Draw Media

نرخی نان لەدیمەشق 10 ئەوەندە گرانبووە

نرخی نان لەدیمەشق 10 ئەوەندە گرانبووە

2025-01-23 15:06:47


سەرتیپ جەوهەر – بەشی یەكەم
دۆخی ناوخۆی سوریا رۆژ دوای رۆژ ئالۆزتر دەبێت. هەموو ئەگەرەكان بەئاراستەی تێكچوونی دۆخی ئابوریی و سیاسیە. حوكمڕانانی نوێ‌ هیچ بەرچاوروونیەكیان نەداوەتە خەڵكی سوریاو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبارەی چارەنوس و ئایندەی حوكمڕانی و ژیان لەو وڵاتە.
لەدوای رووخانی ئەسەد، گرانیەكی گەورە رووی لەسوریا كردووە. باری ژیانی خەڵك زۆر گرانترو زەحمەتتر بووە. نرخی لیرە كەمێك بەرزبۆتەوە، بەڵام نرخی كاڵاو پێداویستیەكانی ژیان بەجۆرێك بەرزبۆتەوە، كورد وتەنی خەریكە لەگرێژنە دەردەچێت (كارلەكاردەترازێت).
نرخی بەستەیەك نان (12 نان) پێشتر لەلایەن نانەواخانەكانی حكومەت بەكارتی زیرەك بەتەنها 400 لیرەی سوری بوو، بەڵام ئێستا نانەواخانەكانی حكومەت نەماون و نرخی یەك بەستەی نان لەنێوان 4 هەزار بۆ 4500 لیرەی سوریە. بەر لەرووخانی رژێمی سوریا، دەوڵەت بوتڵی غازی ماڵانی بە 19 هەزار لیرە بۆ یەك مانگ بەهاوڵاتیی دەدا، ئێستا حكومەت هیچ دابەشناكات و لەبازاڕی رەشیش لەنێوان 225 بۆ 250 هەزار لیرەیە واتە زیاتر لە 20 دۆلار كە زیاترە لەموچەی مانگێكی فەرمانبەرێك. لیترێك بەنزین لە 10هەزار لیرە گران بووە بۆ 18 هەزار لیرەی سوری. نرخی گواستنەوەی خوێندكاران لە هەزار لیرەوە بووە بە 3 هەزار لیرە. بەستەیەك مەكەڕۆن لە 3 هەزار لیرەوە بووە 12500 لیرە..تد
سەرباری گرانیی ژیان لەسوریا، بەڵام نرخی ئەو پێداویستیانە لەناوچەكانی ژێر ركێفی رێڤەبەری خۆسەر بەنزیكەی لە 50% هەرزانترە. بۆنمونە نانی نانەواخاكانی حكومەت بە 1500 لیرەیە، بوتڵێكی غازیش بە نزیكەی 7 دۆلارە.
بەهۆی لەكاركەوتنی زۆربەی هەرەزۆری فەرمانگەكانی دەوڵەت، بازاڕی خانوبەرەو كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و زۆربەی ئیشوكارەكانی پەیوەندیدار وەستاوە. لەوەخراپتر حكومەت دوو مانگە تەنها موچەیەكی دابەشكردووە، بەڵام نەدراوەتە هەموو موچەخۆران. بۆنمونە هێزی سەربازیی و خانەنشینانی سەربازیی هیچ موچەیەكیان پێنەرداوە هەروەك فەرمانبەرانیش بەپێی خواستی خۆیان دابەشیان كردووە.
ئەوەی زۆر جێی سەرنجە، هیچ رۆژنامەو گۆڤارو تەلفزیۆنێك لەدیمەشق نەماوە، لەكاتێكدا پێشتر دەیان بڵاوكراوەو ناوەندی راگەیاندن و تەلفزیۆنی سەر بەرژێمی سوریا هەبوون.
لەگەڵ ئەم بارودۆخە خراپەی ئابوریی، بازاڕەكانی سوریا پڕبووە لەكاڵای توركی هەرزان و خراپ، ئەمەش لەداهاتوویەكی مەترسیەكی زۆر گەورە بۆسەر ئابوریی ئەو وڵاتە دروستدەكات، چونكە بەرهەمی ناوخۆ دەرەقەت هەرزانیی كاڵای خراپی توركی نایەت و سەرئەنجام دەبێتەهۆی لەناوبردنی بەرهەم و پیشەسازیی ناوخۆ. ئێستا حەلەب شارێكی پیشەسازیی و بازرگانیی گەورەیە لەسوریاو ناوچەكە، ئەگەر بەمشێوەیە كاڵای توركیا روو لەسوریا بكات ئەوا كاڵای ناوخۆ دادەپۆشێت و لەناوی دەبات.
روون نییە ژمارەی هێزە میلیشیاكەی دەستەی تەحریری شام چەندن، بەڵام پێشبینی دەكرێت ژمارەیان لەنێوان 20 بۆ 25 هەزار چەكدار بێت. ئەو هێزانە زیاتر لە 10 گروپی جیاوازن، هەر گروپێك لەناوچەیەك دابەشبوون یاخود رۆڵیان پێدراوە. لەناو شاری دیمەشق و دەوروبەری بەسواری ماتۆڕ سكیل و بەڕیشی درێژەوە دەناسرێنەوە. یەك یەك یاخود دوو دوو دەبینرێن.
ئەو هێزەی حوكمڕانانی نوێ‌، تەنها چەكی سوك و مامناوەندیان هەیە. دەوڵەتی ئیسرائیل تەواوی هێزە سەربازییەكەی سوریای لەناوبرد هەر لەفرۆكەوە بگرە تادەگاتە كەشتی و موشەك و هەلیكۆپتەرو هەموو جبەخانەكانی سوپای سوریا. بەر لەچەند رۆژێك شوێنی دوو هەلیكۆپتەری سوریا لەسوەیدا ئاشكرابوو، هەمانڕۆژ ئیسرائیل موشەكبارانی كردن و لەناویبردن.
هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و مەزهەبی و ئاینیەكانی سوریا ترسیان لەچارەنوس و ئایندەی سوریا لێ نیشتووە. چەكدارانی تەحریری شام دەستیانكردووە بەجۆرێك لەپێشاندانی خواستی بەئیسلامیی كردنی سیماكانی ژیان. دوكان و شوێنەكانی فرۆشتنی مەی دانەخراون، بەڵام ئەوان لەترسی كێشەو گرفت جامخانەی شوێنەكانیان بەكاغەز داپۆشیوە تا دەرنەكەوێت. لەماوەی چەند رۆژی رابردوو، لەچەند شوێنێكی جیاواز چەكدارانی تەحریری شام داوایان لەخاوەن پاسەكانی گواستنەوە كردووە لەناو پاسدا ژن و پیاو هەریەكەیان لەریزێكی جیاواز دانیشن.
سەیدە زەینەب كەمەزارێكی پیرۆزی شیعەكانە، دانەخراوە، بەڵام رێنادرێت مەراسیمی شین و لەخۆدان بگێڕن. بۆ هاوڵاتیانی شیعەی عیراق رێوشوێنی توندتریان گرتۆتەبەر كەبەمەبەستی سەردانیكردنی سەیدە زەینەب سەردانی دیمەشق دەكەن.
دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق فەرمانگەیەكی نوێیان دامەزراندووە بەناوی فەرمانگەی یەكلاییكردنەوە (دائرة تسویة) رۆژانە ئەندام و هەوادارانی بەعس و پیاوانی رژێم و كاربەدەستانی پێشووی حكومەت بانگ دەكەن و هەریەكەیان ژمارەیەكیان پێدەدەن، دواتر یەك یەك بانگیان دەكەن بۆ لێكۆڵینەوە.
لێكۆڵینەوەكانی لێیان دەكەن جگە لەكارەكانی رابردوویان، هاوكات پرسیاری موڵك وماڵیشیان لێدەكەن. بەهەندێكیان گووتوە دەبێت بەشێك لەموڵك و ماڵەكانتان رادەستی دەستەی تەحریری شام بكەن.
ماوەی هەفتەیەكیش دەبێت چەكدارانی گروپە جیاوازەكان لەناو دیمەشق دەچنە سەر ماڵان، بەتایبەتیش ئەوانەی كاربەدەستی حكومەت یان حزبی بەعس بوون داوای چۆڵكردنی خانووبەرەیان لێدەكەن تا دواتر خۆیان لێی نیشتەجێ بن.
ئەم دیاردەیە خەریكە تەشەنە دەستێنێت، چونكە بەشێك لەوانەی چوونەتە سەر ماڵان حكومەت و دەزگا ئەمنیەكانی دەستەی تەحریری شام دەڵێن پەیوەندیان بەئێمەوە نییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand