نەک وەك ئێستا رۆڵی پێبدەن، بۆئه‌مه‌ش له‌ دانیشتنی چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا، ئه‌م حزبه‌ ده‌توانێت شێوازی گفتووگۆو یارییه‌كان به‌ ئاراسته‌ی خۆی ببات، به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و شتانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسكران. چونکە پارتی دوو ھەنگاویی یەکەمی ناوە، جارێ وەك موراعات ھەنگاوەکانی تری ڕاگرتووەو چه‌ند ڕۆژێكی دیكه‌ی كه‌میش چاوه‌ڕێده‌كات، ئه‌م وه‌ستان و چاوه‌ڕێكردنه‌ش لە بەرامبەر کارتی فشاریی یەکێتی نییه‌. ئێستا كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی له‌ به‌غدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ به‌ میدیاكانی یه‌كێتیی ڕاگه‌یاندووه‌: له‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌گه‌ڵ پارتی ڕێكده‌كه‌ون ( ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌  باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر كۆده‌بنه‌وه‌ )، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی، كه‌ ته‌واوی ئه‌و پلانان و كارتانه‌ی، كه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ باسده‌كران قسه‌ی بۆش بوون، نه‌یانتوانی وه‌كو پێویست یاریه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئه‌نجامبده‌ن.


راپۆرتی: درەو میدیا خەلافەتەكەی داعش كە لە سوریاوە دەستیپێكرد هەر لە سوریاشەوە كۆتایی هات، سەرۆكی ئەمریكا كۆتایی خەلافەتی داعشی راگەیاندو بەرپرسانی هەسەدەو یەپەگەش گەیشتونەتە خاڵی كۆتایی باغوز و بەسەدان چەكداری داعش خۆیان رادەستكردووە. لەناوچەی شەڕو لەبەردەم دەستگیركراوانی داعشدا لیلوا عەبدوڵا گوتەبێژی هەڵمەتی گەردەلوولی جزیرە ڕایگەیاند " داعش شكستی هێنا"   مەزڵوم كوبانیش فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە"سەرجەم ناوچەكانی ژێر دەستی داعش كۆنترۆڵكراونەتەوە و لە ئێستادا سەرقاڵی پاكردنەوەی تەواوەتی شوێنەكانن و لە ماوەی هەفتەیەكی تردا بە تەواوی سەركەوتن ڕادەگەیەنن" لیلوا عەبدوڵا لە لێدوانێكدا بۆ ( ANF ) ئاماژەی بەوەكردووە" ئەگەرچی داعش شكستی هێناوە  بەڵام هێشتا شانە نووستوەكانیان ماون. ئەوەی گرنگە ئەوەیە عەقڵیەتی داعش هێشتا لەنێو خەڵكدا ماوە. لە ئێستا بەدواوە كاری ئێمە ئەوەیە كۆتایی بەو عەقڵیەتە و شانە نووستوانە بێنین" لە رۆژی 9ی شویاتەوە هێزەكانی هەسەدە ( هێزەكانی سوریای دیموكرات) و هێزەكانی یەپەگە ( یەكینەكانی پاراستنی گەل) و یەپەژە ( یەكینەكانی پاراستنی ژن) ئۆپەراسیۆنی سەربازیان بۆ دوایین مۆڵگەكانی داعش لە رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێكردووەو لە ئێستادا گەیشتونەتە خاڵی كۆتایی لە ( باغوز).   باغوز گوندێكی سەربە ناحیەی سوسەی پارێزگای دیرەزوری سوریایەو دەكەوێتە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەو لە سنوری نێوان ( عێراق – سوریا)یە. گوتەبێژی هەڵمەتی گەردەلوولی جەزیرە ئەوەشی خستۆتە رووهەڵمەتەكە بەردەوامە، بەڵام بەشێوەیەكی زۆر هەستیار و هێدی بەڕێوەدەچێت. هێشتا لە دوایین خاڵەكانی ژێر دەستی داعش لە گوندی باغۆز، سیڤیل لە دەستی چەتەكانی داعشدا ماون. بۆ پاراستنی ئەو سیڤیلانە و ڕزگاركردنیان بەهێواشی دەچنە پێشەوە.    چەكداران خۆیان رادەست دەكەن  لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا بە سەدان چەكداری داعش خۆیان رادەستی هەسەدەو یەپەگە گردووە، تەنها لە رۆژی پێنجشەممە 28/2/2019 زیاتر لە 200 چەكداری داعش خۆیان رادەستكردووەو بەشێكیان چەكداری بیانین.  هەربۆیە دەستكراوە بە جیاكردنەوەیان چەكدارانی داعش دوای لێپرسینەوە لە سیڤیلەكان جیادەكرێنەوە و دەخرێنە زیندان. ژن و منداڵانی سیڤیلیش دوای پشكنین پێداویستییەكانی خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین دەكرێت و لە شوێنی گونجاو جێگیر دەكرێن. لەو بارەیەوە گوتەبێژی هەڵمەتی گەردەلوولی جزیر ڕایگەیاند، ئەو چەكدارانەی كە خۆیان ڕادەستی شەڕڤانانی هەسەدە كردووە، سەرەتا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت. ئەوانەی دەستیان لە كوشتندا هەبووە و دەردەكەوێت كە داعشیین، تا ڕادەستی وەڵاتەكانی خۆیان دەكرێنەوە، زیندانی دەكرێن. مستەفا بالی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، رایگەیاندووە، رزگاركردنی هاووڵاتییان لە باغۆزی دواپێگەی داعش لە سووریا بەردەوامە، لە 9ی شوبات و رۆژی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی باغۆز، تاكو ئێستا, 15هەزار هاووڵاتی رزگار كراون. توركیا داوای دەستگیركراوان دەكات  چەند رۆژێكە بەرپرسانی توركیا داوا دەكات ئەو چەكدارانەی داعشیان رادەستبكرێت و هەسەدەش داوا دەكات دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵ بگێرن لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو چەكدارانەی داعش، لەو بارەیەوە لیلوا عەبدوڵا  دەڵێت"«هەندێك لایەن هەن كە دەیانەوێت ئاڵۆزی لەو ناوچانە دروست بكەن كە ڕزگار كراون. پێویستە دەوڵەتانی ئەندام لە نەتەوەیەكگرتووەكان ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بەئارامی بمێننەوە. هەروەها دەربارەی چارەنووسی ئەو چەتانەی داعش هەنگاوێك بنێن. لە چەند رۆژی رابردووداو لە چوارچێوەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كردووە كە ئەو چەكدارانەی داعش كە دەستگیركراون رادەستی توركیا بكرێن، بە دیاریكراوی داوای 800 چەكداری دەستگیركراوی داعشی كردووە ئەویش لە پێناو ئەوەی: 1- ئەردۆغان هەوڵ دەدات هیچ كام لەو داعشانە نەدرێنە دادگایەكی نێودەوەڵەتی وەك ئەوەی هەسەدە داوای كردووە، چونكە لەئەگەری هەر دادگایەكی وەهادا ئەوا پەیوەندی و نهێنیەكانی داعش و توركیا بەتەواوی ئاشكرا دەبێت. 2- لەئەگەر داننانی ئەو داعشانەدا لەدادگایەكی نێودەوڵەتی بەپەیوەندیەكانیان لەگەڵ توركیا ئەوا دەكرێت توركیاش بەتاوانی جەنگ پەلكێشی دادگای نێودەوڵەتی لاهای بكرێت. 3- توركیا هەوڵ دەدات هەموو ئەو داعشانە لەژێر دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە تا پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئەو گروپە تیرۆریستیە نەچێتە دەرەوە. ترەمپ كۆتایی خەلافەتی داعشی راگەیاند    دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند ئەو هێزانەی كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكاتەوە پشتیوانی دەكرێت، 100%ی ناوچەكانی ژێر دەستی رێكخراوی داعشیان كۆنترۆڵ كردەوە، ترەمپ لە بنكەی سەربازی ئیلمندرۆڤ ریچچاردسۆن لە ویلایەتی ئەلاسكا رایگەیاند:" پێشتر بەردەوام دەتانبیست كە 90-92%ی خای خەلافەت لە سوریا كۆنترۆڵ كراونەتەوە، بەڵام ئێستا ئێمە 100%ی ناوچەكانی خەلافەتمان كۆنترۆڵ كردووەتەوە".    


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت "نەگەیشتنە رێككەوتن" ئەمە ناونیشانی دواین دیداری نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا‌و كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور بوو، كە لە شاری هانۆی پایتەختی ڤێتنام بەڕێوەچوو. لە دیداری لوتكەدا، ترەمپ بەڵێنیدا سزای ئابوری نوێ بەسەر كۆریای باكوردا نەسەپێندرێت، بەڵام ئامادە نەبوو سزا كۆنەكان لەسەر ئەو وڵاتە هەڵگرێت، ئەمەش شكستی بە دیدارە مێژوییەكە هێنا. بەبێ ئیمزاكردنی هیچ رێككەوتنێك بەشێوەیەكی كتوپڕ دیداری نێوان ترەمپ‌و كیم جۆن ئون كۆتایی هات، ترەمپ رایگەیاند"لە ئێستادا هیچ نیازێك نییە بۆ ئەوەی جارێكی تر لەگەڵ كیم جۆن ئون دیداری لوتكە بكات". بەر لە جێهێشتنی شاری هانۆی، ترەمپ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" هەندێكجار پێویستە بەجێیبهێڵێت، ئەمە یەكێكە لەو كاتانە.. من حەزم دەكرد لەوە زیاتر بڕۆین". سزاكان دانوستانەكان بەهۆی ئەو سزا ئابورییانەوە شكستیانهێنا كە ئەمریكا بەهۆی پرۆگرامە ئەتۆمی‌و بالستییەكانەوە بەسەر كۆریای باكوریدا سەپاندووە. ترەمپ وتی:" كیم ئامادە بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵگەی ئەتۆمی یۆنگبیۆن، بەڵام لەبەرامبەردا داوای هەڵگرتنی هەموو سزاكانی دەكرد، ئەوەش شتێكە كە ئەمریكت ئامادە نییە بۆی". ترەمپ لە زاری كیم جۆن ئونەوە رایگەیاند:" ئەو وتی جارێكی تر تاقیكردنەوەی موشەكی یان هەر بابەتێك پەیوەندیدار بێت بە چەكی ئەتۆمییەوە، ناكات". رەنگە ئەمە تاكە بەڵێنێك بێت كە ئەمریكا لە دیداری لوتكەدا لە هانۆی، لە كۆریای باكوری وەرگرتووە. بەر لەوەی گوازرشت لە پەیوەندی دۆستانەیان بكەن، ترەمپ‌و كیم جۆن ئون چەند مانگێك قسەیان بەیەكتر وت‌و هەڕەشەیان لە یەكتر كرد. جۆ شیرینچیونی سەرۆكی دامەزراوەی "بلاوشیرز" لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر لەبارەی كۆبونەوەكەی ترەمپ‌و كیم جۆن ئون نوسیویەتی:" ئەوە شكستێكی گەورە بوو.. ئەمە ئەو سنوری ئەو جۆرە دیدارانە نیشان دەدات كە بەبێ كاتی پێویست‌و توانای مرۆیی ئەنجام دەدرێن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن". هەڵوەشانەوەی خوانەكە پێشتر كۆشكی سپی رایگەیاند، ئاهەنگێك بەڕێوەدەچێت بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە، هاوكات هەریەكە لە ترەمپ‌و كیم جۆن ئون لە خوانێكدا كۆدەبنەوە، بەڵام هەردوو سەرۆك بەبێ ئیمزاكردنی هیچ رێككەوتنێك هۆڵی كۆبونەوەكەیان بەجێهێشت. كۆشی سپی باسی لەوەكرد، ترەمپ‌و كیم كۆبونەوەیەكی بنیادنەرانەیان كردووە، لەبارەی هەموو رێگە جیاوازەكانەوە سەبارەت بە پرسی داماڵینی چەكی ئەتۆمی‌و ئابوری قسەوباسیان كردووە، لەئێستادا نەیانتوانیوە بگەنە هیچ رێككەوتنێك، بەڵام تیمەكانیان چاویان لەوەیە لە داهاتوودا جارێكی تر كۆبونەوە بكرێت". ترەمپ ماوەی زیاتر لە (20) كاتژمێری لەناو فڕۆكەدا بەسەربرد بۆ ئەوەی بگاتە هانۆی، كیم جۆن ئون-یش دوو رۆژو نیو لە شەمەندەفەردا بوو تا بگاتە شوێنی دیدار. "من پەلەم نییە" كیم جۆن ئون لە هانۆی باسی لە ئەگەری كردنەوەی ئۆفیسێكی هەمیشەیی كۆریای باكور كرد لە ئەمریكا، بەڵام ترەمپ هەرزوو خەیاڵەكەی كیمی شێواند. ترەمپ وتی:" من پەلەم نییە، خێرایی بەوڕادەیە لەلای من گرنگ نییە.. من دەمەوێت بگەینە رێككەوتن". ترەمپ پێشتر چەندینجار باسی لەوەكردووە، ئەگەر سەرەتا رێگری لێكرا، چیتر پێویست بەوە ناكات پەلە لە كۆریای باكور بكرێت چەكە ئەتۆمییەكان لەناوببات". كیم جۆن ئون وتی:" ئەگەر ئامادەنەبومایە بۆ داماڵینی چەكی ئەتۆمی، نەدەهاتم بۆ هانۆی بۆ دیدار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ"، بەڵام ئاماژەی بەهیچ رێوشونێك نەكرد كە بیگرێتەبەر بۆ كۆتایهێنان بە چەكی ئەتۆمی. ئامانجەكەی ترەمپ ئامانجی ترەمپ لە دیدارەكەی لەگەڵ كیم خۆی لە دیاریكردنی كرۆكی ئەو بەڵێنانەدا دەبینیەوە كە مانگی حوزەیرانی رابردوو لە سەنگافورە هەردوو سەرۆك بەیەكترییاندا، بەڵام وێنەكانی دوای دیدارەكەی ئەمجارە، دەریخست ترەمپ بێئومێدە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئومێدێكی زۆری لەسەر دیدارەكەی ئەمجارە هەڵچنیبوو. لە دیداری پێشتریاندا، ترەمپ‌و كیم راگەیەندراوێكی هاوبەشیان ئیمزا كرد لەبارەی "داماڵینی چەكی ئەتۆمی لە نیمچە دورگەی كۆریا"، بەڵام هەردوولا لەوكاتەوە لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە ناكۆكن. سەرچاوە: بی بی سی- فرانس پرێس


سەرتیپ وەیسی كەریم  به‌ درێژایی مێژووی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، هه‌میشه‌ جه‌مسه‌رو باڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و حزبه‌، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و پۆستێك بۆخۆیان نه‌بووبێت نه‌ به‌لایانه‌وه‌ گرینگ بووه‌، نه‌ شه‌ڕیشیان له‌سه‌ر كردووه‌ بۆ كه‌سانی شایسته‌ی نێو حزبه‌كه‌یان، به‌ تایبه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌وه‌كانیان دێته‌ پێش . له‌ خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، له‌و كاته‌ی ئه‌رسه‌لان بایز، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌، له‌ نیوه‌ی خولی سێیه‌مدا پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی وه‌رگرت، به‌ڵێنیپێدرا دوای ئه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم درێژده‌كاته‌وه‌، جارێكی دیكه‌ ده‌بێته‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ویلایه‌تی بارزانی له‌ لایه‌ن ناوبراو پاشان شكاندنی له‌نێو قاعیده‌ی جه‌ماوه‌ری و خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حزبه‌، ئه‌و به‌ڵێنه‌ی پێیدرابوو بۆی جێبه‌جێنه‌كراو، چونكه‌ ئه‌وكات قوباد تاڵه‌بانی هاته‌ نێو حكومه‌ت، یه‌كێتیش پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی وه‌رگرت، له‌ولاشه‌وه‌ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم لای یه‌كێتیی بوو، ناچار لیژنه‌ی دانوستانكاری یه‌كێتیی و سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی، پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانیان بۆ پارتی جێهێشت و ئه‌وانیش دایان به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، پشتیان له‌ ئه‌رسه‌لان بایزكرد، چونكه‌ ئه‌و باڵ و جه‌مسه‌رانه‌ پێیانوابوو، ده‌بێ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌گه‌رچی كه‌سێكی وه‌كو ئه‌رسه‌لان بایزیش وه‌ریگرێت، بكرێته‌ قوربانی پۆسته‌كه‌ی كوڕه‌كەی مام جه‌لال . له‌ خولی چواره‌می په‌رله‌مانیش به‌ هه‌مانشێوه‌ی خولی سێهه‌م، دوای ئه‌وه‌ی سەرەتا جێگری په‌رله‌مانی كوردستان درایە یەکێتی و دواتر وازیان لە جێگر ھێنا لەسەر داوایی مسعود بارزانی وە سکرتێری پەرلەمانیان وەرگرت، بەلام ئەم پۆستەشیان وەرنەگرت و بە کاتی درایە کۆمەلی ئیسلامی، ئه‌و حزبه‌ له‌ پێناو كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی كوڕانی بنه‌ماڵه‌كان، بۆماوه‌ی سێ ساڵ و نیو كه‌ پۆستی سكرتێری په‌رله‌مان به‌شێوه‌یه‌كی كاتی درابوو به‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی، هیچ كه‌س داوای نه‌كرده‌وه‌، ئه‌وكات بۆ پۆستی سكرتێری په‌رله‌مان هه‌ریه‌ك ( سالار مه‌حمود و گۆران ئازاد) كاندیدبوون، له‌ نێوان یارییه‌كانی ده‌رباز كۆسره‌ت و به‌رهه‌م ساڵح ئه‌و پۆسته‌ نه‌درا به‌و كه‌سانه‌و، هه‌ردووكیان بوونه‌ قوربانی ‌، دواجار ئه‌و پۆسته‌ له‌گه‌ڵ كاراركردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌شێوه‌كی شكلی و ره‌مزی له‌ لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ به‌ ناچاری پڕكرایه‌وه‌. ئێستاش به‌ هه‌مان شێوه‌ی خوله‌كانی ڕابردوو، خه‌ریكه‌ مێژوو خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ له‌سه‌روبه‌ندی دروستكردنی كابینه‌ی نوێ هه‌ریه‌ك له‌ ( رێواس فایه‌ق و بێگه‌رد تاڵه‌بانی)، كه‌ كاندیدن بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه‌ی كه‌سانی پێشووتر، ده‌بنه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی قوباد تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان داوای پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی دووه‌میشیان پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم، یاخود وه‌زیری ناوخۆی ده‌وێ، له‌به‌رامبه‌ر سازشكردن بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ پارتی و گۆڕان. پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ ڕووی سیادیه‌وه‌ پۆستێكی سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌و سیادییه‌، ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه‌ له‌ڕووی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ لاوازكرابێت، به‌ڵام هاوشانی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم و حكومه‌ت و دادوه‌ریه، به‌شێكی زۆری ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌، به‌هۆی ئیره‌یی و هه‌زمه‌نكردن، نایانه‌وێ ئه‌و دوو ئافره‌ته‌ ئه‌وپۆسته‌ باڵایه‌ وه‌ربگرن، تاوه‌كو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هه‌بێت، هه‌ربۆیه‌ش هیچ شه‌ڕێك له‌سه‌ر ئه‌وپۆسته‌ ناكه‌ن، ده‌یانه‌وێ سه‌ودوای بكه‌ن له‌گه‌ڵ پۆستی دیكه‌ بۆخۆیان، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سانی نێو باڵ و جه‌مسه‌ره‌كانی سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و حزبه‌ن. ئه‌گه‌ر چی قوباد تاڵه‌بانی زۆرترین ده‌نگی له‌ هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلول به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام له‌ماوه‌ی سێ مانگدا ئاماده‌نه‌بوو، سوێندی یاسایی بخوات له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، تاوه‌كو به‌ ناچاری داوای لێنه‌كرێت ببێته‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌مه‌ش بۆئه‌وه‌ی تاوه‌كو له‌ شوێنی خۆی بمێنێته‌وه‌، ده‌رباز كۆسره‌ت ڕه‌سوڵیش كه‌ خواستیه‌تی پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم، یاخود وه‌زاره‌تی ناوخۆو دارایی وه‌رگرێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانییه‌ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان رێگربێت له‌به‌رده‌م وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ی خۆی نیازیه‌تی. كه‌سێكی دیكه‌ی وه‌كو حاكم قادر، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سه‌ به‌هێزه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی و جه‌مسه‌ره‌كانی ئه‌و حزبه‌ حه‌زی به‌ وه‌گرتنی پۆستێكی باڵایه‌ له‌و نێوه‌نده‌، بۆیه‌ نه‌خۆی و نه‌ سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی ئاماده‌نیین شه‌ڕ له‌سه‌ر پۆستێك بكه‌ن، كه‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كیان تێیدا نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ی دوو كه‌سیش ده‌یانه‌وێ ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرن، كه‌ ته‌نها به‌ ناو له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ نزیكن، چونكه‌ هه‌ركات به‌رژه‌وه‌ندی كوڕو كچانی بنه‌ماڵه‌ بێته‌ گۆڕێ ئه‌وان له‌ ریزی دووه‌م و سێیه‌می هاوكێشه‌كه‌دان.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف - نامیق رەسول پارتی دیموكراتی كوردستان دڵی پەرلەمانی كوردستانی (لیژنەی یاسایی) داگیركرد، چیتر پارتی ناچارنییە بۆ رێگرتن لە تێپەڕبوونی پرۆژەیاساكان، دەرگای پەرلەمان دابخات‌و رێگری لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان بكات بۆ هەولێر. پارتی بەبێ ئامادەبوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەناو پەرلەمانەوە هەنگاوێكی تری نا‌و دڵی پەرلەمانی كە (لیژنەی یاسایی)ە هەڵبژارد. لیژنەی یاسایی لیژنەیەكی هەمیشەییە‌و هەموو ئەو پرۆژە یاسایانەی كە دەچنە ناو پەرلەمانەوە لە یەكەم وێستگەدا لە لیژنەی یاسایی لەنگەر دەگرن، بڕیاری كۆتایی لەبارەی لەبارەی پرۆژە یاساكانەوە دواجار لەدەستی لیژنەی یاساییدایە‌. ئەو لایەنەی كە زۆرینەی دەنگی لەو لیژنەیەدا هەبێت، جڵەوی بڕیارو پرۆژە یاساكانی لەناو پەرلەماندا بەدەستەوە دەبێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان:" لیژنە هەمیشەییەكان، لە ژمارەیەك ئەندام پێكدێن كە نابێت لە (5) ئەندام كەمترو لە (11) ئەندام زیاتر بن، كە نوێنەرایەتی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان دەكەن، بەپێی رێژەی نوێنەرایەتییان لەناو پەرلەمان". لیژنەكە چۆن هەڵبژێردرا ؟ لەسەر بنەمای ئەم بڕگەیەی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بەبێ ئامادەبوونی فراكسیۆنی یەكێتی، ئەندامانی لیژنەی یاسایی هەڵبژارد‌و بەپێی رێككەوتنێكی نێوان فراكسیۆنەكان‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ هەر (10) كورسی پەرلەمان، یەك نوێنەر بۆ فراكسیۆنەكان لەناو لیژنەی یاسایی دانرا. بەپێی ئەو پێوەرە، كورسییەكانی لیژنەی یاسایی بەمشێوەیە بەسەر فراكسیۆنەكاندا دابەشكران: •    پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەكەی ( سۆسیالیست) كە خاوەنی (46) كورسییە لە پەرلەمان، (4) ئەندامی لیژنەی یاسایی بەركەوت، واتە بۆ هەر (10) كورسییەك ئەندامێكی لیژنەكەی بردوو و سەرباری ئەوەش (6) كورسی لێ ماوەتەوە. •    یەكێتی كە (21) كورسی لەناو پەرلەماندا هەیە، (2) ئەندامی لیژنەی یاسایی بەركەوت، واتە بۆ هەر (10) كورسی، یەك ئەندام، سەرەڕای ئەوەش كورسییەكی زیادەی مایەوە. •    بزوتنەوەی گۆڕان كە (12) كورسی پەرلەمانی هەیە، (1) ئەندامی لیژنەی یاسایی بەركەوت‌و (2) كورسی زیادەشی لێمایەوە. •    بەپێی بڕگە یاساییەكە، كە بۆ هەر (10) كورسی لە پەرلەمان، (1) ئەندام لە لیژنەی یاسایی دیاریكراوە، پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان پێكەوە لە كۆی (11) ئەندام، (7) ئەندامی لیژنەی یاساییان پڕكردەوە. •    دواتر بۆ پڕكردنەوەی ئەو (4) ئەندامەی تری لیژنەكە، پەنا برا بۆ شێوازی (باقی الاقوی- ماوەی بەهێز). •    بەهێزترین ماوەی بەهێز، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوو، كە خاوەنی (8) كورسییە لە پەرلەمان، نەوەی نوێ (1) ئەندامی لە لیژنەی یاسایی پێدرا. •    دوای نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامی دووەم ماوەی بەهێز بوو، كۆمەڵ خاوەنی (7) كورسییە لە پەرلەمان، كۆمەڵیش ئەندامێكی لە لیژنەی یاسایی بەركەوت. •    لەدوای كۆمەڵی ئیسلامی، مەسیحی‌و ئەرمەنەكان بەهێزترین ماوەی بەهێز بوون، كە خاوەنی (6) كورسی كۆتاكانن، ئەوانیش ئەندامێكی لیژنەی یاساییان برد. •    یەك ئەندامی پڕنەكراوە لە لیژنەی یاسایی مایەوە، ماوەی بەهێز یەكسان بوو لەنێوان (6) كورسی پارتی، (5 كورسی) یەكگرتووی ئیسلامی، (5) كورسی توركمانەكان،  بۆیە كورسیەكەی تر بۆ پارتی بوو واتا پارتی ئەمڕۆ كورسیەكەی مسۆگەركرد كە هاوپەیمانی لەگەڵ سۆسیالیست بۆ بێبەشكردنی یەكگرتوو بوو بۆیە كورسیەكەی مسۆگەر كردوو بەخشیە پێكهاتەی توركمان . ئەندامانی لیژنەی یاسایی لیژنەی یاسایی لە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان لەم كەسانە پێكهاتوون:  1-    ئەرشەد حسێن (پارتی) 2-    بژار خالد (پارتی) 3-    خەدیجە عومەر (پارتی) 4-    عەبدولسەلام عەبدوڵا (پارتی) 5-    ئەندامێكی یەكێتی (بەهۆی بەشدارینەكردنی یەكێتییەوە تائێستا ناوی لێنەنراوە) 6-    ئەندامێكی یەكێتی (بەهۆی بەشدارینەكردنی یەكێتییەوە تائێستا ناوی لێنەنراوە) 7-    جەلال محەمەد (بزوتنەوەی گۆڕان) 8-    كاوە عەبدولقادر (نەوەی نوێ) 9-    روپاك ئەحمەد (كۆمەڵی ئیسلامی) 10-    رۆمیۆ هەكاریی (مەسیحی‌و ئەرمەنەكان) 11-    سارا دڵشاد (توركمانەكان) پارتی مێژوو دوبارەناكاتەوە پارتی ئەمڕۆ كۆتایی بە بابەتێك هێنا كە خولی رابردوو بەرۆكی گرتبوو، لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا، پارتی لە لیژنەی یاسایی (3) ئەندامی هەبوو، سەرۆكی لیژنەكە (ڤەلا فەرید) بوو لە فراكسیۆنی پارتی، مەسیحی‌و توركمانەكان بەهەمان شێوەی ئێستا (2) نوێنەریان لە لیژنەكەدا هەبوو، واتە پارتی‌و هاوپەیمانەكانی لە لیژنەی یاسایدا (5) كەسیان هەبوو. لەبەرامبەردا بەرەی بەرامبەر بە پارتی كە پێكهاتبوون لە (بزوتنەوەی گۆڕان- یەكێتی، یەكگرتوو- كۆمەڵ) بەهەمویانەوە (6) نوێنەریان لە لیژنەی یاسایدا هەبوو، واتە بەرەی نەیاری پارتی، زۆرینە بوون لە لیژنەی یاساییدا، ئەم زۆرینەیە لە پرسی هەمواری یاسایی سەرۆكایەتی هەرێمدا گورزی كوشندەی لە پارتیدا، پارتی نەیتوانی پرۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە لیژنەی یاسایی راگرێت‌و یاساكە گەیشتە ناو هۆڵی پەرلەمان، پارتی كە نەیتوانی لە هۆڵی پەرلەمان رێگری لە تێپەڕبوونی یاساكە بكات، ناچار پەرلەمانی كوردستانی پەكخست‌و رێگری لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان كرد بۆ هەولێر. پارتی چیتر دەرگای پەرلەمان داناخات لەم خولەدا پارتی جارێكی تر دوچاری ئەو قەیرانە نابێتەوە، كە لە خولی پێشوودا رووبەڕووی بوەوە، واتە لەم خولەدا چیتر پارتی ناچارنابێت دەرگای پەرلەمان دابخات‌و هەر لە رێگەی لیژنەی یاساییەوە پەردە بەسەر هەر پرۆژە یاسایەكدا دەدا كە دژی خواستەكانی بێت. خولی پێشووی پەرلەمان، لە كۆتاییەكانی تەمەنی خۆیدا پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركردەوە، بەپێی هەموارەكە، بەپێچەوانەی خولی پێشووەوە كە (10) ئەندام پەرلەمان پێكەوە دەیانتوانی پرۆژە یاسایەك بخەنە ناو پەرلەمانەوە، لەم خولەدا هەر پرۆژە یاسایەك ببرێتە ناو پەرلەمان، دەستەی سەرۆكایەتی‌و لیژنەی یاسایی دەتوانن رایگرن، یاخود بە یەكجاری رەتیبكەنەوە. سەرەڕای ئەمە، ئێستا پارتی لە لیژنەی یاسایی بەتەنیا خۆی (4) ئەندامی هەیە‌و دەنگی (2) ئەندامی تری مەسیحی‌و توركمانەكانی زامنكردووە، واتە دەنگی زۆرینەی لە لیژنەی یاسایی لەگەڵدایە. هاوكات سەرۆكی لیژنەی یاساییش هەر لای پارتی دەبێت‌و ئەمەش گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ سەرۆكی لیژنەی یاسایی دەسەڵاتی دیاریكردنی كۆبونەوەی لیژنە‌و بانگهێشتكردنی ئەندامانی لیژنەی هەیە‌و ئەگەر لەسەر بابەتێك لە لیژنەی یاسایی، دەنگەكان یەكسان بوون، ئەو لایەنە براوە دەبێت كە دەنگی سەرۆكی لیژنەی لەگەڵدایە.   پارتی چی لە لیژنەی یاسایی دەوێت ؟ یەكەمین كاری پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیژنەی یاسایی، كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمە، كە نێچیرڤان بارزانی كاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی، پێویستییەكی ژیارییە‌و خاڵی پارسەنگە بۆ راگرتنی كێشەكانی بنەماڵەی بارزانی، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، مەسرور بارزانی كوڕی كاندیدكرد بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت‌و كۆتایی بە (18) ساڵ تەمەنی نێچیرڤانی بارزانی برازای هێنا لە سەرۆكایەتی حكومەتدا، مەسعود بارزانی بۆ راگرتنی بنەماڵەكەی بە یەكگرتوویی، دەبێت هاوكات لەگەڵ جێگیركردنی كوڕەكەی لە سەرۆكایەتی حكومەت، برازاكەشی لەسەر كورسی سەرۆكی هەرێم جێگیر بكات، كورسییەك كە لە خولی پێشوودا بوو بە كێشە بۆ بارزانی باوك‌و بەهۆیەوە دەرگای پەرلەمانی كوردستانیش داخرا.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بیرۆكەی دابەشكردنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەنێوان (رێواس فایەق)‌و (بێگەرد تاڵەبانی) دوچاری كێشە دەبێت، یەكێتی ئامادەیە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێت، بەڵام لەگەڵ جێگرێكی سەرۆكی هەرێمدا. سەرەتای ئەم هەفتەیە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان نامەیەكی بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نارد. دوای ئەو نامەیە، یەكێتییەكان پێشبینییان كرد، گەڕێكی نوێی دانوستان لەگەڵ پارتی دەستپێبكەنەوە، بەڵام لەدوای نامەكەی بارزانییەوە هێشتا یەكێتی‌و پارتی هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمییان نەكردووە. یەكێتی كە هێشتا شۆكی كۆبونەوەكەی رۆژی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان بەرینەداوە، رەنگە سبەینێ دوچاری شۆكێكی تر ببێتەوە، سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاریداوە سبەینێ پەرلەمان كۆببێتەوە بەمەبەستی پێكهێنانی لیژنەی یاسایی. لیژنەی یاسایی بۆ ؟ پەلەكردنی پارتی لە دروستكردنی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان رەنگە بە پلەی یەكەم پەیوەندی بە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوەیەوە هەبێت، كە بووە بە خاڵی پارسەنگ بۆ كێشەكانی بنەماڵەی بارزانی. هەندێك زانیاری هەیە كە باسلەوەدەكات، پارتی دەخوازێت بەر لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە‌و نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی ببێت بە سەرۆكی هەرێم، تاوەكو نێچیرڤان بارزانی بە فەرمانێك مەسرور بارزانی ئامۆزای راسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. بەگوێرەی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، ئەگەر دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارانەكرێتەوە، دەبێت سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی، مەسرور بارزانی راسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام بەر لەمە، دەبێت پەرلەمان ناو لە كاندیدی سەرۆكی حكومەت بنێ. یەكێتی بەشداری ناكات ! پارتی سورە لەسەر ئەوەی سبەینێ جارێكی تر كۆبونەوەی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، بڕیاری یەكێتی تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە ئەوەیە فراكسیۆنەكەی بەشداری كۆبونەوەكەی سبەینێ ناكات. یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی پەرلەمان نەكات، تاوەكو رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی ئیمزا دەكات، ئەگەر دۆخەكە بەمجۆرە بەردەوام بێت، پارتی چۆن بەبێ یەكێتی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەڵبژارد، بەبێ یەكێتیش لیژنەی یاسایی پەرلەمان پێكدەهێنێت‌و دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكاتەوە. كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی یەكێتی تەنیا كێشەی لەگەڵ پارتیدا نییە، كێشە ناوخۆییەكانیشی جوڵە سیاسییەكانی ئیفلیج كردووە، بۆ هەر پۆستێكی سیادی، زیاتر لە چەند كەسێك لەناو یەكێتیدا خۆیان ئامادەكردووە، لیدەر یاخود مەرجەعێكی بڕیاریش نییە خواستی باڵە جیاجیاكان لە پۆستەكاندا تەوزیف بكات‌و ناكۆكییەكان بەلادا بخات. •    بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، زۆرینەی سەرەنجەكان لەسەر (قوباد تاڵەبانی)یە، بەڵام هەریەكە لە (عیماد ئەحمەد‌و حاكم قادر)یش چاویان لەو پۆستەیە. •    ململانێی ناوخۆییەكانی یەكێتی وایكردووە، چارەنوسی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی پەرلەمان پێكەوە ببەسترێنەوە، ئەگەر قوباد تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەرگرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كاندیدی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی دەبێت، بەپێچەوانەشەوە. •    چەند رۆژێكە لەناو یەكێتی پێشنیازێك دروستبووە، كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەنێوان (رێواس فایەق)‌و (بێگەرد تاڵەبانی)دا بەشێوەی (دوو ساڵ بە دوو ساڵ) دابەشبكرێت، بەڵام ئەم پێشنیازەش دوچاری گرێوگۆڵ بووە، چونكە هەندێك پێیانوایە ئەگەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەنێوان ( رێواس فایەق‌و بێگەرد تاڵەبانی)دا دابەش بكرێت، دەبێت بەهەمان پێوەر پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتیش بەشێوەی (دوو ساڵ بە دوو ساڵ) لەنێوان (قوباد تاڵەبانی‌و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)دا دابەشبكرێت. •    لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هێشتا لەناو یەكێتیدا بۆچونێك هەیە كە یەكێتی ئەو پۆستە وەرنەگرێت، بەوپێیەی پارتی لە پەرلەماندا زۆرینەیە‌و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمانیش هەر لە پارتین، ئەوانەی ئەم بۆچونەیان هەیە دەڵێن باشترە یەكێتی لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دوو پۆستی وزاری سیادی وەرگرێت، ئەم دوو پۆستە بەشێك لە كێشە ناوخۆیەكانی یەكێتی چارەسەر دەكات، لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر هەیە دەڵێ نابێ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لەدەستی پارتیدا بێت، دەبێت یەكێتی هەرچۆنێك بووە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێت.  •    یەكێتی بەمدواییە لەزمانی چەند بەرپرسێكییەوە داوای پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد لەبری سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام ئەمە تەنیا هەڵدانی باڵۆنێك بوو بۆ تاقیكردنەوەی زمانی پارتی، چونكە یەكێتییەكان دەزانن پارتی بە هەردوو پۆستی (سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی هەرێم) كێشەی بنەماڵەی بارزانی لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی چارەسەركردووە‌و ئامادە نییە بەهیچ جۆرێك لەسەر ئەو دوو پۆستە مامەڵە لەگەڵ یەكێتیدا بكات، لە حزوری جەلال تاڵەبانی سكرتێری پێشووی یەكێتیشدا پارتی ئەم بابەتەی سەلماندووە (پرۆسەی دامەزراندنی سەرۆكایەتی هەرێم لە ساڵی 2005دا). •    بەپێی دواین زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دواجار یەكێتی بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان قایل دەبێت، بەڵام داوا دەكات جێگرێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت‌و بدرێت بە یەكێتی، پێدەچێت پارتی ئەم داواكارییەی یەكێتی قبوڵ بكات بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی كێشەی باڵەكانی یەكێتی. •    لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوكیشەوە كە پێشتر یەكێتی كردبووی بە مەرجی بەشداریكردنی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، تاڕادەیەك پارتی‌و یەكێتی گەیشتوونەتە رێككەوتن، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەمدواییە پارتی هەوڵیداوە نەجمەدین كەریم بگەڕێنێتەوە بۆ كەركوك، بەڵام یەكێتی بە بڕیارێكی پێشوەختە بۆ دەركردنی نەجمەدین كەریم لە ریزەكانی، ریسەكەی پارتی كردەوە بە خوری‌و چیتر پارتی ناتوانی كارتی نەجمەدین كەریم وەكو كاندیدێكی یەكێتی بەڕووی یەكێتیدا بەرزبكاتەوە‌و دەبێت بە كاندیدی تری یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قایل بێت. 


 ( درەو میدیا): لە لیستی موچەی ئامادەكراوی مانگی كانونی دووەمی 2019 دا پاشكەوتی موچە لانەبراوە، لە كاتێكدا بەو پارەیەی كە بڕیارە لە بەغدادەوە بنێرێت زیاتر لە 150 ملیار دیناری زیاترە لە موچەی موچەخۆرانی هەرێم بە بێ پاشەكەوت. پاشەكەوت لانەبراوە  فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی موچەی مانگی یەكی ساڵی 2019یان بە پاشەكەوتەوە ئامادەكردووە و پاشەكەوت لانەبراوە و یەكێتی مامۆستایانیش داوادەكات هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوت نەبەسترێتەوە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە. سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سلێمانی بە " درەو میدیا"ی راگەیاند لیستی موچەی مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2019 وەك مانگەكانی 2018 ئامادەكراوەو هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا نەكراوە و بڕی پاشەكەوتكردنی موچە وەك خۆی ماوەتەوە". بە گوێرەی زانیاریەكانی " درەو میدیا" سەرجەم فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم بە سیستمی پاشەكەوت لیستی موچەی مانگی یەكی ساڵی نوێیان ئامادەكردووە، ئەوەش لە كاتێكدایە، حكومەتی هەرێم چەندجارێك ئاماژەی بەوەداوە كە بەنیازە موچەی موچەخۆرانی هەرێم ئاسایی بكرێتەوەو سیستمی پاشەكەوت لاببرێت، بەڵام تائێستا بە وادەی لابردنی پاشەكەوتی دیارنەیكردووە و بەردەوام بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئەو پرسە دەبەستنەوە بە باشبوونی دۆخی داراییەوە. یەكێتی مامۆستایان هۆشداری دەدات  هاوكات یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات سیستمی پاشەكەوتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران هەڵبوەشێنێتەوەو ئەو پرسە پەیوەست نەكرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە. یەكێتی مامۆستایان لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكەی بە " درەو میدیا" گەیشتووە داواشدەكات ئەوەی لە پێنج ساڵی رابردوودا پاشەكەوتكراوە، چارەنوسی لە ژمارەی حسابی بانكی دیاریكبرێت و وردە وردە بدرێتەوە. داهاتی هەرێم لە موچە زیاترە ئەمە لە كاتێكدایە كە بودجەی 2019ی عێراق كەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوەو بە پێی لێدوانی شارەزایان و پەرلەمانتارانی عێراقیش پشكی هەرێم 522 ملیار دینارە، كە بە ناردنی ئەو بڕە پارەیە حكومەتی هەرێم بە ئاسانی دەتوانێت پاشەكەوت هەڵبگرێت بەو پێیەی: -    پشكی هەرێم مانگانە لە عێراقەوە 522 ملیار دینار -    داهاتی نەوتی هەرێم بۆ موچە 378 ملیار دینار -    داهاتی ناوخۆ 120 ملیار دینار -    پارەی ئەمریكی 30 ملیار دینار  كۆی گشتی داهاتەكانی هەرێم دەبێتە( یەك ترلیۆن و 50 ملیار دینار) كە موچەی موچە خۆران بەبێ پاشەكەوت ( 879 ملیار ) دینارەو بەو پێیەش ( 153 ملیار) دیناریش زیاد دەبێت.   


(درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان پاشەكشە دەكات لە بەشێك لەو پۆستانەی بە بزوتنەوەی گۆڕانی داوەو لە 18ی شوبات رێكکەوتنی لەسەر كراوە. سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە "درەو میدیا"ی راگەیاند" پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ دەستەیەكی بە بزوتنەوەی گۆڕان نەداوە، تەنها بەڵێنی بەرپرسی سندوقی داهاتە نەوتییەكانی پێداوە ئەویش ئەگەر دامەزرێندرا"،ئەوەش لە کاتێکدایە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای رێكکەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی ئاماژەیان بەوەدا كە لە رێكکەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی هەردوو ( دەستەی دەستپاكی و وەبەرهێنان)یان بەركەوتووە. " درەو میدیا" زانیویەتی كە لەكاتی واژۆكردنی رێكکەوتنەكەی نێوان پارتی و گۆڕان، وەفدی دانوستانكاری گۆڕان نارازی بوون لەوەی ناوی دەستەی وەبەرهێنان لە رێكکەوتنەكەدا نەهاتووە، بۆیە واژۆكردنی رێكکەوتنەكە بۆ زیاتر لە یەك كاتژمێر دواكەوتووە، بەرپرسانی پارتی رایانگەیاندووە كە ئەو پۆستە تەنها بە زارەكی بووەو نەنوسراوە، بۆیە دواتر بەڵێنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان بە زارەكی بە وەفدی گۆڕان دراوە، ئەویش ئەگەردامەزرێندرا. ئەو سەرچاوەیەی پارتی ئاماژەی بەوەشكرد،  ناڕەزایی لەناو پارتی درووستبووە لەسەر ئەو هەموو پۆستە زۆرەی بە بزوتنەوەی گۆڕان دراوە، بەتایبەتیش ئەو 48 راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەی كە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان پێكردووە كە وەریانگرتووە لە پارتی، بەڵام بەرپرسانی پارتی ئاماژەیان بەوەكردووە، ئەوان بەهیچ جۆرێك 48 بەرێوەبەری گشتی و راوێژكاریان بە بزوتنەوەی گۆڕان نەداوەو بەهیچ شێوەیەك لە رێكکەوتنەكەدا نەهاتووەو ئەوە وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان بۆ كردووەو ئەمانیش بەشێوەی زارەكی رەزامەندیان پێداوە، بەڵام نەك بۆ 48 راوێژكارو بەرێوەبەری گشتی، بەڵكو تەنها بەو بەرێوەبەرە گشتییانەی كە وەزارەتەكەی بەر گۆڕان دەكەون. بۆیە بەرپرسانی پارتی ئاماژەیان بەوەكردووە  ئەوان تەنها یەك وەزارەتی زیادیان بە بزوتنەوەی گۆڕان داوە نەك ئەو هەموو پۆستەی كە وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان بۆ دەكات. ئەو سەرچاوەیە نەیشاردەوە كە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بە وەفدی دانوستانكاری پارتیان راگەیاندووە، ئەوان ئاماژە بە دەستكەوتی زۆر دەكەن بۆئەوەی جەماوەرەكەیانی پێ رازی بكەن، چونكە بەشێكی جەماوەری گۆڕان ناڕازییە بە رێكکەوتن لەگەڵ پارتی، بەرپرسانی پارتیش لاریان لەوە نەبووە.  ئەو پۆستانەی كە وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان پێكردووە كە بەدەستیان هێناوە لە رێکكەوتنیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان.    •    جێگری سەرۆكی هەرێم •    وەزیری دارایی •     وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی •     وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی •   وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە  •    دەستەی وەبەرهێنان •    یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئەنجومەنی چاكسازی •    ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە •    جێگری وەزیری ناوخۆ •    دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات  •    24 بەڕێوەبەری گشتی •    24 راوێژكار •    بەڕێوەبەری گشتی‌و بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەت‌و دەستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت •    بریكاری وەزیری پەروەردە


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف مەسعود بارزانی بە ناردنی نامەیەك بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی، دەرگای گفتوگۆیەكی نوێی لەنێوان پارتی‌و یەكێتی كردەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا سیناریۆكانی چارەسەری كێشەی پۆستەكان لەنێوان پارتی‌و یەكێتی بڵاودەكاتەوە. دواجار مەسعود بارزانی خۆی هاتەسەر خەت، نامەیەكی بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان نارد، مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ كۆدەبێتەوە. ناوەڕۆكی نامەكەی بارزانی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، نامەكەی بارزانی هیچ هەڵوێستێكی روونی لەبارەی چارەسەری كێشەكان تێدا نییە، بەتایبەتی پرسی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەت‌و چارەنوسی كەركوك. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی:" لە نامەكەیدا بارزانی نوسیویەتی پارتی‌و یەكێتی دوو هێزن كە بەرپرسیارێتییان لەسەرشانە، دەبێت مەكتەبی سیاسی هەردولایان كۆببنەوە‌و چارەسەری كێشەكان بكەن". هەر لەنامەكەدا بارزانی باسی لەوەكردووە" هیچ شتێك لە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیدا نەگۆڕاوە‌و كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستانیش تەنیا بۆ ئەوە بووە پرۆسەكە لەوە زیاتر دوانەكەوێت". رۆژی 6ی ئەم مانگە، كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لەگەڵ عیماد ئەحمەد‌و ئەرسەلان بایز سەردانی پیرمامیان كرد‌و لەگەڵ بارزانی كۆبونەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو دیدارەدا بارزانی بە وەفدەكەی یەكێتی وتووە" ئەگەر پارتی‌و یەكێتی نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، من خۆم دەستوەردان دەكەم‌و كێشەكان چارەسەر دەكەم"، ئەوكات وەفدەكەی یەكێتی پێیان وتووە" خۆت برا گەورە بە". پێدەچێت نامە‌و دەستپێشخەرییەكەی بارزانی لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنە بێت كە لە دیدارەكەی 6ی مانگی پیرمامدا خراوەتەڕوو. پارتی دەترسێت ! بارزانی بە ناردی ئەو نامەیە بۆ یەكێتی، خۆی وەكو مەرجەعێكی سیاسی نمایش كرد، نەك وەكو سەرۆكی پارتی. رەنگە بارزانی هەستی بەوەكردبێت، ئەگەر خۆی دەستپێشخەری نەكات بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ یەكێتی، دەبێت دواتر مل بە نێوەندگیری ئێرانییەكان بدات، ئەوەش بە زیان بۆ پێگەی پارتی كۆتایی دێت. لەلایەكی ترەوە، پارتی هەستی بە جموجوڵەكانی یەكێتی كردووە لە بەغداد، بارزانی ترسی هەیە ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێن، یەكێتی لە بەغدادەوە پەنا بۆ لامەركەزیەتی ئیداری ببات‌و سلێمانی لە دەسەڵاتی هەولێر داببڕێت، ئەمەش رەنگە دواجار كۆتایی بە قەوارەی هەرێمی كوردسان بهێنێت، وەكو قەوارەیەكی دانپێدانراوی دەستوریی. لەلایەكی ترەوە، ئەگەر پارتی‌و یەكێتی نەگەنە رێككەوتن، كێشە بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم دروست دەبێت‌و پرۆسەكە بەوشێوەیە بەڕێوەناچێت كە بارزانی دەیەوێت، بارزانی بۆ راگرتنی پارسەنگی بنەماڵەكەی، دەخوازێت پرسی پێكهێنانی حكومەت‌و سەرۆكایەتی هەرێم بەشێوەیەكی هاوتەریب بڕوات، واتە مەسرور بارزانی كوڕی‌و نێچیرڤان بارزانی برازای پێكەوە لە پۆستەكانیان دەستبەكاربن، یاخود لانی كەم لەماوەیەكی دیاریكراودا هەردوو دامەزراوەكە دەستبەكارببن. چارەسەر‌و سیناریۆكان پارتی هەنگاوێكی بە ئاڕاستەی چارەسەر لەگەڵ یەكێتی هەڵگرت، بەڵام تائێستا سورە لەسەر ئەوەی دەبێت بەر لە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە، یەكێتیش داوای ئەوە دەكات سەرەتا پارێزگار هەڵبژێردرێت. پێشبینی دەكرێت دواجار پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك بخرێتە دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم‌و ئەوكات هەردوولا پێكەوە چارەسەری كێشەی كەركوك بكەن. لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمیش یەكێتی بۆچونی لەسەر پۆستەكان گۆڕاوە‌و ئێستا داوای پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و وەزارەتی ناوخۆ دەكات لەبری سەرۆكی پەرلەمان، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلاكردوەتەوە. پرسیارەكە ئەوەیە، پارتی‌و یەكێتی چۆن كێشەی پۆستەكان چارەسەر دەكەن ؟ بەپێی زانیارییەك كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دەست (درەو میدیا) كەوتووە، چەند سیناریۆیەك هەیە بۆ چارەسەری كێشەی پۆستەكان: سیناریۆی یەكەم: پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بدات بە یەكێتی، پارتی رەنگە بەم هەنگاوە دوچاری كێشە نەبێت لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان (پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ گۆڕان یەكلابوەتەوە)، چونكە گۆڕان پێشتر لە دانوستانەكانیدا داوای پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كردووە، نەك جێگری سەرۆكی هەرێم، پارتی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەر خواستەكەی گۆڕان‌و قایلی بكات بە وەرگرتنی پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان لەبری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم. ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەركەوتوو بێت، یەكێتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و جێگری سەرۆكی حكومەتی بەدەستەوە دەبێت لەگەڵ پۆستێكی وزاری دیكە، لەبەرامبەردا پارتی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكی هەرێم- سەرۆكی حكومەت- سەرۆكی پەرلەمان). سیناریۆی دووەم: پارتی جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیاد بكات‌و ئەو پۆستە بدات بە یەكێتی، ئەوكات یەكێتی سەرۆكی پەرلەمان وەرناگرێت‌و لەبری ئەوە پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی پێدەدرێت، بەپێی ئەم سیناریۆیە، بەهەمان شێوە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە بۆ پارتی دەبێت، بەڵام جێگری هەر سێ سەرۆكایەتییەكە لای یەكێتی دەبێت. 


راپۆرتی شیكاری: سەرتیپ وەیسی كەریم  له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و ڕێكنه‌كه‌وتنی پارتی و یه‌كێتیی، زۆرجار باس له‌وه‌ده‌كرێت دوو ئیداره‌ی ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه‌، له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر پارتی نه‌یه‌ته‌ژێرباری داواكارییه‌كانی یه‌كێتیی، ئه‌وا یه‌كێتیی پلانی دیكه‌ی هه‌یه‌، له‌وانه‌ ڕاگه‌یاندنی دوو ئیداره‌یی و پاشه‌كشه‌كردن له‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا. ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی دوو ئیداره‌یه‌وه‌ ده‌وترێ نه‌ پلانی یه‌كێتیه‌، نه‌ بارودۆخه‌كه‌ش گونجاوه‌، كه‌ كوردستان به‌ره‌و دوو ئیداره‌یی بڕوات، سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیش باش ئه‌وه‌ده‌زانن و لایان ڕوونه‌ له‌ ئێستادا كارته‌كانی ده‌ستیان له‌به‌رامبه‌ر پارتی به‌هێزنین، ئه‌مه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ : 1. بارودۆخی یه‌كێتیی له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی، وه‌كو ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان و سه‌ره‌تایی ساڵی دووهه‌زاره‌كان نییه‌، تا بیه‌وێ هه‌ڕه‌شه‌ی دوو ئیداره‌یی بكات، چونكه‌ ئه‌وكات یه‌كێتیی جگه‌ له‌وه‌ی حاكمی سه‌ره‌كی بوو له‌م سنووره‌، له‌ هه‌مانكاتدا زۆرێك له‌و حزبانه‌ی، كه‌ به‌شه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌یان له‌و پارێزگایه‌بوو، زۆربه‌یان له‌ چوارچێوه‌یه‌ی به‌ره‌یه‌ك كۆببوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی له‌ دژی پارتی، به‌ڵام له‌ ئێستادا بارودۆخه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌یه‌و، زۆربه‌یان له‌ پارتیه‌وه‌ نزیكن، باشترین نموونه‌ش گۆڕانه‌. 2. له‌ڕووی ده‌ستووریه‌وه‌ دروستكردنی ئیداره‌یه‌كی دیكه‌ كه‌ له‌ ئێستادا ناكرێت، به‌غداش ئه‌وه‌ی قبوڵ نییه‌، تاوه‌كو ئێستاش ئه‌وان له‌گه‌ڵ پارتی و حكومه‌ت مامه‌ڵه‌ده‌كه‌ن، نموونه‌ی دانانی وه‌زیری داد له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌، دانانی كه‌وتۆته‌ ده‌ست پارتی و بارزانی. 3. له‌ڕووی هه‌رێمیشه‌وه‌، وڵاتانی دراوسێ به‌بوونی كۆمه‌ڵێك هۆكار رێگه‌ به‌ دووئیداره‌یی ناده‌ن. 4. له‌ڕووی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ ڕووبه‌رووی ئاسته‌نگ ده‌بێته‌وه‌و ڕێگری هه‌یه‌ بۆ دوو ئیداره‌یی. 5. له‌ڕووی ئیداری و دامه‌زراوه‌یه‌وه‌، دیسانه‌ سه‌ر له‌ نوێ دروستكردنی كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌ی وه‌كو ( په‌رله‌مان و حكومه‌ت ...هتد)، ئاسان نییه‌و ئه‌و قۆناغه‌ی ڕابردوو به‌سه‌رچووه‌. 6. له‌ڕووی ئابووریشه‌وه‌ دوو ئیداره‌یی گرفتی زۆری هه‌یه‌، هه‌رچه‌ند به‌شی زۆری نه‌وت و غازیش له‌ سنووری ئه‌و پارێزگایه‌ش بێت، ئایه‌ چۆن ده‌كرێت له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا، كه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان كردوویه‌تی له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئه‌وان ئه‌نجامیبدن. ئایه‌ ئه‌و كۆمپانیانه‌ متمانه‌یان هه‌یه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ن؟! 7. ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ركرده‌و كادیری یه‌كێتیی، كه‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌ ژیانی ئاواره‌یی بوون و دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندیان هه‌یه‌، ئه‌سته‌مه‌ جارێكی دیكه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌و ئه‌و ژیانه‌ی پێشووتر هه‌ڵبژێرن. 8.یه‌كێتیی سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌كو مام جه‌لال نه‌ماوه‌، تاوه‌كو بتوانێت قه‌واره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ سنووری خۆی دروستبكات. ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ باره‌ی دوو ئیداره‌یه‌وه‌ ده‌وترێ راست نییه‌، پارتی ئێستا وه‌كو ئه‌مری واقع له‌ نوقته‌یه‌كی به‌هێز مامه‌ڵه‌و قسه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌كات، یه‌كێتیی هیچ پلان و كارتێكی به‌هێزی به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌، له‌ماوه‌ی ڕابردووش نه‌یتوانیوه‌ هیچ كارتێكی به‌هێز له‌ دژی پارتیه‌وه‌ بجولێنێت. كۆبوونه‌وه‌ فراوانه‌كه‌ی سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كانی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردووی ئه‌و حزبه‌ش، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌بوو، كه‌ ئه‌و هێزه‌ پلانی دیكه‌ی نییه‌و، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌شدا هیچ پلانێكی ڕانه‌گه‌یاند له‌به‌رامبه‌ر مامه‌ڵه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی پارتی. ئامانجەكانی ئێستای یەكێتی  ئامانجی سه‌ره‌كی یه‌كێتیی هه‌نوكه‌ ئه‌وه‌یه‌، له‌و ڕێككه‌وتنه‌ی سیاسیه‌ی به‌ نیازه‌ له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌نجامیبدات زۆرترین ده‌ستكه‌وتی هه‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ی ده‌یه‌وێ پارێزگارێك له‌خۆی بۆ پارێزگای كه‌ركوك دابنێت، هه‌مووشتیش ده‌كات تاوه‌كو پارتی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح ئاسایی بكاته‌وه‌. به‌ نسبه‌ت یه‌كێتیی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان گرینگ نییه‌، هه‌ربۆیه‌ش له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كاردانه‌وه‌كانی توند نه‌بوون. یه‌كێتیی له‌وانه‌یه‌ له‌ خوله‌كانی داهاتووی گفتووگۆكانیدا، داواكارییه‌كانی له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و دوو وه‌زاره‌تی سیادی له‌به‌رامبه‌ر پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان. ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی ئه‌و پلانه‌ی سه‌ربگرێت ئه‌وا له‌یه‌ك كاتدا هاوسه‌نگی نێو باڵه‌كانی خۆی ده‌پارێزێت، له‌ هه‌مانكاتیشدا له‌ كۆڵ په‌رله‌مانێك ده‌بێته‌وه‌، كه‌ لایه‌ن پارتی و پاشكۆكانی كۆنترۆل كراوه‌، پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ته‌نها له‌رووی سیادیه‌وه‌ گه‌وره‌یه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی به 21 كورسی هیچ نییه‌، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیش پارتی قوفڵی داوه‌و سه‌رۆكی حه‌قیقی هێمن هه‌ورامیه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێتی پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌ت و وه‌زیری ناوخۆو دارایی وه‌رگرێت، ئه‌وكات پاڵانسێك له‌ نێوان باڵه‌كان دروستده‌كات، ئه‌وكات پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌دات به‌ كه‌سێكی وه‌كو (حاكم قادرو عیماد ئه‌حمه‌د)، كه‌ خواستیانه‌و وه‌ریگرن، قوباد تاڵه‌بانیش ده‌كاته‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، ده‌رباز كۆسره‌تیش بۆ وه‌زیری ناوخۆ، یاخود دارایی، له‌ كۆڵ ئه‌وه‌شده‌بێته‌وه‌ له‌سه‌ر بێگه‌رد تاڵه‌بانی و رێواس فایه‌ق كێشه‌ی ناوخۆیی دروستبكات. یه‌كێتیی ئامانجیه‌تی له‌ گفتووگۆكانی داهاتووی، ده‌ست بۆ كۆمه‌ڵێك پۆست ببات، كه‌ پارتی داویه‌تی به‌ گۆڕان، تاوه‌كو كێشه‌ له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیان دروستبێت. گۆڕان و پارتی  پارتی به‌ هێنانی گۆڕان و واژووكردنی ڕێككه‌وتنی سیاسی له‌گه‌ڵیدا، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و هێزه‌ له‌ هه‌نگاوی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و كاراكردنه‌وه‌ی یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌شداربێت، گۆڕانی بۆئه‌وه‌ به‌لكێشكرد، تاوه‌كو هێزه‌كانی دیكه‌ش بێن، چونكه‌ به‌ نه‌هاتنی گۆڕان، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌بوو هێزه‌كانی دیكه‌ش نه‌یه‌نه‌ دانیشتنی په‌رله‌مان، به‌مه‌ش پارتی ڕووبه‌ڕووی گرفت ده‌بوویه‌وه‌. یه‌كێتیی پلانی دوو ئیداره‌یی نییه‌، به‌ڵكو پلانی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌شێك له‌و پۆستانه‌ وه‌رگرێته‌وه‌، كه‌ پارتی له‌سه‌ر حسابی یه‌كێتیی به‌شێكی دایه‌ گۆڕان، چونكه‌ پۆستی وه‌زاره‌تێك كه‌ هی یه‌كێتی بوو له‌ بنه‌ڕه‌تداو بۆئه‌وان دانرابوو، به‌ڵام پارتی له‌ به‌ر خاتری هاتنی گۆڕان بۆ دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان دایه‌ ئه‌و حزبه‌. پارتی له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، پلانی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان به‌بێ یه‌كێتیی یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كارابكاته‌وه‌، به‌ڵام ڕایگرت و ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی خولێكی دیكه‌ی دانوستاندن ده‌ستپێبكاته‌وه‌. نێچیرڤان بارزانی له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌بووه‌و له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه‌ی ناوبراو، دوای سه‌ردانیكردنی بۆ لای یه‌كێتیی، له‌ماوه‌ی دوو كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا، ئه‌گه‌ری زۆره‌ هه‌ردوولایه‌ن ڕێكبكه‌ون، هه‌ربۆیه‌ش خه‌ونی دوو ئیداره‌یی و به‌رده‌وامبوونی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌م شێوه‌ی ئێستا ئه‌سته‌مه‌، ئه‌و دۆخه‌ له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا تێپه‌رده‌بێت.


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە میدیاكانییەوە باس لەوەدەكات لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، پۆستی سەرۆكی هەرێمی دەوێت، بەڵام بە كردار دەیەوێت پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەرگرێت كە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابووەتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی دواین هەڵوێستی یەكێتی ئاشكرا دەكات. لەدوای كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان، بڕیاربوو نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی سەردانی شاری سلێمانی بكات‌و لەگەڵ یەكێتی كۆببێتەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی لەبری سلێمانی سەردانی دەرەوەی وڵاتی كرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی ئێستا چیتر سەرەنجی لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك نییە‌و دڵنیابووە لەوەی پارتی بەمزوانە مل بەخواستەكانی نادات، یەكێتی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پارێزگاری كەركوكی بۆ كاتێكی گونجاو هەڵگرتووە، ئەمەش لەكاتێكدایە هێشتا میدیاكانی یەكێتی جەخت لەسەر ئەوە دەكەن كە پاكێجی كەركوك لەگەڵ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمدا یەكلابكرێتەوە. یەكێتی چی دەوێت ؟ بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لە یەكێتی نیشتمانی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، ئێستا لەناو سەركردایەتی یەكێتیدا بۆچونێكی بەهێز دروستبووە كە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رەتدەكاتەوە، ئەوانەی ئەم بۆچونەیان هەیە باوەڕیانوایە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەم خولەدا هیچ دەستكەوتێكی بۆ یەكێتی نابێت‌و زیاتر سودی بۆ ئەو كەسە دەبێت كە پۆستەكە وەردەگرێت، بەوپێیەی هەردوو جێگرەكەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی یەكلابوەتەوە‌و سەرباری ئەوە پارتی‌و هاوپەیمانەكانی لەناو پەرلەماندا زۆرینەی كورسییەكانیان بەدەستەوەیە، ئەمە جگە لەو ململانێی توندەی لەنێوان باڵەكانی یەكێتیدا لەسەر یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان (بێگەرد تاڵەبانی- رێواس فایەق) دروستبووە. پرسیارەكە ئەوەیە، ئەگەر یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی ناوێت، چی دەوێت ؟ چەند سەرچاوەیەكی جیاواز بۆ (درەو میدیا) پشتڕاستیانكردەوە، ئێستا بۆچونی بەهێز لە مەكتەبی سیاسی ئەوەیە، یەكێتی لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، چەند پۆستێكی سیادی تر وەرگرێت، تا لانی كەم لەو رێگەیەوە پارسەنگێك لەنێوان باڵە جیاوازەكانی حزبدا رابگیرێت. بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، یەكێتی لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، دەیەوێت پۆستی وەزارەتی (ناوخۆ‌و پێشمەرگە)‌و پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەرگرێت، ئەمە سەرەڕای پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت كە وایانداناوە بۆ یەكێتی یەكلابوەتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان داناوە‌و لەسەر ئەو بابەتە رێككەوتن ئیمزاكراوە.  یەكێتی سەرۆكی هەرێمی دەوێت ؟ دوای ئەوەی پارتی رۆژی 18ی مانگ بەبێ یەكێتی كۆبونەوەی پەرلەمانی كرد‌و دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژارد، هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمیان هێنایە ناوەوە‌و رایانگەیاند" یەكێتی لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، پۆستی سەرۆكی هەرێمی دەوێت". ئایا یەكێتی بەڕاستی پۆستی سەرۆكی هەرێمی دەوێت ؟ بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) ئەو بەرپرسانەی یەكێتی كە باسی سەرۆكایەتی هەرێمیان هێناوەتەگۆڕێ، خۆشیان لەوە دڵنیان پارتی ئەو پۆستە بە یەكێتی نادات، بەڵام بۆچی دەبێت ئەم بابەتە بوروژێندرێت ؟ سەركردەكانی یەكێتی بەتەواوەتی لەوە تێگەیشتوون كە پۆستی سەرۆكی هەرێم چ بایەخێكی ژیاریی بۆ پارتی هەیە، بۆیە دەست بۆ ئەو پۆستە دەبەن، لە ساڵی 2005وە پارتی خاڵی لاوازی خۆی بۆ یەكێتی ئاشكراكرد، كاتێك مەسعود بارزانی بە مام جەلالی وتبوو، ئەوان لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق تەنیا بە پۆستی سەرۆكی هەرێم قایل نین‌و دەبێت سەرۆكایەتی حكومەتیشیان پێبدرێت، چونكە ئەوان كێشەی بنەماڵەییان هەیە‌و ئەو (بارزانی) ناتوانێت بەبێ زامنكردنی پۆستێك بۆ برازاكەی (نێچیرڤان بارزانی)، پۆستی سەرۆكی هەرێم وەرگرێت (نەوشیروان مستەفا لە یادەوەرییەكانی خۆیدا ئەم چیرۆكەی نوسیوەتەوە). ئێستا پارتی لە هەمان دۆخی ساڵی 2005دایە، مەسعود بارزانی كشاوەتەوە‌و لەبری خۆی مەسرور بارزانی كوڕی هێناوەتە پێش‌و كاندیدی كردووە بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بەمە بارزانی كۆتایی بە 18 ساڵ تەمەنی نێچیرڤان بارزانی هێنا لە سەرۆكایەتی حكومەت، بەڵام ئەركێكی گەورەشی كەوتەئەستۆ كە دەبێت پۆستێكی نوێ بۆ برازاكەی زامن بكات. داواكردنی پۆستی سەرۆكی هەرێم لەلایەن هەندێك لەسەركردەكانی یەكێتییەوە تەنیا یاریكردنە لەسەر تەوەرە هەستیارەكەی پارتی‌و رەنگە ئاكامێكی نەبێ، بەڵام ئەمە رەنگە پارتییەكان قەڵس بكات. ئێرانییەكان دێنە ناوەوە رەنگە قۆناغی نوێی دانوستانەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەنێوەندگیری ئێرانییەكان بەڕێوەبچێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئێستا ئێرانییەكان لە پشتی پەردە كار لەسەر لێكنزیككردنەوەی پارتی‌و یەكێتی دەكەن، بەتایبەتیش دوای ئەوەی هەردوولا لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان تاڕادەیەك گەیشتنە بنبەست. چارەسەری كۆتایی كێشەی یەكێتی‌و پارتی، جێپەنجەی سیاسەتی ئێرانییەكانی پێوە دیاردەبێت. پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم لەدوای ئەوەی پارتی بەبێ بەشداریكردنی یەكێتی رۆژی 18ی مانگ كۆبونەوەی پەرلەمانی كرد‌و، هاوكات پارتی سوربوو لەسەر ئەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیش هەمواربكاتەوە، بۆئەوەش سەرۆكی پەرلەمان (ڤالا فەرید) چەند هەنگاوێكی نا بە ئاڕاستەی دروستكردنی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمان، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پارتی هەنگاوەكانی دروستكردنی لیژنەكانی پەرلەمانی راگرتووە، تائەوكاتەی لەگەڵ یەكێتی كێشەكانی چارەسەر دەكات، ئەمەش پەرەسەندنێكی ئەرێنییە لە پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی، بەڵام پێناچێت درێژەبكێشێت، ئەگەر بەزویی هەردولا نەگەنە چارەسەر، پارتی هەنگاوەكانی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بەبێ یەكێتی دەستپێدەكاتەوە. مانۆڕەكەی یەكێتی ! لە یەكەم كاردانەوەدا دژ بە پارتی دوای كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمان، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی‌و ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی مانۆڕێكی جەماوەرییان كرد، لەو مانۆڕەدا كۆسرەت رەسوڵ عەلی هەندێك توندتر لە جاران بەرامبەر بە پارتی قسەی كرد. باڤڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی‌و زۆرێك لە سەركردە دیارەكانی تری یەكێتی بەشدارییان لەو كۆبونەوە جەماوەرییەدا نەكرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، زۆرێك لە سەركردەكانی یەكێتی لەو كۆبونەوە جەماوەرییە نیگەران بوون‌و رەخنەیان هەیە، چونكە بەوتەی ئەوان كۆبونەوەكە نەیتوانیوە وەكو پێویست نیگەرانی لایەنگرانی یەكێتی دوای كۆبونەوەكەی پەرلەمان بڕەوێنێتەوە‌و سەرباری ئەوەش هێچ هەڵوێستێكی سیاسی نوێی تێدا رانەگەیەندراوە.  


راپۆرتی: سەلاح خدر پرسی تیرۆریستە دەستگیرکراوە ئەوروپیەکانی داعش کە ژمارەیان ٨٠٠ کەسن لەدەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتیدا، بابەتێکە لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە ڕۆژەڤی میدیاکان، تایبەتتر دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی ئازادکردنی کردن کردن لەئەگەری وەرنەگرتنەوەیان لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا. هەرچی هێزەکانی سوریای دیموکراتیە لەبەرامبەر بێدەنگی ئەوروپا و وەرنەگرتنەوەیان داوای کردووە کە لە دادگایەکی نێودەوڵەتی تایبەتدا دادگایی ئەو ٨٠٠ داعشە بکرێن و چارەنوسیان یەکلابکرێتەوە. ئەوەی ئاشکرایە دەوڵەتی تورکیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە بەپێی زۆر بەڵگە لەئاواکردن و هاوکاری داعش دا ڕۆڵیان هەبووە، هەموو هەوڵی خۆیان خستوەتە گەڕ تا دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا ڕازی بکەن داعشە گیراوەکانی تەسلیمی ئەوان بکەن. لێرەدا ئەوەی نیشانەی پرسیار دروست دەکات ئەوەیە کە ئایا ئەردۆغان ئەو ٨٠٠ تیرۆریستەی بۆ چییە؟  پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی ترامپ و ئەردۆغان  بەپێی زانیاریەکانی ڕۆژنامەی حوڕیەتی تورکی لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکانی ئەم دواییەی نێوان  ئەردۆغان و ترامپ دا پرسی ئەو ٨٠٠ تیرۆریستە قسەی زۆری لەسەرکراوە، ئەردۆغان هەوڵی داوە ترامپ قایل بکات بەوەی ئەو تیرۆریستانە تەسلیمی ئەوان بکەن، گوایە دەتوانن لەو هەرێمانەی تورکیا داگیری کردوون وەک (ئیدلب، عەزاز، باب، جەرابلوس و عەفرین) زیندانیان بکات، ئەردۆغان دەیەوێت ڕێگا چارەی سێهەمین نیشانی ترامپ بدات گوایە لەو هەرێمانە سوپای سوری ئازاد هەن کە چەندین دیلی داعش یان لەدەستدایە و دەتوانن بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەوانی دیکەش لەئەستۆ بگرن.  ئەردۆغان بەنیازی چیە؟  دەوڵەتی تورکیا لە دروستکردنی داعش و سەپۆرت و هاوکاری کردنیان تا ڕۆژی ئەمڕۆ بەردەوام بووە، هەرکات داعش لەسەر دەستی شەرڤانان زەبری خواردبێت تورکیا هەوڵیداوە بە جەبهەی دووهەم و هێرش لە پشتەوە هاوکاری داعش بکات، لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانیوە ڕێ لە کۆتایی هێنانیان بگرێت. بەهۆی ئەوەی ئەردۆغان ستراتیژی و سیاسەتی دوژمنکارانەی خۆی دژ بە گەلان و ئارامی ناوچە بەتایبەت کوردان لەسەر حسابی داعش داڕشتبوو، ئێستا و پاش نەمانی ئەم گروپە تیرۆریستە هەموو ئەو حساباتانەی سەروبن بوون و ڕوبەڕووی شکستێکی گەورە بووەتەوە. دەتوانین ئامانجەکانی ئەردۆغان بۆ بەدەستخستنی ئەو ٨٠٠ چەتەیەی داعش لەم خاڵانەدا ڕاڤە بکەین: 1- ئەردۆغان هەوڵ دەدات هیچ کام لەو داعشانە نەدرێنە دادگایەکی نێودەوەڵەتی وەک ئەوەی هەسەدە داوای کردووە، چونکە لەئەگەری هەر دادگایەکی وەهادا ئەوا پەیوەندی و نهێنیەکانی داعش و تورکیا بەتەواوی ئاشکرا دەبێت. 2- لەئەگەر داننانی ئەو داعشانەدا لەدادگایەکی نێودەوڵەتی بەپەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا ئەوا دەکرێت تورکیاش بەتاوانی جەنگ پەلکێشی دادگای نێودەوڵەتی لاهای بکرێت. 3- تورکیا هەوڵ دەدات هەموو ئەو داعشانە لەژێر دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە تا پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەو گروپە تیرۆریستیە نەچێتە دەرەوە. 4- ڕێگری کردن لە لەناوچوونی داعش، تا بەناو و بەرگی دیکە و لەژێر دەستی خۆیدا کۆیانبکاتەوە و بیانهێڵێتەوە. 5- بەکارهێنانی ئەو تیرۆریستانە بۆ بەردەوامی دان بە سیاسەتی شەڕ و داگیرکاری خۆی لەناوچەکەدا بەتایبەتی دژایەتی کوردان. 6- جارێکی تر بەکارهێنانەوەیان بۆ داگیرکردنی هەرێمەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان. 7- بۆ دژایەتی کردنی هەر ستاتۆریەکی کوردی لەسەر ئاستی هەر چوارپارچەی کوردستان لە نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوین دا. 8- بەکارهێنانیان بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی لە کێشە و ململانییە ناوخۆییەکانی تورکیا، لەئەگەری کودەتایەک بۆ لادانی ئەردۆغان لەسەر دەسەڵات، چونکە دۆخی کۆمەڵگای تورکیا لەبەرامبەر دەسەڵاتداری دکتاتۆری ئەردۆغان لەهەموو ئان و ساتێکدا لەبەر تەقینەوەدایە.  9- هەڕەشەپێکردنی ئەوروپا بۆ سەپاندنی داخوازییەکانی خۆی و دوورخستنەوەیان لە هاوکاری کوردان. دەتوانین بەوە کۆتایی بەم باسە بهێنین کە نە هێزەکانی سوریای دیموکراتی و نە ئەمەریکا ئامادەن ئەو ٨٠٠ گیراوە بیانیەی داعش تەسلیمی تورکیا بکەن، چونکە دانپێدانان و بەڵگەکانی ئەو داعشانە بەسە بۆ دادگایی کردنی ئەردۆغان و تاقمەکەی بەتاوانی جەنگ.  


راپۆرتی: فازل حەمەڕەفعەت – محەمەد رەئوف  بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكان، تائێستا یەكلانەبوەتەوە كێ بڕیار لەسەر كاندیدەكان دەدات، بەڵام زیاتر لە (6 هەزار) هەڵسوڕاو بۆ وەرگرتنی پۆست سیڤییان پڕكردوەتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد لەبارەی كاندیدەكانی گۆڕان بڵاودەكاتەوە. بزوتنەوەی گۆڕان وەك یەكەم هێزی سیاسی پشكی خۆی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان زامنكرد، بەپێچەوانەی یەكێتی نیشتمانییەوە كە هێشتا چاوی لە دانوستانە لەگەڵ پارتی، گۆڕان ئێستا سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانیەتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان لە حكومەت. هاوشێوەی كابینەی پێشوو پێدەچێت لەم كابینەیەشدا گۆڕان بەر لە یەكێتی پەیوەندی بە شەمەندەفەرەكەی حكومەتەوە بكات، ئێستا لە ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕاندا پرسی گەرموگۆڕ باسی دانانی كارەكتەرەكانە لەو پۆستانەی كە گۆڕان لە كابینەی نوێدا دەیانگرێتە دەست. پۆستەكانی گۆڕان  بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی كردویەتی، لە كابینەی نوێدا ئەم پۆستانە بەدەست گۆڕانەوە دەبێت: •    جێگری سەرۆكی هەرێم •    وەزیری دارایی •     وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی •     وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی •    وەزارەتێكی تر كە هێشتا یەكلانەبوەتەوە (رەنگە وەزارەتی شارەوانییەكان بێت) •    دەستەی دەستپاكی •    دەستەی وەبەرهێنان •    یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئەنجومەنی چاكسازی •    ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە •    جێگری وەزیری ناوخۆ •    دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات (گۆڕان داوای نوێنەرایەتی ئەمریكا‌و بەریتانیا دەكات) •    24 بەڕێوەبەری گشتی •    24 راوێژكار •    بەڕێوەبەری گشتی‌و بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەت‌و دەستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت •    بریكاری وەزیری پەروەردە كاندیدەكان چۆن دیاری دەكرێن؟ لەدواین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا بڕیاربوو جڤاتی نیشتمانی لیژنەیەك بۆ (فلتەركردنی) ناوو سیڤی كاندیدەكان پەسەندبكات‌و هەر جڤات خۆشی دەنگ لەسەر ناوی ئەندامانی لیژنەكە بدات، بەڵام ئەم بابەتە لە كۆبونەوەكەی جڤاتدا نەخرایەبەر باس‌و بەتەواونەكراویی بەجێهێڵدرا. بەڵام (درەو میدیا) زانیویەتی، دروستكردنی لیژنەكە‌و ناوی ئەندامەكانی ئێستا لەنێوان جڤاتی نیشتمانی‌و خانەی راپەڕاندن‌و كوڕەكانی نەوشیروان مستەفادا (چیا‌و نما) بەهەڵواسراوی ماوەتەوە‌و نازانرێت ئەوە كێیە بڕیار دەدات لەسەر دانانی كاندیدەكان. لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ئێستا چەند بۆچونێكی جیاواز هەیە لەبارەی چۆنیەتی دانانی ناوی كاندیدەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان. بۆچونی یەكەم: هەندێك داوا دەكەن هیچ یەكێك لەو كارەكتەرانەی كە پێشتر لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان پۆستیان لە حكومەت‌و پەرلەمان وەرگرتووە، ئەمجارە پۆستیان پێنەدرێت، ئەندامانی خانەی راپەراندن زۆرینەیان لەگەڵ ئەو بۆچونەدا هاوڕان. بۆچونی دووەم:  ئەم بۆچونە باوەڕیان وایە كە تەنیا لێهاتوویی كارەكتەرەكان لە كارەكانیاندا لەبەرچاوبگیرێت، بەڵام دەبێت گرەنتی ئەوە لەو كەسانە وەربگیرێت كە لە پۆستەكاندا دەبن، بەرنامەی گۆڕان جێبەجێبكەن‌و پەیوەست بن بە بڕیاری سەركردایەتی گۆڕانەوە. پرسی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هێشتا میكانیزمەكەی یەكلانەبوەتەوە، شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر لە وتارێكدا نوسیبووی" كاندیدەكانی گۆڕان بۆ پۆستەكان لە جڤاتی نیشتمانی یەكلادەكرێتەوە"، بەڵام زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن، بەر لە رۆیشتنی ناوەكان بۆ بەردەم جڤاتی نیشتمانی، لە مەبتەخێكی تر ناوی كاندیدەكان یەكلادەكرێتەوە، كە تائێستا نادیارە. ئێستا ئەوانەی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندان رۆڵی سەرەكیان هەیە، لەدانانی كاندیدەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان دوو جەمسەرن: جەمسەری یەكەم: كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا-ن، بەپێی زانیارییەكان هەر كاندیدێك ئۆكەی ئەمانی لەسەر نەبێت لە فلتەر دەرناچێت.  جەمسەری دووەم: رێكخەری گشتی (عومەری سەید عەلی)یە، هەرچەندە هیچ دژبەرییەك لەنێوان جەمسەری یەكەم‌و دووەمدا بەدیناكرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكان لە پڕكردنەوەی پۆستەكاندا هەریەكەیان پشكی خۆی دەبێت، بەواتایەكی رونتر هەریەك لەو دوو جەمسەرە كەسانی نزیك لەخۆیان بۆ پۆستەكان كاندید دەكەن. خانەی راپەراندن كە دەسەڵاتی باڵای جێبەجێكردنە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، دەبوو لە پرسی دیاریكردنی كاندیدەكاندا رۆڵی هەبێت، بەڵام پێناچێت خانە ئەو رۆڵە ببینێت، چونكە زیاتر لە نێوەی ئەندامەكانی خانە خۆیان چاویان لە وەرگرتنی پۆستە وزارییەكانە. شەش هەزار سیڤی  بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەچەند سەرچاوەیەكەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دەست (درەو میدیا) كەوتوون، زیاتر لە (6 هەزار) كەس كە هەڵسوڕاوی گۆڕانن لەهەموو ئاستەكاندا "سیڤی"یان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانە پێشكەشكردووە كە لەم كابینەیەدا بەر گۆڕان دەكەوێت، كە نزیكەی (68) پۆستە، بەڵام ئەم ژمارە زۆرەی "سیڤی" نازانرێت بە چ میكانیزمێك‌و كێ یەكلاییان دەكاتەوە. دابەشبوونی جوگرافی پۆستەكان پڕكردنەوەی پۆستەكانی حكومەت لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بەپلەی یەكەم لەسەر بنەمای نزیكیی لە كارەكتەرە سیاسییەكانە، بەڵام سەرباری ئەمەش بۆ راگرتنی پارسەنگی دابەشبوونی جوگرافی‌و دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، لەدانانی پۆستەكاندا ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان‌و رەوەندی دەرەوە لەبەرچاو دەگیرێت، بەڵام ئەمەش بێ كێشە نییە، بەپێی زانیارییەكان زۆرینەی مەكۆكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە شارەكان دەیانەوێت خۆیان رۆڵی سەرەكییان هەبێت لە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان، واتە دانانی كاندیدی ناوچەكانیان لە مەكۆی سەرەكییەوە لە شاری سلێمانی رەتدەكەنەوە. سەرباری ئەمە بەپێی زانیارییەكان، رەوەندی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بەفەرمی لەڕێگەی نوێنەرەكانیانەوە لە جڤاتی نیشتمانی داوا دەكەن ئەو دوو پۆستەی كە لە پەیوەندییەكانی دەرەوە بەر گۆڕان كەوتووە، ئەوان كاندیدەكانی بۆ دیاری بكەن.  وەزارەتەكانیش یەكێكیان بۆ كارەكتەرێكی سلێمانی بزوتنەوەكەو یەكێكی تریان بۆ كارەكتەرێكی هەولێر دەبێت.  بازەكە لەسەر شانی كێ دەنیشێتەوە؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەستیكەوتوون، كاندیدەكانی گۆڕان بۆ پۆستەكان ئەمانەن: * بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مستەفا سەید قادر) چانسی گەورەی هەیە، چونكە هەم كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا پشتیوانی دەكەن، هەم دڵخوازی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە، بەوپێیەی پارتییەكان لە ئەدای كاركردنی لە پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە لە كابینەی پێشوودا رازین. * هەرچی پۆستی وەزیری داراییە، كێبەركێكە لەنێوان (ئاوات شێخ جەناب) بەرپرسی ژووری كارگێری بزوتنەوەی گۆڕان‌و (هاوار شێخ رەئوف) بەرپرسی پێشووی بانكە بازرگانییەكانی هەرێمدایە، هەرچەندە هێشتا گەمەكە لەسەرەتادایە‌و پێدەچێت كاندیدی دیكەش بێنە ناوەوە، بەڵام تائێستا بەپێی زانیارییەكان (ئاوات شێخ جەناب) چانسی وەرگرتنی پۆستەكەی زیاترە. * بۆ وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، دوو كەس چاویان لەسەر پۆستەكەیە، كە بریتین لە (ئاراس وەلی) ئەندامی وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان‌و (كوێستان محەمەد) پەرلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، بەهۆی نزیكیی لە رێكخەری گشتی‌و هاوكات وەكو ژنێكیش (كوێستان محەمەد) چانسی زیاترە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە.  * بۆ وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازیی، ئەوەی تائێستا ناوی دێت (ساماڵ سەردار) وەزیری بازرگانیی پێشووی حكومەتی هەرێمە، كە یەكێكە لە كەسە نزیكەكان لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا. * ئەو وەزارەتەی كە دەمێنێتەوەو تائێستا یەكلانەكراوەتەوە، پێدەچێت وەزارەتی (شارەوانی‌و نیشتەجێكردن) بێت، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا تائێستا قسە لەسەر ئەوەیە ئەم پۆستە بدرێتە بە كەسایەتییەكی هەولێر، ئەوەی ناوی دێت بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە بریتییە لە هەریەك لە (چالاكی موهەندیس) ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و (برزۆ مەجید) سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، (برزۆ مەجید) چانسی زیاترە. * سەرباری ئەم ناوانەی كە وەكو كاندید بۆ پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكان باسكران، زیاتر لەنیوەی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن چاویان لە وەرگرتنی پۆستە وزارییەكانە، ئەمەش رەنگە پرۆسەكە دووچاری ئاستەنگ بكات. * پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری چاكسازی كە بە پۆستێكی سیادی ئەژمار دەكرێت‌و لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە پێشنیازكراوە‌و پرۆژەكەی بۆ نوسراوە، تائێستا كاندیدی بەهێز بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە (جەلال جەوهەر)ە، كە ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری گۆڕانە. * بۆ دەستەی وەبەرهێنان، لەگەڵ ئەوەی چەندین كەس چاویان لە وەرگرتنی ئەو پۆستەیە، بەڵام تائێستا كاندیدی بەهێز (دانا عەبدولكەریم) بەرپرسی دۆسیەی حكومەتە لەژووری حكومەت‌و پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان. * بۆ دەستەی دەستپاكی، ناوی هەریەكە لە (رەئوف عوسمان) سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و (سەردار قادر) بەرپرسی میدیای كۆمپانیا وشە لەئارادایە. * بۆ پۆستی ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، (جەمال حاجی محەمەد) سكرتێری جڤاتی نیشتمانی كاندیدی بەهێزە. * بۆ پۆستی جێگری وەزیری ناوخۆ، (دلاوەر حاجی عوسمان) پێشمەرگەی دێرین چانسی گەورەی هەیە. * بۆ نوێنەرایەتییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمیش، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) بزوتنەوەی گۆڕان داوای بەرپرسی نوێنەرایەتییەكانی هەرێمی لە (ئەمریكا‌)و (بەریتانیا) كردووە، رەوەندی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان داوايان كردووە ئەوان كاندیدی ئەو دوو پۆستە یەكلابكەنەوە، بەڵام لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان دوو كەسی تر چاویان لەسەر پۆستەكانە، (شوناس شێركۆ جدی) كاندیدە بۆ وەرگرتنی نوێنەرایەتی ئەمریكا‌و (وشیار عومەر عەلی) كاندیدە بۆ وەرگرتنی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەریتانیا، هەردوو كاندیدەكە دوو كەسی نزیكن لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا. * هەرچی پۆستەكانی بەڕێوەبەرو راوێژكارەكانە، زۆربەیان بە خەڵكانی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی‌و گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پڕبكرێنەوە، ئەمەش وەكو بەڵێنێك دیاریكراوە بۆ ئەوەی ئەو دوو جڤاتە كە رۆڵیان لە پەسەندكردنی ناوی كاندیدەكاندا دەبێت، لەمپەر لەبەردەم پرۆسەكەدا دروستنەكەن.  هەموو ئەو ناوانەی لەم راپۆرتەدا (درەو میدیا) ئاماژەی پێكردوون، هەمووی زانیاری سەرەتاین‌و پێشبینیش دەكرێت هاوشێوەی كابینەی پێشووی حكومەت، بزوتنەوەی گۆڕان كەسانێك لە پۆستەكان جێگیر بكات كە هەرگیز پێشبینیكراو نەبوبن، یان لانی كەم بۆ زۆرینەی خەڵك ناسراو نەبن، ئەمەش ئاستی ململانێكان لەسەر دابەشبوونی پۆستەكان بڕیاری لەسەر دەدات.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand