نەوەی نوێ بەدیلی دەسەڵاتە یان ئۆپۆزسیۆن!
2018-10-28 14:38:31
راپۆرتی: ئارام مەحمود
ڕەنگە لەدوای "بزوتنەوەی گۆڕان"ەوە، هیچ هێزێك هێندەی "جوڵانەوەی نەوەی نوێ" و خودی سەرۆكەكەی خاوەنی وتارێكی ڕادیكاڵ و توند نەبوبێتن لە كایەی سیاسی هەرێمی كوردستان، گوتارێك، كە هەندێك " بە نوێنەرایەتیكردن و تەمسیلی ڕاستەقینەی شەقامی ناراِزیی لەبەرامبەر دەسەڵاتێكی بێباك و كەمتەرخەم" ناویدەبەن، هەندێكی دیكەش بە گوتارێكی " پۆپۆلیستیانەی" دەزانن كە هیچ باجێكی لەسەر نیە، هەندێكیش بە"موزایەدەیەكی ناواقیعی و دروشمبازی" ناویدەهێنن، زۆرێكیش پیادەكردنی ئەو شێوازە توندو ڕەقە لە گوتاری سیاسی، بە ئامرازێكی گرنگ و كاریگەری تاقیكراوەی دەزانن بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین خەڵكی ناڕازیی و خۆ تەرحكردنیش وەك بەدیل و پڕكردنەوەی ئەو فەراغە سیاسییەی بەتایبەت لەدوای خاوبوونەوە و بێدەنگبونی ئۆپۆزسیۆنی جاران لە كوردستان دروستبووە، نەك شوێنگرتنەوەی فیعلی دەسەڵاتێكی "بەدكار" كە سیحری ئامادەیی هەر هێزێكی سیاسی ناڕازییە.
هەندێك لەوانەی ڕەخنەیان لە "جوڵانەوەی نەوەی نوێ" هەیە، لەوەش دووتر دەڕۆن و دەڵێن، لەپێناو شوێنپێكردنەوە لەڕیزبەندی هێزەكان و شوێنگرتنەوەی هەندێكی تریان، لە دوو باردا زیادەڕۆیی زەق و بەرچاویان كردووە، گوتاری سیاسییان، وێڕایی ئەوەی "هەڵپەو هەڵەداوانی" زۆری پێوەدیارە "هێندە تەركیزیان لەسەر پەلارمادانی دەسەڵات و تەواوی هێزەكانی تر بووە، بەقەد ئەوە تەركیزیان لەسەر ئەوە نەبووە بۆ خەڵكی ڕونبكەنەوە چیان دەوێت" یان "ئەوەندەی هەوڵیانداوە لەڕێی ناشرینیكردنی ڕكابەرەكانیانەوە خۆیان جوان بكەن، هێندەی ئەوە كاریان بۆ دەرخستنی جیاوازی و جوانییەكانی خۆیان نەكردووە"، پێیانوابووە "چەندە وتارەكانیان دژی یەكێتی و پارتی توندتربێت هێندە "ڕاستگۆیی و ئازایەتییان" دەسەلمێنێت و زیاتر و زیاتر خەڵكیان لە دەور كۆدەكاتەوە" ئەوەش هەم لە لێدوان و هەم لە هەندێك بەیاننامەیاندا بەئاشكرا دیارە، ئەمە لە بارێكیدا، لەبارەكەی تریشدا، فڕیدانی كۆمەڵێك بەڵێن و پێشبینی كە دیسان زیادەڕۆییەكی هێجگار زەقی پێوەدیارە، كە دیارترینیان حسابنەكردنە بۆ قەبارەی بەرامبەر و هەندێك پێشبینی ناواقیعی، پرسیاری لەسەر میسداقیەت و خوێندنەوەی سیاسیان دروستكردووە.
حسابی بۆ قەبارەی نەیارەكانی نەكردووە
لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەرپرسانی " نەوەی نوێ" ڕایانگەیاند، "كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت هەیە و ئامانجیان بەدەستهێنانی لوتكەی دەسەڵاتە" لەوەش زیاتر خۆیان بە تاكە ڕكابەری (پارتی دیموكراتی كوردستان) ناساند و (یەكێتی و گۆڕان) كە دوو هێزی سەرەكین بەخێرایی "تێیانپەڕاندن"، وەك ئەوەی حساب بۆ قەبارە و پێگەی سیاسییان نەكەن، ئەمەش یەكێكی ترە لەوسەرنج و ڕەخنانەی كە هەندێك ئاڕاستەی ئەو جوڵانەوەیەی دەكەن و پێیانوایە"ئەم بیركردنەوەیە ئەگەر ئاستێكی زۆر لە متمانە بەخۆبوونیشی تیادابێت، ئەوا خاڵی نیە لە لەخۆبایبوون و زیادەڕۆییەك كە تاسنوری كورتبینی و نەبوونی خوێندنەوەیەكی واقیعی و بەكەمزانینی بەرامبەر چووە"، وێڕایی بەتەماكردنی خەڵكیش بۆ پێشهاتێك كە ئەگەری ڕوودانی ڕەنگە بەڕێژەیی سەدیش نەخوێنرێتەوە، وەك دەوترێت ئەمە بۆ پارتێكی سیاسی كە شەڕی وەرگرتنی دەسەڵات بكات، ئەگەر لە كەمپینی هەڵبژاردندا هۆكارێكی گرنگ بێت بۆ بەخشینی جۆرێك لە ورە و هێز و تەنانەت كۆكردنەوەی دەنگی زیاتریش، ڕەنگە بەتێپەڕبونی كات ئاسەواری نەرێنی ببێت كە دیارترینیان لەقكردنی متمانەیە بە ڕاستگۆیی.
لەم باسەدا ئەوەی وەك پرسیارێكی گەورەی بێ وەڵام ماوەتەوە لای زۆرێك ئەوەیە، بەچی پێوەر و لەسەر چی بنەما و لێكدانەوەیەكی زانستی بەرپرسانی "جوڵانەوەی نەوەی نوێ"خۆیان بە تاكە ڕكابەری (پارتی) زانیوە لەكاتێكدا جیاوازیی ئەنجامەكانی نێوانیان، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 21 كورسی و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش 37 كورسی بووە؟، كە جیاوازییەكی لەڕادەبەدەر گەورەیە و بواری بەراوردكردن نیە.
كەی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژارد؟
دیوێكی تری ئەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی "جوڵانەوەی نەوەی نوێ"دەكرێت، پەلەكردنە لە دەربڕینی هەڵوێستە سیاسییەكانی، ئەگەر زۆرێك لە حزبەكانی كوردستان كێشەی وەرگرتنی بڕیار و مرداركردنەوەی دۆسییە سیاسییەكانیان هەبێت بەهۆی نادیاری و نەمانی ناوەندی بڕیاری سیاسی تیایاندا، ئەوا "نەوەی نوێ" دووچاری كێشەی پەلەكردن لە بڕیاردان بووە، ئەمە سەرنجی هەندێكە لە چاودێران، كە دەڵێن، لەگەل ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەرۆكی جوڵانەوەكە گەیشتە نەجەف و لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆكی هاوپەیمانی "سائیرون"كۆبوەوە، بەنیازی بەشداریكرن لە حكومەت، پاشان كە گەوەترین كوتلەی پەرلەمانیش پێكهات، چووە پاڵ كوتلەكەی (سەدر-عەبادی) و بەنیازبوو بەشداریپێبكەن لە حكومەت، بەڵام كە دواتر "بەدەستی بەتاڵ هاتەدەرێ" وەك "یەكەم هێزی عێراقی ئۆپۆزسیۆن بوونی ڕاگەیاند".
بۆ پەرلەمانی كوردستانیش پاشگەزبوەتەوە
لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش، دیسان "سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ" كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕێكخست و وتی" ئەگەر ئەنجامەكان بەمشێوەیەی ئێستا بن، نەوەی نوێ بەشداری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ناكات".
لەبارەی بەشداری لە پەرلەمانی كوردستانیش وتی" هەر لایەنێك بەشداری بكات لە پەرلەمانێكی لەمشێوەیە، شەرعیەت دەدات بەو پرۆسەیە"، داواشی لە هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات كرد لەگەڵ هەڵوێستەكەی نەوەی نوێ بن و بایكۆتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بكەن و پەیامێكیشی لەوبارەیەوە ئاڕاستەی سەركردەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی و كۆمەڵ و گۆڕان كرد و دوو لایەنە ئیسلامییەكە وەڵامیاندایەوە بەبێ ئەوەی رەزامەندی لەسەر داواكارییەكەی دەرببڕن و بزوتنەوەی گۆڕانیش تائێستا وەڵامی نەداوەتەوە.
سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەرەتادا بانگەشەیەكی زۆری بۆ ئەم هەنگاوە كرد و میدیاكانی بایەخێكی زۆریان پێدا بەجۆرێك بانگەشەی ئەوەیان بۆ كرد" ئەمە یەكەمجارە لەمێژووی هەرێمی كوردستاندا هێزێكی براوە بڕیاربدات نەچێتە پەرلەمان"، هاوكات تانەی ئەوەشیان لە لایەنەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی دا كە هەمیشە دوای ئاشكراكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، ڕەخنەی توندیان گرتووە و پارتی و یەكێتیان بە ساختەكاریی تۆمەتباركردووە بەڵام هیچكات وەك نەوەی نوێ بایكۆتی پەرلەمانیان نەكردووە.
ئەوەی جێی سەرنجی چاودێرانە، جارێ "جوڵانەوەی نەوەی نوێ" بایكۆتی پەرلەمانی نەكردووە، بە خۆجیاكردنەوەی لە حزبەكانی تر چی قازانجێك دەكات؟ لەكاتێكدا دەبوو بۆ بەهێزكردنی هەڵوێستەكەی هەوڵی قەناعەتپێكردنی هێزەكانیشی تریشی بدایە نەك "موزایەدەكردن وتۆراندنیان" وێڕایی ئەوەش، هەڵوێستەكانی دواتری "جوڵانەوەی نەوەی نوێ" دەریدەخەن، كە لەو هەنگاوە پاشگەزبوەتەوە واتە بایكۆتی پەرلەمان ناكات، جا هۆكار و پێشهاتەكان هەرچیەك بن.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، "نەوەی نوێ" دیسان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تیادا وێڕایی ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكان، لە خاڵێكدا كە وەك پێشنیاز بۆ هێزەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی كردووە، داوایان لێدەكات "بەرەیەكی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمانی كوردستان پێكبهێنن"، ئەوە لەكاتێكدا پێشتر ڕاگەیاندووە "هەر هێزێك بەشداری بكات لە پەرلەمان شەرعیەت دەدات بەو پرۆسەیە"، وێڕایی ئەوەش سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك پرسیاری ئەوەی لە خەڵك كردووە "ئایا لەنێوان بایكۆتی پەرلەمان و بوون بە ئۆپۆزسیۆێكی ئازا لەناو پەرلەمان كامیان هەڵبژێرین"؟ ئەم پرسیارە و ئەوەی پێشتریش ئاماژە پێكرا، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆئەوەی " نەوەی نوێ" لە هەڵوێستە كۆنكرێتییەكەی پێشووی پەشیمانبووەتەوە كە "بایكۆتی پەرلەمان" بوو، ئۆپۆزسیۆن بوونی كردوەتە یەكێك لە بژاردەكانی، كە پێشتر پێیوابوو شەرعیەت دانە بە پرۆسەیەك كە لەسەر بنەمای "ساختەكاری" بنیاتنراوە.