دیسانەوە خەباتی چەکداریی: چەک یان شتیتر؟

2025-03-02 10:17:38
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
نزیکەی شەش مانگێک لەمەوبەر ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی «کۆمار» کە کۆمەڵێک رۆشنبیر و ئەکادیمی کوردانی ڕۆژهەڵات لە پاریس دایانمەزراندوە و بەڕێوەی دەبەن، چەند پرسیارێکیان سەبارەت بە دۆخی کورد لەمرۆکەی جیهان و ناوچەکە و ناوخۆدا بۆناردم. یەکێک لەو پرسیارانەی ئاراستەیان کردبووم پەیوەندیی بە مەسەلەی خەبات و بەرگریی چەکدارانەوە هە بوو. ئەوان لە پرسیارەکەیاندا دەپرسن: «هەندێ جار بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە سەردەمی شەڕی چەکداری بەسەر چووە و حیزبەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات باشترە واز لە خەباتی چەکداری بهێنن و ڕوو بکەنە خەباتی سیاسی و مەدەنی. ئەم بانگەشەیە ئێستە یەکانگیر بووە لەگەڵ پڕۆژەی چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بەرتەسککردنەوەی مەیدانی چالاکیی ئەوان و پارتی کرێکارانی کوردستاندا. ئەگەر واز لە بەستێنە ئەخلاقی و نیشتمانییەکەی ئەو بانگەشەیە و ئەم پرۆژەیە بهێنین و تەنها لە سۆنگەی پراتیکی و سیاسییەوە لێیان بکۆڵینەوە، لە ئەگەری وازهێنان یاخود بنبڕکردنی خەباتی چەکداریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و باکووردا، ئەمە چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر خەباتی خودی ئەو پارچانە بە ئاستی یەکەم و دۆخی حکومەتی هەرێم بە ئاستی دووهەم؟ ئایا وەک بانگەشەی بۆ دەکرێت، ئەمە بە سوودی باشوور دەکەوێتەوە و جۆرێک لە پارێزراوبوون لە شەڕ و هێرشی دراوسێکانی بۆ بەرهەم دەهێنێت، یاخود هەڵەیەکی ستراتیژییە و حکومەتی هەرێم بە دەستی خۆی خەریکە کارتەکانی دەسووتێنێت؟
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا من جارێکی دیکە پێم لەسەر ئەو خاڵە داگرتەوە کە پێویستە شێوازی خەبات لە کوردستاندا گۆڕانی بەسەردابێت و خەباتی چەکداریی کۆتایی پێبهێنرێت. من لەوێدا بە کۆنکریتیی نووسیم: «چەککردنی هێزەکانی ڕۆژهەلات و بەرتەسککردنەوەی چالاکیەیکانی پارتی کرێکاران شتێکە و بیرکردنەوە لە گۆڕانی شێواز و ستراتیژیەکانی خەباتکردن شتێکی دیکەیە. نووسینی زیاد لە بیست ساڵێک لەمەوبەری من هەیە کە باس لە وازهێنان لە خەباتی چەکدار دەکەم. ئەودەم نە چەککردنی هێزەکانی ڕۆژهەلات و نە بەرتەسککردنەوەی چالاکیەیکانی پارتی کرێکاران، بەو شێوەیەی ئەوڕۆ لە ئارادانەبوون.» لە درێژەی نووسینەکەدا دەڵێ:
«خەباتی چەکدار توانای دەستەبەرکردنی مافە سیاسیی و کولتوریی و ناوچەییەکانی خەڵکی کوردستانی نییە. ئەو دەوڵەتانەی کورد لەگەڵیاندا لە ناکۆکیدایە گوێ بە ژمارەی کوژراو و زیانی مادیی خەڵکی کوردستان و خەڵکی خۆیشیان نادەن. بەکارهێنانی هەموو چەکێکی کوشندە و ئەنجامدانی تاوانی گەورە بە مافی «پاراستنی سەروەریی» خۆیان دەزانن. بە مانایەکی دیکە ئێمە لەبەردەم کۆمەڵێک دەوڵەتداین کە تا ئاستی جینۆسایدکردن دەڕۆن و ئامادەن هەزاران هەزار گوند و شار و شارۆچکە لەسەر نەخشە بسڕنەوە، سەدان هەزار مرۆڤیش رابگوێزن و بێجێگە و بێڕێگەیان، بکەن. بەهیچ شێوەیەکیش تەکنۆلۆژیای کوشتنی ئەم دەوڵەتانە و چەکی بەرگریکردنی هێزە کوردییەکان لەخۆیان، بەیەکتری بەراورد ناکرێت.»
بێگومان ئەم دۆخە تەنها لە کوردستاندا بەوشێوەیە نییە، بەڵکو دۆخێکی جیهانییە و لە ساڵانی رابردوودا چەندان بزوتنەوەی چەکداریی گەورە، کە خاوەنی مێژوویەکی درێژی خەباتی جەکداریی و قوربانیدانی گەورەبوون، کۆتاییان پێهێندرا. لەم رووە لە هەمان چاوپێکەوتندا دەنووسم: «ئەوەی دەوڵەتی سریلانکی دوای ٢٥ ساڵ خەباتی چەکدار بە پڵنگەکانی تامیلی، Tigers Tami ، کرد یان ئەوەی ئیسرائیل بە غەزە، بەشار ئەسەد بە حەڵەب، سوپای تورکی لە ساڵانی نەوەددا بە خەڵکی هەزاران گوندی باکور و ئەوەی بەعسی عێراقیش لە ئەنفالدا بە کوردانی باشوری کرد، نموونەی ئەو شێوازی مامەڵەکردنەی دەوڵەتانە بۆ هەر بزاوتێکی سیاسیی لە رێگای چەکەوە خواستی وەدستهێنانی مافی هەبێت.» لە هەموو ئەو دۆخانەدا ئێمە لەبەردەم هێزى سەربازیی و مادیی گەورەی دەولەت و هێزی سەربازیی و مادیی لاوازی هێزە بەرگریکارەکانداین. بەڵام بێگومان بە جیاوازییەکی گەورەوە، کە جیاوازییە قورساییە رەمزییەکەی هەریەکێکیاندا. قورسایی رەمزیی هێزە بەرگریکەرەکان زۆرجار لە قورسایی رەمزیی دەوڵەتە پڕ جەکەکان گەورەترە و هەر ئەو قورساییە رەمزییەشە وادەکات خەباتی جەکداریی لەزۆر شوێنی جیهاندا بەردەوامبێت، ئەگەرچی لەرووی مادیی و لەناو واقیعدا دەستکەوتێکی قابیلی باسکردنیشی نەبێت.
بەم مانایە خەباتی میلەتی ئێمە رووی بە ڕووی کۆمەڵێک حوکمڕان و دەوڵەتدا تەقیقوەتەوە کە باکیان نە بە مەرگی خەڵکی کوردستان و وێرانکردنی خاکی کوردستان هەیە، نە بە مەرگ و وێرانکاریی خەڵکی خۆیان و وێرانکردنی ماڵەکانیان. میلەتی ئێمە لەبەردەم جۆرێک لە حوکمڕانی نابەرپرس و گۆشدراوداین بە لۆژیکی جەنگ و پەنابردن بۆ کوشندەترین شێوازەکانی تەکنۆلۆژیای جەنگ. راستە ئەوان نەیانتوانیوە کۆتایی بە خەباتی جەکداریی و لەناوبردنی هێزە چەکدارە کوردستانییەکان بهێنن، بەڵام بەدیوی ئەودیودا خەباتی چەکداریش توانای رزگارکردنی خاک و پاارستنی هیچ شوێنێکی نەبووە و نەماوە، جگە لە شاخ و کێوە دوور و تەریک و عاسییەکان نەبێت.
لە هەمان نووسیندا پێ لەسەر گڕرانی دۆخی ئەمرۆکەی جیهان دادەگرم و باس لەوەدەکەم یەکێک لە خاڵە هەرەسەرەکییەکانی خەباتی میلەتی ئێمە لە سەد ساڵى رابردوودا وەدیهاتوە و سەردەمەکە چیتر سەردەمی تواندنەوە و سڕینەوەی شوناسی ئەتنیی و میلیی و نەتەوەیی و نیشتیمانی هیچ میلەتێک لە میلتەکانی جیهان نییە. دونیای ئەمرۆ دونیای تواندنەوەی میلەتان نییە. لەم بارەیەوە دەنووسم: «لە سەرێکی دیکەوە ئەگەری ئەوەی کورد لە دونیای ئەمرۆدا وەک میلەت بتوێتەوە و کۆتایی بە زمان و شوناس و فەرهەنگەکەی بهێندرێت، بوونی نەماوە. شێوازی پاراستنی زمان و شوناس و کولتور و گەشەپێدانی هەریەکێکیان لەمرۆدا چیتر لە ژێر دەستی ئەو دەوڵەتانەدا نییە و نەماوە کە کورد لەناویاندا وەک کەمینە ئامادەیە. کورد هەم لەناو کوردستان خۆی و هەم لە دەرەوەی کوردستانیشدا خاوەنی ژێرخانێکی مادیی و مرۆیی و تەکنۆلۆژیی و ڕۆشنبیریی وایە، توانای پاراستنی هەرشتێکی هەیە خەڵکی کوردستان وەک شوناس کولتوری خۆی ببینێت و بیناسێنێت.»
لەم رووەوە کۆچبەرانی کورد لە جیهاندا دەتوانن رۆڵێکی گرنگ و پۆزەتوڤ ببینن: «خاڵێکی پۆزەتیڤی دیکە ئەوەیە کورد ئەمڕۆکە خاوەنی ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر و دیاسپۆرایەکی گەورەیە لە دەرەوەی کوردستاندا. بە تایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریکادا، کە دەتوانن رۆڵی گرنگ بگێڕن لە بەسیاسیکردنی مەسەلەی کورد و لە بەرگریکردن لە مافە بنەرەتییەکانی خەڵکی کوردستان، لە ناوەندە جیهانییەکاندا. چالاککردن و بەگەڕخستنی تواناکانی ئەم دیاسپۆرایە ساڵانێکی درێژی خەبات و کارکردنی بەردەوامی دەوێت.»
لە هەمان نووسیندا باس لە دروستبوونی هەندێک گۆڕانکاریی ناوەکیی دەکەم لەو وڵاتانەدا کە کورد لەناویاندا وەک میلەتێکی جیاواز دەژیی کە پەنجا ساڵێک لەمەوبەر بەوشێوەیەی ئێستا نەبوو. «گۆڕانێکی دیکە کە دروستبووە گۆڕانە لە ژینگە سیاسییەکەی ئەو وڵاتانەدا کە کورد لەناویاندا وەک کەمینە ئامادەیە. بۆ نموونە، تورکیای ئەمڕۆکە، تورکیای ساڵانی بیست و سى سەردەمی ئەتاتورک و ساڵانی کودەتا سەربازییەکان نییە. لەناو وڵاتەکەدا سیستم و ژینگەیەکی سیاسیی هەیە کە مەودای کارکردن، هەرچەند سنووردار، بە کورد و خەڵکی کوردستان دەبەخشێت و دەکرێت لەم رێگایەوە هەندێک لە مافە سیاسیی و کولتورییەکان وەدەستبهێنرێن. ئەم دۆخە تازەیە، بە لەمپەر و رێگری جیاوازەوە، لە بەشەکانی تری کوردستانیشدا لە ئارادایە و ئەگەری بچوک و سەرەتایی بۆ ریفۆرمکردن لە ئارادایە. باشوریش بە کردەوە ئازادە و ئازادییەکەشی پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە بوونی هێزی چەکدار و خەباتی چەکدارییەوە نییە.» هێندەی پەیوەندیی بە گۆڕانی ئیقلیمی و سیاسەتی زلهێزەکانی جیهانەوە هەیە.
بێگومان دۆخی رۆژئاوا جیاوازە، رۆژئاوا لە ئێستادا قۆناغی خەباتی چەکداریی تێپەڕاندوە و شتێک دروستبووە لە فۆرمی حوکمڕانییەکی ناوچەیی لەناوسیستمێکی سیاسیی لامەرکەزیدا، کە دەسەڵاتی سێنتەر تەواو لاواز و بێهێزە. پاراستنی ئەم دۆخە پێویستی بە هێزی سەربازیی هەیە. لەم رووەوە دەنووسم : «رۆژئاواش خاوەنی ئازادی خۆیەتی و لەوێدا هێزی سەربازیی بۆ خۆپاراستن بەرامبەر بە هەر هێڕش و پەلامارێکی ناوەکیی و دەرەکیی پێویستە، بەڵام لێرەشدا مۆدێلی حوکمڕانییەکە و ئەو قورساییە ئەخلاقییەی ئەم مۆدێلە هەیەتی بەقەد هێزە چەکدارەکەی گرنگە، ئەگەر گرنگتر نەبێت.» لەم رووەوە ئەوەی لەسەر هێزە کوردییەکان پێویستە ئەنجامیبدەن نیشاندانی مۆدێلێکە لە حیزبایەتیی و دەسەڵاتدارێتی و کارکردن و بەڕێوەبەرایەتی دیموکراس و دادپەروەر و کراوە و مافپارێز و ئەخلاقیی، کە بتوانێت لە ئاستی سیاسیی و ئەخلاقیدا وەک مۆدێل بۆ سەرجەمی ناوچەکە کاربکات. لەم ئاستەشدا سەرجەمی هێزە کوردییەکان پێویستیان بە ساڵانێکی دوورودرێژی خۆدەسکاریکردن و خۆتازەکردنەوە هەیە.
بە کورتییەکەی، بە درێژایی مێژووی سەدەی بیستەم و چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەم، دۆخی کورد بە رادەی ئەمرۆ هەنووکەیی و خاوەن قورسایی و ئامادەنەبووە. مەترسیی تواندنەوە و نەمان لەسەر کوردبوون نەماوە، فۆرمی جیاوازی خەباتی سیاسیی و فەرهەنگیش، بە بڕ و ڕادەی جیاواز، هاتونەتەپێشەوە. لەناو خودی کوردستان خۆیشیدا هیچ شتێکی ئەمرۆکە هەمان شتی پەنجا ساڵ لەمەوبەر نییە، نە سیاسەت، نە دین، نە ئەخلاقیی کۆمەلایەتیی، نە ئەدەبیات، نە فیکر، نە ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگاکە، نە ئەرشیتێکتی شارەکان، نە شێوازەکانی پەیوەندیکردن، نە پەیوەندییەکانی کۆمەڵگاکە بە خۆی و بە دەرەوەی خۆیەوە، نە ئابوریی. هەر هەموو ئەمانە گۆڕانکاریی گەورە و هەمەلایەنیان بەسەرداهاتوە و بەدەمەوەچونی ئەو گۆڕانکارییانە پێویستیان بە شێوازی تری تێکۆشان و خەباتکردن هەیە.
بە درێژایی سەدەی بیستەم خەمی سەرەکیی میلەتی ئێمە خەمی سڕینەوە و لەناوچوون و تواندنەوەی شوناسی ئەتنی و کولتوریی و ئینسانیی میلەتی ئێمە وەک کورد بووە. هەڕەشەی لەناوچوان لە قۆناغی جیاوازدا لەسەر میلەتی ئێمە وەک میلەت، لەسەر کوردبوون وەک فۆرمی بوونی ئێمە لە جیهاندا هەبووە و کاریکردوە. خەباتی چەکداریی وەڵام بووە بەو دۆخە تۆقێنەر و تراژیدییە. بەڵام وەک لەسەرەوە باسمکرد، بەشی هەرەزۆری ئامراز و تواناکانی توناندنەوەی میلەتان لە دونیای ئەمرۆدا بوونی نەماوە، بە میلەتی ئێمەوە، بۆیە گۆڕین و دەسکاریکردنی شێوازی خەباتکردن کارێکی هێجگار گرنگ و بنەڕەتییە، لە پێش هەمووانیشەوە دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤی تازە بۆ خەباتی چەکداریی.
