ئێران 151 بنکە و بارەگای سەربازی لەسەر سنوری هەرێم دروستکردووە
.jpg)
2025-03-02 19:43:41
درەو:
بە وتەی ئەندامێکی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی (CPT) ئەمەریکی ئێران 151 بنکە و بارەگای سەربازی نوێی لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، کە بە قوڵایی ( 5 بۆ 10 )کیلۆمەتر سنورەکانی فراوانکردووە و هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، هاوكات توركیا (74) بنكەو بارەگای لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا هەیەو (35) كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێران دەستیکردووە بە دروستکردنی بنکەی سەربازی نوێ لەسەر سنورەکان و زیاتر لە 151 بنکەی دروستکردووە، لە کاتێکدا تورکیا 74 بنکە و بارەگای لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم بونیاتناوە." دەشڵێت،"ئێران بە قوڵایی 5 بۆ 10 کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بنکە سەربازییەکانی دروستکردووە، بەڵام تورکیا 35 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی هەرێمەوە و بنکەی سەربازی داناوە."
لە سنوری قەزای مەندەلی پارێزگای دیالەوە هەتا ناوچەی سیدەکان، بەشێک لە خاڵ و رەبییە سەربازییەکانی ئێران هێندە نزیکن لە گوندە کوردییەکانەوە، بە ئاسانی هەست بە جم و جۆڵی سەربازە ئێرانییەکان دەکرێت.
کاروان رەحیم، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندەکانی سنوری ئێرانە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گوندی مەحمود قەجەری نزیک دەروازەی پەروێزخان کە پێشتر باوباپیرانمان لێی نیشتەجێ بوون، ئێستا خەڵکەکەی ناتوانن بۆی بگەڕێنەوە چونکە کەوتووەتە نێوان خاڵە سەربازییەکانی عێراق و ئێران."
دەشڵێت،"ئێستا گوندەکە لە جێگەیەکی تر بونیاتنراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئێران لە زۆر ناوچەی تری وەکو سنوری مەجید سالار و پەروێزخان و بێشکان رەبیە سەربازیییەکانی هێناوەتە پێشەوە."
بەپێی وتەی بەرپرسانی پاسەوانی سنوری عێراق، ئێران و تەنانەت عێراقیش رەبیەو خاڵی سەربازییان لەو ناوچانە دروستکردووە کە بە (سفری حدودی) ناسراون و سنوری دەوڵەتێک لە دەوڵەتێکی تر جیادەکەنەوە، هەرچەندە نابێت خاڵی سەربازی ببرێتە ئەو شوێنانە.
