دانوستانەكانی نێوان بەغدادو هەولێر بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت دەستی پێكردووە
.jpg)
2025-03-02 17:39:43
درەو:
وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد دەستیان بە دانوستانەکان کردووە، لە پێناو کۆتاییهێنان بەدواین هەنگاوەكانی هەناردەکردنی نەوت بە بۆری جەیهانی تورکیدا، لە ڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە.
سەرچاوە ئاگادارە عێراقییەکان بە رۆژنامەی "الشرق الاوسگ" یان راگەیاندووە، رۆژی یەک شەممە وەفدێکی کوردی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسان لە بارەگای وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە بەغداد ئەنجامداوە، بۆ چارەسەرکردنی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم و، ئەو پرسانەی پەیوەستن بە کاری کۆمپانیاکانەوە.
سەرچاوەکە رونیکردەوەتەوە، بڕیاربوو ئەو کۆبونەوەیە سێشەممەی داهاتوو ئەنجام بدرێت، بەڵام پێشهاتەکانی ناو دۆسیەكە وایکردووە، كاتەكەی پێشبخرێت.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی شەممەی رابردوو، ئەو کۆمپانیا بیانییە نێودەوڵەتییانەی كە لەژێر چەتری کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) کاردەکەن، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی کۆبونەوەیەکی كردن لە بەغداد رۆژی سێ شەممەی داهاتوو.
وەزارەتی نەوتی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، گفتوگۆکان باس لە پرسەکانی پەیوەست بە گرێبەستە واژوكراوەكانن، بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە بەشداربێت لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان، بەپێی باشترین شێوازە نێودەوڵەتییەکان، بە شێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانی بکات.
وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی هەینی رایگەیاند، بەغداد لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە رادەگەیەنێت بە بڕی سەرەتایی (185)هەزار بەرمیل، كە بەشێوەی پلەبەندی بڕەكەی بەرز دەكرێتەوە تا دەگاتە ئەوبڕەی لە بودجەی گشتی فیدراڵیدا دیاری کراوە، لە ڕێی كۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ). کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان کە نوێنەرایەتی لە (60%ِ)ی بەرهەمی هەرێم دەکات، دوای ئەوە رایگەیاند، هیچ پەیوەندییەکی فەرمی بۆ رونکردنەوەی رێککەوتنە بازرگانییەکان و گەرەنتی پارەدان بۆ هەناردەکردنی رابردوو و داهاتووی لەگەڵ نەکراوە.
نزیکەی (8) کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، رایانگەیاند، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستپێناکەنەوە، سەرەڕای ئەوەی بەغداد رایگەیاند، نزیکن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن.
حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، سێشەممەی رابردوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە ڕێی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگەیاند.
كێشە هەڵپەسێردراوەکان
سەرەڕای ئەم بەرەوپێشچونانە لە پەیوەندی نێوان بەغدادو هەولێر لە کەرتی وزە، کە ئاماژەن بۆ نزیکبوونەوەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا، هەندێک کێشە بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوەو، هەردوولا گفتوگۆکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ چارەسەرکردنیان.
دیارترین گرفتەکان بریتین لە، شێوازی حسابکردنی بڕی نەوت و شێوازی پێدانی پارەکەی و، پشکی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، کە نەوتیان لە هەرێمی کوردستان دەرهێناوە، جگە لە دۆسییەكانی موچەو رسومات و گومرگ. شاندەکانی نێوان هەردوولا هەوڵ دەدەن پێش دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردن، ئەم کێشانە چارەسەر بکەن.
وەزیری نەوتی عێراق، هەفتەی رابردوو، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەكراو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی لە کوردستانی عێراقەوە راگەیاند، ئەو هەنگاوش رەنگە ببێتە هۆی کۆتایهێنان بە ململانێیەک كە نزیكەی دوو ساڵی خایاندو، بووە هۆی راگرتنی بڕی زیاتر لە (300)هەزار بەرمیل رۆژانە، كە لە ڕێی تورکیاوە دەچووە بازاڕەكانی جیهان.
دوای داخستنی ئەو بۆرییەی کە نەوتی خاوی بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا لە ساڵی (٢٠٢٣) دا گواستووەتەوە، بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بۆ ئێران لەڕێی بارهەڵگرەوە زیادیكرد، بەگوێرەی راپۆرتەكانیش لەڕێی بارهەرڵگرەكانەوە نزیكەی (200) هەزار بەرمیل نەوت بەشێوەیەكی رۆژانەو بەنرخێكی هەرزان لە كوردستانەوە بۆ ئێران و بڕێكی كەمتریش بۆ توركیا رەوانە دەكرا.
تورکیا زۆرترین وزەی دەوێت
بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا، ئەمڕۆ یەک شەممە، ئەلپارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی دەیەوێت لەگەڵ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، هێڵی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا بەوپەڕی توانایەوە کاربکات.
تورکیا لە مانگی ئازاری ساڵی (2023)بۆرییەکەی راگرت، دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە ئەنكەرە کرد، بڕی یەک ملیار و (500) ملیۆن دۆلار بداتە بەغداد، وەک قەرەبووی هەناردەکردنی ڕێگەپێنەدراو لە نێوان ساڵانی(2014)بۆ . (2018)
تورکیا لە کۆتایی ساڵی (2023)ەوە، رایگەیاندووە، ئامادەیی دەبڕیوە بۆ کارەکانی لەسەر دەسپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە رێی ئەو بۆرییەوە.
وەزیری وزەی تورکیا وتویەتی: ئەم هێڵە ماوەی ساڵ و نیوێکە ئامادەیە، دەیانەوێت هێڵی بۆری تورکیا-عێراق بەکاربهێنرێت، بەتایبەت هەر دوو بۆری (650) کیلۆمەتری لە سیلۆپیەوە بۆ جەیهان.
ئاماژەی بەوەشکردووە: دەیانەوێت بەشێک لەو نەوتەی بەم بۆرییەدا تێدەپەڕێت بچێتە پاڵاوگەی کریکالێ، هەروەها لەڕێی کەشتیەکانەوە لەڕێی بەندەری جەیهانەوە بچێتە پاڵاوگەکانی تورکیا یان بۆ پاڵاوگە جیاوازەکانی جیهان، بۆ ئەوەی توانای بۆرییەکە لە بەرزترین ئاستی خۆیدا بەکاربهێنرێت، بایراکتار ڕونیشیکردووەتەوە، پڕۆژەی رێڕەوی بازرگانی پلان بۆ داڕێژراوی نێوان تورکیا و عێراق، کە ناوی پڕۆژەی "رێگای گەشەپێدان"ە، دروستکردنی بۆرییەک کە دەگاتە کەنداوی عەرەبی لە خۆدەگرێت، بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێی تورکیایەوە.
