Draw Media

مەسرور بارزانی: رەشنوسێكی جێگرەوەیان داناوە بۆ هەمواری یاسای بودج

مەسرور بارزانی: رەشنوسێكی جێگرەوەیان داناوە بۆ هەمواری یاسای بودج

2025-01-23 18:18:26


 
درەو:
ئاژانسی هەواڵی "بلۆمبێرگ"ی ئەمریكی:
سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: ئەو گۆڕانكارییانەی رویداوە لەو پلانەی بریاربووە جێبەجێبكرێت بۆ تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت و، دەنگنەدانی پەرلەمانی عێراق لەسەری لەم هەفتەیەدا، بەلایەوە شتێكی "كتوپڕبوو" بووە،  ئەوەش رەنگە ببێتە ئاستەنگێكی نوێ لەبەردەم دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێم، كە نزیك دەبێتەوە لە دوو ساڵ راگیراوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە مانگی تشرینی دووەمدا، دەنگیدا لەسەر پلانێك بۆ پێدانی (16) دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات، دوو خوێندنەوە بۆ یاساكە كرا، بڕیاربوو پەرلەمان رۆژی سێ‌ شەممە، دەنگ لەسەر یاسای بودجە بدات، بەڵام دواخرا دوای ئەنجامدانی هەندێك گۆڕانكاری بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو.
ئاسۆ فەرەیدون، كە پەرلەمانتارێكی كوردە لە لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمان، رایگەیاند: دەنگدان لەسەر یاساكە دواخراوە بۆ رەحساندنی دەرفەت بۆ گفتوگۆی سیاسی زیاتر، بەتایبەت كە هەندێك لە پەرلەمانتاران لەسەر تێچووەكە تێبینیان وروژاندووە.
بارزانی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەمیانی كۆڕبەندی ئابوری جیهانی لە داڤۆس رایگەیاند: چاوەڕوانمان دەكرد پەرلەمان دەنگ لەسەر ئەو رەشنوسە بدات كە لەسەری هەموومان رێككەوتوین ، حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتیە جیهانیەكان.
وتیشی: بەڵام بوونی رەشنوسێكی جێگرەوە بەبێ‌ گفتوگۆكردن لەگەڵمان، زۆر كتوپڕبووە بەلامەوە.
وتەبێژی فەرمی حكومەتی عێراق تائێستا هیچ لێدوانێكی نەداوە، پێشهاتەكانی پەرلەمانی عێراق رۆشنایی دەخاتە سەر ئەو ململانێیانەی لەبارەی تێچوی بەرهەمهێنان هەیە، كە بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم دووبارە خستنەوەگەڕی هێڵی بۆری سەرەكی و، دەتوانێت رۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە كوردستانەوە رەوانەی بەندەری جەیهانی توركی بكات لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست.
حكومەتی فیدراڵی و ئیدارەی هەرێمی كوردی و كۆمپانیا نەوتیەكان لەناوچەكە ئۆباڵی دواكەوتنی دەخنە ئەستۆی یەكتر.
رەنگە دووبارە خستنەوەگەڕی هێڵی بۆرییەكان كێشە بێت بەلای بەغدادیشەوە، كە پابەندبووە بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو وەك بەشێك لە رێككەوتنی لەگەڵ ئۆپێك، بەڵام لەهەوڵدایە بۆ پابەندبون بەو كەمكردنەوەیەی بەڵێنیداوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand