Draw Media

لیستی موچەی مانگی دوو، لە چوار قۆناغ دوو قۆناغی بڕیوە

لیستی موچەی مانگی دوو، لە چوار قۆناغ دوو قۆناغی بڕیوە

2025-03-05 13:39:57



درەو:
لیستی موچەی مانگی شوباتی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە چوار قۆناغ دوو قۆناغی بڕیوە، ئەگەر سبەی تەیف سامی بڕیاری خەرجكردنی موچە نەدات، ئەوا دابەشكردنی موچە دەكەوێتە دوای 10ی مانگ و موچەی مانگی ئازاریش دەكەوێتە دوای جەژن.
  دوای گەڕانەوەیان لەبەغداد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئاوات شێخ جەناب  ، وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان لە 3ی شوباتی 2025 رایگەیاند: لەسەر پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ ساڵی (2025) گەیشتوین بەرێككەوتن و بەهەوڵی هەمو لایەك توانراوە ئێستا كێشەی موچە چارەسەبكرێت
بەڵام لە یەكەم هەنگاودا كێشە بۆ موچەی مانگی شوبات درووست بووەو موچەی عێراق خەرجكراوەو تەنیا موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خەرجنەكراوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) وەفدی تەكنیكی هەرێمی كوردستان ماوەی (8) رۆژە لەبەغدادن و لیستی موچەی مانگی شوباتیان پێیە بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی و بڕیار لەسەر خەرجكردنی موچە نەدراوە.
لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداد بە چوار قۆناغدا تێپەڕ دەبێت ئەوانیش:
-    سەرەتا دەچێتە وەزارەتی دارایی عێراق
-    دواتر رەوانەی تەدقیق دەكرێت لە موازنە
-    دواتر رەوانەی ژمێریاری دەكرێت بۆ تەدقیق
-    دواتر دەچێتە بەردەم وەزیر بۆ واژۆی كۆتایی
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لیستی موچەی موچەخۆران لە وەزارەتەوە رەوانەی موازەنەكراوە بۆ تەدقیق چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ تەدقیق تەواو بێت واتا هێشتا دوو قۆناغی یەكەمی نەبڕیوە ئەگەر ئەمڕۆ تەدقیق لە موازەنە تەواو بێت چاوەڕوان دەكرێت سبەی هەنگاوەكانی تر تەواو بێت واتا دوای موازەنە رەوانەی ژمێریاری دەكرێت لەوێش تەدقیق دەكرێت و پاشان دەخرێتە بەردەم تەیف سامی بۆ واژۆی كۆتایی و بڕیاری خەرجكردنی موچە، بەڵام لە ئێستادا لیستی موچە لە موازەنەیە واتا لە قۆناغی دوومەدایە.
ئەگەر سبەینێ ژمێریاری و وەزیری دارایی عێراق  لیستی موچە تەواو نەكەن و واژۆی نەكەن ئەوا بڕیاری خەرجكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە یەكشەمە 9ی مانگ و دابەشكردنی موچەی مانگی شوبات دەكەوێتە دوای 10ی مانگەوە.
بەڵام ئەگەر سبەینێ بڕیار لەسەر خەرجكردنی موچە بدرێت ئەوا دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەكەوێتە رۆژی شەممە 8ی مانگ.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) وەزارەتی دارایی عێراق دوو تێبینی هەیە ئەوانیش زیادبوونی ژمارەی خانەنشینان و كەمی داهاتی ناوخۆیە كە بۆ مانگی رابردوو تەنیا (51) ملیار دیناریان رادەستی عێراق كردووە كە بە بڕە پارەیەكی كەمی ناردووە كە پێشتر خۆیان رایان گەیاندووە داهاتی مانگی (320) ملیار دینار.
موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مانگانە (یەك ترلیۆن) دینارە، سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان:
-    داهاتی ناوخۆ مانگانە: 320 ملیار دینار (كاش و مقاسەو چەك)
-    پارەی مانگانەی هاوپەیمانان: نزیكەی 20 ملیار دینار
-    پارەی بەغداد مانگانە: 1 ترلیۆن دینار
-    داهاتی نەوت: دیار نیە (رۆژانە 311 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێت)
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand