Draw Media

پێگەی كوردەكان لە سوریای نوێدا چۆن دەبێت؟

پێگەی كوردەكان لە سوریای نوێدا چۆن دەبێت؟

2025-01-28 12:47:30



وینثرۆپ رۆجەرز, تایبەت بە (درەو):

ئیدارەی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەم، ڕووبەڕووی دیمەنێکی سیاسی نوێ دەبێتەوە. لەناو ئەو نادڵنیاییە زۆرەدا، پرسیاری زۆر بەپەلە سەبارەت بە داهاتووی هەیە. لەوانە ڕەچاوکردنی بارودۆخی ناوخۆیی، نیشتمانی، ناوچەیی و جیۆپۆلەتیکی. دۆزینەوەی وەڵامەکان شتێکی ئاسان نیە.
-     چی بکرێت سەبارەت بە دابەشبوونی ناوخۆیی کوردەکانی سوریا؟
-     پێگەی كوردەكان لە سوریای نوێدا چۆن دەبێت؟
-     هەنگاوەکانی تورکیا و زلهێزەکانی تری ناوچەکە چی دەبێت؟
-      ئایا ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەردەوام دەبێت یان سیاسەتەکانی ئێستای لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەگۆڕێت؟
-    ئەمریكا لە نێوان پشتیوانی كوردەكانی سوریا وتەماحە سیاسیەكانیدا كامیان هەڵدەبژێرێت؟

کاروباری ناوخۆی کورد
وەک لە زۆرێک لە بەشەکانی تری کوردستان، سیاسەتی کوردی لە سوریا دابەشبووە بەسەر چەند کوتلەیەکدا. هەرچەندە خواستی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو بە شێوەیەکی بەرفراوان دانپێدانراوە. کە ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی حوکمڕانییەکی یەکگرتوو و دیموکراسی و پێگەیەکی بەهێز لە دانوستان لەگەڵ زلهێزە نوێیەکانی دیمەشقدا دەخاتە ڕوو، هەروەها چارەسەری داواکارییەکانی ئەکتەرە ناوچەیی و جیۆپۆلەتیکییەکان دەکات.
سەرەڕای ئەوەش، سەلمێنراوە بەهۆی ناکۆکییەکانیان یەکڕیزی زەحمەتە لە نێوان پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)، کە پابەندە بەو بەرنامە سیاسییەی کە عەبدوڵڵا ئۆجالان دایمەزراندووە، لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پشتیوانی دەکرێت.
لەم ساڵانەی دواییدا ئەمریکا و فەرەنسا و ئەوانی تر چەندین جار هەوڵی ئاشتکردنەوەی هەردوولایان داوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
بەڵام پێدەچێت ئەو چەقبەستووییە بشکێنرێت. ڕۆژی 16ی کانونی دووەم، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی سوریا و مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنزیک هەولێر کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن بە ئامانجی بنیاتنانی یەکڕیزی کورد. ئەو کۆبوونەوە گرنگە بە نێوەندگیری ئەمریکا بووە، کە دەوترێت عەبدییان گواستووەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. هەردوولا دانیان بەوەدا نا کە گفتوگۆکان ئەرێنی بوون. ئەم هەواڵە بووە هۆی ئاهەنگگێڕان لە قامیشلۆ و ناوچەکانی دیکەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و لە دڵەوە لەلایەن کوردانی جیهانەوە پێشوازی لێکرا.
لە کاتێکدا ئەم پێشهاتە چاوەڕواننەکراوە هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام تەنها بەشێکە لە پرۆسەکە. ڕێککەوتنەکانی پێشوو بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکان لەنێوان فراکسیۆنە کوردەکانی سوریا جێبەجێ نەکران. پرسیاری ئەوەی ئایا ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە دەتوانێت بەرهەمدار بێت و بەرەیەکی یەکگرتووی کوردی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دیمەشق و حکومەتە دەرەکییەکان دابمەزرێنێت؟ وەڵامەکەی هەم بەندە بە فاکتەرە ناوخۆییەکان و هەم بە هەڵوێستی زۆر گرووپی دیکە.


سوریای نوێ
پرسیارێکی دیکەی بەپەلە ئەوەیە کە چۆن ئەو پێکهاتە سیاسی و ئەمنییە تاڕادەیەک باش دامەزراوانەی کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دروستبوون، لەگەڵ ئەوانەی لە دیمەشق تازە دروست دەبن، کارلێک دەکەن. سیستمێکی بەهێزی فیدراڵی دیموکراسی لە دڵی بەرنامەی ئایدیۆلۆژی و سیاسەتی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادایە، کە بە پێچەوانەی ئەو ناوەندگەرایی و دەسەڵاتخوازی نەتەوەییەوە بوو کە ڕژێمی ئەسەد پشتگیری لێدەکرد.
هەروەها دەستەی تەحریر شام و گروپە یاخیبووەکانی دیکەی سوریا کە ئێستا بەرپرسی حکومەتن لە دیمەشق، دژایەتی مۆدێلی بەعسیان دەکرد، بەڵام هاوبەشی تێڕوانینی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نین لەم خاڵەدا، پێناچێت پێکهاتەیەکی فیدراڵی قبوڵ بکەن کە ئەو جۆرە ئۆتۆنۆمییە بە کورد ببەخشێت کە لە تەنیشتیەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا دەبینرێت. ڕەنگە بەرەیەکی یەکگرتووی کوردی ئەوەندە بەهێز بێت کە بتوانێت دانوستان لەسەر ڕێکخستنێکی لەو شێوەیە بکات، بەڵام بەزەحمەت گەرەنتی دەکرێت.
بێ گوێدانە ئەوە، زۆر گرنگە کە کوردەکانی سوریا و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە پارێزگاری یاسایییان هەبێت کە بە شێوەیەکی متمانەپێکراو جێبەجێ بکرێت. ئەمەش هەم چارەسەری ئەو پێشێلکارییە مێژووییانە دەکات کە بەرامبەریان ئەنجامدراون و هەم یارمەتیدەر دەبێت بۆ دامەزراندنی ئەو بناغە هاوسەنگانەی کە سوریا پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی گەشە بکات.
ئایا کوردەکانی سوریا هاوبەشێکی هاوکار لە حکومەتی نوێی دیمەشقدا دەدۆزنەوە یان نا، پرسیارێکی کراوەیە. پاشخان و مەبەستی کوتلە پێشەنگەکانی - بە تایبەت سوپای نیشتمانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت - لەڕادەبەدەر گوماناوییە. وریایی پێویستە، هەروەها پراگماتیزمیش.

تورکیا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت
زلهێزە ناوچەییەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ئایندەی کورد لە سوریا دەبێت. گرنگترینیان تورکیایە کە بەردەوام دژی دامەزراندنی قەوارەیەکی کوردی بووە لەسەر سنووری باشووری خۆی. لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٨ و ٢٠١٩ دەستێوەردانی سەربازی گەورەی لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامداوە و زۆرجاریش هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکان ئەنجام دەدات. جگە لەوەش، میلیشیا بە وەکالەتەکانی ئەنقەرە، سوپای نیشتیمانی سوریا، لە شوێنەکانی وەک عەفرین، چەندین دڕندەییان بەرامبەر بە هاووڵاتیانی مەدەنی کورد ئەنجامداوە.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاوپەیمانە سیاسییەکانی ستراتیژێکی نوێیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گرتەبەر و ڕێگەیاندا بە کۆبوونەوەی نێوان ئۆجەلان، کە تا ئێستاش لە گرتووخانەیەکی تورکیادا زیندانە، لەگەڵ سیاسەتمەدارانی کورد. گەشبینییەک لەم هەوڵە هەیە، کە دەتوانێت ڕێڕەوی کورد لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت. کە هەر ئەوەش رێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی بارزانی و عەبدی بەڕێوەبچێت.
بەڵام بەهەمانشێوە ڕونە کە ئامانجە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئەنقەرە سەبارەت بە کورد بە گشتی و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە تایبەتی گۆڕانکارییەکی جەوهەرییان بەسەردا نەهاتووە. هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بەردەوامن و لێدوان و ئەدەبیاتی قسەکردنیشیان هەروا دوژمنکارانەن. تورکیا چۆن دۆخەکە بەڕێوە دەبات، ڕەنگە کاریگەرترین پرسیار بێت کە لێرەدا دەخرێتەڕوو.
تا ڕادەیەکی کەمتر، ئێران و ڕووسیاش لە داهاتووی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا ڕۆڵیان هەیە. هەردووکیان یاریزانی سەرەکی بوون لە سەردەمی ئەسەد و لە ئەنجامی کەوتنی ئەسەد کاریگەرییان کەمبووەتەوە. سەرەڕای ئەوەش بەردەوامن لە پاراستنی بەرژەوەندییە ناوچەییەکانیان و بۆ ئەوەش هەلپەرستانە مامەڵە دەکەن. کە ئەمەش بە دڵنیاییەوە شایەنی ئەوەیە لەبەرچاوبگیرێت.

گەڕانەوەی ترەمپ
لە کۆتاییدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی چۆن مامەڵە لەگەڵ سوریا دەکات؟ بە پێچەوانەی زۆربەی سەرۆکە تازە هەڵبژێردراوەکانی ئەمریکا، ترەمپ پێشینەیەکی لەوبارەیەوە ھەیە، ھەرچەندە پێشینەیەک نییە کە بۆ کورد دڵخۆشکەر بێت.
لە ساڵی ٢٠١٩ بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ڕایگەیاند کە بەنیازە هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بکشێنێتەوە، ئەمەش گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆغان هەڵکرد بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی بەهاری ئاشتی. هەرچەندە دواتر قایلکرا بە هێشتنەوەی ئامادەیی سەربازی ئەمریکا بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە ترەمپ بە گومانە لە گرنگی و بەهای ئەو ئامادەبوونە سەربازییەی ئەمریکا لە ناوچەکە.
هەرچەندە تیمی ئاسایشی نیشتمانییەکەی لە کەسانێک پێکهاتووە کە زیاتر پشتگیری ڕۆڵێکی بەهێزی ئەمریکا دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش وەزیری دەرەوەی پێشنیارکراو مارکۆ ڕوبیو و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی مایکل والتز. زۆر کەس ئەمە بە نیشانەیەکی ئەرێنی دەزانن کە ئیدارەی نوێ ئامادەیی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەپارێزێت. بەڵام دوو هۆشداری گرنک هەیە لەگەڵ ئەم دەرفەتە گرنگەدا.
 یەکەم: بەزەحمەت گەرەنتی ئەوە دەکرێت کە یاریدەدەرانی ترەمپ بتوانن ڕێنمایی ڕەفتارەکانی بکەن. ئەوان بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی لەوێدان نەک بە پێچەوانەوە. جگە لەوەش تەنها ئەوان نین کە ترەمپ گوێیان لێدەگرێت و سەرۆک خوی ئەوەی هەیە کە کەسەکانی خوار خۆی بشکێنێت ئەگەر ناڕەزایی لە شتێک دەرببڕن. ڕوبیۆ ڕکابەرێکی سیاسی پێشووە کە ترەمپ بە "مارکۆی بچووک" بێڕێزی پێدەکرد. هەربۆیە وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریکا ڕێگایەکی سەختی لەپێشە.
دووەم: زۆرجار چاودێران هەڵە دەکەن کە پشتیوانی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ کورد، لە چوارچێوەی ئەولەویەتەکانی جیۆستراتیژی واشنتۆندا، تێکەڵ دەکەن لەگەڵ پشتیوانی لە تەماحە سیاسییەکانیان لەو وڵاتانەی کە کوردی تێدا دەژی.
هەردوو ڕوبیۆ و والتز قسەی باشیان هەیە لەسەر کورد، بەڵام بەڕوونی سەرنجیان لەسەر ئێران و دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ە. شایانی بیرهێنانەوەیە کە یەکەم ئیدارەی ترەمپ بوو کە دژایەتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧ی هەرێمی کوردستانی کرد. ئاماژەکان بۆ چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ دۆخی نوێی سوریا لەوانەیە لەو ڕوداوەدا بدۆزرێتەوە.

تێدەگەین، گەشبینییەکی زۆر بە داهاتووی سوریا لە دوای داڕمانی ڕژێمی ئەسەد هەیە، بەڵام نادڵنیایی گەورەش هەیە. ڕەچاوکردنی بارودۆخی ناوخۆیی، نیشتمانی، ناوچەیی و جیۆپۆلەتیکی لە یارییەکەدان. کوردەکانی سوریا دەبێ بەم ئاوە لێڵ و ناڕونەدا تێپەڕن. هەربۆیە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان ئەم چەند مانگەی داهاتوو گرنگە.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand