ترامپ بۆ زیلینسكی: وڵاتەكەت لە كێشەی گەورەدایە
.jpg)
2025-03-01 11:02:47
درەو:
لە كۆشكی سپی گوفتوگۆیەكی توند لە نێوان دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا و ڤۆلۆدمیر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكراینا روویدا، گفتوگۆكە راستەوخۆ لەلایەن میدیاكانەوە گواسترایەوەو دوای گفتوگۆكەش زیلینسكی بە تەنیا كۆشكی سپی جێهێشت، بەشێك لە قسە توندەكان لەلایەن جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكاوە بەرامبەر بە سەرۆكی ئۆكراینا كرا.
دەقی تەواوی گفتوگۆكە:
- جەی دی ڤانس: ......... دەبێت ئەم شەڕە بە ڕێگەی دیپلۆماسیی کۆتایی پێبێت.
- زێلینسکی: جەی دی ڤانس، تۆ باسی چ جۆر دیپلۆماسییەت دەکەیت؟ مەبەستت چییە؟
- ڤانس: باسی ئەو دیپلۆماسییەتە دەکەم کە کارەساتەکانی وڵاتەکەت کۆتایی پێ دەهێنێت.
- زێلینسکی: بەڵێ، بەڵام ئەگەر...
- ڤانس: سەرۆک (بە ڕێزەوە)، پێموایە؛ ناشایستەیە تۆ بێیتە ژووری سەرۆکایەتی و هەوڵ بدەیت ئەم بابەتە لەبەردەم ڕاگەیاندنی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەنگۆی تیا بکەیت. ئێستا خەڵکەکەت خەریکی جوڵەن بۆ ئەوەی سەربازەکان بە زۆر بۆ هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ بنێرن، چونکە تۆ کێشەی زۆرت لە گرتنی سەربازدا هەیە. پێویستە سوپاسی سەرۆک (ترامپ) بکەیت.
- زێلینسکی: تۆ هەرگیز سەردانی ئۆکراینت کردوە بۆ ئەوەی بزانیت چ کێشەیەک هەیە؟
- ڤانس: من چیرۆکەکانم خوێندووەتەوەو تێگەیشتووم چی ڕوو دەدات، ئێوە خەڵک دەبەن بۆ گەشتی پڕۆپاگەندەکردن، سەرۆک ئایا هاوڕامی لەوەی کێشەت لە سەربازگرتن هەیە؟ ئایا پێتوایە؛ شایستەیە بێیتە ژووری سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو هێرش بکەیتە سەر ئەو ئیدارەیەی کە هەوڵ دەدات وڵاتەکەت لە کاولبوون بپارێزێت؟
- زێلینسکی: یەکەم، لە کاتی جەنگدا، هەموو کەسێک کێشەی هەیە، تەنانەت ئێوەش، ئێوە سەرەڕای ئەوەی چارەسەری جوانتان هەیە، بەڵام ئێستا هەستی پێ ناکەن، بەڵام لە داهاتوودا هەستی پێ دەکەن.
- ترامپ: تۆ نازانیت! پێمان مەڵێ کە داهاتوو چی هەست پێ دەکەین! ئێمە هەوڵدەدەین چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزینەوە. پێمان مەڵێ کە داهاتوو چی هەست پێ دەکەین!
- زێلینسکی: پێت ناڵێم، من تەنیا وەڵامدەدەمەوە..
- ڤانس: ڕێک ئەمە ئەوەیە کە ئێستا دەیکەیت.
- ترامپ (بە دەنگ بەرزکردنەوەوە): تۆ لە پێگەیەکدا نیت تا بیسەپێنیت بەسەرماندا چی هەست پێدەکەین! ئێمە هەستێکی زۆر ئارام و بەهێزمان دەبێت!
(زێلینسکی هەوڵدەدات قسەی ترامپ بیپچڕێنێت.)
- ترامپ: ئێستا تۆ لە بارودۆخێکی باشدا نیت. خۆتت خستووەتە دۆخێکی زۆر خراپەوە. تۆ هیچ کارتێکت نییە لەم ساتەدا. لەگەڵ ئێمە نەبێت هیچ کارتێکت بە دەستەوە نییە. تۆ ژیانی ملیۆنان خەڵک دەخەیتە بەردەم مەترسییەوە، سەرکێشیی بە هەڵگیرساندنی جەنگێکی جیهانی سێیەم دەکەیت. ئەوەی دەیکەیت نیشانەی بێڕێزییە بۆ ئەم وڵاتە!
- ڤانس: هەرگیز سوپاسی ئێمەت کردووە؟
- زێلینسکی: چەندین جار.
- ڤانس: نەخێر، مەبەستم لەم کۆبونەوەیەیەدا، بەدرێژایی ئەم دانیشتنە؟ هەندێک سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرۆکەکەیان بکە کە هەوڵدەدات وڵاتەکەت ڕزگار بکات!
- زێلینسکی: بەڵێ، تۆ وا دەزانی کە ئەگەر بە دەنگێکی بەرز قسە لەسەر جەنگ بکات.
- ترامپ: ئەو بە دەنگی بەرز قسە ناکات! وڵاتەکەت لە بارودۆخێکی زۆر قورسدایە! نەخێر، زۆر قسە کردوە، وڵاتەکەت لە ساتەوەختێمی زۆر قورسدایە!
- زێلینسکی: ئەوە دەزانم، بەڕاستی دەزانم.
- ترامپ: تۆ سەرکەوتوو نابیت، بەڵام بەهۆی ئێمەوە هەلێکی باشت لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی گونجاو لەم کێشە دەربچیت.
- زێلینسکی: ئێمە لە سەرەتای جەنگەوە توانای هێزەکانمانمان پاراستووە. لەسەرەتاوە بە تەنیا بووین، گوتومانەو دەبێژین سوپاس.
- ترامپ (بە هاوکاتی قسەکەی زێلینسکی): تۆ تەنیا نە بوویت! ئێمە ئامێرە سەربازییەکانمان بۆ دابینکردن! سەربازەکانت ئازان، بەڵام بە هۆی سوپاکەی ئێمەوە بە هێز بوون، ئەگەر ئامێرە سەربازییەکانی ڕێگر نەبوونایە، ئەوا شەڕ لە ماوەی دوو هەفتەدا کۆتایی پێدەهات... نەخێر دوو ڕۆژدا!
- زێلینسکی: ئەوەت لە پوتین بیستوە؟ لە ماوەی سێ ڕۆژدا!؟
- ترامپ: گفتوگۆکردن بە ئەم شێوەیە زۆر قورس دەبێت.
- ڤانس: سوپاسی بکە!
- زێلینسکی: چەندین جار سوپاسم کردووم.
- ڤانس: پێموایە؛ ناکۆکیی هەیە، با ئەم ناکۆکیانە چارەسەر بکەین لەجیاتی ئەوەی لەبەرامبەر میدیای ئەمریکادا ڕووبەڕوو بینەوە. کاتێک هەڵەیت. ئێمە دەزانین هەڵەیت!
- ترامپ: خەڵکەکەت دەمرن! لە زۆر بواردا کێشەو کەموکورتیت هەیە. گوێبگرە، دواتر پێمان دەڵێیت ئاگربەستم دەوێت، نەخێر ئاگربەستم ناوێت، دەمەوێت ئاوا بکەم، ئەمەو ئەوەم دەوێت!
- ترامپ: ئاوا ڕەفتار مەکە کە سوپاسگوزاریی! ئەمە شتێکی جوان نییە! بەڕێزم، ئەمە شتێکی خۆش نییە! پێموابێت تەواو بووین. ساتێکی تەلەفزیۆنی خۆش دەردەچێت، ڕای تۆ چییە؟
