Draw Media

یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە

یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە

2025-01-24 14:16:05


(پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵکەکان بۆ خاوەنەکانیان لە هەندێک لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش(ی هەڵوەشاوە))
د. یوسف محەمەد سادق

پوختە:
-    لە دوای روخانی رژێمی پێشوی عێراق، پرسی هەڵوەشاندنەوەی سیاسەت و یاسا و بڕیارەکانی ئەو رژێمە لەبواری گۆڕینی دیموگرافی، یەکێک بوە لەو بابەتانەی کە لە ماوەی جیاوازدا کاری لەسەر کراوە، بەڵام دەرەنجامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتۆتەوە.
-    لەچوارچێوەی گرنگی دان بەم کێشە گەورەیە وەک پرسێکی نیشتیمانی و، بەتایبەت لە پرسی گەڕاندنەوەی موڵکایەتیی هەزاران دۆنم زەوی بۆ هاوڵاتییانی کوردی دانیشتوی ڕەسەنی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، لەچوارچێوەی تیمێکدا زیاتر لە ١٨ مانگە ئەم دۆسییەیەمان بردۆتە دادگای باڵای فیدڕاڵی و کاری لەسەر ئەکەین.
-    پاش ئەو هەنگاوە و تا رادەیەکی زۆریش لەژێر فشاری وروژاندنی ئەو دۆسیەیە لە دادگای فیدراڵی، پڕۆژە یاسایەک سەبارەت بەم بوارە لە حکومەتی ئیتیحادییەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا کە کۆمەڵێک (مین)ی لەخۆ گرت بو بۆ لەباربردنی گەڕاندنەوەی تەواوی موڵکەکان بۆ خاوەنەکەنیان. هەر بۆیەش هاوکاریی نوێنەرانی کوردی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانمان کرد بۆ ئەوی کێشەکانی پڕۆژە یاساکە چارەسەر بکرێن.
-    پاش ململانیەکی زۆر و بە چەند دانیشتنێک دەنگ لەسەر پڕۆژەکە دراو و بو بە یاسا، بەڵام هێشتا دڵنیایی تەواو سەبارەت بە ناوەرۆکەکەی نییە.
-    ئەگەر ئەم یاسایە لەسەر بنەمای پێشنیارەکانی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر درابێت، ئەوا بە هەمو پێوەرێک مێژوییە و، ئەتوانین بڵێین کە بەشێکی برینی جینۆساید و ئەنفال سارێژ ئەکات، چونکە سەرەتای جینۆسایدی گەلی کورد لە (تەرحیل) و (تەعریب)ەوە دەستی پێکرد. لە هەمان کاتدا بەشێکی دادپەروەریی راگوزەر بەدی دێنێت و، دەرفەتی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچە جێناکۆکەکان زیاتر ئەکات. خۆ ئەگەر یاساکە بەو شێوەی لە حکومەتەوە هاتوە دەنگی لەسەر درابێت، ئەوا ئەبێتە برینێکی قوڵی تری بەردەوامیی سیاسەتەکانی رژێمی پێشو و، چارەسەر نەکرنی کێشەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان.
-    ئێستا ئیتر دوای پەسەند کردنی ئەم یاسایە، ئەرکی بەرپرسەکانی کوردە لە دەوڵەتی ئیتیحادی کە وەک یەک تیم رێوشوێنەکانی جێبەجێ کردنی یاساکە دەستنیشان بکەن و جێبەجێی بکەن، بەتایبەت کە وەزارەتی دادی عێراق لای کوردە.


پێشینەی مێژویی:
رژێمی پێشوی عێراق لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی و  راگواستنی هاوڵاتییانی کوردی دانیشتوی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر و، تەعریبی ئەو ناوچانە، لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەکانی رابردوەوە دەستی کرد بە دەرکردنی چەندین یاسا لە شێوەی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە (ئە. س. ش) بۆ داگیرکردنی زەوی و زاری هاوڵاتییانی کورد و تورکمان و، دابەش کردنی بەسەر  عەرەبی هاوردە کە لە ناوچە جیاجیاکانی دیکەی عێراقەوە هێنرانە سنوری پارێزگای کەرکوک و سەرجەم شارە کوردنشینە جێناکۆکەکانی تر.
دەستوری عێراقی بەرکار لە مادەی (٢٣) دا موڵکی تایبەتی بە پارێزراو (مصون) ناساندوە و رێی لە داگیرکردنی گرتوە تەنها بۆ بەرژەوەندیی گشتی نەبێ و لە بەرامبەر قەرەبوی دادپەروەرانە و بەپێی یاسا. هەروەها لێسەندنەی موڵکایەتی بە ئامانجی گۆڕینی دیموگرافیی قەدەغە کردوە. دەوڵەتی عێراق لە مادەی (٥٨)ی یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت و، لە مادەی (١٤٠)ی دەستور دا، دانی بەوەدا ناوە کە پێویستە دامەزراوە و دەسەڵاتەکانی عێراق کار بکەن بۆ هەڵگرتنی ئەو ستەمەی رژێمی پێشوی عێراق بۆ گۆڕینی دیموگرافی لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر پەیڕەوی کردوە. بەڵام حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دوای روخانی رژێمی پێشو، خۆیان دزیوەتەوە لە جێبەجێ کردنی ئەو بەرپرسیارێتییەی دەستور لەم بوارەدا بۆی دیاری کردون. هەڵبەت دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و، ئەوانەی پۆست و بەرپرسیارێتییان هەبوە لە ماوەی رابردو لە بەغدا، ئەوانیش کەمتەرخەم بون لە فشارکردنی کاریگەر بۆ جێبەجێ کردنی ئەو مادە دەستورییانە.

هەنگاوی یاسایی و دادوەری:
وەک یەکەم هەنگاوی یاسایی بۆ چارەسەری ئەم ستەمە مێژوییە، حکومەتی ئیتیحادی لە ساڵی ٢٠١٤ دا پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی (ئە. س. ش)ی پەسەند کرد و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد بۆ تەشریع کردنی. ئەم پڕۆژەیە لە خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران تا خوێندنەوەی دوەم رۆشت، بەڵام دواتر تەشریع کردنی وەستا (بڕوانە دەقی پڕۆژەکە لە هاوپێچی ژمارە ١). ئەو پڕۆژە یاسایە پڕۆژەیەکی گشتگیر و رون و زۆر باش بو و، ئەگەر پڕۆسەی تەشریع کردنی تەواو ببوایە، ئەوا تا رادەیەکی زۆر کێشەکانی چارەسەر ئەکرد. بەڵام وا دیارە بە هۆی ململانێ سیاسیی و ئیتنییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران نەبو بە یاسا.

هەر بۆیەش لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ەوە دەستمان کرد بە لێکۆڵینەوە لەم دۆسییەیە و، دواجاریش لە کارێکی پێکەوەیی نیشتیمانی و بەدور لە هەر لایەندارییەکی حیزبی، لەگەڵ پەرلەمانتاری کوردی کەرکوک خاتو دیلان غەفور و پارێزەری راوێژکار م. زەردەشت خالد محەمەد و چەند کەسایەتییەکی ناوچەکانی داقوق و سەرگەڕان، بەتایبەت بەڕێزان شێخ نەجات تاڵەبانی، شێخ عیزەدین غازی، محەمەد حەمەدئەمین سادق، مامۆستا غەفور و دەشتی خزر جەمیل، لە ڕۆژی (١٩- ٦- ٢٠٢٣) دو داوامان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بەم دۆسیەیە تۆمار کرد و، لەو کاتەوە بە رەچاو کردنی هەستیاریی ئەم دۆسییە گەورەیە، بە هێمنی و دور لە هەڵای راگەیاندن و سۆشیال میدیا و زۆر بە وردی، لە میانی سیانزە دانیشتنی دادبینی لە دۆسییەکەدا، پێکەوە بە گیانی یەک تیم، سوپاس بۆ خوا بەسەر هەمو ئاڵنگارییەکان دا سەرکەوتو بوین (چیرۆکی ئەم دو داوایە هەڵدەگرین بۆ دەرفەتێکی تر).
هەر لە کاتی بەڕێوەچونی دانیشتنی دادبینیی ئەو دو داوایەی ئێمە، حکومەتی ئیتیحادی پڕۆژە یاسایەکی ناردە ئەنجومەنی نوێنەران بە ناوی (پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵکەکان بۆ خاوەنەکانیان لە هەندێک لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش(ی هەڵوەشاوە))  کە جیاواز بو لە پڕۆژە یاساکەی ساڵی ٢٠١٤. ئەنجومەنی نوێنەران لە (٢٧- ٤- ٢٠٢٤) خوێندنەوەی یەکەمی بۆ ئەم پڕۆژەیە کرد و، لە (٩- ٥- ٢٠٢٤)یش خوێندنەوەی دوەمی بۆ کرد . سەرباری ئەوەی بەردەوامیی دانیشتنەکانی دادبینی لە دۆسیەی داواکانی ئێمە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی فشارێکی جدیی دروست کرد بو بۆ تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایە بە پێچەوانەی چارەنوسی پڕۆژە یاساکەی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ئەو پڕۆژە یاسایەی کە ئەم جارە ئاڕاستەی پەرلەمان کرا بو، کۆمەڵێک کێشە و کەمورتیی جەوهەریی تێدا بو کە وەک (مین) لە پڕۆژەکەدا چێنرا بون و لە حاڵەتی پەسەند کردنی بەو شێوەیە، لە ناوەڕۆکەکەی خاڵی دەبوە و، گەڕاندنەوەی زەوییەکانی بۆ خاوەنەکانیان زۆر ئەستەم ئەکرد. بۆ نمونە لەم پڕۆژە یاسایەدا بڕیارەکانی (ئە. س. ش) هەڵنەدەوەشێنرانەوە و، هەر کەسێک بیویستایە زەوییەکەی وەربگرێتەوە دەبو بیسەلمێنێت کە هەڵاوێردەکانی مادەی (٢)ی پڕۆژەکە بەسەریدا ناچەسپێت. بەم شێوەیەش بۆ هەمو موڵکێک پێویست بو مامەڵەی یاسایی و دادوەری بکرێت، چونکە بنچینەی داگیر کردنی موڵکەکان کە بڕیارەکانی (ئە. س. ش) بو، هەڵنەدەوەشێنرانەوە. پەسەند کردنی ئەو پڕۆژەیە و بەو شێوەیە رێک دەبوە هاوشێوەی بەندی یازدەیەم لە مادەی (٧)ی یاسای دەستەی داواکانی موڵکایەتی ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠١٠ کە گەڕاندنەوەی هەر موڵکێکی بەستۆتەوە بە داوا نەکردنی لە لایەن ئەو وەزارەتەی کە بە ناوییەوە کراوە و، بەو شێوەیەش ئەو بەندە ناوەڕۆکی یاساکەی پوچەڵ کردۆتەوە، چونکە هەمو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان گشتاندنیان کردوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانیان کە دەستبەرداری هیچ موڵکێک نەبن جا ئەگەر پێویستیان بێ یان نا! هەر بۆیەش لە دوای دەرچونی ئەو یاسایەوە ئیتر هێندەی بەدواداچونم کردبێت هیچ موڵکێک لە ناوچە جێناکۆکەکان لەڕێی ئەو دەستەیەوە بۆ خاوەنەکەی نەگەڕاوەتەوە.
پاش راوێژ لەگەڵ شارەزایان، وەک دامەزراوەی (MASS) لە ١١- ٥- ٢٠٢٤  پەڕاوێکمان ئاڕاستەی هەر دو جێگرانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و گشت فراکسیۆنە کوردستانییەکان و سەرۆکی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران کرد بۆ چارەسەری ئەو کەموکورتی و (مین)انەی لە پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵکەکان بۆ خاوەنەکانیان لە هەندێک لە بڕیارەکانی (ئە. س. ش) هەبون و، زیاد کردنی ئەو بڕیارانەی لەبیر کرا بون بەتایبەت لە ناوچەکانی خانەقین و مەندەلی (بڕوانە دەقی پەڕاوەکە لە هاوپێچی ٣). خۆشبەختانە و بە سوپاسەوە سەرۆکی لیژنەی یاسایی و ئەندامانی کورد لە لیژنەی یاسایی و سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵێکی گەورەیان دا بۆ چارەسەری کەموکورتییەکانی پڕۆژە یاساکە و چێکردنەوەی زۆربەی پێشنیارەکانی ئێمە و کەسانی تریش لە راپۆرتی کۆتایی لیژنەی یاسایی (بڕوانە هاوپێچی ژمارە ٤). هەڵبەت هەندێک لە وەزیرەکان و بەشێک لە کوتلە عەرەبییەکان زۆر هەوڵیان دا کە پڕۆژە یاساکە بگەڕێننەوە سەر پڕۆژە حکومییەکە، بەڵام پێداگریی لیژنەی یاسایی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی کورد بە گشتی رێگر بو لەبەردەم ئەمە تا ئاستی دروست بونی شەڕ لەناو ئەنجومەنی نوێنەران. دواتر دەنگدان لەسەر ئەم پڕۆژە یاسایە بەسترایەوە بە دەنگدان لەسەر (پڕۆژە یاسای پشوە فەرمییەکان) و (پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی). پاش تێپەڕاندنی یاسای پشوە فەرمییەکان ئەو دو پڕۆژەیەی تر بەسترانەوە بە دەنگدان لەسەر (پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای باری کەسی)، دواجاریش بە چەند دانیشتنێک دەنگ لەسەر بڕگەکانی هەر سێ پڕۆژە یاساکە درا و پەسەند کران.
هێشتا زانیاریی پشتڕاست کراوە نییە لەوەی کە داخۆ لە کاتی دەنگدان لەسەر مادەکانی پڕۆژە یاساکە، پێشنیارەکانی لیژنەی یاسایی خراوەتە دەنگدانەوە یان دەقە حکومییەکە، چونکە تا ئێستا دەقی یاساکە بەو شێوەیەی کە دەنگی لەسەردراوە بڵاو نەبوەتەوە. هەروەها چەند جارێک دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە دواخرا و بە چەند دانیشتنێک دەنگدان لەسەر مادەکان و کۆی پڕۆژە یاساکە ئەنجام درا. تەنانەت لە یەکێک لە دانیشتنەکان (دانیشتنی ٢٩- ١٠- ٢٠٢٤) تەنها دەنگ لەسەر گۆڕینی ناونیشانی یاساکە درا و دوای ئەوە دانیشتنەکە تێکدرا و دواخرا، دواتر لە دانیشتنی ٢- ١٢- ٢٠٢٤ دەنگ لەسەر مادەکانی پڕۆژە یاساکە درا و، لە دانیشتنی ٢١- ١- ٢٠٢٥ دەنگدان لەسەر هۆکارەکانی دەرچواندن و کۆی پڕۆژە یاساکە بە یەک پاکێج لەگەڵ هەر دو پڕۆژە یاسا کێشەدارەکەی تر ئەنجام درا .

ئەوەی وای کرد کە چارەنوسی ئەم یاسایە هاوشێوەی پڕۆژە یاساکەی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران نەبێ، دو فاکتەری سەرەکی بون کە یەکەمیان ئەو دو داوایە بو لە دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە دو بڕیاری (ئە. س. ش) کە قۆناغی باشی بڕیوە و بەرەو کۆتایی ئەڕوات، ئەوەش فشارێکی زۆری دروست کرد کە هەر لە بنچینەوە پڕۆژە یاساکە بنێردرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. هەرچەندە ئەویسترا لەڕێی ئەو (مین)انەی کە لە پڕۆژە یاسا حکومییەکەدا هەیە لە لایەکەوە دۆسییەکەی ئێمە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی پەک بخرێ، لە لایەکی تریشەوە داگیر کردنی زەوییەکان و بڕیارەکانی (ئە. س. ش) بەردەوام بێت! تەنانەت لە بری پشتگیری و هاوکاری کردن،  هەوڵی ساردکردنەوەی هەندێکیشمان ئەدرا لە درێژەدان بە دۆسییەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی!
فاکتەری دوەم بەستنەوەی پڕۆژە یاساکە بو بە دو پڕۆژە یاسای تر کە لە لایەن دو پێکهاتە سەرکییەکەی تری عێراقەوە گرنگن. هەرچەندە یاسای هەمواری یاسای باری کەسی کە داواکاریی لایەنی شیعە بو، یاسایەکی خراپ و دواکەوتوە و، پشێوییەکی گەورە بۆ دادگاکان و سەقامگیریی خێزان دروست ئەکات، بەڵام پرسی خاک بۆ ئێمە زۆر گرنگترە و، بۆ چارەسەری ئەو یاسا خراپەی باری کەسی ئەکرێ پەنا ببرێت بۆ تۆمار کردنی داوای دەستوری لە دادگای باڵای فیدراڵی و، لە هەمان کاتیش دا پێویستە لە پەرلەمانی کوردستان، یاسایەکی باری کەسیی تایبەت بە هەرێم تەشریع بکرێت کە بە شێوەیەکی سەردەمییانە سەقامگیریی خێزان و مافەکانی سەرجەم ئەندامانی خێزان دەستەبەر بکات.

دەرنجام:
هیوادارین کە لە کاتی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر مادەکانی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی (ئە. س. ش) پێشنیارەکانی لیژنەی یاسایی پەسەند کرابن، بەتایبەت کە لە دەنگدان لەسەر کۆی پڕۆژە یاساکە بە (یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئە. س. ش) خوێندرایەوە. هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە بەو شێوەیە، بە هەمو پێوەرێک مێژوییە و، ئەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و لەم رێیەشەوە بەشێکی دادپەروەریی راگوزەر بەدی دێت کە ئەمە دەرفەتی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچە جێناکۆکەکان زیاتر ئەکات. لە هەمان کاتیشدا سەرەتای کۆتایی هێنانە بە سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی و جینۆسایدی گەلی کورد کە پەنجا ساڵە درێژەی هەیە و بەچارەسەر نەکراوی هێڵراوەتەوە.

ئەگەر ئەم یاسایە بەو شێوەیەی کە پێویستە دەنگی لەسەر درابێت، ئەوا ئەتوانین بڵێین کە بەشێکی برینی جینۆساید و ئەنفال سارێژ ئەکات، چونکە نابێ بیرمان بچێت کە سەرەتای جینۆسایدی گەلی کورد لە (تەرحیل) و (تەعریب)ەوە دەستی پێکرد. خۆ ئەگەر یاساکە بەو شێوەی لە حکومەتەوە هاتوە دەنگی لەسەر درابێت، ئەوا ئەبێتە برینێکی قوڵی تری بەردەوامیی سیاسەتەکانی رژێمی پێشو و، چارەسەر نەکرنی کێشەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان.
ئێستا ئیتر دوای پەسەند کردنی ئەم یاسایە، ئەرکی بەرپرسەکانی کوردە لە دەوڵەتی ئیتیحادی کە بەدوای بەزوویی جێبەجێ کردنی یاساکەوە بن. بڕوانن چۆن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەر رۆژێک دوای پەسەند کردنی یاسای لێبوردنی گشتی و تەنانەت پێش بەرکار بونی چوە لای سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری بۆ باس کردنی رێوشوێنەکانی جەبەجێ کردنی ئەو یاسایە . هەر بۆیەش ئەرکی بەرپرسانی کوردە لە بەغدا کە کەمتەرخەمی نەکەن و، وەک یەک تیم رێوشوێنەکانی جێبەجێ کردنی یاساکە دەستنیشان بکەن و جێبەجێی بکەن، بەتایبەت کە وەزارەتی دادی عێراق لای کوردە.

هەڵبەت هێشتا ململانێ دادوەرییەکەش هەر بەردەوام ئەبێ، بەتایبەت کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ئەیانەوێت تانە لە دانیشتنی (٢١- ١- ٢٠٢٥)ی ئەنجومەنی نوێنەران بدەن .

بۆ بینینی هاوپێچەكانی ئەم بابەتە، كلیك لەسەر (PDF) بكە

پەراوێزەکان:
[1] . بڕوانە دەقی پڕۆژەکە لە سایتی ئەنجومەنی نوێنەران لەم لینکە:

https://iq.parliament.iq/law/frm_file/aWQ6MjI4MXxmaWxlbmFtZTpvX2hfYmFja18yMDI0LnBkZg==

یان بڕوانە هاوپێچی ژمارە (٢)

 

[2] . بڕوانە دەقی گفتوگۆی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پڕۆژە یاساکە لەم لینکە:

https://youtu.be/rqyhi78p56U?si=uUJ8nHA99ku3bX_j

 

[3] . بڕوانە کۆی دانیشتنی ٢١- ١- ٢٠٢٥ی ئەنجومەنی نوێنەران، کە شەش خولەکی خایاندوە، لەم لینکە:

https://www.youtube.com/watch?v=fx-zRyKxQUY

 

[4] . بڕوانە لینکی هەواڵەکە:

https://iq.parliament.iq/blog/رئيس-مجلس-النواب-يبحث-مع-رئيس-مجلس-القض/

 

[5] . بڕوانە:

https://m.facebook.com/story.php?story_fbid=pfbid0CEifRg4VJDv8GooKrApidjbhAb4b4o7KvKwmsCdaaK6saU8QU5574n7WbwordrpWl&id=100086751675647&mibextid=wwXIfr

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand