Draw Media

نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان

نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان

2025-03-06 14:03:10


(درەو): 
خەرجكردنی پارەی بەرهەمهێنانی نەوت بە تەواوەتیی و مەرجی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەكانی رابردوو، جارێكی تر پرۆسەی دەستپێكردنەوەی هەرێمی پەكخست و لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لە بەغداد هیچ رێككەوتنێك نەكرا، ئەمەش لەكاتێكدایە كە حكومەتی بەغداد باس لە هەناردەكردنی نەوتی بەسرە دەكات لەرێگەی توركیاوە. 
كۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان (وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان "ئەپیكور" كۆتایی هات. بەپێی زانیارییەكان، لە كۆبوونەوەكەدا هیچ رێككەوتن و لێكتێگەیشتنێك لەبارەی چارەسەری لەمپەرەكان بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم نەهاتوەتە ئاراوە. 
بەر لە كۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی عێراق- توركی كرد لە بەغداد، ئەندامانی لیژنەكە لە چەند وەزارەتێك پێكهاتوون. لەم كۆبوونەوەیەدا وەزیری نەوت وتی: بەمزوانە دۆسیەی هەناردەكردنی نەوت بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا كارا دەكرێت و ئەگەری ئەوەش هەیە هەناردەی نەوت لەم بۆرییەوە بە نەوتی بەسرە زیاد بكرێت.
لەبارەی ناكۆكی بەغدادو هەولێر سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، عەلی شەداد كە وتەبێژی لیژنەی نەوت و غازە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ:" وەزارەتی نەوتی عێراق هەموو رێكارەكانی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە تەواو كردووەو لایەمی توركیشی ئاگادار كردووە لە تەواوبوونی ئامادەكارییەكان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت، ئەمەش بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجە، كە دەبێت بڕی هەناردەكراوی نەوت لەنێون 300 هەزار بۆ 325 هەزار بەرمیلی رۆژانەدا بێت". 
بەوتەی عەلی شەداد" لە كۆبونەوەی ئەمدواییانەی وەزارەتی نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستاندا، هەرێم داوای ئەوەی كردووە پشكی بەكاربردنی ناوخۆیی لە 46 هەزار بەرمیلەوە بۆ 110 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاد بكرێت"، كە ئەمەش بە قسەی "سەرپێچییەكی روونی ئەو بودجەیە كە لەلایەن پەرلەمانتارانی كوردەوە دەنگی لەسەر دراوەو كۆسپ بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی خاو لەرێگەی جەیهانەوە دروست دەكات". 
دوای نزیكەی دوو ساڵ راوەستانی (25ی ئازاری 2023) هەناردەی نەوتی كوردستان بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، 28ی شوباتی ئەمساڵ، وەزارەتی نەوتی عێراق بەفەرمی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستانی راگەیاند، بەڵام هەر لەو رۆژەدا كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان كە كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم لە خۆدەگرێت و بە "ئەپیكور" ناسراوە راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند ئامادە نییە بۆ هەناردەكردنی نەوت تاوەكو رێككەوتنێكی فەرمی نەكرێت بۆ گەرەنتیكردنی پێدانی شایستە داراییەكانیان لە رابردوو و لە ئایندەشدا، ئیتر بەوهۆیەوە هەناردەی نەوتی كوردستان تائێستا دەستی پێنەكردوەتەوە. 
28ی شوبات وەزارەتی نەوتی عێراق كە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی راگەیاند، رۆژانە داوای 185 هەزار بەرمیلی لە هەرێم كرد، بەو جۆرەی كە دواتر هەنگاو بە هەنگاو بڕی نەوتی رادەستكراو بگەیەندرێتە ئەو ئاستەی لە بودجەدا ئاماژەی بۆ كراوە (واتا 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە). 
بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، سەرباری ناڕەزایەتیی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم، حكومەتی عێراقیش رەتیكردوەتەوە بڕی (16) دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانەی نەوت بە هەرێم بدات، بەوپێیەی هەرێم ئێستا رۆژانە ئامادەیە تەنیا 185 هەزار بەرمیل رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات بەمەبەستی فرۆشتنی. 
رۆژی 2ی شوباتی ئەمساڵ، دوای نزیكەی دوو ساڵ ناكۆكی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە تێچوونی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی كوردستان پەسەند كرد. بەپێی هەموارەكە عێراق تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی لە كوردستان لە (6) دۆلارەوە بەرزكردەوە بۆ (16) دۆلار، بەو مەرجەی لەماوەی دوو مانگدا لیژنە یان كۆمپانیایەكی پسپۆڕی بیانی خەمڵاندن بۆ تێچووی راستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەر كێڵگەیەكی كوردستان بكات و ئەم خەمڵاندنە نوێیە بكرێت بە بنەما بۆ تێچووی نەوت لە كوردستان. 
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، حكومەتی هەرێم قایل بووە بەوەی پرۆسەی فرۆشی نەوت و داهاتەكەی رادەستی حكومەتی بەغداد بكات لەبەرامبەر ئەوەی لە بودجەی گشتیدا پشكی خۆی پێبدرێت، بۆیە هەرجۆرە رێكنەكەوتنێك لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت رەنگە لە ئایندەدا كێشەی بۆ پشكی كوردستان لە بودجە دروست بكات. 
موچەخۆرانی هەرێم تائێستا موچەی مانگی شوباتیان وەرنەگرتووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەمدواییە حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لەڕووی داراییەوە لەگەڵ بەغداد گەیشتوەتە رێككەوتن و چیتر گرفت بۆ موچەخۆران دروست نابێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand