Draw Media

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا:دەست بەهەناردەی نەوتی هەرێم بكرێتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا:دەست بەهەناردەی نەوتی هەرێم بكرێتەوە

2025-03-05 10:52:22


درەو:
سایتی (OilPrice.com) ئەمریكی، راپۆرتێكی (سیمون واتكینز) بڵاوكردووەتەوە، سەبارەت بە وردەكاری پەیوەندییە تەلەفونییەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو سەرۆك وەزیرانی عێراق و، رۆڵی روسیاو چین و ئێران لە گەمارۆدانی هەرێمی كوردستان و، ملكەچپێكردنی بۆ بەغدادو، دورخستنەوەی رۆژئاوا لە كەرتی وزەی عێراق، كە ئەمە پوختەكەیەتی:
🔹سەرچاوەیەکی یاسایی باڵا لە واشنتۆن ئاشكرایكردووە، گفتوگۆكەی نێوان ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو محمەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، زۆر راشکاوانە بووە.
🔹سودانی كتوپڕ خۆی بە تەواوی لەگەڵ بیرۆکەکەی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بینیوەتەوە، كە پێویستی پەلەكردنە لە كردنەوەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا.
🔹 رۆبیۆ بە سودانی وتووە،  ئەمریکا گرنگی بە سەربەخۆیی وزەی عێراق و پێدانی شایستەكان دەدات بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان، کە لە عێراق کاردەکەن.
🔹واشنتۆن دەیەوێت بەغداد هاوردەکردنی غاز و کارەبا لە ئێرانەوە رابگرێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وزەو، دەیەوێت دەستبەجێ رێگە بە رۆیشتنی نەوتی عێراق بدات بۆ تورکیا.
🔹ئەگەر عێراق ئەم هەنگاوانە بنێت، ئەوا وەبەرهێنانی زیاتر لە ئەمریکا وەردەگرێت، ئەگەر نەشیکات، ئەوا روبەڕوی سزا دەبێتەوە، کە رەنگە توندكردنەوەی زۆر بەخێرایی پەرەبستێنێت.
🔹رەنگە ئەو راشكاوییەی رۆبیۆ پەیوەندی بەو گەمارۆیەوە هەبێت حکومەتی فیدراڵی عێراق نزیکەی دوو ساڵە بەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا سەپاندویەتی.
🔹سەرچاوەیەکی باڵا کە لە لەگەڵ كۆمەڵگەی ئاسایشی وزەی یەکێتی ئەوروپا كاردەكات وتویەتی، ئەمریکا و هاوپەیمانە سەرەکیەکانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەیانەوێت لەمەودای درێژخایەندا، کۆتایی بە هەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیا چینی، روسی و ئێرانییەکان بهێنێت، کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە.
🔹دوای ئەوە  دەتوانێت ئەمە وەک پردێک بەکاربهێنرێت بۆ جەختكردنەوە لە گێڕانەوەی کاریگەری رۆژئاوا لە ناوچەكانی تری عێراق، سەرەتا لە رێگەی گرێبەستە گەورەکانی وەبەرهێنان و دواتر پەرەپێدانی ژێرخانی پەیوەندیدار.
🔹لەنێو ئەم گرێبەستانەشدا، کە دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک بۆ نوێبونەوەی هاوکاری نێوان رۆژئاوا و بەغداد، گرێبەستی (بی پی)یە، بە بڕی (٢٥) ملیار دۆلار، کە هەفتەی رابردوو بە فەرمی واژۆکرا، بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی گەورە لە ناوچەی کەرکوک.
🔹لە دیوەکەی تری هاوکێشەکەدا، چین و روسیا، کە ماوەیەكی درێژە سەرپەرشتیاری سەرەکی حکومەتی فیدراڵی عێراقن، هاوشانی ئێرانی دراوسێ، هێزی بەهێزی پشت بیرۆکەی یەکخستنی هەرێمی کوردستانی عێراق بوون لە عێراقی فراوانتردا.
🔹سەرچاوەیەکی سیاسی باڵا لە مۆسکۆ وتویەتی: عێراق دەبێتە یەک دەوڵەتی یەکگرتوو، بە دوورخستنەوەی رۆژئاوا لە گرێبەستە وزە لەوێ، کۆتایی هاتنی باڵادەستی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێتە بابەتی یەکلاکەرەوەو کۆتایی تەواوەتی رۆژئاوا.
🔹بەشێکی سەرەکی ستراتیجەکە، داماڵینی هەرێمی کوردستانە لە سەرچاوەی سەرەکی داراییەكەی، کە هەر لە هەناردەکردنی نەوتەوە دەستی دەكەوێت.
🔹قۆناغی یەکەمی ئەوەش بریتی بوو لە نەدانی پارەی بودجە لە بەغدادەوە، کە بڕیار بوو بۆ نەوت لە کوردستانی عێراق بدرێت.
🔹قۆناغی دووەم، چڕکردنەوەی خێرایی و قەبارەی دادگاییکردن بوو لە دژی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان، کە بەردەوام بوون لە کارکردن لە هەرێم، بۆ ئەوەی رێگرییان لێبکرێت لە فرۆشتنی ئەو نەوتەی لەوێ بەرهەم دەهێنرێت.
🔹سێیەمیشیان، پلانەکە ئەوە بوو هیچ شتێکی بەرچاو نەکەن بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆ لە کوردستانی عێراقەوە بۆ تورکیا، سەرەڕای بوونی چەندین رێگای کراوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە لە سەرەتای گەمارۆکانەوە.
🔹دواین قۆناغیش، بریتی بوو لە پێشنیارکردنی یاسایەکی نوێی یەکگرتووی نەوت، کە بە هەموو رووەکانی لە بەغدادەوە جێبەجێ بکرێت و، بە یەکجاری و بۆ هەمیشەش کوردستانی عێراق بە ناوچەكانی تری عێراقەوە ببەسترێتەوە.
🔹بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە، کەس نابێت سەری  لەوە بسوڕمێت کاتێک، لە (3)ی ئابی ساڵی رابردودا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە روونی رایگەیاند، یاسای نوێی یەکگرتووی نەوت، سەرجەم بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و وەبەرهێنان لە هەریەك لە عێراق و کوردستانی عێراق بەڕێوەدەبات و، دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ یەکڕیزی عێراق.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand