Draw Media

بەشەڕدانی ئاژەڵ و باڵندەکان، لەنێوان مادە یاساییەکاندا

بەشەڕدانی ئاژەڵ و باڵندەکان، لەنێوان مادە یاساییەکاندا

2025-01-26 18:48:43


      مەعرووف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

(هەر کەسێک ئەو کارە ئەنجام بدات، سزا دەدرێ بە بڕی،( ٢٥٠،٠٠٠) تا (١,٠٠٠,٠٠٠) یەک ملیۆن دینار.‌)

لە ئێستادا لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دیاردەیەکی نامۆ بە کۆمەڵگەی کوردەواری و بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و یاسای ڕێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی و بێ لانەکان ئەنجام دەدرێت.

لە کاتێکدا چەندین فەرموودەی پیرۆز لە ئاینی ئیسلامدا هەن کە موسوڵمانان هاندەدات بەزەییان بە ئاژەڵ و باڵندەکاندا بێتەوە و چەندین چیرۆک و بەسەرهاتیش لەو بارەیەوە باس کراوە، کەواتە ئەمە بۆ کۆمەڵگەیەکی زۆرینە موسوڵمان کارێکی نەشیاو و قێزەونە.

 لە کوردستان یاسایەکی تایبەت بەو بابەتە بونی هەیە بەناوی، یاسای ژمارە (۱٤)ساڵی (۲۰۲۲)یاسای ڕێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی و بێ لانەکان، کە لە (۲٤)مادە پێکهاتووە، بە واژۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەقایعی کوردستان لە ٥/۲/۲۰۲۳ بڵاو بۆتەوە.

وەک لە کۆتایی یاساکەدا ئاماژەی پێکراوە، هۆیه‌كانی ده‌رچوواندن لە پێناو پاراستنی ئاژەڵان و ڕێکخستنی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، و بۆ ڕێکخستنی ئەو بوارانەی لە یاسا بەرکارەکانی هەرێمدا ڕێک نەخراون، و بۆ چەسپاندنی کلتوری ئاژەڵدۆستی، ئەم یاسایە دەرچوێندرا.

ماددەی (۷):ی یاساکە بە چەند خاڵێک باس لە ئازاردانی ئاژەڵ و باڵندەکان دەکات کە ئێمە ئەم چەند دانەیەمان مەبەست بوو دیاریمان کردووە.

یەکەم:
-١- ئەم کردارانە دەرهەق بە ئاژەڵە ماڵی و بێلانەکان قەدەغەیە:
أ- ئەنجامدانی هەر ڕەفتارێکی بە ئەنقەست کە ببێتە هۆی ئه‌شكەنجە دانی ئاژەڵ یان زیان
پێگەياندنی.
د- سازدانی شەڕ لە نێوان ئاژەڵێک و ئاژەڵێکی دیکە یان پەلەوەر و پەلەوەرێکی دیکە، بە شێوەیەک ببێتە مایەی زیان پێگەياندن یان کوشتنی یەکێکیان.
و- بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی تایبەت بە کردارەکانی هاتوو لەم بڕگەیەدا لە دەزگاکانی
ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

۲-
أ- هەر کەسێک یەکێک لەو کردارانەی هاتوو لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە، دەرهەق بە ئاژەڵی
ماڵی یان ئاژەڵی بێلانە ئەنجامبدات، بە پێبژاردنێک کە لە (٢٥٠،٠٠٠) دووسەد و پەنجا هەزار دینار، کەمتر نەبێت و لە (١,٠٠٠,٠٠٠) یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.

لە مادده‌ی (۱۷)ی ئەم یاسایەدا مافی سکاڵا تۆمارکردنی داوە بە چەند لایەنێکی تایبەتمەند کە دەتوانن سکاڵا لەسەر ئەو کەس و دەزگا ڕاگەیاندنانە تۆمار بکەن کە ئەو سەرپێچییانە ئەنجام دەدەن.

کۆمەڵە و ڕێکخراوە تایبەتمەندەکانی پاراستنی ئاژەڵان و چالاکوانانی بواری ئاژەڵدۆستی و ژینگەپارێزى دەتوانن دەربارەی هەر سەرپێچییەک لە حوکمەکانی ئەم یاسایە، سکاڵا تۆمار بکەن.

بە مافی خۆمان دەزانین، لە ئێستا بە دواوە، وەکو ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، هەر کەس و دەزگایەکی ڕاگەیاندن، بەو کارانە هەستن و ئەو دیاردە نەشیاوە بڵاو بکەنەوە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەین، و دەبێ لەبەرامبەر ئەو کارەیان سزابدرێن...

داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەنیدارەکان و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەکەین،  سکاڵا لەسەر ئەو کەس و کەناڵ و دەزگا ڕاگەیاندنانە تۆمار بکەن کە بەم کارە هەڵدەستن، کە بە داخەوە لە ئێستا و لە ڕابردووشدا بە ئاشکرا بەشەڕدانی ئاژەڵ و باڵندەکان لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکان گۆڕەپانی تایبەتیان هەیە و بانگەشەی بۆ دەکرێ و دواتر نمایش دەکرێ لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، پێویسته ئەو شوێنانە دابخرێن و ڕێگەیان پێنەدرێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand