(درەو): دامەزراوەی "عراق المستقبل" بۆ توێژینەوەو راوێژكاریی ئابوریی لە راپۆرتێكدا: • تێكڕای كاڵای هەناردەكراوی چین بۆ عێراق تاوەكو كۆتایی ئەیلولی ئەمساڵ گەیشتوەتە (10 ملیارو 700 ملیۆن) دۆلار. • ساڵی رابردوو لە هەمان وادەدا تێكڕای هەناردەی چین بۆ عێراق بڕی (9 ملیارو 600 ملیۆن) دۆلار بووە. • ئەمساڵ ئاستی هەناردەی چین بۆ عێراق بەرێژەی (11.5%) زیادی كردووە. • ئامێرە كارەباییەكان بەرزترین رێژەی هەناردەی چینی بۆ عێراق پێكهێناوەو ئەمساڵ بەهاكەی (2 ملیارو 14 ملیۆن) دۆلار بووەو بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرێژەی 34% زیادی كردووە. • هەناردەی ئاسنو ستیل لە چینەوە بۆ عێراق ئەمساڵ بەڕێژەی 39% زیادی كردووە. • بەراورد بە هەمان وادە لە ساڵی رابردوودا، ئەمساڵ هەناردەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان لە چینەوە بۆ عێراق بەڕێژەی 5% كەمیكردووە.
درەو: سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بدرێتەوە بە تەقەدومی حەلبوسی ئەوا ( زیاد جەنابی یان هەیبەت حەلبوسی) چانسی وەرگرتنی سەرۆكی پەرلەمانیان هەیە، ئەگەر پۆستەكە بەر حزبی سیادەی خەمیس خەنجەر بكەوێت ئەوا (سالم عیساوی) چانسی هەیە ببێتە سەرۆكی پەرلەمان، ئەگەر بۆ هاوپەیمانی عەزم بێت ئەوا موسەنا سامەڕائی چانسی وەرگرتنی هەیە، هەریەك لە مەحمود مەشهەدانی و تەلال زەوبەعی و خالید عوبەیدی چاویان لە وەرگرتنی ئەو پۆستەیە. رۆژی 2023/11/14 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق دەركردو رایگەیاند " بڕیاری كۆتایهێنان بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان، هیچ جۆرە تانەیەكی یاسایی لێنادرێت" بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەسەر بنەمای سكاڵایەك بوو كە هەردوو پەرلەمانتار (لەیس دلێمی)و (باسم خەشان) وەكو لایەنی سێیەم لە دۆسیەكەدا تۆماریانكردووە. ئێستا پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەكانی بە نائاسایی دەكات، چونكە بەپێی دەستوری عێراق دەبێت لەیەكەم كۆبوونەوەدا سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرێت، بەڵام لە ئێستادا گفتوگۆ لەسەر شوێنگرەوەی حەلبوسی دەكرێت، كە پشكی پێكهاتەی سونەیە لە عێراقدا. لە ئێستادا ناوی چەند كەسایەتییەكی سونەكان دەهێندرێت بۆ شوێنگرەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق. كاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە (درەو)ی راگەیاند: لە ئێستادا لەناو لایەنە سونییەكان و پەرلەمانتاران باس لە شوێنگرەوەی حەلبوسی دەكرێت لەگەڵ ئەوەی لەم بارودۆخەدا قورسە سەركردەكانی سوونە بڕیارێكی یەكگرتوویان هەبێت لەسەر پرسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بەڵام سیناریۆو چانسەكان بەم شێوەیەیە تا ئێستا: • چانسی یەكەم تا ئێستا بۆ تەقەدوومە بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، ئەگەر لایەنەكان رەزامەند بن پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بدرێتەوە بە تەقەدوم، بەتایبەت باس لەوە دەكرێت گفتوگۆ هەیە لە نێوان لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و تەقەدوومی سەربە محەمەد حەلبوسی كە ئەو پۆستە بدرێتەوە بە تەقەدووم، لەو حاڵەتەدا چانسی زیاد جەنابی و هەیبەت حەلبوسی زۆرە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. • چانسی دووەم بۆ حزبی سیادەیە بەسەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر، خۆ ئەگەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەر سیادە بكەوێت ئەوا سالم عیساوی چانسی گەورەی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. • چانسی سێیەم بۆ هاوپەیمانی عەزمە بەسەرۆكایەتی موسەنا سامەڕایی، ئەوا چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن موسەنا سامەڕاییەوە هەیە. • هەریەك لە مەحمود مەشهەدانی و تەلال زەوبەعی و خالید عوبەیدیش چانسیان هەیە. حەلبوسی كە سەرۆكایەتی حزبی (تەقەدوم) دەكات، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەلەمانی عێراقدا كە ئۆكتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو، براوەی یەكەمی پێكهاتەی سوننەكان و یەكێك لە براوە گەورەكانی هەڵبژاردن بوو لەسەرتاسەری عێراق. لەسەرەتای دانوستانی پێكهێنانی حكومەتەوە، حەلبوسی لەگەڵ بارزانی و موقتەدا سەدر هاوپەیمانێتی كرد، لەچوارچێوەی ئەم هاوپەیمانێتییەدا بۆ جاری دووەم وەكو سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە، بەڵام دوای كشانەوە سەدر لە پەرلەمان، حەلبوسی چووە رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی و لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا جارێكی تر متمانەی وەكو سەرۆكی پەرلەمان بۆ نوێكرایەوە. پۆستی سەرۆكی پەرلەمان گەورەترین پێگەی سیاسی تایبەت بە سوننەكانە لە عێراقی دوای سەددامدا، لەوكاتەوە هەر كەسێك لە پێكهاتەی سوننە ئەم پۆستەی بەدەستەوە بووبێت، وەكو كەسی ژمارە (1)ی پێكهاتەكە مامەڵەی كردووە، بۆیە دورخستنەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بەبێ كاردانەوە نامێنێتتەوە. كۆتایهێنان بە ئەندامێتیی حەلبوسی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لەسەر بنەمای سكاڵایەك بوو كە هەردوو پەرلەمانتار (لەیس دلێمی)و (باشم خەشان) وەكو لایەنی سێیەم لە دۆسیەكەدا تۆماریانكردووە. لەم دۆسیەیەدا، پەرلەمانتار باسم خەشان بەڵگەی خستوەتەڕوو كە دەیسەلمێنێت محەمەد حەلبوسی تێوەگلاوە لە گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیایەكی بیانی كە بەڕێوەبەری ئەو كۆمپانیایە پێشتر سسەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بووەو كۆمپانیاكەش یەكێك لە ئامانجەكانی بریتییە لە ئاسایكردنەوەی پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەدا. سەرباری ئەمە، لەسەر دۆسیەی پەرلەمانتار (لەیس دلێمی)، كە لەلایەن حەلبوسییەوە كۆتایی بە ئەندامێتی لە پەرلەمان هێنراوە، دادگای فیدراڵی حوكمی داوە لەسەر ئەوەی بڕیاری كۆتایهێنان بە ئەندامێتی لەیس دلێمی نادروستە، بەوپێیەی پێشوەختە حەلبوسی ئەو پەرلەمانتارەی ناچاركردووە نوسراوی دەستلەكاركێشانەوەی بۆ بنوسێت. 22ی نیسانی 2022، محەمەد حەلبوسی بە فەرمانێك (لەیس دلێمی) لە ریزەكانی حزبی (تەقەدوم) دورخستەوە، ئیتر لەوكاتەوە كێشەی نێوان حەلبوسیو دلێمی پەرەی سەند. كۆتایهێنان بە ئەندامێتی حەلبوسی لە پەرلەمانی عێراق كە ئێستا پیاوی ژمارە (1)ی سوننەكانە لە عێراق، سەرەتای قەیرانێكی نوێ دەبێت لەناو پێكهاتەی سوننەو لەبەرامبەریشدا لەگەڵ شیعەكان، بەتایبەتی كە عێراق لەسەروبەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایە.
راپۆرتی: درەو 🔻 وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ سێ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 كؤي داهاتي عيَراق (97) ترليؤن دينارة، داهاتي نةوتي (91 ترلیۆن) دینارة بەڕێژەی (93%)، داهاتي نانةوتي (6 ترلیۆن ) دینارة بەڕێژەی (7%). 🔹 لە سێ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (78 ترلیۆن) دینار، ئەم بڕەش (39%)ی ئەو خەرجییەیە لە یاسای بودجەی گشتی ساڵی (2023) بە (198 ترلیۆن) دینار خەمڵێندرابوو. 🔹 هەر بەپێی ئامارەکان لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵ، دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (15.7%) و پتر لە (17 ترلیۆن) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کورتهێنان بۆ ساڵی دارایی (2023) بە بڕی (64 ترلیۆن) دینار خەمڵێندراوە. یەکەم؛ داهات و خەرجی عێراق لە نێوان خەمڵاندن و واقعدا پاڵپشت بە یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2023 "بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵانی (2023 – 2024 – 2025)، (ماددەی 1، یەکەم، بڕگەی أ)؛ داهاتی گشتی عێراق بۆ ساڵی دارایی (2023) بە بڕی (134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار) دینار خەمڵێندرا. هاوکات (ماددەی 2، یەکەم)؛ خەرجی گشتی عێراق بۆ ساڵی دارایی (2023) بە بڕی (198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار) دینار خەمڵێندرا. کەواتە وەک لە (ماددەی 2، دووەم)دا هاتووە؛ کورتهێنان بۆ ساڵی دارایی (2023) بە بڕی (64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار) دینار خەمڵێندرا. بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق تا کۆتایی مانگی ئەیلول، پوختەی داهاتی گشتی عێراق زیاتر لە (95 ترلیۆن و 848 ملیار و 186 ملیۆن و 624 هەزار) دیناربووە، بەم پێیەش لە ماوەی (9) مانگدا بڕی (71%) داهاتی بودجەی خەمڵێندراوی ساڵی (2023)ی پڕکردووەتەوە، بۆ ئەوەی توشی کورتهێنان نەبێت دەبێت بۆ سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ بڕی (38 ترلیۆن و 704 ملیار و 732 ملیۆن و 438 هەزار) بە ڕێژەی (29%)ی داهاتی خەمڵێندراوی نێو یاسای بودجە داهاتی دەستبکەوێت. بەڵام بەپێچەوانەوە وەک لە یاسای بودجەدا هاتووە عێراق خەرجییەکانی زۆر کەمکردووەتەوە، لە پێناو خۆدەربازکردن لە کوردتهێنان، بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق تا کۆتایی مانگی ئەیلول کۆی خەرجییە گشتییەکانی عێراق زیاتر لە (78 ترلیۆن و 256 ملیار و 733 ملیۆن و 531 هەزار) دینار بووە، بەم پێیەش لە ماوەی (9) مانگدا بڕی (39%)ی خەرجی خەمڵێندراوی ساڵی (2023)ی پڕکردووەتەوە، بڕی (120 ترلیۆن و 653 ملیار و 610 ملیۆن و 58 هەزار) بە ڕێژەی (61%) خەرج نەکردووە، ئەگەر چی تەنها (3) مانگی لە بەردەست دەبێت بۆ خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەی کە لە یاسای بودجەدا خەمڵاندبووی!. دووەم؛ داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە سێ چارەکی یەکەمی (2023)دا رۆژی (14ی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی تا کۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 1. داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە سێ چارەکی یەکەمی 2023 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ ئەیلولی ساڵی (2023) لە (14ی تشرینی دووەمی 2023) بڵاو کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (97 ترلیۆن و 711 ملیار و 445 ملیۆن و 241 هەزار و 893) دینار، بەجۆرێک بڕی (91 ترلیۆن و 148 ملیار و 437 ملیۆن و 67 هەزار و 175) دیناری بەڕێژەی (93.1%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە. بڕی (6 ترلیۆن و 563 ملیار و 8 ملیۆن و 174 هەزار و 718) دینار، بەڕێژەی (6.9%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. بڕی (ترلیۆنێک و 863 ملیار و 258 ملیۆن و 617 هەزار و 676) دیناری لە داهاتی ئاڵوگۆڕ (الارادات التحویلیة) کورتی هێناوە و بە پوختی (95 ترلیۆن و 848 ملیار و 186 ملیۆن و 624 هەزار و 217) دینار، کۆی داهاتی وەزارەتی دارایی بووە. بەم پێیەش و بە تێکڕا داهاتی مانگانە زیاتر لە (10 ترلیۆن و 649 ملیار و 789 ملیۆن) دینار و رۆژانە پتر لە (354 ملیار و 993 ملیۆن) دینار بووە. سەبارەت بە وردەکاری هەر یەک لە مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایار، حوزەیران، تەموز، ئاب و ئەیلولی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) 2. خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە سێ چارەکی یەکەمی 2023 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج، شەش، حەوت، هەشت و نۆی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (78 ترلیۆن و 256 ملیار و 733 ملیۆن و 531 هەزار و 540) دینار، بەجۆرێک بڕی (69 ترلیۆن و 820 ملیار و 573 ملیۆن و 581 هەزار و 510) دیناری بەڕێژەی (88.9%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (8 ترلیۆن و 436 ملیار و 159 ملیۆن و 950 هەزار و 30) دیناری بەڕێژەی (11.1%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایاری، حوزەیران، تەموز، ئاب و ئەیلولی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) 3. بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنانی وەزارەتی دارایی عێراق لە سێ چارەکی یەکەمی 2023 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵی (2023)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و ڕێگاوبان و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (8 ترلیۆن و 436 ملیار و 159 ملیۆن و 950 هەزار و 30) دیناری بەڕێژەی (11.1%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1. کەرتی کشتوکاڵ بڕی (451 ملیار و 90 ملیۆن و 427 هەزار و 418) دیناری بە ڕێژەی (5.3%)ی بۆ خەرج کراوە. 2. کەرتی پیشەسازی بڕی (824 ملیار و 53 ملیۆن و 38 هەزار و 75) دیناری بە ڕێژەی (9.8%)ی بۆ خەرج کراوە. 3. کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (ترلیۆنێک و 964 ملیار و 84 ملیۆن و 269 هەزار و 86) دیناری بە ڕێژەی (23.3%)ی بۆ خەرج کراوە. 4. کەرتی بیناسازی و ڕێگاوبان بڕی (4 ترلیۆن و 255 ملیار و 450 ملیۆن و 528 هەزار و 455) دیناری بە ڕێژەی (50.4%)ی بۆ خەرج کراوە. 5. کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (941 ملیار و 481 ملیۆن و 686 هەزار و 997) دیناری بۆ بە ڕێژەی (11.2%) بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) 4. بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە سێ چارەکی یەکەمی 2023 لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (78 ترلیۆن و 256 ملیار و 733 ملیۆن و 531 هەزار و 540) دینار. لە کاتێکدا کۆی پوختەی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (95 ترلیۆن و 848 ملیار و 186 ملیۆن و 624 هەزار و 217) دینار. واتە بڕی (17 ترلیۆن و 591 ملیار و 453 ملیۆن و 92 هەزار و 677) دیناری بەڕێژەی (15.7%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایار، حوزەیران، تەموز، ئاب و ئەیلولی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)). خشتەی ژمارە (4) 5. خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە سێ چارەکی یەکەمی 2023 لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵی (2023)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (6 ترلیۆن و 985 ملیار و 634 ملیۆن و 619 هەزار و 784) دینار. بە جۆرێک؛ 1. ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (413 ملیار و 21 ملیۆن و 940 هەزار و 575) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (317 ملیۆن و 126 هەزار و 550) دیناری بە کەمتر لە (0.1%) خەرجییەکانی لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2. سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (42 ملیار و 368 ملیۆن و 344 هەزار و 47) دیناری خەرجکردووە، (100%)ی خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3. ئەنجومەنی وەزیران بڕی (6 ترلیۆن و 530 ملیار و 244 ملیۆن و 335 هەزار و 162) دیناری خەرجکردووە، بڕی (5 ترلیۆن و 68 ملیار و 534 ملیۆن و 874 هەزار و 259) دیناری بە ڕێژەی (78%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (ترلیۆنێک و 461 ملیار و 709 ملیۆن و 460 هەزار و 903) دیناری بە ڕێژەی (22%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵی (2023) بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (5) سەرچاوەکان؛ 1. قانون رقم (13) لسنة 2023 "الموازنة العامة الاتحادیة لجمهوریة العراق للسنوات المالیة (2023 – 2024 - 2025)"، الوقائع العراقیة، رقم 4726، 26 حزیران 2023. 2. ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، - حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة نیسان لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة ایار لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة حزیران لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة تموز لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة اب لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة - حساب الدولة لغایة ایلول لسنة 2023 للموازنە الاتحادیة سەرجەم ڕاپۆرتەکان لەم لینکەی خوارەوە بەردەستن؛ https://bitly.ws/YMZ3
راپۆرتی: درەو 🔻 ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، دواین ئاماری خۆی لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق تایبەت بە ژمارەی (هاوسەرگیری و جیابوونەوە) لە (18/10/2023) بۆ مانگی ئەیلولی (2023) بڵاو کردەوە، بەپێی ئامارەکە لە (9) مانگدا؛ 🔹 لە سێ چارەکی یەکەمی (2023)دا ئامارەکان دەگاتە (215 هەزار و 990) حاڵەتی هاوسەرگیری تۆمارکراو، کە (183 هەزار و 562) گرێبەستیان بە ڕێژەی (85%) لە دادگاکان و (32 هەزار و 428) حاڵەتیان بە ڕێژەی (15%) لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. 🔹 (54 هەزار و 494) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە. نزیکەی (74%)ی جیابوونەوەکان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلاکراونەتەوە! کە (40 هەزار و 162) کۆی حاڵەتەکان بوە! تەنها (26%)ی جیابوونەوەکان بە بڕیاری دادگا یەکلاکراونەتەوە کە ژمارەیان (14 هەزار و 332) حاڵەت بووە. ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە عێراق بۆ سێ چارەکی یەکەمی 2023 رۆژی (18/10/2023) ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، داتاکانی خۆی لەسەر ئاستی (15) پارێزگاکەی عێراق تایبەت بە ژمارەی (هاوسەرگیری و جیابوونەوە) بۆ مانگی ئەیلولی (2023) بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە؛ (17 هەزار و 634) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (14 هەزارو 215) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار و 419) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات (5 هەزار و 462) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (هەزارو 508) حاڵەتیان لە دادگاکان و (3 هەزار و 954) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. بە هەڵدانەوەی ئامارەکانی مانگەکانی پێشووتری ئەمساڵ حاڵەتەکان لە سێ چارەکی یەکەمی (2023)دا دەگاتە (215 هەزار و 990) هاوسەرگیری تۆمارکراو و (54 هەزار و 494) حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران. بە جۆرێک؛ # لە کانونی دووەمی 2023 دا، (25 هەزار و 406) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (22 هەزارو 300) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار و 106) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هەر لە هەمان ماوەدا (6 هەزار و 335) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (هەزارو 428) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزار 907) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە کانونی شوباتی 2023 دا، (27 هەزار و 510) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (22 هەزارو 16) گرێبەستیان لە دادگاکان و (5 هەزار و 494) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. لەگەڵ ئەوەشدا (6 هەزار و 147) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (هەزارو 506) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزار و 641) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە مانگی ئازاری 2023 دا، (27 هەزار و 613) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (24 هەزارو 376) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار 237) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات (6 هەزار و 518) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە، کە (هەزارو 685) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزارو 833) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە مانگی نیسانی 2023 دا، کەمترین ڕێژەی هاوسەرگیری تۆمارکراوە بەراورد مانگەکانی دیکەی سێ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، بەجۆرێک؛ (17 هەزار و 105) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (14 هەزارو 786) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار و 319) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. بە هەمان شێوەی ئامارەکانی هاوسەرگیری کەمترین ڕێژەی جیابوونەو لەم مانگەدا تۆمار کراوە کە بریتی بووە لە؛ (4 هەزار و 643) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (هەزارو 326) حاڵەتیان لە دادگاکان و (3 هەزار و 317) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # بە پێچەوانەی مانگی نیسان لە مانگی ئایاری 2023 دا، بەرزترین ڕێژەی هاوسەرگیری تۆمارکراوە بەراورد مانگەکانی دیکەی سێ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، بەجۆرێک؛ (28 هەزار و 840) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (25 هەزارو 610) گرێبەستیان لە دادگاکان و (3 هەزار و 230) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات ئامارەکانی جیابوونەوە، کە لەم مانگەدا تۆمار کراوە بریتی بووە لە؛ (6 هەزار و 728) حاڵەتی جیابوونەوە کە (هەزارو 796) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزار و 932) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە حوزەیرانی 2023 دا، (25 هەزار و 687) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (22 هەزارو 688) گرێبەستیان لە دادگاکان و (2 هەزار 999) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. لەگەڵ ئەوەشدا (5 هەزار و 880) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (هەزارو 449) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزار و 431) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە مانگی تەموزی 2023 دا، (26 هەزار و 778) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (22 هەزارو 731) گرێبەستیان لە دادگاکان و (4 هەزار و 47) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات (5 هەزار و 808) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە (هەزارو 549) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزارو 259) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. # لە ئابی 2023 دا، (19 هەزار و 417) حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە کە (14 هەزارو 840) گرێبەستیان لە دادگاکان و (4 هەزار و 577) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات بەرزترین ڕێژەی جیابوونەو لەم مانگەدا تۆمار کراوە لە سێ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، کە بریتی بووە لە؛ (6 هەزار و 937) حاڵەتی جیابوونەوەی تۆمار کراو، کە (2 هەزارو 85) حاڵەتیان لە دادگاکان و (4 هەزار و 888) حاڵەتیان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلابونەتەوەو دواتر لە دادگا پەسەند کراون. کەواتە کۆی حاڵەتەکان (هاوسەرگیری و جیابوونەوە) لە سێ چارەکی یەکەمی (2023)دا دەگاتە (215 هەزار و 990) هاوسەرگیری تۆمارکراو، کە (183 هەزار و 562) گرێبەستیان بە ڕێژەی (85%) لە دادگاکان و (32 هەزار و 428) حاڵەتیان بە ڕێژەی (15%) لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دراوە و دواتر لە دادگا پەسەند کراون. هاوکات (54 هەزار و 494) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە. ئەوەی جێگەی تێڕامانە نزیکەی (74%)ی جیابوونەوەکان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلاکراونەتەوە کە (40 هەزارو 162) کۆی حاڵەتەکان بوەوە تەنها (26%)ی جیابوونەوەکان بە بڕیاری دادگا یەکلاکراونەتەوە کە (14 هەزار و 332) حاڵەت بووە. (بڕوانە خشتە و چارتی هاوپێچ)
راپۆرت: درەو كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان هەڕەشەی پەنابردن بۆ دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن دەكەن، ئەگەر لەچوارچێوەی رێككەوتنی نوێی نێوان هەولێرو بەغداد دەستكاری گرێبەستی كاركردنیان بكرێت، ئەم كۆمپانیایانە (4) مەرجیان هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، وردەكاری مەرجو داواكاری كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم لەم راپۆرتەدا. ئەپیكور.. راگەیەندراوێكی نوێ كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدەن لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم. گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان "ئەپیكور" كە نوێنەرایەتی كۆمپانیاكانی (DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy ،ShaMaran Petroleum) دەكات، لە راگەیەندراوێكی نوێدا دەڵێ:" گفتوگۆكانی نێوان بەرپرسانی حكومەتی عێراقو حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی ئەرێنی بەرەو دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانو هەناردەكردنەوەی نەوت نیشان دەدات". بە دادگای لەندەن هەڕەشە دەكەن ! گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان جارێكی تر هۆشداری دەدات لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتو ئاماژە بەوە دەكات" پێشوەختە مەرجەكانی خۆیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی تەواوی نەوت خستوەتەڕوو، هێشتا پابەندن بە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان". كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم مەترسییان هەیە دەستكاری گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم بكرێتو هاوتا بكرێت لەگەڵ گرێبەستە نەوتییەكانی عێراق، چونكە گرێبەستی ئەم كۆمپانیایانە لە هەرێمی كوردستان گرێبەستی (هاوبەشیكردنی بەرهەم)ەو جیاوازە لە گرێبەستەكانی عێراق كە گرێبەستی (خزمەتگوزاری)ن. لە راگەیەندراوەكەیدا (ئەپیكور) باسلەوە دەكات" گرێبەستەكانی هاوبەشكردنی بەرهەمهێنان (PSCs) هێشتا بەركارنو بە یاسای ئینگلیزی بەڕێوەدەبرێن، چارەسەری ناكۆكییەكان لەبارەی گرێبەستەكانەوە لەرێگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە دەبێت لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن". ئەپیكور گلەیی هەیە ! كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم گلەیی دەكەن لەبارەی ئەوەی بانگهێشت نەكراونو هیچ پەیوەندییەكی فەرمییان پێوە نەكراوە سەبارەت بە دەرەنجامی كۆبونەوەكانی ئەمدواییەی حكومەتی هەرێمو وەزارەتی نەوتی عێراق. رۆژی 11ی ئەم مانگە وەفدێكی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت گەیشتە هەولێرو ماوەی دوو رۆژ لەگەڵ سەرۆكو سەرۆك وەزیرانی هەرێمو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گفتوگۆی كرد لەبارەی میكانیزمەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم. لە یەكێك لە كۆبونەوەكانی وەفدەكەی عێراقدا لە هەولێر، نوێنەری هەندێك لە كۆمپانیا بیانییەكان بانگهێشتكرابوون، بەپێی قسەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەم سەردانەی وەزیری نەوتی عێراقدا بۆ هەولێر، چەند پێشنیازێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت گەڵاڵەكراونو وەفدی عێراق گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر یەكێك لە پێشنیازەكان بدات، هێشتا وردەكاری پێشنیازە گەڵاڵەكراوەكان ئاشكرا نەكراون، بەڵام دەستكاریكردنی گرێبەستەكانی نەوتی هەرێم یەكێك لەو بابەتانەیە كە قسەوباسی لەسەر دەكرێت، رەنگە ئەمە هۆكاری نیگەرانی كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم بێت. چوار مەرج بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان، بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كە لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە، كۆمەڵێك مەرجی پێشوەختەی راگەیاندووە كە ئەمانەن: • هەر زیادكردنێك دەبێت رێككەوتنی لەسەر بكرێت لەنێوان حكومەتی عێراقو حكومەتی هەرێمو كۆمپانیاكانی ئەپیكور. • دەبێت گرەنتی ئەوە بكرێت پارەی هەناردەی نەوت لە رابردوو و داهاتوودا دەدرێت. • دەبێت پارەی فرۆشتنی نەوتی لە داهاتوودا بەشێوەی راستەوخۆ بۆ كۆمپانیاكان حەواڵە بكرێت. • دەبێت پارێزگاری بكرێت لە مەرجە بازرگانییەكانی ئێستاو مۆدێلی ئابوری كۆمپانیاكانی ئەندامی گروپی ئەپیكور. لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیدا، گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان رایگەیاندووە، بۆ دەستپێكردنەوەی خێرای هەناردەی نەوت، پابەندە بە چارەسەری كێشەكانەوە، چونكە لە دۆخی ئێستادا زیانەكان بەرزتر دەبنەوە، بەتایبەتیش كە لەدوای داخستنی بۆری نەوتی عێراق-توركیاوە زیاتر لە 7 ملیار دۆلار زیان بە داهاتەكانی نەوت گەیشتووەو سەرباری ئەمەش حكومەتی عێراق رۆژانە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار سزای دارایی دەكەوێتەسەر بەهۆی پابەندنەبوون بە رێككەوتنی هێڵی بۆری نێوان عێراقو توركیا ITP. كۆبونەوەكەی دوبەی رۆژی 8ی ئەم مانگە، كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە (دوبە)ی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبونەوە، داوای قەرزەكانیان لە حكومەتی هەرێم كردەوە، مەترسی خۆیان نیشاندا لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمو پێشنیازی ئەوەیان كرد پشكی خۆیان لە نەوتی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی عێراق بفرۆشن. پێشنیازێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێمی كوردستان پێشنیازێكیان بۆ خێرا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم خستوەتە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق، پێشنیازەكە ئەوەیە" كۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان دانوستان بكات لەبارەی كڕینو فرۆشتنی نەوت لەم كۆمپانیایانە، چونكە بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردویانە كە گرێبەستی پشكی بەرهەمهێنانە، ئەم كۆمپانیایانە مافی ئەوەیان پێدراوە پشكی نەوتی خۆیان بفرۆشن". كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان دەیەوێت لەچوارچێوەی دانوستانێكدا پشكی خۆی لە نەوتی كێڵگەكانی هەرێم كوردستان بفرۆشێت بە وەزارەتی نەوتی عێراقو كۆمپانیای سۆمۆ، هاوشێوەی ئەوەی كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی غازی كێڵگەی كۆرمۆری فرۆشتووە بە وەزارەتی نەوتی عێراقو بەبۆری دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك. داوای قەرزەكانی لە حكومەتی هەرێم دەكاتەوە ئەپیكور مەرجێكی تریشی هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم هەیەو بە وەزارەتی نەوتی عێراقی وتووە:" دەبێت رێككەوتنێكی روونو وردو یاسایی هەبێت بۆ فرۆشتنو هەناردەی نەوت، لەناویشیاندا پێدانی پارەی فرۆشی نەوت لە رابردوو و داهاتووودا". بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرەتای ئۆكتۆبەری رابردووی گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان، گروپی ئەپیكور بڕی (یەك ملیار) دۆلاری پارەی لای حكومەتی هەرێمەو هێشتا پێی نەدراوەتەوە، ئەم كۆمەڵەیە هۆشداری ئەوەی بە هەردوو حكومەتی هەرێمو حكومەتی عێراق داوە تەنانەت ئەگەر هەناردەی نەوتیش لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق- توركیاوە دەستپێبكاتەوە، ئەوان لە دۆخێكدا نین نەوت لە هەرێمی كوردستان بەرهەمبهێنن تا دڵنیا نەبن لەوەی چۆن پارەیان پێدەدرێت. ترس لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكان 15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێكی لەدژی هەرێمی كوردستان دەركرد، بەپێی ئەم بڕیارە یاسای نەوتو غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو حكومەتی هەرێمی پابەند كرد بەوەی نەوتو غازەكەی رادەستی بەغداد بكات، لەدوای ئەم بڕیارەوە حكومەتی پێشووی عێراق چەند هەنگاوێكی گرتەبەر بۆ ناچاركردنی كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم بۆ تازەكردنەوەی گرێبەستی كاركردنیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، بەوپێیەی ئەم وەزارەتە گرێبەستەكانی هەرێمی بەدڵ نییەو دەیەوێت لەگەڵ گرێبەستەكانی عێراق هاوتای بكات، لە كۆبونەوەكەی دوێنێی دوبەیدا، نوێنەرەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق دڵنیاییان بە نوێنەری كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم داوە رێز لە قەرزەكانی رابردوویان دەگیرێت، بەڵام:" رێكخستنی گرێبەستەكان هەمووان پەسەندی بكەن". كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم ترسیان هەیە وەكو ئەوەی پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق كاری لەسەركردووە، گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەموار بكرێتەوەو لە گرێبەستی "شەراكەت"ەوە بكرێت بە گرێبەستی "خزمەتگوزاری"، بۆیە لە گفتوگۆكەی دوبەیدا نوێنەری ئەپیكور داوایكردووە" مەرجە بازرگانییەكانی ئێستا وەك خۆیان بمێننەوەو گرێبەستەكانی پشكی بەرهەمهێنان كاریان پێبكرێت". ئاڵنگارییەكی تر یەكێك لە ئاڵنگارییەكانی تری بەردەم پرۆسەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان نرخی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەدا دیاریكراوە، ئەمەش بەربەستێكی تری بۆ كاركردنی كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێم دروستكردووە. لە یاسای بودجەدا عێراق، خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوتی زۆر بە كەمتر لەو نرخە ئەژماركردووە كە بەشێوەیەكی فعلی لە كوردستان هەیە. یاسای بودجەی فیدراڵ نرخی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی بەهەمان ئەو نرخە ئەژماركردووە كە لە عێراق هەیە، لەسەر ئەم بنەمایە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت بڕی (6) دۆلاری دیاریكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی قسەی كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێم بڕەكەی (24) دۆلارەو تیچووی گواستنەوەی هەر بەرمیلێكیش (7) دۆلارە، واتا بە تێكڕای خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ هەر بەرمیلێك (31) دۆلار دەكەوێت. یاسای بودجەی فیدراڵ رێگە بەوە نادات لە داهاتی نەوتی هەرێم پارە بۆ هیچ مەبەستێك ببڕدرێت، بودجە بەرپرسیارێتی دابینكردنی هەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوتی لە هەرێمی كوردستانو خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی خستوەتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی عێراق. بودجە پارەی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێمی لە خشتەیەكدا دیاریكردووە كە بڕەكەی (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دینارە بۆ یەك ساڵ، ئەم بڕە پارەیە كورتهێنانی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان. بەگوێرەی لێكدانەوەیەك كە ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردویەتی: • كۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ گواستنەوەی بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی 2023 بریتییە لە (1 ترلیۆنو 428 ملیار) دینار. • كۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ وەبەرهێنانو هەناردەكردنی بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی 2023 بریتییە لە (2 ترلیۆنو 448 ملیار) دینار. واتا بە تێكڕا خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2023دا بڕەكەی بە (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دینار دیاریكراوە، ئەم پارەیە بڕەكەی بە دۆلار دەكاتە (2 ملیارو 980 ملیۆن) دۆلار. هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022 بڕی (6 ترلیۆنو 695 ملیار) دیناری بۆ خەرجییەكانی نەوت خەرجكردووە، بەڵام لە بودجەی عێراقدا (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دیناری تەرخانكردووە، لێرەدا حكومەتی هەرێم توشی كورتهێنانێك دەبێت كە بڕەكەی (2 تریلیۆنو 800 ملیار) دینارە، وەكو سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ" ئەم كورتهێنانە هیچ تەرخانكراوێكی بۆ نەكراوە لەناو بودجەی عێراقو هەرێمی كوردستانیش ناتوانێت پڕی بكاتەوە". ئێستا كە توركیا ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان نیشانداوە، هێشتا دیار نییە ئایا كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت ئامادەن بەو نرخەی كە عێراق دیاریكردووە (6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك) نەوت بۆ هەرێمی كوردستان بەرهەمبهێنن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم باسلەوە دەكات كۆمپانیاكان وتویانە ئامادە نین بەو پارەیە كاربكەن. قەرزەكانی كەرتی نەوتی هەرێم كەرتی نەوتی هەرێم كێشەیەكی تریشی هەیە كە ئەویش قەرزی پێشووی هەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوتو پارەی وەرگیراوی پێشەكی نەوتی فرۆشراوی پێشوەختەیەو بە تێكڕا بڕەكەی (8 ملیارو 623 ملیۆن) دۆلارەو ئەم قەرزەش هیچ چارەسەرێكی لە یاسای بودجەدا بۆ دیاری نەكراوەو نازانرێت حكومەتی هەرێم چۆن ئەم پارانە دەگێڕێتەوە.
درەو: ئەمڕۆ لە ئۆفیسی (دامەزراوەی میدیایی درەو)، ڤۆلكەر پێرسیس، سەرۆكی تیمی سەربەخۆی پێداچونەوەی ستراتیژی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاوكاری عیراق (یونامی)، لەگەڵ بەشێك لە رۆژنامەنووسان و نوێنەری رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كۆبوونەوە. گۆڵكە پێرسیس لە كۆبوونەوەكەدا بۆچوونی چین و توێژەكانی وەردەگرت سەبارەت درێژەپێدانی ئەركەكانی (یونامی) لە عێراق و هەرێمی كوردستان. رۆژنامەنووسان و نوێنەری رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی باسی دۆخی سیاسی و ئەمنی و مافی مرۆڤ و ژنان و ئازادی میدیای و رادەربڕینیان كرد و خستیانە بەردەست نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان. سەردانی تیمی سەربەخۆی پێداچوونەوەی ستراتیژی بە ئەركی پێسپێردراوی یونامی لە عێراق بە گوێرەی بڕیاری ژمارە (2682)ی ساڵی 2023ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان (ڤۆڵكەر پێرسیس بە سەرۆكی تیمەكە دیاریكراوە بۆ پێداچوونەوە بە ئەركی (یونامی) لە عێراق و دواتر دەرئەنجامی راپۆرتەكەی خۆی رادەستی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات بۆ ئەوەی بریاری كۆتایی سەبارەت بە داهاتووی (یونامی) لە عێراق بدرێت. \
(درەو): ئەمریكاو توركیا لەسەر پرسی لادانی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هاتونەتە سەر خەت، ئەمریكا گومانی لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی هەیە، داوا دەكات دادگا سەربەخۆ بێت. سەرباری ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق جەخت لەسەر لادانی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان دەكاتەوە لە پۆستەكەی، بەڵام ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد هێشتا وەكو سەرۆكی پەرلەمان، حەلبوسی دەناسێنێت. رۆمانۆسكی دوێنێ لەگەڵ فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق كۆبووەوە، باسی پەرەسەندنەكانی ئەمدواییەی عێراقی لەگەڵدا كردو وتی:" گرنگە دادگایەكی سەربەخۆ هەبێت كە رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەرو لە بڕیارەكانیدا پشت بە دەستور ببەستێت". دوای دیدارەكەی لەگەڵ فایەق زێدان، خاتوونی باڵیۆزی چاوی بە محەمەد حەلبوسی كەوتووەو وەكو سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ناوی هێناوە. دوێنێ جاسم عمێری سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاند" بڕیاری كۆتایهێنان بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان، هیچ جۆرە تانەیەكی یاسایی لێنادرێت". توركیاش لەسەر دۆسییەكەی حەلبوسی هاتوەتە سەر خەت، عەلیڕەزا گۆنای باڵیۆزی توركیا لە بەغداد سەردانی حەلبوسی كرد، لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە گفتوگۆی لەگەڵ كرد. حەلبوسی نزیكە لە توركیاوە، هاوپەیمانی سیادە كە رێككەوتنی نێوان حەلبوسیو خەمیس خەنجەر بوو لەدوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021دا، سەرەتا لە توركیاوە موبارەكەی لێكرا. لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانو لەتیف رەشیدی سەرۆك كۆماریش لەگەڵ حەلبوسی دیداریان كردووە. لەپاش دەرچوونی بڕیاری لادانی لە ئەندامێتی پەرلەمان بەهۆی ساختەكردنی نوسراوی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارێكی حزبەكەی (تەقەدوم)، سێ وەزیری هاوپەیمانی تەقەدوم (وەزیری پلاندانان- وەزیری پیشەسازی- وەزیری رۆشنبیری) دەستلەكاركێشانەوەیان لە پۆستەكانیان پێشكەشكرد، پەرلەمانتارانی تەقەدومیش كە ژمارەیان 39 كەسە، ئەندامێتی خۆیان لە پەرلەمان هەڵپەسارد. هەندێك بڕیاری دادگای فیدراڵی لە رەهەندە یاساییەكەی دادەماڵنو دەڵێن ئێران لە پشت بڕیاری لادانی حەلبوسییەوەیە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی حەلبوسی لەگەڵ بارزانیدا لەدوای هەڵبژاردنە كێشەلەسەرەكەی 2021ی عێراق، چووە ناو كێشەی ناوخۆی ماڵی شیعەو لەبەرامبەر لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی نزیك لە ئێران، هاوپەیمانێتی لەگەڵ موقتەدا سەدر كرد، قسەكانی باڵیۆزی ئەمریكا نیشاندەری ئەوەیە واشنتۆنیش لەم گۆشە نیگایەوە تەماشای دۆسیەكە دەكات. هەوڵی لادانی حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان نوێ نەبوو، لەدوای كشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسیی، چەندجارێكی تریش هەوڵ بۆ دورخستنەوەی حەلبوسی لە ئارادا بوو، بەڵام هەموو جارەكان بە سەلامەتی لێی دەرچووە، تا دواجار سكاڵای پەرلەمانتارێكی حزبەكەی (لەیس دلێمی) لە دادگای فیدراڵی كاری خۆی كردو حەلبوسی لە سەرۆكایەتی خست. نەیارانی حەلبوسی تەنیا لەناو لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێراندا نین، لەناو پێكهاتەی سوننەشدا نەیاری زۆر بوو، تۆمەتبار دەكرا بە تاكڕەوی، هاوپەیمانی عەزم كە موسەننا سامەڕایی سەرۆكایەتی دەكاتو نوێنەرایەتی پێكهاتەی سوننە دەكات، لە نەیارە سەرسەختەكانی حەلبوسی بوو، خەمیس خەنجەریش سەرباری ئەوەی بە فشاری توركیاو قەتەر هاوپەیمانێتی لەگەڵدا گرێدا بوو، بەڵام هێشتا دوردونگ بوو لێی، شیعەكان دۆخی حەلبوسییان لەناو پێكهاتەی سوننە قۆستەوە بۆ لێدانی گورزێكی بەهێز لە خۆیو حزبەكەی بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵدا، هەڵبژاردنێك كە حەلبوسی بە باشی خۆی بۆ ئامادە كردبوو، پێنج لیستی دروستكردبوو بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەكە. شیعەكان پێشبینی ئەوە دەكەن، دوای دورخستنەوەی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، ناكۆكییەكان لەناو حزبی تەقەدوم بتەقنەوە بەڕووی حەلبوسیداو هەوڵی لادانی بدرێت لە پۆستی سەرۆكی حزب، بەڵام تائێستا حەلبوسی یەكگرتوویی حزبەكەی پاراستووەو دیارنییە تاكەی لەبەردەم گێژەڵوكەكەدا خۆی رادەگرێت.
درەو: لە شاری كەلار ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، فۆكەس گروپی تایبەت بە"هۆشیاری هەڵبژاردن"بەڕێوەچوو كە (دامەزراوەی میدیایی درەو) بە پاڵپشتی دارایی كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر ئەنجامی دا. رۆژی سێشەممە 14/11/2023 لە شاری كەلار ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، دەستكرا بە جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی تایبەت بە (هۆشیاری هەڵبژاردن) كە لە (8) فۆكەس گروپدا جێبەجێ دەكرێت لە چوار پارێزگاكەی هەرێم (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە) و چوار ئیدارە سەربەخۆكە (گەرمیان، راپەڕین، سۆران، زاخۆ) ئەنجامدەدرێت. پرۆژەكە لەلایەن (دامەزراوەی میدیایی درەو) ئەنجامدەدرێت بە پاڵپشتی دارایی كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر. لە فۆكەس گروپەكەدا ژمارەیەك گەنج لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ لە پیشە جیاوازەكان بەشدار بوون، گفتوگۆ لەسەر بەشداری گەنجانكرا لە پرۆسەی هەڵبژاردن، كە بۆچی زۆرینەی گەنجان بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن؟ ئەم پرۆژەیە (هۆشیاری هەڵبژاردن) كە دامەزراوەی درەو بە پاڵپشتی دارایی كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا بە رێوەی دەبات لە رۆژانی داهاتوو لە شاروشارۆچكەكانی تری هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت.
درەو: 🔻 بەپێی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای "گهنێڵ ئەنێرجی"ی تورکی، لە سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتیانەی هەرێمی کوردستان کە کۆمپانیاکە تێدا پشکدارە، لە چارەکی سێیەمی (2023)دا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەم جۆرە بوە؛ 🔹 ئاستی بەرهەمی نەوتی ڕۆژانە لەناوچەی گرێبەستی تاوکێ (25 هەزار و 980) بەرمیل بووە، بەراورد بە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ کە رۆژانە (93 هەزار و 880) بەرمیل نەوت بەرهەمەکەی بووە، بە رێژەی (72%) دابەزیوە. 🔹 لە چارەکی سێیەمی (2023)دا ئاستی بەرهەمی نەوتی ڕۆژانە، لە کێڵگەی نەوتی تەق تەق بە ڕێژەی (100%) دابەزیوە. بەراورد بە چارەکی یەکەمی (2023) کە تێیدا رۆژانە (3 هەزار و 610) بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەمی هەبووە. 🔹 لە چارەکی سێیەمی (2023)دا بە هامان شێوەی کێڵگەی نەوتی تەق تەق ئاستی بەرهەمی نەوتی ڕۆژانە لە کێڵگەی نەوتی سارتە بە ڕێژەی (100%) دابەزیوە. بەراورد بە چارەکی یەکەمی (2023) کە تێیدا رۆژانە (3 هەزار و 160) بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەمی هەبووە. ئاستی بەرهەم لە کێڵگه نهوتییهکانی ههرێمی کوردستان بۆ چارەکی سێیەمی (2023) رۆژی (14/11/2023) کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی ڕایگەیاند، لەو کێڵگە نەوتییانەی کاری تێدا دەکات لە چارەکی سێیەمی (2023) ئاستی بەرهەمی کێڵگەی تاوکێ گەیشتووە بە (25 هەزار و 980) بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەردوو کێڵگەکانی (تەق تەق و سارتە) کە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی کاریان تێدا دەکات، لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە (25/3/2023)ەوە بە پێی بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت لەو دوو کێڵگەیەی یەکەم نەکراوەتەوە ئەگەرچی لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بە ئاستێکی زۆر نزم بەرهەمیان هەبووە، بەڵام لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا هەردوو کێڵگەی نەوتی (تەق تەق و سارتە) هیچ بەرهەمێکیان نەبووە. ئەمە لە کاتێکدایە لە چارەکی یەکەمی (2023) ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی سنوری کاری کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی بەم شێوەیە بووە؛ - کێڵگەی نەوتی تاوکێ بەتێکڕا (93 هەزار و 880) بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبووە. - کێڵگەی نەوتی تەق تەق بەتێکڕا (3 هەزار و 610) بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبووە. - کێڵگەی نەوتی سارتە بەتێکڕا (3 هەزار و 160) بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبووە. تایبەت بە تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی هەرسێ لێڵگەی نەوتی (تاوکێ، تەق تەق و سارتە) لە سنوری ناوچەی گێبەستەکانی گەنێڵ ئەنێرجی لە نێوان چارەکی یەکەمی و چارەکی سێیەمی (2023) بڕوانە چارتی ژمارە (1). چارتی ژمارە (1) گهنێڵ ئەنێرجی له کێڵگه نهوتییهکانی ههرێمی کوردستان حکومهتی ههرێمی کوردستان گرێبهستی لهگهڵ کۆمپانیای "گهنێڵ ئەنێرجی"ی تورکی ههیه له ههر یهک کێڵگهکانی (تاوکێ، تهق تهق، سارتە و قهرهداغ)، سێ کێڵگەی یەکەمیان لە پێش بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە بەرهەمهێناندا بوون. بەڵام لە دوای (25/3/2023) بەرهەمهێنان لەو کێڵگانەش ڕاگیراوە، بەڵام تەنها کێڵگەی نەوتی (تاوکێ) بە ئاستێکی نزم دەستی بە بەرهەمێنان کردەوە بە جۆرێک تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە چارەکی سێیەمی 2023 گەیشتووە بە سەرو (25 هەزار) بەرمیک نەوتی رۆژانە، سەبارەت بە وردە کاری هەر کێڵگەیەک، زانیارییەکان بەم جۆرەن؛ یەکەم؛ کێڵگهی تاوکێ هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی (DNO)ی نەرویجی وکۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی (Genel Energy) تورکی لە کێڵگەی تاوکێ خاوەن پشکن. کۆمپانیای دی ئێن ئۆ(DNO) خاوەنی (75%)ی پشکەکانەو گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی (25%)ی پشکەکانە. ناوچەی گرێبەستی تاوکێ لە پارێزگای دهۆکە. دووەم؛ کێڵگەی تەق تەق ئەم کێڵگەیە دهكهوێته ناحیهی "تهق تهق"ەوە لە قهزای كۆیه، ڕووبهرهكهی (951) كیلۆمهتر دووجایه، پشكهكانی کێڵگەی ناوبراو دابەشبوون بەسەر كۆمپانیای "ئەداکس پیترۆلیۆم" کە (36%)ی پشکەکان و "گهنێڵ ئەنێرجی" توركی (44%)ی پشکەکان و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. سێیەم؛ کێڵگەی سارتا کێڵگەی سارتا دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە، "گنێڵ ئەنێرجی" (30%)ی پشکەکان و (20%)ی پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستانە. چوارەم؛ کێڵگەی قهرهداغ دەکەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە لە ناوچهی قهرهداغ و خۆرههڵاتی چیای سهگرمه و ڕۆژئاوای ڕووباری سیروان دهگرێتهوه تا دهگاته دهربهندیخان و ڕووبهری ئهم بلۆكه (846) كیلۆمهتر دووجایه، پێشتر (80%)ی پشكهكانی درا بە كۆمپانیای (ئیكسۆن مۆبایل)ی ئهمریكی و (20%)ی پشكەکانی بۆ (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم کوردستان مایەوە. بەڵام دوای کشانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە (40%)ی پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای "گهنێڵ ئەنێرجی"ی تورکی. بەڵام تا ئێستا ئەم کێڵگەیە نەگەیشتووە بە بەرهەمهێنان و کۆمپانیا تورکییەکە بەردەوامە لە کارکردن تێیدا. سەرچاوە - Genel Energy plc Trading and operations update, Genel Energy plc ('Genel' or 'the Company') issues the following trading and operations update relating to Q1 2023, ahead of the Company's Annual General Meeting ('AGM'), which is being held today, 11 May 2023; https://genelenergy.com/wp-content/uploads/2020/09/Genel-AGM-trading-update-FINAL-1.pdf - Genel Energy plc Trading and operations update, Genel Energy plc ('Genel' or 'the Company') issues the following trading and operations update in respect of the third quarter and first nine months of 2023, 14 November 2023; https://genelenergy.com/wp-content/uploads/2020/09/Genel-Q3-trading-update-FINAL-1.pdf
ئامادەكردنی: یادگار گڵاڵی ئەمڕۆ دوای تەواو بوونی کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەکانی لە هەولێر وەزیری نەوتی عێراق حەیان عەبدولغەنی رایگەیاند "پرۆژەیەکمان هەیە بۆ ئەوەی ئەو گرێبەستانەی هەرێم لەگەڵ یاسا بگونجێنرێت بەشێوەیەک دەستووری عێراقی رێگەی پێبدات... وەزارەتی نەوت گرێبەستی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیا لەسەر بنەمای دابەشکردنی قازانج کردووە، نەک دابەشکردنی بەرهەم." ئەم لێدوانەی کە دەڵێت گرێبەستەکان نادەستوین هەمان شتە کە لە دوای دەرچوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمە وە لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە گوێبیستی دەبین و دووپاتی دەکەنەوە، چونکە گرێبەستەکانی نەوت لەسەر بنەمای ئەوسایە کراوە. هەروەها ساڵی پار ئەو یاسایە لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە بەنادەستوری بڕیاری لەسەر درا. ئێستا دوای وتووێژە دوو رۆژییەکەیان گەشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە دەکرێت تەنها بە گۆرینی ناو وەهێشتنەوەی ناوەرۆک ئەوکێشەیە چارەسەر بکرێت. لەبری هاوبەشیکردن لە بەرهەم دەیکەن بە هاوبەشی کردن لەقازانج کە هیچ لە ناوەرۆکی گرێبەستەکان ناگۆڕێت و کۆمپانیاکانی نەوتیش پێی رازی دەبن . چۆن چۆنی؟ لە گرێبەستی هاوبەشی لەبەرهەمدا لە کۆی بەرهەم حکومەت ١٠٪ی بۆ موڵکانە وەردەگرێت، پاشان لەوەی دەمێنێتەوە ٤٠٪بۆ ٤٥٪ی( لە گرێبەستێکەوە بۆ گرێبەستێکی دەگۆڕێت) بۆ خەرجی کۆمپانیاکان دەڕوات ئەوەی دەمێنێتەوە نەوتی قازانجە (واتە قازانجی ئەو نەوتەی کەبەرهەم هاتووە) وە دابەشدەکرێت بەپێی معادەلەیەکی ماتماتیکی(R= داهاتی کە ڵەڵکەبووX / تێچووی کەڵکەبوو Y) کە ئەم قازانجە لە نێوان ٧٠ بۆ ٨٥٪ بۆ هەرێمە و ٣٠ بۆ ١٥٪ ی بۆ کۆمپانیاکانە( لە چەند بابەتێکی تردا ئەم مەسەلەکە بە وردی روونکردووەتەوە). لە قازانجی کۆمپانیا کانیش ٢٠ بۆ ٢٥٪ ی بۆ کۆمپانیای کیپکۆیە (هەرێم). واتە حکومەت ١٠٪ ی بەرهەم + ٧٠٪ی هەموو قازانج+ ٢٠بۆ ٢٥٪ی قازانجی کۆمپانیاکانیش وەر دەگرێت. ئەی لە گرێبەستی هاوبەشی کردن لە قازانجدا چۆنە؟ لە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە قازانج لە بەرئەوەی حکومەت خۆی خاوەنی هەموو بەرهەمی نەوتە ئەوە شتێک نییە بەناوی موڵکانە واتە موڵکانی نییە . کەواتە کۆمپانیاکان ئەو خەرجیانەی کردوویانە راستەوخۆ لە کۆی بەرهەم وەری دەگرنەوە ، لە گرێبەستەکانی پێشتری حکومەتی فیدراڵدا کۆمپانیا تا رێژەی ٥٠٪ ی بەرهەمی بۆ خەرجی وەردەگرتە وە گەر بە هەمان شێوە یان وەکو هەرێمیش بە ٤٠٪ حساب بکەین ئەوا ئەو بڕەی وەری دەگرنەوە زیاترە لەوەی لە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەم لە هەرێم وەریدەگرن، پاشان ئەو نەوتەی دوای لێدەرکردنی خەرجی دەمێنێتەوە دەبێت بە قازانج و دەبێت لە نێوان حکومەت و کۆمپانیاکاندا دابەشبکرێن. وە بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەستە حکومەت شەریک نییە لە قازانجی کۆمپانیاکان وەکو هەرێم . بەڵام لەبری ئەوە کۆمپانیاکان باج دەدەن بە حکومەت لەو قازانجەی کە دەیکەن، کە دەکرێت ئەمە جێی پشکی کۆمپانیا حکومییەکە بگرێتەوە، بۆیە گەر رێژەی قازانجەکەی کەمتریش بێت بەراورد بەوەی لە گرێبەستی هاوبەشی لەبەرهەم دەیکات لەهەرێم بەڵام بە هۆی وەرنەگرتنی موڵکانەوە وەکو یەکی لێدێتەوە. بۆ یە دەگەینە ئەو دەرەنجامی ئەمە تەنها وەکو حیلە شەرعییەک بەکاردێت ئەگینا جیاوازییەکی وا نییە لە نێوان ئەو دوو جۆرە لەگرێبەست. وەک چۆن لە زەواجدا بە چەند وشەیەک پەیوەندییەکە لە حەرامەوە دەبێت بە حەڵاڵ ئاواش بە گۆرینی ماوی گرێبەستەکان لە هاوبەشی بە بەرهەمە وە بۆ هاوبەشی لە قازانج دەشەرعێنرێت و بەرای گشتی دەڵێن گرێبەستەکانی خەرێممان گۆڕی و گونجاندنان لەگەڵ دەستوری فیدراڵدا و کۆپانیاکانیش رازی دەکرێت و نەشیش سوتا و نەکەباب.
(درەو): بۆ تاوتوێكردنی پرسی دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، سبەینێ لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییو ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت وەكو پێكهنەری حكومەت دوو كۆبونەوەی بەپەلە دەكەن، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پڕدەكرێتەوە ؟ حەلبوسی دەكشێتەوە لە پەرلەمانو حكومەت ؟ عەباس عامری ئەمینداری گشتی چوارچێوەی هەماهەنگیی ئاشكرایكرد، سبەینێ چوارچێوەی هەماهەنگیی كۆبونەوەیەكی بەپەلە دەكات. بەپێی قسەی عامری، دوای كۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیی، هەر سبەینێ ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت لە كۆشكی حكومەت كۆدەبێتەوە. چوارچێوەی هەماهەنگیی كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانی عێراقە كە سەرۆك وەزیرانی داناوە، ئەم هاوپەیمانێتییە پێكدێت لە (نوری مالیكی+ هادی عامری+ قەیس خەزعەلی+ فالح فەیاز+ حەیدەر عەبادی+ عەممار حەكیم). ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتیش هاوپەیمانێتی ئەو لایەنانەیە كە پێكەوە كابینەی حكومەتیان بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی دروستكردووەو پێكهاتوون لە هەریەكە لە (لایەنەكانی چوارچێوە+ هاوپەیمانی سیادەی حەلبوسیو خەمیس خەنجەر+ بابلیۆنی مەسحییەكان+ عەزمی سوننەكان+ پارتیو یەكێتیی لە كورد)، چوارچێوەی هەماهەنگیی زۆرینەی لەناو ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا هەیە. كۆبونەوەكانی سبەینێی چوارچێوەی هەماهەنگییو ئیدارەی دەوڵەت بۆ تاوتوێكردنی دۆخی پەرلەمانە دوای دورخستنەوە محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە. ئەگەری كشانەوەی حزبی تەقەدوم كە حەلبوسی سەرۆكایەتی دەكات لە پەرلەمانو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئەگەرێكی كراوەیە، ئەگەر خەمیس خەنجەر لە هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ حەلبوسی بمێنێتەوەو لە پەرلەمان بكشێتەوە، ئەمە بەواتای ئەوە دێت زۆرینەی سوننەكان لە پەرلەمان كشاونەتەوە. بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ لادانی حەلبوسی بڕیاری كۆتاییە، چونكە بەپێی دەستور بڕیارەكانی ئەم دادگایە تانەی لێنادرێت، بۆیە دەبێت لایەنەكانی چوارچێوەو ئیدارەی دەوڵەتیش رێوشوێن بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بگرنەبەر. بەگوێرەی لەحاڵەتی چۆڵبوونی پۆستی سەرۆكی پەرلەماندا، پەرلەمان بەزۆرینەی دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان سەرۆكێكی نوێ هەڵدەبژێردرێت. پارتی هاوپەیمانێكی بەهێزی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقەدومە، بارزانی یەكێك لەوانە بوو كە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021 رۆڵی بینی لە لێكنزیككردنەوەی حەلبوسیو خەمیس خەنجەر، دواجاریش رێكخستنەوەی ماڵی سوننەكان، بۆیە دەبێت لە كۆبونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیاری دادگا بۆ دورخستنەوەی حەلبوسی یەكلابكاتەوە. حەلبوسی لەگەڵ بارزانیدا هاوپەیمانێتییان لەگەڵ موقتەدا سەدر كرد بۆ پێكهێنانی حكومەت لەدوای هەڵبژاردنەوە، دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، حەلبوسیو بارزانی پێكەوە چوونە رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوە بۆ پێكهێنانی ئەو حكومەتەی كە ئێستا لەسەر كارە. بڕیاری دورخستنهوهی حهلبوسی له پهرلهمان گومانی لهسهر بهڕێوهچوونی پرۆسهی ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاكان له 18یی كانونی یهكهم و ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان له 25ی شوبات دروستكردووه، بهتایبهتی لهكاتێكدا بڕیارهكه دهرچوو كه ئهمڕۆ حهلبوسی سهرۆكایهتی دانیشتنی پهرلهمانی دهكرد بۆ درێژكردنهوهی كاری كۆمسیۆنی ههڵبژاردنهكان كه رۆژی 7ی كانونی دووهم واده یاساییهكهی تهواو دهبێت، سهرباری ئهمه كشانهوهی حهلبوسی و هاوپهیمانهكانی له پهرلهمان و حكومهت گرفت بۆ پرۆسهی ههڵبژاردنهكان دروستدهكات.
(درەو): سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەندامێتی پەرلەمانی لەدەستدا، ئەمە بەپێی حوكمێكی دادگای باڵای فیدراڵی، بەوپێیەی سەرۆكی پەرلەمان پێشوەختە پەرلەمانتارێكی حزبەكەی خۆی ناچار كردووە دەستلەكاركێشانەوە بنوسێت. دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە كۆتایهێنان بە ئەندامێتیی (محەمەد حەلبوسی) سەرۆكی پەرلەمان، وەكو ئەندام پەرلەمان. بڕیارەكەی دادگا لە رۆژی دەرچوونییەوە، واتا لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن، هاوكات لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەكەدا، حەلبوسی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی هەڵگرت، كە یەكێك لە تەوەرەكانی نوێكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانە. كۆتایهێنان بە ئەندامێتیی حەلبوسی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لەسەر بنەمای سكاڵایەك بوو كە هەردوو پەرلەمانتار (لەیس دلێمی)و (باشم خەشان) وەكو لایەنی سێیەم لە دۆسیەكەدا تۆماریانكردووە. لەم دۆسیەیەدا، پەرلەمانتار باسم خەشان بەڵگەی خستوەتەڕوو كە دەیسەلمێنێت محەمەد حەلبوسی تێوەگلاوە لە گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیایەكی بیانی كە بەڕێوەبەری ئەو كۆمپانیایە پێشتر سسەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بووەو كۆمپانیاكەش یەكێك لە ئامانجەكانی بریتییە لە ئاسایكردنەوەی پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەدا. سەرباری ئەمە، لەسەر دۆسیەی پەرلەمانتار (لەیس دلێمی)، كە لەلایەن حەلبوسییەوە كۆتایی بە ئەندامێتی لە پەرلەمان هێنراوە، دادگای فیدراڵی حوكمی داوە لەسەر ئەوەی بڕیاری كۆتایهێنان بە ئەندامێتی لەیس دلێمی نادروستە، بەوپێیەی پێشوەختە حەلبوسی ئەو پەرلەمانتارەی ناچاركردووە نوسراوی دەستلەكاركێشانەوەی بۆ بنوسێت. 22ی نیسانی 2022، محەمەد حەلبوسی بە فەرمانێك (لەیس دلێمی) لە ریزەكانی حزبی (تەقەدوم) دورخستەوە، ئیتر لەوكاتەوە كێشەی نێوان حەلبوسیو دلێمی پەرەی سەند. كۆتایهێنان بە ئەندامێتی حەلبوسی لە پەرلەمانی عێراق كە ئێستا پیاوی ژمارە (1)ی سوننەكانە لە عێراق، سەرەتای قەیرانێكی نوێ دەبێت لەناو پێكهاتەی سوننەو لەبەرامبەریشدا لەگەڵ شیعەكان، بەتایبەتی كە عێراق لەسەروبەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایە. حهلبوسی كه سهرۆكایهتی حزبی (تهقهدوم) دهكات، له ههڵبژاردنی پێشوهختهی پهلهمانی عێراقدا كه ئۆكتۆبهری 2021 بهڕێوهچوو، براوهی یهكهمی پێكهاتهی سوننهكان و یهكێك له براوه گهورهكانی ههڵبژاردن بوو لهسهرتاسهری عێراق. لهسهرهتای دانوستانی پێكهێنانی حكومهتهوه، حهلبوسی لهگهڵ بارزانی و موقتهدا سهدر هاوپهیمانێتی كرد، لهچوارچێوهی ئهم هاوپهیمانێتییهدا بۆ جاری دووهم وهكو سهرۆكی پهرلهمان ههڵبژێردرایهوه، بهڵام دوای كشانهوه سهدر له پهرلهمان، حهلبوسی چووه رێككهوتن لهگهڵ لایهنهكانی چوارچێوهی ههماههنگیی و لهچوارچێوهی ئهم رێككهوتنهدا جارێكی تر متمانهی وهكو سهرۆكی پهرلهمان بۆ نوێكرایهوه. پۆستی سهرۆكی پهرلهمان گهورهترین پێگهی سیاسی تایبهت به سوننهكانه له عێراقی دوای سهددامدا، لهوكاتهوه ههر كهسێك له پێكهاتهی سوننه ئهم پۆستهی بهدهستهوه بووبێت، وهكو كهسی ژماره (1) پێكهاتهكه مامهڵهی كردووه، بۆیه دورخستنهوهی لهلایهن دادگای فیدراڵییهوه بهبێ كاردانهوه نامێنێتتهوه. لهدوای پهسهندكردنی یاسای بودجهوه له حوزهیرانی ئهمساڵدا، دهنگوباس گهرم بوو لهبارهی ئهوهی لایهنهكانی چوارچێوهی ههماههنگیی كاریان به حهلبوسی نهماوهو دهیانهوێت له پۆستی سهرۆكی پهرلهمان دوری بخهنهوه، بهڵام ئهو ههوڵهش بێ ئهنجام مایهوه، بڕیاری دادگای فیدراڵی سهرباری ئهوهی بڕیارێكی یاساییهو لهسهر بنهمای سكاڵا دهرچووه، بهڵام راستهوخۆ قسهوباسی لهبارهی بوونی پاڵنهری سیاسی له دۆسیهكهدا دروستكردووه.
درەو: راپۆرتی: ئەمواج میدیا حکومەتی هەرێم هەوڵە درێژخایەنەکانی لە زیندوکردنەوەی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر بۆ بەستنەوەی ئێران و تورکیا لە رێگەی ئەو خاکەی دەسەڵاتی بەسەریدا هەیە زیندودەکاتەوە، ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە ئەنقەرەو بەغدا پرۆژەی رێگای گەشەکردنی نێوانیان ئاشکرا کرد کە هەولێری تێدا نییە، وادیارە بەرپرسە کوردەکانی عێراق لەو بڕوایەدان کە پاڵنەری سیاسی لە پشت دورخستنەوەی هەولێرە لەو پرۆژە گەورەیەی هێڵی ئاسنین و رێگاوباندا کە لە نێوان بەغدا و ئەنقەرەدا هەیە. پێشخستنی پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستاندا لەبەردەم ئاڵنگاری گەورەدایە، لەلایەکی ترەوە زیندوکردنەوەی ئەو پرۆژەیە پەیامێکی سیاسی تێدایە بەپلەی یەکەم بۆ یادخستنەوەی هێزەکانی ترە کە هەرێمی کوردستان پێویستە پشکی هەبێت لە هەوڵە ئیقلیمییەکاندا نەک جێگرەوەی بۆ بدۆزرێتەوە لە بنیاتنانی رێگای نێوان عێراق و تورکیادا. پێشهاتەکانی ئەم دواییە گرنگی پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەری لای هەولێر زیاترکرد، بەتایبەت کاتێک پەتای (کۆڤید-19) پێشکەوتنەکانی هەرێمی بۆ چەند ساڵ دواخست، بۆیە هەرێمی کوردستان لە تشرینی دووەمی ساڵی (2022)دا رێککەوتنێکی بۆ پێشخستنی ژێرخانی هێڵی ئاسنین لەناوچەکە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی ئیمزاکرد، لە مانگی حوزەیرانیشدا دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێم رایگەیاند کە کاری لە پێشینەی جێبەجێکردنی پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەر دەبێت. رێڕەوی سەرەکی هێڵی شەمەندەفەری پێشنیارکراو لە سنوری تورکیاو دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە دەستپێدەکات، بە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانیدا تێدەپەڕێت، لە دەروازەی سنوری پەروێزخان لەگەڵ ئێران کۆتایی دێت، هەروەها ئەگەری هەیە هێڵی دووەم ناوچە شاخاوییەکان لە ئێران و عێراق لە هەرێمی کوردستان بەیەکەوە ببەستێتەوە. تا ئێستا پرۆژەکە لە قۆناغی سەرەتادایە، مانگی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، راپۆرتی جەدوا بەهاوکاری کۆمپانیایەکی ئیسپانی ئامادەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا دیارنییە کەی کۆتایی بە پرۆسەی دیزاین و تەندەرین کۆتایی دێت. رێگای گەشەپێدانی عێراق-تورکیا یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی زیندوکردنەوەی پرۆژەی هێڵی ئاسنینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانی نێوان عێراق و تورکیایە، یان پرۆژەی "کەناڵی وشک". لە مانگی ئازاردا تۆڕی هێڵی ئاسنین و رێگای خێرای هاوتەریب کە تێچووەکەی دەگاتە (17) ملیار دۆلاری ئەمریکی راگەیەندرا، ئەم پرۆژەیە بەندەری فاو لە پارێزگای بەسرە بە تورکیاوە دەبەستێتەوە، ئەم رێگایە کە درێژییەکەی دەگاتە (1200) کیلۆمەتر بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت تا لە فیشخاپور دەگاتە سنوری تورکیا. فیشخاپور بەشێکە لە خاکی هەرێمی کوردستان، لە سنوری ئیدارەی پارێزگای دهۆکدایە، بەڵام ناکەوێتە ناوجەرگەی هەرێمەوە واتە ئەو رێگایە بەناو جەرگەی ئەو خاکەدا ناڕوات کە لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندایە بەڵکو بە بەشێکی بچوکی خاکی هەرێمدا تێدەپەڕێت، بە ئەگەری زۆرەوە ئەنقەرەو بەغدا لەو بڕوایەدان دەتوانن هەرێم ناچار بکەن کەبەم هەوڵە رازی ببێت. دورخستنەوەی حکومەتی هەرێم لە دەستپێشخەری ژێرخانێکی گەورە هەڕەشەیە بۆسەر هەژمونەکەی، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەی هەرێم دەڵێت، راگەیاندنی رێگەی گەشەپێدانی عێراق-تورکیا بەبێ هەرێمی کوردستان روناکی نابینێت، وەزیرەکەی هەرێم هۆشداریدا کە تۆڕی هاتوچۆی پێشنیارکراو دەبێت دوربێت لە "جیاکاری" بەرامبەر هەر عێراقییەک. بەغداد هەبوونی هەر جوڵەیەکی سیاسی لە پشت پرۆژەی "کەناڵی وشک" رەتدەکاتەوە، باسم ئەلعەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، هۆکاری بەشداری پێنەکردنی حکومەتی هەرێم لە پرۆژەکەدا تەنها هۆکاری هونەری بووە، هەڵکەوتەی هەرێمی کوردستان شاخاوییە و نەگونجاوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پلانمان هەیە کە لە کۆتاییدا کوردستان بەشداری پێبکرێت، لەگەڵ ئەمانەشدا کوردەکانی عێراق لەو بڕوایەدا نین کە هۆکاری هونەری رێگری سەرەکی بوبێت لە بەشداری پێکردنی حکومەتی هەرێم لە پرۆژەکەدا، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێم بە پێگەی ئەمواجی راگەیاند، رێگەی گەشەکردنی نێوان عێراق-تورکیا هەوڵێکی سیاسییە بۆ سنوردانان بۆ هەژمونی ئابووری و سیاسی هەولێرلە رێگەی بەستنەوەی راستەوخۆی عێراق بە تورکیاوە. پرۆژەی هێڵی ئاسنی هەرێمی کوردستان هۆکاری مشتومڕێکی گەرمی هەرێمییە، مشتومڕەکە بەشێوەیەکی تایبەت سەبارەت بە رێگایەکی نوێیە کە ئەوروپا بە هندەوە دەبەستێتەوە، رێگا نوێکە رێڕەوێکی ئابووریە لە نێوان هند و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا، هەروەها رێگەیەکی شەمەندەفەر و بارهەڵگرتنە کە لە ئیسرائیل، ئەردەن، سعودیە و ئیماراتەوەیە، جێی ئاماژەیە ئەم رێڕەوە لە دەرەوەی هەردوو وڵاتی تورکیاو عێراقە. ئاڵنگارییەکانی بەردەم هێڵی شەمەندەفەری حکومەتی هەرێم پڕۆژەی هێڵی ئاسنی حکومەتی هەرێم دەستپێشخەرییەکی تازە نییە، بەڵکو ساڵی (2006) حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە باسیان لەم پرۆژەیە دەکرد، دەبوو ساڵی دوای ئەوە دەست بە پرۆژەکە بکرێت، بەڵام دوای پێنج ساڵ بێ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی بۆ بنرێت پرۆژەکە لە ساڵی (2012) بۆ کاتێکی دیارینەکراو دواخرا، لەو کاتەوە ئاڵنگارییە دارایی و ئەمنیەکانی هەولێر رێگر بووە لەبەردەم زیندوکردنەوەی پرۆژەکەدا، بەشێک لەو ئاڵنگارییانە ئەوە بوو کە لە ساڵی (2013) پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق کەمکرایەوە، پاشان ساڵی دواتر دا*عش لە باکوری عێراق هێرشی ئەنجامدا و دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو، هەروەها تیچووی دارایی و لێکەوتە سیاسییەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆم کە لە ساڵی (2017) ئەنجامدرا ئاڵنگارییەکی تر بوو. بەغدا، ئەنقەرەوە و تاران هەروەها هاوپەیاماننی رۆژئاوا بە واشنتۆنیشەوە ریفراندۆمیان رەتکردەوە، هەڵوێستی هەولێر لاواز بوو، لەو چوارچێوەیەدا پرۆژەی هێڵی ئاسن خرایە دەرەوەی خشتەی کارەکانی حکومەتی هەرێم. بەتێڕوانین بۆ ئایندە، ئاڵنگاری سەرەکی کە روبەڕووی دەسەڵاتی کوردی عێراق دەبێتەوە، بەدەستهێنانی رەزامەندی تورکیایە لەسەر هێڵی شەمەندەفەر کە لە ئیبراهیم خەلیلەوە لە جێگەی فیشخاپور بە خاکەکەی ببەسترێتەوە، چەندین جار دەسەڵاتی تورکیا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بژاردەی هەبوونی رێڕەو لە ژێر سەرپەرشتی بەغدا بە باشتر دەزانن هەوڵەکان بە ئاڕاستەی هێڵی ئاسن و رێگای وشکانی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدادایە، بە واتایەکی تر، ئەنقەرە دەستەبەرداری پێشخستنی پرۆژەکەی لە فیشخاپورەوە بۆ ئیبراهیم خەلیل نابێت. پرسیاری گەورە سەبارەت بە چۆنێتی تەمویلکردنی ئەم پرۆژە گەورە ئیستراتیژییە دروست دەبێت، کەتێچووەکەی بە نزیکەی (4) ملیار دۆلاری ئەمریکیی دەخەمڵێنرێت، دەسەڵاتی کوردی بۆ ئەمە پێویستیان بە پشتیوانی ئابووری وەبەرهێنە ناوخۆیی و بیانییەکان هەیە. لە ئێستادا حکومەتی هەرێم لە هەوڵی ئەوەدایە مووچەی فەرمانبەرانی بدات، بۆ ئەمەش پشت بە گوژمە پارانە دەبەستێت کە لە حکومەتی عێراقەوە بۆی دێت، بەتایبەت لە دوای ئەوەی کە تورکیا ماوەی چەند مانگێکە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە رێگای بۆری کورکوک-جەیهانەوە راگرتووە، سەبارەت بەغداش ناکرێت هاوکاری تەمویلکردنی پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەری هەرێم بکات کە وەک رکابەری پرۆژەی رێگای گەشەکردنی عێراق-تورکیا سەیر دەکرێت. فاکتەری ئێرانی لە نێوان پەرەسەندنی ئاڵنگارییەکاندا، خاڵێکی ئەرێنی بۆ حکومەتی هەرێم هەڵوێستی ئێرانە، کە هاندەری بەشداری زیاترە لە پڕۆژەکانی گواستنەوەی ناوچەکەدا، هەروەک ماڵپەڕی ئەمواج مێدیا ئاماژەی پێداوە، بەدوور دەزانرێت پرۆژە بازرگانییە گەورەکان کە عێراق تێیدا بەشدارن بچێتە پێشەوە ، بەبێ رەزامەندی لایەنە بەهێزە ناوخۆییەکان کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات. لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا کار لەسەر پڕۆژەی گەورەی هێڵی ئاسنینی ئێران لە عێراق دەستیپێکرد، ئەم رێگایە سەبارەت بە تاران لە ئەولەویەتدایە کە شارۆچکەی سنووریی شەلەمچەی ئێران بە شاری بەسرە لە باشووری عێراق دەبەستێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە رێگای گەشەپێدانی پلان بۆ داڕێژراو بەرژەوەندییەکانی ئێران تێدەپەڕێنێت، واتە تاران قازانجێکی ئابووری کەمی لەم پڕۆژەیەدا هەیە. لە باشوری قەوقازیشدا تاران لەگەڵ ئەنقەرە لەسەر رێڕەوی زەنگزور لە رکابەریدایە، بۆیە بەدور دەزانرێت ئێران رێگا بدات بەجێبەجێکردنی پرۆژەیەکە لە نێوان عێراق و تورکیادا هەژمونی ئێران لە عێراق بکەوێتە ژێر مەترسییەوە، بەڵام لای کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر پەسەندکراوە کە سود لە هێڵی ئاسنینی حکومەتی هەرێمی کوردستان ببینرێت. پێدەچێت بارودۆخی دارایی و سیاسی ئاستەنگ لەبەردەم بەدیهێنانی پلانەکانی هێڵی ئاسنینی دروستبکات، تا ئێستا روون نییە کە ئایا ڕێگای گەشەپێدان یان هێڵی ئاسنی حکومەتی هەرێم، یان هەردووکیان لە کۆتاییدا لەسەر رێڕەوی دروستی خۆیان بەرەوپێش بچن بەڵام بۆ ئێستا پێدەچێت گەڕانەوەی خەونی هێڵی ئاسنینی هەرێم بۆ خشتەی کارەکانی حکومەتی هەرێم وەڵامدانەوەی هەولێر بێت بۆ پەراوێزخستنی لە پرۆژەی رێگای گەشەکردنی عێراق-تورکیا، هەرێم دەیەوێت بیری بەغدای بخاتەوە کە هەرێمی کوردستانیش بەرژەوەندی لە پرۆژە هەرێمییەکاندا هەیەو دەبێت حسابی بۆ بکرێت.
مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) وێنەی ئەو سەدان هەزار مرۆڤەی لە غەزە ماڵەکانیان بە کۆڵیاندا داوە، مەبەستم ئەو چەند جانتا و بوخچە بچوکانەیە کە بۆیان هەڵگیراوە، بۆ ئەوەی بەرەو شّوێنێکی تر هەڵبێن، شوێنێک لانی هەرەکەمەی ئارامیی تێدابێت کە ژیان لە سادەترین مانایدا پێویستی پێیەتی، یان شوێنێک بتوانێت مردنیان بۆ ماوەیەک دوابخات، ئەو وێنانەی ساڵی ١٩٩١ی دوای راپەرین وەبیردەهێنێتەوە، کە لەدوای پەلامارەکانی بەعسەوە بۆسەر کوردستان، کەوتنە بەرجاوی جیهان. لە هەردوو دۆخەکەدا دوو میلەت ئامادەن، کە لە فۆرمێک لە فۆرمە هەرە قێزەونەکانی سیاسەتکردن و حوکمڕانیی و لە جۆرێک لەجۆرە هەرە ترسناکەکانی بەدکاریی ناو مێژوو، رادەکەن. دوو میلەت لە حوکمڕانی بێویژدان، لە پارتی سیاسیی بێمێشک و بێباک، لە سیاسیی دز و جەردە، لە دینی کراو بە سیاسەت و لە سیاسەتی کراو بە دین، هەموویشیان مارەکراو لە تازەترین و پێشکەوتوترین تەکنۆلۆژیای کوشتن و وێرانکردن، رادەکەن. ئەوەی لە غەزە دەیبینین هەڵاتنی میلەتێکە بەدوای ژیاندا، ژیان لە ساکارترین و لە سادەترین شێوە و ماناکانیدا. ژیانێک رۆژانە ٢٤ کاتژمێر مەرگی تێدانەبارێت، مردن لە هەموو ئاراستەکانەوە نەیەت، ئاو هەبێت بیخۆیتەوە، رووناکی هەبێت وابکات بەرپێی خۆت ببینیت، دەرمان هەبێت بتوانێت یان هیوای ئەوەت پێببەخشێت کە نەخۆشکەوتیت چاکتبکاتەوە، وزە هەبێت بتوانێت ئامێرەکانی گواستنەوە بخاتەکار و بتگوازێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە پێویستە بۆیان دەچیت. ژیانێک درۆن و دەبابە و فرۆکە و سوپا یاسا سادەکانی نەنووسن. یەکێک نەتکات بە دوژمن و بتکوژێت و یەکێکی تر بە شەهید و رەوانەی بەهەشتت بکات. کەس بەناوی خودا و دینەوە خۆی بە خاوەنی ئەو پارجە زەوییە نەزانێت کە تیایدا دەژیت، خۆی بە خاوەنی ئەو ژیانەش نەزانێت کە ماوەیەکی کەم لەسەر ئەم هەسارەیە دەیبەیتە سەر. وێنەی ئەو سەدان هەزار مرۆڤە ئاوارە و هەلاَتووە یەک راستیمان پێدەڵێت: خەڵک نایەوێت بمرێت، نایەوێت بەناوی دین و بەناوی نیشتیمان و بەناوی هەر مەسەلەیەکی بەپیرۆزکراوەوە رووبەرووی کوشتن ببنەوە. خەڵک دەیەوێت بژیی، ژیانێک بەلانی هەرەکەمی بەختەوەریی و کەرامەتەوە، ژیانەک هەر کەسێک خۆی دەستنیشانی ئەوەبکات چۆن بژی و چۆن بمرێت. هەڵاتنی ئەو هەموو خەڵکە، سەرەڕای بوقە میدیایی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی و جیهانییەکان، هەڵاتنە لە سەرجەمی ماناکان و شوناسە سەپێنراوەکان، مانا و شوناسی دینیی و نادینیی. ئەوان، ئەو سەدان هەزار مرۆڤە، لە کۆی ئەو شتانە رادەکەن کە کەسانیتر بۆ ئەوانیان دروستکردوە. ئەوان کە بەو شێوازە تراژیدییە سەرهەڵدەگرن، لە هەموو شتەکان هەڵدێن تەنها لە مانا و شوناسی مرۆڤبوونی خۆیان، نەبێت. لە ڕاستیدا ئەو هەڵاتنە دەستەجەمعییە هەوڵدانێکی غەریزیی و نیمچەغەریزییە بۆ پاراستنی مرۆڤبوونی خۆیان، پاراستنی ئەو فرسەت و ماوە کەمە کە ئەوان دەواتنن وەک مرۆڤ تیایدا لە جیهاندا بمێننەوە و بژین. لەم ساتەدا هەردوو بەرەی جەنگەکە دوو ناوی ناشیرینن بۆ دووجۆر لە کۆبوونەوەی مرۆیی و بۆ دوو جۆر لە روانین بۆ کەسانیتری لەخود نەچوو. بۆ تێکەڵکردن خاک بە دین و بۆ گرێدانی کوشتن بە ماف و بە رۆیشتن لە غەزەوە بەرەو بەهەشت. ئەم دوو لۆژیکە لۆژیکی وێرانکردنی تەواوەتی یەکترین، هەردووکییان بەناوی خودایەک و دینێک و مافێکی خوداییەوە، کە لە خودی ژیان خۆی گرنگتر و لە خودی ئینسان خۆی، بەرزترن، دەدوێن و جەنگ و خوێنڕشتنەکانیان بە خوێندنەوەی تێکستە دینییەکان دەستپێدەکەن. ئەم هێزانە دونیایەک دروستدەکەن تەنها بۆ خۆیانە، بۆ ئەوکەسانەیە لەخۆیان دەچن و باوەرِیان بەو حیکایەتە تەنهایەیە کە ئەوان بەناوی موقەدەسێک لە موقەدەسەکانەوە دەیگێڕنەوە. شتێک بەناوی چارەنووسی ئینسانیی هاوبەشەوە لە نێوان ئەو بەرە جەنگاوەرانەدا نەماوەتەوە، هەردوولا لەسەر بەدەعەجانکردن و لەئینسانخستنی یەکتری کاردەکەن، هیچ لایەکیان لانی هەرەکەمی ئینسانبوون لەناو لایەنەکەی بەرامبەریدا، نابینێت. رقێک ئاراستەیان دەکات مێژووەکەی دەبەنەوە بۆ هەزاران ساڵ، رقێک سەرچاوەیەکی خودایی پێدەبەخشن، پێشیان وایە مافێکی خودایی و هەقیقەتێکی موقەدەس، ئاراستەی دەکات. لە چل ساڵی رابردوودا کەی ئەو رقە لاوازبووبێت، هەر لایەنێکیان بەناوی دین و خوداوە، سەرلەنوێ زیندو و بەهێزی دەکەنەوە. کەیش خواستی ئاشتیی و پێکەوەبوونی ئینسانیش فشاری لەسەر ئەو رقە دروستکرد، ئەوان سەرلەنوێ چالاکیدەکەنەوە و سەرلەونێ ئازادی دەکەنەوە. لە مێژە زانراوە هەر سیاسەتێکی شوناس لەگەڵ بیرۆکەی ئازادیی تاکەکەس و مافە گەردونییەکانی مرۆڤدا نەگونجێت، سیاسەتێکی خنکێنەرانەی شوناسە، بەرگریی لە شوناسێک دەکات نەک تەنها لە فۆرمی قەفەزی داخراودا کاردەکات، بەڵکو دەرەوەی ئەو قەفەزەش وەک رووبەرێکی ناحەز و دوژمنکار وێنادەکات. هەر سیاسەتێکی شوناس رێزی بێقەید و شەرتی کەرامەتی مرۆڤی نەگرت، ژیانی وەک موقەدەسی ژمارە یەک مامەڵە نەکرد، ڕێگرنەبوو لەوەی کەسانی لەخۆی نەچوو ببن بە دوژمن، سیاسەتێکە زۆر بە ئاسانی دەگۆڕێت بۆ سیاسەتێکی مەرگچێن، سیاسەتی سڕینەوەی یەکجارەکی یەکتری. ئەوەی لە غەزەدا دەیبینین بەریەککەوتنی ئەو دوو دیدگا قەفەزییە بۆ شوناس و بۆ ماف، باڵادەستیی ئەو ڕوانینە ترسناکەیە بۆ گۆڕینی مرۆڤ بۆ دوژمن، ئامادەگیی ئەو بێباکییە نابەرپرسیار و تۆقێنەرەیە، کە کەمترین نرخ بۆ ژیانی مرۆڤەکان دانانێت. ئەوەی لەو رووبەرە بچوک و قەرەباڵغەدا بەریەک دەکەوێت و دەجەنگێت، دوو رقی فوتێکراوە، کە رەگوڕیشەی خۆیان دەبەنەوە بۆ لای بڕیارەکانی خودا. رقێک منداڵ و ژن و گەنج و پیر، دەکوژێت.