مەزڵوم عەبدی: هەڵوێستی هەرێمی كوردستان ئەرێنیەو پشتیوانی رۆژئاوا دەكات
2025-01-28 18:15:32
درەو:
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "هاوار نیوز":
🔹سوریا گۆڕانكارییەكی مێژوویی بەخۆوە دەبینێت، بەڵام روبەڕوی ئاستەنگ و ئاڵنگاری بووەتەوە.
🔹داگیركەری توركی هەوڵەكانی سەقامگیری و بونیادنانی سوریای ئایندە پەكدەخات.
🔹ئێمە بەردەوام كاردەكەین لەپێناو راگرتنی ئاگربەستی هەمیشەیی و ئاڕاستەكردنی ناوچەكە هاوشێوەی تەواوی سوریا بەرەو سەقامگیری، بەڵام تائێستا هیچ دەستپێشخەری ئەرێنیمان پێنەگەیشتووە لەو لایەنانەی هێرشمان دەكەنە سەر.
🔹ئەو سەردانەی بۆ هەولێر ئەنجامماندا تایبەت بوو، بەدەر نەبوو لەكۆبونەوەكانی تر، پەیوەندییەكەی تەلەفونیشیمان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، وەك دەزانن پەیوەندیەكی باشیشمان هەیە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و لەپەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵی، یەكێتی كورد لەم كاتەدا لەهەموو كات زیاتر گرنگترە.
🔹هەڵوێستی هەرێمی كوردستان ئەرێنیە، ئەوان دەیانەوێت هاوكاری رۆژئاوا بكەن لە دانوستەكانمان، پشتیوانی و پاڵشپتی هەرێمی كوردستان بۆ رۆژئاوا لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە.
🔹پێویستە لە رۆژانی داهاتوودا حزبە سیاسیە كوردیەكانی رۆژئاوا كۆببنەوە، لەسەردانەكەمان بۆ هەولێر یەكێك بوو لە تەوەرە سەرەكییەكانی باسەكانمان و هەولێریش پشتیوانی دەكات.
🔹بەشێك لەوەی لەگفتوگۆكانی سەردانەكەمان پێیگەیشتن، یەكخستنی هەڵوێست و بەرمانەی سیاسیە حزبە كوردیەكانی رۆژئاوای كوردستان و پێكهێنانی دەستەیەكی یەكگرتووە بەناوی كوردەوە، بۆ رۆیشتن بۆ دیمەشق و ئەنجامدانی دانوستان.
🔹هێزەكانی سوریای دیموكرات وەك رابردوو نیە، چوار ساڵە هێزەكانمان كاردەكات لەسەر پێشخستنی توانا سەربازییەكانی و پەنابردن بۆ جۆرەها تەكنیكی سەربازی، كە سەرجەمیان لەچوارچێوەی بەرگریكردنە، چونكە ئێمە هێزێكین بۆ بەرگریكردن لەخۆمان دروستبوین نەك بۆ هێرشكردن.
🔹پێویستە هەموان ئەوە بزانن هێرشكردن بۆ سەرناوچەكانمان گەشت و سەیران نیە، لەم قۆناغەدا ئەوەمان سەلەماندووە لەڕێی پاراستنی هێزەكانمان لە بۆردومانی ئاسمانی توركیا.
🔹لەسەر ئاستی تەكنیكیش، رێوشوێنمان هەیە و سەركەوتنی سەلماندووە، ئەو هێرشانەی پوچەڵكردووەتەوە كە دەكرێتە سەرناوچەكانمان، هێرشی زەمینی بێت وەك ئەوەی ناوچەی تشرین بەخۆیەوە دەبینێت، یان ئاسمانی، كە چەندین درۆنی توركیامان تێكشكاندووە، ئەوەی تائێستا پیشاندراوە تەنها بەشێك لە رێوشوێنەكانی پاراستنی ناوچەكانمانە، كە سەرجەمیان بەرهەمی خۆمان و ناوی خۆماڵیان لێنراوە.
🔹هێزەكانمان رێگەنادات داگیركەران و بەكرێگیراوەكانی لە دەریاچەی فورات بپەڕنەوە.
🔹كاتێك پرۆسەی (ردع العدوان) دەستی پێكرد، دەستەی تەحریری شام پەیوەندییان پێوەكردم، وتیان ئامانجیان رژێمی سوریایەو ناوچەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات ناكەنە ئامانج، ئەمڕۆش بەهاوكاری نێوەندگیران، هەماهەنگی هەیە لەنێوانمان لەڕووی سەربازییەوە لە رقەو دەیرلزورو تەنانەت لە شاری حەڵەبیش.
🔹دیدارێكی دورودرێژمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی دەستەی تەحریری شام ئەنجامدا، خاڵی هاوبەش هەیە لەنێوانمان و رێككەوتنمان كردووە لەسەری، سەبارەت بە ئایندەو سروشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەچوارچێوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە سوپای سوریای ئایندەداو، یەكێتی خاكی سوریاو پێویستی چالاككردنی گفتوگۆو چارەسەری سیاسی.