Draw Media

شەڕی پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار دەستیپێكرد

شەڕی پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار دەستیپێكرد

2018-10-28 18:42:17


راپۆرتی: ئارام مەحمود 

لەكاتێكدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی ڕەتكردۆتەوەو ئەو بەرپرسیارێتیەی بەدوو وەزیری (نەوت و دارایی) كابینەكەی سپاردووە، هەندێك لەو كوتلە سیاسیانەی چاویان لەوەیە كەسایەتیەكانیان پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار وەربگرێت، دەستیانگرتووە بەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی كە پێشتر دەریكرد لەبارەی نادەستوری بوونی بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی تایبەت بەهەڵوەشاندنەوەی پۆستی جێگرانی سەرۆك كۆمار لەمانگی ئابی ساڵی 2015دا. 
هاوكات لەگەڵ بەردەوامبونی مشتومڕەكان سەبارەت بەهەردوو پۆستی وەزارەتی (بەرگری و ناوخۆ) كە عەبدولمەهدی سەرپەرشتیان دەكات تا ئەو كاتەی كوتلە سیاسیەكان یەكلایدەكەنەوە، شەڕی جێگرانی سەرۆك كۆمار تائێستا بەشێوەیەكی بێدەنگ لەنێوان شیعە و سوننەو توركمان وەك پێكهاتەی سێیەمی عێراق بەڕێوەدەچێت.

دانانی جێگر لەدەستی سەرۆك كۆماردایە

ئەحمەد عەبادی ڕاوێژكاری یاسایی پێیوایە" هیچ پەیوەندییەك لەنێوان پرسی پێكهێنانی حكومەت و پۆستی جێگرانی سەرۆك كۆماردا نیە، چونكە ئەو پۆستە بەدەر لە ژمارەی ئەو كەسایەتیانەی وەریدەگرن، لەدەسەڵاتی سەرۆك وەزیراندا نیە"  ئەوڕاوێژكارە یاساییە بەڕۆژنامەی "شەرقلئەوسەت"ی ڕاگەیاندووە،  پۆستی جێگرانی سەرۆك كۆمار بەتەنها لەدەسەڵاتی سەرۆك كۆماردایە و بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی۲٠۱۱ی جێگرانی سەرۆك كۆمار ڕێكخراوە، سەرۆک کۆمار جێگرێك یان زیاتر بۆخۆی هەڵدەبژێرێت بەمەرجێك زیاتر نەبێت لە سێ‌ جێگر و ناوی كاندیدەكانیش پێشکەش بەپەرلەمانی عێراق دەكرێت بۆ پەسەندكردنی بەزۆرینەی ڕەها. 
تائێستا سەرۆكایەتی كۆماری عێراق هیچ ئاماژەیەكی پیشاننەداوە، کە(بەرهەم ساڵح) سەرۆك كۆماری عێراق بەنیازبێت بەمنزیكانە هەڵبژاردنی جێگرەكانی ڕابگەیەنێت، بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرۆك كۆمار  چاوەڕوانی تەوافوقاتی كوتلە سیاسەكانە لەسەر پۆستە لەكاتێكدا بەپێی یاسا لەدەسەڵاتی خۆیدایە. 

توركمان بەنیازی وەرگرتنی جێگرێكە

ڕۆژنامەی (شەرقلئەوت) لەزاری ئەو سەرچاوەیەوە بڵاویكردۆتەوە" مادەم پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار لەسەر بنەمای پێكهاتە دابەشدەكرێت، لەبەر ئەوە سەرۆك كۆمار چاوەڕوانی كاندیدی كوتلەكان دەكات بۆ ئەو پۆستە لەگەڵ بەهەند وەرگرتنی ئەوەی ئەمجارە خواستێك هەیە پۆستی جێگری دووەم یان سێیەمی سەرۆك كۆمار بدرێت بەتوركمان بەوپێیەی نەتەوەی سێیەمی عێراقن" ئاماژەی بەوەشكردووە"بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی كە كاتی خۆی بڕیارەكانی عەبادی هەڵوەشاندەوە بەپاڵشتێكی بەهێزی كوتلەكان دادەنرێت بۆ دەستگرن بە پۆستی جێگرانی سەرۆك كۆمار وێڕایی ڕەتكردنەوەی لەلایەن مەرجەعەتی نەجەف بۆ فرە پۆستی كەهیچ دەسەڵاتێكی نیە وێڕایی بەهەدەردانی ماڵی گشتی.

شیعەكان زیاد لەكاندیدێكیان هەیە

سەعدی مەتڵەبی سەركردە لەدەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە، شیعەكان ناكۆكییەكان نیە لەسەر وەرگرتنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق بۆ ئەم خولەش، ئەوە لەكاتێكدایە زیاد لەسەرچاوەیەكی ئاگادار ئاماژە بەبونی ململانێیەكی توند دەكەن لەنێوان (نوری مالیكی، هادی عامری) لەنێو پێكهاتەی شیعە بۆ پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار، هاوكات ناوی (فالح فەیاز)یش دەهێنرێت وەك یەكێك لەكاندیدەكان بۆ ئەو پۆستە، ئەگەر پۆستی وەزیری ناوخۆ وەرنەگرێت.

ململانێی سوننەكان زۆر توندە 

سوننەكان، وەك سەركردەیەكی ئەو پێكهاتەیە بە(شەرقلئەوسەت)ی ڕاگەیاندوە، ململانێیەكی توندو ئاشكرا لەنێوانیاندا هەیە لەسەر پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار ئەگەر ڕێككەوتن كرا لەسەر ئەوەی سەرۆك كۆمار زیاد لەجێگرێكی هەبێت، بەگوێرەی سەرچاوەكە هەریەک لە( ساڵح موتڵەگ و خەمیس خەنجەر و ئوسامە نوجێفی و جەمال كەربولی) كێبڕكێ‌ لەسەر بەدەستهێنانی ئەو پۆستەدەكەن. 
لای خۆیەوە، (حەسەن تۆران) پەرلەمانتار و سەرۆكی بەرەی توركمانی بە هەمان سەرچاوەی ڕاگەیاندووە"كاردەكەن بۆ ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆك كۆماریان پێبدرێت وەك ئیستحقاقێكی نەتەوەیی توركمان بەوپێیەی سێیەم نەتەوەی عێراقن دوایی عەرەب و كورد".
ئاماژەی بەوەشداوە" سەرۆك كۆمار و سەركردە سیاسیەكان پشتیوانی ئەو بیرۆكەیە دەكەن بەتایبەت كە توركمان هیچ وەزارەتێكیان لەحكومەتی نوێ وەرنەگرتووە‌.

  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand