سودانی لە هەمواری یاسای بودجە پاشگەزبووەتەوە
2025-01-23 09:13:02
درەو:
ئەحمەد عەبدولزەهرە فەتلاوی، نوێنەری حكومەت عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران، لە نوسراێكدا كە ئاڕاستەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتارانی كردووە، سەبارەت بە رای حكومەت لەبارەی هەمواری یاسای بودجەی ژمارە (13) بۆ ساڵی (2023)، دەڵێت: دەمانەوێت ئەمەی خوارەوە روونبكەینەوە:
"حكومەتی فیدراڵی پشتیوانی هەمواری پێشنیازكراو ناكات، چونكە داهاتەكانی خەزێنەی گشتی كەمدەكاتەوە بەراورد بە دەقی حكومی، پێچەوانەی ئەوەشە كە جێبەجێدەكرێت لە ناوچەكانی تری عێراق بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی بەركار و، ناگونجێت لەگەڵ میكانیزمەكانی فرۆشتنی نەوت لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە، كە تەواوی داهاتەكانی رادەستی هەژماری نەوت و غازی سەربە وەزارەتی دارایی دەكات.
بەگوێرەی ئەو هەموارەی كە حكومەتی عێراق پێشنیازكردبوو لەبارەی مادەی (12) لە یاسای بودجە ،كە تایبەت بە تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم:
"هەمواری مادەی 12/دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی، تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، تێیدا لەبری (6 دۆلار)، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك لە نەوتی هەرێم بڕی (16 دۆلار) دیاریكراوە، ئەمە تا ئەوكاتەی لەماوەی 60 رۆژدا كۆمپانیایەكی پسپۆری نێودەوڵەتی؛ خەمڵاندنێكی راستەقینەو دادپەروەرانە دەكات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم و لەسەر ئەم بنەمایە نرخێكی نوێ دەچەسپێندرێت.
لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازاری 2023وە، یەكێك لە ناكۆكییە سەرەكییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد بریتی بوو لە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، كە لە یاسای بودجەی عێراقدا بڕی 6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دیاری كرابوو، حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكان بەم نرخە قایل نەبوون".
لەسەر بنەمای ئەم رێككەوتنەو هەمواری یاسای بودجە، وەكو كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت ئاماژەی بەوەكردبوو، پێشبینی دەكەن لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێبكاتەوە.
نوێنەری حكومەت لە پەرلەمان دەڵێت: ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران خوازیاری زیادكردن بوو بۆ ئەو هەموارە، باشترە دەقەكەی بەمشێوەیەبێت: " پێویستە تەواوی داهاتەكانی نەوت و پێكهاتەكانی و غازی ناوخۆ و دەرەوە بەتەواوی رادەستی خەزێنەی گشتی بكرێن بەبێ هیچ لێبڕینێك و، بەگوێرەی ئەو رێوشوێنانەی لەناوچەكانی تری عێراق دەگیرێتەبەر، نرخی تێچوش لەسەر بنەمای هەڵسەگاندنێكی دادپەروەرانە دەستنیشان بكرێت.
لە ئەگەری شكستهێنانی رێككەوتنی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم بۆ هەمواری یاسای بودجەی و چارەسەری نرخی تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت (كە سەرچاوەی سەرەكی ناكۆكییەكانە لە دوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە بە بۆری بۆ توركیا)، ناكۆكییەكانی نێوان بەغدادو هەرێم دەگەڕێتەوە چوارگۆشەی یەكەم و راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە بەردەوام دەبێت، لەم حاڵەشدا حكومەتی هەرێم ناچارە وەك ئەوەی لەدوای ئازاری (2023)وە دەستیپێكردووە، بەردەوامبێت لە بەرهەمهێنانی نەوت و بەمەبەستی فرۆشتنی بەپاڵاوتگەكانی ناوخۆو هەناردەكردنی بە تانكەر بۆ دەرەوە، ئەوەش پرۆسەیەكە تائێستا داهاتەكەی نادیارەو ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق وەك ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، بەوەش پێشبینی دەكرێت كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەمساڵیش بەردەوامبێت، بەوپێیە رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتیەكان بەشێكە لە یاسای بودجەو بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی.